کۆبوونەوەکەی ئەمڕۆ دووشەممەی کۆشکی سپی لە واشنتۆن، کە بڕیارە سەرۆکی ئۆکراین ڤادیمێر زیلینسکی لەگەڵ دۆناڵد ترەمپ و ژمارەیەک سەرکردەی ئەوروپی کۆبێتەوە، پێدەچێت بەراورد بە لووتکەکەی هەینی رابردووی ترەمپ و ڤلادیمێر پوتن لە ئەلاسکا، گرنگییەکی زۆرتری هەبێت بۆ داهاتووی ئۆکراین و ئاسایشی ئەوروپا. . پرسی ئەوەی چی روودەدات؟ ئایا داهاتووی جەنگەکە دەگاتە کوێ، یان زیلینسکی چ جۆرە رێککەوتنێک قبوڵ دەکات، تەوەری سەرەکی میدیاکانە
لەم راپۆرتە شیکارییەدا وردەکاری و ئەگەرە کراوەکانی بەردەم جەنگەکە بزانە:
لە کاتێکدا لووتکەی ترەمپ-پوتین هیچ دەرئەنجامێکی گەورەی لێنەکەوتەوە، نە ئاگربەست، نە سزای نوێ و نە هیچ راگەیاندنێکی گرنگ، پرسیار ئەوەیە ئایا ئۆکراین و ئەوروپا لە رێککەوتنی پشت پەردەی نێوان ئەمریکا و روسیا دوورخرانەوە؟ وەڵامەکە رونە. نەخێر، ئەگەر ئۆکراین و هاوبەشەکانی بتوانن رێگری لێبکەن.
بەرەیەکی یەکگرتووی، ئەوروپی-ئۆکراین دەتوانێت چی بگۆڕێت:
ئامادەبوونی سێر کییەر ستارمەر (سەرۆک وەزیرانی بەریتانیا)، ئیمانوێل ماکرۆن (فەرەنسا)، راوێژکار فرێدریش مێرتس (ئەڵمانیا) و سەرکردەکانی دیکەی ئەوروپا شانبەشانی سەرۆک زیلینسکی لە واشنتۆن، تەنیا بۆ ئەوە نییە کە دڵنیا ببنەوە زیلینسکی جارێکی تر لە نووسینگەی ئۆڤاڵ دووچاری سەرسوڕمان یان فریودان نەبێتەوە، وەک چۆن لە 28ی شوباتی پێشتردا رویدا.
ئەوان سوورن لەسەر ئەوەی دوو خاڵ بە دۆناڵد ترەمپ بگەیەنن: یەکەم، هیچ رێککەوتنێکی ئاشتی بۆ ئۆکراین ناکرێت بەبێ بەشداریی راستەوخۆی خودی ئۆکراین؛ و دووەم، دەبێت بە گەرەنتی ئاسایشیی "پتەو" پشتگیری ئەو وڵاتە بکرێت.
لە سەرووی هەمووشیانەوە، سەرکردەکانی ئەوروپا دەیانەوێت سەرۆکی ئەمریکا تێبگات کە ئۆکراین و ئەوروپا بەرەیەکی یەکگرتوویان پێکهێناوە و پەرۆشن بۆ دڵنیاکردنەوەی ترەمپ کە بەهۆی پەیوەندییە تایبەتییەکانی لەگەڵ ڤلادیمێر پوتن، ملکەچی داواکارییەکانی سەرکردەی روسیا نەبێت.
پەیوەندییەکانی ترەمپ.. کلیلێک بۆ دیپلۆماسی
لێرەدا لێهاتوویی دیپلۆماسیی کییەر ستارمەر تاقیدەکرێتەوە. ترەمپ حەزی لە ستارمەرە و گوێی لێدەگرێت، هاوکات لە ماوەی مانگێکی دیکەدا ترەمپ سەردانێکی رەسمی بۆ بەریتانیا ئەنجام دەدات.
هەروەها حەزی لە مارک روتە، سکرتێری گشتیی ناتۆیە کە ئامادەی کۆبوونەوەکە دەبێت و هەندێک جار بە "چرپێنەری ترەمپ" ناودەبرێت. بەڵام سەرۆکی ئەمریکا پێدەچێت کەمتر دۆستی سەرۆک ماکرۆن بێت و کۆشکی سپی بەم دواییانە بە توندی رەخنەی لە نیازەکانی گرت کە بێ مەرج دان بە دەوڵەتی فەلەستیندا بنێت لە کۆبوونەوەی داهاتووی کۆمەڵەی گشتی نەتەوە یەکگرتووەکاندا.
ئاشتی بە تێچووی خاک یان گەرەنتیی ئاسایش؟
بۆ ئەوەی رێککەوتنێکی ئاشتی لە ئۆکراین دەرفەتی سەرکەوتنی هەبێت، دەبێت شتێک قوربانی بەشتێک بدرێت لە پێناویدا. سەرکردەکانی ئەوروپا بەردەوام جەختیان لەوە کردووەتەوە کە سنوورە نێودەوڵەتییەکان ناتوانرێت بە هێز بگۆڕدرێن و سەرۆک زیلینسکییش چەندین جار رایگەیاندووە کە دەستبەرداری خاک نابێت، جگە لەوەش دەستووری ئۆکراین رێگری لەوە دەکات.
بەڵام پوتین دۆنباسی دەوێت، کە هێزەکانی نزیکەی 85%ی کۆنتڕۆڵ کردووە، و هیچ نیازێکی نییە کریم بگەڕێنێتەوە. لەگەڵ ئەوەشدا، وەک کایا کالاس، سەرۆک وەزیرانی پێشووی ئیستۆنیا و دیپلۆماتکاری ئێستای ئەوروپا، جارێک وتی: سەرکەوتن بۆ ئۆکراین لەم جەنگەدا پێویست ناکات تەنها بریتی بێت لە گەڕاندنەوەی خاکە داگیرکراوەکان.
ئەگەر ئۆکراین بتوانێت گەرەنتی ئاسایشیی هاوشێوەی ماددەی 5 بەدەستبهێنێت، کە ئێستا باسی لێوە دەکرێت و بەس بێت بۆ رێگریکردن لە هەر هێرشێکی داهاتووی روسیا و بەمەش سەربەخۆیی وەک دەوڵەتێکی ئازاد و خاوەن سەروەری بپارێزێت، ئەوا ئەوە جۆرێک دەبێت لە سەرکەوتن.
ئێستا وا دەردەکەوێت ئەوەی ئەمریکا و روسیا گفتوگۆیان لەسەر کردووە، پێشنیازێکە کە بە گشتی ئاڵوگۆڕی هەندێک خاکی ئۆکراین دەکات بە گەرەنتی ئاسایش کە ئیتر ناچار نەبێت زیاتر خاک بدات بە روسیا.
پرسیارە گەورەکان و داهاتووی جەنگ:
بەڵام هێشتا نیشانەی پرسیاری گەورە هەن. ئایا ئۆکراین دەتوانێت رێککەوتنێک قبوڵ بکات کە کۆتایی بە جەنگ بهێنێت بەڵام بە تێچووی لەدەستدانی خاک؟ بە تایبەت کاتێک هەزاران کەس گیانیان لەدەستداوە لە پێناوی پاراستنی ئەو خاکە. ئەگەر داوای لێبکرێت دەستبەرداری ئەو 30%ی پارێزگای دۆنێتسک بێت کە روسیا هێشتا داگیری نەکردووە، ئایا ئەوە رێگەی هاتنی رۆژئاوا بەرەو کیێڤ تەخت ناکات؟
هەروەها سەبارەت بە "هاوپەیمانیی ویستراو"ی ستارمەر کە زۆر بانگەشەی بۆ دەکرێت؟ قسە و باسە سەرەتاییەکان سەبارەت بە ناردنی دەیان هەزار سەرباز بۆ شەڕی زەمینی، ئێستا کەم بووەتەوە. لە ئێستادا زیاتر باسی "پاراستنی ئاسمان و دەریاکان" دەکرێت لەگەڵ یارمەتیدانی ئۆکراین بۆ بنیاتنانەوەی سوپاکەی.
بەڵام تەنانەت ئەگەر ئاشتی لە گۆڕەپانی جەنگیشدا سەرهەڵبدات، هێشتا لە ناوچەیەکی پڕ مەترسیداین. هەر شارەزایەکی سەربازی کە لێدوان دەدات، پێی وایە ئەو ساتەی شەڕ دەوەستێت، پوتین سوپاکەی رێکدەخاتەوە، چەکی زیاتر دروست دەکات، تاوەکو لە پێگەیەکدا دەبێت، رەنگە لە ماوەی سێ بۆ چوار ساڵدا، دەستبکاتەوە بە هێرشەکانی داگیرکردنی زیاتری خاکەکەی.
بڕیارە ئەمڕۆ چوارچێوەی هەماهەنگی كۆببێتەوە و باس لە پرسی هەناردەكردنەوەی نەوتی هەرێم لەڕێی بەندەری جەیهانی توركیا و چەند بابەتێكی تر دەكرێت.
سەرچاوەیەك لەبارەی ناوەڕۆكی ئەو كۆبوونەوەیە ئاشكرای كردووە، لە كۆبوونەوەی چوارچێوەی هەماهەنگیدا پێنج بابەتی سەرەكی گفتوگۆی لەسەر دەكرێت، لەوانە پرسی هەناردەكردنەوەی نەوتی هەرێم لەڕێی بەندەری جەیهانی توركیا، كە لە مانگی ئاداری ساڵی 2023ـەوە راگیراوە، هەروەها باس لە كشانەوەی هێزەكانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دەكرێت لە 26ـی ئەیلولدا،
هاوكات سەردانەكەی عەلی لاریجانی ئەمینداری ئەنجومەنی باڵای ئاسایشی نیشتمانیی ئێران بۆ بەغداد و ئیمزاكردنی لێكتێگەیشتنێكی ئەمنی سەبارەت بە ئەمنییەتی سنورە هاوبەشەكانی هەردوو وڵات گفتوگۆی لەسەر دەكرێت.
هەر بەپێی ئەو سەرچاوەیە، چوارچێوەی هەماهەنگی دوایین ئامادەكارییەكان بۆ هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەران و دورخستنەوەی ژمارەیەك كاندید لەلایەن كۆمسیۆنەوە تاوتوێ دەكات، گفتوگۆش دەكرێت لەبارەی ئەگەری تێپەڕاندنی پرۆژەیاسای حەشدی شەعبی و كاریگەرییەكانی لەسەر داهاتووی وڵات.
هاوکات لەگەڵ گەیشتنی سەرۆکی ئۆکراین ڤلادیمێر زیلینسکی بە واشنتۆن بۆ کۆبوونەوە لەگەڵ دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا مەرجەکانی خۆی بۆ "کۆتاییهێنانی دەستبەجێ" بە جەنگ راگەیاند، کە وازهێنان لە ئەندامێتی ناتۆ لەخۆدەگرێت.
ڤلادیمێر زیلینسکی، سەرۆکی ئۆکراین، ئێوارەی یەکشەممە گەیشتە واشنتۆن و رایگەیاند، هەموو لایەنەکان خوازیاری کۆتاییهێنانێکی خێران بە جەنگ و ئامانجیان گەیشتنە بە ئاشتییەکی بەردەوام.
زیلینسکی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان نووسیویەتی: "هەموومان ئارەزوویەکی بەهێزمان هەیە بۆ کۆتاییهێنان بەم جەنگە بە شێوەیەکی خێرا و متمانەپێکراو".
سەرۆکی ئۆکراین وتیشی: "هیوادارم هێزی هاوبەشمان لەگەڵ ئەمریکا و دۆستە ئەوروپییەکانمان، روسیا ناچار بە ئاشتییەکی راستەقینە بکات".
لەلایەن خۆیەوە، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، جەختی کردەوە کە هاوتا ئۆکراینیەکەی دەتوانێت "دەستبەجێ" کۆتایی بە جەنگ لەگەڵ روسیا بهێنێت، بەڵام گەڕانەوەی نیمچەدوورگەی کرمی بۆ ئۆکراین و چوونە پاڵی بۆ هاوپەیمانیی باکووری ئەتڵەسی (ناتۆ)ی رەتکردەوە.
ترەمپ لەسەر پلاتفۆرمی "تروس سۆشیاڵ" لە پێش کۆبوونەوەکەی لەگەڵ زیلینسکی و سەرکردە ئەوروپییەکان لە کۆشکی سپی نووسیویەتی: "سەرۆکی ئۆکراین زیلینسکی دەتوانێت نزیکەی دەستبەجێ کۆتایی بە جەنگ لەگەڵ روسیا بهێنێت، ئەگەر بیەوێت، یان دەتوانێت بەردەوام بێت لە شەڕکردن". ناوبراو زیادی کرد: "نە گەڕاندنەوەی کرم هەیە... و نە چوونە پاڵی ئۆکراین هەیە بۆ ناتۆ".
بڕیارە رۆژی دووشەممە، زیلینسکی لە کۆشکی سپی لەگەڵ ترەمپ و ژمارەیەک لە سەرکردەکانی ئەوروپا کۆببێتەوە بۆ تاوتوێکردنی رێگاکانی کۆتاییهێنان بەو جەنگەی کە لە شوباتی 2022ەوە بەردەوامە.
لە کۆبوونەوەکەدا ژمارەیەک لە سەرکردەکانی ئەوروپا ئامادە دەبن، وەک ئیمانوێل ماکرۆن سەرۆکی فەرەنسا، فریدریش مێرتس راوێژکاری ئەڵمانیا، کییەر ستارمەر سەرۆک وەزیرانی بەریتانیا، ئۆرسۆلا ڤۆن دێر لاین سەرۆکی کۆمیسیۆنی ئەوروپا، و سکرتێری گشتیی ناتۆ، لەگەڵ چەندین کەسایەتیی دیکە.
رۆژنامەیەکی بەریتانی رایگەیاند، سوپای سوریا بە پشتیوانی هۆزەكان پلانی هەیە مانگی تشرینی یەكەمی داهاتوو هێرش بكاتە سەر دێرەزور و رەقە كە هێزەكانی هەسەدە تێیدا جێگیرن.
رۆژنامەی زە ناشناڵی بەریتانی لە زاری چەند لێپرسراوێكی باڵای حكومەتی سوریاوە بڵاویكردووەتەوە، لە ئەگەری نەگەیەشتنە رێككەوتن لەگەڵ هەسەدە، حكومەتی دیمەشق پلانی هەیە مانگی تشرینی یەكەمی داهاتوو هێرش بكاتە سەر دێرەزور و رەقە، كە هێزەكانی هەسەدە تێیدا جێگیرن.
راشیگەیاندووە، سوپای سوریا هێزێكی بە نزیكەی 50 هەزار سەرباز لە نزیك شاری تەدمور كۆكردووەتەوە و پلانەكەشی بە پشتیوانی هۆزەكانی ناوچەكە ئەنجام دەدات، لە ئەگەری بڕیاردان لەسەر ئەنجامدانی هێرشەكەش، چاوەڕوانی گەرەنتی ئەمریكا و ئیسرائیل دەكات كە دەستوەردان لە شەڕەكەدا نەكەن.
ئەو رۆژنامەیە ئاشكراشیكردووە، گفتوگۆ و دانووستانەكانی نێوان حكومەتی سوریا و هەسەدە بە نێوەندگیری ئەمریكا بەرەوپێشچوونی بەرچاوی بەخۆیەوە نەبینیووە بۆ جێبەجێكردنی رێككەوتنەكەی 10ی ئاداری ئەمساڵ كە لە نێوان مەزڵوم كۆبانێ فەرماندەی گشتی هەسەدە و ئەحمەد شەرع سەرۆكی سوریا ئیمزا كراوە.
پێشتریش ئیدارەی خۆبەڕێوەبەریی و هەسەدە داوای ناناوەندییان لە سوریا كردووە و ئەحمەد شەرعیش وتویەتی، پێویست ناكات یەكپارچەیی و یەكگرتووی سوریا بە خوێنڕشتن و ئۆپراسیۆنی سەربازیی بەدیبهێندرێت.
بەڕێوەبەرایەتی گشتی نەهێشتنی ماددە هۆشبەرەکانی دەزگای ئاسایشی هەرێم، لە چالاکییەکدا لەناو شاری سلێمانی دوو بازرگانی ماددەی هۆشبەریان دەستگیرکرد.
بەڕێوەبەرایەتی گشتی نەهێشتنی ماددە هۆشبەرەکانی دەزگای ئاسایشی هەرێم بڵاویکردەوە، دوای نیوەڕۆی2025/8/5 لەئەنجامی کۆکردنەوەی زانیاری پێشوەختە و چاودێری ورد و بەدواداچوونی بەڕێوەبەرایەتی گشتی نەهێشتنی ماددە هۆشبەرەکان، بەفەرمانی دادوەری لێکۆڵینەوەی ئاسایش لەشاری سلێمانی، توانیان لەبۆسەیەکدا دوو تۆمەتباری بازرگانی ماددەی هۆشبەر دەستگیربکەن و دەستبگرن بەسەر بڕی ( 19 )کیلۆگرام ماددەی هۆشبەر لەجۆری تلیاک، کە ئامانجیان شاردنەوە و بردنەدەرەوەی ماددەکە بووە لەڕێگەی بارهەڵگرێکەوە بۆ دەرەوەی هەرێمی کوردستان.
ئاماژەی بەوەشکردوە، لەئێستادا تۆمەتباران بەبڕیاری دادوەر بەماددەی 25 لەیاسای بەرەنگاربوونەوەی ماددە هۆشبەرەکان و کارتێکارە ئەقڵییەکان راگیراون و لێکۆڵینەوە لەدۆسیەکانیان بەردەوامە.
بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی راپەڕین راگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە و تیایدا زانیاری لەسەر باندێک دەخاتەڕوو.
دەقی راگەیەندراوەکە:
ئاگاداری هاوڵاتیانی خۆشەویستی سنورەکەمان دەکەینەوە ماوەیەکە باندێک پەیدابوون هەڵدەستن بە داونلۆدکردنی ئەو وێنە و ڤیدیۆیانەی کەوا لە تۆڕەکانی کۆمەڵایەتی و پەیوەندیکردن وەک (سناپ چات ، فەیسبووک ، ئینستاگرام .....) بە گشتی (public ) دادەندرێت، دواتر هەڕەشەیان پێ لە خاوەنی وێنە و ڤیدیۆیەکە دەکەن بۆ بەدەستهێنانی پارە. بە پێچەوانەوە بڵاوی دەکەنەوە، جگە لەوەش هەڵدەستن بە بڵاوکردنەوە و دەستکاریکردن و دانانی نووسینی نەشیاو لەسەر وێنە و ڤیدیۆکان، دوور لە هەموو بەهایەکی ئەخلاقی و ئینسانی و ئاینی.
بۆیە داواکارین کە خۆتان بپارێزن لە بڵاوکردنەوەی وێنە و ڤیدیۆ تایبەتەکانتان ، بە شێوەی گشتی (public) لە هەموو تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان.
لە ئەگەری ڕوودانی هەر حاڵەتێکی لەم چەشنە دەتوانن سەردانی نوسینگەکانی قەدەغەکردنی خراپ بەکارهێنانی ئامێرەکانی پەیوەندیکردن بکەن، هاوڵاتیانی خۆشەویستی سنوورەکەمان دڵنیا دەکەینەوە هێزەکانمان بەردەوامن لە بەدواداچوون و دەستگیرکردنی ئەو کەسانەی کە بەم کارە هەڵدەستن.
بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی ڕاپەڕین
مەعنەوی و ڕاگەیاندن
جێگری پەیوەندی و راگەیاندنی نووسینگەی سەرۆک کۆماری ئێران رایگەیاند، مەسعود پزیشکیان بۆ بەشداری لە کۆبوونەوەی رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان سەرەتای وەرزی پاییز دەچێتە نیویۆرک.
بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵی مێهر، سەید مەهدی تەباتەبایی لە لێدوانێکدا وێڕای راگەیاندنی ئەو هەواڵە، سەبارەت بە ئەگەری دانوستان لەگەڵ ئەمریکا لە نیۆیۆرک، وتی: رەوتی گۆڕانکارییەکان لە ناوخۆی ئێران و لە بواری دیپلۆماسیدا زۆر خێرایە، کەواتە ناکرێت وەڵامێکی وردبینانە بەو پرسیارە بدرێتەوە.
ناوبراو ئاماژەی بەوەشکرد، سەرۆک کۆماری ئێران لەو سەردانەیدا، لە ئاستی باڵادا ژمارەیەک دیدار و کۆبوونەوە ئەنجامدەدات.
وتیشی، پلانی گەشتی نیۆیۆرکی پزشکیان لە قۆناغی ئامادەکردندایە و هیچ ئاستەنگێکی بۆ دیدار لەگەڵ بەرپرسانی ئەوروپیدا نییە.
د. لەتیف رەشید سەرۆک کۆماری عیراق پێشوازیکرد لە یاسر مالیکی سەرۆکی فراکسیۆنی دەوڵەتی یاسا لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق.
لە دیدارەکەدا، گفتوگۆ دەربارەی دۆخی سیاسی وڵات کرا و جەخت لە گرنگیی پتەوکردنی سازانی نیشتمانی لەنێوان لایەنە جیاوازەکان کرایەوە، بەشێوەیەک کە یارمەتیدەر بێت لە چەسپاندنی سەقامگیری و بەدیهێنانی گەشەپێدانی هەمەلایەنە لە وڵاتدا.
هەروەها باس لە رۆڵی یاسادانان و چاودێریی ئەنجومەنی نوێنەران و پێویستیی ئامادەکردنی کەشێکی لەبار بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنەکانی پەرلەمان و بەشداریکردنی عیراقییەکان بە هەموو پێکهاتەکانیانەوە کرا بۆ هەڵبژاردنی نوێنەرانیان بەوپەڕی شەفافیەت و بێگەردییەوە.
یۆئاڤ گالانت وەزیری پێشووی بەرگری ئیسرائیل و یایر لاپید سەرۆکی ئۆپۆزسیۆن بەشدارییان لە خۆپیشاندانەکاندا کرد کە لەلایەن خێزانی بارمتەکانەوە لە ناوەڕاستی تەلئەبیب رێکخرابوو، تیایدا داوای کۆتاییهێنان بە شەڕ و رێککەوتنیان کرد بۆ ئازادکردنی ئەوانەی لە غەززە دەستبەسەرکراون.
گالانت شانبەشانی خێزانی بارمتەکان و نوێنەرەکانیان دەرکەوت و پشتیوانی خۆی بۆ داواکاری سەرەکی دووپاتکردەوە و وتی، "کۆتاییهێنان بە شەڕ لە بەرامبەر ئازادکردنی زیندانییەکاندا".
یایر لاپید بە خۆپیشاندەرانی وتووە، "ئەوەی حەماس زۆر لاواز دەکات، دیدگای ئێمەیە بۆ یەکڕیزی، هاودەنگی و بەهێزی پشتیوانی یەکترە لە ئیسرائیل".
هاوکات وەڵامی رەخنەکانی بنیامین ناتانیاهۆ سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیلی دایەوە، کە خۆپیشاندەرانی تۆمەتبار کرد بە پشتیوانیکردن لە حەماس، ئاماژەی بەوەشکرد، "کاتێک حکومەت دژایەتی کەسوکاری رفێندراوان و خۆپیشاندەران دەکات، حەماس زۆر بەهێز دەکات".
هەزاران ئیسرائیلی بەشدارییان لە خۆپیشاندانێکی گشتیدا کرد و لە سەرانسەری کەرتە جیاوازەکاندا، رێگا گەورەکانیان داخست، لەنێویاندا رێگای قودس- تەلئەبیب، خۆپیشاندەران ئاڵای ئیسرائیلیان هەڵکرد و وێنەی بارمتەکانیان بەرزکردەوە.
پۆلیس رایگەیاند، تا نیوەڕۆی رۆژی یەکشەممە 38 خۆپیشاندەریان دەستگیرکردووە، دوای ئەوەی شەڕ و پێکدادان روویدا و بەشێک لە خۆپیشاندەران رێگاکانیان داخست.
لە توركیا لە راپرسییەكدا دەرکەوتووە، زیاتر لە 97%ی كورد دەخوازن بە زمانی كوردی بخوێنن.
ناوەندی توێژینەوەی كۆمەڵایەتی - سیاسی لە توركیا، راپرسییەكی بە شێوەی ئۆنلاین لە 23 شاری ئەو وڵاتە ئەنجامداوە كە نەتەوەی كورد تێیدا دەژین، لە راپرسییەكەدا دوو هەزار و 387 كەس بەشدارییانكردووە، بۆ پێوانەكردنی ئاستی بەكارهێنانی زمانی دایك، بە تایبەت ئەو زمانانەی توركی نین.
بەپێی راپرسییەكە، 97.79%ی بەشداربووان دەخوازن كە زمانی فێركارییان زمانی كوردی بێت، 23.5%ی بەشداربووان ئاماژەیان بۆ ئەوەكردووە، بە زمانی دایكییان "زۆرباش" قسە دەكەن، 43.2% "باشە" و 16.2% "بە خراپی" قسەی پێ دەكەن.
راوێژكارێكی سەرۆك وەزیرانی عیراق رایگەیاند، لە مانگی ئەیلولدا ئەركی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی لە بەغداد و سەربازگەی عەین ئەسەد لە ئەنبار كۆتایی دێت .
حسێن عەلاوی راوێژكاری محەمەد شیاع سودانی سەرۆك وەزیرانی عیراق بە ئاژانسی هەواڵی عیراقی راگەیاند ، حكومەتی عیراق پابەندە بە بەرنامەكانی بۆ كۆتاییهێنان بە ئەركی سەربازی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی لە عیراق و ئاساییكردنەوە و گەراندنەوەی پەیوەندییەكان بۆ پێش شەڕی داعش، هەروەها رایگەیاندووە، جێبەجێكردنی رێكەوتنی نێوان عیراق و هاوپەیمانی نێودەوڵەتی هەنگاو بەرەو پێشەوە دەنێت و بەپێی ئەو رێككەوتنەش لە مانگی ئەیلولی 2025 ئەركی هێزەكانی هاوپەیمانان لە بەغداد و سەربازگەی عەین ئەسەد لە ئەنبار كۆتایی دێت و لە قۆناغی دوەمیشدا، مانگی ئەیلولی 2026، ئەركی سەربازیی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی بە یەكجاری لە عیراق كۆتایی دێت.
هەروەها ئاشكرایكردوە، دوای كۆتاییهاتنی ئەركە سەربازییەكان، قۆناغێكی نوێ لە هاوكاری ئەمنی لە بواری راوێژكاری و بنیادنانی توانای هێزە ئەمنییەكانی عیراق لە نێوان هاوپەیمانان و عیراق دەستپێدەكات و لە ئێستاشدا لیژنەیەكی باڵای سەربازی بۆ ئەو مەبەستە پێكهێنراوە .
رۆژی دووشەممە دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمریكا لەگەڵ ڤۆلۆدیمیر زیلینسكی سەرۆكی ئۆكراین كۆدەبێتەوە و دواتر ئامادەكاری بۆ لوتكەی سێ قۆڵی نێوان روسیا و ئەمریكا و ئۆكراین دەكرێت .
تۆڕی هەواڵی "سی ئێن ئێن" ی ئەمریكی لە زاری سەرچاوەیەك لە ئیدارەكەی ترەمپ ئاشكرایكردوە ، واشنتۆن هیوای هەیە كۆبونەوەكەی سبەینێی ترەمپ و زیلینسكی سەركەوتوو بێت ، چونكە تەنها لە ئەگەری سەركەوتنی ئەو كۆبونەوەیەدا لوتكەی نێوان روسیا و ئەمریكا و ئۆكراین لە 22 ی ئەم مانگە رێكدەخرێت .
ئۆرسۆلا ڤۆن دێر لاین سەرۆكی كۆمسیۆنی ئەوروپاش رایگەیاندوە ، لەسەر داوای سەرۆكی ئۆكراین ، لەگەڵ ژمارەیەك لە سەرۆكەكانی ئەوروپا دەچنە واشنتۆن بۆ بەشداریكردن لە كۆبونەوەكەی ترەمپ و زیلینسكی، هەریەك لە سەرۆكی فەرەنسا و راوێژكاری ئەڵمانیا و سەرۆكی فینلەندا و ئەمینداری ناتۆش بۆ هەمان مەبەست دەچنە واشنتۆن .
ئەو عومرەکارانەی لە سعودیەن و ناتوانن بە گەشتی ئاسمانی بگەڕێنەوە، بەشێوەی ئارەزوومەندانە دەتوانن بەڕێگای وشکانی بگەڕێنەوە.
بەڕێوەبەرایەتی حەج و عومرەی کوردستان لە راگەیەنراوێکدا بڵاویکردەوە، ئاگاداری ئەو هاووڵاتیانەی هەرێمی کوردستان و کۆمپانیاکانی حەج و عومرە دەکاتەوە، کە ئێستا له عهرهبستانی سعودیهن بە مەبەستی ئەنجامدانی گەشتی عومرە، هێڵی ئاسمانی عیراقی بەهۆی چلەی ماتەمینی ( ئیمام حسێن) هەموو گەشتەکانی چارتەری تا کاتێکی نادیار راگرتووە.
ئاماژەی بەوەشکردووە، هەر عومرەکارێک ئارەزوو بکات بگەڕێتەوە ئەوا پێویستە هەماهەنگی بکات لەگەڵ ئەو کۆمپانیایەی کە لەگەڵی سەفەری کردووە تا بە رێگای وشکانی و بە پاس بگەڕێتەوە،ئەو هاووڵاتیانەی کە نایانەوێت بگەڕێنەوە پێویستە لەسەر کۆمپانیاکە شوێنی حەوانەوە و خواردن و خزمەتگوزارییەکان بۆیان دابین بکات تا گەشتەکانی ئاسمانی دەستپێدەکەنەوە.
حەج و عومرەی کوردستان، ئاگاداری هەموو ئەو کۆمپانیانە دەکاتەوە هەر کۆمپانیایەک بە ئەرکی خۆی هەڵنەستێت روبەڕووی لێپێچینەوەی یاسایی و کارگێری دەبێتەوە و خەرجی ئەو عومڕەکارانەی کە لەوێن لەو بڕە پارەیە دەگەڕێندرێتەوە کە وەکو بارمتە داویانە.
جێگەی ئاماژەیە، لە ئێستادا نزیکەی 16 هەزار عومرەکاری عیراقی لەوێ ماونەتەوە کە لە نێویاندا نزیكهی دوو هەزار عومرەکاری هەرێمی کوردستانن.
وەزارەتی پەروەردەی حکومەتی هەرێم رۆژی دەستپێکردنی ساڵی نوێی خوێندن دیاریدەکات، وەزیری پەروەردەش دەڵێت: بۆ ئەمساڵی خوێندن جلوبەرگی خوێندکاران ناگۆڕێت.
ئالان حەمەسەعید وەزیری پەروەردەی حکومەتی هەرێم لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، تا ئێستا رۆژی ساڵی نوێی خوێندن دیاری نەکراوە، هەر کاتێک ئەنجومەنی وەزارەتی پەروەردە کۆبوونەوەی ئەنجامدا و ساڵنامەی خوێندن دانرا ئەو کاتە بڕیار لەسەر دیاریکردنی دەستپێکردنەوەی یەکەم رۆژی خوێندنی ساڵی نوێ دەدرێت.
سەبارەت بە گۆڕینی جلوبەرگی خوێندکاران، وەزیری پەروەردە ئاماژەی بەوەکرد، بۆ ئەمساڵی خوێندن جلوبەرگی خوێندکاران هەمان جلوبەرگی ساڵی پار دەبێت. بەڵام بۆ ساڵی خوێندنی 2026-2027 جلوبەرگی خوێندکاران دەگۆڕێت و بۆ ئەو کاتە دیزاین و رەنگەکەی بڵاودەکرێتەوە.
لە بارەی خانەنشینبوونی مامۆستایان و دروستبوونی گرفت بۆ ناوەندەکانی خوێندن، ئالان حەمەسەعید ئەوەی خستەڕوو، لیژنەی میلاکاتی وەزارەتی پەروەردە سەرقاڵی رێکخستنەوەی میلاکاتی مامۆستایانن، وتیشی، لە 1ـی 1ـی 2025ەوە تا ئێستا زیاتر لە حەوت هەزار و 500 مامۆستا خانەشینبوون، بۆ چارەسەرکردنی ئەو کێشەیە بەڕێوەبەرایەتی پەروەردەکان سەرقاڵی رێکخستنەوەی میلاکاتی خۆیانن و بۆ ئەو بابەتە دەسەڵاتی تەواویان پێدراوە.
ئاژانسی هەواڵی "ئەکسیۆس" بڵاویکردەوە، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، بە سەرکردەکانی یەکێتیی ئەوروپا و کیێڤی راگەیاندووە کە دەیەوێت لە 22ی ئاب کۆبوونەوەیەکی سێقۆڵی لەگەڵ ڤلادیمیر پوتن، سەرۆکی روسیا و ڤلۆدیمیر زێلێنسکی، سەرۆکی ئۆکراین ئەنجام بدات.
بەگوێرەی ماڵپەڕەکە، کە زانیارییەکانی لە سەرچاوەی ئاگادارەوە وەرگرتووە، "ترەمپ لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا دوای لوتکەی ئالاسکا، بە سەرکردە ئەوروپییەکانی راگەیاندووە کە نیازی هەیە کۆبوونەوەیەکی سێقۆڵی لەگەڵ پوتن و زێلێنسکی لە رۆژی هەینی داهاتوو، 22ی ئاب، رێکبخات."
هاوکات، ترەمپ داوای لە سەرکردە ئەوروپییەکانیش کردووە، بەشداری لەو کۆبوونەوەیەدا بکەن کە بڕیارە ڕۆژی 18ی ئەم مانگە لەگەڵ ڤلۆدیمیر زێلێنسکی لە کۆشکی سپی ئەنجامی بدات بۆ تاوتوێکردنی پلانی چارەسەرکردنی قەیرانی ئۆکرانیا.
لەلایەن خۆیەوە، ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆکی فەرەنسا، دوای کۆبوونەوەکەی نێوان پوتن و ترەمپ لە ئالاسکا، ئاشکرایکرد کە لە داهاتوویەکی نزیکدا نوێنەرانی "هاوپەیمانیی خوازیاران" بۆ پشتیوانیکردن لە ئۆکرانیا کۆدەبنەوە.
ئەم پێشهاتانە دوای ئەوە دێت کە ڤلادیمیر پۆتن و دۆناڵد ترەمپ لە بنکەی سەربازیی "ئیلمێندۆرف-ڕیچاردسۆن" لە شاری ئانکۆراج لە ویلایەتی ئالاسکا کۆبوونەوە و گفتوگۆکانیان ماوەی دوو کاتژمێر و 45 خولەکی خایاند. دوای کۆبوونەوەکەش، ڤلادیمیر پوتن رەزامەندیی لەسەر پێویستیی دابینکردنی ئاسایشی ئۆکرانیا نیشاندا و جەختی کردەوە کە مۆسکۆ ئامادەیە بۆ کارکردن لەو بوارەدا.
بەڕێوەبەرایەتیی هاتووچۆی سلێمانی، بەهۆی ئەو شەپۆلە خۆڵبارینەی روی لە شارەکانی هەرێمی کوردستان کردووە و بووەتە هۆی کەمبوونەوەی ئاستی بینین، چەند رێنمایی و هۆشدارییەکی ئاراستەی شۆفێران کرد و داوایان لێدەکات بۆ سەلامەتیی گیانیان پابەند بن پێوەی.
لە راگەیەندراوێکدا، هاتووچۆی سلێمانی جەختی لەسەر چەند خاڵێکی گرنگ کردووەتەوە، لەوانە:
کەمکردنەوەی خێرایی و شوفێریکردن بەشێوەیەکی بەرپرسیارانە.
پاراستنی ماوەی سەلامەتی لەنێوان ئۆتۆمبێلەکاندا.
داگیرساندنی گڵۆپی تەم (Fog Light) بۆ باشتر بینین.
بەکارهێنانی ماسک لەپێناو پاراستنی تەندروستی.
هەروەها هاتووچۆی سلێمانی داوای لە هاوڵاتییان کردووە، تا کۆتاییهاتنی شەپۆلی خۆڵبارینەکە، گەشتەکانیان بۆ ناوچە شاخاوییەکان و رێگا دەرەکییەکان دوابخەن یاخود ئەنجامی نەدەن ئەگەر پێویست نەبێت.
هاوکات، بەڕێوەبەرایەتییەکە ژمارەی هێڵە گەرمەکانی بڵاوکردووەتەوە تاوەکو هاوڵاتییان لە کاتی پێویستدا پەیوەندییان پێوە بکەن:
کۆنترۆڵی هاتووچۆ: ١٨٨
سەنتەری هەماهەنگیی پەیوەندییەکان (PJCC): ١٠٠
فریاگوزاریی تەندروستی: ١٢٢
بەرگریی شارستانی: ١١٥
پۆلیسی فریاکەوتن: ١٠٤
ئاسایش: ١٠٦