"ڕابەر محەمەد" بەڕێوەبەری سامانی ئاژەڵ و ڤێترنەری لە وەزارەتی کشتوکاڵ لە لێدوانێکدا بە کوردسات نیوزی راگەیاند، بەھۆی شەڕی روسیا و ئۆکراین و زۆربوونی ژمارەی پڕۆژە پەلەوەرییەکانیش عەلف گران بووە.
ئەوەش بووەتە ھۆی ئەوەی کە زیان بە خاوەن پڕۆژەکانی پەلەوەر بگات. وتیشی، یەکێکی تر لەو ھۆکارانەی کە خاوەنی پڕۆژەکان زیان بکەن ئەوەیە کە حکومەتی عێراق رێگری دەکات لە ھەناردەکردنی بەرھەمە پەلەوەرییەکان لە ھەرێمەوە بۆ ناوەڕاست و باشووری عێراق.
دەقی پیرۆزباییەکە
برای بەڕێزم: کاک محەمەدی حاجی مەحمود- سەرۆکی پارتی سۆسیال دیموکراتی کوردستان
ئەنجامدانی حەوتەمین کۆنگرەی حزبەکەتان و ھەڵبژاردنەوەتان بە سەرۆکی حزب لە خۆتان و تەواوی ئەندام و لایەنگرانی پارتی سۆسیال دیموکراتی کوردستان پیرۆز دەکەم و ھیوای سەرکەوتنتان بۆ دەخوازم.
پارتی سۆسیال دیموکراتی کوردستان لەمێژووی بزووتنەوەی رزگاریخوازی گەلی کورد لەخەباتی شاخ و شاردا رۆڵێکی دیاری ھەبووە وخاوەنی مێژوویێکی پرشنگدارە، ئومێد دەکەم لە داھاتووشدا بەردەوام بن لەسەر ھەمان رێچکەو رێبازتان.
دووبارە پیرۆزبایی خۆم ئاراستەی جەنابت و ئەندامانی ھەڵبژێردراوی سەرکردایەتی دەکەم و ھیواخوازم بڕیارو راسپاردەکانی کۆنگرەکەتان لە خزمەتی کوردو کوردستان بێت.
کۆسرەت رەسول عەلی
سەرۆکی ئەنجومەنی باڵای سیاسی و بەرژەوەندی
یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان
راگەیاندنی مەکتەبی ڕێکخستنی یەکێتی نیشتمانی کوردستان راگەیەندراوێکی بڵاوکردووەتەوە رایگەیاندووە، لە چوارچێوەی گۆڕانکاریەکانی مەکتەب و ئۆرگانەکانی یەکێتیی نیشتمانی کوردستاندا ئەمڕۆ لە ھۆڵی کۆبوونەوەکانی مەکتەبی ڕێکخستن و بە ئامادەبوونی سەرکەوت زەکی لێپرسراوی مەکتەبی ڕێکخستن و لە مەراسیمێکدا ئاڵوگۆڕی لێپرسراوی بۆردەکانی ڕێکخستن و ھەڵسەنگاندن کرا.
ئاماژەی بەوەشکردووە، سەرکەوت زەکی باسی لەم گۆرانکاریانە کرد کە ئێستا بڕیاری لێدراوە لە نێو مەکتەب و مەڵبەند و ئۆرگانەکانی یەکێتی دا لە پێناو زیاتر بوژاندنەوەی کاری حزبایەتی و جێبەجێکردنی ئەرکەکانە و ئەم گۆرانکاریانە بۆ جێبەجێکردنی ئەرکە نەک بۆ پۆست و پلە، ھەروەھا باسی لە کارەکانی خۆ رێکخستنەوەی مەکتەب و مەڵبەندەکان کرد.
مەکتەبی رێکخستن راشیگەیاندووە، لە مەراسیمەکەدا ھەریەک لە مامۆستا کاکەڕەش سدیق وەک لێپرسراوی نویی بۆردی ڕێکخستن و مەلا ئاری لێپرسراوی نوێی بۆردی ھەڵسەنگاندن ناسێندران.
ئیسماعیل زارعی کوشا پارێزگاری سنە رایگەیاند، چەند رێوڕەسمێکی تایبەت بە ئاھەنگ و شادییەکانی نەورۆز لە پارێزگای سنە بەڕێوەدەچن کە ھەموو نەتەوەکانی ئێران بەشداری تێدا دەکەن، لەو چوارچێوەیەشدا نوێنەرانی رێکخراوی یونسکۆ بۆ نەورۆزی ئەمساڵ میوانداری کراون بە مەبەستی بەشداریکردن لە رێوڕەسمەکان، ئەوەش دەرفەتێک دەبێت بۆئەوەی سنە وەک پایتەختی نەورۆز تۆمار بکرێت.
راشیگەیاندوە، ھەموو دەزگا و لایەنە پەیوەندیدارەکان ھەوڵدەدەن شاری سنە بکرێت بە پایتەختی نەورۆز و تواناکانی ئەو شارە دەربکەوێت.
ئازاد محەمەد ئەمین سەرۆکی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی رایگەیاند، کۆمپانیاییەک ئامادەیی نیشانداوە بەنزین بە نرخی کەمتر ھاوردەبکات لەوەی ئێستا.
وتیشێ، بڕیارە سبەینێ بە نووسراوی سەرۆکایەتیی ئەنجومەنی پارێزگا پێشنیازەکە بۆ بەڕێوەبەرایەتیی بەرھەمە نەوتییەکان بەرزبکرێـتەوە، تاوەکو وەزارەتی سامانە سروشتییەکان ئاگاداربکەنەوە لەو پێشنیازە، بەو مەرجەی کوالێتی ئەو سووتەمەنییەی ھاوردە دەکرێت، باشبێت و بەگوێرەی ڕێنماییەکان سووتەمەنی ھاوردەبکات.

لەبارەی ئەو ھاوکارییانەی بۆ خێزانی کەمدەرامەت ھەبوو کە لە ئێستادا راگیراوە ئەوەی راگەیاند سەقاڵی رێکخستنەوەی تۆماری ناوی ئەوکەسانەن کە لیستەکە تەواو بوو دەدرێتە حکومەت بۆ پێدانی مووچە.
نوسینگەی کازمی لە ڕاگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە، ئەنجومەنی وەزیران بە سەرۆکایەتی مستەفا کازمی کۆبوونەوەیەکی بە پەلەی ئەنجامدا و گفتوگۆ کرا لەسەر دڵنیایی لە بەدیھێنانی ئاسایشی خۆراک و ئامادەباشی وەزارەتەکان، لە سایەی جەنگی نێوان ڕوسیا و ئۆکراین.
ئاماژە بەوەشکراوە، کازمی وەزارەتە پەیوەندارەکانی ڕاسپاردووە، بە بایەخدان بە یەدەگی ستراتیژی مادە خۆراکییە سەرەکییەکان و لابردنی ئەو بەربەستانەی دێنە بەردەم ڕێگەی دابینکردنیان.
کازمی وەزارەتەکانی دارایی و بازرگانی و کشتوکاڵی ڕاسپاردووە، لە کۆبوونەوەی ئەنجومەنی وەزاریی و ئەنجومەنی وەزیرانی ئەم ھەفتەیەدا، ئەو بابەتە بخرێتە خشتەی کاری کۆبوونەوەکان و بڕیاری پێویستی لە بارەوە بدەن.
ھەر لە کۆبوونەوەکەدا گفتوگۆ کراوە لەبارەی ڕەوشی ئاوی عێراق و لایەنە پەیوەندارەکانیش ڕاسپێردراون، بەدڵنییادان لە بوونی بەشە ئاوی پێویست بۆ وەرزی کشتوکاڵی و بە تایبەتیش بەرھەمە بنەڕەتییەکان.
ئیگۆر کوناشینکۆف وتەبێژی وەزارەتی بەرگری ڕوسیا ڕایگەیاند، بەم نزیکانە بە چەکی دورھاوێژ ھێرشی ورد دەکەنە سەر دامەزراوە سەربازییەکانی ئۆکراین، بۆیە پێویستە بە زووترین کات کرێکار و کارمەندەکان ئەو دامەزراوانە چۆڵ بکەن.
وتیشی، بەکارھێنانی فڕۆکەخانەی وڵاتانی دراوسێ لە لایەن ھێزی ئاسمانی ئۆکراینەوە، واتە ئەو وڵاتانەش بە کردار بەشداری شەڕی ئۆکراین دەکەن.
وەزارەتی ناوخۆی ئۆکراینیش ڕایگەیاند، بەھۆی ھێرش و بۆردومانەکانی ڕوسیاوە، بۆ دووەم جار کردنەوەی ڕێڕەوی مرۆیی لە شاری ماریوپوڵ لەلایەن ڕێکخراوی خاچی سووری نێودەوڵەتییەوە لە باکوری ئۆکراین شکستی ھێنا.
ڕێکخراوی خاچی سوری نێودەوڵەتیش ئاماژەی بەوەکرد، بەھۆی مەترسی ئەمنییەوە ھەوڵەکانی بۆ بردنەدەرەوەی ھاوڵاتیانی شاری ماریوپوڵ ڕاگرتووە.
کۆشکی سەرۆکایەتی ڕوسیاش بڵاویکردەوە، پوتن سەرۆکی فەڕەنسای ئاگادار کردووەتەوە لە پاراستنی ئاسایشی دەوروبەری وێستگەی ئەتۆمی زاپۆریژیا لە ئۆکراین.
ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆمیش رایگەیاند، ئیدارەی وزەی ئەتۆمی زاپۆریژیا لە ئۆکراین، خراوەتە ژێر فەرمانی فەرماندەی ئەو ھێزەی ڕوسیا، کە ھەفتەی ڕابردوو وێستگە ئەتۆمییەکەی کۆنترۆڵکرد.
باڵیۆزخانەی تورکیا لە عێراق رایگەیاند، دەبێت ئەو گەشتیارانەی لە رێگەی فڕۆکەوە سەردانی تورکیا دەکەن، لانیکەم دوو دۆزی ڤاکسینیان وەرگرتێت، لەو جۆرەی لەلایەن تورکیاوە دانی پێدانراوە، دوایین دۆزیشیان ١٤ رۆژی بەسەردا تیپەڕ بووبێت، یاخود ئەنجامی پشکنینی "پی سی ئار"ی بە نێگەتیڤ ھەبێت.
ئاماژەی بەوەشکردوە، ئەو کەسانەی لە رێگەی وشکانی و دەریایی و ھێڵی ئاسنەوە سەردانی تورکیا دەکەن، ھیچ بەڵگەیەکیان لێداوا ناکرێت، منداڵی خوار تەمەن ١٢ ساڵیش بەدەرە لە جێبەجێکردنی رێنماییەکان.
وەزارەتی سامانە سروشتییەکانی ھەرێم بڕیاریداوە ھەموو پاڵاوگەکانی نەوت مۆڵەتیان بۆ نوێ بکرێتەوە، بە مەرجێک لەگەڵ رێنماییەکانی دەستەی ژینگەدا یەک بگرێتەوە، پاڵاوگەکان بەشێوەیەکی زانستی رێکبخرێن و ھیچ کاریگەری خراپیان بۆ سەر ژینگە نەبێت و بەپێی ستانداردی نێودەوڵەتی ئامێری رێگریکردن لە پیسبوونی ھەوا دابنێن و ھەموو مەرجەکانی تەندروستی و ژینگەشیان تێدا بێت.
دەستەی ژینگەی ھەرێمی کوردستانیش رایگەیاندوە، لە ماوەی رابردوودا ھەڵمەتێکیان دەستپێکردوە بۆ داخستنی پاڵاوگە نایاساییەکان و لەو چوارچێوەیەشدا ٢٨ پاڵاوگەیان داخستووە.
عەمید ئەسعەد کەریم وتەبێژی ھاتووچۆی ھەرێمی کوردستان بە کوردسات نیوزی راگەیاند، ژووری ھەماھەنگی لە نێوان ھاتووچۆی ھەرێمی کوردستان و بەغداد کراوەتەوە، ئەوەش کارئاسانی بۆ شۆفێران دەکات بەتایبەتی ئەگەر بیانەوێت سەردانی ھەرێم یان بەغداد بکەن، بۆ چارەسەرکردنی ئەو کێشانەی بۆیان دروست دەبێت.
وتیشی، ئەو ژوورە کارئاسانی تەواو دەکات بۆ زاڵبوون بەسەر ئەو ئاستەنگانەی ھاوڵاتییان لەبارەی ئۆتۆمبێلەکانیانەوە روبەڕویان دەبێتەوە، چونکە ھەندێک لە شۆفێران لە رێگەی بریکارنامەوە کارەکانیان لە نێوان بەغداد و ھەرێم جێبەجێ دەکەن، بۆ راستاندنی ئەو بریکارنامەیەش ژووری ھەماھەنگی کارئاسانی تەواویان بۆ دەکات.
جەختیشیکردەوە، لە ئێستادا سەرقاڵی ئەوەن لە رێگەی ئەو ژورەوە، سەرپێچییەکانیش بۆ یەکتر بگوازنەوە و ئەو بابەتەش چارەسەر بکەن.
مەکتەبی سیاسی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە یادی ٣١ ساڵەی ڕاپەڕینی ئاداری ١٩٩١ پەیامێکی بڵاوکردەوە و ڕایگەیاند، ڕاپەڕین بووە وەرچەرخانێکی سیاسیی لە کوردستان و عێراقیشدا، شانازی دەکەن بەوەی یەکێتیی و لایەنە سیاسییەکانی ئەوسای گۆڕەپانی خەبات و جەماوەری کوردستان، شەرەفی سەرقافڵەی ئەو خەباتەی پێسپێردرا.
ڕاشیگەیاندووە، بۆ ڕێبەرایەتییەکی نوێ بە گیانی یەکێتیانەوە، زەرورەتێکی گرنگە وەڵامی خواستەکانی ئەم سەردەمەی کۆمەڵانی خەڵک و چین و توێژەکان بدرێتەوە، ئەویش ڕاستکردنەوە و ھێنانەوە سەر ڕێگەی حوکمدارییەکی کارا و دابینکردنی ژیانێکی شایستەترە بۆ ھەمووان.
لە بەشێکی تری پەیامەکەدا ھاتووە، بۆ پاراستنی ڕێز و شکۆی ئەو گیانبازییانەی ڕاپەڕین، بۆ بە جوانی ھێشتنەوەی ئەو مێژوە پڕ لەتێکۆشانە، دەیانەوێت چیتر کۆسپ و تەگەرە و ئاستەنگەکانی بەردەم ژیانی خەڵک نەھێڵن، ئەوەش بسەلمێنین ڕاپەڕین بۆ باشترکردنی ژیان و ئاوەدانکردنەوە و پاراستنی خاکی نیشتمان بەرپاکرا، نەک وەک ھەندێک حاڵەت و دیاردەی نەخوازراو کە مێژووەکە و ھەنگاوەکان ناشیرین بکات.
جەختیشکراوەتەوە، یەکێتی ھەوڵەکانی ڕێککەوتن لەگەڵ حکومەتی عێراق زیاتر دەپارێزێت بە پشتبەستن بە بنەما دەستورییەکان، لەو پێناوەشدا جارێکی تر ھەموو ھێزە کوردستانی و دیموکراتخوازەکان لە کوردستان و عێراق بانگھێشت دەکات پێکەوە ئیرادەی گەل بۆ ئەرکی داھاتوو ئامادە و پتەوتر بکەن.
ھەروەک ئاشکرایە ڕاپەرین بەری ڕەنجی خەبات و تێکۆشانی چەندین ساڵەی گەلەکەمان و بەرھەمی خوێنی ئاڵی دەیان ھەزار شەھیدی قارەمان و بەشداری و پشتیوانی سەرجەم چین و توێژەکانی خەڵکی کوردستان و یەکریزی ھێزە سیاسیەکان وەک چەپکە گوڵەکەی سەرۆک مام جلال بوو.
ڕاپەرینی بەھاری ١٩٩١، کە لە ڕانیەی دەروازە و سەربەرزەوە دەستی پێکرد، دواتر سەرجەم شار و شارۆچکەکانی گرتەوە، وەرچەرخانێکی گەورەی مێژوویی بوو، کە بووە سەرەتای دامەزراندنی پەرلەمان و حکومەتی ھەرێم و دامەزراوە دەستوریەکانی.
لە ئێستاشدا کە یادی (٣١) ساڵەی ڕاپەرین دەکەینەوە، جارێکی تر ھەرێمی کوردستان کەوتووەتە ژێر مەترسی ناوخۆیی و ھەرێمایەتی و ڕووبەڕووی قۆناغێکی تری قەیرانی سیاسی و ئابوریی و یاسایی بووەتەوە، کە ئەمەش وەک پێشھاتێکی مەترسیدار دەبینین بۆ سەر ئایندەی ھەرێمەکەمان و پاراستنی دەسکەوتەکانی ڕاپەرین. بۆیە، لەسەر ئاستی ھێزە سیاسیەکان، داوای یەکریزی زیاتری خەلکی کوردستان و ھێزە سیاسیەکان دەکەین، بە شێوەیەک پاراستنی بەرژەوەندی باڵای میللەتەکەمان لە پێش ھەموو شتێکەوە بێت.
لە ھەمانکاتدا بە ئەرکی لە پێشینەی حکومەتی ھەرێمی دەزانین پەلە بکات و ھەوڵەکانی بخاتەگەر بۆ چارەسەرکردنی کێشە ھەڵپەسێردراوەکانی نێوان ھەرێم و بەغدا، لە ئاستی ناوخۆشیدا دەبێت پەیرەوی ئەوپەری شەفافیەت لە دۆسێی نەوت و چاکسازی ڕیشەیی بکات لە سەرچاوەکانی داھات.
ئێمە لە فراکسیۆنی یەکێتی لە پەرلەمانی کوردستان جەخت دەکەینەوە نابێت ھاوڵاتیانی کوردستان و مووچەخۆرانمان باجی قەیرانی دارایی بدەن و داواش لە حکومەتی ھەرێم دەکەین لە ژێر ھیچ پاساوێک ئەم دۆخە، بەزیان بۆ خەڵکی کوردستان و موچەخۆرانی ھەرێم نەشکێتەوە.
سەرەڕای ئەوەی دەبێت ئەولەویەت بۆ باشترکردنی ژیان و گوزەرانی ھاوڵاتیانی کوردستان و دابین کردنی مووچەی مووچەخۆرانی ھەرێم بێیت لە کاتی دیاریکراوی خۆیدا.
بەرزو پیرۆزبێت یادی ڕاپەرین
فراکسیۆنی سەوز لە پەرلەمانی کوردستان
٥-٣-٢٠٢٢
بڕیارە ئەمڕۆ شەممە ئەنجومەنی باڵای ئابوری ھەرێمی کوردستان کۆببێتەوە و لە کۆبوونەوەکەدا جێگری سەرۆکی حکومەت ڕاپۆرتێک لە بارەی ڕەوشی دارایی ھەرێم بخاتەڕوو، تاوتوێی پێشنیاز و پێشبینییەکانیش تاوتوێ دەکرێت بۆ مووچە و خەرجییەکان و ئەو گرفتانەی ڕووبەڕووی حکومەتی ھەرێم بوونەتەوە.
ئەوەش لە کاتێکدایە بەھۆی ئەوەی حکومەتی عێراق ٢٠٠ ملیار دینارەکەی بۆ مووچەی مووچەخۆرانی ھەرێم ڕەوانە نەکردووە، تا ئێستا مووچەی مانگی دوو دابەش نەکراوە و ھیچ وادەیەکیش بۆ دابەشکردنی مووچە دیاری نەکراوە، لە کاتێکدا حکومەتی ھەرێم بڕیاریدابوو ھەموو ٢٥ی مانگێک مووچە دابەش بکات.
ڕاپەڕین وەرچەرخانێکی مێژوویی و خواست و پەیامی بەھێزی گەلی کوردستان بوو لە ڕەتکردنەوەی ستەم و داگیرکاری و ژێردەستی، کە لە ئەنجامی یەکگرتوویی و یەکڕیزی سەرجەم خەڵکی کوردستانیش بە گشت پێکھاتەکانییەوە، توانرا دەسکەوتی مەزن بە دەستبھێنرێت و گەلی کوردستان، ببێتە خاوەنی دامەزراوە دەستوورییەکانی و بۆ داھاتوویەکی باشتر ھەنگاو بنێت.
یەکێک لە پەیامە گرنگەکانی ڕاپەڕینی ١٩٩١ ئەوەبوو، کە ھەرگیز خەڵکی کوردستان، دەستبەرداری ماف و داخوازیی نەتەوەیی و ژیانێکی ئازادانە و شکۆمەندانە نابێت. لەم پێناوەشدا قوربانییەکی زۆری داوە.
ئەمڕۆش پێویستە ھێزو لایەنەکان و خەڵکی کوردستان بە گشتی، بە ھەمان گوڕ و تینی کاتی ڕاپەڕین، بەرگری لە دەسکەوت و مافە ڕەواکانیان بکەن کە بە خوێنی ھەزاران شەھید بەدەست ھاتوون.
ئێمە خەڵکی خۆڕاگری کوردستان دڵنیا دەکەینەوە، کە بە ھەموو شێوەیەک، داکۆکی لە مافە دەستوورییەکانی خۆمان دەکەین و کوردستان وەک نموونەیەکی گەشی پێشکەوتن و ئاوەدانی و بەیەکەوەژیانی ئاشتییانەی گشت پێکھاتەکان دەمێنێتەوە.
شکۆدار بێت ساڵیادی ڕاپەڕینی ئاداری ١٩٩١.
دروود بۆ گیانی پاکی شەھیدانی ڕاپەڕین و گشت شەھیدانی کوردستان.
مەسرور بارزانی
سەرۆکی حکومەتی ھەرێمی کوردستان