قائیمقامی سلێمانی سەردانی بازاڕی دارەسوتاوەکەی کرد و لە نزیکەوە چاودێری پڕۆسەی پاککردنەوەی پاشماوەی ئاگرەکەی کرد، هەروەها سوپاسی تیمەکانی بەرگری شارستانی و شارەوانی کرد کە لە سەرەتای روداوەکەوە بەردەوام لە کاردان.
ئاوات محەمەد، قائیمقامی سلێمانی، ئەمڕۆ سێشەممە سەردانی گوزەری دارەسوتاوەکەی کرد و رایگەیاند کە تیمەکانی شارەوانی توانای کارکردنیان بۆ سێ هێندە زیاد کراوە، بە جۆرێک زۆربەی ئامێرەکانی شارەوانی بەردەوام لە کاردان بۆ ئەوەی بە زوترین کات پڕۆسەی پاککردنەوەکە تەواو بکەن.
لە میانەی سەردانەکەیدا، قائیمقامی سلێمانی سوپاسی قوباد تاڵەبانی و سکرتاریەتی سەرۆک مام جەلالی کرد کە سەرپەرشتی پڕۆسەکە دەکەن و ئەرکی قەرەبووکردنەوەی زیانلێکەوتووانیان گرتووەتە ئەستۆ.
هاوکات، بەڵێنی بە کاسبکارانی ناوچەکە دا کە هەمو هەوڵێک دەدات تا بە زووترین کات بگەڕێنەوە سەر کارەکانیان و ژیانی ئاسایی خۆیان.
شایەنی باسە، ئاگرەکەی بازاڕی دارەسوتاوەکە زیانێکی زۆری لێکەوتەوە و لەلایەن چەندین تیمی فریاکەوتن و بەرگری شارستانییەوە کۆنتڕۆڵ کرا، ئێستاش بەردەوام کارەکانی پاککردنەوە و هەڵسەنگاندنی زیانەکان بەڕێوە دەچێت.
وەزارەتی دەرەوەی چین ئەمڕۆ داوای لە ئەمەریکا کرد بە شێوەیەکی راستگۆیانە مامەڵە لەگەڵ دانوستانە چاوەڕوانکراوەکانی لەگەڵ ئێران بکات کە بڕیارە هەفتەی داهاتوو ئەنجام بدرێت.
لین جیان، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی چین ئەمڕۆ سێشەممە رایگەیاند؛ کشانەوەی ئەمریکا لە رێککەوتنی 5+1 لە ساڵی 2018 هۆکاری سەرەکی قووڵبوونەوەی ئاڵۆزییەکانی نێوان واشنتۆن و تاران بووە. وتەبێژەکە داوای کرد کە ئەمەریکا پابەندی سیاسەتێکی راستگۆیانە بێت، رێز لە بەرژەوەندییە هاوبەشەکان بگرێت و دەست لە سیاسەتی "فشاری زۆر" بەرانبەر ئێران هەڵبگرێت.
چین رایگەیاندووە کە بەردەوام دەبێت لە هەوڵەکانی بۆ نێوەندگیری و گەیشتن بە چارەسەرێکی ئاشتیانە بۆ کێشەکانی نێوان دوو وڵاتەکە.
بەپێی راگەیاندنەکان، شاندەکانی ئێران و ئەمریکا بڕیارە ڕۆژی شەممە لە عومان کۆ ببنەوە. عەباس عراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران، لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس پشتڕاستی کردەوە کە دانوستانی ناڕاستەخۆی شاندەکان لەو بەروارەدا دەست پێدەکات.
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، رۆژی دووشەممە وەسفی کۆبونەوەکەی کرد بە "ڕاستەوخۆ، کاریگەر" و ئاماژەی بەوە کرد کە "رێککەوتن باشترە لە کردەوەی دیکە" بەتایبەتی کە دۆخەکە گەیشتووەتە "قۆناغێکی مەترسیدار". سەرۆکی ئەمریکا جەختیشی کردەوە کە نابێت ئێران چەکی ئەتۆمی بەدەست بێنێت.
ئەم لێدوانەی وەزارەتی دەرەوەی چین هاوکاتە لەگەڵ سەپاندنی باجی گومرکی بەسەر ئەو وڵاتەدا لەلایەن ئەمریکاوە، کە لە وەڵامدا چین وتی" تا کۆتایی شەڕی ئەم نابەرانبەرییە دەکەین".
چەند زانیارییەک سەبارەت بە پەیوەندییەکانی چین و ئێران لە بوارە جیاوازەکان دا:
هاوبەشی ستراتیژی:
- لە ساڵی 2021، چین و ئێران رێککەوتننامەی هاوکاریی ستراتیژیی 20 ساڵەیان واژۆ کرد کە بەڵێنی وەبەرهێنانی نزیکەی 400 ملیار دۆلاری لەخۆگرتبوو
- ئەم رێککەوتنە بوارەکانی ئابوری، سەربازی و ئاسایشی دەگرتەوە
- چین وەک هاوپەیمانێکی گرنگی ئێران بەرامبەر بە فشارەکانی رۆژئاوا و گەمارۆکانی ئەمریکا دەردەکەوێت
پەیوەندییە بازرگانییەکان:
- چین گەورەترین هاوبەشی بازرگانیی ئێرانە
- سەرەڕای گەمارۆکان، چین بەردەوامە لە کڕینی نەوتی ئێران
- وەبەرهێنانی چینی لە ژێرخانی ئێران، بەتایبەت لە بوارەکانی وزە، گواستنەوە و پیشەسازیدا.
هاوکاریی سیاسی:
- چین زۆرجار لە ئاستی نێودەوڵەتیدا پشتگیریی ئێرانی کردووە، بەتایبەت لە ڕێککەوتنە ئەتۆمییەکەدا
- هەردوو وڵات لە ڕێکخراوی هاوکاریی شانگهای کاردەکەن
- بەرژەوەندییەکانی هەردوو وڵات لە دژی "هەژموونی ڕۆژئاوایی" یەک دەگرنەوە
هاوکاریی سەربازی:
- بازرگانیی چەک و تەکنۆلۆژیای سەربازی
- مەشقی هاوبەشی سەربازی لە ساڵانی دواییدا
- هەماهەنگیی ستراتیژی لە ناوچەکەدا، بەتایبەت لە خۆرهەڵاتی ناوەڕاست
پرسی ئەتۆمی ئێران:
- چین هەمیشە لایەنگری ڕێککەوتنی ئەتۆمی5+1بووە
- دژایەتیی گەمارۆکانی ئەمریکای کردووە دوای کشانەوەی لە رێککەوتنەکە لە 2018
- پشتگیریی دانوستانە دیپلۆماسییەکان دەکات بۆ چارەسەرکردنی پرسی ئەتۆمی
نوێترین پەرەسەندنەکان:
- چین رۆڵێکی گرنگی هەبووە لە نێوەندگیری نێوان ئێران و سعودیە لە ساڵانی دواییدا
- پەرەپێدانی رێڕەوی بازرگانیی نوێ لە رێگەی پڕۆژەی "یەک پشتێن، یەک رێگا"
- زیادبوونی هەماهەنگیی ئابووری و دراویی لەگەڵ ئێران بۆ دووربوون لە سیستەمی دۆلاری ئەمریکی
چین وەک هێزێکی گەورەی جیهانی، گرنگییەکی تایبەت دەدات بە پەیوەندییەکانی لەگەڵ ئێران بەهۆی شوێنی ستراتیژی و سەرچاوە سروشتییەکانیەوە. هەوڵدانەکانی ئێستای چین بۆ نێوەندگیری لە نێوان ئێران و ئەمەریکا پیشاندەری ئەو رۆڵەیە کە چین دەیەوێت لە ئاشتی و سەقامگیریی ناوچەکەدا بیگێڕێت.
بەڕێوەبەرایەتی رەگەزنامە و باری شارستانی پارێزگای سلێمانی لە راگەیەندراوێکدا ئاشکرای کرد کە لە رۆژی یەکشەممە، کار بە سیستەمی نۆرەی ئەلکترۆنی (حجز الکترونی) دەکرێت بۆ رایی کردنی مامەڵەی کارتی نیشتیمانی.
بەپێی راگەیەندراوەکە، ئەم سیستەمە نوێیە لە سەرجەم فەرمانگەکانی کارتی نیشتیمانی لە سنووری پارێزگاکانی سلێمانی، هەڵەبجە و ئیدارەی ڕاپەڕین جێبەجێ دەکرێت، ئەمەش بە مەبەستی جێبەجێ کردنی رێنمایی و بڕیارەکانی دەستەی گشتی رەگەزنامە لە بەغدا.
راگەیەندراوەکە ئاماژەی بەوەش کردووە کە هاوڵاتیان دەتوانن بۆ وەرگرتنی زانیاریی زیاتر سەردانی پەڕەی فەرمی بەڕێوەبەرایەتی رەگەزنامە و باری شارستانی سلێمانی بکەن لە هەردوو تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبووک و ئینستاگرام، یان وێبسایتی کارتی نیشتیمانی گشتیی عێراق.
هەروەها هاووڵاتیان دەتوانن بۆ حجزی ئەلکترۆنی، ئەپڵیکەیشنی تایبەت بە کارتی نیشتیمانی دابەزێنن.
بەڕێوەبەرایەتی لینکەکانی داناوە و دەتوانن کۆپی بکەن:
- بۆ ئایفۆن (iOS): [لێرە داگرە](https://apps.apple.com/us/app/%D8%A7%D9%84%D8%A8%D8%B7%D8%A7%D9%82%D8%A9-%D8%A7%D9%84%D9%88%D8%B7%D9%86%D9%8A%D8%A9/id6708233330)
- بۆ ئەندرۆید: [لێرە داگرە](https://play.google.com/store/apps/details?id=com.nationalcard.qing&pcampaignid=web_share)
شارەوانی سلێمانی رایگەیاند، پێویستە لەماوەی هەفتەیەکدا ئەو یاری جەمپانەی لە گەڕەک و شەقامەکاندا دانراون لاببرێن.
شارەوانی سلێمانی رایگەیاند، پاڵپشت بە رێنماییەکانی قایمقامییەتی پارێزگای سلێمانی دانانی یاری جەمپ لەناو گەڕەکەکاندا و لەسەر موڵکی گشتی هیچ مۆڵەتێکی یاسایی نییە و رێگەپێدراو نییە.
ئاماژەی بەوەشکردووە، بەهۆی ئەو روداوە نەخوازراوانەی لێیان دەکەوێتەوە، ئەو یارییانە هۆکارێکن بۆ زیانگەیاندن بە تەندروستی منداڵان و ئازاردانیان، سەرباری ئەوەش ساڵانە لەگەڵ هاتنی وەرزەکانی بەهار و هاوین، دیاردەی دانانی جەمپ لەناو گەڕەکەکانی شاری سلێمانی بەردەوام روو لە هەڵکشان دەکات.
شارەوانی سلێمانی راشیگەیاندووە، ئاگاداری خاوەنەکانیان دەکاتەوە، لەماوەی هەفتەیەکدا هەستن بە لادانی زیادەڕەوییەکانیان، بەپێچەوانەوە پاش تێپەڕاندنی ئەو ماوەیە و لە ئەگەری پابەندنەبوون بەم ئاگادارییەوە، بەشی لابردنی زیادەڕەویی شارەوانی هەڵدەستێت بە لابردن و تێکدانی ئەو جەمپانەی جێگیرکراون.
محەممەد شیاع سودانی، سەرۆک وەزیرانی عیراق، لە دانیشتنێکدا لەگەڵ کریستن بێرگنر، پاڵێوراوی سویسری بۆ کۆمسیاری باڵای کاروباری مافەکانی مرۆڤ، جەختی کردەوە کە حکومەتەکەی پابەندە بە گەڕاندنەوەی هەموو عیراقییەکانی کەمپی هۆڵی پارێزگای حەسەکە لە رۆژئاوای کوردستان.
سوودانی رایگەیاند کە "کەمپی هۆل مەترسییەکی راستەقینەیە لەسەر ئاسایشی ناوچەکە" و داوای لە هەموو وڵاتان کرد کە هاووڵاتییەکانیان لەو کەمپە ببەنەوە بۆ وڵاتەکانیان. سەرۆک وەزیرانی عیراق هەروەها بەڵێنی دا کە "عیراق بەم زووانە بۆ هەمیشە کۆتایی بە دۆسییەی کەمپەکان دەهێنێت و هەموویان دادەخات."
شایەنی باسە، چوارشەممەی رابردو، دەیان خێزانی عێراقی نیشتەجێی کەمپی هۆل گەڕێنرانەوە بۆ کەمپی جەدعەی موسڵ، وەک بەشێک لە پلانی حکومەتی عیراق بۆ گەڕاندنەوەی هاووڵاتییەکانی.
کەمپی هۆڵ:
کەمپی ھۆل، دەکەوێتە پارێزگای حەسەکە لە نزیک سنوورەکانی نێوان عێراق و سوریا، ناوی کەمپەکە پاش شکستە یەک لە دوای یەکەکەکانی داعش زیاتر بیسترا کاتێک ژن و منداڵەکانی چەکدارانی ئەو ڕێکخراوە لەنێو ئەو کەمپە سوورییەدا جێگیرکران و پاش گەورەبوونیشی بووە مایەی مەترسی.
کەمپەکە بۆ یەکەمجار و لە کاتی جەنگی کەنداو لە ساڵی ١٩٩١ بۆ ئاوارە عێراقییەکان دروستکرا، دواتر و لە ساڵی ٢٠٠٣ دیسانەوە بۆ ئەو عێراقیانە کرایەوە کە لە جەنگی وﻵتانی ھاوپەیمانان و ڕژێمی سەدام حوسێن ئاوارەبووبوون، بەﻵم کەمپەکە کاتێک ناوبانگی پەیدا کرد کە پاش ساڵی ٢٠١٩ ژن و منداﻵنی داعشیان تێدا جێکردەوە، ھەروەھا ئەو عێراقی و سوری و بیانیانەش لە کەمپەکەدا نیشتەجێکران کە ئاوارەبووبوون.
لە ئێستادا کەمپەکە لەﻻیەن ھێزەکانی ھەسەدەوە دەپارێزرێت و ڕێکخراوە مرۆییەکان پاڵپشتی مرۆیی دەکەن، زیاتر لە ٦٠ ھەزار کەس لە کەمپی ھۆلدا نیشتەجێن کە خەڵکی ٤٢ وﻵتی جیان و وﻵتەکانیان ئامادەنین وەریانبگرنەوە، چونکە نیشتەجێکراوەکانی کەمپەکە بەشێکیان داعشن، بەشێکی دیکەشیان کاریگەربوون بە بیروبۆچوونی داعش ئەمەش وﻵتانی خۆیان بە مەترسییان دەبینن.
وەزارەتی ناوخۆی عێراق رایگەیاند، لەماوەی دوو هەفتەدا 48 کەسیان لە چەند پارێزگایەکی جیاوازی عیراق بە تۆمەتی سحر و جادوو دەستگیر کردووە.
وەزارەتی ناوخۆی عیراق رایگەیاند، لە هەڵمەتێکی دوو هەفتەیی تایبەتدا بە هەماهەنگی وەزارەتی ناوخۆ، لیژنەی بەرەنگاربوونەوەی بازرگانیکردن بە مرۆڤ، دەزگای زانیاریی و لێکۆڵینەوەی فیدڕاڵی و بەڕێوەبەرایەتی بەرەنگاربوونەوەی بازرگانیکردن بە مرۆڤ بە پاڵپشتی راستەوخۆی ئەنجومەنی دادوەریی، 48 کەس بە تۆمەتی سحر و جادوو دەستگیر کراون.
ئاماژەی بەوەشکردووە، جادووگەرەکان ژن و پیاویشیان تێدایە، کە چەندین کەسیان فریوداوە، هەروەها تۆمەتی ساختەکاری و بازرگانیکردن بە مرۆڤیان لەسەرە، ئەمە جگە لەوەی گرفتە خێزانییەکانی ئەو کەسانەی سەردانیان دەکەن وەک هەلێک قۆستووەتەوە بۆ قازانجی خۆیان".
وەزارەتی ناوخۆی عیراق ئەوەشی خستووەتە روو، لە لێکۆڵینەوە سەرەتاییەکان ئەوەیان دەرخستووە کە ئەو جادووگەرانە خەڵکیان فریوداوە و لە رووی جەستەیی و دەروونییەوە هەراسانیان کردوون.
ئەوەش هاتووە، یەکێکی دیکە لەو تۆمەتە قورسانەی رووبەڕوویان کراوەتەوە ئەوەیە، جادووگەرەکان منداڵ و ژنانیان هەراسان کردووە.
ساڵانە لە عیراق چەندین کەس بە تۆمەتی ئەنجامدانی کاری سحر و جادوو دەستگیر دەکرێن، کە بەشێکیان تاوانی قورسیان بەسەردا ساغ دەبێتەوە وەک دەستدرێژیکردن و خواردنی بڕەپارەی زۆر بە ناوی جادووەوە.
عەباس عراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران rایگەیاند کە سەرەتای هەفتەی داهاتوو لە عوممان، دانوستانی ناڕاستەخۆی ئەمریکا و ئێران دەست پێدەکات.
عراقچی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس نووسیویەتی: "شەممە 12ی نیسانی 2025 لە ئاستی باڵا دیدار و دانوستانی ناڕاستەخۆی شاندی کۆماری ئیسلامیی ئێران و ئەمریکا لە عوممان دەست پێدەکات."
وەزیری دەرەوەی ئێران ئەو هەنگاوەی بە دەرفەت و تاقیکردنەوە ناوبردووە و جەختی کردووەتەوە کە "ئێستا تۆپەکە لە گۆڕەپانی ئەمریکایە."
ئەم لێدوانەی عەباس عراقچی لە کاتێکدایە کە شەوی rابردوو دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکا، لە کاتی پێشوازیی لە بنیامین ناتانیاهو، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل، لە کۆشکی سپی رایگەیاند کە ئەمریکا "لە سەروبەندی گفتوگۆ و دانوستانی راستەوخۆ لەگەڵ ئێران"دایە.
ترەمپ ئاماژەی بەوە داوە کە شەممە لە ئاستی باڵا دانیشتنێکی "زۆر گرنگ و کاریگەر" دەبێت و گوتیشی: "هەمووان هاوڕان لەسەر ئەوەی رێککەوتن باشترە لە کار و کردەوەی دیکە، ئاشکرایە ئەمە کارێک نییە بمەوێت بەکاری بهێنم، چونکە ئێستا چووینەتە قۆناغێکی زۆر هەستیار و مەترسیدار."
سەرۆکی ئەمریکا لە کۆتاییدا جەختی کردەوە کە تاران ناتوانێت چەکی ئەتۆم بە دەست بهێنێت و ناتانیاهۆش جەختی کردەوە کە لەگەڵ ترەمپ، لەسەر ئەمە رێککەوتن.
ئەمڕۆ سەرۆک کۆماری عیراق پێشوازی باڵیۆزی کۆماری سربیا لە عیراق و سەرۆکی دەستەی وەبەرهێنان لە دەسەڵاتی دانوبی سربیا کرد و بانگهێشتنامەی رەسمی سەرۆک کۆماری سربیایان پێشکەش بە د.لەتیف رەشید کرد بۆ کۆنفرانس و پێشانگەی نێودەوڵەتی EXPO 2027.
ئەمڕۆ دووشەممە، د.لەتیف رەشید سەرۆک کۆماری عیراق، لە کۆشکی بەغدا پێشوازی کرد لە براتیسلاڤ جیگێڵ باڵیۆزی کۆماری سربیا لە عیراق و محەمەد ئەلمحەیسن سەرۆکی دەستەی وەبەرهێنان لە دەسەڵاتی دانوبی سربیا.
لە سەرەتای کۆبوونەوەکەدا، سەرۆک کۆمار بانگهێشتنامەیەکی رەسمی پێگەیشت، کە لەلایەن هاوتا سربییەکەی ئەلیکساندەر ڤوچیچ بۆ بەشداریکردن لە کۆنفرانس و پێشانگای نێودەوڵەتی "Expo 2027" ئاراستەی کرابوو.
هەر لەو کۆبوونەوەیەشدا، چۆنیەتی پەرەپێدانی پەیوەندییە دووقۆڵییەکانی نێوان هەردوو وڵات بەتایبەتی لە بوارەکانی ئابوری و وەبەرهێنان تاوتوێکرا و تێیدا سەرۆک کۆمار جەختی لە گرنگی بەهێزکردنی هەماهەنگیی نێوان لێپرسراوانی وەبەرهێنان لە هەردوو وڵاتدا کردەوە، لەپێناو رەخساندنی ژینگەیەکی گونجاو بۆ ئاڵوگۆڕی دەرفەتی وەبەرهێنان و ئاسانکاری رێوشوێنەکان بۆ بازرگانان و وەبەرهێنەران و کردنەوەی ئاسۆیەکی نوێ بۆ هاریکاری هاوبەش لە بوارە گرنگەکاندا، کە خزمەت بە بەرژەوەندییەکانی هەردوو وڵات دەکات.
لای خۆیەوە، براتیسلاڤ جیگێڵ خواستی وڵاتەکەی بۆ فراوانکردنی ئاسۆی هاوکاری لەگەڵ عێراق دەربڕی و جەختی لەوە کردەوە، سربیا خواستی هەیە بۆ هاوبەشی ستراتیژی کە بەرژەوەندییە هاوبەشەکان بەدی بهێنێت.
دوای ئەوەی سێ رۆژ لەمەوپێش کچێک بەناوی ئاڤێستا لە سنوری قەزای مێرگەسور کەوتە ئاوەوە، تاوەکو ئێستا تەرمەکەی نەدۆزراوەتەوە و بەرگری شارستانیی سۆرانیش دەڵێت، لە گەڕان بەدوای تەرمەکەیدا بەردەوامن.
بەرگری شارستانیی سۆران رایگەیاند، ئەمڕۆ بۆ سێیەم رۆژ لەسەریەک تیمەکانیان بەردەوامن لە گەڕان بەدوای تەرمی ئاڤێستا یوسفی تەمەن 27 ساڵدا، کە رۆژی هەینی رابردوو لە سنوری قەزای مێرگەسور کەوتە ئاوەوە و گیانی لەدەستدا.
ئاماژەی بەوەشکردووە، نۆ تیم و تیمی فڕۆکەوانی هەولێر بەشدار بوون لە گەڕان بەدوای تەرمەکەیدا، بەڵام بەهۆی لێڵی و بەخوڕی ئاوی رووبارەکە نەتوانراوە تەرمەکەی بدۆزرێتەوە.
ئەوەش لە کاتێکدایە، شەوی رابردوو، وتەبێژی بەرگری شارستانیی ئیدارەی سۆران رایگەیاند، پێشبینی دەکەن دۆزینەوەی تەرمی ئاڤێستا نزیکەی دوو هەفتە بخایەنێت.
رۆژی هەینی رابردوو، ئاڤێستا یوسفی تەمەن 27 ساڵ، کە پیشەی مامۆستا بوو، کەوتە ناو رووباری تەنگاتوری سنوری قەزای مێرگەسور و بەهۆیەوە گیانی لەدەستدا.
بەپێی زانیارییەکانی کوردسات نیوز، ئاڤێستا لەگەڵ کەسوکارەکەیدا بۆ گەشت و سەیران چووبوونە نزیک رووبارەکە.
د. لەتیف رەشید سەرۆک کۆماری عیراق، ئەمڕۆ دووشەممە 7 ی نیسانی 2025 لە کۆشکی بەغداد، پێشوازی لە مستەفا کازمی سەرۆک وەزیرانی پێشووی عیراق کرد.
لەدیدارەکەدا دۆخی سیاسی و ئەمنی و ئابوری وڵات و ناوچەکە تاوتوێکران، هەروەها سەرۆک کۆمار جەختی لەگرنگی یەکخستنی هەوڵەکان و نزیککردنەوەی بۆچوونی هێزە سیاسییەکان کردەوە، بەمەبەستی خزمەتکردن بە پرۆسەی ئاوەدانکردنەوە و سەقامگیری وڵات و دەستەبەرکردنی بەرژەوەندییە گشتییەکانی گەل.
لەلای خۆیەوە مستەفا کازمی، سوپاسی خۆی بۆ پەرۆشی سەرۆک کۆمار و گرنگیدانی بە ئاسایش و سەقامگیری عیراق و عێراقییەکان دەربڕی .

پاسپۆڕتی سلێمانی روونکردنەوەیەکی تایبەت بەو کوردانە بڵاوکردووەتەوە کە لە دەرەوەی عیراق دەژین و ئاماژەی بەوە کردووە، بۆ نوێکردنەوە و دەرکردنی پاسپۆڕت تەنها کار بە کارتی نیشتمانیی دەکرێت.
پاسپۆڕتی سلێمانی رایگەیاندووە، ئاگاداری سەرجەم ئەو کوردانە دەکەنەوە کە لە دەرەوەی عیراق نیشتەجێن، بۆ دەرکردن و نوێکردنەوەی پاسپۆرت بەهیچ جۆرێک کار بە وێنەی تۆماری ئەلیکترۆنی "صورة قید" ناکرێت، چونکە بە بڕیاری وەزارەتی ناوخۆی حکومەتی فیدڕاڵ کارکردن پێی راگیراوە.
ئاماژەی بەوەشکردووە، تەنها کار بە (کارتی نیشتمانی) دەکرێت.
دەشڵێت، پێویستە ئەو هاووڵاتیانە لەکاتی گەڕانەوەیان بۆ هەرێمی کوردستان مۆڵەتی ٣٠ رۆژ وەربگرن، لەبەرئەوەی تەواوبوونی کارتی نیشتمانی ماوەکەی (٢٠ بۆ ٣٠) رۆژی پێدەچێت .
هەورەبروسکە، دیاردەیەکی سروشتییە و بە گشتی لە وەرزی زستاندا، بەهۆی بوونی تەزووی بای هەڵکشاو زیاتر روو دەدات.
هەورەبروسکە کرداری خاڵیبوونەوەی کارەباییە، کە لەنێوان بەشەکانی پەڵەهەورێک یان دوو پەڵەهەوری باراناوی بارگە جیاواز، یان لەنێوان پەڵەهەور و باڵەخانەیەک، یان مرۆڤ، درەخت و ئاژەڵ و هەر شتێکی دیکە لەسەری زەوی روو دەدات.
لەناو هەورە باراناوییەکاندا گەردیلە پۆزەتیڤ و نێگەتیڤەکان دابەش دەبن، بەجۆرێک بارگە پۆزەتیڤەکان دەچنە سەرەوەی هەورەکان و بارگە نێگەتیڤەکان لە بەشی خوارەوەی هەورەکان دەبن، ئەگەر ئەو بارگانە لە هەورەکەدا لەیەکتر نزیک ببنەوە هەورە بروسکە لەناو هەورەکاندا روو دەدات، کە ئەمەیان مەترسیدار نییە لەسەر مرۆڤ و زیندەوەران و زەوی.
لە دۆخێکدا ئەگەر ئەو هەورانە لە زەوی نزیک ببنەوە کە زەوی بارگەی موجەبە، ئەوا بارگەکە لە زەویدا بەتاڵ دەبێتەوە، کە ئەمە ئەو بروسکەیەیە مەترسی دروست دەکات.
ساڵانە هەورە بروسکەکان دەبنە هۆی گیانلەدەستدانی دەیان کەس لە جیهاندا، یان بەهۆی بروسکەوە بە سەتان رووداوی ئاگرکەوتنەوە روودەدەن.
بروسکە گەرمییەکەی 30 هەزار پلەی سیلیزییە، کە دەکاتە زیاتر لە پێنج ئەوەندەی گەرمی رووبەری خۆر، لوتکەی تەزووەکەشی دەگاتە 30 هەزار ئەمپێر.
چۆن خۆت لە بەرکەوتن بە هەورەبروسکە دەپارێزیت؟
باشترین کار بیکەیت ئەوەیە لە ماڵەوە بمێنیتەوە و دووربیت لە دەرگا و پەنجەرەوە، ئەگەر لە دەرەوەش بوویت باشترە لە سەرجەم ئەو شتانە دوور بکەویتەوە کە درێژ و بەرزن، هەروەها بچۆ ژێر پرد، یانیش لە ناو ئۆتۆمبێلەکەتدا بمێنیتەوە، بەڵام هەرگیز چەتر بەکارمەهێنە بۆ خۆپاراستن.
دەبێت بە هەموو شێوەیەک لە درەختەکان و ئاو دووربکەویتەوە، چونکە ئاو گەیەنەرێکی بەهێزە و درەختەکانیش سەرچاوەیەکی باشی خاڵیبوونەوەی بارگەی هەورەکەن.
خۆ ئەگەر لە دەشتودەرێکی تەختدا بوویت، باشترین کار ئەوەیە لە هەموو دار و درەخت و کانزا و هەر شتێکی دیکە دووربیت کە لە دەورتدا هەیە، بەپێی توانا خۆت گرمۆڵە بکە و با سەرت بەرز نەبێت تەنها قاچەکانت لەسەر زەوی بن، ئەگەر چەند کەسێکیش بوون، ئەوا با دووری نێوانتان لە 30 مەتر کەمتر نەبێت.
یاسای 30 بە 30 جێبەجێ بکە
یاسای 30 بە 30 بریتییە لەوەی، کە ئەگەر بروسکە روویدا، ئەوا تاوەکو 30 بژمێرە، ئەگەر گەیشتیتە ژمارە 30 یان بەر لە گەیشتن بە ژمارە 30 گوێت لە دەنگەکەشی بوو، ئەوا مانای ئەوە دەگەیەنێت هەورەکە زۆر نزیکە و بایی ئەوەندە مەترسیدارە کە پێویست بکات بە زوویی خۆت بپارێزیت.
شارەوانی سلێمانی رایگەیاند، دەست دەکەن بە پاککردنەوە و نۆژەنکردنەوەی بازاڕی دارەسوتاوەکە و ئاگاداری خاوەن دوکان و کاسبکاران و تیمە رۆژنامەوانییەکانیش دەکاتەوە، نەچنە بازاڕەکەوە.
شارەوانی سلێمانی داوا لە کاسبکار و خاوەن دوکان و هاووڵاتیان و تیمە رۆژنامەوانییەکان دەکات، نەچنە بازاڕی دارەسوتاوەکەوە، بەمەبەستی ئەوەی شارەوانی بتوانێت کارەکانی ئەنجام بدات.
ئەوەشی خستووەتە روو، تیمێک کە پێکدێت لە هەردوو بەشی خزمەتگوزاری و ئامێرەکانی شارەوانی، هەڵدەستن بە پاککردنەوەی بازاڕەکە.
ئەمەش دوای ئەوەدێت، لەسەر ئەرکی سکرتاریەتی سەرۆک مام جەلال قەرەبووی زیانلێکەوتووانی بازاڕی دارەسوتاوەکەی سلێمانی دەکرێتەوە، نوێنەری قوباد تاڵەبانیش رایگەیاند، بەپێی راپۆرتەکان 116 دوکان و چوار شوێنی لەفەفرۆشتن و خواردنی خێرا سوتاون، لەماوەی کەمتر لە یەک هەفتەدا بەپێی راپۆرتی زیانەکانیان قەرەبوو دەکرێنەوە و پارەی قەرەبووەکەیان بە کاش پێ دەدرێت.
وتیشی، زیانەکان تاوەکو ئەم ساتە بە سەروو یەک ملیار دینار دەخەمڵێنرێت. بڕیاریشە شارەوانی سلێمانی تەواوی بازاڕەکە پاک بکاتەوە و دیزاینی نوێ بۆ بازاڕەکە دابنێت، هەروەها بەڕێوەبەرایەتی گشتیی کارەبای سلێمانی سیستمی نوێی کارەبا بە ئامێری نوێوە بۆ بازاڕەکە دادەنێت، کە رەچاوی سیستمی سەلامەتی و ئاگرکوژێنەوەشی تێدا دەکرێت.
بەیانی رۆژی شەممە 5ی نیسان، ئاگر لە بازاڕی دارەسوتاوەکەی سلێمانی کەوتەوە و بەهۆیەوە 120 دوکان و شوێنی کارکردن زیانیان پێگەیشتووە، کە بەشێکیان بە تەواوی سوتاون.
ئیسرائیل ژمارەی ئەو سەربازانەی راگەیاند کە بەهۆی شەڕی غەززەوە لە رووی جەستەیی و دەروونی؛ بە زەبری جەنگەوە دەناڵێنن و لەئێستادا چارەسەر وەردەگرن.
وەزارەتی بەرگری ئیسرائیل رایگەیاند، نزیکەی 16 هەزار و 500 سەربازیان بەهۆی شەڕی غەززەوە چارەسەر وەردەگرن، کە حەوت هەزار و 300 سەربازیان توشی گرفت یان نەخۆشی دەروونی بوون.
ئەوەشی خستە روو، بە گشتیی ئەو سەربازانەی گرفتی دەروونیان هەیە، بەدەست شۆکی دوای جەنگ، خەمۆکی و دڵەڕاوکێی توندەوە دەناڵێنن.
ئاماژەی بەوەشکردووە، لەئێستادا چەندین تیمی پزیشکی دەروونی و توێژەریی دەروونیان بۆ چارەسەرکردنی سەربازەکان دابین کردووە.
لە 7ی تشرینی یەکەمی ساڵی 2023، دوای ئەوەی حەماس بە زیاتر لە پێنج هەزار موشەک هێرشی کردە سەر ئیسرائیل، جەنگی نێوان ئیسرائیل و حەماس دەستی پێ کرد، بەهۆی شەڕەکەشەوە بەدەر لە ئیسرائیل، لە غەززەش زیاتر لە 50 هەزار کەس کوژراون، کە زۆرینەیان ژن و منداڵن.
بەهۆی ئەو شەپۆلی بارانبارین و زریانە بەهێزەی چەند ویلایەتێکی ئەمریکای گرتووەتەوە، 17 کەس گیانیان لەدەستداوە. کەشناسیش هۆشداری دەدات، شەپۆلێکی دیکەی بارانبارین و رەشەبای بەهێز وڵاتەکە دەگرێتەوە.
ماوەی چەند رۆژێکە شەپۆلی بارانبارین و زریانێکی بەهێز چەند ویلایەتێکی ئەمریکای گرتووەتەوە، کە بەهۆیەوە زیانێکی زۆری گیانی و ماددی لێکەوتووەتەوە.
بەهۆی زریانەکانەوە لە ویلایەتی تینیسی ئەمریکا 10 کەس گیانیان لەدەستدا، لە ویلایەتەکانی میزۆریو کێنتاکیش چوار کەس گیانیان لەدەستداوە، هەروەها لە هەریەک لە ویلایەتەکانی ئارکێنسۆ و ئیندیانا و میسیپیسی یەک کەس گیانیان لەدەستداوە.
هەربەهۆی زریان و رەشەباوە لە چەند ویلایەتێک چەندین باڵەخانە رووخاون و زیان بە خانوو و ماڵی هاووڵاتیان کەوتووە، چەندین هاووڵاتیش ماڵەکانیان چۆڵ کردووە.
ئەوە جگە لەوەی چەندین دار بەهۆی رەشەباکەوە شکاونەتەوە و لە چەند ناوچەیەکیش هێڵەکانی کارەبا پچڕاون، هەروەها چەندین ئۆتۆمبێل زیانیان پێگەیشتووە.
دەستەی کەشناسیی نیشتمانیی ویلایەتە یەکگرتووەکان هۆشداری داوە لە بەردەوامی شەپۆلی بارانبارین و زریانی بەهێز و داواش لەو کەسانە دەکات کە ماڵەکانیان لەو ناوچانەوە نزیکە کە ئەگەری هەیە شەپۆلەکە زیاتر بیانگرێتەوە، ماڵەکانیان چۆڵ بکەن و بچنە شوێنێکی پارێزراوتر.
US Floods Break Record? Building Floats, Rivers Swell, Emergency| On Cam: Catastrophic Scenes| Watch#TNDIGITALVIDEOS #USFloods pic.twitter.com/gpBwBDLWeL
— TIMES NOW (@TimesNow) April 6, 2025
???#BREAKING | NEWS ⚠️
— Todd Paron?????? (@tparon) April 5, 2025
Flood emergency’s in the US states after torrential rains have hit the area,pic.twitter.com/uq1NoZct2n