ئایەتوڵڵا عەلی خامنەیی، رابەری باڵای ئێران، ئەمڕۆ یەکشەممە، داوای لە ئێرانییەکان کرد پشتگیری لەوانە بکەن کە خزمەتی وڵات دەکەن، بەتایبەتی مەسعود پزیشکیان، سەرۆک کۆمار. هاوکات جەختیکردەوە کە گەلی ئێران بە هەموو هێزێکییەوە رووبەڕووی داواکاریی "سووکایەتیپێکراوی" ئەمریکا بۆ ملکەچبوون و گوێڕایەڵی دەبێتەوە.
خامنەیی لە وتارێکیدا لە بۆنەیەکی ئایینیدا پرسیاری ئەوەی وروژاند کە هۆکاری دوژمنایەتیی 45ساڵەی ئەمریکا بۆ ئێران چییە و وتی: "پێشتر هۆکاری راستەقینەیان دەشاردەوە و بیانوی وەک 'بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر'، 'مافی مرۆڤ'، 'پرسی ژنان' یان 'دیموکراسی'یان دەهێنایەوە، یان بە زمانێکی دیپلۆماسی دەیانوت: دەمانەوێت رەفتاری ئێران بگۆڕین."
رابەری باڵای ئێران وتیشی: "بەڵام ئەم پیاوەی ئەمڕۆ حوکمی ئەمریکا دەکات، راستییەکەی ئاشکرا کرد و بە راشکاوی وتی: دوژمنایەتیمان بۆ ئێران لەبەر ئەوەیە کە دەمانەوێت ئێران ملکەچی فەرمانەکانی ئەمریکا بێت."
ناوبراو ئاماژەی بەوەشکرد، "دوژمنانی ئێران" لەوە تێگەیشتوون کە "لە رێگەی خۆڕاگری و یەکڕیزیی گەل، بەرپرسان و هێزە چەکدارەکان و شکستە سەختەکانیان لە هێرشە سەربازییەکاندا، ناتوانن لە رێگەی جەنگەوە گەلی ئێران بەچۆکدا بهێنن"، بۆیە ئێستا هەوڵدەدەن لە رێگەی "دروستکردنی دووبەرەکی لە وڵاتدا" بە ئامانجەکانیان بگەن.
لە بەرامبەردا، خامنەیی جەختی لەوە کردەوە کە پێویستە "هەموو خەڵک، بەرپرسان و نووسەران بە هەموو توانایانەوە پارێزگاری لە یەکێتیی ئێران بکەن و بەهێزتری بکەن."
لە کۆتاییدا رابەری باڵای ئێران داوای کرد، "پێویستە هەمووان پشتگیری لەوانە بکەن کە خزمەتی وڵات دەکەن، بەتایبەتی سەرۆک کۆمار، مەسعود پزیشکیان،" کە بە کەسێکی "پەرۆش و ماندوونەناس" وەسفی کرد.
سبەی، دووشەممە، کۆتا وادەیە بۆ پڕکردنەوەی فۆرمی بەئەلیکترۆنیکردنی پسوڵەی خۆراک و تا ئێستا وەزارەتی بازرگانیی عیراق هیچ بڕیارێکی بۆ درێژکردنەوەی ماوەکە دەرنەکردووە.
سەرەڕای ئەوەی هەزاران خێزان تا ئێستا فۆرمەکەیان پڕنەکردووەتەوە، بەڵام ماوەکە وەک خۆی ماوەتەوە. پێشتر داواکاری ئاڕاستەی وەزارەتی بازرگانیی عێراق کرابوو بۆ درێژکردنەوەی وادەکە، بەڵام تا ئەم ساتە هیچ وەڵامێکی رەسمی نەدراوەتەوە.
بەپێی زانیارییەکانی کوردسات نیوز؛ لە دوای ئەم بەروارە هەر خێزانێک بیەوێت ئەو فۆڕمە پڕبکاتەوە دەبێت 11هەزار بدات.
ئاراس محەمەد، بەڕێوەبەری پسوڵەی خۆراك لە سلێمانی بە كوردسات نیوزی راگەیاند، تاوەكو ئێستا %85ی هاووڵاتیانی سنوری سلێمانی فۆڕمەكەیان پڕكردووەتەوە و داوایان لێدەكەن، پەلە بكەن لە پڕكردنەوەی فۆڕمەكەدا، چونكە دڵنیا نین كە حكومەتی عیراق جارێكی دیكە وادەكە درێژ دەكاتەوە یان نا.
ئەنجومەنی کۆمیسیاران لە کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عیراق، بڕیاریدا بە دوورخستنەوەی "راکان سەعید عەلی_راکان جبوری" بەهۆی پێشێلکردنی یاسای هەڵبژاردنەکانەوە لە لیستی ناوی پاڵێوراوان.
بەپێی نووسراوێکی رەسمی، کە ئەمڕۆ یەکشەممە، بە ئیمزای ئەنجومەنی کۆمیسیاران دەرچووە، بڕیارەکە لەسەر بنەماو راسپاردەی "لیژنەی وردبینیی شایستەیی پاڵێوراوان" بووە.
هۆکاری دوورخستنەوەی "راکان سەعید عەلی" بۆ پێشێلکردنی ماددەی (حەوت/سێیەم)ی یاسای هەموارکراوی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەران و ئەنجومەنی پارێزگاکان، ژمارە (12)ی ساڵی 2018، دەگەڕێتەوە.
هەر لە بڕیارەکەدا، کۆمیسیۆن ئیدارەی هەڵبژاردنی راسپاردووە بۆ گرتنەبەری رێکاری پێویست و بڵاوکردنەوەی بڕیارەکە لە ماڵپەڕی رەسمی خۆی. ئاماژەی بەوەشداوە بڕیارەکە بە کۆی دەنگی ئەندامانی ئەنجومەنی کۆمیسیاران پەسەندکراوە.
بەڕێوەبەرایەتی گشتیی باجەکان و خانووبەرەی میری سکاڵای لەسەر شاسوار عەبدولواحید، خاوەنی کۆمپانیای چاڤی بۆ وەبەرهێنانی گەشتیاری، تۆمارکردووە بە تۆمەتی "نەدانی باج" و داوای داخستنی کۆمەڵگەی چاڤی لاندی کردووە.
بەپێی نووسراوێک کە بە واژووی کەمال تەیب، بەڕێوەبەری گشتیی باجەکان، ئاراستەی قایمقامییەتی سلێمانی کراوە، هاتووە کە "پاش چەندین جار ئاگادارکردنەوەی ئەم خاوەن کۆمپانیایە، کە ناو و ناونیشانی لە نووسراوی بەڕێوەبەرایەتیی گەورە باجدەران ژمارە ١٣٩٤ لە ١٥ـی تەممووزی ٢٠٢٥ دا هاتووە و بەناوی کۆمپانیای چاڤی بۆ وەبەرهێنانی گەشتیاری، بەمەبەستی دانی باجەکەی، بەڵام تاوەکو ئێستا ئەو باجەی کە بە یاسا لەسەری چەسپاوە پاکتاو نەکردووە".
بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی باجەکان و خانووبەرەی میری، لە ڕێگەی پارێزەرەکەیانەوە، هەفتەی ڕابردوو لە سلێمانی سکاڵای لەسەر شاسوار عەبدولواحید تۆمارکردووە.
لە نووسراوەکەدا، بەڕێوەبەری گشتیی باجەکان، داوای لە قایمقامییەتی سلێمانی کردووە بەگوێرەی بڕیاری ئەنجوومەنی وەزیران، ژمارە ١٣ لە ٧ـی ئابی ٢٠١٩، شوێنەکە، واتە چاڤی لاند، دابخات
بەمەبەستی یادکردنەوەی لەدایکبوونی پێغەمبەری ئیسلام (د.خ)، بڕیارە رۆژی پێنجشەممەی داهاتوو لە سەرجەم دامودەزگا حکومییەکانی هەرێمی کوردستان و عیراقدا بکرێتە پشووی رەسمی.
دیوانی وەقفی سوننی لە عیراق رایگەیاند، بەپێی رۆژژمێری کۆچی، رۆژی پێنجشەممەی داهاتوو دەکاتە 12ی رەبیعولئەوەل، کە رۆژی لەدایکبوونی پێغەمبەر محەمەدە (د.خ).
هاوکات، بەپێی ساڵنامەی رەسمی حکومەتی هەرێمی کوردستان، ساڵانە ئەم رۆژە وەک پشووی فەرمی دیاریکراوە و سەرجەم فەرمانگە و دامەزراوە حکومییەکان دەگرێتەوە.
ئەنجومەنی باڵای دادوەریی عیراق، ئاماری مانگی تەموزی رابردووی گرێبەستەکانی هاوسەرگیری و حاڵەتەکانی جیابوونەوەی لە سەرجەم پارێزگاکان بڵاوکردەوە و رایگەیاند، زیاتر لە 22 هەزار حاڵەتی هاوسەرگیری و نزیکەی حەوت هەزار حاڵەتی جیابوونەوە تۆمارکراون، کە بەغدای پایتەخت لە هەردوو ئامارەکەدا لە پێشەوەیە.
بەگوێرەی ئەو ئامارەی کە ئەمڕۆ یەکشەممە، بڵاوکراوەتەوە، لە مانگی تەموزدا 22 هەزار و 677 گرێبەستی هاوسەرگیری تۆمارکراون. زۆرترین ژمارە لە بەغدا بووە، کە لە دادگای تێهەڵچوونەوەی رەسافە سێ هەزار و 67و لە کەرخ دوو هەزار و321 گرێبەست تۆمارکراون.
لەدوای بەغدا، پارێزگای نەینەوا بە تۆمارکردنی سێ هەزار و589 حاڵەت لە پلەی دووەمدا دێت و بەسرە بە دوو هەزار و 73 حاڵەت سێیەمە. هەروەها ئەنبار بە هەزار و906 حاڵەت لە پلەی چوارەم و زیقار بە هەزار و 514 حاڵەت لە پلەی پێنجەمدان.
کەمترین حاڵەتی هاوسەرگیری لە پارێزگای قادسیە بووە کە تەنها 567 حاڵەت بووە.
هاوکات، لە هەمان مانگدا، دادگاکانی عیراق شەش هەزار و 910 حاڵەتی جیابوونەوەیان تۆمارکردووە.
هێرشێکی فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی ئۆکراین بووە هۆی ئاگرکەوتنەوەیەکی کورتخایەن لە وێستگەی وزەی ئەتۆمیی کورسک لە روسیا و زیانی بە کارەبای وێستگەکە گەیاندو بووە هۆی کەمبوونەوەی توانای کارپێکردنی یەکێک لە یەکەکانی وێستگەکە.
نووسینگەی رۆژنامەوانیی وێستگەکە بەیانیی رۆژی یەکشەممە لە راگەیەندراوێکدا لەسەر پلاتفۆرمی "تێلیگرام" رایگەیاند: "سیستەمەکانی بەرگریی ئاسمانی، فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوانی جەنگیی هێزە چەکدارەکانی ئۆکراینایان لە نزیک وێستگەی وزەی ئەتۆمیی کورسک خستووەتە خوارەوە."
لە راگەیەندراوەکەدا هاتووە: "لەکاتی بەرکەوتنیدا، فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکە تەقیوەتەوە، کە بووەتە هۆی زیانگەیاندن بە گۆڕەرێکی کارەبایی یارمەتیدەر"
نووسینگەی رۆژنامەوانیی وێستگەکە دووپاتیکردەوە کە هیچ زیانێکی گیانی نەبووە، بەڵام لە ئەنجامی تەقینەوەکەدا، کاری یەکەی سێیەمی وێستگەکە بۆ %50ی تواناکەی کەمکراوەتەوە. هەروەها فڕۆکە بێفڕۆکەوانە تێکشکاوەکە بووە هۆی هەڵگیرسانی ئاگرێک کە دواتر کۆنترۆڵکراوە.
نووسینگەکە جەختیشی کردەوە کە ئاستی تیشکدانەوە لە ناوچەکە و دەوروبەریدا سنوورە ئاساییەکانی تێنەپەڕاندووە.
پێشتر کیێڤ ڕایگەیاندبوو کە هێرشەکانی بۆ سەر خاکی روسیا وەک وەڵامێکە بۆ هێرشە بەردەوامەکانی روسیا بۆ سەر ئۆکراین و ئامانج لێی تێکشکاندنی ئەو ژێرخانەیە کە بۆ هەوڵە سەربازییە گشتگیرەکانی روسیا بە گرنگ دادەنرێن..
ئەمڕۆ، وەفدێکی وەزارەتی دارایی و ئابووریی حکومەتی هەرێمی کوردستان، بەمەبەستی ئەنجامدانی گفتوگۆ، گەیشتە بەغدادی پایتەخت و بڕیارە لەگەڵ بەرپرسانی حکومەتی فیدراڵی کۆببنەوە.
بەگوێرەی زانیارییەکان، وەفدەکەی هەرێم لە ژمارەیەک بەرپرسی باڵا و پسپۆڕ پێكهاتووە، لەوانە بەڕێوەبەری گشتیی یاسایی، بەڕێوەبەری گشتیی ژمێریاری، سەرۆکی دیوانی چاودێریی دارایی و بەڕێوەبەرێک لە دیوانی چاودێریی دارایی، لەگەڵ چەند بەڕێوەبەرێکی گشتیی دیکە.
بەرێوەبەرایەتیی خۆسەر لە باکور و رۆژهەڵاتی سوریا، لە راگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە، ئەو هەڵبژاردنە پەرلەمانییەی کە لە سوریا بەڕێوەدەچێت، درێژەپێدەری هەمان سیاسەتی پەراوێزخستن و تاکڕەوییە کە رژێمی بەعس پەیڕەوی دەکرد و بە هیچ شێوەیەک گوزارشت لە ئیرادەی گەلی سوریا ناکات.
لە راگەیەندراوەکەدا هاتووە، "لەدوای رووخانی رژێمی ئەسەدەوە تا ئێستا، هەنگاوەکانی وەک کۆنفرانسی دیالۆگی نیشتمانی، پێکهێنانی حکومەتی کاتی، راگەیاندنی دەستوور و ئەمڕۆش ڕاگەیاندنی هەڵبژاردنی پەرلەمانی، هەمووی پێچەوانەی ئامانجەکانی شۆڕشی سوریا بوون کە داوای دادپەروەری، دیموکراسی، یەکسانی و ئازادی بۆ هەموو پێکهاتەکانی سوریا دەکرد."
هەروەها جەخت لەوە کراوەتەوە کە گەلی سوریا قوربانیی داوە بۆ بەدەستهێنانی مافی هاوڵاتیبوونی راستەقینە، کە لە سەرووی هەموویانەوە مافی خۆپاڵاوتن و هەڵبژاردنی پاک و ئازادە، بەڵام مێژوو خۆی دووبارە دەکاتەوە و جارێکی دیکە ئەم مافە لە هەموو سورییەکان زەوت دەکرێتەوە.
ئاماژە بەوەشکراوە، "ئەنجامدانی ئەم پرۆسەیە کە ناوی لێنراوە هەڵبژاردن، لەم کاتەدا، بریتییە لە دوورخستنەوە و پەراوێزخستنی نزیکەی نیوەی سورییەکان، جا چ لە رێگەی کۆچی زۆرەملێوە بێت یان لە رێگەی سیاسەتی سیستماتیکی رێگریکردن لە بەشداریی پێکهاتە و هێزە کاریگەرەکان لە داڕشتنی داهاتووی وڵاتدا."
بەرێوەبەرایەتیی خۆسەر دەڵێت، "پێناسەکردنی ناوچەکانمان وەک ناوچەی نائارام بۆ پاساودان بۆ سیاسەتی نکۆڵیکردن لە زیاتر لە پێنج ملیۆن سوری، دوورە لە راستییەوە، چونکە ناوچەکانی باکور و رۆژهەڵاتی سوریا بە بەراورد بە ناوچەکانی دیکەی سوریا، ئارامترینن."
لە راگەیەندراوەکەدا هاتووە، "بەتایبەتی کە ئێمە وەک بەشێکی رەسەنی سوریا و گەلەکەی، هەر رێکار و بڕیارێک رەتدەکەینەوە کە بە عەقڵییەتێکی تاکلایەنانە بسەپێنرێت و قوربانیدان و مافە رەواکانی هەموو پێکهاتەکان پشتگوێ بخات. هەر بڕیارێک لەم چوارچێوەیەدا بدرێت، ئێمە پابەندی جێبەجێکردنی نابین و بەسەر گەلان و ناوچەکانی باکور و رۆژهەڵاتی سوریادا بە سەپێنراوی دەزانین. هەروەها داوا لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و نەتەوە یەکگرتووەکان دەکەین دان بەم هەڵبژاردنانەدا نەنێن کە پێچەوانەی بڕیاری 2254ی ئەنجومەنی ئاسایشە."
لە کۆتاییدا، بەرێوەبەرایەتیی خۆسەر دووپاتیکردەوە، "چارەسەر لە سوریادا بە دووبارەکردنەوەی هەمان سیاسەتە کۆنەکان نابێت، بەڵکو بە رێڕەوێکی سیاسیی گشتگیر دەبێت کە هەموو سورییەکان بە جیاوازیی پێکهاتە و ئیرادەی ئازادیانەوە تێیدا بەشداربن، بۆ گەیشتن بە سوریایەکی دیموکراتی، فرەیی و لامەرکەزی کە مافەکان بپارێزێت و ئاسۆی ئاشتی و سەقامگیری بکاتەوە."

لە هەنگاوێکی چاوەڕواننەکراودا، بانکی HSBC ی بەریتانی لە رێگەی لقی بانکداریی تایبەتی خۆی لە سویسرا، بڕیاریدا پەیوەندییەکانی لەگەڵ زیاتر لە 1000 کڕیاری دەوڵەمەندی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بپچڕێنێت.
لیستی ئەو دەوڵەمەندانەی کە بانکە بەناوبانگەکە کۆتایی بە پەیوەندییەکانی لەگەڵیاندا هێناوە، ژمارەیەک دەوڵەمەندی سعودی، لوبنانی، قەتەری و میسری دەگرێتەوە. ئەم هەنگاوە بە ئامانجی کەمکردنەوەی مامەڵەکانی بانکەکە دێت لەگەڵ ئەو کڕیارانەی کە وەک "مەترسیدار" پۆلێنکراون.
بەگوێرەی ئاژانسی بلومبێرگ، بانکەکە دەستیکردووە بە ئاگادارکردنەوەی ئەو کڕیارانەی بڕیارەکە دەیانگرێتەوە، کە هەندێکیان خاوەنی سەروەتی زیاتر لە 100 ملیۆن دۆلارن. بڕیارە لە مانگەکانی داهاتوودا نامەی رەسمی بۆ داخستنی هەژمارەکان و گواستنەوەی پارەکانیان بۆ دەسەڵاتە دادوەرییەکانی تر بنێردرێت.
سەرچاوە ئاگادارەکان ئاشکرایان کردووە کە بڕیارەکە لەسەر بنەمای لێکۆڵینەوەی چڕوپڕی دەسەڵاتدارانی سویسرا هاتووە کە لە مانگی یەکی 2025 دەستیپێکردووە و پەیوەندی بە گومانی سپیکردنەوەی پارەوە هەیە کە بەستراوەتەوە بە ڕیاز سەلامە، پارێزگاری پێشووی بانکی ناوەندی لوبنان و رەجای برای. بانکەکە تۆمەتبارکراوە بە کەمتەرخەمی لە پشتڕاستکردنەوەی سەرچاوەی زیاتر لە 300 ملیۆن دۆلار کە لە نێوان ساڵانی 2002 بۆ 2015 لە لوبنانەوە بۆ سویسرا گواستراوەتەوە.
لێکۆڵینەوەکان دەریانخستووە کە HSBC سەرەڕای بوونی ئاماژە مەترسیدارەکان، چاوی لەو گواستنەوە گوماناوییانە پۆشیوە. لە ئەنجامدا، دەستەی چاودێری بانکداری سویسرا (FINMA) لە حوزەیرانی 2024دا سزای بەسەر بانکەکەدا سەپاند و پابەندی کرد بە پێداچوونەوەیەکی گشتگیر بە هەموو پەیوەندییە مەترسیدارەکانیدا و قەدەغەی کرد هەژماری نوێ بۆ کەسایەتییە سیاسییە دیارەکان بکاتەوە تاوەکو چاکسازییەکان تەواو دەکات.
داواکاری گشتی فەرەنسا تۆمەتی "جیاکاری لەسەر بنەمای نەژاد یان نەتەوە" ئاڕاستەی بەڕێوەبەری پارکێکی یاری لە باشوری فەرەنسا کرد، دوای ئەوەی رەتیکردەوە پێشوازی لە گروپێکی منداڵانی فەلەستینی بکات کە ژمارەیان 150 منداڵی ئیسرائیلی بووە.
داواکاری گشتی رۆژی شەممە رایگەیاند، پیاوە تەمەن 52 ساڵانەکە، کە لە رۆژی پێنجشەممەوە دەستبەسەرە، براوەتە بەردەم دادوەری لێکۆڵینەوە. ئاماژەی بەوەشکردووە کە لە سەرەتادا بە هەندێک کەسی راگەیاندووە کە رێگری لەو گروپە دەکات لەبەر "بڕوای تایبەتی خۆی"، بەڵام دواتر پاساوی دیکەی بۆ کەسانی تر هێناوەتەوە. دواتر، بەڕێوەبەرەکە جەختی لەوە کردەوە کە رەتکردنەوەکەی پەیوەندی بە هۆکاری ئایدیۆلۆژییەوە نەبووە، بەڵکو لەبەر هۆکاری ئەمنی بووە، لە کاتێکدا پێشتر خودی پارکەکە رایگەیاندبوو کە لە رۆژی رووداوەکەدا دەرگاکانی داخستووە بۆ پشکنینی تەواوی دامەزراوەکانی دوای زریانێکی بەهێز.
گروپی منداڵە ئیسرائیلییەکان کە تەمەنیان لە نێوان هەشت بۆ شازدە ساڵیدا بوو، ناچاربوون بەرنامەی گەشتەکەیان بگۆڕن و روویان لە شوێنێکی دیکە لە فەرەنسا کرد، کە لەوێدا هێزەکانی پۆلیسی سەربازی، ئاسایشیان دابینکردن بەبێ ئەوەی هیچ رووداوێکی نەخوازراو ڕووبدات.
بەڕێوەبەری پارکەکە کە هیچ پێشینەیەکی تاوانکاری نییە، دوای ئاڕاستەکردنی تۆمەتەکان ئازادکرا، بەڵام ئەگەر تاوانبار بکرێت، سزاکەی دەگاتە پێنج ساڵ زیندانیکردن و غەرامەیەک بە بڕی 75 هەزار یۆرۆ.
رووداوەکە کاردانەوە و توڕەیی لە ناوخۆ و دەرەوەی فەرەنسادا لێکەوتەوە. پێرلا دانان، سەرۆکی لقی هەرێمی گروپی جوولەکەکان (CRIF)، رایگەیاند کە بەڕێوەبەری پارکەکە "سنوورەکانی بەزاندووە"، لە کاتێکدا گروپە جوولەکەکان ئەم رەفتارەیان بە "هێرشێکی مەترسیدار بۆ سەر بەها بنەڕەتییەکانی کۆمار" وەسف کرد.
برونۆ ڕوتایۆ، وەزیری ناوخۆی فەرەنسا، ڕووداوەکەی بە مەترسیدار وەسفکرد و هیوای خواست دەسەڵاتی دادوەری لە مامەڵەکردن لەگەڵ ئەم کەیسەدا توند بێت. ناوبراو هۆشداریدا لە مەترسیی چاوپۆشیکردن لەم جۆرە کردەوانە لە کاتێکدا کە وڵاتەکە بەرزبوونەوەیەکی بەرچاوی لە کردەوە دژە جوولەکەکان بەخۆیەوە دەبینێت.
بەپێی ئامارە رەسمیەکان، ژمارەی رووداوە دژە جوولەکایەتییەکان لە ساڵی 2023دا بۆ1676رووداو بەرزبووەوە، لە کاتێکدا لە ساڵی پێشتردا 436 حاڵەت بووە.بەڵام ئاستی دژایەتیکردنی جوولەکەکان لە وڵاتەکەدا لەم مانگانەی دواییدا گەڕاوەتەوە بۆ ئاستێکی پێوانەیی، بەجۆرێک کە داتاکانی وەزارەتی ناوخۆی فەرەنسا ئاشکرایان کردووە کە لە مانگی یەک تا مانگی ئایاری ئەمساڵ 504 رووداوی لەم شێوەیە تۆمارکراوە، کە دوو هێندەی ژمارەی تۆمارکراوە لە هەمان ماوەی ساڵی ڕابردوودا.
دەزگای روپێوی جیۆلۆجیی ئەمریکا رایگەیاند، بەرەبەیانی ئەمڕۆ شەممە، بوومەلەرزەیەکی بەهێز لە زەریای هێمندا و لە نزیک کەناراوەکانی گواتیمالا و ئێلسالڤادۆر روویداوە.
بەپێی زانیارییەکانی دەزگاکە، بوومەلەرزەکە بە گوڕی 6.3 پلەی رێختەر بووە و کاتژمێر 4:14 خولەکی بەرەبەیان لە قووڵاییەکی کەمی 10 کیلۆمەتریدا تۆمارکراوە.
چەقی بوومەلەرزەکە 81 کیلۆمەتر لە باشووری رۆژئاوای بەندەری ئەکاهوتلا لە ئێلسالڤادۆر و 107 کیلۆمەتر لە باشووری رۆژهەڵاتی پۆرتۆ سان خۆسێ لە گواتیمالا دوور بووە.
جێگای ئاماژەیە، ئەکاهوتلا بە بەندەری بازرگانیی سەرەکیی ئێلسالڤادۆر دادەنرێت و پۆرتۆ سان خۆسێش گەورەترین شارۆچکەی کەناراویی گواتیمالایە.
تاکو ئێستا هیچ زانیارییەک لەبارەی زیانە گیانی و ماددییەکانەوە رانەگەیەندراوە.
سەرچاوەیەکی دیپلۆماسیی فەرەنسی، ئەمڕۆ شەممە، رایگەیاند کە پاریس باڵیۆزی ئیتاڵیای بانگهێشت کردووە دوای ئەوەی بەرپرسێکی باڵای ئەو وڵاتە گاڵتەی بە پێشنیازەکەی ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆکی فەرەنسا کرد سەبارەت بە ناردنی سەربازی ئەوروپی بۆ ئۆکراین.
لەوەڵامی پرسیارێکدا سەبارەت بە پێشنیازەکەی ماکرۆن، ماتیۆ سالڤینی، جێگری سەرۆک وەزیرانی ئیتاڵیا، دەستەواژەیەکی میلانی(ئیتالی) بەکارهێنا کە بە نزیکەیی مانای "لێرە دوورکەوە" دەگەیەنێت.
سالڤینی بە رۆژنامەنووسانی وتبوو: "ئەگەر دەتەوێت خۆت بڕۆ بۆ ئەوێ. کڵاوەکەت لەسەر بکە، چاکەتەکەت لەبەر بکە، تفەنگەکەت هەڵبگرە و بڕۆ بۆ ئۆکراین."
سالڤینی سەرۆکی پارتی "رابیتە"ی راستڕەوە و وەزیری گواستنەوەیە لە حکومەتە پارێزگارەکەی جۆرجیا میلۆنی، و پێشتریش چەندین جار رەخنەی لە ماکرۆن گرتووە، بەتایبەتی سەبارەت بە ئۆکراین.
سەرچاوە دیپلۆماسییەکە ئاماژەی بەوەدا کە باڵیۆزی ئیتاڵیا رۆژی هەینی بانگهێشت کراوە، کە ئەمەش نوێترین گرژییە لە زنجیرەیەک پێکدادانی دیپلۆماسیی نێوان پاریس و رۆمادا.
بە باڵیۆزەکە وتراوە کە ئەم لێدوانانە لەگەڵ کەشی متمانە و پەیوەندیی مێژوویی نێوان هەردوو وڵاتدا ناگونجێن، هەروەها دژی ئەو پێشکەوتنە دووقۆڵییانەی ئەم دواییەن کە لێکگەیشتنی بەهێزی نێوان هەردوو وڵاتیان دەرخستووە، بەتایبەتی لەبارەی پشتیوانیی پتەو بۆ ئۆکراین.
ئیمانوێل ماکرۆن، کە یەکێکە لە پشتیوانە بەهێزەکانی ئۆکراین دژی جەنگی روسیا، لەگەڵ سەرکردەکانی دیکەی جیهان، بەتایبەتی کییەر ستارمەر، سەرۆک وەزیرانی بەریتانیا، کاردەکات بۆ کۆکردنەوەی پشتیوانیی زیاتر بۆ ئۆکرانیا لە ئەگەری راگەیاندنی ئاگربەستدا.
وەزارەتی پەروەردەی حکومەتی هەرێمی کوردستان ئاگاداریی سەرجەم قوتابیان و خوێندکارانی پۆلی 12ی ئامادەیی دەکاتەوە کە پرسیار و وەڵامی تاقیکردنەوە گشتییەکانی خولی دووەم بۆ ساڵی خوێندنی (2024-2025) رۆژانە بڵاودەکرێتەوە.
لیژنەی باڵای تاقیکردنەوە گشتییەکان لە وەزارەتی پەروەردە لە راگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوەدا، قوتابیان دەتوانن رۆژانە لە رێگەی لینکێکی تایبەتەوە دەستیان بە پرسیار و وەڵامی ئەو بابەتە بگات کە تاقیکردنەوەی تێدا ئەنجام دەدەن.
بەپێی راگەیەندراوەکە، لینکەکە لە رۆژانی تاقیکردنەوەکاندا نوێدەکرێتەوە و بۆ ئەمڕۆش پرسیار و وەڵامی تاقیکردنەوەکانی هەردوو بابەتی "زیندەزانی" و "مێژوو" لەسەر هەمان لینک دانراون.
قوتابیان و خوێندکاران دەتوانن لە رێگەی ئەم لینکەوە پرسیار و وەڵامەکان ببینن:
https://tinyurl.com/12-2025-X2
ئەمڕۆ، ئاگرێکی گەورە لە کۆگایەکی هەڵگرتنی پەتاتە لە سنووری ناحیەی کەلەکچی سەربەقەزای شێخان لە پارێزگای دهۆک کەوتەوە، بەهۆیەوە زیانێکی ماددیی زۆر بەر خاوەنەکەی کەوت.
بە گوێرەی زانیارییە سەرەتاییەکان، کۆگاکە زیاتر لە سێ هەزار تۆن پەتاتەی تێدا بووە و بەهۆی ئاگرەکەوە، زیانێکی ماددی کە بە نزیکەی 800 هەزار دۆلاری ئەمریکی دەخەمڵێندرێت، بەر خاوەنی کۆگاکە کەوتووە.
دەستبەجێ دوای ڕووداوەکە، تیمەکانی بەرگریی شارستانی گەیشتوونەتە شوێنی ئاگرەکە و هەوڵەکانیان بۆ کۆنترۆڵکردنی ئاگرەکە دەستپێکردووە.
تا ئێستا هۆکاری ئاگرکەوتنەوەکە روون نییە و لێکۆڵینەوە لەوبارەیەوە بەردەوامە.
سەرچاوە پزیشکییەکان، ئەمڕۆ شەممە، رایانگەیاند کە بەهۆی چەندین روداوی هاتوچۆوە لە پێنج پارێزگای جیاوازی عیراقدا،19 کەس گیانیان لەدەستداوە و برینداربوون.
سەرچاوەیەک بە ماڵپەڕی "بەغداد ئەلیەوم"ی راگەیاندووە: "سێ هاوڵاتی گیانیان لەدەستداوە، کە یەکێکیان ئافرەتە، و 16 کەسی دیکەش برینداربوون لەو رووداوانەی کە لە پارێزگاکانی دیالە، سەلاحەدین، نەینەوا، زیقار و بەغداد روویانداوە".
هەروەها وتیشی، سێ کەس لە بریندارەکان دۆخی تەندروستییان ناجێگیرە و گواستراونەتەوە بۆ بەشی فریاکەوتن بەمەبەستی وەرگرتنی چارەسەر. ئاماژەی بەوەشکرد، هۆکاری رووداوەکان بۆ تیژڕەوی، هەڵەکردن لەکاتی تێپەڕاندندا و پابەندنەبوون بە رێنماییەکانی هاتوچۆوە دەگەڕێتەوە.
جێگای باسە، چەندین پارێزگای عیراق بەدەست کێشەی درێژخایەنی هاتوچۆوە دەناڵێنن، لەوانە کەمیی هۆشیاری، خراپیی رێگاوبانەکان و نەبوونی چاودێریی کاریگەر. ئەمە جگە لە دیاردەی مەترسیداری شۆفێریکردنی منداڵان و هەرزەکاران بەبێ مۆڵەت کە بووەتە هۆی زیادبوونی مەترسییەکان لەسەر سەلامەتیی گشتی.