ئیبراھیم کاڵن لە وتەیەکدا لە کۆڕبەندی نێودەوڵەتی دەوحەی پایتەختی قەتەر ڕایگەیاند، ھیچ گومانی تێدا نییە پێویستە کۆمەک بە ئۆکرایینەکان بکرێت، بۆ ئەوەی بتوانن بەرگری لە خۆیان بکەن، بەڵام پێویستە دەرگای گفتوگۆکانیش لەگەڵ ڕووسیا کراوە بن.
وتیشی، پێویستە گوێ لە بەڵگە و بەھانەکانی ڕووسیا بگیرێت، سەبارەت بەئاسایشی وڵاتەکەی، چونکە ئەگەر ھەموو لایەک پردەکانی پەیوەندی لەگەڵ ڕووسیا تێکبدەن، ئەو کاتە چۆن دەتوانرێت پەیوەندیی بە مۆسکۆوە بکرێت.
ئەوەش لە کاتێکدا، تا ئێستا چەند جارێک تورکیا ھەوڵی ناوبژیوانی داوە لە نێوان ڕووسیا و ئۆکراین، بەمەبەستی کۆتایی ھێنان بە ھێرش و ڕوبەڕوبوونەوەکانی ھەردوو وڵات، بەڵام تا ئێستا ھەوڵەکان سەرکەوتوو نەبوون.
جەعفەر سەعیدی بەڕێوەبەری مانگی سوری تکاب لە پارێزگای ورمێ رایگەیاند، بەھۆی ئەو شەپۆلە بەفربارین و سەرمایەی رووی لە ناوچەکە کردووە، ئاستەنگی ھاتووچۆ لە رێگەی نێوان تکاب–شاھین دژ دروستبووە، ئاماژەی بەوەشکرد، تیمەکانیان توانیویانە ٢٦ ئۆتۆمبێل کە ھەڵگری ٥٦ گەشتیار بوون و بەبۆنەی پشووی نەورۆز روویان لە ناوچەکە کردبوو، لە رێگەکە رزگار بکەن.
بەڕێوەبەری گشتیی کۆمەڵەی مانگی سوری کرماشانیش رایگەیاند، رۆژی ھەینی ژمارەیەک شاخەوان لە بەرزاییەکانی شاھۆ لە نزیک شاری روانسەر بێسەروشوێن بوون، بەڵام دوای چەند سەعاتێک و بەھەوڵی تیمەکانی مانگی سوری روانسەر دۆزراونەتەوە و رزگار کراون.
ماتیڵدا بوگنەر سەرۆکی تیمی چاودێرانی مافی مرۆڤی سەر بە رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان لە ئۆکراین رایگەیاند، تائێستا لانیکەم ھەزار و ٨٠ مەدەنی بەھۆی ھێرشەکانی روسیا لە ئۆکراین کوژراون، ئاماژەی بەوەشکرد، بەھۆی بۆردومان و تۆپبارانە بەردەوامەکانی سوپای روسیا بۆ سەر شاری ماریۆپۆڵ، پەیوەندییان لەگەڵ دانیشتووانی ئەو شارە پچڕاوە و پێشبینیش دەکەن، ئاماری کوژراوان لەو شارە زۆر لەوە زیاتر بێت کە بڵاودەکرێتەوە.
بوگنەر راشیگەیاند، بە پێی ئەو وێنانەی لەرێی مانگە دەستکردەکانەوە دەستیان کەوتووە، چەندین گۆڕی بەکۆمەڵ لە ماریۆپۆڵ ھەن کە لە یەکێکیاندا ٢٠٠ تەرم ھەیە.
نیکۆلاس دی ریڤێر نوێنەری ھەمیشەیی فەڕەنسا لە ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی لە کۆبوونەوەیەکی ئەنجومەنەکەدا رایگەیاند، کۆریای باکور بەدەوامە لە پێشێلکردنی یاسا نێودەوڵەتییەکان و ھەموو رێگەیەکیشی گرتووەتەبەر بۆ پەرەپێدانی بەرنامە موشەکی و ئەتۆمییەکەی، بەھیچ شێوەیەکیش گوێ لەو داواکارییانە ناگرێت کە ئاراستەی دەکرێن بە مەبەستی راگرتنی بەرنامە ئەتۆمییەکەی.
نوێنەرەکەی فەڕەنسا داواشی لە ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی کرد سیستمی سزاکانی سەر کۆریای باکور نوێ بکاتەوە و سزای تریشی بەسەردا بسەپێنێت، لە بەرامبەریشدا ھەر لەو کۆبوونەوەیەی ئەنجومەنی ئاسایشدا روسیا ھۆشداری دا لە کاراکردنەوەی سزاکانی سەر کۆریای باکور و رایگەیاند، بەھەموو شێوەیەک لە دژی دەوەستنەوە.
دیمتری میدڤیدڤ، ئەندامی ئەنجومەنی ئاسایشی روسیا رایگەیاند، ئەو شەڕە ئابوورییە نایاساییەی وڵاتانی خۆرئاوا دژی روسیا بەرپایان کردووە، تەواوی ئابووریی جیھان لەناودەبات.
راشیگەیاند، لە خۆرئاوا سامانی دامەزراوە داراییەکان و تەنانەت بانکی ناوەندیش بلۆک دەکرێن و باس لە دەستبەسەرداگرتنی ئەو سامانانە دەکەن، کە بە دڵنیاییەوە ئەوە جەنگێکە بەبێ ھیچ یاسایەک و ئەنجامەکەشی تێکشکانی پێکھاتەی تەواوی ئابووریی جیھانی دەبێت.
لە دوای ھێرشی روسیا بۆ سەر ئۆکراین لە ٢٤ی مانگی شوباتی رابردوو، ئەمریکا و وڵاتانی خۆرئاوا کۆمەڵێک سزای ئابوورییان بەسەر روسیادا سەپاند، لەوانە دەرکردنی بانکەکانی روسیا لە سیستمی دارایی سوێفت و بلکۆککردنی پارەکانی روسیا لە بانکەکانی ئەمریکا و ئەوروپا.
بەرپرسێک لە وەزارەتی بەرگریی ئەمریکا، بە میدیای وڵاتەکەی راگەیاند، یەکەم کاروانی ھاوکارییە سەربازییەکانیان، گەیشتووەتە ناوچەکە و ھەندێکیان رەوانەی ئۆکراین کراون، راشیگەیاند، چاوەڕوان دەکرێت لە سێ رۆژی داھاتوودا سێ گەشتی تری ئاسمانی بگاتە ناوچەکە، چونکە ناردنی پێداویستییە سەربازییەکان بۆ ئۆکراین درێژە دەکێشێت، بارەکانیش دەگەیەندرێنە وڵاتانی دراوسێی ئۆکراین و دواتر بە کاروانی سەربازیی دەگوازرێنەوە بۆ ئەو وڵاتە.
١٦ی ئەم مانگە جۆ بایدن سەرۆکی ئەمریکا، پێشکەشکردنی ھاوکاریی سەربازیی بۆ ئۆکراین بە بڕی ٨٠٠ ملیۆن دۆلار راگەیاند، ھاوکارییەکانیش پێکھاتوون لە چەک و پێداویستیی سەربازیی وەک مووشەکی دژە تانک و مووشەکی بەرگریی ئاسمانی.
لێپرسراوێکی ئەمریکی بە میدیای وڵاتەکەی راگەیاندوە، وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا کۆبوونەوەیەکی چاوەڕوانکراوی لەگەڵ بزووتنەوەی تاڵیبان ھەڵوەشاندووەتەوە، کە بڕیاربوو لە پەراوێزی کۆڕبەندنی دەوحە لە قەتەر ئەنجام بدرێت.
ئەو لێپرسراوەی ئەمریکا، ھۆکاری ھەڵوەشاندنەوەی کۆبوونەوەکەی لەگەڵ تاڵیبان، بۆ داخستنی خوێندنگە ئامادەییەکانی کچان لە ئەفغانستان گەڕاندەوە، کە رۆژی چوار شەممەی رابردوو، ھەزاران کچ لە ئەفغانستان، بۆ دەستپێکردنی ساڵی نوێی خوێندن گەڕانەوە بۆ ناوەندەکانی خوێندن، بەڵام وەزارەتی پەروردە لە حکومەتەکەی تاڵیبان، داخستنی خوێندنگە ئامادەییەکانی کچانی راگەیاند.
مانگی ئابی ساڵی رابردوو، دوای کۆنتڕۆڵکردنەوەی ئەفغانستان، بزووتنەوەی تاڵیبان بەڵێنیدا رێگری نەکات لە خوێندنی کچان و خوێندنگەکانی کچان بکاتەوە.
راوێژکاری ئاسایشی نەتەوەیی عێراق رایگەیاندوە، ١٢٧ کەس لە کەسوکاری تیرۆریستانی داعش لە کەمپی جەدعە لە سنووری پارێزگای نەینەوا، گەڕێندرانەوە بۆ زێدی خۆیان لە پارێزگاکانی کەرکوک و ئەنبار و نەینەوا و دیالە و بەغداد.
ئاماژەی بۆ ئەوەشکردوە، گەڕاندنەوەی ئەو کەسانە بە ھاوکاری وەزارەتی کۆچ و کۆچبەرانی عێراق بووە، بە ھەماھەنگی لەگەڵ فەرماندەیی پرۆسە ھاوبەشەکانی عێراق و دەزگای ھەواڵگری.
ئەوەش لە کاتێکدایە پێشتر ئەو کەسانە لە کامپی ھۆڵ لە سوریاوە ھێنراونەتەوە بۆ کامپی جەدعە لە سنوری پارێزگای نەینەوا، پێشتریش حکومەتی عێراق بڕیاری دابوو کەسوکاری داعشەکانی عێراق لە کامپی ھۆڵەوە بە چەند قۆناغێک بگەڕێنێتەوە بۆ عێراق.
تەیمور حسێنی جێگری سەرۆکی پۆلیسی ھاتووچۆی ئێران رایگەیاند، تا ئێستا ٤٣١ کەس بەھۆی رووداوەکانی ھاتووچۆ لە رۆژانی پشووی نەورۆزدا گیانیان لەدەستداوە کە ٧٠٪یان لە رێگەی نێوان شارەکان و ٣٠٪یشیان بە رووداوەکانی ھاتووچۆی ناو شارەکان گیانیان لەدەستداوە.
ئاماژەی بەوەشکرد، بەھۆی ئەو شەپۆلی بەفر و بارانبارینەی رووی لە زۆربەی ناوچەکانی ئێران کردووە، رەوشی رێگەکان باش نییە، بۆیە دەبێت شۆفێران زیاتر لە ھەموو کاتێک پابەندی رێنماییەکانی ھاتووچۆ بن و بە وریاییەوە شۆفێری بکەن.
"ئاری جەلال" بەڕێوەبەری دەزگای لوتکە بۆ کاروباری ئاوارە و پەنابەران بە کوردسات نیوزی راگەیاند، لە درێژەی شەپۆلی کۆچی نایاسایی، دوو کۆچبەر لەسەر سنوری نێوان ئێران بۆ تورکیا لەسەرما
رەقبونەتەوە و گیانیان لە دەستداوە.
وتیشی، لە رێگەی نوێنەرایەتی دەزگای لوتکە لە تورکیا لە ھەوڵی ئاشکراکردنی ناسنامەی کۆچبەرەکاندان، بۆئەوەی کاری پێویستی لەسەر بکەن.