دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، رایگەیاندووە کە نیازی وایە لەمەودوا داوای سزای لەسێدارەدان بۆ تاوانبارانی کوشتن لە شاری واشنتۆن دی سی بکات.
ناوبراو ئەم لێدوانەی لەکاتی کۆبوونەوەیەکی ئیداری لە کۆشکی سپیدا، و پێی وایە سزای لەسێدارەدان دەتوانێت "ڕێگر"بێت لە کەمکردنەوەی تاواندا.
ترەمپ پێشتر رەوشی پایتەختی ئەمریکای بە "بێ یاسایی" وەسفکردبوو. بە وتەی ناوبراو، ئەم وەسفە دەتوانێت ببێتە بنەمایەک بۆ جێبەجێکردنی سیاسەت و رێکارە هاوشێوەکان لە شارەکانی دیکەی وەک شیکاگۆ و باڵتیمۆر.
لەگەڵ ئەوەشدا، موریێل باوزەر، سەرۆکی شارەوانی واشنتۆن، بانگەشەکانی ترەمپی لەبارەی زیادبوونی تاوان رەتکردووەتەوە. باوزەر جەختی لەوە کردووەتەوە کە ئامارەکانی تاوان لەم شارەدا دوای گەیشتنی بە لووتکە لە ساڵی 2023، ئێستا کەمی کردووە.
ئەم بڕیار و لێدوانانەی ترەمپ لە کاتێکدایە کە لە سەردەمی سەرۆکایەتی جۆ بایدن، وەزارەتی دادی ئەمریکا جێبەجێکردنی سزای لەسێدارەدانی لەسەر ئاستی فیدراڵی راگرتبوو.
بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی هەولێر دەستگیركردنی بكوژی كرێكارە عەرەبەكەی بازاڕی عەلوەی هەولێری راگەیاند.
بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی هەولێر بڵاویكردەوە، دوای ئەوەی لە رووداوێكی تەقەكردندا لە بازاڕی عەلوەی هەولێر هاوڵاتییەكی بە نەتەوە عەرەب كە پیشەی كوژرا، دەستبەجێ لەلایەن تیمەكانی ئاسایشی هەولێرەوە لێكۆڵینەوە لە رووداوەكە دەستیپێكرد و دەركەوت تۆمەتبارانی كوشتنی ئەو هاوڵاتییە عەرەبە لە چوار كەس پێكهاتوون.
ئەوەشی خستووەتەڕو، ئەو چوار تۆمەتبارە دوای ئەنجامدانی تاوانەكە بۆ دەرەوەی شاری هەولێر هەڵهاتوون، دوای وەرگرتنی فەرمانی دادوەری لێكۆڵینەوەی ئاسایش و بە هەماهەنگی ئاسایشی بازگەكانیش، توانراوە چوار تۆمەتبارەكە دەستیگربكرێن، كە ئەوانیش بە نەتەوە عەرەبن و نیشتەجێی ناحیەی رەبیعەن لە پارێزگای موسڵ.
ئاسایشی هەولێر ئاماژەی بەوەشكردووە، لە پەراوێزی لێكۆڵینەوە و بەدواداچوون بۆ رووداوەكە دەركەوتووە، تۆمەتباران بەهۆی كێشەیەكی كۆمەڵایەتییەوە كە مێژووەكەی دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی 2020 هەڵساون بە ئەنجامدانی تاوانە و لەكاتی دەستگیركردنیشیاندا دەستگیراوە بەسەر ئەو چەك و ئۆتۆمبێلەی تاوانەكەیان پێ ئەنجامداوە.
ئەمڕۆ لە کۆبونەوەی ئەنجومەنی وەزیرانی عیراق رەزامەندی لەسەر خەرجکردنی موچەی مانگی شەشی موچەخۆرانی هەرێم درا.
هەڵۆ عەسکەری وەزیری ژینگەی عیراق بە کوردسات نیوزی راگەیاند، لە کۆتا بڕگەری کۆبونەوەی ئەمڕۆی ئەنجومەنی وەزیرانی عیراق تاوتوێی پرسی موچەی مانگی شەشی موچەخۆرانی هەرێمی کوردستان کراو و لە ئەنجامی لە ئەنجامدا محەمەد شیاع سودانی بڕیاریدا دەستبکرێت بە خەرجکردنی موچەی مانگی شەشی موچەخۆرانی هەرێم.
ئاماژەی بەوەشکرد، لیژنەیەک پێکدەهێنرێت بۆ پێداچوونەوە بە خاڵەناکۆکەکانی نێوان عیراق وهەرێم چارەسەردکردنی و رێککەوتن لەبارەیەوە، ئەگەریش ئەو خاڵە ناکۆکانە چارەسەرنەکرا، پەنادەبرێتە بەر دادگای فیدراڵی و ئەنجومەنی دەوڵەت بۆ یەکلایکردەنەوەی ئەو نوسراوە یاساییانەی کە شیکردنەوەی جیاوازی بۆ دەکرێت.
هەڵۆ عەسکەری راشیگەیاند، لەنێو کۆبونەوەی ئەنجومەنی وەزیراندا بەشێوەیەکی ئەرێنی و بەپەرۆشیەوە باس لە چارەسەری کێشەی موچەی موچەخۆرانی هەرێم کراوە.
بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی حەج و عومرەی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، دوای وەرگرتنی بەڵێننامەی یاسایی لە کۆمپانیاکان، گەشتە ئاسمانییەکان بۆ عومرە دەستیانپێکردەوە.
ئەمڕۆ سێشەممە، لە دیوانی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی حەج و عومرە، شێخ نیاز ڕاغب نەقشبەندی، بەڕێوەبەری گشتی، لەگەڵ سەرجەم خاوەن کۆمپانیاکانی تایبەت بە عومرە کۆبووەوە.
لە کۆبوونەوەکەدا، جەخت لەوە کراوەتەوە، کە مافی هاووڵاتیان و عومرەکاران "هێڵی سوورە" و دەبێت بە باشترین شێوە خزمەت بکرێن و هیچ دواکەوتنێک لە گەشتەکانیاندا قبووڵکراو نییە.
بەڕێوەبەری گشتیی حەج و عومرە رایگەیاند، کۆمپانیاکان دەبێت بەرپرسیارێتیی تەواوی دواکەوتنی گەشتەکان هەڵبگرن و بە پێچەوانەوە روبەروی لێپێچینەوەی یاسایی، کارگێڕی و دارایی دەبنەوە.
لە بەرانبەردا، هەر حەوت کۆمپانیاکەی بواری عومرە لە هەرێمی کوردستان، بەڵێننامەیان لە دادنووس پڕکردەوە و پابەندبوونی خۆیان بە سەرجەم رێنماییەکان و گەڕاندنەوەی عومرەکاران لە کاتی دیاریکراوی خۆیدا دووپاتکردەوە.
دوای تەواوبوونی رێکارە یاساییەکان، بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی حەج و عومڕە بڕیاریدا هەر ئەمڕۆوە گەشتە ئاسمانییەکان بۆ عومرە دەستپێبکرێنەوە و گەشتەکان ئاسایی ببنەوە، بەشێوەیەک کە تەواوی مافی عومرەکاران گەرەنتی کراوە.
جێی باسە، پێشتر رۆژی 19ی ئابی 2025، بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی حەج و عومرە بەهۆی دواکەوتنی گەڕانەوەی عومرەکاران، بڕیاری راگرتنی سەرجەم گەشتەکانی عومرەی دەرکردبوو.
لە سەردانێکدا بۆ سلێمانی ساڵح موسلیم، سەردانی مەزاری سەرۆک مام جەلالی کرد لە سلێمانی و لە یاداشتێکدا رێز و وەفای خۆی بۆ ئەو سەرکردە مێژووییە دووپاتکردەوە.
ساڵح موسلیم لە یاداشتەکەیدا کە بە دەستوخەتی خۆی لەسەر مەزاری مام جەلال نووسیوێتی؛
"بەهۆی ئەو پیلانە سیاسیانەوە کە لە دژی دەگێردرێت، کوردستان ئەمڕۆ لە هەمووکاتێک زیاتر پێویستی بە ئێوەیە، بەڵێنتان پێدەدەین کە لەسەر ئەو رێچکەیە بڕۆین کە ئێوە و سەرۆک ئاپۆ نەخشەتان کێشاوە، تاکو ئازادی و سەقامگیری بەرقەرار دەبێت بۆ گەلەکەمان و ناوچەکە."
ئەم پەیامە لە کاتێکدایە کە ناوچەکە بە دۆخێکی هەستیاردا تێدەپەڕێت و جەخت لە ڕۆڵ و پێگەی مێژوویی مام جەلال دەکاتەوە وەک سەرکردەیەک کە هەمیشە پشتیوانی گەلانی ناوچەکە بووە بۆ بەدەستهێنانی مافەکانیان.
سەردان و پەیامەکەی ساڵح موسلیم نیشانەی بەردەوامیی ئەو پەیوەندییە سیاسی و نەتەوەییەیە کە مام جەلال دایڕشتبوو و جارێکی دیکە ئەو راستییە دەسەلمێنێت کە کۆچی دوایی ئەو سەرکردەیە بۆشاییەکی گەورەی لە گۆڕەپانی سیاسیی کوردستان و ناوچەکەدا دروست کردووە.
لە دیدارێکی تایبەتدا لەگەڵ وەفدێکی میدیایی عەرەبی لە دیمەشق، ئەحمەد شەرع، سەرۆکی سوریا، زنجیرەیەک پەیامی ئاڕاستەی ناوخۆ و دەرەوەی وڵاتەکەی کرد، کە تێیدا هێڵە گشتییەکانی قۆناغی داهاتووی سوریای تێدا خستەڕوو.
وتارەکەی شەرع تەنها رەهەندێکی سیاسیی تەقلیدی نەبوو، بەڵکو ئاماژەی ستراتیژیی گرنگی لەخۆگرتبوو سەبارەت بە داهاتووی سوریا، یەکپارچەیی وڵات، ئاڵنگارییە ئەمنییەکان، و هەروەها ئاشکراکردنی دانوستانی پێشکەوتوو لەگەڵ ئیسرائیل کە ئەگەری هەیە ببێتە هۆی رێککەوتنێکی ئەمنی بە سەرپەرشتیی ئەمریکا.
ئەم پەیامانە، کە تێکەڵەیەک بوون لە دڵنیاکردنەوە و هەڵوێستی توند، و کردنەوە و داخستن، هاوسەنگییەکی ورد نیشان دەدەن کە شەرع هەوڵی بۆ دەدات: پێشکەشکردنی سوریا وەک وڵاتێک کە ئامادەیە بۆ قۆناغێکی نوێ، بەڵام بەبێ سازشکردن لەسەر "هێڵە سوورەکان" کە لە پێش هەموویانەوە یەکپارچەیی و سەروەریی خاکی سوریا دێت.
پچڕان لەگەڵ ئایدیۆلۆژیای رابردوو:
سەرۆکی سوریا لە وتەکانیدا جەختی لەوە کردەوە کە "درێژکراوەی بەهاری عەرەبی" و هیچ کام لە بزووتنەوە ئیسلامییەکان نییە، نە جیهادییەکان و نە ئیخوان موسلمین. ئەمەش وەک هەوڵێک دێت بۆ کێشانی وێنەی "سوریای نوێ" وەک کیانێکی سەربەخۆ کە پەیوەست نییە بە هیچ ئەجێندایەکی دەرەکی یان تاقیکردنەوەیەکی ئایدیۆلۆجییەوە.
شەرع هەروەها دووپاتیکردەوە کە یەکپارچەیی خاکی سوریا "هێڵی سوورە" و هەر جۆرە باسێک لەسەر جیابوونەوە یان پشکپشکێنە "بە تەواوی ڕەتدەکرێتەوە". ئەم پەیامە راستەوخۆیە ئاڕاستەی پێکهاتەکانی ناوخۆی سوریا کراوە، بەتایبەت ئەو دەنگانەی لە باشوری سوریا لەلایەن پێکهاتەی درووزەوە بانگەشەی جیابوونەوەیان دەکرد.
رێککەوتنی ئەمنی چاوەڕوانکراو لەگەڵ ئیسرائیل:
خاڵی هەرە دیاری لێدوانەکانی شەرع، ئاشکراکردنی دانوستانی پێشکەوتوو بوو لەگەڵ تەلئەبیب سەبارەت بە رێککەوتنێکی ئەمنی لەسەر بنەمای هێڵی ئاگربەستی ساڵی 1974.
کەناڵی 12ی ئیسرائیلی بڵاویکردەوە، رێککەوتنە چاوەڕوانکراوەکە بە نێوەندگیریی ئەمریکا و چاودێریی هەرێمی بەڕێوەدەچێت و بڵاوکردنەوەی چەکی ستراتیژی لە سوریا قەدەغە دەکات، لەوانەش مووشەک و سیستمی بەرگریی ئاسمانی.
بەپێی زانیارییە دزەپێکراوەکان، لە بەرانبەردا دیمەشق هاوکاریی دەرەکی بۆ ئاوەدانکردنەوە بەدەست دەهێنێت، لەگەڵ چەکداماڵینی ناوچەی نێوان دیمەشق و سوەیدا. لەگەڵ ئەوەشدا، شەرع بیرۆکەی "ڕێڕەوی مرۆیی" لە ڕێگەی ئیسرائیلەوە بۆ سوەیدا ڕەتکردەوە و جەختی کردەوە کە هەر هاوکارییەک دەبێت لە ڕێگەی دیمەشقی پایتەختەوە بێت، ئەمەش وەک پابەندبوونێک بە مەرکەزییەتی دەوڵەت.
هاوکێشەی ئاڵۆز: سەروەری لە بەرانبەر سازان
ئەم دانوستانانە سەرکردایەتیی نوێی سوریا دەخاتە بەردەم هاوکێشەیەکی یەکجار ئاڵۆز: لە لایەکەوە، کردنەوەی دەرگا بۆ رێککەوتنێک کە رەنگە ببێتە کلیلی ئاوەدانکردنەوە و کەمکردنەوەی فشاری سەربازیی ئیسرائیل، و لە لایەکی دیکەشەوە، قبووڵکردنی مەرجگەلێک کە دەست بۆ کرۆکی سەروەریی سوریا دەبەن.
قەدەغەکردنی سیستمی بەرگریی ئاسمانی و چەکی ستراتیژی، بە مانای سنووردارکردنی توانای دیمەشق دێت بۆ پاراستنی ئاسمان و سنوورەکانی، کە شرۆڤەکاران بە "سازشێکی گەورە لەسەر جەوهەری سەروەری" ناوی دەبەن.
عەبدوڵڵا حەمد، نووسەر و توێژەری سیاسی، لەم بارەیەوە دەڵێت: "شەرع ویستی راشکاو و شەفاف بێت، بە واقیعیەتێکی سیاسیی بەرزەوە قسەی کرد، بەڵام لە هەمان کاتدا پەیامی دڵنیایی بۆ ناوخۆ و دەرەوە نارد، کە سوریا چیتر گۆڕەپانی ململانێ نابێت."
رۆڵی ئەمریکا و نیگەرانییەکان
سەرۆکایەتیی سوریا پشتڕاستی کردەوە کە تۆماس باراک، نێردەی تایبەتی ئەمریکا، سەردانی دیمەشقی کردووە و وردەکاریی رێککەوتنە چاوەڕوانکراوەکەی لەگەڵ سەرکردایەتیی سوریا تاوتوێ کردووە. ئەم هەنگاوە دەرگا لە بەردەم هەماهەنگیی ڕاستەوخۆی نێوان سوریا و ئەمریکا دەکاتەوە، کە وەرچەرخانێکی گرنگە لە پەیوەندییەکانیاندا.
بەڵام ئەم هەماهەنگییە لە هەمان کاتدا نیگەرانی لای بەشێک لە سورییەکان دروست کردووە، کە پێیان وایە نێوەندگیریی ئەمریکا رەنگە مەرجی وا بسەپێنێت کە سەروەریی وڵاتەکەیان لە ناوەڕۆکدا بەتاڵ بکاتەوە.
ستراتیژی نوێ: راشکاوی و کردنەوەی دەرگاکان
بە بۆچوونی عەبدوڵڵا حەمد، وتارەکەی شەرع تەنها لێدوانێکی پرۆتۆکۆلی نەبوو، بەڵکو "دانیشتنێکی راستەقینەی راشکاوانە" بوو. ئەو دەڵێت: "سەرۆک بە شەفافییەتەوە قسەی کرد، دانینا بە هەڵەکانی رابردوودا، بەڵام جەختی کردەوە کە سوریا چیتر گۆڕەپانی ململانێ نابێت، بەڵکو دەرگای بۆ هەمووان کراوە دەبێت و هەوڵی بنیادنانی ئابوورییەکی نوێ دەدات."
شەرع دیدگایەکی سیاسیی نوێی خستەڕوو کە لەسەر بنەمای رەتکردنەوەی پشکپشکێنە و پێکهێنانی حکومەتێکی تەکنۆکرات و نیشتمانی دامەزراوە، لەگەڵ هەنگاوی چاکسازی وەک دەرکردنی جاڕنامەی دەستووری، دامەزراندنی دەستەی دادپەروەریی گواستنەوە، و ئامادەکاری بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی.
لەکۆتاییدا، وتارەکەی شەرع و رێککەوتنە ئەمنییە چاوەڕوانکراوەکە لەگەڵ ئیسرائیل، سوریا دەخاتە سەر دووڕیانێکی مێژوویی: یان رێککەوتنەکە دەبێتە دەروازەیەک بۆ ئاشتییەکی بەردەوام و ئاوەدانکردنەوە، یان دەبێتە ئاشتییەکی ناسەقامگیر کە سەروەریی وڵات سنووردار دەکات و دابەشبوونە ناوخۆییەکان قووڵتر دەکاتەوە.
وەزارەتی دارایی و ئابووریی حکومەتی هەرێمی کوردستان، لە بڕیارێکی نوێدا لێخۆشبوونی بۆ ئەو هاووڵاتییە خاوەن پێداویستییە تایبەتانە دەرکرد کە پێشتر سوودمەند بوون لە پێشینەی هاوسەرگیری.
بەپێی گشتاندنێکی رەسمی کە بە ئیمزای، وەزیری دارایی و ئابووری دەرچووە و ئاڕاستەی سەرجەم دامودەزگاکانی حکومەت کراوە، بڕیاردراوە بە بەخشینی پاشماوەی قەرزی پێشینەی هاوسەرگیری لە ئەستۆی ئەو کەسانەی کە خاوەن پێداویستیی تایبەتن.
لە رێنماییە داراییەکەدا کە بە ژمارە (حەوت)ی ساڵی 2025 دەرچووە، هاتووە کە لێخۆشبوونەکە ئەو کەسانە دەگرێتەوە کە پێش ساڵی 2013 پێشینەی هاوسەرگیرییان وەرگرتووە، واتە پێش دەرچوونی بڕیاری راگرتنی پێشینەکە.
ئەم بڕیارە پاڵپشتە بە نووسراوی ئەنجومەنی وەزیران و وەزارەتی دارایی سەرجەم لایەنە پەیوەندیدارەکانی ئاگادار کردووەتەوە بۆ کارکردن بەپێی ئەم رێنماییە نوێیە و جێبەجێکردنی.
دەقی نووسراو
ەکە کە دەست کوردسات نیوز کەوتووە:
بافڵ جەلال تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە دەباشان پێشوازی لە هەڤاڵ شێخ جەعفەر شێخ مستەفا، لێپرسراوی ئەنجوومەنی پاراستنی بەرژەوەندییە باڵاکانی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان کرد.
لە دیدارێکدا پێشهاتە سیاسییە ناوخۆییەکانی هەرێمی کوردستان، کاری رێکخراوەیی و رێکخستنەوەی ئۆرگانەکانی یەکێتی تاوتوێکران.
هەڤاڵ شێخ جەعفەر شێخ مستەفا جەختی لە درێژەپێدانی سیاسەتی سەرۆک مام جەلال بە سەرۆکایەتیی سەرۆک بافڵ کردەوە و وتی، پێویستە هەموو ئۆرگانەكانی یەکێتی هاوكار و هەماهەنگبن لەپێناو خزمەتكردنی خەڵك و بەدەمەوەچوونی داواكارییەكانیان.
لە عەممانی پایتەختی ئوردن، وەفدێکی باڵای ئەمریکی بە سەرۆکایەتی سیناتۆر جین شەهین، لەگەڵ مەزڵوم کۆبانێ، فەرماندەی گشتیی هێزەکانی سوریای دیموکرات (هەسەدە) کۆبووەوە. لە کۆبوونەوەکەدا، وەفدی ئەمریکی پشتیوانیی واشنتنۆنیان بۆ هەسەدە دووپاتکردەوە و جەختیان لەسەر پابەندبوون بە هاوبەشی لە شەڕی دژی تیرۆر کردەوە.
سیناتۆری دیاری ئەمریکا، جین شەهین، لە عەممانی پایتەختی ئوردن، چاوی بە مەزڵوم کۆبانێ، فەرماندەی گشتیی هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) کەوت.
لە کۆبوونەوەکەدا، جۆ ویڵسن، ئەندامی کۆنگرێسی ئەمریکا، نوێنەری باڵای ئەمریکا لە تورکیا، و ئیلهام ئەحمەد، هاوسەرۆکی پەیوەندییەکانی دەرەوەی بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەری باکوور و رۆژهەڵاتی سوریا ئامادەبوون.
بەپێی زانیارییەکان، لە کۆبوونەوەکەدا گفتوگۆ لەبارەی پێشخستنی جێبەجێکردنی "رێککەوتنی 10ی ئازار" کراوە. لای خۆیەوە، سیناتۆر شەهین پشتیوانیی خۆی بۆ هێزەکانی سوریای دیموکرات دووپاتکردەوە و جەختی لە پابەندبوونی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا کردەوە بۆ بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر بە هاوبەشی لەگەڵ هەسەدە.
سەرۆکی ئۆپۆزسیۆنی ئەڵمانیا رایگەیاند، وڵاتەکەی ناچێتە پاڵ ئەو دەستپێشخەرییەی کە لەلایەن چەند وڵاتێکی رۆژئاواییەوە بۆ دانپێدانان بە دەوڵەتی فەڵەستین خراوەتەڕوو، جەختیش دەکاتەوە کە "مەرجەکان" بۆ هەنگاوێکی لەو شێوەیە "نەهاتوونەتە دی".
فریدریش مێرتس، سەرۆکی پارتی یەکێتیی دیموکراتی مەسیحی (CDU) و سەرۆکی ئۆپۆزسیۆنی ئەڵمانیا، ئەمڕۆ سێشەممە رایگەیاند کە وڵاتەکەی بەشداری لەو دەستپێشخەرییەی هاوپەیمانە رۆژئاواییەکاندا ناکات کە بڕیارە مانگی داهاتوو لە کۆمەڵەی گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکاندا دان بە دەوڵەتی فەڵەستیندا بنێن.
مێرتس ئەم لێدوانەی لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیی هاوبەشدا لەگەڵ مارک کارنی، سەرۆک وەزیرانی کەنەدا دا، کە وڵاتەکەی مانگی رابردوو نیازی خۆی بۆ دانپێدانان بە دەوڵەتی فەڵەستین راگەیاندبوو، هاوشێوەی هەنگاوی فەرەنسا و بەریتانیا.
مێرتس وتی: "هەڵوێستی حکومەتی فیدراڵی سەبارەت بە ئەگەری دانپێدانان بە دەوڵەتی فەڵەستین روونە." هەروەها وتیشی: "کەنەدا ئەوە دەزانێت. ئێمە بەشداری لەم دەستپێشخەرییەدا ناکەین، چونکە لەو باوەڕەدانین مەرجەکان هاتبێتنە دی."
ئەم هەڵوێستە لە کاتێکدایە کە رۆژی دووشەممە، ئەڵمانیا "نیگەرانی و شۆکبوونی" خۆی دەربڕیبوو "بەرامبەر کوژرانی چەندین رۆژنامەنووس و کارمەندی فریاگوزاری و هاوڵاتیی سیڤیل" لە بۆردومانێکی ئاسمانیی ئیسرائیل بۆ سەر نەخۆشخانەی ناصر لە کەرتی غەززە.
وەزارەتی دەرەوەی ئەڵمانیا لە رێگەی پلاتفۆرمی "ئێکس"ەوە رایگەیاند: "پێویستە لێکۆڵینەوە لەم هێرشە بکرێت،" و داوای لە ئیسرائیل کرد "رێگە بە گەیشتنی دەزگاکانی راگەیاندنی سەربەخۆی بیانی بدات و پارێزگاری لەو رۆژنامەنووسانە بکات کە لە غەززە کار دەکەن."
لەلایەکی دیکەوە، ریم ئەلعەبلی رادۆڤان، وەزیری گەشەپێدانی ئەڵمانیا، دوێنێ دووشەممە گەشتێکی سێ ڕۆژەی بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەستپێکرد کە سەردانی ئیسرائیل، خاکی فەڵەستین، ئوردن و سعودیە دەکات.
وتەبێژێکی وەزارەتەکە لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا لە بەرلین رایگەیاند: "خانمە وەزیر بەردەوامە لە پابەندبوونی خۆی بۆ داهاتووی غەززە و سەقامگیریی تەواوی ناوچەکە. ئەمەش پێویستی بە هەنگاوێکی هاوبەشی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و هێزە گرنگەکانی ناوچەکە هەیە وەک ئوردن و سعودیە."
رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆک کۆماری تورکیا، لە میانی بەشداریکردنی لە رێوڕەسمی954ـەمین ساڵیادی سەرکەوتنی مەلازگرت لە پارێزگای موش، وتارێکی پێشکەش کرد و تێیدا تیشکی خستە سەر پرسە ناوخۆیی و دەرەکییەکان.
ئەردۆغان لە وتارەکەیدا رایگەیاند: "سەرەڕای هەموو جۆرە ئاستەنگ و لەمپەر و تێکدانێک، ئێمە بە واتای وشە خەبات دەکەین بۆ دووبارە بنیاتنانەوەی تورکیایەکی گەورە و بەهێز."
سەرۆک کۆماری تورکیا جەختی لە پشتیوانیی وڵاتەکەی بۆ دۆزی فەڵەستین کردەوە و وتی: "وڵات و حکومەتێکی خاوەندارێتیکەر لە دەوڵەتی فەڵەستینمان هەیە. ئێمە بەرگری لە ماف و یاسای غەززە دەکەین."
سەبارەت بە پڕۆسەی چارەسەری، ئەردۆغان ئاماژەی بەوە کرد کە لە ماوەیەکی کورتدا هەنگاوی گرنگیان لە پڕۆسەی ئاشتی دا ناوە بۆ لەناوبردنی ئەو ئاژاوەیەی لە نێوان تاکەکانی گەلدا دروست کراوە. وتیشی: "گەلەکەمان تێبینی دەکات کێ بە دڵسۆزییەوە پشتیوانی لە پڕۆسەکە دەکات و کێ هەوڵی ژەهراویکردنی دەدات. هەرچییەک بکەن، ئەمجارە سەرکەوتوو نابن. ئەمجارە کەس ناتوانێت رێگری لەو کەشی هیوایە بکات کە بە پشتیوانیی گەلەکەمان دروست بووە."
لەسەر دۆخی سوریا، ئەردۆغان پەیامێکی ئاڕاستەی کوردان کرد و رایگەیاند: "تورکیا گەرەنتی ئاسایش، ئارامی کوردەکانیشە، هەروەک چۆن گەرەنتی هەموو گەلانی دیکەی خوشک و برامانە لە سوریا. ئەوانەی روو لە ئەنقەرە و دیمەشق دەکەن، سەردەکەون."
ئەردۆغان هەروەها وتیشی: "ئەگەر شمشێر لە کالان دەربهێنرێت، پێویست بە قەڵەم ناکات. ئێمە لایەنگری دامەزراندنی ئاشتییەکی هەمیشەیین لە تەواوی ناوچەکەماندا و لەگەڵ ئەوەداین کە کێشەکان لە رێگەی دیالۆگ و دیپلۆماسییەوە چارەسەر بکرێن."
لە روداوێکی چەکداریدا لە ناوچەیەکی دوورەدەستی ئوسترالیا، دوو ئەفسەری پۆلیس کوژران و یەکێکی دیکەش بە سەختی برینداربوو. پۆلیسی ڤیکتۆریا ئۆپەراسیۆنێکی بەرفراوانی بۆ دەستگیرکردنی تەقەکەرە هەڵاتووەکە راگەیاندووە و داوا لە هاوڵاتیان دەکات لە ناوچەکە دووربکەونەوە.
پۆلیسی ئوسترالیا رایگەیاند، ئۆپەراسیۆنێکی بەرفراوان بۆ دۆزینەوەی چەکدارێک دەستیپێکردووە کە لە ناوچەیەکی لادێی ویلایەتی ڤیکتۆریا تەقەی لە هێزەکانی پۆلیس کردووە . بەپێی زانیارییەکانی میدیا ناوخۆییەکان، لەم روداوەدا دوو ئەفسەری پۆلیس کوژراون و ئەفسەرێکی دیکەش بە سەختی برینداربووە.
لە راگەیەندراوێکدا کە لە ماڵپەڕی رەسمی خۆی بڵاویکردووەتەوە، پۆلیسی ڤیکتۆریا پشتڕاستیکردەوە کە روداوەکە بەیانی رۆژی سێشەممە بە کاتی ناوخۆیی، نزیک کاتژمێر 10:30خولەک لە نزیک شارۆچکەی پۆرپونکا (Porepunkah) رویداوە، کە دەکەوێتە دووری نزیکەی 300 کیلۆمەتر (190 میل) لە باکووری رۆژهەڵاتی مێلبۆرن.
پۆلیس ئاشکرای کرد کە ئەفسەرە بریندارەکە "لەلای خوارەوەی جەستەیەوە بە سەختی بەرکەوتووە" و دەستبەجێ گوازراوەتەوە بۆ نەخۆشخانە.
بەپێی راگەیەندراوەکە، "پێدەچێت دە ئەفسەری پۆلیس چووبنە شوێنی روداوەکە لە رێڕەوی راینەر (Rayner Track)"، بەڵام هیچ ئەفسەرێکی دیکە لە روداوەکەدا زیانی پێنەگەیشتووە و لە ئێستادا لە شوێنی ڕووداوەکە ماونەتەوە.
هێزەکانی پۆلیس ئۆپەراسیۆنێکی گەڕان و پشکنینی فراوانیان بۆ دۆزینەوەی تەقەکەرەکە دەستپێکردووە و هۆشداری دەدەن کە دۆخەکە هێشتا کۆنتڕۆڵ نەکراوە و مەترسیدارە. هاوکات داوا لە هاوڵاتیان کراوە خۆیان لە چوونە ناوچەکە بەدوور بگرن.
نووسینگەی راگەیاندنی پارتی یەکسانی و دیموکراسیی گەلان (دەم پارتی) لە راگەیەندراوێکدا ئاشکرای کرد کە وەفدێکی پارتەکەیان رۆژی پێنجشەممە سەردانی دورگەی ئیمڕاڵی دەکات بەمەبەستی ئەنجامدانی کۆبوونەوە لەگەڵ عەبدوڵڵا ئۆجەلان.
بەپێی راگەیەندراوەکە، وەفدەکە رۆژی پێنجشەممە، 28ی ئاب، سەردانەکە ئەنجام دەدات و پێکهاتووە لە هەریەک لە پەروین بوڵدان، مەدحەت سانجار و فایق ئۆزگور ئەرۆل.
ئەم سەردانە دوای نزیکەی مانگێک لە دواهەمین دیداری وەفدی دەم پارتی لەگەڵ ئۆجەلان دێت و چاوەڕوان دەکرێت تیایدا دوایین پێشهاتە سیاسییەکانی تورکیا و ناوچەکە تاوتوێ بکرێن.
سەرۆكی روسیا و سەرۆكی ئێران لە پەیوەندییەكی تەلەفۆنیدا پرسی بەرنامە ئەتۆمییەكەی تاران و دوایین لوتكەی نێوان سەرۆكانی روسیا و ئەمریكایان تاووتوێ كرد.
كۆشكی سەرۆكایەتی روسیا-كرملن رایگەیاند، ڤلادیمێر پوتن سەرۆكی روسیا و مەسعود پزیشكیان سەرۆك كۆماری ئێران لە پەیوەندیەكی تەلەفۆنیدا گفتۆگۆیان لەبارەی بەرنامە ئەتۆمیەكەی تاران و كۆبوونەوەی پوتن و دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمریكا كردووە كە لە ویلایەتی ئالاسكا بەڕێوەچوو.
ئاماژەی بەوەش كرد، هەردوولا هاوڕابوون لەسەر ئەوەی لە لوتكەی داهاتووی وڵاتانی ئەندامی رێكخراوی هەماهەنگی شەنگەهای لە چین كۆبوونەوەیەكی دوو قۆڵی ئەنجام بدەن.
ئەمڕۆ، لە شاری مۆسکۆی پایتەختی روسیا، رێکخراوی یەکێتیی کوردناسان بەمەبەستی بەهێزکردنی پەیوەندییە زانستی و فەرهەنگییەکانی نێوان روسیا و کوردستان، بە شێوەیەکی رەسمی دامەزرا.
کۆنفرانسی دامەزراندنی رێکخراوەکە بە بەشداریی ژمارەیەکی بەرچاو لە نوێنەرانی رێکخراوە کوردییەکان و نوێنەری شەش دامەزراوەی زانستی و ئەکادیمی بەرێوەچوو، کە کار لەسەر پرسی کورد دەکەن. هەروەها، پەیام و پشتیوانیی سەرجەم پارت و لایەنە سیاسییەکانی هەر چوار پارچەی کوردستان بە کۆنفرانسەکە گەیشتبوو.
ئامانجی سەرەکیی یەکێتیی کوردناسان بریتییە لە بەهێزکردنی پەیوەندییە زانستی و فەرهەنگییەکانی نێوان روسیا و کوردستان. هەروەها، ئەم رێکخراوە هەوڵدەدات وەک پلاتفۆرمێک بۆ کۆکردنەوەی سەرجەم لایەنە سیاسییە جیاوازەکانی کوردستان کار بکات. یەکێکی دیکە لە ئامانجەکان ئەوەیە کە توێژینەوەکانی تایبەت بە مێژوو، فەرهەنگ، ئایین و بارودۆخی سیاسیی کورد، لە روانگەیەکی کوردیانەوە و لەلایەن توێژەرانی کوردەوە ئامادە بکرێن و بڵاو بکرێنەوە، هاوکات هاوکاریی توێژەران و کوردناسانیش بکرێت.
لە یەکەم کۆنفرانسی خۆیدا، دەستەی بەڕێوەبەرایەتیی یەکێتییەکە هەڵبژێردرا، کە پێکهاتبوو لە:
سوارە شاکەلی، وەک سکرتێری رێکخراو
ئیلیا ڤیدێنێڤ، ئەندامی دەستەی بەڕێوەبەرایەتی
شۆڕش ئابی، ئەندامی دەستەی بەڕێوەبەرایەتی
تاتیانە ئۆدینسۆڤا، ئەندامی دەستەی بەڕێوەبەرایەتی
وەزیری کاشاخی، ئەندامی دەستەی بەڕێوەبەرایەتی
وێنەکان: 
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا رۆژی دووشەممە رایگەیاند کە دۆخی غەززە زۆر خراپە و پێویستە 20 بارمتەکە ئازاد بکرێن.
ترەمپ لە لێدوانێکدا بۆ رۆژنامەنووسان وتی: "پێویستە کۆتایی بەو کابوسە بهێنین لە کەرتی غەززە روودەدات."
سەبارەت بە بۆردوومانکردنی نەخۆشخانەی ناسر لە کەرتی غەززە لەلایەن ئیسرائیلەوە، سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاند: "من بەوە دڵخۆش نیم". ترەمپ جەختیشی کردەوە کە ئاگاداری بۆردومانکردنی نەخۆشخانەی ناسر نەبووە.
ئاژانسی هەواڵی فەڵەستینی "وەفا" بڵاویکردەوە کە ژمارەی کوژراوان لە بۆردوومانەکەی ئیسرائیل بۆ سەر کۆمەڵگەی پزیشکیی ناسر لە خان یونس لە باشووری کەرتی غەززە، گەیشتووەتە 16 فەڵەستینی، کە لەنێویاندا پێنج رۆژنامەنووس و ژمارەیەک فریاگوزار هەن.
پەیامنێرمان ئاماژەی بەوەدا کە کەسانی دیکەش لەو بۆردوومانەی ئیسرائیلدا برینداربوون کە کۆمەڵگەی پزیشکیی ناسری لە خان یونس کردە ئامانج.
پێشتریش روونکرابووەوە کە هێرشە ئاسمانییەکەی ئیسرائیل رۆژنامەنووسان و تیمێکی بەرگریی شارستانیی فەڵەستینی کردبووە ئامانج.
ئاژانسی "وەفا" لە زاری سەرچاوەیەکی پزیشکییەوە بڵاویکردەوە کە ڕۆژنامەنووسە کوژراوەکان بریتین لە:
حوسام ئەلمیسری: وێنەگری رۆژنامەوانی لە ئاژانسی هەواڵی رۆیتەرز.
محەمەد سەلامە: وێنەگری رۆژنامەوانی لە کەناڵی ئەلجەزیرە.
مەریەم ئەبوو دەقە: رۆژنامەنووس، کاری بۆ چەندین دەزگای میدیایی کردووە لەوانە ئیندپێندێنت عەرەبییە و ئاژانسی ئەسۆشیەیتد پرێس (AP).
موعاز ئەبوو تەها: رۆژنامەنووس، کاری بۆ تۆڕی NBCی ئەمریکی کردووە.
ئەحمەد ئەبوو عەزیز: رۆژنامەنووس، کاری بۆ تۆڕی قودسی ناوخۆیی کردووە.
هەروەها ژمارەیەک لە تیمەکانی فریاکەوتن و بەرگریی شارستانی لەکاتی گواستنەوەی بریندارەکاندا شەهید بوون.