بەپێی پێشبینییەکانی بەڕێوەبەرایەتی گشتی کەشناسی و بومەلەرزەزانی ھەرێم، ئەمڕۆ ئاسمانی سەرجەم ناوچەکان ھەوری تەواو دەبێت و نمە باران بە شێوەی بچڕ بچڕ لە سنوری ھەولێر و دھۆک و ڕاپەڕین دەبارێت و لە ناوچە شاخاوییە سنورییەکانیش کەمێک بەفر دەبارێت، لە ناوچەکانی سلێمانی و کەرکوک و ھەڵەبجە و گەرمیانیش ئاسمان نیمچە ھەور و ھەوری تەواو دەبێت لەگەڵ ئەگەری بارینی کەمێک دڵۆپە باران، بە گشتیش پلەکانی گەرما ٣ پلە نزم دەبنەوە.
بەپێی پێشبینی کەشناسانیش لە ڕۆژانی داھاتوودا شەپۆلێکی بارانبارین تەواوی ناوچەکانی ھەرێمی کوردستان دەگرێتەوە.
ئەنجیل دزامبازکی پەرلەمانتاری بولگاری لە پارتی بزوتنەوەی ڕاستڕەوی توندڕەو، دوای کۆتایی ھاتنی بەشدارییەکی بە سڵاوێکی نازییانە بە ڕووی بەشداربواندا، ھۆڵی کۆبوونەوەی پەرلەمانی ئەوروپای بەجێھێشت.
سڵاوکردنی ئەو پەرلەمانتارە مایەی شۆکێکی گەورە بووە، بۆ سەرۆکی پەرلەمان و ئەندامەکانی و (ڕۆبەرتا میتسولا) سەرۆکی پەرلەمانی ئەوروپاش ڕایگەیاند، سڵاوی فاشییەت قبوڵکراو نییە و مایەی نیگەرانییە بۆ خۆی و سەرجەم ئەوروپا.
جەختیشیکردەوە، ئەوان ماڵی دیموکراسیەتن و دژی ھەڵسوکەوتی لەو شێوەیە دەوەستنەوە، داواشکراوە لەسەر ئەوە ھەڵسوکەوتە، سزای ئەو پەرلەمانتارەی بولگاریا بدرێت.
ھەڵوێستی ئەو پەرلەمانتارەی ئەوروپا لە کاتێکدایە، دەزگای دادی ئەوروپا بریاڕیدا بە ڕاگرتنی ھاوکاریی دارایی بۆ پۆڵەندا و ھەنگاریا، ئەگەر پابەند نەبن بە بەڵێنەکانیان سەبارەت بە سەروەریی یاسا لە وڵاتەکانیاندا.
ئاژانسەکانی ھەواڵ بڵاویانکردەوە، شەڕ و پێکدادانی نێوان ھێزە ئەمنییەکانی ئۆکراین و گروپە جوداخوازەکانی ئەو وڵاتە لە ناوچەی دونباس بەردەوامە و جاربەجار دەنگی تەقینەوە دەبیسرێت.
میدیای روسیا بڵاویکردەوە، ھێزەکانی سەر بە حکومەتی ئۆکراین چەند گوللە ھاوەنێکیان ئاراستەی گوندەکانی ناوچەی دونباس کردووە، لەبەرامبەریشدا حکومەتی ئۆکراین لە راگەیەندراوێکدا دەڵێت، گوللە ھاوەنەکان لەلایەن گروپە جوداخوازەکانەوە تەقێنراون بۆئەوەی سوپای ئۆکراین لە شەڕێکی خوێناوەی تێوەبگلێنن.
چاوێرانی نێودەوڵەتی سەر بە رێکخراوی ئاسایش و ھاریکاری ئەوروپاش رایانگەیاندووە، لە ٢٤ سەعاتی رابردوودا دەنگی نزیکەی ٥٠٠ تەقینەوە لە ناوچە سنورییەکانی ئۆکراین بستراوە.
عائید ھیلالی یەکێک لە سەرکردەکانی چوارچێوەی ھەماھەنگی شیعەکان رایگەیاند، خەمیس خەنجەر سەرۆکی ھاوپەیمانی سەروەری سوننەکان بە کردەوەکانی سەلماندویەتی کە بە ھەموو شێوەیەک کار بۆ تێکدان نێوماڵی شیعە دەکات و دەیەوێت سەرکردەکانی شیعە لە یەکتر دوربخاتەوە و کێشە لە نێوانیاندا دروست بکات.
وتیشی، ھەندێک لە سیاسییەکان کار بۆ ئەوە دەکەن لە رێگەی بە ئامانجکردنی پرۆسەی سیاسی عێراق و نێوماڵی شیعە، پرۆژەیەکی ھەندێک لەوڵاتانی کەنداو و جیھان جێبەجێ بکەن.
جەختیشیکردەوە، خەمیە خەنجەر کراوەتە ئامرازێک بۆ تێکدانی نێوماڵی شیعە بەتایبەتیش چوارچێوەی ھەماھەنگی شیعەکان، بەڵام ھەوڵەکانی ھیچ ئەنجامێکی نابێت.
لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەنووسیدا ئوستن لەگەڵ ماریۆش بلاشاک وەزیری بەرگری پۆڵەندا ڕایگەیاند، سوپاسی پۆڵەندا دەکەن بۆ پێشوازیکردن لە ھێزی زیاتری سوپای ئەمریکا، کە ھەموو پێداویستییەکی لۆجستیان بۆ دابین دەکات.
وەزیری بەرگری ئەمریکا ئاماژەی بەوەشکرد، ئەگەر ڕوسیا ئۆکراین داگیر بکات، ئەوا ھەزاران ئاوارەی ئۆکراین ڕوو لە پۆڵەندا دەکەن.
ڕوونیشیکردەوە، ڕوسیا ھەڕەشە لە ھاوسێکانی دەکات و ئەوان ھەموو ھاوکارییەکی ئۆکراین دەکەن، بۆ ئەوەب بتوانێت بەرگری لە خۆی بکات.
لە کۆتایی وتەکانیدا وەزیری بەرگری ئەمریکا جەختیکردەوە، ڕەوشەکە پێویستی بە بەرپەرچدانەوەیەکی بە کۆمەڵ ھەیە لە دژی ڕوسیا و ھەموو ھۆکارێک بەکاردەھێنن بۆ پشتیوانی لە ھاوپەیمانەکانیان.
"سەدر" لە تویتێکی نوێدا رایگەیاندووە، جارێکی تر ھەڕەشە لە ھاوپەیمانەکانیان لە حکومەتی زۆرینەی نیشتمانی دەکرێت، ئەو حکومەتەی کە ھەنگاو بە ھەنگاو روناکییەکەی دەدرەوشێتەوە.
وتیشی، پێویستە ھەڕەشەکان رابگیرێن، چونکە وڵات ناگەڕێننەوە بۆ ژێر دەستی گەندەڵکاران و نیشتمان بە بێگانەکان نافرۆشن.
"سەدر" لە تویتەکەیدا نوسیوێتی، زۆرینەی گەل لەگەڵ حکومەتی زۆرینەی نیشتمانیدان و دەستەوسان ناوەستن و رێگە نادەن تیرۆر و گەندەڵی حکومیان بکات، چونکە مێژووی عێراق پڕە لە ھێز و ئارامی و بەردەوامی.
پەرلەمانی ئەوروپا لە بڕیارێکدا، ئیدانەی رەوشی مرۆیی لە ئێران دەکات دژ بە کەمینەکان و داواشی کردووە فشار بخرێتە سەر حکومەتی ئەو وڵاتە، بۆ سەرکوت نەکردنی داکۆکیکارانی مافی مرۆڤ و رۆژنامەنووسان و چالاکوانانی بواری ژینگە، داواشیکرد سزای زیندانیانی سیاسی و دەستگیرکراوان بەھۆی ئازادی رادەربڕین نەدرێت و ئازاد بکرێن.
پەرلەمانی ئەوروپا داواشی لە حکومەتی ئێران کرد سزای لەسێدارەدان ھەڵبوەشێنێتەوە، ئاماژەی بەوەشکردوە، لەو کاتەوەی "ئیبراھیم رەئیسی" بووەتە سەرۆکی ئێران، سزای لە سێدارەدان زیادیکردووە، کە ژنانیش دەگرێتەوە و زیاتریش بەسەر کەمە نەتەوەکان جێبەجێ دەکرێت.
"بەھادین نوری" وتەبێژی دەوڵەتی یاسا رایگەیاند، دیدی دەوڵەتی یاسا ورد و راست بووە، چونکە ھەر لەسەرەتاوە دژی حکومەت بووە لە کەمکردنەوەی بەھای دیناری عێراقی بەرامبەر بە دۆلاری ئەمریکی.
وتەبێژەکەی دەوڵەتی یاسا وتیشی، بەردەوامی خراپی رەوشی ئابوری و بەرزبوونەوەی نرخی پێداویستی و بەرھەمە خۆراکییەکان زیانی بە چینی مامناوەند گەیاندووە کە داھاتەکانیان سنوردارە، داواشی لە سەرجەم لایەنە سیاسییەکان کرد لە ئەنجومەنی نوێنەران کە رێکاری پێویست بگرنەبەر بۆ پاراستنی سامان و داھاتی خەڵک، کە جارێکی تر ھاووڵاتیان باجی بەرزکردنەوەی بەھای دۆلار نەدەن.
ئەوەش لەکاتێکدایە "موقتەدا سەدر" رێبەری رەوتی سەدر، شەش پێشنیازی بۆ بەرزکردنەوەی بەھای دینار بەرامبەر دۆلار خستۆتەڕوو و داوای بانگھێشتکردنی وەزیری دارایی و پارێزگاری بانکی ناوەندیشی، بۆ ئەنجومەنی نوێنەران کردووە.
"فازڵ نەبی" بریکاری پێشووی وەزارەتی دارایی عێراق رایگەیاندوە، یاسای بودجە ھۆکاری دواکەوتنی ناردنی ٢٠٠ ملیار دینارەکەیە بۆ ھەرێم، ھۆکارێکی دیکەی نەناردنی ٢٠٠ ملیار دینارەکەش دەگەڕێتەوە بۆ جوڵاندنی داوایەک کە لەسەر ئەو بابەتە وروژێنراوە، ئەوەش گرفتی دارایی بۆ ھەرێمی کوردستان دروست دەکات.
ئاماژەی بۆ ئەوەشکردووە، ئەگەر حکومەتی ھەرێم چاکسازییەکان بە تەواوەتی و رێکوپێکی جێبەجێ بکات و دەسەڵاتی تەواوەتی بەسەر ھەموو داھاتەکاندا ھەبێت، دەتوانێت مووچەی مووچەخۆرانی ھەرێمی کوردستان بدات و خەرجی تریش دابین بکات، بەبێ ئەوەی ھیچ بڕە پارەیەک لە بەغداد وەربگرێت.
"یەحیا رەسوڵ" رایگەیاندووە، لە چەند ئۆپراسیۆنێکدا توانیویانە سێ تیرۆریستی داعش لە ناوچەی "تارمیە" لە "بەغداد" و لە قەزای "شەرگات و حەزر" لە "سەڵاحەدین" و "نەینەوا" دەستگیر بکەن، دوو تیرۆریستیش بە ھەماھەنگی ھێزە ئەمنییەکان لە "ھەولێر" دەستگیرکراون.
ھاوکات "محەمەد عەزاوی" فەرماندە لە حەشدی شەعبی رایگەیاندووە، داعش مۆڵگەی لە چەندین پارێزگای عێراق ھەیە، بەڵام مەترسیدارترینیان لە "دۆڵی شای" سەر بە قەزای "داقوق"ە، کە لەوێوە تیرۆریستان دزە دەکەنە ناوچەکانی تری عێراق.
وتیشی، لەم چەند مانگەی کۆتاییدا، رێگەی نھێنی دزەکردنی تیرۆریستان زۆر کەمبووەتەوە، بەڵام لەناوبردنی تەواوەتی تیرۆریستانی داعش پێویستی بە ھەوڵ و ھەماھەنگی زیاترە.
لێپرسراوانی بزووتنەوەی تاڵیبان گیانلەدەستدانی ئەو منداڵەیان راگەیاند، کە لە رۆژی سێشەممەی رابردووەوە کەوتۆتە بیرێکی قوڵەوە لە گوندی "شوکاک" لە ویلایەتی "زابل" لە باشوری خۆرھەڵاتی ئەفغانستان، ئەو منداڵە ناوی "حەیدەر"ە و تەمەنی نۆ ساڵ بووە و دوای دەرھێنانی لە بیرەکە و لە رێگەدا بەرەو نەخۆشخانە، گیانی لەدەستداوە.
"مەلا محەمەد یەعقوب" وەزیری بەرگری تاڵیبانیش رایگەیاند، منداڵەکە بۆ ماوەیەکی زۆر لەبیرەکەدا ماوەتەوە و سەرباری ھەوڵەکان نەتوانراوە ژیانی رزگار بکرێت.
"گوڵاڵە حەمید" سەرپەرشتیاری پڕۆژەی دیداری ھونەری شوێنەوارە مێژوییەکان لە لێدوانێکدا بە کوردسات نیوزی راگەیاند، سێھەمین دیداری ھونەری و ئاشتی بە بەشداری ھونەرمەندانی کورد و عەرەب و تورکمان لەسەر ئاستی عێراق لە کفری بەڕێوەدەچێت، لەو پڕۆژەیەدا ھونەرمەندانی عێراق بە شوێنەوارە مێژووییەکانی گەرمیان ئاشنا دەکرێن .
وتیشی، لە دیدارەکەدا وۆرک شۆپی ھونەری و دیداری شانۆیی و پێشانگای شێوەکاریی بەڕێوەدەچێت، چەند فیلمێکیش نمایش دەکرێن.
میدیاکانی تورکیا بڵاویانکردۆتەوە، پارتی داد و گەشەپێدان "ئاکەپە"و پارتی نەتەوەپەرستی تورکیا "مەھەپە" رێکەوتون یاسای ھەڵبژاردنی ئەو وڵاتە بگۆڕن و بەربەستی ھەڵبژاردن بکەن بە رێژەی ٧٪ کە لە ئێستادا بەربەستی ھەڵبژاردن ١٠٪یە.
بەپێی زانیارییەکان پڕۆژەی یاسای ھەڵبژاردن تەواوکراوە و بڕیارە لەسەرەتای مانگی ئاداری داھاتوو لە پەرلەمان دەنگ لەسەر پڕۆژەکە بدرێت، ھاوکات بەشێک لە پارتەکانی ئۆپۆزسیۆنیش ئەو ھەوڵانە رەتدەکەنەوە و ئاماژە بۆ ئەوە دەکەن ئەو گۆڕانکارییە سودی بۆ پڕۆسەی دیموکراسی نییە.
"عەلی عەلاوی" وەزیری دارایی عێراق نامەیەکی ٢١ خاڵی ئاڕاستەی "مستەفا کازمی" سەرۆک وەزیرانی عێراق کردووە و رایگەیاندووە، لە دوای تویتەکەی "موقتەدا سەدر"، لەلایەن "حاکم زاملی" جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەرانەوە بانگھێشتی ئەنجومەنەکە کراوە بۆ گفتوگۆکردن لەبارەی نرخی دۆلار، بەڵام شێوازی بانگھێشتکردنەکە قبوڵ کراو نییە و رەتیدەکاتەوە، چونکە لە دەسەڵاتی "حاکم زاملی"دا نییە.
"عەلی عەلاوی" دەشڵێت، ئیدارەدانی حکومەت لەڕێی تویت و پەیامی لێپرسراوانی سیاسییەوە رەتدەکاتەوە و وەک وەزیری دارایی لە کاتێکی قورسدا دەستبەکار بووە و سەرکەوتوو بووە لە ئیدارەدانی دارایی عێراقدا، ئامادەیشی دەربڕی بۆ بەرگریکردن لە خۆی لە ئەنجومەنی نوێنەران، نەک تەنھا فراکسیۆنێک یان لایەنێکی سەر بە ئەنجومەنەکە.
راشیگەیاندووە، بڕیاری گۆڕینی بەھای دراو لەلایەن کۆمەڵی نێودەوڵەتی و بانکی ناوەندی عێراق و حزبە سیاسییەکان پشتیوانی کراوە، ئەنجومەنی نوێنەرانیش لە مانگی شوباتی ساڵی رابردوو پەسەندیکردووە.
"بەھادین نوری" وتەبێژی دەوڵەتی یاساش رایگەیاند، دیدی دەوڵەتی یاسا راست بووە، چونکە ھەر لەسەرەتاوە دژی حکومەت بووە لە کەمکردنەوەی بەھای دیناری عێراقی بەرامبەر بە دۆلاری ئەمریکی. داواشی لە سەرجەم لایەنە سیاسییەکان کرد لە ئەنجومەنی نوێنەران رێکاری پێویست بگرنەبەر بۆ پاراستنی داھاتی خەڵک.
ئەوەش لەکاتێکدایە "موقتەدا سەدر" رێبەری رەوتی سەدر، شەش پێشنیازی بۆ بەرزکردنەوەی بەھای دینار بەرامبەر دۆلار خستۆتەڕوو و داوای بانگھێشتکردنی وەزیری دارایی و پارێزگاری بانکی ناوەندیشی، بۆ ئەنجومەنی نوێنەران کردووە.
لە لایەکی دیکەوە ڕێکخراوی خۆراک و کشتوکاڵی جیھانی ناسراو بە فاو، ئامۆژگاری مرۆڤ دەکات بە پەیڕەوکردنی سیستمێکی خۆراکی دەوڵەمەند بە بەرھەمە پاقلەمەنییەکان، چونکە دەبێتە ھۆی:
کەمکردنەوەی فشاری خوێن و کەمبوونەوەی ڕێژەی سۆدیۆم لە خوێن و جەستەدا.
دەوڵەمەندن بە پۆتاسیۆم و دەبێتە باشتر ڕێکخستنی چالاکی دڵ و ئاسانی ھەرسکردنی خۆراک و بەھێزکردنی ماسولکەکان.
پاقلەمەنییەکان سەرچاوەیەکی دەوڵەمەندن بە کانزای ئاسن و ڤیتامین سی.
بەرگری جەستە بەھێز دەکەن، بە تایبەت بۆ ژنانی دووگیان و کەمکردنەوەی کەموکوڕییەکانی بۆماوەیی کۆرپەلە.
دەبنە ھۆی ھاوسەنگی کێش و جێگیربوونی ڕێژەی شەکر و ئەنسۆلین لە خوێن، چونکە ڕێژەیەکی زۆر کەم لە شەکریان تێدایە.
پاقلەمەنییەکان لەو خۆراکە ھەرە باشانەن، کە بێ کۆلسترۆڵن و ڕێژەیەکی کەم چەوریان تێدایە و، ھاوکارە بۆ کەمکردنەوەی مەترسی نەخۆشییەکانی دڵ و خوێنبەرەکان.
سەرچاوەیەکی دەوڵەمەندە بە پرۆتینی گیایی و کانزا و بە خۆراکی کەسانی تەندروست لە جیھاندا ناسراوە.
بەھۆی ئەو سودە زۆرانەوە بەشێکی زۆری توێژینەوەکان ئامۆژگاری مرۆڤەکان دەکەن، بایەخی زیاتر بدەن بە خواردنی بەرھەمە پاقلەمەنییە وشکەکان، بۆ ئەوەی بەدووربن لە زۆربەی نەخۆشییە درێژخایەنەکان، کە لە ئێستادا بوونەتە نەخۆشی سەردەم لە جیھاندا.