وەزیری دەرەوەی فەرەنسا و فەرماندەی هەسەدە کۆبوونەوە و جەخت لەسەر چارەسەری ئاشتیانە بۆ یەکخستنی سوریا کرایەوە.
ئەمڕۆ وەزیری دەرەوەی فەرەنسا لە پاریس پێشوازی لە فەرماندەی هێزەکانی سوریای دیموکرات کرد، لە دیدارەکەدا تەئکید لە دانوستانی نێوان هەسەدە و حکومەتی دیمەشق کرایەوە بە هاوکاری فەرەنسا و ئەمریکا، ئەمەش لە چوارچێوەی رێککەوتنەکەی 10ـی ئازاردا.
هەر لە کۆبوونەوەکەدا گرنگی ئەنجامدانی كۆبوونەوەی نێوان حكومەتی سوریا و هەسەدە لە پاریس گفتوگۆی لەبارەوە كرا.
لەمیانی کۆبوونەوەکەدا مەزڵوم کۆبانێ فەرماندەی هەسەدە رایگەیاند: پابەندی هاوبەشیكردنین لەگەڵ هاوپەیمانان بۆ روبەڕوبوونەوەی تیرۆر.
وتیشی، پابەندی هاوبەشیكردنین لەگەڵ هاوپەیمانان بۆ چەسپاندنی سەقامگیری لە سوریا.
لەلای خۆشیەوە وەزیری دەرەوەی فەرەنسا رایگەیاند، دەبێت چارەسەری ئاشتیانە بۆ یەكخستنی سوریا و پاراستنی مافی كورد بدۆزرێتەوە.
ئەمەش لە کاتێکدایە، ئەمڕۆ وەزارەتی دەرەوەی فەرەنسا ئاشکرایکرد، کۆبوونەوەیەکی سێقۆڵی لەنێوان ژان-نۆیل بارۆ، وەزیری دەرەوەی فەرەنسا، تۆم باراک، نێردەی تایبەتی ئەمریکا بۆ سوریا و ئەسعەد شەیبانی، وەزیری دەرەوەی سوریا، لە پاریس بەڕێوەچوو.
لە چوارچێوەی هەوڵە دیپلۆماسییەکاندا، وەزارەتی دەرەوەی فەرەنسا رایگەیاند، ئەمڕۆ هەینی، 25ی تەممووزی 2025، کۆبوونەوەیەکی سێقۆڵی گرنگ لەنێوان ژان-نۆیل بارۆ، وەزیری دەرەوەی فەرەنسا، تۆم باراک، نێردەی تایبەتی ئەمریکا بۆ سوریا و ئەسعەد شەیبانی، وەزیری دەرەوەی سوریا، لە پاریس بەڕێوەچوو.
لە راگەیەندراوەکەی وەزارەتی دەرەوەی فەرەنسا دا، کۆبوونەوەکە بە "زۆر راشکاو و بەرهەمدار" وەسفکراوە و لە کاتێکی "هەستیار"دا بۆ سوریا ئەنجامدراوە.
لە راگەیەندراوەکەدا هاتووە، لەژێر رۆشنایی "گفتوگۆ و کەمکردنەوەی گرژییەکان"، فەرەنسا، ئەمریکا و سوریا لەسەر پێویستیی جێبەجێکردنی چەند خاڵێکی گرنگ رێککەوتوون، کە بریتین لە:
دەستپێکردنی هەوڵی خێرا و جددی بۆ مسۆگەرکردنی سەرکەوتنی قۆناغی گواستنەوەی سیاسی و پاراستنی یەکێتی، سەقامگیری، سەروەری و یەکپارچەیی خاکی سوریا.
بەهێزکردنی هەماهەنگیی هاوبەش لە دژی تیرۆر بە هەموو شێوەکانییەوە و پتەوکردنی تواناکانی حکومەتی سوریا بۆ روبەڕووبوونەوەی ئاڵنگارییە ئەمنییەکان لە رێگەی دامەزراوەکانی دەوڵەتەوە.
پشتیوانیکردنی هەوڵەکانی حکومەتی سوریا بۆ گواستنەوەی سیاسی و گەیشتن بە ئاشتەوایی نیشتمانی، بەتایبەتی لە باکووری رۆژهەڵاتی سوریا و سوەیدا.
میوانداریکردنی گەڕی داهاتووی راوێژکاری لە پاریس لەنێوان حکومەتی سوریا و هێزەکانی سوریای دیموکرات (هەسەدە) لە نزیکترین کاتدا، سەبارەت بە جێبەجێکردنی تەواوەتی رێککەوتنی 10ی ئازار.
پشتگیریکردن لە هەوڵەکان بۆ لێپرسینەوە لە ئەنجامدەرانی توندوتیژییەکان و پێشوازیکردن لە ئەنجامی راپۆرتە شەفافەکان، لەنێویاندا راپۆرتی ئەم دواییەی لیژنەی لێکۆڵینەوە سەبارەت بە توندوتیژییەکانی ناوچە کەنارییەکان.
دڵنیابوونەوە لەوەی کە وڵاتانی دراوسێی سوریا هەڕەشە بۆ سەر سەقامگیریی ئەو وڵاتە دروست نەکەن و لە بەرامبەردا، دووپاتکردنەوەی پابەندبوونی سوریا بەوەی نەبێتە هەڕەشە بۆ سەر دراوسێکانی، لەپێناو سەقامگیریی تەواوی ناوچەکە.
جێگری وەزیری دەرەوەی ئێران رایگەیاند، وەفدی وڵاتەکەی "گفتوگۆیەکی جددی، راشکاو و ورد"ی لەگەڵ نوێنەرانی وڵاتانی ئەوروپا (ئەڵمانیا، فەڕەنسا و بەریتانیا) لە ئیستانبوڵ ئەنجامداوە، ئەمەش لە چوارچێوەی گەڕێکی نوێی راوێژکردن لەبارەی داهاتووی رێککەوتنی ئەتۆمی.
بەرپرسە ئێرانییەکە روونیکردەوە، هەردوولا بە "بیرۆکەی دیاریکراو"ەوە هاتوونەتە کۆبوونەوەکە و لەبارەی جیاوازیەکانەوە گفتوگۆیان کردووە.
ناوبراو وتیشی: "هەڵوێستە بنەڕەتییەکانی خۆمان روونکردەوە، لەنێویاندا دژایەتیکردنی ئەوەی پێی دەوترێت میکانیزمی سەپاندنەوەی خێرای سزاکان،" کە ئاماژەیە بۆ ئەو میکانیزمەی لە چوارچێوەی ڕێککەوتنی ئەتۆمی ساڵی 2015دا هاتووە. هەروەها دووپاتیکردەوە کە هەردوولا لەسەر "بەردەوامیدان بە راوێژەکان لەمبارەیەوە" رێککەوتوون.
ئەم گفتوگۆیانە لەکاتێکدایە کە ئەوروپا هەوڵدەدات فشار بخاتە سەر تاران بۆ گەڕانەوەی بۆ دانوستانە ئەتۆمییە "جددییەکان"، بەتایبەت کە وادەی رێککەوتنە ئەتۆمییەکە بە رەسمی لە مانگی تشرینی یەکەمی داهاتوودا کۆتایی دێت.
دیپلۆماتکارێکی ئەوروپی دوای کۆبوونەوەکان رایگەیاندووە: "کات لەبەردەستدا نامێنێت،" و هۆشداریدا لەوەی کە بەردەوامبوونی ئەم دۆخە چەقبەستووە رەنگە وڵاتانی ئەوروپا ناچار بکات میکانیزمی سەپاندنەوەی سزاکانی نەتەوە یەکگرتووەکان دژی ئێران کارا بکەنەوە.
داواکارییەکانی ئەوروپا، نوێکردنەوەی دەرفەتی گەیشتنی پشکنەرانی ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆم بە دامەزراوە ئەتۆمییەکانی ئێران و پێشکەشکردنی روونکردنەوە لەبارەی چارەنووسی نزیکەی 400 کیلۆگرام یۆرانیۆمی پیتێنراو بەڕێژەی بەرز لەخۆدەگرێت، کە دوای هێرشەکەی ئەم دواییەی ئەمریکا بۆ سەر ژێرخانی ئەتۆمی ئێران، چارەنووسی نادیارە.
ئەمە یەکەم کۆبوونەوەی فەرمی نێوان ئێران و لوتکەی ئەوروپایە لەدوای ئەو ئاگربەستەی کە کۆتایی بە رووبەڕووبوونەوەی سەربازیی نێوان ئێران و ئیسرائیل هێنا. جێی باسە، تاران لە ماوەی دوو مانگی رابردوودا گفتوگۆی ناڕاستەوخۆشی لەگەڵ ویلایەتە یەکگرتووەکاندا ئەنجامداوە و بەردەوام جەخت لەوە دەکاتەوە کە پرۆگرامە ئەتۆمییەکەی تەنها بۆ مەبەستی ئاشتیخوازانەیە.
کریستین کابوت، بەڕێوەبەری سەرچاوە مرۆییەکانی کۆمپانیای تەکنەلۆژی "ئەسترۆنۆمەر"، دەستلەکارکێشانەوەی خۆی پێشکەش کرد، ئەمەش دوای ئەو "ئابڕووچوونەی" کە بەهۆی گرتەیەکی ڤیدیۆییەوە لە ئاهەنگی گرووپی میوزیکی "کۆڵدپلەی" لە بۆستن بۆی دروست بوو.
لە گرتە ڤیدیۆییەکەدا، ناوبراو لە دیمەنێکی رۆمانسیدا لەگەڵ ئاندی بایڕۆن، هاوکارەکەی دەرکەوتبوو، کە چەند رۆژێک پێشتر و بەهەمان هۆکار، دەستی لە پۆستی بەڕێوەبەری جێبەجێکاری کۆمپانیاکە کێشایەوە.
کۆمپانیای "ئەسترۆنۆمەر" لە بەیاننامەیەکی رەسمیدا پابەندبوونی خۆی بەو بەها و کەلتوورەی کە دامەزرێنەرانی دایانناوە دووپاتکردەوە و رایگەیاند: "داوا لە بەرپرسانی کۆمپانیا دەکرێت پابەندی ستانداردەکانی رەفتار و لێپرسینەوە بن، بەڵام ئەم ستانداردە لەم دواییانەدا جێبەجێ نەکراوە."
چیرۆکەکە لە کاتی ئاهەنگەکەی یاریگای "جیلیت" دەستیپێکرد، کاتێک کامێرای سەرەکی شاشەی گەورەی ئاهەنگەکە، دیمەنی پیاو و ژنێکی لە ساتێکی رۆمانسیدا گواستەوە. دەستبەجێ خانمەکە روخساری خۆی دادەپۆشێت و شوێنەکە بەجێدەهێڵێت و پیاوەکەش خۆی دەچەمێنێتەوە، ئەمەش وای لە کریس مارتن، گۆرانیبێژی سەرەکی گرووپەکە کرد بە گاڵتەوە بڵێت: "وا دیارە لە پەیوەندییەکی نهێنیدان".
گرتە ڤیدیۆییەکە بە خێرایی لە تۆڕی "تیک تۆک" بڵاوبووەوە و زیاتر لە 5.8 ملیۆن بینەری هەبوو، بەڵام دواتر بابەتەکە گۆڕا بۆ هەواڵێکی گەورە، کاتێک راپۆرتە میدیاییەکان ناسنامەی هەردوو کەسەکەیان ئاشکرا کرد کە هاوکارن و هەردووکیان هاوسەرگیرییان کردووە و لە پەیوەندییەکی نایاساییدان.
راپۆرتە میدیاییەکان ئاشکرایانکردووە، کۆبوونەوەیەکی ئاستبەرزی "دەگمەن" لەنێوان ئەسعەد شەیبانی، وەزیری دەرەوەی سوریا و رۆن دێرمەر، وەزیری کاروباری ستراتیژی ئیسرائیل لە پاریسی پایتەختی فەرەنسا و بە سەرپەرشتی تۆم باراک، نێردەی تایبەتی ئەمریکا بۆ سوریا، بەڕێوەچووە.
بەپێی "تەلەفزیۆنی سوریا"، کۆبوونەوەکە کە بۆ ماوەی 4 کاتژمێر بەردەوام بووە، دۆسیەی هەستیاری ئەمنی تایبەت بە باشووری سوریای تێدا تاوتوێ کراوە، وەک هەوڵێک بۆ کۆنترۆڵکردنی گرژییەکانی ئەم دواییە، بەتایبەت دوای پەرەسەندنی گرژییەکان لە پارێزگای سوەیدا.
لەلایەن خۆیەوە، نێردەی تایبەتی ئەمریکا لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس، کۆبوونەوەکەی پشتڕاستکردەوە و رایگەیاند، بە ئامانجی "گفتوگۆ و راگرتنی پەرەسەندنەکان" لەگەڵ "بەرپرسانی سوری و ئیسرائیلی" کۆبووەتەوە و ئاماژەی بەوەدا کە پێشکەوتنی بەرچاو بەدەستهاتووە و "هەموو لایەنەکان پابەندبوونی خۆیان بە بەردەوامیدان بەم هەوڵانە دووپاتکردەوە".
ماڵپەڕی "ئەکسیۆس"ی ئەمریکیش لە زاری سەرچاوەی ئاگاداری ئیسرائیلییەوە بڵاویکردەوە، ئامانجی کۆبوونەوەکە "گەیشتن بووە بە لێکتێگەیشتنی ئەمنی کە بەردەوامی ئاگربەست لە باشووری سوریا مسۆگەر بکات و رێگری لە دووبارەبوونەوەیروداوەکانی هەفتەی رڕابردوو بگرێت"، کە ئاماژەیە بۆ پێکدادانە تووندەکانی سوەیدا.
سەرچاوە ئیسرائیلییەکان هیوایان خواستووە کە ئەم کۆبوونەوەیە ببێتە دەرفەتێک بۆ "هەنگاوی دیپلۆماسی داهاتوو" لەنێوان دیمەشق و تەلئەبیبدا.
ئەم جووڵە دیپلۆماسییانە دوای چەند رۆژێک دێت لە پێکدادانی تووند لە پارێزگای سوەیدا لەنێوان گروپە چەکدارە ناوخۆییەکان و چەکدارانی درووزیدا، کە بە رێککەوتنێک کۆتایی هات کە تێیدا هاتنەناوەوەی دامەزراوە ئەمنی و سەربازییەکانی حکومەت و رادەستکردنی چەکی قورسی لەخۆگرتبوو، ئەمەش لەکاتێکدایە کە دەنگۆی دەستوەردانی ئیسرائیل بۆ پاراستنی پێکهاتەی درووزی لە پارێزگاکەدا بڵاوبووەوە.
پەیامنێری کوردسات نیوز رایگەیاند: وەفدێکی پارتی یەکسانی و دیموکراسیی گەلان (دەم پارتی) بۆ کۆبوونەوە لەگەڵ عـەبدوڵا ئۆجــەلان، رێبەری زیندانیکراوی پارتی کرێکارانی کوردستان (پــەکەکــە)، سەردانی ئیمڕاڵییان کردووە.
وەفدەکە پێکهاتووە لە پەروین بوڵدان، ، میتحەت سانجار و ئۆزگور ئەرۆل.
ئەم سەردانە دوای لەناوبردنی چەک دێت لەلایەن ژمارەیەک گەریلاوە.
ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆکی فەرەنسا، رایگەیاند، وڵاتەکەی بەنیازە لە مانگی ئەیلولی داهاتوودا و لە کۆبوونەوەی کۆمەڵەی گشتی نەتەوە یەکگرتووەکاندا دان بە دەوڵەتی فەڵەستیندا بنێت، بەڵام پلانەکە رووبەڕووی کاردانەوە و رەخنەی تووندی ئیسرائیل و ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا بووەوە و ئاژانسی رۆیتەرز بڵاوی کردەوە: بڕیارەکەی ماکرۆن ئیسرائیل و ئەمریکای بەتەواوی توڕەکردووە.
ماکرۆن لە پەیامێکدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس، بڕیارەکەی ئاشکرا کرد و نامەیەکی ئاراستەی مەحمود عەباس، سەرۆکی دەسەڵاتی فەڵەستین کرد و تیایدا نیازی فەرەنسای بۆ دانپێدانان بە فەڵەستین و کارکردن بۆ رازیکردنی هاوبەری دیکە دووپاتکردەوە.
سەرۆکی فەرەنسا وتی: "بە پابەندبوون بە بەڵێنی مێژوویی خۆمان بۆ ئاشتییەکی دادپەروەرانە و بەردەوام لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، بڕیارمدا فەرەنسا دان بە دەوڵەتی فەڵەستیندا بنێت."
بەم هەنگاوە، فەرەنسا دەبێتە یەکەم وڵاتی گەورەی رۆژئاوا کە دان بە دەوڵەتی فەڵەستیندا دەنێت، ئەمەش ئەگەری هەیە هانی وڵاتانی دیکەش بدات هەمان رێچکە بگرنەبەر.
کاردانەوەی تووندی ئیسرائیل و ئەمریکا
هەواڵەکە تووڕەیی ئیسرائیل و واشنتۆنی لێکەوتەوە. بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل، بڕیارەکەی بە "پاداشتکردنی تیرۆر و مەترسی دروستکردنی بریکارێکی دیکەی ئێران" ناوبرد. لە پۆستێکدا لە تۆڕی ئێکس نووسی: "دەوڵەتێکی فەڵەستینی لەم بارودۆخەدا دەبێتە سەکۆیەک بۆ لەناوبردنی ئیسرائیل، نەک بۆ ژیانکردن لە تەنیشتیەوە بە ئاشتی."
لای خۆیەوە، ئیسرائیل کاتز، وەزیری بەرگری ئیسرائیل، هەنگاوەکەی بە "شەرمەزاری و خۆبەدەستەوەدان بە تیرۆر" وەسفکرد.
لە بەرامبەردا، مارکۆ رۆبیۆ، سکرتێری دەرەوەی ئەمریکا، رایگەیاند کە ویلایەتە یەکگرتووەکان "بە تووندی پلانی ماکرۆن بۆ دانپێدانان بە دەوڵەتی فەڵەستین رەتدەکاتەوە." رۆبیۆ وتی: "ئەم بڕیارە بێباکانەیە تەنها خزمەت بە پڕوپاگەندەی حەماس دەکات و ئاشتی دوادەخات. ئەمە زلەیەکە لە روومەتی قوربانیانی حەوتیـی ئۆکتۆبەر."
ئەمە لەکاتێکدایە کە ئیسرائیل ماوەی چەند مانگێکە لۆبی دەکات بۆ رێگریکردن لەم هەنگاوە و هۆشداری داوەتە فەرەنسا کە لە ئەگەری جێبەجێکردنیدا، رەنگە هاوکارییە هەواڵگرییەکان کەمبکاتەوە و ئاستەنگ بۆ دەستپێشخەرییە هەرێمییەکانی پاریس دروست بکات.
پێشوازی فەڵەستینی و هەڵوێستی وڵاتان
حسێن شێخ، جێگری سەرۆکی دەسەڵاتی فەڵەستین، سوپاسی فەرەنسای کرد و لە تۆڕی ئێکس رایگەیاند کە بڕیارەکەی ماکرۆن رەنگدانەوەی "پابەندبوونی فەرەنسایە بە یاسا نێودەوڵەتییەکان و پشتیوانییەتی لە مافی گەلی فەڵەستین بۆ چارەی خۆنووسین و دامەزراندنی دەوڵەتی سەربەخۆمان."
پێشتریش، کەنەدا داوای لە ئیسرائیل کردبوو هەوڵی ئاشتی بدات و سەرۆک وەزیرانی ئەو وڵاتە سەرکۆنەی "شکستهێنانی ئیسرائیلی لە رێگریکردن لە کارەساتی مرۆیی خێرا لە غەززە" کردبوو و پشتیوانی خۆی بۆ چارەسەری دوو دەوڵەتی دووپاتکردبووەوە.
بەڕێوەبەرایەتی گشتی ئاو و ئاوەڕۆی هەرێم رایگەیاند، هەر هاوبەشێکی ئاو کە ئاوگرەوە (تەوافە) لەسەر تانکی ئاوەکەی نەبەستێت، دوای دووجار ئاگادارکردنەوە، بە بڕی50 هەزار دینار سزای دارایی دەدرێت.
لە راگەیەندراوێکدا کە ئەمڕۆ هەینی، 25ـی تەممووزی 2025، بڵاویکردووەتەوە، بەڕێوەبەرایەتی گشتی ئاو و ئاوەڕۆ ئاماژەی بەوەداوە، بڕیارەکە پاڵپشتە بە ماددەی حەوت لە یاسای ژمارە چواری ساڵی 2021 کە تایبەتە بە پاراستنی تۆڕەکانی ئاو و ئاوەڕۆ لە هەرێمی کوردستان.
بەڕێوەبەرایەتییەکە جەختی کردەوە، ئامانج لەم هەنگاوە رێگریکردنە لە بەفیڕۆدانی ئاو و پاراستنی تۆڕە گشتییەکان، بۆیە داوا لە سەرجەم هاوبەشان دەکات پابەندی بڕیارەکە بن بۆ ئەوەی رووبەڕووی سزای دارایی نەبنەوە.
ئەم بڕیارە لەکاتێکدایە کە بەهۆی نەبوونی ئاوگرەوە (تەوافە) لەسەر تانکی ماڵان، ساڵانە بڕێکی زۆر ئاو بەفیڕۆ دەچێت و فشار لەسەر تۆڕەکانی دابەشکردنی ئاو دروست دەکات.
وەزارەتی پەروەردەی حکومەتی هەرێمی کوردستان، بڕیاریدا بە گۆڕینی کتێبی زانستی پۆلی حەوتەمی بنەڕەتی بۆ ساڵی نوێی خوێندنی 2025-2026.
بەپێی راگەیەندراوێکی وەزارەتی پەروەردە، ئەم هەنگاوە دوای ئەوە دێت کە لە ساڵانی رابردوودا کتێبی زانستی پۆلەکانی یەکەم تا پێنجەمی بنەڕەتی گۆڕدران و پرۆسەکە بەردەوامی دەبێت.
بەپێی بڵاوکراوەکەی وەزارەتی پەروەردە، بڕیارە لە ساڵی خوێندنی 2025-2026دا قوتابیانی پۆلی حەوتەمی بنەڕەتی لە سەرجەم قوتابخانەکانی هەرێمی کوردستان، پرۆگرامی نوێی زانست بخوێنن، کە بە شێوازێکی نوێ و هاوچەرخ ئامادەکراوە.
بۆ دووەم رۆژ لەسەریەک، تایلەند و کەمبۆدیا بە چەکی قورس، ناوچە سنورییەکانی یەکتر بۆردوومان دەکەن، ئەمەش لەکاتێکدایە کە داواکارییە هەرێمی و نێودەوڵەتییەکان بۆ ئاگربەستی دەستبەجێ بەردەوامن.
بەپێی ئاژانسی هەواڵی رۆیتەرز، شەڕ و پێکدادانەکان کە بە خوێناویترینی نێوان ئەودوو وڵاتە دادەنرێت لە ماوەی دەیەی رابردوودا، تا ئێستا کوژرانی لانیکەم 16 کەسی لێکەوتووەتەوە.
سوپای تایلەند رایگەیاندووە، پێکدادانەکان بەرەبەیانی ئەمڕۆ هەینی لە پارێزگاکانی "ئوبۆن راتچاتانی" و "سورین" دەستیانپێکردووەتەوە و هێزەکانی کەمبۆدیا تۆپخانە و سیستەمی مووشەکی BM-21 ی روسییان بەکارهێناوە.
بەرپرسانی تایلەند ئاماژەیان بەوەشکردووە کە 100هەزار هاووڵاتییان لە ناوچەکانی شەڕەوە بۆ شوێنی ئارام گواستووەتەوە.
سوپای تایلەند لە راگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە: "هێزەکانی کەمبۆدیا بە چەکی قورس و تۆپخانەی مەیدانی و سیستەمی مووشەکی BM-21 بۆردوومانێکی بەردەوامیان ئەنجامداوە." "هێزەکانی تایلەندیش بە شێوەیەکی گونجاو وەڵامیان داوەتەوە بەپێی دۆخی تاکتیکی."
هەردوو وڵات یەکتر بە دەستپێکردنی شەڕەکە لە رۆژی پێنجشەممەدا تۆمەتبار دەکەن، کە لە ناوچەیەکی سنووریی جێناکۆکدا و بە خێرایی لە شەڕە تەقەی سووکەوە بۆ تۆپبارانی قورس لە لانیکەم شەش ناوچەی جیاوازدا پەرەی سەند.
وەزارەتی تەندروستیی تایلەند بڵاویکردەوە، تا بەرەبەیانی ئەمڕۆ هەینی، ژمارەی کوژراوان گەیشتووەتە 15 کەس، کە 14 یان هاووڵاتیی مەدەنین، هەروەها 46 کەسی دیکەش برینداربوون کە 15 یان سەربازن. لە بەرامبەردا، بەرپرسێکی ناوخۆیی لە پارێزگای ئۆدار مینچی کەمبۆدیا رایگەیاندووە کە لەلای ئەوان هاووڵاتییەک کوژراوە و پێنجی دیکە برینداربوون و 1500 خێزانیش ئاوارە بوون.
گرژییەکانی نێوان هەردوو وڵات چەند کاتژمێرێک دوای ئەوە هات کە تایلەند رۆژی چوارشەممە باڵیۆزی خۆی لە کەمبۆدیا بانگکردەوە و باڵیۆزی ئەو وڵاتەشی دەرکرد، ئەمەش وەک وەڵامێک بۆ برینداربوونی سەربازێکی دیکەی تایلەندی بەهۆی مینێکەوە کە بانگەشەی ئەوە دەکرێت لەلایەن هێزەکانی کەمبۆدیاوە چێنرابێت، بەڵام کەمبۆدیا ئەو تۆمەتانە رەتدەکاتەوە.
لەبەرامبەر پەرەسەندنەکاندا، ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، کە هاوپەیمانێکی دێرینی تایلەندە، داوای "راگرتنی دەستبەجێی دوژمنایەتییەکان و پاراستنی هاووڵاتیانی مەدەنی و چارەسەری ئاشتیانە"ی کرد.
هەروەها، ئەنوەر ئیبراهیم، سەرۆک وەزیرانی مالیزیا و سەرۆکی ئێستای کۆمەڵەی نەتەوەکانی باشووری رۆژهەڵاتی ئاسیا (ئاسیان)، رایگەیاند کە قسەی لەگەڵ سەرکردەکانی هەردوو وڵاتدا کردووە و هانیداون بۆ دۆزینەوەی رێگەچارەیەکی ئاشتیانە.
ئەمڕۆ هەینی، لە ویلایەتی راجستانی رۆژئاوای هیندستان و لە ئەنجامی روخانی سەقفی بینای قوتابخانەیەکدا، لانیکەم چوار منداڵ گیانیانلەدەستدا و 17ـی دیکەش برینداربوون.
بەپێی زانیارییەکانی میدیاکانی ناوخۆی هیندستان، روداوەکە لە گوندی پیپلۆدی لە ناوچەی جەلاوار رویداوە و هێشتا ژمارەیەک قوتابی لەژێر داروپەردووی بینا رووخاوەکەدا گیریانخواردووە.
ئەفسەرێکی پۆلیسی ناوچەکە کە نەیویستووە ناوی ئاشکرا بکرێت، بە ئاژانسی رۆیتەرزی راگەیاندووە، بینای قوتابخانەکە کۆن بووە و ئەگەری هەیە هۆکاری روخانەکە بۆ بارانبارینی بەخوڕی ئەم دواییانەی ناوچەکە بگەڕێتەوە.
مادان دیلاوار، وەزیری پەروەردەی راجستان، بە کەناڵی "ئاج تاک"ی هیندی وتووە: "کاتێک سەقفەکە دوای نوێژی بەیانی روخا، 25 بۆ 30 منداڵ لە پۆلەکەدا بوون."
بەپێی ڕاپۆرتە خۆجێییەکان، تا ئێستا ٣٢ قوتابی بە سەلامەتی رزگارکراون و هەوڵەکانی فریاگوزاریش بەردەوامن.
لەلایەن خۆیەوە، باجانلال شارما، سەرۆک وەزیرانی ویلایەتی راجستان، لە پەیامێکدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس رایگەیاند: "رێنمایی پێویست بە لایەنە پەیوەندیدارەکان دراوە بۆ دڵنیابوون لە پێشکەشکردنی چارەسەری گونجاو بۆ منداڵە برینداربووەکان."
ئاژانسی هەواڵی "پی تی ئای" لە زاری ئەفسەرێکی پۆلیسی ناوچەکەوە بەناوی ئەمیت کومار بڵاویکردەوە کە باری تەندروستی هەندێک لە منداڵە برینداربووەکان ناجێگیرە.
دیمەنی شوێنی روداوەکە:
ئیمانوێل ماکرۆن سەرۆک کۆماری فەرەنسا،، ئەمڕۆ پێنجشەممە رایگەیاند کە وڵاتەکەی لە میانی کۆبوونەوەکانی کۆمەڵەی گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان لە مانگی ئەیلولی داهاتوودا بە رەسمی دان بە دەوڵەتی فەڵەستیندا دەنێت، هیوایشی خواست ئەم هەنگاوە ببێتە هۆی بەهێزکردنی دەرفەتەکانی ئاشتی لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا.
ماکرۆن لە پەیامێکی رەسمیدا کە ئاڕاستەی سەرۆکی دەسەڵاتی فەڵەستینی، مەحمود عەباسی کردووە و لە تۆڕی کۆمەڵایەتی "ئێکس" بڵاویکردووەتەوە، جەختی لەوە کردەوە بەم هەنگاوە، فەرەنسا دەبێتە یەکەم هێزی گەورەی رۆژئاوایی کە بە رەسمی دان بە دەوڵەتی فەڵەستیندا دەنێت.
سەرۆکی فەرەنسا لە پۆستەکەیدا لەسەر پلاتفۆرمەکانی "ئێکس" و "ئینستاگرام" نووسیویەتی: "وەک وەفایەک بۆ پابەندبوونی مێژوویی فەرەنسا بە ئاشتییەکی دادپەروەرانە و بەردەوام لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، بڕیارمدا کە فەرەنسا دان بە دەوڵەتی فەڵەستیندا بنێت. ئەم بڕیارە بە رەسمی لە کۆمەڵەی گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان لە مانگی نۆدا رادەگەیەنم".
ماکرۆن ئاماژەی بەوەداوە: "ئەرکی بەپەلەی ئێستا راگرتنی شەڕە لە غەززە و گەیاندنی هاوکاری مرۆیی بە دانیشتووانە مەدەنییەکەی کەرتی غەززە. بۆ بەدیهێنانی پێویستە دەستبەجێ ئاگربەست ڕابگەیەنرێت، سەرجەم بارمتەکان ئازاد بکرێن، و هاوکاری مرۆیی بەرفراوان پێشکەش بە خەڵکی غەززە بکرێت. هەروەها، پێویستە کار بۆ چەککردنی حەماس و دابینکردنی ئاسایش و ئاوەدانکردنەوەی کەرتەکە بکرێت".
سەرۆکی فەرەنسا دووپاتیکردەوە کە پێویستە هاوکات کار بۆ بنیاتنانی دەوڵەتی فەڵەستین و زامنکردنی مانەوەی بکرێت، و توانای ئەوەی پێبدرێت کە بەشداری بکات لە ئاسایشی هەموو لایەنەکانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، ئەمەش لە رێگەی قبوڵکردنی چەک داماڵین و دانپێدانانی تەواو بە دەوڵەتی ئیسرائیلدا.
ماکرۆن جەختی لەوە کردەوە کە "هیچ بەدیلێک بۆ ئەم هەنگاوە نییە" و بەدیهێنانی ئەم ئامانجە بەرپرسیارێتییەکی هاوبەشی نێوان فەرەنسا و ئیسرائیل و فەڵەستینییەکانە، بە هاوکاری لەگەڵ هاوبەشە ئەوروپی و نێودەوڵەتییەکان.
لە کۆتایی پەیامەکەیدا، ماکرۆن وتی: "بە پشتبەستن بەو بەڵێنانەی کە لە سەرۆکی دەسەڵاتی فەڵەستینەوە وەرمگرتووە، لە پەیامێکدا پێداگری خۆمم لەسەر چوونەپێشەوە لەم هەنگاوەدا بۆ دووپاتکردەوە. بە متمانە و ڕوونی و پابەندبوون، ئاشتی بەدیدەهێنین".
لە کاتێکدا قەیرانێکی مرۆیی کەرتی غەززەی گەیاندووەتە لێواری کارەسات، کیر ستارمەر، سەرۆک وەزیرانی بەریتانیا، بێدەنگییەکەی شکاند و رایگەیاند کە رۆژی دواتر لەگەڵ سەرکردەکانی جیهان لەسەر ئەم پرسە قسە دەکات.
ئەمڕۆ، هاوکات لەگەڵ هۆشداریی رێکخراوی تەندروستیی جیهانی (WHO) سەبارەت بە "برسێتی بەکۆمەڵی دەستکرد" لە غەززە، کیر ستارمەر لەبارەی ئەو دۆخەوە وتی. بڵاوبوونەوەی وێنەی منداڵانی لاواز و بەدخۆراکی کەرتی غەززە لەم هەفتەیەدا، ویژدانی بەریتانی و جیهانی هەژاند، و دیمەنەکان وەک "گەردەلوولی بەدبەختی مرۆیی" وەسف کران، کە تێیدا ئازار و برسێتی گەیشتووەتە ئاستێکی پێشتر نەبینراو.
بەپێی ئامارەکان، ئەمساڵ لانیکەم21 منداڵ لە غەززە بەهۆی بەدخۆراکییەوە گیانیان لەدەستداوە، کە لەو ژمارەیە 12 منداڵیان تەنها لە هەفتەی رابردوودا بووە.
بافڵ جەلال تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە دەباشان پێشوازی لە مەحموود سەنگاوی تێکۆشەری دیاری کوردستان و یەکێتی کرد.
لە دیدارێکدا بافڵ جەلال تاڵەبانی رۆڵ و خەباتی مەحموود سەنگاوی لە شۆڕش و خەباتی رزگاریخوازیی گەلەکەمان بەرزنرخاند کە وەک فەرماندە و سەرکردەیەکی وەفادار هەمیشە دڵسۆزانە خزمەتی گەلەکەی کردووە.
لای خۆشیەوە؛ مەحموود سەنگاوی سوپاسی سەرۆکی یەکێتیی کرد بۆ خەمخۆری و پەرۆشی بۆ بەهێزکردنی ریزەکانی یەکێتی و لایەنە کوردییەکان و جەختی کردەوە، هەمیشە پێشمەرگەی کوردستان و یەکێتی دەبێت بۆ پاراستنی رێبازەکەی سەرۆک مام جەلال.
ئێوارەی ئەمڕۆ لە قەزای تەقتەق، لە ئەنجامی رووداوێکی تەقەکردندا کارمەندێکی تەندروستی کوژرا و هاووڵاتییەکی دیکەش بریندار بوو.
بەپێی زانیارییە سەرەتاییەکان، نزیکەی کاتژمێرێک پێش ئێستا، کەسێکی نەناسراو دەستڕێژی گولـلەی لە تاقیگەیەکی پزیشکی لە قەزاکە کردووە و پاشان هەڵاتووە.
ئاسۆ مستەفا قائیمقامی تەقتەق بە کوردسات نیوزی راگەیاند؛ لە ئەنجامی تەقەکردنەکەدا، کارمەندێکی تاقیگەکە بە ناوی (هاوکار رەحمان) گیانی لەدەستداوە. هەروەها، نەخۆشێک کە لە نزیک شوێنی رووداوەکە بووە، بە ناوی (شوان تالیب)، دوو گولـلەی بەرکەوتووە و بریندار بووە.
هێزە ئەمنییەکان گەیشتوونەتە شوێنی رووداوەکە و دەستیان بە لێکۆڵینەوەی ورد کردووە بۆ ئاشکراکردنی ناسنامەی تەقەکەرەکە و هۆکاری پشت رووداوەکە، کە تا ئێستا بە نادیاری ماوەتەوە.