بڕیارە ئەمڕۆ وەفدی دانوستانكاری یەكێتی بۆ گفتوگۆكردن لەبارەی پێكهێنانی كابینەی نوێی حكومەتی هەرێم، لەگەڵ نەوەی نوێ كۆببێتەوە، وتەبێژی یەكێتیش دەڵێت، دوای كۆبوونەوەی پەرلەمان یەكێتی و پارتی كۆدەبنەوە.
سەردانی وەفدی دانوستانكاری یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان بۆ لای لایەنە سیاسییەكان بەردەوامە و بڕیارە لە سلێمانی لەگەڵ نەوەی نوێ كۆببێتەوە بۆ گفتوگۆكردن لەبارەی پێكهێنانی كابینەی دەیەمی حكومەتی هەرێم.
هاوكات سەعدی ئەحمەد پیرە وتەبێژی یەكێتی بە دەنگی ئەمریكای رایگەیاندووە، كۆبوونەوەی یەكێتی لەگەڵ لایەنەكان بۆ ئەوەیە هەڵوێستییان لەسەر پێكهێنان و بەشداریكردن لە حكومەتی داهاتوو بزانرێت. راشیگەیاندووە، دوای كۆبوونەوەی پەرلەمانی كوردستان كۆبوونەوەی نێوان یەكێتی و پارتیش ئەنجامدەدرێت.
تائێستا وەفدی دانوستانكاری یەكێتی لەبارەی پێكهێنانی كابینەی نوێ، لەگەڵ هەریەك لە كۆمەڵی دادگەری و یەكگرتووی ئیسلامی و بزوتنەوەی گۆران كۆبووەتەوە.
سەرۆك كۆماری توركیا دەڵێت، هەتا ئاگربەست لە كەرتی غەززە دەستەبەرنەكرێت، ناتوانن بە ئاشتی هەرێمی و جیهانی بگەن.
رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆك كۆماری توركیا لە كۆنفرانسێكی رۆژنامەوانیدا سەبارەت بە ئاگربەست لە غەززە رایگەیاند، ئەوەی بكەوێتە سەر شانیان بە زیادەوە ئەنجامی دەدەن بۆ دەستەبەركردنی ئاگربەستی درێژخایەن، جا نێوەندگیری بێت یان گەرەنتیكار، سڵناكەنەوە لە ئەنجامدانی ئەوەی دەكەوێتە سەرشانیان بۆ بنیاتنانی ئاشتی و ئارامی لە غەززە.
ئاماژەی بۆ ئەوەشكردووە، هەتا ئاگربەستی بەپەلە و دادپەروەرانە و درێژخایەن لە غەززە دەستەبەرنەكرێت، ناتوانن بە ئاشتیی و ئارامیی هەرێمیی و جیهانی بگەن.
وتیشی، دەستپێشخەری نوێی جۆ بایدن سەرۆكی ئەمریكا بۆ راگەیاندنی ئاگربەست لە غەززە، هەنگاوێكی درەنگ كەوتووە، بەڵام گرنگە.
دوای سێ رۆژ لە راگەیاندنی ئاگربەست، ئیسرائیل هێرشیكردە سەر حزبوڵا، سوپای لوبنانیش دەڵێت، ئیسرائیل چەند جارێك ئاگربەستی پێشێلكردووە.
ئێوارەی رۆژی پێنجشەممە ئیسرائیل هێرشیكردە سەر ناوچەیەكی لوبنان و وتەبێژی سوپای ئیسرائیلیش رایگەیاند، ئامانجی ئەو هێرشە، لەناوبردنی بنكەیەكی موشەكی كورت مەودای حزبوڵا بووە.
هاوكات سوپای لوبنان رایگەیاند، دوای راگەیاندنی ئاگربەست، لایەنی ئیسرائیلی چەندجارێك پێشێلی ئاگربەستەكەی كردووە و بە چەكی جیاواز بۆردومانی خاكی لوبنانی كردووە و ئاسمانی وڵاتەكەشی پێشێلكردووە.
بەرەبەیانی رۆژی ٢٧ی ئەم مانگە ئاگربەست لەنێوان سوپای ئیسرائیل و حزبوڵای لوبنان بۆ ماوەی ٦٠ رۆژ چووە بواری جێبەجێكردنەوە، لەو ماوەیەشدا بڕیارە سوپای لوبنان لە باشووری وڵاتەكە جێگیر بكرێت.
سەربازێكی بەریتانیا تۆمەتبار دەكرێت بە هاوكاریكردنی سوپای پاسداران و گواستنەوەی زانیاری گرنگ بۆیان.
ئاژانسی هەواڵی رۆیتەرز بڵاویكردەوە، دادگایەكی بەریتانیا تۆمەتی سیخورێكردنی بەسەر سەربازێكی وڵاتەكەیدا یەكلاكردوەتەوە كە زانیاری بۆ سوپای پاسدارانی ئێران گواستوەتەوە و دانیشی بە تاوانەكانیدا ناوە.
ئاژانسەكە رونیكردوەتەوە، ئەو سەربازە پێشتر لە ساڵی ٢٠١٩ تا ٢٠٢٢ لە ریزەكانی سوپای بەریتانیادا بووە و زانیاریی هەستیاری بۆ ئێران كۆكردوەتەوە، دوای دەستگیركردنیشی لە ساڵی ٢٠٢٣ دا لە زیندان هەڵهاتووە، بەڵام دواتر دەستگیركراوەتەوە.
باسی لەوەشكردووە، هاوكارییە هەواڵگرییەكانی ئەو سەربازەی پێشووی بەریتانیا بۆ مەبەستی كاری تیرۆریستی و مەترسیدار بووە بۆ سوپای پاسدارانی ئێران.
پێكدادانەكانی نێوان سوپای سوریا و چەكدارانی توندڕەوی ئەو وڵاتە بەردەوامە و رێكخراوێكیش دەڵێت، پێكدادانەكان زیاتر لە ٢٠٠ كوژرای لێكەوتەوە.
ئاژانسی هەواڵی فرانس پرێس بڵاویكردەوتەوە، بەهۆی پێكدادانەكانی سوپای سوریا لەگەڵ چەكدارانی تەحریرشام لە رۆژهەڵاتی ئیدلیب زیاتر لە ٢٠٠ كەس لە هەردولا كوژراون و ١٩ كەسی مەدەنیش گیانیان لەدەستداوە.
لە 27ی ئەم مانگەوە سوپای سوریا ئۆپراسیۆنێكی سەربازیی بە ناوی هێرشی گەورە لە باكوری رۆژئاوای سوریا دەستپێكردوە كە سوپای روسیاش تێیدا بەشدارە و هاوكاریی رژێمی سوریا دەكات دژی گروپە توندڕەوەكان.
پوتن هەڕەشە لە كیێڤ دەكات لە ئەگەری دەستخستنی چەكی ئەتۆمی.
ڤلادیمێر پوتن سەرۆكی روسیا بە رۆژنامەنوسانی راگەیاند، لە وەڵامی هێرشی ئۆكراین بە مووشەكی ئەمریكی، بە ٩٠ مووشەك و ١٠٠ فڕۆكەی بێفڕۆكەوان، دامەزراوە وزەی ئۆكراینیان كردوەتە ئامانج.
دووپاتیشیكردەوە، هێرشەكە بۆ سەر ئۆكراین وەڵامدانەوەی مۆسكۆیە بۆ هێرشەكانی كێیڤ بە مووشەكی ئاتاكمسی ئەمریكی.
هاوكات وەزارەتی وزەی ئۆكراین لەبارەی هێرشەكەوە رایگەیاند، روسیا هێرشی كردوەتە سەر دامەزراوەكانی وزە لە سەرانسەری وڵات و لە كیێڤ و ئۆدێسا و دنیبرۆش كارەبا پچڕاوە.
پوتن باسی لەوەشكرد، بەكارهێنانی مووشەكی ئۆریشنیك بۆسەر دنبیرۆی ئۆكراین سەركەوتوو بووە، بۆیە ئەگەر كێیڤ بەردەوام بێت لە بەكارهێنانی مووشەكی ئاتاكمس، وەڵامدانەوەی هاوشێوەی دنیبرۆیان دەبێت.
پارتێكی توركیا داوا لە دەمپارتی دەكات دانیشتن و دانوستانەكان لەگەڵ ئۆجەلان دەست پێبكەن.
دەوڵەت بەخچەلی سەرۆكی پارتی بزوتنەوەی نەتەوەپەرستی توركیا (مەهەپە) لە كۆبونەوەی ناوخۆی پارتەكەی داوای لە دەمپارتی كرد سەردانی زیندانی ئیمراڵی بكەن و لەگەڵ عەبدوڵا ئۆجالان كۆببنەوە.
جەختی لەوەشكردوەتەوە، دانوستان و كۆبونەوە لەگەڵ ئۆجەلان نابێت دوابخرێت و پێویستە دەمپارتی هەنگاو بنێت بۆئەوەی گفتوگۆی لەگەڵ بكەن.
پێشتر ئاژانسی هەواڵی رۆیتەرز بڵاویكردبوەوە، دەوڵەت باخچەلی زۆر جەخت لە دانوستان لەگەڵ ئۆجەلان دەكاتەوە بە پێچەوانەشەوە رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆك كۆماری توركیا تەنها بەشێوەی زارەكی باسی دەستپێكردنەوەی پرۆسەی چارەسەری ئاشتی پرسی كوردی لە وڵاتەكەی كردووە و هیچ هەنگاوێكی جددی بۆ نەناوە.
عیراق بڕیاریدا بەشی هەرێم لە نەوتی سپی و بەنزین رەوانەی هەرێمی كوردستان بكات.
وەزارەتی سامانە سروشتیەكانی هەرێم بڵاویكردووەتەوە، ئەمڕۆ وەفدێكی هەرێم سەردانی وەزارەتی نەوتی فیدراڵیان كردوەو لەگەڵ بریكاری وەزارەتی نەوت بۆ كاروباری دابەشكردن كۆبونەتەوە.
دەشڵێت، لە كۆبونەوەكەدا باس لە سێ بابەتی سەرەكی كراوە لەوانەش، دابەشكردنی بەشی هەرێم لە نەوتی سپی كە بڕی 50 ملیۆن لیترە، هەروەها تەرخانكردنی بەشێك لە بەنزینی نۆرماڵ.
باسی لەوەشكردووە، لە كۆبونەوەكەدا بڕیاردرا بەشی هەرێم لە نەوتی سپی دەستبەجێ رەوانە بكرێت، هەروەها چاوەڕێ بكرێت بارودۆخی پارێزگاكانی ناوەڕاست و باشور بۆ بەرهەمی بەنزین باش ببێت تاوەكو بەشێك لە بەنزین بۆ هەرێمیش تەرخان بكرێت.
سەرۆك كۆمار رایگەیاند، لە عیراق جیاوازی لە نێوان ژنان و پیاواندا ناكرێت و ژنان بەشێكی سەرەكی گەشەسەندنی كۆمەڵگەن.
د. لەتیف رەشید سەرۆك كۆماری عیراق پێشوازی لە وەفدێكی دەستپێشخەری یۆرۆ- دەریای ناوەڕاست و تیمی روانگەی ناوچەیی بۆ كاروباری توندوتیژی دژی ژنان و كچان كرد كە چەند شارەزایەكی ئەفریقی و ئاسیایی و ئەوروپیان لەگەڵدا بوو.
لە میانی دیدارەكەدا سەرۆك كۆمار جەختی لە گرنگی بەرەنگاربوونەوەی هەموو جۆرە جیاكاری و دوورخستنەوە و توندوتیژییەكی دژی ژنان كردەوە و رایگەیاند، ژنان بەشێكی سەرەكین لە گەشەسەندنەكان و عیراقیش دوورە لە جیاكاری نێوان ژنان و پیاوان.
وەفدەكەش هەوڵەكانی سەرۆك كۆمار و بیرۆكەكانی بە ئامانجی پاراستنی ژنان و چەسپاندنی مافەكانیان بەرزنرخاند.
زیاتر لە ٢٠ سیاسەتمەداری باكوری كوردستان سزای زیندانیان بەسەردا دەسەپێنێرێت.
ئاژانسی هەواڵی مێزۆپۆتامیا بڵاویكردەوە لەكۆی ٣٨ ئەندام و لایەنگریی چوار پارتی باكوری كوردستان كە دەستگیركرابوون سزای شەش ساڵ و سێ مانگ زیندانی بەسەر ٢١ كەسیاندا سەپێنراوە.
دەشڵێت، ئەو ٢١ كەسە ئەندام و بەڕێوبەرانی دەمپارتی، هەدەكە، دەبەپە و پارتی هەدەپە بوون.
پێشتریش ئاژانسی هەواڵی وڵات بڵاویكردبوەوە دوای ناڕەزایەتییەكان دژی سەپاندنی قەیوم لە باكوری كوردستان زیاتر لە ١٦ رۆژنامەنوس و نوسەر و سیاسەتمەداری كورد دەستگیركراون.
لە لایەكی دیكەوە وەزارەتی دادی توركیا رایگەیاندووە، سەرقاڵی دروستكردنی ١١ بەندیخانەن و ٢١ بەندیخانەی دیكە لەو وڵاتەش دروست دەكرێت.
تەنها رۆژێك دوای راگەیاندنی ئاگربەست، ئیسرائیل هێرشی كردە سەر حزبوڵای لوبنانی و وەزارەتی بەرگریش، دەڵێت كۆگایەكی موشەكی حزبوڵایان كردوەتەوە ئەمانج.
ئاژانس هەواڵی فرانس پرێس بڵاویكردەوە ئێوارەی پێنجشەممە ئیسرائیل هێرشی كردوەتە سەر ناوچەیەكی لوبنان و وتەبێژی سوپای ئیسرائیلیش رایگەیاندوە ئامانجی ئەو هێرشە بنكەیەكی موشەكی كورت مەودای حزبوڵا بووە.
سوپای ئیسرائیل رایگەیاندوە پێشتر دانیشتوانی زیاتر شار و شارۆچكەی لوبنانی ئاگادار كردوەتەوە كە تا كاتێكی نادیار نەگەڕێنەوە ماڵەكانیان لەو ناوچانە چونكە مەترسییان بۆ دروست دەبێت.
هێرشەكەی ئیسرائیل لە كاتێكدایە كە ٢٤ كاتژمێر بەسەر راگەیاندنی ئاگربەست لە لوبنان تێدەپەرێت.
وەزارەتی دارایی عیراق بڕیاریدا بە خەرجكردنی موچەی مانگی ١٠ی موچەخۆرانی هەرێم.
پەیامنێری كوردسات نیوز رایگەیاند، وەزارەتی دارایی عیراق، مووچەی مانگی ١٠ی فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستان خەرجكرد كە بڕەكەی ٧٦٣ ملیار و١٤٦ ملیۆن دینارە.
وتیشی، یەكشەممە بەغداد پارەكە دەخاتە سەر هەژماری وەزارەتی دارایی هەرێم.
باسی لەوەشكرد، بۆ موچەی سێ مانگی كۆتایی ئەمساڵ، بەغداد بڕیاریداوە دوو ترلیۆن و ٢٨٠ ملیار دینار ڕەوانەی هەرێم بكات لە بەرانبەریشدا داوای رادەستكردنی داهاتی ناوخۆی شەش مانگی ئەمساڵ لە هەرێم دەكات.
لەكاتێكدا هەرێم بۆ دابەشكردنی موچەی ئەم سێ مانگە بڕی دوو ترلیۆن و ٩٩٦ ملیار دیناری پێویستە، واتە مانگانە بڕی ٩٩٦ ملیار دینار، بەو پێیەش كورتهێنانی موچە بۆ ئەو سێ مانگە زیاتر لە ٧٠٠ ملیار دینارەو بۆ هەر مانگێك ٢٣٦ ملیار دینار كورتهێنان هەیە.
یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و یەکگرتووی ئیسلامی کوردستان کۆبوونەوە و هەردوولا جەختیان لەوەکردەوە کە پێویستە هەنگاوی کردەیی بۆ باشترکردنی بژێوی هاوڵاتیان بنرێت و خزمەتکردنیان لە پێشینەی کارەکانی داهاتوو بێت.
لەمیانەی سەردانەکانی وەفدی دانوستانکاری یەکێتی بۆ لای حزب و لایەنە سیاسییەکان، ئەمڕۆ پێنج شەممە ٢٨ی ١١ی ٢٠٢٤، وەفدەکە بەسەرۆکایەتی قوباد تاڵەبانی، لەگەڵ مامۆستا سەڵاحەدین محەمەد بەهادین ئەمینداری گشتی یەکگرتووی ئیسلامی کوردستان کۆبوونەوە.
لەکۆبوونەوەکەدا کە لە سلێمانی بەڕێوەچوو و ژمارەیەک لەئەندامانی مەکتەبی سیاسی و سەرکردایەتی هەردوولا ئامادەیبوون، پێکەوە گفتوگۆ لەبارەی پەیوەندییەکانی نێوانیان و دۆخی سیاسی هەرێمی کوردستان و ئامادەکارییەکانی قۆناغی پاش هەڵبژاردن کرا.
لەبەشێکی کۆبونەوەکەدا کە تایبەت بوو بە قۆناغی دوای هەڵبژاردن، هەردوولا هاوڕابوون لەسەر گرنگی پێکهێنانی دامەزراوەکانی هەرێمی کوردستان لەسەر بنەمای خزمەتکردنی باشتری هاوڵاتیان. بۆ ئەو مەبەستەش جەخت لە پێویستی گرتنەبەری هەنگاوی کردەیی باشتر کرایەوە کە بژێوی هاوڵاتیان و خزمەتکردنیان لە پێشینەی کارەکانی داهاتوو بێت.
لیژنەی باڵای جێبەجێكردنی مادەی ١٤٠ بڕیارێك لە بەرژەوەندی جوتیارانی كورد لە كەركوك دەردەكات كە لە سەردەمی رژێمی بەعسەوە بێبەشبوون لە بەكارهێنانی زەوییەكانیان.
بەپێی نوسراوێكی لیژنەكە كە ئاڕاستەی وەزارەتی كشتوكاڵ كردووە، داوای كردووە هەموو ئەو زەویانەی لە چوارچێوەی مادەی ١٤٠دان، بخاتە نێو پلانی كشتوكاڵییەوە جگە لەوانەی سكاڵایان لەسەرە.
محەمەد ئەمین نوێنەری جوتیارانی كوردی كەركوك بە كوردسات نیوزی وت، نوسراوەكە جەخت كردنەوەیە لە نوسراوەكەی پێشووی رێبوار تەها پارێزگاری كەركوك كە ئاراستەی وەزارەتی كشتوكاڵی كردبوو لەسەر هەمان داوا.
وتیشی، ئەگەر وەزارەتی كشتوكاڵ داواكە پەسەند بكات و ئەو زەوییانە بخاتەوە نێو پلانی كشتوكاڵییەوە، جوتیارانی كورد لە هەموو مافێك سوودمەند دەبن.
زانكۆی پۆلیتەكنیكی سلێمانی ئەو دەنگۆیانە رەتدەكاتەوە كە باس لەوەدەكەن موچەخۆرانی زانكۆكە ئاگاداركرابنەوەی لەوەی فۆرمی هەژماری من پربكەنەوە و دەڵێت، لە 30/10 فۆرمی تەوتین لەزانكۆكەیان پڕكردووەتەوە.
سەرۆكایەتی زانكۆی پۆلیتەكنیكی سلێمانی لە رونكردنەوەیەكدا دەڵێت، ئاگاداری هەموولایەك دەكەینەوە كە زانكۆمان لە 30/10/2024 پڕۆسەی تەوتینی جێبەجێكردوە بۆ سەرجەم مامۆستایان و فەرمانبەرانمان، دەشڵێت ئەو نوسراوەی بڵاوكراوەتەوە تەنها گشتاندنێكی وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستیە و لە ڕووی كارگێڕییەوە گشتاندنی پێكراوە.
ئەوە لە كاتێكدایە ، لە هەندێك میدیا و تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان نوسراوێك بڵاوكرایەوە و بەوجۆرە خوێندنەوەی بۆكرا، زانكۆی پۆلیتەكنیكی سلێمانی موچەخۆرانی زانكۆكەی پابەند دەكات بەوەی پڕۆژەی هەژماری من جێبەجێبكەن.
لەلایەکی دیکەوە سەرۆکی زانکۆی سلێمانیش لە هەمان رۆژدا رایگەیاند: ٩٥٪ـی مامۆستایان و فەرمانبەرزانی زانکۆی سلێمانی فۆرمی تەوتینیان پڕکردووەتەوە.
دادگای رەسافە لە بەغداد دەستی بەسەر یەك تۆن مادەی هۆشبەردا گرتووە و سزای لەسێدارەدانیشی بۆ ٧٥ بازرگانی ماددەی هۆشبەر دەركرد كە هەشت كەسیان بیانیین .
وەلید ئیبراهیم دادوەری دادگای ناوەندی لێكۆڵینەوە لەدادگای رەسافە رایگەیاندووە، لە ئۆپەراسیۆنەكاندا بە هەماهەنگی لەگەڵ وەزارەتی ناوخۆ، لە سەرەتای ئەمساڵەوە تا ناوەڕاستی مانگی تشرینی یەكەم، دەستیان بەسەر زیاتر لە یەك تۆن ماددەی هۆشبەردا گرتووە.
وتیشی ٧٥ سزای لەسێدارەدان دەركراوە كە شەش بیانی تێدایە و ٢٠ کەسی دیكەش بە زیندانیكردنی هەتاهەتایی سزادراون، پێشتریش شەش کەس لەو ٧٥ کەسە سزای لەسێدارەدانیان بەسەردا جێبەجێکراوە.
دادوەرەكەی دادگای رەسافە ئاماژەی بەوەشداوە، یەكێك لە بازرگانەكان كە لەدایكبووی ساڵی ٢٠٠٢ـە ، لەكاتی وەرگرتنی نزیكەی ٥٧ كیلۆگرام مادەی هۆشبەر كە لە بازرگانانی بیانی وەرگرتووە دەستگیركراوە و سزای لەسێدارەدانی بەسەردا سەپێنراوە.