هەواڵەکانهەواڵەکان

لە ڕووداوێکی نامۆدا لە شاری لۆس ئەنجلسی ئەمریکا، گروپێکی دەمامکدار هەڵیانکوتایە سەر فرۆشگایەک و بەبەهای  7 هەزار دۆلار بووکەڵەی جۆری "لابوبو" (Labubu)یان دزی.

بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی ناوچەی لۆس ئەنجلس رایگەیاند، رووداوەکە ب29  کیلۆمەتر لە رۆژهەڵاتی لۆس ئەنجلسەوە دوورە.

بەگوێرەی پۆلیس، دزەکان ئۆتۆمبێلێکی دزراویان لە جۆری تۆیۆتا تاکۆما بەکارهێناوە، کە دواتر بەجێهێڵراوی دۆزراوەتەوە. لێکۆڵینەوەکان لە رووداوەکە بەردەوامە و تا ئێستا هیچ زانیارییەکی زیاتر ئاشکرا نەکراوە.

بووکەڵەکانی لابوبو، کە لەلایەن هونەرمەندی خەڵکی هۆنگ کۆنگ، کاسینگ لونگ، دیزاین کراون، دوای دەیەیەک لە دەرکەوتنیان بوونەتە یەکێک لە بەنرخترین و بەناوبانگترین ئەو بووکەڵانەی کە خەڵک وەک یادگاری کۆیاندەکاتەوە.

فرۆشگاکە لە پۆستێکدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئینستاگرام رایگەیاندووە کە دزەکان هەموو بووکەڵەکانی فرۆشگاکەیان بردووە و شوێنەکەشیان تێکداوە. لە گرتە ڤیدیۆییەکانی کامێرای چاودێریدا دەردەکەوێت کە گروپێک کەس بە جلوبەرگی کڵاودار و دەمامکەوە شووشەی فرۆشگاکە دەشکێنن و سندوقی بووکەڵەکان دەبەن.

لە پۆستەکەدا هاتووە: "هێشتا لە شۆکداین"، و داوایان لە خەڵک کردووە یارمەتییان بدەن بۆ دۆزینەوەی دزەکان.

 

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

پەیامنێری کوردسات نیوز لە بەغدا رایگەیاند، کۆبوونەوەی وەفدی باڵای حکومەتی هەرێمی کوردستان لەگەڵ تەیف سامی، وەزیری دارایی عیراق کۆتاییهات.

بەپێی زانیارییەکانی پەیامنێری کوردسات نیوز، کۆبوونەوەکە لە کەشێکی ئەرێنیدا بەڕێوەچووە و لێکتێگەیشتنی باش لەنێوان هەردوولادا هەبووە سەبارەت بە پرسی موچە و شایستە داراییەکانی هەرێم.

هەر بەپێی زانیارییەکان، وابڕیارە هەفتەی داهاتوو وەفدێکی دیکەی حکومەتی هەرێم بەمەبەستی درێژەدان بە گفتوگۆکان و گەیشتن بە رێککەوتنی کۆتایی، جارێکی دیکە سەردانی بەغدا بکاتەوە.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

بەڕێوەبەرایەتی گشتیی کەشناسیی و بوومەلەرزەزانی هەرێمی کوردستان، کەشی پێشبینیکراوی ٤8 کاتژمێری داهاتووی بڵاوکردەوە و رایگەیاند، پلەکانی گەرما کەمێک نزم دەبنەوە.

بەپێی پێشبینییەکانی کەشناسی هەرێم، پێشبینی دەکرێت ئەمڕۆ چوارشەممە، ئاسمان بەگشتی ساماڵ بێت، و پلەکانی گەرما 1 تا 2 پلە نزم ببنەوە.

سەبارەت بە سبەی پێنجشەممە، ئاسمان ساماڵ دەبێت لەگەڵ ئەگەری بەرزبوونەوەی تۆزێکی سوک لە ناوچەکانی ناوەڕاست و باشوری هەرێم. هاوکات، پلەکانی گەرما نزیک دەبێتەوە لە تۆمارکراوەکانی ئەمڕۆ.

بەرزترین پلەکانی گەرمای پێشبینیکراو بە پلەی سیلیزی بۆ ٤48 کاتژمێری داهاتوو:

هەولێر: 42
سلێمانی: 41
دهۆک:41
کەرکوک:43
زاخۆ: 42
هەڵەبجە: 42
سۆران: 41
حاجی ئۆمەران: 35
گەرمیان: 45

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

هاوکات لەگەڵ چاوەڕوانییەکان بۆ دەستپێکردنی جێبەجێکردنی بڕیاری حکومەتی لوبنان بە دەستبەسەرداگرتنی چەک لەلایەن دەوڵەتەوە، سەرۆکی پەرلەمانی ئەو وڵاتە داوا لە حزبوڵڵا دەکات هاوکاری سوپا بکات و هۆشداری دەدات لە بەکارهێنانی شەقام.

بەپێی زانیارییەکانی کەناڵی "العربیة/الحدث"، نەبیە بێری، سەرۆکی پەرلەمانی لوبنان و سەرۆکی بزووتنەوەی ئەمەل کە هاوپەیمانی حزبوڵڵایە، داوای لەو حزبە کردووە هاوکاریی تەواوی سوپای لوبنان بکەن.

سەرچاوەکان ئەمڕۆ چوارشەممە رایانگەیاندووە، بێری بە حزبوڵڵای وتووە کە "بەکارهێنانی شەقام بەمەبەستی ناڕەزایەتی دەربڕین یان هەڵوەشاندنەوەی بڕیاری چەک داماڵین هیچ سوودێکی نابێت."

هەروەها سەرۆکی پەرلەمان داوای لە حزبوڵڵا کردووە پشتیوانی حکومەت بکات بۆ درێژکردنەوەی ماوەی مانەوەی هێزەکانی "یۆنیفیل" لە باشووری لوبنان.

رادەستکردنی چەک:

شایەنی باسە، حکومەتی لوبنان لە سەرەتای ئەم مانگەدا (ئابی 2025) بڕیاریدا چەک تەنها لە دەستی دەوڵەتدا بێت و سوپای راسپاردووە پلانێک بۆ وەرگرتنەوەی چەکی حزبوڵڵا دابنێت. بڕیارە پلانەکە لە کۆتایی ئەم مانگەدا پێشکەش بکرێت و لە کۆتایی ئەمساڵدا (2025) جێبەجێ بکرێت.

لەلایەن خۆیەوە، حزبوڵڵا ئەم بڕیارەی رەتکردووەتەوە و بە "بێ بوون" ناوی بردووە، جەختیشیکردووەتەوە کە دەستبەرداری چەکەکانی نابێت.

لەسەرەتای دەرچوونی بڕیارەکەوە، لایەنگرانی حیزبوڵڵا بۆ چەندین رۆژ بە ماتۆڕسکیل لە ناوچە جیاوازەکاندا خۆپیشاندانیان ئەنجامدا بۆ ئیدانەکردنی بڕیارەکەی حکومەت و پاڵپشتی کردن لە حزبەکەیان.

هاوکات، چەندین لێدوانی بەرپرسانی ئێرانی سەبارەت بە پێویستیی دەستبەردارنەبوون لە چەک، رەخنەی توندی لایەنە لوبنانییەکانی لێکەوتووەتەوە.

 

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، لە لێدوانێکدا خۆی و بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیلی، بە "پاڵەوان" وەسفکرد بەهۆی هێرشکردنە سەر دامەزراوە ئەتۆمییەکانی ئێران. ترەمپ جەختیشی کردەوە کە کۆگاکانی کەرەستەی ئەتۆمیی ئێران لەناوبراون و ئەگەر ئەو هێرشە نەبووایە، تاران لە ماوەی چوار هەفتەدا دەیتوانی ببێتە خاوەنی چەکی ئەتۆمی.

لە چاوپێکەوتنێکی رادیۆییدا لەگەڵ مارک لێڤین، ترەمپ رایگەیاند: "ناتانیاهۆ پاڵەوانێکی جەنگە. پێموایە منیش هەروەهام. کەس گرنگی پێنادات، بەڵام منیشم."

سەرۆکی پێشووی ئەمریکا جەختی لەوە کردەوە کە هێرشەکانی ئەمریکا بۆ سەر دامەزراوە ئەتۆمییەکانی ئێران "کەمەرشکێن" بوون و وتی: "من ئەو فڕۆکانەم نارد. دەزانن، 22 ساڵ بوو مەشقیان دەکرد و فڕۆکەوانەکان هاتن. من خەڵاتم کردن. هەموویان و هەموو ئەو کەسانەم بانگهێشتی نووسینگەی هێلکەیی کرد کە لەم ئۆپەراسیۆنە بێ وێنەیەدا بەشدار بوون."

ترامپ ئاماژەی بەوەشکرد: "سی ئێن ئێن هەوڵیدا بڵێت رەنگە ئۆپەراسیۆنەکە هێندەی ترەمپ باسی دەکات سەرکەوتوو نەبووبێت، بەڵام دواتر دەرکەوت کە تەنانەت لەوەش زیاتر بووە؛ کاولکارییەکی تەواو بوو. کۆمیسیۆنی وزەی ئەتۆمی رایگەیاند کە ئەو شوێنە لەناوچووە."

بە وتەی ترەمپ، فڕۆکەوانەکان پێیان وتووە: "بەرێز سەرۆک، ئێمە و پێشینەکانمان 22 ساڵ بۆ ئەم فڕینە مەشقمان کردووە؛ هەمان فڕین بۆ هەمان شوێن کە کەرەستەکانی لێ هەڵگیرابوو. تۆ تاکە سەرۆک بوویت کە ئازایەتیت پێداین ئەم ئەرکە جێبەجێ بکەین. ئەگەر ئەم ئۆپەراسیۆنە ئەنجام نەدرایە، رەنگە ئێستا چەکێکی ئەتۆمییان هەبووایە و بێگومان بەکاریان دەهێنا."

ئەمە چەندین جارە لە ماوەی رابردوودا دۆناڵد ترەمپ جەخت لە رۆڵی خۆی لە هێرشکردنە سەر دامەزراوە ئەتۆمییەکانی ئێران دەکاتەوە. پێشتریش لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی "ترووس سۆشیاڵ" نووسیبووی: "لەبیرتان بێت! ... من ئەو کەسە بووم کە دامەزراوە ئەتۆمییەکانی ئێرانم لەناوبرد."

لەلایەن خۆیەوە، بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل، هێرشەکانی وڵاتەکەی بۆ سەر دامەزراوە ئەتۆمییەکانی ئێرانی بە "ئۆپەراسیۆنێکی مێژوویی" ناوبردبوو. ناتانیاهۆ ئاماژەی بەوەکردبوو کە هەرچەندە نزیکەی 400کیلۆگرام لە یۆرانیۆمی پیتێنراوی ئێران بە تەواوی لەناو نەچووە، بەڵام "ئەو بڕە بەشی دروستکردنی بۆمبی ئەتۆمی ناکات و لە ئێستادا لە دۆخێکدا نین بتوانن پێش بکەون."

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

کۆشکی سپی ئەو بۆچوونانەی رەتکردەوە کە باس لەوە دەکەن ڤلادیمیر پوتن، سەرۆکی روسیا، کاریگەریی لەسەر دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، هەبووبێت بۆ گۆڕینی هەڵوێستی لەبارەی پڕۆسەی ئاشتیی ئۆکرانیاوە.

لە وەڵامی پرسیارێکدا سەبارەت بە گۆڕانکاری لە هەڵوێستی ترەمپدا، کارۆلین لیڤیت، وتەبێژی کۆشکی سپی، رایگەیاند، بیرۆکەی ئەنجامدانی کۆبوونەوەی دووقۆڵی لەنێوان روسیا و ئۆکراین لە میانی گفتوگۆکاندا "پەرەی سەندووە".

ئەم لێدوانە دوای ئەوە هات کە سەرۆک ترەمپ پێش کۆبوونەوەی لەگەڵ پوتن ئاماژەی بەوە کردبوو کە هەنگاوی داهاتوو کۆبوونەوەیەکی سێقۆڵی دەبێت بۆ رێککەوتنی ئاشتی، بەڵام دوای کۆبوونەوەکە رایگەیاند کە سەرەتا کۆبوونەوەیەک لەنێوان روسیا و ئۆکراین ئەنجام دەدرێت و دواتر کۆبوونەوەی سێقۆڵی لەنێوان خۆی و پوتن و زێلێنسکی بەڕێوەدەچێت. ئەم گۆڕانکارییەش گومانی ئەوەی لێکەوتەوە کە پوتین کاریگەریی لەسەر ترەمپ هەبووبێت.

لیڤیت لەمبارەیەوە وتی: "سەرۆک ترەمپ لەگەڵ هەردوو سەرکردەکە قسەی کردووە و هەردووکیان ئامادەیی خۆیان بۆ دانیشتن لەگەڵ یەکتردا دەربڕیوە."

وتیشی: "تیمی ئاسایشی نیشتمانیی ئێمە یارمەتیی هەردوو وڵات دەدات بۆ ئەنجامدانی ئەو کۆبوونەوەیە. لە کۆتاییدا، سەرۆک هەمیشە وتوویەتی کە خاڵی ناکۆک لەم شەڕەدا هەن کە پێویستە لەلایەن ئەم دوو وڵاتەوە گفتوگۆیان لەسەر بکرێت و بڕیاریان لێبدرێت."

 

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

لە کاتێکدا نەخۆشیی زەهایمەر کاریگەری لەسەر ملیۆنان کەسی بەساڵاچوو لە سەرانسەری جیهاندا هەیە و پێشبینی دەکرێت تا ساڵی 2060 ژمارەکە دوو هێندە زیاد بکات، توێژینەوەیەکی نوێ ئاشکرای دەکات کە جۆرێکی دیاریکراوی وەرزشکردن دەتوانێت بە شێوەیەکی بەرچاو مەترسیی تووشبوون بەم نەخۆشییە کەم بکاتەوە.

توێژینەوەکە، کە لە گۆڤاری "نەخۆشیی زەهایمەر" (Journal of Alzheimer's Disease) لە ساڵی 2022 بڵاوکراوەتەوە، دەریخستووە کە "وەرزشی دوو-ئەرکی" (dual-task exercises) سوودێکی زۆری هەیە بۆ پاراستنی مێشک.

وەرزشی دوو-ئەرکی چییە؟

دکتۆرە هیزەر ساندیسۆن، پسپۆڕی چارەسەری سروشتی، رونی دەکاتەوە کە ئەم جۆرە وەرزشە بریتییە لە ئەنجامدانی چالاکییەکی جەستەیی و هزری لە یەک کاتدا. بۆ نموونە، پیاسەکردن لە کاتی قسەکردندا لەگەڵ کەسێکی تر، بە جۆرێک لە وەرزشی دوو-ئەرکی دادەنرێت.

توێژینەوەکە کاریگەریی ئەم جۆرە راهێنانەی لەسەر ئەو کەسە بەساڵاچووانە تاقیکردووەتەوە کە نیشانەکانی دابەزینی توانای هزرییان تێدا دەرکەوتبوو. دەرەنجامەکان سەرسوڕهێنەر بوون؛ دەرکەوتووە کە ئەنجامدانی دوو بۆ پێنج جار لە هەفتەیەکدا (هەر جارێک لەنێوان 30 بۆ 120 خولەک) بووەتە هۆی:

  • باشتربوونی بەرچاوی یادەوەری، سەرنج، توانای شیکارکردنی کێشەکان.

  • زیادبوونی هاوسەنگی و خێرایی رۆیشتن.

  • بۆ یەکەمجار دەرکەوتووە کە ئاستی پڕۆتینی "بێتا-ئمیلۆید"ی کەمکردووەتەوە، کە پڕۆتینێکی زیانبەخشە و پەیوەندی بە نەخۆشیی ئەلزەهایمەرەوە هەیە.

نهێنیی کاریگەرییەکەی چییە؟

توێژەران هۆکاری ئەم کاریگەرییە بۆ ئەوە دەگەڕێننەوە کە ئەم جۆرە وەرزشە مێشک ناچار دەکات لە یەک کاتدا چەند کارێک بکات: زانیاری وەربگرێت، جووڵەکان رێکبخات و سەرنجی خۆی بهێڵێتەوە. ئەم فشارە هاوکاتە چەندین تۆڕی دەماری لە مێشکدا چالاک دەکات، پەیوەندییە دەمارییەکان بەهێز دەکات و نەرمی‌پێدانی دەماری (neuroplasticity) زیاد دەکات، کە توانای مێشکە بۆ خۆگونجاندن و دروستکردنی رێڕەوی نوێ.

لەگەڵ ئەوەشدا، پسپۆڕان جەخت لەوە دەکەنەوە کە هیچ راهێنانێک بە تەنها ناتوانێت گەرەنتی پاراستن لە ئەلزەهایمەر بکات. بەڵکو دەبێت ئەم وەرزشە لەگەڵ شێوازێکی ژیانی تەندروستدا پەیڕەو بکرێت، وەک سیستەمێکی خۆراکیی هاوسەنگ، بەشداریی کۆمەڵایەتی و کۆنترۆڵکردنی نەخۆشییەکانی وەک بەرزیی پەستانی خوێن و شەکرە.

جێی باسە، توێژینەوەکان دەریانخستووە کە نزیکەی %35ی مەترسیی تووشبوون بە لەبیرچوونەوە (dementia) پەیوەستە بەو هۆکارانەی کە دەتوانرێت دەستکاری بکرێن، وەک قەڵەوی، جگەرەکێشان، گۆشەگیری، کەمبیستن، خەمۆکی و کەمیی چالاکیی جەستەیی.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

سەرۆك كۆماری عیراق لە بەغداد لەگەڵ سەرۆكی رەوتی حیكمەی نیشتمانی كۆبووەوە و چەند پرسێكی جێی بایەخی هەردوولایان تاوتوێكرد.

بەپێی راگەیەندراوی سەرۆكایەتی كۆماری عیراق، لە كۆبوونەوەی د.لەتیف رەشید سەرۆك كۆماری عیراق و عەممار حەكیم سەرۆكی رەوتی حیكمەی نیشتمانی، دۆسیەی هەڵبژاردنی داهاتووی ئەنجومەنی نوێنەران و ئامادەكارییەكان بۆ هەڵبژاردنەكە تاوتوێكرا، ئاماژەش كرا بە گرنگی بەشداریكردنی هاوڵاتییان لە هەڵبژاردنەكەدا.

هەر لە كۆبوونەوەكەدا، تاوتوێی دوایین پێشهاتە سیاسی و ئەمنی و ئابوورییەكان لەسەر هەردوو ئاستی ناوخۆیی و دەرەكی، جەخشتیكرایەوە لە بەرقەراركردنی ئاسایش و سەقامگیری لەناوخۆی وڵات و ناوچەكەدا.

پێشتریش، سەرۆك كۆمار پێشوازی لە عادل عەبدولمەهدی سەرۆك وەزیرانی پێشووتری عیراق كرد و لە كۆبوونەوەكەدا، تاوتوێی دۆسییەی هەڵبژاردنی داهاتووی ئەنجومەنی نوێنەرانیان كرد.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

دوای زیاتر لە 50 کاتژمێر ئاگرەكەی سنوری هەڵەبجە كۆنترۆڵكرا، كە بەهۆیەوە پۆلیسێكی دارستان و هاوڵاتییەكی خۆبەخش گیانیان لەدەستدا و هەزاران دۆنم باخ و دارستانی سروشتی و پوش و پاوان لە سنوری چوار گوند سوتا. 

پەیامنێری كوردسات نیوز لە هەڵەبجە رایگەیاند، بە هەوڵی هاوبەشی تیمەكانی بەرگری شارستانی هەڵەبجە و سلێمانی و هاوڵاتییانی خۆبەخش، ئاگرەكە كۆنترۆڵكراوە.

ئەوەشی خستەڕوو، تیمەكانیان لە شوێنی رووداوەكە بڵاوەپێكردووە بۆ رێگریكردن لە سەرهەڵدانەوەی ئاگرەكە.

زانیاری زیاتر لەبارەی کوژاندنەوەی ئاگرەکەوە:

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

شارەزایان هۆکاری شێوازی رۆیشتنی ڤلادیمیر پوتن، سەرۆکی روسیا، بە جوڵاندنی تەنها یەک باڵی ئاشکرا دەکەن، کە لە کۆبوونەوەی لوتکەی هەفتەی رابردووی لەگەڵ دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، لە ئالاسکا بەدی کرا.

لە گرتە ڤیدیۆییەکاندا، هەردوو سەرکردە پێکەوە بەسەر فەرشی سووردا دەڕۆیشتن، لەکاتێکدا پوتین تەنها باڵی چەپی بەپێی هەنگاوەکانی دەجوڵاند و باڵی راستی نزیکەی بە تەواوی لە تەنیشتیەوە جێگیر بوو.

رۆژنامەی "دەیلی مەیل"ی بەریتانی ئاماژەی بەوەداوە کە ئەم شێوازە ڕۆیشتنە سەیرە ساڵانێکە پرسیاری زۆری دروستکردووە و زۆر کەس هەوڵیانداوە نهێنییەکەی بدۆزنەوە.

توێژەران پێیان وایە نهێنی رۆیشتنە تایبەتەکەی پوتین، کە بە "رۆیشتنی دەمانچەهەڵگر" (gunslinger's gait) ناسراوە، رەنگە پەیوەندی بەو راهێنانانەوە هەبێت کە لە کاتی کارکردنیدا لە دەزگای هەواڵگریی سۆڤیەت (KGB) وەریگرتووە.

شیکەرەوانانی پورتوگالی، ئیتاڵی و هۆڵەندی لە توێژینەوەیەکدا کە لە گۆڤاری پزیشکیی بەریتانی (BMJ) بڵاوکراوەتەوە، نووسیویانە: "بەپێی کتێبێکی راهێنانی KGB، ئەفسەران فێردەکران کە چەکەکانیان بە دەستی راستیان و نزیک لە سنگیان بگرن و بە لایەکدا بڕۆن، کە عادەتەن لای چەپ بووە. ئەمەش وای لێدەکردن بتوانن لە کاتی روبەروبوونەوەی دوژمندا بە خێرایی چەکەکانیان دەربهێنن".

توێژەران شێوازی رۆیشتنی چەندین بەرپرسی باڵای روسیایان شیکردووەتەوە و بۆیان دەرکەوتووە کە زۆربەیان هەمان شێوازی رۆیشتنیان هەیە، بەتایبەت ئەوانەی کە پێشینەی کارکردنیان لە KGB یان سوپادا هەبووە. پوتین پێش ئەوەی خانەنشین بێت و بچێتە بواری سیاسەتەوە، بۆ ماوەی 16ساڵ لە دەزگای KGB کاری کردووە.

لەلایەکی دیکەوە، چاودێران ئاماژەیان بە جیاوازی باڵای نێوان هەردوو سەرکردەکە کرد. ترەمپ کە باڵای191سم ەو، بە شێوەیەکی بەرچاو لە پوتین باڵابەرزتر دەرکەوت کە باڵای 170 سم ە. هەروەها "دەیلی مەیل" ئاماژەی بەوەشکردووە کە پوتین پێڵاوی پاژنەبەرزی لەپێدا بووە.

کۆبوونەوەکەی ترەمپ و پوتین رۆژی هەینی ڕابردوو، 15ی ئابی 2025، لە بنکەی سەربازیی "ئێلمندۆرف-ڕیچاردسۆن" لە شاری ئانکۆرەیج لە ویلایەتی ئالاسکا بەڕێوەچوو، بەڵام هەردوو لا نەیانتوانی بگەنە رێککەوتنێک بۆ کۆتاییهێنان بە شەڕی ئۆکراین کە ماوەی سێ ساڵ و نیوە بەردەوامە.

 
بەردەوامبە لە خوێندنەوە

کاروان گەزنەیی، وتەبێژی رەسمی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، ئەمڕۆ سەردانی سەنتەری میترۆی بۆ داکۆکیکردن لە مافی رۆژنامەنووسان کرد و لەلایەن تیمی سەنتەرەکە و تۆڕی هاوپەیمانیی 19 پێشوازی لێکرا.

لە دیدارێکدا، گفتوگۆیەکی تێروتەسەل لەبارەی ئازادیی میدیا، دۆخی رۆژنامەگەریی کوردی و ئەو پێشێلکاری و ئاستەنگانەی روبەروی رۆژنامەنووسان دەبنەوە لە هەرێمی کوردستان کرا.

لەسەرەتای کۆبوونەوەکەدا، تیمی سەنتەری میترۆ پیرۆزباییان لە کاروان گەزنەیی کرد بەبۆنەی دەستبەکاربوونی وەک وتەبێژی یەکێتی و هیوای سەرکەوتنیان بۆ خواست لە ئەرکە نوێیەکەیدا.

لەلایەن خۆیەوە، وتەبێژی یەکێتی جەختی کردەوە کە یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و سەرۆک بافڵ جەلال تاڵەبانی، وەک هەمیشە پشتیوانیی رۆژنامەنووسان دەکەن و کاردەکەن بۆ رەخساندنی زەمینەیەکی لەبارتر بۆ کاری رۆژنامەوانی.

هاوکات، تیمی سەنتەری میترۆ ئاماژەیان بەوەکرد کە سەردانەکەی وتەبێژی یەکێتی بە دەرفەتێکی گرنگ دەزانن بۆ قسەکردن لەسەر دەرفەت و ئاستەنگەکانی بەردەم ئازادیی کاری رۆژنامەنووسی لە هەرێمی کوردستان.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە
 
سەرۆکایەتیی کۆماری عیراق، لە پرسەنامەیەکدا خەم و پەژارەی قووڵی خۆی بۆ گیانلەدەستانی هەردوو رۆڵەی پارێزگای هەڵەبجە، محەمەد حەیدەر، کارمەندی پۆلیسی دارستان و ئاری موختار جەمال، هاوڵاتیی خۆبەخش، دەربڕی کە لە کاتی هەوڵدان بۆ کوژاندنەوەی ئاگرێک لە ناوچەکە گیانیان بەخشی.

لە راگەیەندراوێکدا سەرۆکایەتیی کۆمار ئاماژەی بەوەداوە: "ئەم کارە قارەمانانەیە، گیانفیدایی و خۆبەختکردن لە پێناو پاراستنی نیشتمان و ژینگە و سروشتدا نیشان دەدات."

سەرۆکایەتیی کۆمار پرسە و سەرەخۆشی گەرمی خۆی ئاراستەی بنەماڵە و کەسوکاری هەردوو قوربانییەکە کردووە و لە خوای گەورە داواکارە رۆحیان شاد بکات و سەبووری بە هەموو لایەک ببەخشێت.

لە کۆتایی پرسەنامەکەدا، سەرۆکایەتیی کۆمار داوای کردووە کە "هەمووان بەهاکانی گیانفیدایی و بەخشین لەم کارە قارەمانانەیەوە وەربگرن بۆ پاراستنی نیشتمان و ژینگەکەی."
بەردەوامبە لە خوێندنەوە

د. لەتیف رەشید سەرۆک کۆماری عیراق، پێشوازی لە ژمارەیەک باڵیۆز و نوێنەری نوێنەرایەتی وڵاتانی عەرەبی و ئیسلامی باوەڕپێکراو لە عیراق کرد و باسیان لە دوایین پێشهاتی ناوخۆیی و نێودەوڵەتیی کرد، هاوکات چۆنیەتی پەرەپێدانی هاریکاری هاوبەش و پەیوەندی دوولایەنە و ئیقلیمی تاوتوێکردا.


لە سەرەتای دیدارەکەدا کە ئەمڕۆ سێشەممە 19-8-2025، لە کۆشکی بەغداد بەڕێوەچوو،  سەرۆک کۆمار جەختیکردەوە کە عیراق ئەزموونێکی نوێی هەڵبژاردنی لەپێشە، کە ئاماژەیە بۆ بنەمای چەسپاندنی پرەنسیپی گواستنەوەی ئاشتیانەی دەسەڵات و ئاماژەیکرد بەوەی کە هەموو لایەک مەبەستیانە دڵنیابن کە ئەم پرۆسەیە بە بەرزترین ئاستی شەفافیەت و یەکڕیزی بەڕێوەبچێت، هەروەها بەرجەستەکردنی ویستی ئازادی گەلی عیراق و ویستیەتی بۆ ئایندەیەکی باشتر.  

سەرۆک کۆمار  روونیکردەوە کە عیراق پێشکەوتنی بەردەوامی بەدەست هێناوە بەرەو بوژانەوە، چەسپاندنی ئاسایش و سەقامگیری کە پێشینەی کارەکانە، لەگەڵ گرنگیدان بە ئاوەدانکردنەوە و پەرەپێدانی ژێرخان و بەرەوپێشبردنی پرۆسەی وەبەرهێنان و رەخساندنی دەرفەتی کار، هەروەها رووبەڕووبوونەوەی ئاستەنگەکان بۆ دەستەبەرکردنی ژیانێکی شایستە بۆ هاووڵاتیان و هێنانەدی گەشەپێدانی بەردەوام کە لەگەڵ ویستی نەوەکانی داهاتوودا بگونجێت.


سەرۆک کۆمار روناکی خستە سەر پابەندبوونی عیراق بە فراوانکردنی هاریکارییەکانی لەگەڵ وڵاتانی برا و دۆست لەسەر بنەمای رێزگرتنی یەکتر و پەرەپێدانی هاریکاری لە بوارە جۆراوجۆرەکانی گەشەپێدان.


سەرۆک کۆمار ڕوونیکردەوە کە سیاسەتی کراوەیی و هاوسەنگی عیراق لەسەر بنیاتنانی پردی گفتوگۆ و دیپلۆماسی کاریگەر و دوورکەوتنەوە لە پەرەسەندن بنیادنراوە، لە سەرانسەری رێڕەوی سیاسی و ئابووری و گەشەپێدان. ئەمەش گرژی و ئاڵۆزی کەمدەکاتەوە و پشتیوانی لە خۆشگوزەرانی گەلان دەکات و ویستیان بۆ ئایندەیەکی ئارام و خۆشگوزەران بەدیدێنێت.


سەرۆک کۆمار تیشکی خستە سەر هەوڵەکانی سەرۆکایەتی کۆمار لەسەر چەند مەسەلە و کاری لەپێشینە، لەوانەش پێشکەشکردنی چەند پرۆژەیاسایەکی راستەوخۆ پەیوەندیدار بە ژیانی عیراقییەکانەوە بۆ ئەنجوومەنی نوێنەران بۆ گفتوگۆ و پەسەندکردنی. سەبارەت بە هەڵوێستی عیراق لەبارەی یەکێک لە گرنگترین مەسەلە نێودەوڵەتییەکان، بەتایبەتی دەستدرێژیی بەردەوام بۆ سەر غەززە،  سەرۆک کۆمار روونیکردەوە کە کارەساتی مرۆیی پێویستی بە هەڵوێستێکی یەکگرتووی عەرەبی و ئیسلامی دەکات کە بەرپرسیارێتی خۆی بەرانبەر بە ئاگربەستی دەستبەجێ و زامنکردنی گەیاندنی یارمەتییەکان و پاراستنی خەڵکی مەدەنی لە ئەستۆ بگرێت.

سەرۆک کۆمار  ئاماژەی بەوەدا کە هەڵوێستی عیراق لە پاڵپشتیکردنی مافی چاره نووسی گەلی فەلەستین بەردەوامە، داوای لەکۆمەڵیی نێودەوڵەتی کرد بەرپرسیارییەتی خۆی لە ئەستۆ بگرێت بۆ دۆزینەوەی رێگەچارەی سیاسی که ماف بۆ خاوەن ماف بگێڕێتەوه و کۆتایی به ئازاری خەڵکی مەدەنی  بهێنێت. 

سەرۆک کۆمار ئاماژەی بەهەوڵەکان کرد بۆ پڕۆسەی ئاشتی کە لە تورکیا بەڕێوە دەچێت کە کۆتایی بەو ئاڵۆزییانە دەهێنێت کە ساڵانێکی زۆرە بەردەوامە.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

سەرۆک کۆمار د.لەتیف رەشید ئەمڕۆ سێشەممە لە بەغداد پێشوازی لە عادل عەبدولمەهدی سەرۆک وەزیرانی پێشووتر کرد.

لە کۆبوونەوەکەدا دوایین پێشهاتەکانی سیاسی و ئابووری وڵاتیان تاوتوێکرد و جەختیان لەسەر گرنگی یەکخستنی هەوڵەکانی سەرجەم لایەنەکان کردەوە بۆ پاراستنی دەستکەوتەکان لە بوارە جیاجیاکاندا.

هەروەها گفتوگۆیان له سەر ئامادەکارییه بەردەوامەکان بۆ سەرکەوتنی هەڵبژاردنەکانی داهاتووی پەرلەمان کرد بەشێوەیەک خزمەت به خواستەکانی سەرجەم عیراقییەکان بکات لە سەقامگیری ئەمنی و سیاسی و ئابووریدا.


بەردەوامبە لە خوێندنەوە

سەرچاوەیەکی تایبەت لە ئەنجومەنی وەزیرانی عیراقەوە بە کوردسات نیوزی راگەیاند، حکومەتی فیدراڵی رەزامەندی نیشانداوە لەسەر خەرجکردنی موچەی مانگی شەشی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان، بەڵام جێبەجێکردنەکەی بە دوو مەرجی سەرەکییەوە بەستووەتەوە.

بێستون سەلام، پەیامنێری کوردسات نیوز لە بەغداد، زانیارییەکانی پشتڕاستکردەوە و ئاشکرایکرد، مەرجەکان بریتین لە:

1.    چارەسەرکردنی کێشەکان لە 72 کاتژمێردا: پێویستە وەفدی حکومەتی هەرێم لە ماوەی سێ رۆژی داهاتوودا سەرجەم کێشە هەڵپەسێردراوەکانی تایبەت بە داهاتە نانەوتییەکان و پرسی کۆمپانیا نەوتییەکان لەگەڵ بەغداد یەکلایی بکاتەوە.

2.    ڕادەستکردنی 120 ملیار دینار: دەبێت حکومەتی هەرێمی کوردستان لەم ماوەیەدا بڕی 120ملیار دینار وەک بەشێک لە داهاتە نانەوتییەکان رادەستی وەزارەتی دارایی عیراق بکات.

لەمبارەیەوە، د. بڕیار رەشید، ئەندامی لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی عیراق، ئاماژەی بەوەدا کە پێویستە لە ماوەی دوو رۆژی داهاتوودا کارەکان تەواو بکرێن و کۆبوونەوەی لیژنەی تایبەت بە هەرێم و لیژنەی وەزاری بە ئامادەبوونی وەزیری دارایی فیدراڵی ئەنجام بدرێت.

ناوبراو رونیکردەوە، یەکێک لە خاڵە سەرەکییەکانی گفتوگۆکان، پرسی پابەندبوونی هەرێمە بە ناردنی 120 ملیار دینار مانگانە، کە وەفدی هەرێم هەوڵدەدات ئەو بڕە کەمبکاتەوە. هۆکاری ئەمەش بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە تێڕوانینی هەولێر و بەغداد لەسەر بڕ و جۆری داهاتە نانەوتییەکانی هەرێم جیاوازە.

سەبارەت بە کێشەی کۆمپانیا نەوتییەکان، د. بڕیار وتی: "داواکاریی کۆمپانیاکان جارێکی دیکە سەریهەڵداوەتەوە، چونکە لە هەموارکردنەوەی یاسای بودجەدا هاتووە کە تێچووی دەرهێنان و گواستنەوەی هەر بەرمیلێک نەوت بە 16 دۆلار خەمڵێنراوە تا ئەو کاتەی لایەنێکی پسپۆڕی نێودەوڵەتی تێچووی راستەقینەی هەر کێڵگەیەک هەڵدەسەنگێنێت. بەڵام کۆمپانیاکان نیگەرانن لەوەی کە عیراق دواتر پابەندی پێدانی شایستە داراییەکانیان نەبێت."

بەپێی زانیارییەکان، ئەگەر هەردوو لا لەسەر ئەم مەرجانە بگەنە رێککەوتن، ئەوا ئەگەری زۆرە لە هەفتەی داهاتوودا پارەی پێویست بۆ مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم خەرج بکرێت.

 

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

سەرچاوەیەکی تایبەت لە نێو کۆبوونەوەی ئەنجومەنی وەزیرانی عیراقەوە بە پەیامنێری کوردسات نیوزی راگەیاند، حکومەتی عیراق ڕازی بووە بە خەرجکردنی مووچەی مانگی شەشی موچەخۆرانی هەرێمی کوردستان، بەڵام بە دانانی دوو مەرجی سەرەکی.

بێستون سەلام، پەیامنێری کوردسات نیوز لە بەغداد، ئەم زانیارییەی پشتڕاستکردەوە و وردەکاری مەرجەکانی ئاشکرا کرد، کە بریتین لە:

چارەسەرکردنی گرفتەکان لە 72سەعاتدا: پێویستە وەفدەکەی حکومەتی هەرێم لە ماوەی 72 سەعاتی داهاتوودا سەرجەم گرفتەکانی لەگەڵ بەغداد لەبارەی داهاتە نانەوتییەکان و کێشەی کۆمپانیا نەوتییەکان چارەسەر بکات.

ڕادەستکردنی 120 ملیار دینار: پێویستە حکومەتی هەرێمی کوردستان لەم ماوە کەمەدا بڕی 120 ملیار دینار رادەستی وەزارەتی دارایی عێراق بکات.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە
1...284285286287288...1078