چوارچێوەی ھەماھەنگی لە راگەیەندراوێکدا داوای کردوە ھاوبەشە سیاسییەکان لە پرۆسەی سیاسیدا بە گیانی نیشتمانیەوە مامەڵە بکەن و بەرژوەندی نیشتمان بخەنە پێشەوە و دوری بخەنەوە لە ھەر ھەنگاوێک کە سەقامگیرییەکەی تێکدەدات، ھەروەھا ئاماژە بۆ ئەوە کراوە کە فشارێکی زۆر ھەیە بۆ ئەوەی رۆژی ٢٦ ی مانگ کۆبوونەوەی ئەنجومەنی نوێنەران بە بێ مەرجەکان بەرێوەبچێت، بەڵام چوارچێوەی ھەماھەنگی دوپاتیدەکاتەوە کە بەھۆی تەواو نەبونی نیسابی یاسایی، کۆبونەوەکە بەرێوەناچێت.
ئاماژە بۆ ئەوەشکراوە، کە لەماوەی رابردوودا چوارچێوەی ھەماھەنگی کاری کردوە بۆ رێکخستنی نێو ماڵی شیعە و کۆکردنەوەی لایەنەکان، بەردەوامیش دەبێت لە دانوستانەکانی لەگەڵ لایەنەکانی تر بۆ یەکخستنی بیر و دروستکردنی لێکتێگەیشتن لە نێوانیاندا .
نوری مالکی سەرۆکی ھاوپەیمانی دەوڵەتی یاساش کە ھاوپەیمانیەکەی بەشێکە لە چوارچێوەی ھەماھەنگی شیعەکان دەڵێت ، چوارچێوەی ھەماھەنگی خاوەنی بڕیاری ھەڵبژاردنی سەرۆک کۆمارە. مالکی لە دیدارێکی تەلەفزیۆنیدا ئاماژەی بۆ ئەوە کردوە، کە ئەستەمە ھاوپەیمانی سێ لایەنەکە بتوانن ٢٢٠ پەرلەمانتار لە ئەنجومەنی نوێنەران کۆبکەنەوە.
جەختیشیکردەوە، یەکێک لە لایەنەکانی ناو ھاوپەیمانی سێ لایەنەکە دەیەوێت بەشێک لە شیعە و کورد و سوننە دووربخاتەوە.
مالکی باسی لەوەشکردوە، ئەگەر دانیشتنی شەممەی داھاتوو بەڕێوە نەچێت، ئەوا ھاوپەیمانی سێ لایەنییەکە ناچار دەبێت گفتوگۆ بکات لەگەڵ چوارچێوەی ھەماھەنگی، بە مەبەستی لێکتێگەیشتن.
ھاوپەیمانی فەتحیش کە ھاوکات بەشێکە لە چوارچێوەی ھەماھەنگی پەیامێکی ئاراستەی پەرلەمانتارە سەربەخۆکان کردووە و مەحمود حەیالی ئەندامی ھاوپەیمانیەکە رایگەیاندووە ، سێ ھاوپەیمانەکە لەگەڵ پەرلەمانتارە سەربەخۆکان رێک ناکەون ، بەڵکو تەنھا دەنگەکانیان بەکاردەھێنن بۆ بەرژوەندی خۆیان و دواتر دوریان دەخەنەوە ، ھەروەک چۆن پێشتر لەگەڵ ھاوپەیمانی عەزم و تەقەدوم ھەمان ھەڵوێستیان ھەبوو . ھەروەھا ئاماژەی بۆ ئەوە کردووە کە یەکێک لە لایەنەکان دەیەوێت لە رێی کڕینی دەنگی ژمارەیەک پەرلەمانتارەوە پۆستی سەرۆک کۆمار بەدەستبھێنێت ، بۆیە پێویستە لایەنە پەیوەندیدارەکان بەزوترین کات رێگری لەو پێشێلکارییە بکەن .
فراکسیۆنی ئیمتیدادیش لە راگەیەندراوێکدا بڵاویکردۆتەوە ، تا رۆژی کۆبونەوەکەی ٢٦ ی مانگی ئەنجومەنی نوێنەران ، ھەموو بژاردەکان کراوەن و بەرژوەندی جەماوەرەکەیان ئامانجی سەرەکییان دەبێت .
چاودێرانی سیاسی دەڵێن کاندیدکردنی جەعفەر سەدر لەلایەن موقتەدا سەدرەوە، ھەنگاوێکی زیرەکانەیە، چونکە لەلایەن زۆرینەی لایەنە سیاسییەکان و پەرلەمانتارە سەربەخۆکانیشەوە کەسایەتیەکی سیاسی قبوڵکراوە و تەنانەت لایەنەکانی چوارچێوەی ھەماھەنگی شیعەکانیش ھیچ ھەڵوێستێکیان لە دژی نیە و لە دواین دانوستانەکانیان لەگەڵ سەدر دژایەتی کاندیدکردنی جەعفەر سەدریان نەکردووە، ھەربۆیە چانسێکی گەورەی ھەیە بۆ ئەوەی ببێتە سەرۆک وەزیرانی داھاتووی عێراق.
جەعفەر سەدر کوڕی محەمەد باقر سەدر دامەزرێنەری حزبی دەعوەی ئیسلامی و مەرجەعی شیعەکانە کە لە ساڵی ١٩٨٠ لەگەڵ براکەی لەلایەن رژێمی بەعسەوە لەسێدارە دراوە، ھەروەھا ئامۆزای موقتەدا سەدری رابەری رەوتی سەدرە کە براوەی ھەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراقە و خاوەنی زۆرینەی کورسییەکانی ئەنجومەنی نوێنەرانە.
جەعفەر سەدر لە ساڵی١٩٧٠ لە شاری نەجەف لەدایکبووە و بڕوانامەی ماستەری ھەیە لە بواری زانستی کۆمەڵناسی، پێشتریش بروانامەی لە توێژینەوە ئاینییەکان وەرگرتوە لە قومی ئێران و نەجەف لە ساڵەکانی ١٩٩٥ و ٢٠٠٧.
جەعفەر سەدر لە ساڵی ٢٠٠٩ بووەتە راوێژکاری سەرۆک کۆماری عێراق و لە ٢٠١٠ دا بووەتە ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەران و چەند پۆستێکی تری باڵاشی وەرگرتوە، ھەروەھا نوێنەری ھەمیشەیی عێراق بووە لە رێکخراوی دەریاوانی نێودەوڵەتی و لە وەزارەتی دەرەوەی عێراق بووەتە سەرۆکی فەرمانگەی رێکخراو و کۆنگرە نێودەوڵەتیەکان، ھەروەھا لە ساڵی ٢٠١٩ ەوە باڵیۆزی عێراقە لە بەریتانیا .
لەگەڵ ئەوەشدا بەشێک لە چاودێران رەخنە لە ھەندێک لایەنی جەعفەر سەدر دەگرن و دەڵێن کەسێکی کەمدووی داخراوە و بڕوانامەکانیشی پەیوەندییان بە ئیدارەی دەوڵەت نییە، جگەلەوەش خاوەنی ھیچ گروپێکی چەکدار نیە و پەیوەندیشی لەگەڵ چواردەوری موقتەدا سەدر باش نیە، ئاماژە بەوەشدەکەن، وەرگرتنی پۆستی سەرۆک وەزیران لەلایەن جەعفەر سەدرەوە ئەرکێکی قورس و گەورەیە لە عێراقی پڕ لە کێشەداو لە حاڵەتی شکستھێنانی زیانێکی گەورە بە ناوبانگی بنەماڵەکەی دەگەیەنێت.
شاری ماریۆپۆڵ کۆتا گەورە شاری باشوری ئۆکراینە و بە گرتنی ئەو شارە لەلایەن ڕووسەکانەوە، ڕووسیا کۆنترۆڵی خۆی لەو ھەرێمانەدا بەھێز تر دەکات و چیتر سوپای ئۆکراین ناتوانن لە رۆژھەڵاتی ڕووباری دەنیپەرەوە چالاکی بکەن.
شاری ماریۆپۆل لە سەرەتای جەنگی ئۆکراینەوە لە ٢٤ی مانگی دووی ئەم ساڵەوە لە لایەن ڕووسیاوە ئابڵۆقە دراوە، ئابڵۆقەدانی ئەم شارە بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کەوا سوپای ڕووسیا نەیتوانیوە ئەم شارە لە ڕێگەی جەنگەوە کۆنترۆڵ بکات و دەیەوێت لە ڕێگەی ناچار کردنی خەڵکەکەی و برسی کردنیانەوە شارەکە چۆڵ بکەن، بەمەش ڕووسیا ھەنگاوێک نزیکتر دەبێتەوە لە گرتنی کیێڤ و تەواوی ئۆکراین و لە دانوستانەکاندا داواکانی زیاتر دەکات.
لە سەرەتای ئابلۆقەی شارەکەوە ڕووسیا بە چڕی بۆمبارانی شارەکەی کردوە و سەخترین شەر لە جەنگی ئۆکرایندا لەو شارەدایە و دەکرێت بە ستالینگرادی ئۆکراین ناوی ببەین.
ڕووسەکان ھەر لە سەرەتای جەنگەکەوە چاویان لە گرتنی شاری ماریۆپۆل بووە، چونکە بە گرتنی ئەم شارە دەتوانن ناوچەکانی کریمیا و دۆنباس بە یەکەوە ببستنەوە و ڕێڕەوێکی پارێزراو بۆ ناو ڕوسیا دروست بکەن، لەم ڕێگەیەوە جڵەوی خۆیان بەسەر ئەو ناوچانەدا بە تەواوەتی بچەسپێنن. لە ئێستادا سوپای ڕووسیا زۆرینەی ناوچەکانی ئۆکراینی لەسەر دەریای ڕەش کۆنترۆڵ کردوە و شاری ماریۆپۆل تاکە ناوچەیە کە مابێتەوە، بە گرتنی ماریۆپۆڵ ئۆکراین لە دەریا دادەبڕێت و ڕووسیا ھێزەکانی کۆ دەکاتەوە بۆ ئەوەی تەنھا لە یەک قۆڵەوە ھێرش بکەن و ھێرشەکانیان لەسەر شاری کیێڤ چڕ بکەنەوە.
چەند ڕۆژێک لەمەوبەر ڕووسەکان بروسکەیەکیان دایە شاری ماریۆپۆڵ و داوایان کرد خۆیان بەدەستەوە بدەن. ھەرچەندە ھێزەکانی ڕووسیا چەند جارێک لە ھێزی ئۆکراین زیاترن لە شاری ماریۆپۆڵ، بەڵام ئۆکراینیەکان ئەم بروسکەی ڕووسیایان ڕەتکردەوە.
چارەنوسی شاری ماریۆپۆڵ دەکرێت چارەنوسی ھاوسەنگی جەنگی ئۆکراین بگۆڕێت، ئەگەر ئۆکراینیەکان بتوانن ئابڵۆقەی ڕووسەکان بشکێنن ئەوا ئۆکراین دەتوانێت نزیکتر ببێتەوە لەوەی ھێزەکانی ڕوسیا لە زۆرینەوەی ناوچەکانی ئۆکراین دەر بکات.
ئەوانەی کە سزاکان دەیانگرێتەوە بریتین لە دۆست و کەسە نزیکەکانی ڤلادمیر پوتن. وەک دیمیتری پێسکۆڤ کە سکرتێری ڕۆژنامەوانی پوتنە، نیکۆلای تۆکارێڤی سەرۆکی ترانسنەفت و ئیگۆر سێچین، سەرۆکی ڕووسنەفت لەو کەسانەن کە سزا دراون.
دەسەڵاتدارانی فەڕەنسا دەستیان بەسەر یەختێکی ٥٠٠ ملیۆن دۆلاری "ئیگۆر سەچینیان"دا گرت، و ئەڵمانیاش دەستی بەسەر یەختێکی "ئەلیشەر ئۆسمانۆڤیان"دا گرت کە نرخەکەی دەگاتە نزیکەی ٧٥٠ ملیۆن دۆلاری ئەمریکی، بەهۆی ئەوەی ناوبراو ملیاردێرە و هاوەڵی نزیکی ڤلادمیر پوتنە.
ھەرچەندە لە ساڵی ٢٠١٤دا ئەم جۆرە سزایانە دژی ڕووسیا بەکارھێنران بەڵام ڕووسیا لە داگیرکردنی نیمچە دوورگەی کرایمیا و ھەرێمەکانی دۆنێسک و دۆنباس پاشگەزنەبوویەوە.
لە ڕاگەیەندراوێکدا چوارچێوەی ھەماھەنگی شیعەکان ئاشکرایانکردووە، سێ یەکی مسۆگەریان ھەیە بۆ پەکخستنی ھەر ھەوڵێک زیان بە گەلی عێراق بگەیەنێت.
لە ڕاگەیەندراوەکەدا جەختدەکەنەوە لەوەی نابێت ھیچ کەسێک پۆست وەربگرێت، کە باوەڕی بە یەکگرتووی و سەربەخۆیی عێراق نەبێت، ھاوکات ئامادەیی خۆشیان بۆ ڕێککەوتن ڕاگەیاندووە.
لای خۆشییەوە قەیس خەزعەلی سەرۆکی بزووتنەوەی عەسائیبی ئەھلی حەق لە تویتێکدا ڕایگەیاندووە، پڕوپاگەندەکان دەڕەوێتەوە و سێ یەکی پەرلەمان مسۆگەرە دڵنیاکەرەوەیە.
پاش سەردانەکەی بایدن بۆ ئەوروپا، کۆشکی سپی ڕایگەیاند کەوا ئەمریکا ھەموو ڕێکارە یاساییەکان بەکاردەھێنێت بۆ وەرگرتنی ئەو ئاوارانەی ئۆکراین کە دەیانەوێتە بێنە ئەمریکا.
کۆشکی سپی ڕاشیگەیاندووە، کە پێشبینی دەکەن ئۆکراینیەکان لە ئەوروپا لە نزیک کەسوکاریان بمێننەوە بەڵام ئەوان ئەرکی خۆیان بۆ وەرگرتنی ئۆکراینیەکان بەجێدێنن.
سکرتێری ناتۆ وتووشیەتی کە ئەو ھێزە بەسەر وڵاتانی سلۆڤاکیا و ھەنگاریا و بولگاریا و ڕۆمانیادا دابەش دەکرێن.
ناتۆ ئاسایشی ئەلیکترۆنی خۆیشی بەھێزتر دەکات و ھاریکاری ئۆکراین دەکات خۆی بپارێزێت لە ھێرشی بایۆلۆژی و کیمیایی و تیشکی و ناوەکی.
خەرجکردنی پاڵپشتی دارایی بۆ خوێندکارانی زانکۆ و پەیمانگاکان، دوای کۆبوونەوەکانی بافڵ جەلال تاڵەبانی و نوێنەری زانکۆ و پەیمانگاکان بوو کە بۆ ماوەی چەندین سەعات گفتوگۆیان کرد و بافڵ جەلال تاڵەبانی بەڵێندا کە بەردەوام پاڵپشتیان دەکات بۆ بەدەستھێنانی مافە ڕەواکانیان و لەسەر ئەرکی یەکێتیش نۆژەنکردنەوەی و پێداویستییەکانی بەشە ناوخۆییەکانی زانکۆ و پەیمانگاکانی جێبەجێ کرد.
عەلا جبوری وەزیری بازرگانی عێراق لە ڕاگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە، لە ڕۆژی یەکشەممەی داھاتووەوە بەشە خۆراک بەسەر بریکارەکاندا دابەش دەکرێت بۆ ئەوەی بیدەنە ھاووڵاتیان.
ئاشکراشیکرد، سەبەتەی خۆراکی بۆ ھەر کەسێک، پێکھاتووە لە سێ کیلۆ برنج، کیلۆیەک شەکر، نیو کیکۆ نیسک، نیو کیکۆ فاسۆلیا، لیترێک زەیت و ٤٠٠ گرام دۆشاوی تەماتە.
ئەوەش لە کاتێکدایە حکومەتی عێراق ڕایگەیاند بۆ مانگی ڕەمەزان دوو جار خۆراک بەسەر ھاووڵاتیاندا دابەش دەکەن.
مالکی جەختیشیکردەوە، تا ئێستاش بەھۆی دەستوەردانە دەرەکییەکانەوە، کە لە خراپترین حاڵەتیدایە، ڕەوشی سیاسی لە وڵاتدا گیرۆدەی چەقبەستووی سیاسی بووە.
داواشی لە سەرجەم وڵاتان کرد، دوورکەونەوە لە دەستوەردان لە کاروباری ناوخۆیی عێراق و ڕۆڵی ئەرێنیان ھەبێت لە پەیوەندیی نێوان پێکھاتەکانی عێراق.
ئەو وتانەی مالکی لە کاتێکدایە، ھەر یەکە لە ھاوپەیمانی ڕزگاری نیشتیمان و چوارچێوەی ھەماھەنگی خۆیان بە گەورەترین کوتلەی پەرلەمانی دەزانن، کە دوای ھەڵبژاردنی سەرۆک کۆمار، بتوانن کابینەی نوێی حکومەت پێکبھێنن.
ئارمان وەتەندوست، جێگری بەڕێوەبەری میراتی کلتوری و گەشتیاری و کارە دەستییەکانی پارێزگای سنە ڕایگەیاند، لە ماوەی شەش ڕۆژی ڕابردوودا ٩ ھەزار و ٥٤٦ گەشتیار لە دەروازە سنوورییەکانی باشماخ و سەیرانبەندەوە گەشتیان بۆ پارێزگای سلێمانی کردووە.
ئاماژەی بەوەشکرد، ھەر لەو ماوەیەدا ھەشت ھەزار و ٥١٧ گەشتیاری ئێرانی و بیانی لە باشماخ و سەیرانبەندەوە چوونەتە شارەکانی پارێزگای سنە کە ژمارەکە بەراورد بە ساڵی ڕابردوو، ١٧٥٪ زیادیکردووە.
زەیدی لە تویتێکدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتی تویتەر ڕایگەیاند، ھاوکێشەی سیاسی ئاڵۆزە و لێکدانەوەکان زۆر کورتبینانەیە و ناکۆکییە شەخسییەکان باڵی کێشاوە بەسەر ڕەوشی سیاسیدا.
ئاماژەی بەوەشکردووە، پێشکەشکردنی ناوی جەعفەر سەدر بەو شێوەیە و لەم کاتەدا، وەک ئەوە وایە بخرێتە ناو کێڵگەیەکی مینەوە، ڕازیبوونیش بە کاندیدکردنی وەک خۆکوشتنی سیاسی وایە.
شبل زەیدی باسی لەوەشکردووە، ئەو زۆرینەیە کە جەختی لێدەکرێتەوە، حکومەتێکی ئەوتۆی لێ دەکەوێتەوە کە مەترسی شکست و کەوتنی بە پەلەی لەسەرە.
سەبارەت بە سوننەکانیش زەیدی وتوویەتی، سەرکردایەتی سوننەکان لە دۆخێکدایە کەس ئاواتیان پێ ناخوازێت، بۆیە پێویستە ھەڵوێستی ڕوونیان ھەبێت لە بنیاتنانی عێراق.
تەیمور حسێنی جێگری سەرۆکی پۆلیسی ھاتووچۆی ئێران ڕایگەیاند، لە ١٧ی ئەم مانگەوە، ٣٢٢ کەس لە سەرتاسەری ئێران بە ڕووداوی ھاتووچۆ گیانیان لە دەستداوە کە زۆربەی ڕووداوەکان لەسەر شەقامەکانی دەرەوەی شار بوون. ئاماژەی بەوەشکرد، نیوەی ڕووداوەکانی ھاتووچۆ لە سەعات ١٢ی نیوەڕۆ بۆ ٨ی ئێوارە ڕوویانداوە.
جێگری سەرۆکی پۆلیسی ھاتووچۆی ئێران ڕاشیگەیاند، ھاتووچۆی ئۆتۆمبێل لە ڕێگەی نێوان شارەکان لە ڕۆژانی پشووی نەورۆزدا، بەراورد بە ساڵی ڕابردوو ٤١٪ زیادیکردووە.
دوای ئەوەی حکومەتی عێڕاق بڕیاریداوە بەوەی کۆمپانیانی کار وەبەرھێنان بکات لە وێستگەی کەنداوی بەسڕە، بەڵام کارمەندانی ئەو وێستگەیە گردبوونەوە و ناڕەزاییان دەربڕی و ڕایانگەیاند، ئەوان لەو وێستگەی کارەبایە بە شێوەیەکی گرێبەست کاری خۆیان کردووە و بژێوی ژیانیان پەیداکردووە، بەڵام ئێستا کۆمپانیای کار ھاتووە بەھۆیەوە ئەوان دەگوازرێنەوە بۆ ناوچەکانی تری عێراق.
ئەو کارمەندانە ھۆشداریی دەدەنە حکومەتی عێراق و حکومەتی خۆجێی بەسڕە و وەزارەتی کارەبا کە ڕێگەنادەن بە ھیچ شێوەیەک ئەو کارە سەر بگرێت و بەردەوام دەبن لە خۆپیشاندان و ڕێگە نادەن کارمەندانی ئەو وێستگەیە بچنە سەر کارەکانیان.