بەڕێوەبەرایەتی گشتی فڕۆکەوانی مەدەنی لوبنان لە گشتاندنێکدا، کۆمپانیاکانی ھێڵی ئاسمانی فڕۆکەخانەی رەفیق حەریری لە بەیروت ئاگادارکردوەتەوە، لەکاتی گەشتەکانیاندا، ھەڵگرتنی ھەریەک لە ئامێرەکانی پەیوەندی " پەیجەر و واکی تاکی" لە گەشتیاران قەدەغەبکەن و رێنماییان بکەن، ئەو ئامێرانە رادەستی ھێزە ئەمنییەکانی فڕۆکەخانەکە بکەن.
ئەوەش دوای ئەوەدێت، لە چەند رۆژی رابردودا لە ھێرشێکی ئەلیکترۆنیدا بۆ سەر لوبنان، ئامێرەکانی پەیوەندی پەیجەر و واکی تاکی لەو وڵاتە کرانە ئامانج و تەقێنرانەوە و بەھۆیانەوە دەیان کەس کوژران و سەدانی دیکەش برینداربوون، کە زۆرینەیان ئەندامی حزبوڵانی لوبنانن.
کەناڵی بی تی ڤی بولگاری بە پشتبەستن بە سەرچاوەکانی ئاژانسی ئاسایشی نیشتمانیی لوبنان بڵاویکردەوە، بڕی یەک ملیۆن و ٦٠٠ ھەزار یۆرۆ بەو وڵاتەدا تێپەڕیوە بۆ کڕینی ئامێرەکانی پەیجەر بۆ حزبوڵای لوبنانی.
کەناڵەکە دەشڵێت، کۆمپانیای نۆرتا گڵۆباڵ کە بنکەکەی لە پایتەختی بولگاریایە، ئاسانکاری بۆ فرۆشتنی ئامێرەکانی پەیجەر بە گروپی حزبوڵای لوبنانی کردووە.
لە چەند رۆژی رابردوا ئیسرائیل لە رێگەی ئامێرەکانی پەیجەر و واکی تاکی چەند ھێرشێکی ئەلیکترۆنی بۆ سەر لوبنان ئەنجامداو بەھۆیانەوە دەیان کەس کوژران و سەدانی دیکەش برینداربوون، کە زۆرینەیان ئەندامی حزبوڵانی لوبنانی بوون.
ناوەندی فەڵەستینی بۆ لێکۆڵینەوە لە سیاسەت و راپرسی، راپرسییەکی لەسەر ئاستی جەماوەری حەماس لە کەرتی غەززە و کەناری رۆژئاوا ئەنجامدا و بەگوێرەی ئەنجامی راپرسییەکەش، ئاستی جەماوەری حەماس لە کەرتی غەززە و کەناری رۆژئاوا دوای ھێرشەکەی ٧ـی ئۆکتۆبەر بە رێژەیەکی بەرچاو دابەزیووە.
راپرسییەکە ئاشکرایکردووە، زۆرینەی ھاوڵاتیانی مەدەنی کەرتی غەززە رایانوایە ھێرشەکەی ٧ـی ئۆکتۆبەری حەماس بۆ سەر ئیسرائیل ھەڵەبووە و بەھۆیەوە کوژرانی زیاتر لە ٤١ ھەزار ھاوڵاتی فەڵەستینی و برینداربوونی دەیان ھەزاری دیکەی لێکەوتووەتەوە.
ئەوەشھاتووە، راپرسیەکە دەریخستووە رێژەی پەسەندکردنی حکومڕانی حەماس لە کەرتی غەززە کەمبووەتەوە و ھاوڵاتییان دوای کۆتاییھاتنی قۆناغی شەڕ حکومڕانیکردنی فەڵەستینیان پێ پەسەندترە نەک حەماس.
کۆمپانیای ستارلینک خستنەبازاڕی ئینتەرنێتی مانگی دەستکردی لە یەمەن ڕاگەیاند، بەمەش دەبێتە یەکەم وڵات لە ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاست کە ئەم خزمەتگوزارییە بەدەستبھێنێت.
رۆژی ٦ی ئەم مانگە حکومەتی یەمەن رەزامەندی دەربڕی لەسەر دەستپێکردنی ئەو خزمەتگوزارییە کە لەڕێیی بریکارەکانی ستارلینکەوە بە ھاوڵاتیان دەفرۆشرێت بەنرخیکی گونجاو.
لەوبارەیەوە باڵیۆزخانەی ئەمریکا پیرۆزبایی لە یەمەن کرد بۆ بەدەستھێنانی ئەو خزمەتگوزارییە پێشکەوتووە، لە بەرامبەریشدا حوسیەکان ئەم ھەنگاوەیان بە مەترسی بۆ سەر ئاسایشی نەتەوەیی وڵاتەکە لەقەڵەمداو ھۆشداریشیاندا لە بەکارھێنانی.
مانگی دەستکردی ستارلینک ڕێگە بە دابینکردنی ئینتەرنێتی خێرا دەدات لە ناوچە دوورەدەستەکان یان ئەو شوێنانەی کە ژێرخانی پەیوەندییەکانی بەھۆی شەڕ یان کارەساتەکانەوە تێکچووە.
بەیانی ئەمڕۆ فڕۆکەیەکی ھاوکاری پزیشکی عیراق گەیشتە فڕۆکەخانەی بەیروت، ئەوەش دوای ئەوەی گەشتی ئاسمانی نێوان لوبنان و عیراق لەدوای رووداوی تەقینەوەی ئامێرەکانی پەیوەندی کرانەوە.
وەزیری تەندروستی لوبنانیش رایگەیاند، ھاوکارییەکەی عیراق ٢٠ پزیشک و کارمەندی تەندروستی و ١٥ تۆن ھاوکاری لەخۆدەگرێت.
دوێنێ لەدوای ئەو رووداوەی لوبنان، عیراق دەستبەجێ ئامادەیی بۆ پێشکەشکردنی ھاوکاری بە نەخۆشخانەکانی لوبنان راگەیاند.
کەریم نوری راوێژکاری وەزارەتی کۆچ و کۆچبەرانی عیراق رایگەیاند، لە ئێستادا نزیکەی ٥٤ ھەزار ئاوارە لە نەتەوە جیاوازەکان لە کەمپی ھۆلدا نیشتەجێن، لەنێویاندا نزیکەی ١٥ ھەزار عێراقی ھەن کە بەھۆی شەڕ لە ناوچەکانی باغوز و دیرزوور ئاوارەی ئەو ناوچەیە بوون.
ئاماژەی بەوەکرد، حکومەتی عیراق لەئێستادا دەستیکردووە بە پڕۆسەی گێڕانەوەی ئەو ئاوارانە و تائێستا لە کۆی ٢٠ ھەزار ئاوارەی عیراقی زیاتر لە چوار ھەزاریان گێڕاونەتەوە کە ھیچ پێشێلکارییەکی ئەمنییان لە ناوچەکانیان تۆمارنەکردووە، وتیشی، لەئێستادا نزیکەی ١٥ ھەزار ئاوارەی عیراقی لەو کەمپەدا ماونەتەوە.
ناسر کەنعانی وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران رایگەیاند، ئەو کردەوە تیرۆریستییەی لە لوبنان روویدا تەواوکەری کردەوە و ئۆپراسیۆنەکانی ئیسرائیل و ھاوپەیمان و بەکرێگرتەکانێتی، کە بە ھەموو شێوەیەک دژ بە مۆراڵ و بنەما مرۆییەکان و یاسای نێودەوڵەتییەکانە و پێویستە لێپرسینەوە بە تۆمەتباراندا بکرێت.
کەنعانی وتیشی، ئەو کردەوە تیرۆریستییە ھاوبەشە کە جۆرێکە لە کۆمەڵکوژی دەیسەلمێنێت ئیسرائیل لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی و ھەرێمی ھەڕەشەیە و ئاسایشی نێودەوڵەتی دەخاتە مەترسییەوە.
کەنعانی پشتیوانی و ھاوسۆزی وڵاتەکەشی بۆ گەلی لوبنان و حکومەتەکەی دەربڕی، ئامادەیی وڵاتەکەشی دەربڕی بۆ پێشکەشکردنی ھەموو ھاوکارییەک.
ھاریس لە وتارێکدا کە لە فیلادلفیا لە بەردەم کۆمەڵەی نیشتمانی رۆژنامەنووسان پێشکەشیکرد، داوایکرد ئاگربەست لە کەرتی غەززە رابگەیەندرێت و جەنگی نێوان ئیسرائیل و بزووتنەوەی حەماس رابگیرێت و چارەسەری دوو دەوڵەت رابگەیەندرێت، بەپێویستیشی زانی سەقامگیری لە رۆژھەڵاتی ناوەڕاست بەرپا بکرێت و سنورێک بۆ دەسەڵاتەکانی ئێران دابنرێت.
ھاریس جەختیشیکردەوە لەوەی کە پێویستە دوای کۆتاییھاتنی جەنگ ، ئیسرائیل جارێکی دیکە غەززە داگیرنەکاتەوە و سەربازەکانی لە غەززە بکشێنێتەوە.
وەزارەتی دارایی عیراق لە راگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە، محەمەد حەمزە بەڕێوەبەری گشتی بەشی یاسایی، سەرۆکایەتی ئەو کۆبوونەوەیەی کردووە، کە لەگەڵ بەڕێوەبەرانی گشتی خانەنشینی و چاودێری کۆمەڵایەتی بەڕێوەچوو.
لە کۆبوونەوەکەشدا ئەگەری ھاوتاکردنی یاسای خانەنشینی یەکگرتوو لەسەر خانەنشینانی سەربازی ھەرێمی کوردستان تاوتوێکرا.
ئەو کۆبوونەوەیە لەکاتێکدایە، کە مانگی رابردوو خانەنشینانی مەدەنی لە ھەرێمی کوردستان موچەکانیان بە ھاوتاکراوی لەگەڵ بەغداد وەرگرت، بەڵام بەشێک لە خانەنشینانی سەربازی نەگرتەوە.
ئیخڵاس دلێمی بە کوردسات نیوزی وت، خاڵی لێکتێگەیشتنی زۆر باش لە نێوان ھەرێم و عیراق ھەیە و پەیوەندییەکان بەرەو باشی دەچن، بڕیاریشە ھەفتەی داھاتوو لیژنەی دارایی ئەنجومەنی نوێنەران سەردانی ھەولێر بکەن بۆ باسکردنی رێککەوتنەکان و پابەندکردنی ھەردوولا بە جێبەجێکردنیان.
وتیشی، چاوەڕێی راپۆرتی ئەنجومەنی وەزیرانی عیراقن سەبارەت بەو کۆبوونەوانەی لە ھەولێر ئەنجامدران.
ئیخڵاس دلێمی باسی لەوەشکرد، لەم دوو رۆژەدا بەغداد پارەی مووچەی مانگی ھەشت رەوانەی ھەرێم دەکات، ئەگەریش لەم دوو رۆژەدا نەگەیشت، دڵنیاییدا لەسەر ئەوەی تا رۆژی پێنجشەممەی داھاتوو پارەکە دەگات.
لەپەیوەندییە تەلەفۆنییەکەدا، سەرۆککۆمار بەتوندی ھێرشەکەی بۆسەر لوبنان ئیدانە کرد، کە چەندین شەھید و برینداری لێکەوتەوە و بە پەرەسەندنێکی مەترسیدار و ھەوڵی فراوانکردنی بازنەی جەنگ و دەستدرێژی ناوبرد، کە لێکەوتەی مەترسیداری دەبێت بۆ سەر ئاسایش و سەقامگیریی ناوچەکە.
ھەروەھا سەرۆککۆمار ھاوسۆزیی عێراقی لەگەڵ گەلی لوبنانی برا لەم تەنگانەیەدا دوپاتکردەوە و ئامادەیی عێراقیشی بۆ پێشکەشکردنی ھەموو جۆرە ھاوکارییەکی مرۆیی و پزیشکی بۆ بریندارەکان دەربڕی، ھاوکات سەرەخۆشی ئاراستەی کەسوکاری قوربانیانی ھێرشەکەش کرد.
د.لەتیف رەشید پشتیوانی عێراقی بۆ چەسپاندنی ئاسایش و سەقامگیریی لوبنان دەربڕی و ھەر جۆرە دەستدرێژییەکی بۆسەر وڵاتەکە رەتکردەوە. ھەروەک جەختیکردەوە، پێویستە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بەرپرسیارێتییە یاسایی و ئەخلاقییەکانی خۆی بگرێتەئەستۆ بۆ وەستاندنی جەنگ لەدژی گەلی فەڵەستین بەتایبەتی لە کەرتی غەززە و رێگەگرتن لەھەر ھەوڵێک بۆ فراوانکردنی بازنەی ململانێکە.
لەلای خۆیەوە نەجیب میقاتی سەرۆک وەزیرانی لوبنان سوپاس و پێزانینی خۆی بۆ ھەڵوێستی نەگۆڕ و پشتیوانیی گەل و حکومەتی عێراق بۆ لوبنان دەربڕی لە ئاڵنگارییە جۆراوجۆرەکانی کە لەڕابردودا روبەڕوی بوەتەوە.
لە دیدارەکەدا باس لە رەوشی گشتیی سیاسی و ئابووریی وڵات کرا و سەرۆک کۆمار ئاماژەی بە گرنگی یەکخستنی ریزەکان و پێکەوەکارکردنی سەرجەم ھێز و لایەنە سیاسییەکان کرد بۆ چەسپاندنی سەقامگیریی لە بوارە جیاجیاکان و پێشکەشکردنی باشترین خزمەتگوزاری بە ھاووڵاتیان.
لەلایەن خۆیەوە رەیان کلدانی سوپاس و پێزانینی خۆی بۆ سەرۆک کۆمار دەربڕی و جەختیکردەوە، بزوتنەوەی بابلیون پاڵپشتی ھەر کارێک دەکات ببێتەمایەی پتەوکردنی بنەمای دیموکراسی و سەقامگیری لە عێراقدا.
ئەنتۆنی بلینکن لەگەڵ گەیشتنی بە قاھیرە لەگەڵ عەبدولفەتاح سیسی سەرۆک کۆماری میسر کۆبووەو باسیان لە خێراکردنی ھەوڵەکان کرد بۆ گەیشتن بە رێککەوتنی ئاگربەست لە نێوان ئیسرائیل و بزووتنەوەی حەماس.
ھاوکات، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا لەگەڵ وەزیری دەرەوەی میسریش کۆبووەوە و جەختیانکردەوە، لە پەرەوپێشچوونی پەیوەندییەکانی نێوان ھەردوو وڵات لە بوارە جیاوازەکاندا.
راشیانگەیاند، ھەوڵەکانیان بەردەوامی ھەیە بۆ کۆتاییھێنان بە جەنگی غەززە، تەنھا وەستاندنی جەنگ دەبێتە ھۆی گەرانەوەی سەقامگیری و ئارامی بۆ رۆژھەڵاتی ناوەراست.
بەرەبەیانی ئەمڕۆ ئەنتۆنی بلینکن گەیشتە قاھیرە بەمەبەستی بەرەوپێشبردنی ئەو ھەوڵانەی کە ھەن بۆ گەیشتن بە رێککەوتنی ئاگربەست لە غەززە، لەدوای دەستپێکردنی جەنگی غەززە لە حەوتی تشرینی یەکەمی ساڵی رابردوو، بلینکن بۆ جاری دەیەمە سەردانی رۆژھەڵاتی ناوەڕاست دەکات.
راگەیاندن و پەیوەندیەکانی کۆمەڵگای دەروازەی نێودەوڵەتی پەروێزخان لە روونکردنەوەیەکدا ئەو دەنگۆیانە رەتدەکاتەوە کە ماوەی چەند رۆژێکە بڵاوبووەتەوە و گوایە لە دەروازەی پەروێزخانەوە تەماتە ھاوردەی ناو ھەرێمی کوردستان کراوە.
ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد، بە ھەموو شێوەیەک سەرجەم ئەو دەنگۆیانە رەتدەکەنەوە و دوورە لە راستیەوە، بە ھیچ جۆرێک لە دەروازەکەوە باری تەماتە ھاوردەی ناو ھەرێمی کوردستان نەکراوە.
لە روونکردنەوەکەدا ئەوەش خراوەتەڕوو، بەھەموو شێوەیەک پابەندن بە رێنماییەکانی وەزارەتی کشتوکاڵ، ھەر بۆیە بەپێی رێنمایەکان رێگە بە باری تەماتە نەدراوە لە دەروازەکەوە هاوردەی ناو ھەرێمی کوردستان بێت.