ئێلیزابێز ترەس، وەزیری دەرەوەی بەریتانیا، نوێترین وادەی بۆ ھێرشی سەربازیی روسیا بۆ سەر ئۆکراین دیاریکرد و رایگەیاند، لە خراپترین سیناریۆدا روسیا ھەفتەی داھاتوو پەلاماری ئۆکراین دەدات، بەوەش ئەوروپا رووبەڕووی گەورەترین ھەڕەشەی ئەمنی لە سەدەی ٢١دا دەبێتەوە.
ھاوکات بۆریس جۆنسن، سەرۆک وەزیرانی بەریتانیا ئاشکرایکرد، روسیا پلانی ھەیە بۆ ھەڵگیرساندنی گەورەترین جەنگ، کە دەبێتە گەورەترین جەنگ لە ئەوروپا لە دوای ساڵی ١٩٤٥، راشیگەیاند، بە پێی زانیارییە ھەواڵگیرییەکان روسیا ھێرش دەکاتە سەر ئۆکراین و کیێڤی پایتەختی ئەو وڵاتە کۆنتڕۆڵ دەکات.
ھەر لەو چوارچێوەدا، جۆ بایدن سەرۆکی ئەمریکا، لە ھۆشدارییەکدا بۆ سەرکردەکانی وڵاتانی خۆرئاوا، رایگەیاند، زانیارییە ھەواڵگیرییەکان دەریدەخەن سوپای روسیا پلانی ھەیە لە قۆڵی خۆرھەڵاتی ھەرێمی دۆنباس و قۆڵی باکوور لە سنووری بێلاڕوسەوە، بچێتە خاکی ئۆکراینەوە.
میدیاکانی تورکیا ئاشکرایانکرد،"گۆنگور ئارسەلان" بەڕێوەبەری رۆژنامەی سیس کۆجالی لەلایەن چەکدارێکەوە لە نوسینگەکەی خۆی کوژراوە و لێپرسراوانی پارێزگای کۆجالیش دەستگیرکردنی بکوژەکەیان راگەیاندووە ، بەڵام ھیچ وردەکارییەکی تریان بڵاونەکردۆتەوە .
رێکخراوی پەیامنێرانی بێسنوریش ئاشکرایکردووە، ئەو رۆژنامەنوسە لێکۆلینەوەی لە دۆسیەکانی گەندەڵی کردووە لە پاریزگاکەیدا، ھەربۆیە پێشتریش ھێرشی کراوەتەسەر و روبەروی ئەشکەنجە بووەتەوە .
رێکخراوەکە داواشیکردوە بە زوترین کات لێکۆڵینەوەکان دەستپێبکەن و ئەنجامی لێکۆڵینەوەکان بۆ رای گشتی ئاشکرا بکرێت ، سەندیکای رۆژنامەنوسانی تورکیاش ئیدانەی کوژرانی ئەو رۆژنامەنوسەی کردووە و داوای کردووە سنورێک بۆ بە ئامانجکردنی رۆژنامەنوسان لە تورکیا دابنرێت .
حەمید رەزا دەھقانی، باڵیۆزی ئێران لە قەتەر رایگەیاند، رۆژی دووشەممە ئیبراھیم رەئیسی، سەرۆک کۆماری ئێران، سەردانی دەوحەی پایەختەی قەتەر دەکات و بەشداری لە خولی شەشەمی کۆڕبەندی گازی سروشتیی خۆرھەڵاتی ناوەڕاست دەکات.
باڵیۆزی ئێران راشیگەیاند، ئیبراھیم رەئیسی لە میانی سەردانەکەی بۆ قەتەر لەگەڵ شێخ تەمیم بن حەمەد ئەلسانی میری ئەو وڵاتە کۆدەبێتەوە و تاوتوێی پەیوەندییە دوو قۆڵییەکانی تاران و دەوحە و دواین پێشھاتەکانی ناوچەکە و دۆسێیەی بەرھەمھێنانی گازی سروشتی و ناردنی بۆ وڵاتانی ئەوروپا دەکەن.
کۆڕبەندی گازی سروشتیی خۆرھەڵاتی ناوەڕاست، لە کانوونی یەکەمی ٢٠١٩وە دەستیپێکردووە و ئامانج لێی دروستکردنی بازاڕێکی ھەرێمیی گازی سروشتییە لە خۆرھەڵاتی ناوەڕاست و ئەو وڵاتانەی بەشداری دەکەن، خاوەنی ٧٩%ی یەدەگی گازی سروشتیین لە جیھاندا.
ئاژانسی ھەواڵی ئیرنای ئێرانی ئاشکرایکردووە، لەو پەیوەندییە تەلەفۆنییەدا رەئیسی بە ماکرۆنی وتووە ، تاران لە دانوستانەکانی ڤییەننادا دەستپێشخەریی بنیادنەری کردووە و ھەر ھەوڵێکیش بدرێت بۆ ئەوەی سزاکانی سەر ئێران ھەڵنەگیرێت ، ئەوا ئەگەرەکانی گەیشتن بە رێککەوتن لە ڤییەننا کەمدەبێتەوە .
سەرۆکی ئێران دوپاتیشیکردۆتەوە ، ھەر رێککەوتنێک لە ڤییەننا بکرێت، دەبێت گرەنتی ھەڵگرتنی سزا ئابورییەکانی سەر ئێران و کۆتاییھێنان بە بابەتە ھەڵپەسێردراوەکان و تۆتەمە سیاسییەکان بکات .
ئیمانوێل ماکرۆن سەرۆکی فەڕەنساش رایگەیاندوە ، پێشکەوتنی زۆر باش لە دانوستانەکانی ڤییەننا ھەیە و ھیوایان ھەیە بە زوترین کات دانوستانەکان بە ئەنجامی باشەوە کۆتایی بێت .
بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی پارێزگای سلێمانی رایگەیاند، دوای ئەوەی شەوی ڕابردوو بنکەی پۆلیسی کوردسات ئاگادارکرایەوە لە بوونی ڕووداوێکی سوتانی ژنێک، دەستبەجێ مەفرەزەکانی بنکەی پۆلیسی کوردسات گەیشتنە شوێنی ڕووداوەکە و دوای گواستنەوەی ژنەکە بۆ نەخۆشخانە، دەرکەوت کە ڕێژەی سووتانی جەستەی ٧٥% بووە .
دوای وەرگرتنی ووتە لە ژنەکە دەرکەوت کە ھاوسەرەکەی لەناو ماڵەکەی خۆیاندا نەوتی پێدا کردووە و سوتاندوویەتی و دواتر بۆ دەربازبوون و خۆحەشاردان ھەڵاتووە بەرەو سنوور.
راشیگەیاند، دواتر بەسەرپەرشتی بەڕێوەبەری پۆلیسی پارێزگای سلێمانی توانرا لە ماوەی کەمتر لە ٢٤ سەعاتدا تۆمەتبارەکە بدۆزرێتەوە و دەستگیربکرێت.
تۆمەتبارەکە لەدایکبووی ١٩٩٧ و لەئێستادا بە بڕیاری دادوەر ڕاگیراوە و لێکۆڵینەوەی لەگەڵ دەکرێت.
بە پێی زانیارییەکان، ڕۆژی سێشەممەش مووچەی سەرۆکایەتیی ھەرێم دابەش دەکرێت و رۆژانی چوارشەممە و پێنجشەممەش کە دەکاتە ٢٣ و ٢٤ی مانگ، مووچەی خانەنشینی سەربازی و خانەنشینی مەدەنی دابەش دەکرێت، بەوەش کۆتایی بە دابەشکردنی مووچەی مانگی کانوونی دووەمی مووچەخۆران دێت.
ڕۆژی ٢٥ی مانگی رابردوو وەزارەتی دارایی و ئابووری ھەرێم دەستیکرد بە دابەشکردنی مووچەی مانگی کانوونی دووەمی ئەمساڵ، بەڵام بە ٣٠ رۆژ مووچەی ئەو مانگەی دابەش کرد.
بە پێی بڕیاری وەزارەتی دارایی و ئابووری، رۆژی ٢٥ی ھەموو مانگێک دەست بە دابەشکردنی مووچە دەکرێت بەڵام ٢٥ی ئەم مانگە ھەینییە و پێدەچێت رۆژانی دواتر مووچەی مانگی شوبات دابەش بکرێت.
ئەیاد عەلاوی کەسایەتی سیاسی عێراق لە تویتێکدا رایگەیاند، دابەزینی بەھای دیناری عێراقی بەرامبەر دۆلار دوای کفتوگۆبووە لەگەڵ سەرجەم ئەو لایەنانەی کە لە حکومەت بەشداریانکردووە .
وتیشی، راکردن لە بەرپرسیارێتی و ئەنجامدانی کردنی کارێک بخرێتە سەر شانی کەسێکی تر گەلی عێراقی پێچەواشە ناکرێت،
جبوری ئاماژەی بۆ ئەوە کردووە ، بودجەی ٢٠٢٢ بڕگەیەکی بۆ حکومەت و ئەنجومەنی نوێنەران تێدایە کە ئاماژەیە بۆ جێبەجێکردنی بریارەکەی دادگای فیدراڵی لەبارەی نەوتی ھەرێمی کوردستان .
راشیگەیاندووە ، دەبێت سەرۆک وەزیران بریارەکەی دادگای فیدراڵی سەبارەت بە سامانە سروشتییەکانی ھەرێم جێبەجێ بکات و ئەگەر بوجە بە بێ بریارەکەی دادگای فیدراڵی بنێرێتە ئەنجومەنی نوێنەران ، ئەوا ئەنجومەنەکە ناتوانێت پەسەندی بکات، ھەموو ھاوڵاتـیەکیش مافی ئەوەی دەبێت تانە لەسەر پرۆژە یاسای بودجە تۆمار بکات تا ئەو بڕگەیە دەخرێتە بودجەوە .
کاروان یاروەیس ئەندامی فراکسیۆنی یەکێتی لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق دوای بەدواداچوونی داواکاری ھاووڵاتیان لەبارەی دابەشنەکردنی زەیت لە سلێمانی، رایگەیاند، کێشەکە دابەشنەکردنی زەیت لە بەشە خۆراکی مانگی رابردوو و ئەم مانگە لە رێگای بریکارەکانی خۆراکەوە، پەیوەندی بە بەغدادەوەیە و تەنھا سەنتەری سلێمانی دابەشنەکراوە.
وتیشی، ئەمڕۆ دەست بە دابەشکردنی زەیت دەکرێت و لە ماوەی داھاتووشدا لەگەڵ وەزارەتی بازرگانی عێراق لە پەیوەندیدا دەبن بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانی تر.
سەرۆکی ڕەوتی حیکمە ئاماژەی بەوەشکرد، پشتبەستن بە ژمارەی کوردسییەکان وەک راستیەکی ڕەھای ھەڵبژاردن لە دیاریکردنی زۆرینەی نیشتیمانی، دەبێتە مایەی زیان گەیاندن بە سەرجەم پێکھاتەکانی تر.
عەمار حەکیم ھۆشداریشدا لە شکاندنی ئەو بنەمایەی کە سیستمی سیاسی عێراقی لەسەر بنیات نراوە، کە خۆی دەبینێتەوە لە ھاوبەشی و ھاوسەنگی.
باسی لەوەشکردووە، پێکھێنانی ھاوپەیمانی سێ لایەنی بەو شێوەیەی کە ئێستا خراوەتە ڕوو، ئاماژەیە بۆ گۆڕانی گەورەترین پێکھاتە وەک کەمینە لە حکومەتی زۆرینەدا.
عەمار حەکیم جەختیشیکردەوە، چارەسەرکردنی کێشەی ئێستا پێویستی بە دەستپێشخەری و ئیدارەیەکی سیاسی ھەیە، بانگھێشتی زۆرینەش قسەی ئەمڕۆ نییە، بەڵکو پێشتر پرۆگرام و دروشمی زۆرینەی ھێزە سیاسییەکانی ناو چوار چێوەی ھەماھەنگی بووە.
لە ڕاگەیەندراوێکدا بانکی ناوەندیی عێراق بڵاویکردەوە، فرۆشتنی دۆلار بەو بەھایەی ئێستای، ئەنجامی ئەرێنی ھەبووە و دیاترینیشیان کەمکردنەوەی کورتھێنانی بودجەی دەوڵەت و زیادبوونی داھاتی نەختینە بووە لە ساڵی ٢٠٢١دا.
بانکی ناوەندی ئاماژەی بەوەشکردووە، دووبارە گۆڕانکاری لە بەھای دینار بەرامبەر دۆلار لە ماوەیەکی کورتدا بێ لێکدانەوەی ئەنجامەکەی، دەبێتە ھۆی داکشانی ئابوری و ئاڵۆزکردنی کاری بازاڕ و بازرگانی و قۆرغکاری لە دراوی بیانیدا.
ئاماژەی بەوەشکردووە، بەرزبوونەوەی ئێستای نرخی نەوت، توانای حکومەتی عێراق زیاتر دەکات، بۆ دووبارە بنیاتنانەوەی ئابوری وڵات بەشێوەیەکی دروست و دەستبەرکردنی بڕێکی زیاتر لە داھاتی نەختینەیی پێویست، بۆ ڕوبەڕوبوونەوەی ھەر گۆڕانکارییەک لە نرخی نەوت لە داھاتوودا.
ئەو ڕاگەیەندراوەی بانکی ناوەندیی لە کاتێکدایە، ماوەی چەند ڕۆژێکە بەھای دینار بەرامبەر دۆلار گۆڕانکاری بەسەردا ھاتووە و جۆرێک لە ئاڵۆزی و نائارامی لە بازاڕدا دروستکردووە.
پەیامنێری کوردسات نیوز رایگەیاند، ئیوارەی ئەمڕۆ شەڕ لە نێوان شوفێر و سەرنشینی دوو ئۆتۆمبیل روویدا و سێ کەس بریندار بوون، کە ژنێک و مندالێک و کاسبکارێکی نانەواخانەیەکە.
وتیشی، دوای رووداوەکەش ھێزەئەمنییەکان گەیشتنە شوێنەکە و لێکۆلینەوەیان دەستپێکرد و بە ووتەی شایەتحالێک شەرەکە لەبەردەم نانەواخانەیەک بووە لە نێوان چەند کەسێکی سەرنشینی ئۆتۆمبیل لەگەرەکی سەرکارێزان.
پەیامنێری کوردسات نیوز راشیگەیاند، بریندارەکان لەبەردەم نانەواخانەیەک بوونە و ھیچ پەیوەندیان بە شەرکەوە نەبوە تائیستاش ھۆکارەی شەرەکە و دەستگیرکردنی تۆمەتباران ڕانەگەیاندراوە.
غائیب عومەیری پەرلەمانتاری فراکسیۆنی سەدر ڕایگەیاند، ئەوان لێدوانە ناھاوسەنگ و ھەڵچوونەکانی وەزیری دارایی ڕەتدەکەنەوە، کە دیارە ترسی ھەیە لە بانگھێشتکردن، ئەو ھەڵوێستەش پێچەوانەی بنەماکانی دەستورە، کە داوای چوونە بەردەم دامەزراوە دەستورییەکان دەکات.
عومەیری ئاماژەی بەوەشکردووە، ئەو قسە بێسەروبەرانەی کە وەزیری دارایی کردوویەتی، بە سوک سەیرکردنی کێشە و گرفتەکانی خەڵکە، کە بەھۆی گرانبوونی کەلوپەلەوە گیرۆدە بووە.
ئەو وەڵامەی فراکسیۆنی سەدر لە کاتێکدایە، دوێنی عەلی عەلاوی وەزیری دارایی عێراق لە نامەیەکی ٢١ خاڵیدا بۆ سەرۆک وەزیرانی عێراق، ڕەتیکردەوە لەسەر داوای حاکم زاملی جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەران بچێتە پەرلەمان بۆ ڕوونکردنەوە سەبارەت بە نرخی دۆلار.
عەلاوی ڕایگەیاندبوو، بانگھێشتەکەی جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەران، لە ئەنجامی تویتەکەی موقتەدا سەدر ھاتووە، کە خۆی سەر بە کوتلەی سەدرە.
عەلاوی جەختیکردبووەوە، بانگھێشتەکە قبوڵکراو نییە و ئامادە نییە لەسەر داوای حزبێکی سیاسی بچێتە پەرلەمان، چونکە سوکایەتییە بە کەرامەتی عێراق و خۆشی و خێزانەکەشی.
ئەو پێشھاتانە لە کاتێکدایە، دوێنێ ھەینی ھەرچەندە بەشێکی زۆر لە بازاڕەکانی ئاڵۆگۆڕی دراو داخرابوون، بەڵام بەھۆی ئەو ڕەوشەوە نرخی دۆلار لە بازاڕەکانی عێراق و ھەرێمی کوردستان گۆڕانی بەسەردا ھات و جۆرێک لە دڵەڕاوکێی دروست کرد، بە تایبەت دوای ئەوەی نرخی ١٠٠ دۆلار ھاتەخوار ١٤٧ ھەزار دینارەوە.
لە مەرسومەکەدا ھاتووە، ئەوانەی ناویان لە لیستی سوپای یەدەگدا تۆمار کراوە بۆ ساڵی ٢٠٢٢ پابەندی ڕاھێنانی سەربازیی بن لە ڕیزی ھێزە چەکدارەکانی ڕووسیا و ئاژانسە ھەواڵگرییەکان و ئاژانسەکانی دیکەی خزمەتگوزاریی ئاسایشی فیدراڵی.
ئاماژە بەوەشکراوە، سەرۆکایەتی ئەنجومەنی وەزیران و دەسەڵاتدارانی جێبەجێکردن ڕاسپێردراوە، بۆ بانگھێشتکردنی ھاوڵاتیان بۆ سەربازگەکانی ڕاھێنان.
ئەو برٍیارەی پوتن لە کاتێکدایە، ئاڵۆزییەکانی سنوری ئۆکراین لە ھەرێمی دونباس و دونیتسک پەرەی سەندووە و ترسی پێکدادانی قورس ھەیە.
لە لایەکی دیکەوە سەرۆکی ئەنجومەنی دۆما ڕایگەیاند، ڕووسیا جەنگی ناوێت، بەڵام ئامادەیە بەرگری لە ھاوڵاتییەکانی خۆی بکات لەو دوو ھەرێمە، کە تاک لایەنانە سەربەخۆیی خۆیان ڕاگەیاندووە.
سەرچاوەیەکی ئەمنی لە پارێزگای ئەنبار ڕایگەیاند، درەنگانی شەوی ڕابردوو، بە بۆمبی دەنگی ھێرشکراوەتە سەر بارەگای حزبی تەقەدوومی محەمەد حەلبوسی سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەران و تەنھا زیانی ماددی لێکەوتووەتەوە.
لە پارێزگای زیقاریش، لەلایەن چەکدارانی نەناسراوەوە بە بۆمب ھێرشکراوەتە سەر نوسینگەی نیسان زایر پەرلەمانتاری بزوتنەوەی ئیمتیداد و تەنھا زیانی گیانی لێکەوتووەتەوە.
لای خۆشییەوە محەمەد حەلبوسی ڕایگەیاند، ئیرادەیەکی نارێکخراو ھەوڵ بۆ شکاندنی شکۆی دەوڵەت دەدات. جەختیشی کردەوە، لە چەکی ئەوانەی سەرەتا نەترساون و لە ھەڕەشەی کەسانی تریش ناترسن.