سەرچاوەیەکی تایبەت لە نێو کۆبوونەوەی ئەنجومەنی وەزیرانی عیراقەوە بە پەیامنێری کوردسات نیوزی راگەیاند، حکومەتی عیراق ڕازی بووە بە خەرجکردنی مووچەی مانگی شەشی موچەخۆرانی هەرێمی کوردستان، بەڵام بە دانانی دوو مەرجی سەرەکی.
بێستون سەلام، پەیامنێری کوردسات نیوز لە بەغداد، ئەم زانیارییەی پشتڕاستکردەوە و وردەکاری مەرجەکانی ئاشکرا کرد، کە بریتین لە:
چارەسەرکردنی گرفتەکان لە 72سەعاتدا: پێویستە وەفدەکەی حکومەتی هەرێم لە ماوەی 72 سەعاتی داهاتوودا سەرجەم گرفتەکانی لەگەڵ بەغداد لەبارەی داهاتە نانەوتییەکان و کێشەی کۆمپانیا نەوتییەکان چارەسەر بکات.
ڕادەستکردنی 120 ملیار دینار: پێویستە حکومەتی هەرێمی کوردستان لەم ماوە کەمەدا بڕی 120 ملیار دینار رادەستی وەزارەتی دارایی عێراق بکات.
وەزارەتی رۆشنبیری و لاوانی حکومەتی هەرێمی کوردستان، ئەمڕۆ، رونکردنەوەیەکی سەبارەت بە پرسی کتێبخانە و دەستنووسەکانی مامۆستا و نووسەری کۆچکردوو عەزیز گەردی بڵاوکردەوە، تیایدا جەختی لە هەوڵەکانی حکومەت کردەوە بۆ پاراستنی سامانی کولتووری ئەو نووسەرە گەورەیە.
بەپێی رونکردنەوەکە، وەزارەتی رۆشنبیری و لاوان، لە ساتی کۆچی دوایی مامۆستا عەزیز گەردییەوە، هەوڵەکانی خستووەتە گەڕ بۆ پاراستنی بەرهەمەکان و شایستەی ئەو بەخششە گەورەیە بێت کە مامۆستای کۆچکردوو ژیانی بۆ تەرخان کردبوو لە پێناو خزمەتکردنی وشە و کتێبخانەی کوردی.
وەزارەتی رۆشنبیری راشیگەیاند، نووسینگەی سەرۆکی حکومەت و وەزارەتەکە ئامادەیی خۆیان دەربڕیوە بۆ کڕینەوەی سەرجەم سامانی کولتووری مامۆستا و کردنەوەی کتێبخانە و مۆزەخانەیەکی تایبەت بە یادگارییەکانی. هەروەها، پێشنیازیان خستووەتەڕوو بۆ میراتگرەکان کە ماڵەکەی مامۆستای کۆچکردوو بکڕنەوە و چەند ئەندامێکی بنەماڵەکە وەک فەرمانبەری حکومەت لە کتێبخانە و مۆزەخانەکەیدا دابمەزرێن.
وەزارەت ئاماژەی بەوەداوە کە بەهۆی "راجیایی" میراتگرەکانەوە، ئەوان رێگەیەکی دیکەیان هەڵبژاردووە. سەرەڕای ئەمەش، وەزارەت وەک حکومەت، بە هاوکاری نووسینگەی سەرۆکی حکومەت، لەسەر هێڵن بۆ ئەوەی میراتی رۆشنبیری و کولتووری و دەستنووسەکانی مامۆستای کۆچکردوو وەک "موڵکی گشتی" سەیر بکرێن و مافی خاوەندارێتی ئەو بەرهەمانە هەر لەسەر ناوی مامۆستا عەزیز گەردی بپارێزرێن. حکومەت بەوپەڕی بایەخەوە کار دەکات بۆ وەرگرتنی مافی بەدەستهێنانی رەزامەندی لەسەر پاراستن و چاپکردن و بڵاوکردنەوەیان لە پێناو سوودی گشتی.
لە کۆتایی رونکردنەوەکەدا، وەزارەتی رۆشنبیری و لاوان داواکارییەک ئاراستەی میراتگرە بەڕێزەکان دەکات کە لە ئاست "بەرپرسیارێتی نیشتمانی و نەتەوەیی"دا بەدەم بانگەوازەکەیانەوە بێن بۆ ئەوەی گیانی مامۆستای کۆچکردوو بە چاپکردنی دەستنووس و بەرهەمەکانی شاد بێت و مافی میراتگرەکانیش پارێزراو بێت.ر
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، رۆژی سێشەممە جەختی لەوە کردەوە کە نایەوێت کات بەفیڕۆ بدات و تەنها دەیەوێت کۆتایی بە شەڕی ئۆکراین بهێنێت.
دوای یەک رۆژ لە کۆبوونەوەی لەگەڵ ڤلادیمێر زێلێنسکی، سەرۆکی ئۆکراین، و سەرکردە ئەوروپییەکان، ترەمپ رایگەیاند: "جۆرێک لە گەرەنتی ئەمنی بۆ ئۆکراتن دەبێت، بەڵام لە رێگەی ناتۆوە نابێت."
هەروەها ترەمپ رایگەیاند کە نیازی ڤلادیمیر پوتن، سەرۆکی روسیا، سەبارەت بەم شەڕە لە چەند هەفتەی داهاتوودا ئاشکرا دەبێت و وتی: "چاوەڕوانی وەڵامی ئەرێنیم هەیە لە پوتنەوە، ئەگەرنا رەوشەکە لەمەی ئێستا قورستر دەبێت."
خاڵە مشتومڕاوییەکانی دەستپێشخەرییەکەی ترەمپ:
یەکێک لە خاڵە هەرە مشتومڕاوییەکانی دەستپێشخەرییەکەی ترەمپ، بیرۆکەی "ئاڵوگۆڕی خاک"ە. بەپێی ئەم بیرۆکەیە، سنوورەکانی نێوان روسیا و ئۆکراین بە شێوەیەک دەستکاری دەکرێن کە هەردوو لا رازی بکات.
بە گوێرەی سەرچاوە ئاگادارەکان، پوتن هەوڵدەدات دەستکەوتی جوگرافی لە ناوچەی پیشەسازیی دۆنباس بەدەستبهێنێت، لە بەرامبەر وازهێنان لەو ناوچانەی کە گرنگییەکی کەمتریان هەیە.
سەرەڕای هەوڵەکان، داهاتووی ئەم دەستپێشخەرییە هێشتا ناڕوونە. شارەزایان پێیان وایە کە ستراتیژییەکەی ترەمپ رەنگە بەهۆی ناکۆکییە ناوخۆییەکانیەوە شکستهێنێت، چونکە ترەمپ هەوڵدەدات لە یەک کاتدا هەم مۆسکۆ و هەم کیێڤ ڕازی بکات، لە کاتێکدا بەڵێنی ناڕوون بە هاوپەیمانە ئەوروپییەکانی دەدات، بێ ئەوەی ڕوونی بکاتەوە چۆن هاوسەنگییەکی هەمیشەیی دروست دەکات.
هاوکات لەگەڵ چڕبوونەوەی بۆردومانەکانی ئیسرائیل بۆ سەر شاری غەززە، بزووتنەوەی حەماس رەزامەندیی لەسەر پێشنیازێکی نوێی ئاگربەست نیشانداوە کە لەلایەن میسر و قەتەرەوە پێشکەشکراوە.
دوێنێ دووشەممە، سەرچاوەیەکی رەسمی لە میسر هەواڵەکەی پشتڕاستکردەوە و دواتر باسم نەعیم، یەکێک لە سەرکردەکانی حەماس، لە پەیجی خۆی لە فەیسبووک نووسی: "بزووتنەوەکە وەڵامی خۆی بە رەزامەندی لەسەر پێشنیازی نوێی نێوەندگیرەکان پێشکەش کرد." هەروەها حەماس ئاماژەی بەوەشکردووە کە لایەنە فەلەستینییەکانی دیکەش رەزامەندیی خۆیان بە نێوەندگیرەکان راگەیاندووە.
تا ئێستا هیچ وەڵامێکی رەسمی لەلایەن ئیسرائیلەوە لەسەر ئەم پێشنیازە نەدراوە، بەڵام بەرپرسێکی ئیسرائیلی بە ئاژانسی رۆیتەرزی راگەیاندووە کە پێشنیازەکەیان بەدەست گەیشتووە.
ناوەرۆکی پێشنیازەکە چییە؟
پێشنیازە نوێیەکە، کە لەلایەن میسر و قەتەرەوە کاری نێوەندگیری بۆ کراوە، لە چەند خاڵێکی سەرەکی پێکدێت و تا رادەیەکی زۆر هاوشێوەی ئەو پێشنیازەیە کە مانگێک لەمەوبەر لەلایەن نێردەی ئەمریکا ستیڤ ویتکۆفەوە پێشکەش کرا. گرنگترین خاڵەکانی بریتیین لە:
ئاگربەستی ٦٠ رۆژە: ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکان بۆماوەی 60 رۆژ رادەگیرێن، لەگەڵ کردنەوەی رێڕەوێک بۆ گەیشتن بە رێککەوتنێکی گشتگیر بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگ.
ئاڵوگۆڕی دیلەکان: لە قۆناغی یەکەمدا، نیوەی دیلەکانی ئیسرائیل کە لە ژیاندان لەگەڵ ژمارەیەک تەرم ئازاد دەکرێن. قۆناغی دووەم ئازادکردنی نیوەکەی دیکەی دیلەکان لەخۆدەگرێت. لە بەرامبەردا، سەدان دیلی فەلەستینی لە زیندانەکانی ئیسرائیل ئازاد دەکرێن.
هاوکارییە مرۆییەکان: رێگە بە چوونەژوورەوەی هاوکارییە مرۆییەکان بۆ کەرتی غەززە دەدرێت و میکانیزمی دابەشکردنی هاوکارییەکان لە رێگەی رێکخراوەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان و مانگی سوورەوە دەگەڕێندرێتەوە.
کشانەوەی هێزەکانی ئیسرائیل: پێشنیازەکە باس لە "دووبارە بڵاوەپێکردنەوەی سەربازیی هێزەکانی ئیسرائیل" دەکات، بەڵام وردەکاریی زیاتری لەسەر شێوازی کشانەوەکە و ناوچەکان روون نەکراوەتەوە، ئەمەش لە کاتێکدایە کە ئیسرائیل نزیکەی %75ی کەرتەکەی کۆنترۆڵکردووە.
ئەم پێشهاتانە لە کاتێکدایە کە ئیسرائیل لەم مانگەدا پلانی خۆی بۆ کۆنترۆڵکردنی شاری غەززە پەسەند کرد، بەڵام بەرپرسان ئاماژەیان بەوە کردووە کە دەستپێکردنی ئۆپەراسیۆنەکە پێویستی بە چەند هەفتەیەک دەبێت، ئەمەش دەرفەتێک بۆ دانوستانەکانی ئاگربەست دەهێڵێتەوە.
هاوکات، دۆخی مرۆیی لە کەرتی غەززە بەهۆی کەمیی هاوکارییە خۆراکییەکانەوە گەیشتووەتە ئاستێکی مەترسیدار. وەزارەتی تەندروستی لە غەززە Rایگەیاند کە ژمارەی قوربانیانی برسێتی و بەدخۆراکی بۆ 266کەس بەرزبووەتەوە، کە 112 کەسیان منداڵن.
پەیامنێری کوردسات نیوز رایگەیاند، ئەمڕۆ لە هەولێر رۆژنامەنوس شێروان شێروانی دادگایی کرا و تیایدا بە چوار ساڵ و شەش مانگ زیندانیکردن سزادرا.
ئەمڕۆ لە دادگای بنەسڵاوە لە هەولێر، بۆ جارێکی دیکە دادگاییکردنی رۆژنامەنوس شێروان شێروانی بەرێوەچوو، کە تیایدا دادگا بە چوار ساڵ و پێنج مانگ سزادرایەوە.
محەمەد عەبدوڵا پارێزەر لە تیمی دۆسیەی شێروان شێروانی رایگەیاند، "وەک ئەوەی پێشتر بڕیاری لێدرابێت، دادگا ئەم سزایەی بەسەردا سەپاندووە"، وتیشی "دەبێت دادگای پێداچوونەوە بڕیارەکە هەڵبوەشێنێتەوە".
وتیشی، بڕیاری سزادانی شێروان شێروانی بە زیندانیکردنی بۆ ماوەی چوار ساڵ و پێنج مانگ پێچەوانەی یاسایە و دۆسیەکە بە سیاسی کراوە.
شێروان شێروانی لە ئۆکتۆبەری 2020 لەگەڵ چەند رۆژنامەنووس و چالاكوانێكی دیکەی بادینان دەسگیرکران و لە 16ـی شوباتی 2021 بەتۆمەتی "تێکدانی ئاسایشی نیشتمانی" بە شەش ساڵ زیندانیکردن سزادران، دواتر لە شوباتی 2022 پاش ناڕەزایەتی و کاردانەوەكان سزاکانیان بەڕێژەی سەدا 50 تا سەدا 60 کەمکرایەوە.
ئەیلولی 2023 ماوەی سزاکەی شێروان تەواودەبوو، بەڵام دۆسییەیەکی تازە ئەوی لە زیندان هێشتەوە و لە 26ـی 10ـی 2023 سزاكەی لە چوار ساڵەوە بۆ دوو ساڵ کەمکرایەوە.
کۆبونەوەی وەفدی باڵای حکومەتی هەرێمی کوردستان لەگەڵ لیژنە وزارییەکەی حکومەتی عیراق لە نێو باڵەخانەی وەزارەتی پلاندانانی عیراق دەستیپێکرد.
بەپێی زانیارییەکانی کوردسات نیوز، لە نێو وەفدە باڵاکەی هەرێم، وەزیری سامانە سروشتییەکان و نوێنەری چاودێری دارایی هەرێم و بەڕێوەبەری بانکی منارە و چەند بەڕێوەبەرێکی گشتی تێدایە و لە ئێستادا لەگەڵ لیژنە وزارییەکەی حکومەتی عیراق، گفتوگۆ لەسەر داهاتە نانەوتییەکان دەکەن.
زانیارییەکان باس لەوەدەکەن، گفتوگۆ لەسەر ئەو کۆنوسەش دەکرێت کە پێشتر بە هاوبەشی لە نێوان هەردوو وەزارەتی دارایی هەرێم و عیراق و دیوانی چاودێری دارایی هەردولا ئامادەکرا.
هەموو هەوڵەکانیش بۆ ئەوەیە، لە کۆبونەوەی ئەمڕۆی ئەنجومەنی وەزیرانی عیراق، کۆنوسەکە ئامادە بکرێت و بخرێتە بەردەم محەمەد شیاع سودانی سەرۆ وەزیرانی عیراق.
هەرچەندە لە خشتەی کارنامەی دانیشتنەکەی ئەمڕۆدا دیاری نەکراوە، بەڵام بڕیارە لە کۆتایی کۆبونەوەکەدا پرسی مووچە و نەوتی هەرێم بخرێتە روو.
ڤلادیمێر زێلێنسکی سەرۆکی ئۆکراین، دووشەممە لە واشنتن بە رۆژنامەنووسانی راگەیاند، کە بەبێ دانانی هیچ مەرجێک ئامادەیە بۆ کۆبوونەوە لەگەڵ ڤلادیمیر پوتن، سەرۆکی روسیا.
زێلێنسکی، دوای کۆبوونەوەیەک لەگەڵ دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، و ژمارەیەک سەرکردەی ئەوروپی، ئاماژەی بەوەدا کە داواکارییەکانی پێشووی مۆسکۆ بۆ ئاگربەست تەنها بووەتە هۆی سەرهەڵدانی مەرجی نوێ.
سەرۆکی ئۆکراین رونیشی کردەوە: "ئێمە ئامادەین بۆ هەر جۆرە شێوازێک"، بەڵام جەختی کردەوە کە ئەمە دەبێت لەسەر ئاستی سەرکردەکان بێت.
زێلێنسکی وتیشی، "دەبێت هەرچییەک روبدات" لەگەڵ پوتن کۆببێتەوە و لەو خاڵەوە دەست بە کارکردن بکەن بۆ چۆنیەتی کۆتاییهێنان بە ململانێکە.
هەروەها جەختی لەوە کردەوە کە ئەگەر کێڤ مەرجێکی هەبێت ئەوا لە بەرانبەردا مۆسکۆ 100داواکاری پێشکەش دەکات و بەمجۆرە دانوستانەکان شکست دەهێنێت.
بە هاوكاری هێزی ئاسمانی و وشكانی سوپای ئیسرائیل بەرەو دەروازەی غەززە پێشڕەوی دەكات.
راپۆرتە هەواڵییەكانی ئیسرائیل بڵاویانكردەوە، سوپای ئیسرائیل بە پشتیوانی تانك و زرێپۆش و هاوكاری ئاسمانی، بەرەو گەڕەكی "سەبرە" لە دەروازەی شاری غەززە پێشڕەوی كردووە.
ئیال زامیر سەرۆك ئەركانی ئیسرائیل رایگەیاندووە، سوپاكەیان هەڵمەتێكی سەربازی فرە رەهەند ئەنجام دەدات، جەنگی غەززەش بە خاڵێكی وەرچەرخاندا تێدەپەڕێت.
ئەو پێشهاتە لەكاتێكدایە، رۆژنامەی "ئیسرائیل هیوم" بڵاویكردەوە، سوپای ئیسرائیل ئەمڕۆ پێشنیازێك پێشكەشی وەزیری بەرگری دەكات بۆ داگیركردنی غەززە.
بەپێی رۆژنامەكە، "سوپای ئیسرائیل 100 بۆ 130 هەزار سەربازی یەدەگ دەهێنێت، بۆ ئەوەی شوێنی هێزە رەسمییەكان بگرنەوە لە چەند شوێنێكی كەرتەكەدا".
راشیگەیاند، كۆنترۆڵكردنی غەززە و گەمارۆدانی بە بەكارهێنانی سێ بۆ چوار فرقە دەبێت، سوپاش چالاكییەكانی لە دەوروبەری شارەكە و گەڕەكی زەیتون زیاد دەكات.
دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا نەخشەیەکی گەورەی لە "ئۆفیسی ئۆڤاڵ" پیشانی ڤۆلۆدیمیر زێلێنسکی هاوتا ئۆکراینییەکەیدا، تیایدا ئەو خاکانە دەردەکەوێت کە روسیا دەستی بەسەردا گرتووە لە ئۆکرانیا.
سەرچاوە ئاگادارەکان باسیان لەوە کردووە، "پێش ئەوەی بەرەو کۆبوونەوەی فرەلایەنە لەگەڵ سەرکردەکانی ئەوروپا لە کۆشکی سپی بڕۆن، ترەمپ و زێلینسکی گفتوگۆیەکی درێژخایەنیان سەبارەت بەو نەخشەیە کردووە کە ناوی "نەخشەی ململانێی روسیا و ئۆکراین" بووە.
رۆژنامەی "کیێڤ پۆستی ئۆکراین"ی رونیکردەوە، لەنەخشەکەدا بەشی رۆژهەڵات کە بە رەنگی پەمەیی ئاماژەی پێدراوە تیایدا نزیکەی لەسەدا 20ی خاکی وڵاتەکەی لە ژێر کۆنترۆڵی روسیادا نیشان دەدات.
ئاماژەی بەوەشکردووە، پێشکەشکردنی نەخشەکە " وەک ئامڕازێک بووە بۆ ئەوەی ترەمپ فشار بخاتە سەر زێلێنسکی بۆ ئەوەی بە بنەمای خاک بۆ ئاشتیدا بچێتەوە".
زێلێنسکی کۆمێنتێکی لەسەر نەخشەکە کرد و بە میدیاکانی راگەیاند، "هەندێک لە وردەکارییەکانی مەیدانی شەڕی لەسەر نەخشەکە نیشانی ترەمپ داوە و گفتوگۆیەکی دوورودرێژیان لەگەڵ سەرۆکی ئەمریکا سەبارەت بەو نەخشەیە کردووە.
رونیکردەوە، "من لەسەر نەخشەکە مشتومڕم لەسەر رێژەکە کردووە، چونکە ئەم ڕێژەیە زۆر باش دەزانم".
پۆلیسی فەرەنسا رایگەیاند، تەرمی دوو کۆچبەر لە دوو رووداوی جیادا لە باکووری ئەو وڵاتە دۆزراونەتەوە، کە یەکێکیان کۆتایی بە ژیانی خۆی هێناوە و ئەوی دیکەیان خنکاوە.
بەپێی راپۆرتی پۆلیس، دوێنێ یەکشەممە، تەرمی کۆچبەرێک لە دارستانی دانکریک دۆزراوەتەوە. لێکۆڵینەوە سەرەتاییەکان دەریدەخەن کە ئەو کۆچبەرە خۆی کوشتووە، بەڵام تا ئێستا ناسنامە و هۆکاری روداوەکە نەزانراوە.
هاوکات، تەرمی کۆچبەرێکی دیکە لە نزیک کەناراوەکانی شاری کاليه دۆزرایەوە، کە پێدەچێت لە هەوڵی پەڕینەوەدا خنکابێت.
لەلایەن خۆیەوە، کۆمەڵەی "یۆتۆپیا 56" کە کار بۆ مافی کۆچبەران دەکات، ئاماژەی بەوەدا کە بارودۆخی ژیانی کۆچبەران لە فەرەنسا زۆر سەخت و دژوارە و پێدەچێت ئەمە پاڵنەر بووبێت بۆ خۆکوشتنی ئەو کۆچبەرە.
ڤلادیمێر زیلینسکی، سەرۆکی ئۆکراین، لە پۆستێکدا لە پلاتفۆرمی "ئێکس"، هێرشەکانی ئەم دواییەی روسیای بۆ سەر چەندین شاری ئۆکراین بە "لێدانی نمایشکارانە و گاڵتەجاڕانە" وەسف کرد، کە تەنیا چەند ساتێک پێش کۆبوونەوە گرنگەکەی واشنتۆن دێت بۆ تاوتوێکردنی رێگاکانی کۆتاییهێنان بە جەنگ.
زیلینسکی ئاشکرای کرد، لە واشنتۆن لەگەڵ دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا و سەرکردەکانی بەریتانیا، فەرەنسا، ئەڵمانیا، ئیتاڵیا و فینلاند، لەگەڵ نوێنەرانی یەکێتیی ئەوروپا و هاوپەیمانیی باکووری ئەتڵەسی (ناتۆ) کۆدەبێتەوە.
سەرۆکی ئۆکراین جەختی لەوە کردەوە، لە کاتێکدا کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی هەوڵی "ئاشتییەکی شکۆمەندانە و ئاسایشێکی راستەقینە" دەدات، هێزەکانی روسیا بەردەوامن لە بەئامانجگرتنی هاوڵاتیانی مەدەنی و ژێرخانی ئۆکراین و ئاماژەی بەوەدا کە شارەکانی خارکێڤ، زاپۆریژیا، هەرێمی سومی و ئۆدیسا روبەروی هێرشی بەرفراوانی فڕۆکەی بێفڕۆکەوان و مووشەک بوونەتەوە.
زیلینسکی ئاماژەی بەوەدا، هێرشەکەی سەر خارکێڤ بووەتە هۆی گیانلەدەستدانی 7 کەس، کە یەکێکیان منداڵێکی تەمەن ساڵ و نیو بووە، هەروەها دەیان کەسی دیکەش برینداربوون کە منداڵیان تێدایە. هاوکات هێرشە مووشەکییەکان لە زاپۆریژیا بوونە هۆی گیانلەدەستدانی 3 کەس و برینداربوونی 20ی دیکە.
هەروەها سەرنجی خستەسەر بەئامانجگرتنی وێستگەیەکی وزە لە ئۆدیسا کە خاوەندارێتییەکەی دەگەڕێتەوە بۆ کۆمپانیایەکی ئازەربایجانی و بە "هێرشێک نەک تەنها بۆ سەر ئۆکراین، بەڵکو بۆ سەر پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان و ئاسایشی وزەی" وەسف کرد.
لە کۆتایی پۆستەکەیدا زیلینسکی نووسیویەتی: " روسیا بەردەوامە لە لەناوبردنی ژیان"، وتیشی: "ڤلادیمێر پوتن، سەرۆکی روسیا، کردەی کوشتنی نمایشکارانە ئەنجام دەدات بۆ فشارخستنە سەر ئۆکراین و ئەوروپا و کەمکردنەوەی بەهای هەوڵە دیپلۆماسییەکان".
داوای دابینکردنی گەرەنتیی ئاسایشیی راستەقینەی کرد و جەختی کردەوە کە نابێت روسیا لەسەر دەستدرێژییەکانی پاداشت بکرێت و وتی: "دەبێت جەنگ کۆتایی بێت و پێویستە مۆسکۆ گوێی لە وشەی 'بوەستن' بێت".
جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیرانی حکومەتی هەرێم، پەیامێکی بڵاوکردووەتەوە و تێیداهاتووە، " شەهیدبوونی کاکە ئاری و هەوڵ و تێکۆشانی ژینگەپارێزان بۆ پاراستنی دارستان و شاخ و داخەکانی کوردستان هەڵگری پەیامێکی قووڵی ئینسانی و نیشتماندۆستییە".
قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیرانی حکومەتی هەرێم، سەبارەت بە گیانلەدەستدانی "ئاری موختار" پەیامێکی بڵاوکردووەتەوە و رایگەیاندووە، "زۆر بە داخەوە لە هەڵمەتی کوژاندنەوەی ئاگری دارستان و شاخەکانی ناوچەی کۆکۆیی پارێزگای هەڵەبجە لەلایەن تیمەکانی بەرگریی شارستانی و گەنجان و خەڵکی خۆبەخش و ژینگەپارێزی سنوورەکە، کاک ئاری موختاری ژینگەپارێزی خۆبەخش گیانی لەدەستدا و بووە شەهیدی رێگای پاراستنی ژینگە جوانەکەی هەڵەبجە و کوردستان".
ئاماژەی بەوەشداوە، "شەهیدبوونی کاکە ئاری و هەوڵ و تێکۆشانی ژینگەپارێزان بۆ پاراستنی دارستان و شاخ و داخەکانی کوردستان هەڵگری پەیامێکی قووڵی ئینسانی و نیشتماندۆستییە و پێماندەڵێت خۆشویستن و پاراستنی ژینگە سنووری نییە".
لە پەیامەکەی قوباد تاڵەبانیدا هاتووە، "لە دڵەوە پرسە و سەرەخۆشی ئاراستەی خانەوادە و کەسوکاری کاکە ئاری جوانەمەرگ و هەموو خەڵکی هەڵەبجە و ژینگەپارێزانی کوردستان دەکەم. وەک رێزگرتنێک لەم شەهیدە ژینگەپارێزەمان و بۆ ئەوەی ناوەکەی و پەیامی گیانبەختکردنەکەی بۆ هەمیشە لەناو گەلەکەمان بە زیندوویی و بە بەرزی بمێنێتەوە، لە نزیکترین کاتدا لەناو هەڵەبجەدا شوێنێکی گونجاوی بەناوەوە دەکەین".
ئاری موختار، گەنجێکی شاری هەڵەبجەبوو، شەوی رابردوو وەک خۆبەخش بەشداریکرد لە کوژاندنەوەی ئەو ئاگرەی کە لە سنوری پارێزگای هەڵەبجە کەوتبووەوە، بەڵام بەشێک لە جەستەی سوتا و دوای گەیاندنی بە نەخۆشخانە گیانی لەدەستدا.
هاوکات لەگەڵ بەردەوامیی جەنگ، تەلئەبیب وردەکاریی پلانی داگیرکردنی تەواوەتیی کەرتی غەززەی ئاشکرا کرد، دوای ئەوەی دوێنێ یەکشەممە، سەرۆک ئەرکانی سوپای ئیسرائیل، ئەیال زامیر، پلانەکەی پەسەند کرد و بڕیارە سبەی سێشەممە بیخاتە بەردەم وەزیری بەرگری، یسرائيل کاتس.
سەرۆک ئەرکانی ئیسرائیل لە میانەی سەردانێکیدا بۆ فەرماندەیی باشوور لە غەززە رایگەیاند، قۆناغی داهاتووی ئۆپەراسیۆنی "عربات جدعون" بەم نزیکانە دەستپێدەکات و جەختی کردەوە، سوپای ئیسرائیل هەموو تواناکانی خۆی لە وشکانی و دەریا و ئاسمانەوە بۆ لێدانێکی کوشندە لە حەماس بەکاردەهێنێت.
پلانی داگیرکردنی غەززە
پلانەکە تایبەتە بە گەمارۆدان و هێرشکردنە سەر ئەو ناوچە کەمانەی کەرتی غەززە کە هێشتا بە تەواوی وێران نەکراون و نزیکەی 25%ی روبەری کەرتەکە پێکدەهێنن.
پێشبینی دەکرێت سوپای ئیسرائیل سەرەتا هێزی وشکانی بنێرێتە پارێزگاکانی غەززە و باکوور بۆ ئەوەی جارێکی دیکە لە باقیی ناوچەکانی دیکەی کەرتەکە دایانببڕێت، دواتر لە چەندین بەرەوە دەست بە هێرشکردن دەکات.
بەپێی زانیارییەکان، پێدەچێت هێرشە زەمینییەکە بۆ ناو شاری غەززە لە 7ی ئۆکتۆبەری داهاتوودا دەستپێبکات و چوار بۆ پێنج مانگ بخایەنێت، ئەمەش لە کاتێکدایە کە نزیکەی یەک ملیۆن فەڵەستینی لە ناوەڕاست و رۆژئاوای شاری غەززە نیشتەجێن.
بەگوێرەی دەنگی ئیسرائیل، لانی کەم 4 فیرقەی سەربازی لە ئۆپەراسیۆنەکەدا بەشدار دەبن، کە تێکەڵەیەک دەبن لە لیوا هەمیشەییەکان و هێزە یەدەگەکان.
هاوکات ئیسرائیل بەنیازە لەنێوان 80 بۆ 100 هەزار سەربازی یەدەگ بانگهێشت بکات بۆ پشتیوانیکردنی ئۆپەراسیۆنە فراوانەکەی لە غەززە.
د.لەتیف رەشید، سەرۆک کۆماری عیراق ئەمڕۆ لە کۆشکی بەغداد پێشوازی لە محەمەد حەسان، نوێنەری سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان لە عیراق کرد.
لە میانی دیدارێکدا گفتوگۆ لەبارەی رەوشی گۆڕەپانی ناوخۆیی و رۆڵی نێردەی نەتەوە یەکگرتووەکان کرا لە پشتیوانیکردنی سەقامگیریی عیراق و پەرەپێدانی رێڕەوەکانی گەشەپێدان، سەرەڕای تاوتوێکردنی رێگەکانی فراوانکردنی ئاسۆی هاوکاری و هەماهەنگیی هاوبەش لەگەڵ ئەو رێکخراوە نێودەوڵەتییە.
هەروەها، لە دیدارەکەدا باس لە پێشهاتەکانی رەوشی ناوچەیی کرا، کە تێیدا سەرۆک کۆمار جەختی لە هەوڵە بەردەوامەکانی عیراق کردەوە بۆ پتەوکردنی دیالۆگ و لێکتێگەیشتن لە نێوان وڵاتانی ناوچەکەدا و گرنگیی رۆڵی نەتەوە یەکگرتووەکانی لە پشتیوانیکردنی ئاسایش و ئاشتی و سەقامگیریی ناوچەکەدا کردەوە.
لای خۆیەوە، حەسان پابەندبوونی نەتەوە یەکگرتووەکانی بۆ پشتیوانیکردن و پاڵپشتیکردنی عیراق لە بوارە جیاجیاکاندا نوێ کردەوە، هەروەها پەرۆشیی رێکخراوەکەیانی بۆ بەردەوامبوونی هاوکاری لەگەڵ عیراق دەربڕی بۆ ئاسانکاری لە بەدیهێنانی ئامانجەکانی گەشەپێدان و پشتیوانیکردنی ئەو هەوڵانەی کە ئامانجیان پتەوکردنی سەقامگیری و گەشەکردنە .
بەپێی زانیارییەکان، بڕیارە سبەینێ لە کۆبوونەوەی ئەنجومەنی وەزیرانی عیراقدا بڕیار لەسەر ناردنی موچەی مانگی شەشی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان بدرێت، بەڵام بەغدا ناردنی مووچەکەی بەستووەتەوە بە دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوتی هەرێمەوە.
سەرچاوەیەکی ئاگادار بە کوردسات نیوزی راگەیاند، دوو پرسی سەرەکی لەنێوان هەولێر و بەغدادا ماونەتەوە کە بریتین لە پرسی نەوت و داهاتە نانەوتییەکان. لە ڕووی هەناردەکردنەوەی نەوتەوە هەنگاوی باش نراوە و بڕیارە بە زووترین کات لە رێگەی کۆمپانیای سۆمۆوە هەناردەی نەوت بۆ بەندەری جەیهان دەستپێبکاتەوە و راستەوخۆ دوای ئەوە، بەغدا بڕیاری ناردنی موچە دەدات.
سەبارەت بە پرسی داهاتەکان، لیژنەکانی وەزارەتی دارایی هەردوو لا راپۆرتەکانیان ئامادە کردووە و خاڵە جیاواز و هاوبەشەکان دیاریکراون. ناکۆکیی سەرەکی لەوەدایە کە عیراق داوای تەواوی داهاتی نانەوتی دەکات، بەڵام هەرێم جەخت لەسەر ئەوە دەکاتەوە کە تەنها داهاتە نانەوتییە فیدراڵییەکان رادەست دەکات.
لەمبارەیەوە بێستوون سەلام، پەیامنێری کوردسات نیوز لە بەغدا، رایگەیاند: "بەپێی ئەو زانیارییانەی لە بەرپرسێکی بەشداربووی کۆبوونەوەی سبەینێی ئەنجومەنی وەزیرانەوە وەرمگرتووە، هەرێم ئامادەیە بڕی 120 ملیار دینار لە داهاتی نانەوتیی مانگی شەش رادەستی حکومەتی فیدراڵی بکات."
پەیامنێری کوردسات نیوز ئەوەشی خستەڕوو، هەرچەندە لە خشتەی فەرمیی کۆبوونەوەی سبەینێی ئەنجومەنی وەزیراندا هیچ ئاماژەیەک بە پرسی مووچەی هەرێم نەکراوە، بەڵام پێشبینی دەکرێت وەک کۆبوونەوەکانی پێشوو، لە کۆتایی کۆبوونەوەکەدا ئەو پرسە بخرێتە بەرباس و گفتوگۆی لەسەر بکرێت.
تۆم باراک، نێردراوی تایبەتی سەرۆکی ئەمریکا، رایگەیاند کە لەگەڵ جۆزێف عەون، سەرۆکی لوبنان، دۆسیەی "چەکدانانی حزبوڵا"ی تاوتوێ کردووە و جەختی لەوە کردەوە کە ئەم پلانە "لە بەرژەوەندیی شیعەکاندایە".
دوای کۆبوونەوەی لەگەڵ جۆزێگ عەون لە کۆشکی بعبدا، بە ئامادەبوونی مۆرگان ئۆرتاگۆس، نێردراوی ئەمریکا و لیزا جۆنسن باڵیۆزی ئەمریکا، تۆم باراک لە لێدوانێکدا رایگەیاند: "چەککردن بڕیارێکی تایبەت بە دەوڵەتی لوبنانە"، ئاماژەی بەوەشکرد، وڵاتەکەی هیچ هەڕەشەیەک لەم دۆسیەیەدا ناکات و هاوکاری بۆ هەموو لایەن جیاوازەکان هەیە.
باراک وتیشی، .حزبوڵا لەبەردەم چەندین بژاردەدایە کە دەبێت بیریان لێبکاتەوە، ناتوانێت شتێک وەربگرێت بەبێ ئەوەی لە بەرانبەردا شتێک نەبەخشێت.
نێردراوەکەی ترەمپ ئەوەشی خستەڕوو، وڵاتەکەی هیچ پێشنیازێکی نەداوەتە ئیسرائیل سەبارەت بە چەککردنی حزبوڵا، روونیکردەوە کە بڕیارە لوبنانییەکە پێویستی بە هاوکاریی ئیسرائیلە و وتی: "حکومەتی لوبنان هەنگاوی یەکەمی ناوە، ئێستا لەسەر ئیسرائیلە هەنگاوی بەرانبەر بنێت".
هەروەها ئاماژەی بەوەدا کە "ئێران هاوبەشە لە پرسی چەککردنی حزبوڵادا" و جەختی کردەوە، وڵاتەکەی هەوڵی هیچ رێککەوتنێکی نوێ لە لوبنان نادات، بەڵکو تەنها کار بۆ جێبەجێکردنی رێککەوتنی ئاگربەستی ئێستا دەکات و مامەڵەکردن لەگەڵ حزبوڵا بابەتێکی ناوخۆیی لوبنانییە و رۆڵی ئەمریکا تەنیا رێنماییکردن بووە و هیچی تر.