قاسم ئەعرەجی راوێژکاری ئاسایشی نیشتیمانی عێراق رایگەیاند، پێویستە وڵاتانی ئەوروپا ئەو تیرۆریستانەی داعش وەربگرێتەوە کە لە رۆژئاڤا دەستبەسەرکراون، چونکە مەترسییەکی گەورەیان بۆ عێراق دروست کردووە.
ئەعرەجی ئاماژەی بۆ ئەوەش کردووە، زیاتر لە ١٠ ھەزار تیرۆریستی داعش لەلایەن ھێزەکانی سوریای دیموکرات(ھەسەدە) لە زینداییەکی حەسەکە دەستبەسەرەن و پێویستە ئەوانەی رەگەزنامەی ئەوروپاییان ھەیە، لە لایەن وڵاتەکانیانەوە وەربگیرێنەوە .
ئەعرەجی ئەوەشی راگەیاندووە، حکومەتی عێراق بریارێکی بوێرانەی داوە بۆ وەرگرتنەوەی ٤٥٠ خێزانی عێراقی کە لە کامپی ھۆڵن لە رۆژئاڤای کوردستان. ئەعرەجی ئاماژەی بۆ ئەوەش کردووە کامپەکە ٣٠ ھەزار عێراق تێدایە کە ٢٠ ھەزاریان مێردمنداڵن.
لە ڕاگەیەندراوێکدا ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بڵاویکردەوە، بە گوێرەی یاسا ژمارەی ئەو کەسانەی کە مەرجەکانی خۆ کاندکردنیان تیا بووە بۆ پۆستی سەرۆکایەتی کۆمار ٣٣ کەس بوون.
ئەنجومەنی نوێنەران ئاشکرایکردووە ، ٥٩ کەس ناوی خۆیان پێشکەش کردووە بۆ پۆستی سەرۆکایەتی کۆمار. لەو ژمارەیە ٢٦ کەسیان بە چەند ھۆکارێکی جیاواز دوورخراونەتەوە، لەوانە ھەندێکیان داوای کشانەوەی پێشکەش کردبوو، ١٤ کاندیشیان مەرجی شارەزایی سیاسییان تیا نەبووە و ٥ کاندیدیان مەرجی بڕوانامەی زانکۆییان نەبووە و ٢ کاندیدی دیکە یاسای لێپرسینەوە و دادپەوەریی گرتوویەتییەوە و یەکێکی دیکەیان مەرجی تەمەنی نەبووە.
ئاشکراکردنی کاندیدانی پۆستی سەرۆک کۆمار لە کاتێکادیە، بریارە سبەینێ چوار شەممە، دادگای باڵای فیدراڵی عێراق، ئەو تانەیە یەکلایی بکاتەوە، کە پێشکەشکراوە سەبارەت بە دووبارە کردنەوەی دەرگای خۆ کاندید کردن بۆ پۆستی سەرۆکاتی کۆمار.
بافڵ جەلال تاڵەبانی لە دەباشان پێشوازیکرد لە وەفدێکی ھێزەکانی ھاوپەیمانان بە سەرپەرشتی کۆڵۆنێل" تۆد بورۆ" لە دیدارێکدا جەختکرایەوە لە بەردەوامی و پەرەپێدانی پەیوەندی و ھەماھەنگییەکانی نێوان ھێزی پێشمەرگە و ھاوپەیمانان لەپێناو بەرقەرارکردنی ئارامی، ئاسایش و رووبەڕووبوونەوەی مەترسییەکان.
لە کۆبوونەوەکەدا بافڵ جەلال تاڵەبانی رۆڵی ھاوپەیمانانی لە جەنگی رووبەرووبوونەوەی داعش بەرز نرخاند روونیکردەوە مەترسیی تیرۆر کۆتایی نەھاتووە و لەھەموو کات زیاتر لەم کاتانەدا کە دۆخی سیاسی ناجێگیرە پێویستمان بە ھاریکاری و کاری ھاوبەش ھەیە لەنێوان ھێزی پێشمەرگە، ھێزە عێراقییەکان و ھاوپەیمانان تا بتوانرێت بە ستراتیژێکی نوێی سەربازی ھەڕەشەکان دووربخەینەوە و بۆشاییە ئەمنییەکان پڕبکەینەوە، چونکە ئەگەر ئەمە نەکرێت ئارامی و ئاسایشی خەڵک لە ھەندێک ناوچە دەکەونە مەترسییەوە.
سەبارەت بە رێکخستنەوە و یەکگرتنەوەی ھێزەکانی پێشمەرگە بافڵ جەلال تاڵەبانی بەرچاو ڕوونیدایە وەفدی میوان و ئاشکرایکرد بەردەوامن لە سەرخستنی ئەم ھەنگاوە نیشتمانییە چونکە یەکێتی پەرۆشی بنیادنانی ھێزێکی کوردستانیی یەکگرتووی پڕچەک و راھێنراوە لەسەر بنەما و زانستی سەربازی سەردەم، پشتیوانی و ھاوکاری ھاوپەیمانانیش پاڵپشتییەکی باش دەبێت تا ئەم ئامانجە کە بەھایەکی باڵای ھەیە بەدیبێنین.
جۆ بایدن، سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاند، لە ئێستاوە گوژمەی یەکەمی سزاکانیان بۆ سەر روسیا دەستپێدەکات و سزای قورسیشیان بەسەر دوو بانکی روسیدا سەپاندووە.
وتیشی، سزاکان روسیا لە سیستمی بانکیی جیھانیی دووردەخەنەوە و سزا بەسەر سەرکرادیەتیی روسیا و خێزانەکانیان دەسەپێنن و رێگە نادەن روسیا دەستی بە سیستمی بانکیی نێودەوڵەتیی بگات.
بایدن داوای لە کۆمەڵگای نێودەوڵەتی کرد بە توندی وەڵامی ھەنگاوەکانی روسیا بدەنەوە و وتی، ئەگەر روسیا بەم جۆرە بەردەوام بێت باجێکی قورس دەدات.
نوسینگەی سەرۆکی فەڕەنسا رایگەیاند، لەسەر پێشنیاری ئیمانوێل ماکرۆن، بایدن و پوتن رێککەتنی سەرەتاییان کردووە بۆ ئەنجامدانی لوتکەیەک سەبارەت بە رەوشی ئۆکراین و ئاسایش و سەقامگیری لە ئەوروپا.
ھاوکات جین ساکی وتەبێژی کۆشکی سپی رایگەیاندووە، بایدن رازی بووە بە کۆبوونەوە لەگەڵ پوتن، بەڵام بەو مەرجەی روسیا داگیرکاری بۆ سەر ئۆکراین ئەنجام نەدات.
بڕیاریشە رۆژی پێنج شەممەی داھاتوو، ئەنتۆنی بلینکن وەزیری دەرەوەی ئەمریکا و سێرگی لاڤرۆڤ وەزیری دەرەوەی روسیا کۆببنەوە و ئەجێندای لوتکەی ئەو دوو سەرۆکە ئامادە بکەن.
دەقی پەیامەکە....
بەبۆنەی ڕۆژی جیھانیی زمانی دایکەوە، جوانترین پیرۆزبایی خۆمان ئاڕاستەی ھەموو مرۆڤێکی کوردزمان دەکەین لە ھەر کوێیەکی دونیادا کە ھەن، زمان وەک دیارترین کەرەستەی ناسینەوە و فەرھەنگی ھەر گەلێک و شوناسی نەتەوەیی ھەر میللەتێک بەشداریی ھەرە سەرەکی دەکات لە نیشاندانی مێژوو و شارستانییەتی ڕەسەنی ئەو گەلە، لەسەر ئاستی جیھانیشدا گەلێک نەتەوەی زیندوو و بە ئاگای دونیا ھەن کە لە سەردەمی جیھانگیریدا بە دەست تێکەڵبوونی زمانەکانیان بە کلتوور و شارستانییەتی گەلانی دراوسێ دەناڵێنن، بۆیە لە ئەمڕۆدا زۆرێک لە گەلانی دونیا لە ھەوڵی ئەوەدان کە بەھۆی خۆسەپێنی و کاریگەرییەکانی تەکنەلۆژیا و ئامڕازە ھاوچەرخەکانی گەیاندنەوە زمانی دایکیان فەرامۆش نەکرێت، زمانە زیندووەکانی دونیا ھەمیشە لە ھەوڵی ئەوەدان کە زمان و زاراوەی خۆیان بخزێننە نێو زمانی تەکنەلۆژیا، بە ھەموو بوار و ژانرەکانییەوە، بۆیە لەم بۆنە جیھانییە پیرۆزەدا پەیامی خۆمان ئاڕاستەی ھەموو زمانزان و پسپۆڕان و ئەکادیمیستانی بواری زمانی شیرینی کوردی دەکەین، کەوا درێغی نەکەن لە بە زیندوو ھێشتنەوەی زمانی شیرینی کوردی، ھەر لێرەشەوە پیرۆزبایی گەرمی خۆمان ئاڕاستەی سەرجەم ئەو گەل و نەتەوانە دەکەین کە لە کوردستان دەژین و خاوەنی زمان و فەرھەنگی تایبەت بە خۆیانن، ھیواخوازین ئەم تەبایی و پێکەوە ژیانی ئاشتییانە و تێکەڵییە فەرھەنگییەش ھەر لە بەرەو پێشەوەچووندا بێت، ھەمووان لەژێر یەک چەتری برایەتیدا پارێزگاری لە زمانی دایک و کلتووری نیشتمانیدا بکەین.
د. ڕێواز فائق
سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان
٢١ی شوباتی ٢٠٢٢
دەقی پەیامەکە...
بە بۆنەی ڕۆژی جیھانیی زمانی دایک، پیرۆزباییەکی گەرم لە گشت کوردستانییان و ھەموو نەتەوە و پێکھاتەکانی کوردستان دەکەم.
زمان، ناسنامە و پێناسەی ھەر مرۆڤ و نەتەوەیەکە و بەشێکی گرنگی کولتوور و کۆڵەگەیەکی بنەڕەتیی نیشتمانسازییە، بۆیە پاراستن و پەرەپێدانی زمانی دایک، ئەرکێکی گرنگ و لەپێشینەی خێزان و کۆمەڵگە و دامەزراوەکانی حکومەتە.
ئەگەر بایەخدان بە زمانی دایک و ڕێزگرتن لەم ڕۆژە، جارێک بۆ گەلانی دیکەی جیھان گرنگ بێت، ئەوە بۆ ئێمەی کوردستانی، کە وێڕای شۆڕش و بەرگری و قوربانیدانە گەورەکانی گەلەکەمان، زمانەکەمان فاکتەرێکی گرنگی مانەوەمانە، پێویستە جێگەی بایەخی ھەرە لەپێشینەمان بێت.
ئەگەرچی بەپێی دەستووری ھەمیشەیی عێراق، زمانی کوردی، زمانێکی فەرمیی ھەرێمی کوردستان و عێراقە، بەڵام جێی داخە تا ئێستا لەسەر ئاستی عێراق و تەنانەت ھەرێمی کوردستانیش، وەک پێویست بایەخ بە زمانی کوردی نەدراوە، چونکە چاومان لە پێشڤەچوونی زیاترە لەم بوارەدا.
لێرەدا داوا لە دەزگا رۆشنبیری و زانستی و ئەکادیمییە پەیوەندیدارەکانی ھەرێمی کوردستان دەکەم، کە لەم ڕووەوە، باشتر ئەرکی خۆیان بەجێ بگەیەنن و ھەر کەموکوڕی و کەمتەرخەمییەک ھەبێت لە بواری زمانەوانی و گرنگیدان بە زمان، چارەسەری بکەن، بۆ ئەم مەبەستەش، حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، ئامادەیە بۆ ھەر ھاوکاری و ھەماھەنگییەکی پێویست لەم بوارەدا. بێگومان لە پاڵ گرنگیدان بە زمانی کوردی، پێویستە بە شێوەیەکی شایستەش، بایەخ بە زمانی ئەو پێکھاتە نەتەوەییانەش بدرێت کە بەشێکن لە گەلی کوردستان.
لەم بۆنە گرنگەدا، بە پێویستی دەزانم بە ڕێز و پێزانینێکی زۆرەوە، یادی ئەو ڕۆشنبیر و مامۆستا بەڕێزانە و ھەموو ئەو خۆشەویستانە بکەینەوە، کە ڕۆڵێکی دیار و بایەخداریان لە پاراستن و فێرکردن و برەودان بە زمانی کوردیدا ھەبووە.
ڕۆژی جیھانیی زمانی دایک لە ھەموان پیرۆز بێت...
مەسرور بارزانی
سەرۆکی حکومەتی ھەرێمی کوردستان

باسم خەشان ئەندامی سەربەخۆی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لە تویتەر بڵاویکردەوە، چوار شەممە دادگای فیدراڵی کۆدەبێتەوە و پێداچوونەوە بۆ ئەو سکاڵایە دەکات کە دژ بە کردنەوەی دەرگای خۆکاندید کردن بۆ پۆستی سەرۆک کۆماری عێراق لەلایەن دەستەی سەرۆکایەتی ئەنجومەنی نوێنەرانەوە.
وتیشی، دادگا بڕیار لە بارەی یاسایی بوونی دووبارە خۆکاندید کردنەوە بۆ پۆستی سەرۆک کۆماری عێراق دەدات.
باسم خەشان راشیگەیاند، ئەو سکاڵایە دژی ھیچ کەس و حزبێک نییە، تەنھا بۆ رێزگرتنە لە دەستور.
تا ئێستا، ٦٠ کەس خۆیان بۆ پۆستی سەرۆک کۆماری عێراق کاندید کردووە، ھیچ وادەیەکیش بۆ کۆبوونەوەی ھەڵبژاردنی سەرۆک کۆمار دیاری نەکراوە.
وەزیری دارایی و ئابووری ھەرێم لە گشتاندنێکدا کە ئاراستەی بەڕێوەبەرایەتی گشتی بانکی ناوەندیی ھەرێم-لقی سلێمانی کردووە، ئاماژە بۆ ئەوە دەکات، بە مەبەستی پێداچوونەوە و ڕێکخستنەوەی کاروباری بانکەکان و بەگەڕخستنەوەی جموجوڵی بانکی، سەرجەم بانکەکان ئاگادار بکەنەوە کە بە ھیچ جۆرێک دەستکاری سیولەی نەختینەیی دانراوی ئەژمێرە جیاوازەکانی ھاوڵاتیان نەکرێت لە "ودائع و جاری خا و توفیر و ئەشخاێ و جۆرەکانی تریش.
میدیاکانی ئێران بڵاویانکردەوە، فڕۆکەیەکی جەنگی لە جۆری ئێف پێنج لە شاری "تەبرێز" لە باکوری خۆرھەڵاتی ئێران خۆی کێشاوە بە دیواری خوێندنگەیەکی داخراودا و تێکشکاوە، بەھۆیەوە فڕۆکەوانەکە و ئەندامێکی ھێزی ئاسمانی و ھاوڵاتییەک کە لە ئۆتۆمبێلەکەی خۆیدا بووە لە شوێنی رووداوەکە، گیانیان لەدەستداوە.
فەرماندەی بنکەی ئاسمانی "تەبرێز"یش رایگەیاند، تێکشکانی فڕۆکەکە بەھۆی کێشەی تەکنیکییەوە بووە و بۆ روونەدانی کارەساتی گەورەش، فڕۆکەوانەکە قوربانی بە ژیانی خۆی داوە و فڕۆکەکەی بەرەو ئەو ناوچەیە بردووە، لێکۆڵینەوەش لە رووداوەکە بەردەوامە.
بەپێی نوسراوێکی وەزارەتی دارایی و ئابووری ھەرێم کە ئاراستەی وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی کردووە، تیایدا داوا دەکات لیستی تەواوی ئەو فەرمانبەرانەیان بۆ رەوانە بکات کە تا کۆتایی ساڵی ٢٠١٥ پلە بەرزکردنەوە دەیانگرێتەوە و بڕی ئەو پارەیەش دیاری بکەن کە دوای پلە بەرزکردنەوەیان وەریدەگرن، بڕیارەکەش فەرمانبەرانی پلە یەک دەگرێتەوە.
قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆکی حکومەتی ھەرێمی کوردستان لە رۆژی جیھانی زمانی دایکدا پەیامێکی بڵاوکردەوە و دەڵێت، "ئێمەی کورد، ھەتا زمانەکەمان پارێزراوتر بێت، ئەوا باشتر دەتوانین پارێزگاری لە شوناسی کوردبوونمان بکەین و دەشتوانین دەستکەوتی گەورەتر و شایستەتر بەدەست بھێنین".
دەقی پەیامەکە...
تەواوی شۆڕشەکانی نەتەوەکەمان، لەپێناوی ئەوەدا بوون کە بوونێکی سەربەخۆ و ئازادانەمان ھەبێت. ویستوومانە بە ناسنامە و تایبەتمەندیی خۆمانەوە بناسرێینەوە، نەک ھی نەتەوەیەکی تری سەردەست. لە دیارترینیشیان، زمانەکەمانە.
ئێمە بەرگریمان لە زمانی کوردی کردووە و ئەویش بەرگریی لێ کردووین. چونکە ئەگەر ئەم زمانە نەبووایە، نەماندەتوانی بەردەوامی بە خەباتی نەتەوەییمان بدەین و ھەر ھەوڵێکیش بۆ پێشخستنی دۆزی نەتەوەییمان، بەبێ گرنگیدان بە زمانی کوردی، بێئەنجام دەبێت.
ئێمەی کورد، ھەتا زمانەکەمان پارێزراوتر بێت، ئەوا باشتر دەتوانین پارێزگاری لە شوناسی کوردبوونمان بکەین و دەشتوانین دەستکەوتی گەورەتر و شایستەتر بەدەست بھێنین.
ئەرکی ھەموومانە، ھەم حکومەت و ھەم تاک بە تاکی ھاوڵاتییان، بەرپرسانە مامەڵە لەگەڵ زمانی کوردیدا بکەین؛ ڕووبەرەکانی بەکارھێنانی فراوانتر بکەین و ڕۆژ لەدوای ڕۆژ بەھێزتری بکەین.
با ھەموومان بە شانازییەوە بە زمانی شیرینی کوردی بڵێین: من کوردم و زمانی کوردی، زمانی دایکی منە.
ڕۆژی جیھانیی زمانی دایک، لە ھەمووان پیرۆز بێت
بەپێی خشتەکەی وەزارەتی دارایی و ئابووری ڕۆژی سێ شەممە مووچەی ٢٢ی ٢ی ٢٠٢٢ مووچەی مانگی یەکی خانەنشینی پێشمەرگە دابەشدەکرێت و رۆژی چوار شەممە ٢٣ی ٢ی ٢٠٢٢ مووچەی خانەنشینی شارستانی دابەشدەکرێت.
رۆژی پێنج شەممەش ٢٤ی ٢ی ٢٠٢٢ مووچەی سەرۆکایەتی ھەرێم و پەرلەمان و ئەنجومەنی وەزیران دابەشدەکرێت.
بەشدار حەسەن ئەندامی تیمی پارێزەرانی دۆسیەی گیراوانی بادینان بە کوردسات نیوزی ڕاگەیاند، ئومێد بەرۆشکی رۆژنامەنووس لە مانگی ١٠ی ٢٠٢٠ دەستگیرکرا و ئەمڕۆ ئازاد دەکرێت.
وتیشی، ئەو رۆژنامەنووسەی دەڤەری بادینان سێ سکاڵای لەسەر بوو، یەکەمیان بە تۆمەتی پیلانی نیشتیمانی ساڵێک و یەک مانگ لە ئاسایشی ھەولێر زیندانی کرا، دووەمیان بە تۆمەتی خراپ بەکارھێنانی ئامێرەکانی پەیوەندی و ناوزڕاندن بۆ ماوەی شەش مانگ لە چاکسازی گەورانی دھۆک زیندانی کرا، ئەمڕۆش ماوەی ھەردوو سزاکە تەواو دەبێت و ئازاد دەکرێت.
ئەو پارێزەرە ئاشکراشیکرد، سکاڵای سێیەم لەلایەن پەرلەمانتارێکی پارتییەوە لەسەری بوو، بەڵام پەرلەمانتارەکە دەستبەرداری سکاڵاکەی بوو، بۆیە ئەمڕۆ ئومێد بەرۆشکی ئازاد دەکرێت.
پەیامنێری کوردسات نیوز رایگەیاند، لە بەردەوامیی بۆردومانەکانی تورکیادا، بەیانی ئەمڕۆ فڕۆکەکانی تورکیا ناوچە شاخاوییەکانی ناحیەی شیلادزێیان لە قەزای ئامێدی بۆردومان کردوە، بەڵام تا ئێستا زیانەکانی ئەو بۆردومانە نەزانراوە.
لەلایەکی تریشەوە فڕۆکە جەنگییەکانی تورکیا لەسنوری برادۆست چیای بەربزین و گەرواسنگای بۆردمان کردوە و فڕۆکەی چاودێریش بەسەر ئاسمانی برادۆست دەسووڕێتەوە.
شەوی ڕابرووش لەبەرزاییەکانی چیادێل سوپای توورکیا تەقەی ھەڕەمەکی لەگوند و ئاوایەکانی دەشتەھێرت کردوە.
بەر لە بەجێھێشتنی ئێران، رەئیسی رایگەیاند، لەسەر داوای تەمیم بن حەمەد میری قەتەر، بە سەردانێکی دوو رۆژە لە قەتەر دەبێت، بە وتەی رەئیسی، ئامانجی سەردانەکەی بۆ کاراکردنەوەی دیبلۆماسییەتە بە تایبەتی لەگەڵ وڵاتانی کەنداو، ھەروەھا بەشداری لە کۆبوونەوەی وڵاتانی بەرھەمھێن و ھەناردەکاری غاز دەکات کە رۆژانی سێ شەممە و چوار شەممە بەڕێوەدەچێت.
وتیشی، ئەو سەردانە ھەنگاوێکە بۆ پێشخستنی پەیوەندی سیاسی و ئابوری لەگەڵ قەتەر، کە خاوەن کێڵگەی غازی ھاوبەشن لەگەڵ ئەو وڵاتەدا.
ئەوە یەکەمین سەردانی سەرۆکی ئێرانە بۆ وڵاتانی کەنداو، لە دوای وەرگرتنی پۆستی سەرۆک کۆمارەوە لە مانگی ئابی ساڵی رابردوودا.