شەوی ڕابردوو سەرکردەکانی چوارچێوەی ھەماھەنگیی شیعە، لە بەغداد لە ماڵی عەممار حەکیم، سەرۆکی ڕەوتی حیکمەی نیشتمانی کۆبوونەوە، و تاوتوێی ئەو پەیامەیان کرد کە دوێنێ موقتەدا سەدر ڕێبەری ڕەوتی سەدر ئاراستەی پەرلەمانتارە سەربەخۆکانی کردو داوای لێکردن لە کۆبوونەوەی ڕۆژی شەممەی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق بەشداربن.
لە کۆبوونەوەکەدا سەرکردەکانی چوارچێوەی ھەماھەنگی، جەختیان لە بەردەوامی دانوستانەکان لەگەڵ ھەموو لایەنە سیاسیەکان، بە تایبەت لەگەڵ ڕەوتی سەدر کردەوە، لە پێناو تێپەڕاندنی ئەو چەقبەستنە سیاسیەی لە دوای ھەڵبژاردنەوە لە عێراق دروستبووە.
بایدن ئاماژەی بۆ ئەوە کردووە ، ئەو تۆمەتانەی مۆسکۆ ئاراستەی کیێڤی دەکات لەبارەی ھەبوونی چەکی کیمیایی و بایلۆژی ، دورن لەراستیەوە و تەنھا بیانون بۆ ئەوەی پوتن ئەو جۆرە چەکانە لە ئۆکراین بەکاربھێنێت .
ئەوە لەکاتێکدایە ، وەزارەتی بەرگری ڕووسیا ڕایگەیاندووە ، ئەمریکا بڕی ٣٢ ملیۆن دۆلاری بۆ چالاکییەکانی تاقیگە سەربازییەکانی ئۆکراین لە کیێڤ و ئۆدیسا و خارکۆڤ تەرخان کردوە ، چاودێرانیش بەکارھێنانی چەکی بایلۆژی لە جەنگی نێوان روسیا و ئۆکراین بە دوور نازانن و تەئکید دەکەنەوە ئەو ھەنگاوە کارەساتێکی مرۆیی دروست دەکات کە چارەسەرکردن و کۆنترۆڵکردنی ئەستەم دەبێت .
یەکێتی ئەوروپا ، ستراتیژێکی نوێی بەرگری ھاوبەشی پەسەندکرد کە لە ڕێیەوە ڕێگە بە یەکێتیەکە دەدرێت ھێزێکی سەربازی بۆ وەڵامددانەوەی خێرا پێکبھێنێت ، بە وتەی چەند سەرچاوەیەکی دیبلۆماسیش ، ژمارەی سەربازانی ھێزەکە ٥ ھەزار دەبێت .
ئێدگار ڕینکیفیکس وەزیری دەرەوە لاتیڤیا ڕایگەیاندوە ، ئەو بڕیارە رێگە بۆ یەکێتی ئەوروپا خۆش دەکات بۆ ئەوەی ببێتە یاریزانێکی بەرگری و ئاسایشی راستەقینە لەناوچەکەدا .
دەستەی سنووریی بێلاروس ڕایگەیاند، دوای ئەوەی ٩٨ کۆچبەر لە شاری مینسکەوە گەڕێندرانەوە بۆ ھەولێر، کەمپی کۆچبەرانیان لەسەر سنوورەکانیان لەگەڵ پۆڵەندا داخستووە و کۆتاییان بە کارەکانی ئەو پەناگەیە ھێناوە.
ڕاشیگەیاند، گەڕانەوەی ئەو کۆچبەرانە لە چوارچێوەی پرۆگڕامی ھاوکارییەکانی ڕێکخراوی نێودەوڵەتیی کۆچدا بووە و دوای ئەوە ھاتووە، کە ئەو کۆچبەرانە بێھیوابوون لە چاوەڕوانی.
ڕاشیگەیاند، ئەو کۆچبەرانەی کە ماونەتەوە، لەسەر داوای خۆیان بە شێوەیەکی کاتی دەگوازرێنەوە بۆ ھۆتێلەکان و چاوەڕوانی گەشتی داھاتوون دەکەن، بۆ گەڕاندنەوەیان بۆ وڵاتەکانیان.
ساڵی ڕابردوو ھەزاران کۆچبەر کە زۆریان خەڵکی عێراق و ھەرێمی کوردستان بوون، لە سنوورەکانی بێلاروس کۆبوونەوە و ھەوڵیاندا بگەنە وڵاتانی ئەوروپا، بەڵام بەھۆی ڕێگرییەکانی پۆڵەنداوە بەشێکی زۆریان لە کەمپەکاندا گیریانخوارد و نزیکەی ٤ ھەزاریان گەڕانەوە بۆ عێراق.
خامنەیی ڕاشیگەیاند، سەرەڕای سزاکانی ئەمریکا، توانیوویانە لە بواری نەوت و کێشە ئابوورییەکاندا پێشبکەون.
"کەریم نوری" بریکاری وەزارەتی کۆچ و کۆچبەرانی عێراق ڕایگەیاند، ئەو خێزانانە گەڕێندراونەتەوە پارێزگای "ئەنبار" و پێشتریش ٧٤ خێزانی تریان بۆ ئەو پارێزگایە گەڕاندووەتەوە.
وتیشی، عێراق سەرکەوتوو بووە لە پێکھێنانی لیژنەیەکی حکومی ئەمنی بۆ پرسی عێراقییەکانی ناو کەمپی ھۆلی سوریا، لە ماوەی ڕابردووشدا ٤٥٣ خێزانیان لەو کەمپەوە گەڕاندووەتەوە کەمپی "جەدعە" لە پارێزگای "نەینەوا"، کە ھیچ مەترسییەکی ئەمنییان لەسەر نییە.
"کەریم نوری" ئاماژەی بەوەش کرد، کۆمەڵی نێودەوڵەتی ستایشی عێراق دەکات لە سەرکەوتنی بۆ گەڕانەوەی خێزانەکانی ناو کەمپی ھۆل.
وتیشی، پڕۆگرامێکی چڕ ھەیە بە ھەماھەنگی ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکان بۆ گەڕانەوەی ئەندامانی ئەو خێزانانە بۆ ناو کۆمەڵگە. بە پێی ئامارەکان، نزیکەی ٣٠ ھەزار عێراقی لە کەمپی ھۆلن، زۆرینەیان ژن و منداڵ و بە تەمەنن.
"تاتیانا موسکالکۆڤا" کۆمسیاری مافەکانی مرۆڤی ڕووسیا ڕایگەیاندووە، مۆسکۆ ناوی ٥٠٠ سەربازی ئۆکرانی ناردووە بۆ لیژنەی خاچی سوری نێودەوڵەتی کە بارمتەن لای ڕووسیا.
ڕاشیگەیاندووە، وڵاتەکەی ئامادەیە ئەو سەربازە ئۆکرانیانە ئاڵوگۆر بکات لەگەڵ ئەو سەربازە ڕووسیانەی لە چوار ھەفتەی ڕابردوودا لای ئۆکراین وەک بارمتە دەستبەسەر کراون.
ھەروەھا ئاشکرایکردووە، ھەر سەربازێکی ئۆکرانی لای ڕووسیا وەک بارمتە دەستبەسەر دەکرێت، بە دەستوخەتی خۆی لەسەر کارتێکی تایبەت دەنوسێت بۆ ئەوەی دڵنیایی بدات لەوەی کە لە ژیاندا ماوە و دواتر کارتەکە ڕەوانەی خاچی سوور دەکرێت.
"ئەحمەد عەبادی" ڕایگەیاند، ئێران ھەناردەی غازی بۆ بەرھەمھێنانی کارەبا لە ٨ ملیۆن مەتر سێجاوە بۆ ٢٠ ملیۆن بەرز کردووەتەوە، بەڵام ھێشتا ئەو بڕە بۆ پڕکردنەوەی پێداویستی کارەبای وڵاتەکە کەمە، چونکە عێراق پێویستی بە ٤٥ ملیۆن مەتر سێجا غاز ھەیە و لە وەرزی ھاویندا پێویستییەکە بۆ ٧٠ ملیۆن بەرز دەبێتەوە.
وتەبێژی وەزارەتی کارەبای عێراق وتیشی، عێراق ئامادەیە بۆ دانەوەی تەواوی شایستەکانی پێشووی بە ئێران و دانوستانەکانیش لەو بارەیەوە بەردەوامە.
وتیشی، لەگەڵ "قەتەر"یش دانوستانیان ھەیە بۆ ھاوردەکردنی غاز بە بڕی ١.٥ ملیۆن تۆن بۆ پڕکردنەوەی ئەو پێویستییەی غاز کە عێراق دەیەوێت بۆ بەرھەمھێنانی کارەبا.
ھەواڵگری ئەمریکا ئەوەی ئاشکراکردوە ئەو مووشەکانەی ڕووسیا ئاراستەی ئۆکراینی دەکات سیستەمی بەرگری ئۆکراین بە ھەڵەدا دەبەن. ھەر یەکێک لەم موشەکە ساختانە چەند پرۆگرامێک لە خۆ دەگرن بۆ تێکدان و وەستاندنی ئەو ڕادارانەی کە دەیانەوێت موشەکی ئیسکەندەر بدۆزنەوە و سەرچاوەیەکی گەرمییان تێدایە کە سیستەمی بەرگری ئۆکراین بەلای خۆیاندا ڕادەکێشن. پاش گەیشتن و سەرقاڵکردنی سیستەمی بەرگری ئۆکراین بە موشەکە ساختەکانەوە، موشەکە ڕاستەقینەکان دەگەنە ئامانجی خۆیان.
بە گوێرەی ھەواڵگری ئەمریکا ئەم موشەکە ساختانە نزیکەی نیو مەتر درێژن و کلکێکی پرتەقاڵیان ھەیە. ئەم موشەکانە لەگەڵ موشەکی ئیسکەندەر-ئێمدا بەردەبنەوە و سیستەمی بەرگری ئۆکراین سەقاڵ دەکەن و بەم شێوەیەش موشەکە ڕاستەقینەکان دەگەنە ئامانجی خۆیان.
ھەرچەندە ڕووسیا ئەم جۆرە چەکە نوێیانە لە ئۆکراین بەکار دەھێنێت و ھێزێکی زەبەلاحی ئاسمانی لە بەرامبەر ھێزە ئاسمانیە بچوکەی ئۆکرانیادا ھەیە بەڵام تا ئێستا سوپای ڕووسیا نەیتوانیوە ئاسمانی ئۆکراین کۆنترۆڵ بکات. بەمەش ڕوسیا نەیتوانیوە ھیچ ناوچەیەکیتری ئۆکراین داگیر بکات و بەرەو پێشەوە بچێت.
"بەیار محێدین" لێپرسراوی راگەیاندنی بەڕێوەبەرایەتی بەرگری شارستانی سۆران بە کوردسات نیوزی راگەیاند، سەعات ٢:١٣ دوانیوەڕۆی ئەمڕۆ ئاگاردارکرانەوە لە کەوتنەوەی ئاگر لە ماڵێکی گەڕەکی بەختیاری سۆران، دواتر تیمەکانی بەرگری شارستانی ئاگرەکەیان کۆنترۆڵ کرد و دەرکەوت دوو منداڵی تەمەن سێ ساڵ کە ئامۆزازای یەکترن لە ناو ماڵەکەدا بوون و بەھۆی ئاگرەکە سوتاون و گیانیان لەدەستداوە.
لەبارەی چۆنییەتی رووداوەکە وتی، خاوەن ماڵەکە سۆپایان لای پەردەی پەنجەرە داناوە، بەھۆیەوە پەردەکە ئاگری گرتووە دواتر بەھۆی ئەوەی خانووەکە گڵ بووە ئاگرەکە زوو تەشەنەی کردووە.
سەرۆکی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی لە چاوپێکەوتنێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، یاداشتێک لە لایەن چەند ئەندامێکی ئەنجومەنەوە ئاڕاستەی سەرۆکایەتی ئەنجومەن کراوە بۆ چارەسەرکردنی ئەو بڕە داھاتانەی دێتەوە بانکەکانی سلێمانی، و ڕێکخستنەوەی سیستمی پێدانی موچە بەتایبەت موچەی خانەنشینان، وتیشی، لە دوای پشووەکانی نەورۆز بە پێی یاسای ژمارە ٣ی ساڵی ٢٠٠٩ ھەموو دەسەڵاتەکانیان دەخەنە کار، بۆ چاککردنی سیستمی دابەشکردنی مووچە.
سەبارەت بە داھاتی سلێمانی، ئازاد محەمەد ئاشکرایکرد، سەرۆکی لیژنەی دارایی بە بەڵگە و ھەموو ئەو دەنگۆیانی ڕەتکردووەتەوە کە گوایە داھاتی سلێمانی ناگەڕێتەوە، بەپێچەوانەوە پارە لە ھەولێرەوە نایەت بۆ سلێمانی ، ھەموو ئەو پارانەشی لە سلێمانی و ھەڵەبجە و ڕاپەڕینە حکومەتی ھەرێم خۆی بڕەکەی دیاریکردووە دەگەرێتەوە بۆ وەزارەتی دارایی.
ئازاد محەمەد وتیشی، بەپێی ئامارە رەسمییەکان لە یانزە مانگی ساڵی ٢٠٢١ ترلیۆنێک و ١٠٧ ملیار دینار لە سلێمانی تەرخانکراوە بۆ موچە، بەو جۆرەش مانگانە بڕی ١٠٠ ملیار دینار لە بانکی سلێمانیەوە نێردراوە بۆ موچە کە ئەوەش زیاترە لەو ٧٣ ملیار دینارەی داواکراوە لە داھاتی سلێمانی بۆ مووچە دابین بکرێت.