شاناز ئیبراهیم ئەحمەد خانمی یەکەمی عیراق لە بارەی دەستگیرکردنی عەجاج ئەحمەد حەردان راگەیەنراوێکی بڵاوکردەوە و داوا لە کەسوکاری ئەنفالکراوان دەکات سکاڵای یاسای لەسەر تۆمار بکەن.
دەقی راگەیەنراوەکە.....
"هەمیشە پشتیوانی کەسوکاری شەهیدان و قوربانیانی ئەنفال بووم ، وەک بەڵێنم پێدان هەوڵی بەدیهێنانی دادپەروەری بدەین هەرچەند بخایەنێت، لێپرسینەوە لەوانەش بکرێت کە دەستی چەپەڵیان بەخوێنی ژنان و منداڵانی بێتاوانمان سوورە.
دواجار توانیمان شوێنی عجاج ئەحمەد حەردان دیاری بکەین کە یەکێک بوو لەو جەلادە دڕندانەی زیندانی نوگرە سەلمان لەقوڵایی بیابانی سەماوە لە پارێزگای موسەنا، دەستگیربکەین. ئەو زیندانەی هەزاران ژن و منداڵ و پیر تێیدا ئەشکەنجە دران و برسی کران و بە بێدەنگی خرانە ژێر خاکەوە.
عەجاج بە مامەڵەی دڕندانە و دژ بە مرۆڤایەتی و ئەو ترس و تۆقاندنە ناسراو بوو کە لەگەڵ شەهیدانی ئەنفالکراو بەکاری دەهێنا. وا لەدوای 37 ساڵ چیتر ئەم تاوانبارە ئازاد نییە و دەستبەسەرە.
داوا لەهەموو زیندانیەکانی ڕابردوو، خێزانی قوربانیانی ئەنفال، کەسوکاری بێ سەروشوێنبوان ئەکەم سکاڵای یاسایی تۆمار بکەن و گەواهی بدەن تا دادپەروەری فەراهەم بێت و ئەم تاوانبارە خوێنمژە لەسەر تاوانەکانی دەرهەق بەگەلەکەمان، لێپرسینەوەی لەگەڵ بکرێت.
بەوپەڕی توانامەوە بەرگری لەم دۆسییە مرۆیی و مێژوویی و نیشتمانییە دەکەم. هەرگیز کۆڵنادەم لە یادکردنەوەی شەهیدانمان. بەردەوام دەبم لە تێکۆشان لەپێناو راستی و دادپەروەری".