دوای ئەوەی بایدن لە لێدوانێکیدا بۆ ڕۆژنامەنووسان ڕایگەیاند، ئەگەر ڕووسیا ھەنگاو بەرەو داگیرکردنی ئۆکراین بنێت، سەپاندنی سزا بەسەر ڤلادیمیر پوتن سەرۆکی ئەو وڵاتە تاوتوێ دەکات، دیمیتری بیسکۆف وتەبێژی کۆشکی کریملن ڕایگەیاند، ئەو لێدوانەی بایدن ئازاردەر نییە، بەڵکو ڕووخێنەرە و زیان لە ھەوڵەکانی ئاساییکردنەوەی گرژییەکانی نێوان ڕووسیا و ئۆکراین دەدات و ھەنگاوە ئەرێنیی و دیپلۆماسییەکان بێکاریگەری دەکات.
پاش ئەوەی بەشداری لە دەیان فیلم کردووە و ناو و ناوبانگی لەسەر ئاستی ئەمریکاو جیھان بۆخۆی پەیداکرد، بە پێی نوێترین ئامار سامانی جیم کاری ئەکتەری سینەمای ھۆڵیوود زیاتر لە ١٨٠ ملیۆن دۆلارە.
جیم کاری کە بە ڕەچەڵەک کەنەدییە، لە تەمەنی ١٥ ساڵییەوە کاری نواندن دەکات و لە فیلمی "دە ماسک " ناوبانگی دەرکردووە لەدوای ئەم فیلمەش، بەشداری لە دەیان فیلمی تر کردووە و خاوەنی بینەرێکی زۆرە.
ئەحمەد باشجی، بریکاری ئەحمەد داود ئۆغڵو ، سەرۆک وەزیرانی پێشووتری تورکیا ڕایگەیاند، ئەو سزایەی لەلایەن دادگای مێرسینەوە بەسەر سەڵاحەدین دەمیرتاش، ھاوسەرۆکی پێشووتری پارتی دیموکراتی گەلان "ھەدەپە" سەپێدراوە پەیوەندی بە سکاڵای بریگرتەکەیەوە نییە، چونکە داود ئۆغڵو لە ساڵی ٢٠٢٠وە سەرجەم ئەو سکاڵایانەی کشاندووەتەوە کە پەیوەندییان بە سوکایەتیکردن بە خۆیەوە ھەیە.
بریکارەکە باسی لەوەش کردووە ھیچ کام لە پارێزەرەکانی داود ئۆغڵو بەشدارییان لە دادگاییەکەی مێرسیندا نەکردووە و ئەوەی بڵاوکراوەتەوە دوورە لە ڕاستییەوە و مەبەستی خراپی لە پشتەوەیە.
ڕۆژی دووشەممە میدیاکانی تورکیا بڵاویان کردەوە، لەسەر سکاڵایەکی ئەحمەد داود ئۆغڵو، سەرۆک وەزیرانی پێشووتری تورکیا کە لە ساڵی ٢٠١٦ تۆماریکردووە، دادگای مێرسین سزای ١١ مانگ و ٢٠ ڕۆژ زیندانیی بەسەر دەمیرتاشدا سەپاندووە.
بە پێی ھەواڵەکە دەمیرتاش لە ڕێگەی ڤیدیۆوە بەشداری لە دانیشتنەکەدا کردووە و ڕەخنەی لە داود ئۆغڵو گرتووە و وتوویەتی، لەگەڵ ئەوەی سەرۆکی پارتێکی ئۆپۆزسیۆنە کەچی تا ئێستا ئەم سکاڵایەی نەکشاندووەتەوە، ئەمە چ جۆرە سیاسەتێکە پەیڕەوی دەکات؟
وەزارەتەکە ئاماژەی بەوە کردووە، بەھۆی بارانبارینی چەند ھەفتەی ڕابردوو ئاستی ئاوی بەنداوەکانی دوکان و دەربەندیخان بەرزبوونەتەوە، بەڵام ھێشتا زۆریان ماوە بگەنە ئاستی پێویست.
ئاماژەی بەوەشداوە، لە ئێستادا ١٠٠٪ ئاوی پێویست لە بەردەستدایە بۆ خواردنەوە و کشتوکاڵکردن، بەڵام ھێشتا گەنجینەکانی ھەڵگرتنی ئاو زۆری ماوە پڕ ببن و بگەنە ئاستی چاوەڕوانکراو.
ئەمساڵ تاقیکردنەوەکان بە دوو قۆناغ ئەنجام دەدرێت ئەمڕۆ تاقیکرنەوەی ھەردوو قۆناغی ناوەندی و ئامادەییەکان دەست پێ دەکات و ڕۆژی یەکی شوباتیش تاقیکردنەوەی قۆناغی سەرەتایی دەستپێدەکات و ھەردوو قۆناغەکەش لە ڕۆژی ٧ی شوبات کۆتاییان پێ دێت.
پێکدادانەکانی نێوان ھێزەکانی ئاسایشی ناوخۆی باکور و خۆرھەڵاتی سوریا و ھێزەکانی سوریای دیموکرات، لەگەڵ شانە نووستووەکانی داعش لە گرتووخانەی غوێران لە حەسەکە، بەردەوامن و پێ دەنێنە ڕۆژی شەشەمەوە، بە پێی زانیارییەکان پێکدادانەکان چڕ بوونەتەوە و ھەسەدە لە کۆنتڕۆڵکردنەوەی گرتووخانەکە نزیک بووەتەوە، بە تایبەت کە شەوی ڕابردوو شەڕڤانانی ھەسەدە چوونە ناو گرتووخانەی غوێران و دەستیان بەسەر یەکێک لە بیناکاندا گرت، لە ھەمان کاتدا نزیکەی ٣٠٠ تیرۆریستی داعش خۆیان ڕادەستی ھەسەدە کرد.
ھەر بە پێی زانیارییەکان، تیرۆریستانی داعش لە ناو گرتووخانەی غوێران ٧٠٠ منداڵی خۆیان، وەک قەڵغان بۆ ڕێگری لە ئۆپەراسیۆنی شەڕڤانانی ھەسەدە بەکاردەھێنن، کە تا ئێستا لانیکەم ١٨٠ تیرۆریستی داعش بەھۆی ئۆپەراسیۆنەکەوە کوژراون.
لە لایەکی ترەوە ئەنجومەنی گشتیی خۆبەڕێوەبەریی باکور و خۆرھەڵاتی سوریا، لە پەیامێکدا داوای لە ھاوپەیمانیی نێودەوڵەتی کرد، توندڕەوەکانی داعش بۆ وڵاتەکانی خۆیان بگەڕێننەوە.
دەشڵێت، ئامانجی پەلامارەکانی داعش داگیرکردنی شاری حەسەکە و کردنەوەی ڕێڕەوێکە بۆ تیرۆریستان لە تل تەمرەوە بۆ کەمپی ھۆل.
بۆ پێداچوونەوە بەو سکاڵایانەی ھەردوو پەرلەمانتار "باسم خەشان" و "مەحمود مەشھەدانی" لە بارەی نادەستوری بوونی یەکەمین کۆبوونەوەی خولی پێنجەمی ئەنجومەنی نوێنەران پێشکەشیانکردووە، دووەم دانیشتنی دادگای فیدراڵی دەستی پێکرد.
ھاوکات ھەردوو پەرلەمانتار "عالیە نوسەیف" و "عەتوان عەتوانی" لە چوارچێوەی ھەماھەنگی شیعەکان لەسەر ڕاگەیاندنی گەورەترین کوتلەی پەرلەمانی سکاڵایان تۆمارکرد، دادگاش سکاڵاکەی بۆ سەرەتای مانگی داھاتوو دواخست.
ھەیسم عوبێدی، بەڕێوەبەری پەرەپێدانی تەندروستی لە وەزارەتی تەندروستیی عێراق ڕایگەیاند، بەرزبوونەوەیەکی نائاسایی لە ئامارەکانی کۆرۆنا ھەیە، کە بۆ پابەندنەبوونی ھاووڵاتیان بە ڕێکارە خۆپارێزییەکان و بوونی کۆرۆنای ئۆمیکرۆن دەگەڕێتەوە، کە بە خێرایی بڵاودەبێتەوە.
ھاوکات روبا فەلاح ئەندامی تیمی ڕاگەیاندنی وەزارەتی تەندروستیی عێراق ڕایگەیاند، زیاتر لە ٣١٪ی ھاووڵاتیان یەک ژەم و ٢١٪یش دوو ژەمی ڤاکسینی کۆرۆنایان وەرگرتووە.
دەشڵێت، ھێشتا نەگەیشتوون بە ڕێژەی داواکراو بەڵام ئامانجیان زیادکردنی ڕێژەی وەرگرانی ڤاکسینە، بۆ گەیشتن بە بەرگریی گشتی و کۆنتڕۆڵکردنی ھەر شەپۆلێکی کۆرۆنا.
"ئەحمەد عەبدولڕەزاق" بەڕێوەبەری پلاندانان لە نوسینگەی کاروباری مین لە وەزارەتی ژینگە ڕایگەیاند، بەھۆی مین و بۆمبی چێندراوەوە قەزای "شەنگال" مەترسی گەورەی لەسەرە.
وتیشی، لە کۆی زیاتر لە ٧٥ کیلۆمەتر چوارگۆشە نزیکەی ٦٠ کیلۆمەتر چوارگۆشە پاککراوەتەوە، پلانیشیان ھەیە بۆ پاککردنەوەی زیاتر لە ٨ کیلۆمەتر چوارگۆشە، بەڵام ھێشتا ٦ کیلۆمەتر دەمێنێتەوە کە مەترسی دروست دەکات.
ئەو لێپرسراوە وتیشی، پلانوایە لەمساڵدا تەواوی ژینگەی شەنگال لەو مەترسییانە پاکبکرێتەوە، بەڵام بەو مەرجەی تەواوی پێداویستییەکان و پارە تەرخان بکرێت.
عارف عەبدولجەلیلی ئەندامی دەوڵەتی یاسا ڕایگەیاندووە، دەوڵەتی یاسا و تەواوی چوارچێوەی ھەماھەنگی دژی ئەوەن جارێکی تر مستەفا کازمی ببێتەوە بە سەرۆک وەزیران.
ئاماژەی بەوەشداوە دانوستان و گفتوگۆی نێوان چوارچێوەی ھەماھەنگی شیعەکان لەگەڵ لایەنە کوردییەکان بەردەوامیی ھەیە و دانوستانی ھادی عامری سەرۆکی ھاوپەیمانی فەتحیش لەگەڵ ڕەوتی سەدر سەبارەت بە قۆناغی داھاتوو بەردەوامە.
دروستکردنی "شانەی ڕاگەیاندن و ھۆشیاریی پێشمەرگە"، لە چوارچێوەی چاکسازییەکانی وەزارەتی پێشمەرگەدایە و ئامانج لێی ڕێکخستنەوە و نەھێشتنی پەرتەوازەیی کاری میدیایی دەبێت لە وەزارەتی پێشمەرگە و ڕووماڵی جەنگ بە تایبەت شەڕی داعش.
لیوا ڕوکن بەختیار محەمەد، ڕاوێژکاری باڵا لە وەزارەتی پێشمەرگە ڕایگەیاند، دروستکردنی ئەو شانەیە ھەنگاوێکی گرنگە بۆ سەرخستنی پڕۆسەی چاکسازیی وەزارەتی پێشمەرگە.
"شانەی ڕاگەیاندن و ھۆشیاریی پێشمەرگە"، یەکێک دەبێت لە دامەزراوە میدیاییە سەربازییە بڕواپێکراوەکان لەسەر ئاستی عێراق و بە شانەی ڕاگەیاندنی ئەمنیی عێراقەوە دەبەسترێتەوە و لە لایەن ھاوپەیمانیی نێودەوڵەتیی دژی داعشەوە پشتیوانی دەکرێت.
پەروین فاتیح بەڕێوەبەری یەکەی سەرپەرشتیاریی خوێندنی کوردی لە پەروەردەی کەرکوک، بە کوردسات نیوزی ڕاگەیاند، ئەوان ڕێکارە یاساییەکانی وەک دابیکردنی پەڕاو و کۆپیکردنی پرسیارە تەواو کردووە، بەڵام گرفتی دابین نەکردنی دەمامک و نەبوونی سووتەمەنی پێویستیان ھەیە لە لایەن ئیدارەی کەرکوک و وەزارەتی پەروەردەی عێراقەوە.
ھۆزان قادر سەرۆکی ڕێکخراوەکە ڕایگەیاند، لە ھەر چوار پارێزگاکەی ھەرێمی کوردستان، ٣٧٦ پێشێلکاری بەرامبەر ٥٦٤ ڕۆژنامەنووس و دەزگاکانی ڕاگەیاندن تۆمار کراون.
وتیشی، بەراورد بە ساڵانی ڕابردوو ئامارەکانی پێشێلکاری بە تایبەت بەرامبەر ژنانی ڕۆژنامەنووسان زیادیکردووە.
دڵشاد محەمەد جێگری بەڕێوەبەری گشتی شارەوانیەکانی گەرمیان ڕایگەیاند لە ساڵی ڕابردوودا ھەنگاوی گەورەیان بە ئاڕاستەی خزمەتی خەڵکی ناوچەکە ناوە و ھەوڵیاداوە زۆرترین کەموکورتی سنورەکە چارەسەر بکەن.
وتیشی، توانیوویانە زەوی بەسەر کەسوکاری شەھیدان و ئەنفالکراوەکانیش دابەش بکەن.
"فازڵ فەتلاوی" سەرکردە لە ھاوپەیمانی فەتح ڕایگەیاند، لە ماوەی ٤٨ سەعاتی داھاتوودا، کۆبوونەوەیەکی فراوان لە نێوان چوارچێوەی ھەماھەنگی شیعە و ڕەوتی سەدر ئەنجام دەدرێت، بە ئامانجی لێکتێگەیشتن سەبارەت بە گەورەترین کوتلە. وتیشی، دانوستانەکان لەگەڵ کوتلە کوردی و سونییەکان بەردەوامی ھەیە.
ئەو سەرکردەیەی ھاوپەیمانی فەتح ڕاشیگەیاند، ڕەوتی سەدر بە بێ چوارچێوەی ھەماھەنگی و چوارچێوەی ھەماھەنگیش بە بێ ڕەوتی سەدر ناتوانن حکومەتی زۆرینەی نیشتمانی پێکبھێنن. پێشبینیشی کردووە ھەردوولا وەک گەورەترین کوتلە بچنە ناو ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراقەوە.
ناوەندی ڕاگەیاندنی ھێزەکانی سوریای دیموکرات "ھەسەدە" بڵاویکردەوە، ئەمڕۆ ٢٥٠ تیرۆریستی داعش خۆیان ڕادەستی ھێزەکانیان کردووە، بەوەش تاکو ئێستا ژمارەی ئەو تیرۆریستانەی داعش کە خۆیان ڕادەست کردووە، گەیشتووەتە ٥٥٠ تیرۆریست.
ھەر ئەمڕۆ شەڕڤانانی ھەسەدە لە ھەڵمەتێکدا ٩ بارمتەیان لە گرتووخانەی سناعە ڕزگار کرد، کە فەرمانبەری گرتووخانەکە بوون و لە لایەن داعشەوە دەستگیرکرا بوون، لە گەڕەکی "زھور"یش، ھەڵمەتی پاککردنەوە دژی ئەو داعشانە ئەنجامدرا کە لە ماڵەکاندا خۆیان حەشارداوە، لە ئەنجامدا ٥ تیرۆریستی داعش کە پشتێنی بۆمبڕێژکراویان پێوە بوو کوژراون، لە گەڕەکی "غوێران"ی خۆرھەڵات، ٩ تیرۆریست و لە باشوری "حەسەکە"ش ٣ بەکرێگرتە کە پیلانیان ھەبووە بۆ ھاوکاری تیرۆریستانی ناو گرتووخانەی "سناعە" کوژراون.
ھەسەدە ڕاشیگەیاند، ھەڵمەتە ئەمنی و سەربازییەکانیان زۆر بە وردی لە گرتووخانەی "سناعە" و دەوروبەری و لە ڕیفی دێرەزوور و ڕەققە بەردەوامن.