هەواڵەکانهەواڵەکان

سەرۆکی دەستەی گشتی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم، لەگەڵ سەرۆکی فراکسیۆنی یەکێتی لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق کار بۆ چارەسەرکردنی کێشەی جوتیارانی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی هەرێم دەکەن.

ئەمڕۆ فەهمی بورهان سەرۆکی دەستەی گشتیی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستان ، هەرێم کەمال ئاغا سەرۆکی فراکسیۆنی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق کۆبووەوە.

لە کۆبوونەوەکەدا باسی کێشە و گرفتەکانی ناوچە کوردستانییەکانی کرد، بەتایبەت کێشە و گرفتی جوتیارانی کورد لە ناوچەکەدا کە رۆژانە رووبەڕوویان دەبنەوە لە بەرانبەر چاندن و دروێنەکردنی زەوییە کشتوکاڵییەکانیان.

هەر لە کۆبوونەوەکەدا، سەرۆکی فراکسیۆنی یەکێتی لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق، باسی کۆی هەوڵەکانی خۆیان کرد لە پڕۆژەیاسای گەڕانەوەی زەوی و زاری جوتیاران و پرسی هەوڵەکان بۆ جێبەجێ کردنی مادەی 140 کرد و ئاماژەی بەوەکرد، پەیوەندی تەندروست لە نێوان فراکسێۆنە کوردیەکان هەیە و پێکەوە بۆ ئەو ئامانجە نیشتیمانیانە کار دەکەن.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

لە هێرشێکدا بۆ سەر بنکەیەکی پۆلیس لە شاری ئیزمیری تورکیا دوو  پۆلیس کوژران.

کەمێک پێش ئێستا لە تورکیا، هێرشکرایە سەر بنکەی پۆلیسی "ساڵح ئیشگۆرەن" لە قەزای باڵچۆڤای پارێزگای ئیزمیر، هاوکات بەهۆی هێرشەکەوە کوژرا و برینداری لێکەوتەوە.

بەپێی زانیارییە میدیاییەکانی تورکیا بەهۆی ئەم هێرشەوە، موحسین ئایدەمیر، بەڕێوەبەری ئاسایش و پۆلیسێک کوژران و پۆلیسێکی تریش برینداربوو. بەپێی زانیارییە سەرەتاییەکان، هێرشەکە لەلایەن گەنجێکی تەمەن 16 ساڵانەوە ئەنجامدراوە.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

دۆناڵد ترەمپ رایگەیاند، ئەمڕۆ و سبەینێ سەركردەكانی ئەوروپا بەمەبەستی گفتوگۆی كۆتاییهێنان بە جەنگی روسیا و ئۆكراین سەردانی ئەمریكا دەكەن.


دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمریكا رایگەیاند، ئەمڕۆ دووشەممە و سبەینێ سێشەممە، سەركردەكانی ئەوروپا دێنە ئەمریكا بەمەبەستی گفتگۆی كۆتاییهێنان بە جەنگی نێوان روسیا و ئۆكراین، وتیشی، بەمزووانە قسە لەگەڵ ڤلادیمێر پوتنی سەرۆكی روسیا دەكات تایبەت بەو پرسە.


سەرۆكی ئەمریكا خەمباری خۆی لەبارەی ئەو هێرشە ئاسمانییە توندەی دوێنێ روسیا بۆسەر ئۆكراین ئەنجامی دا دەربڕی و رایگەیاند، دڵخۆش نیم بەو دۆخە و بەو شتانەی لەوێ روودەدەن.
ئەوەش لەكاتێكدایە، دوێنێ یەكشەممە، روسیا هێرشێكی ئاسمانی توندی بۆسەر ئۆكراین ئەنجامدا كە بە گەورەترین هێرشی روسیا دادەنرێت لەماوەی دەستپێكردنی جەنگەوە تاوەكو ئێستا و تیایدا 800 فڕۆكەی بێفڕۆكەوان و موشەكی بەكارهێنا.


لەلایەكی دیكەوە ڤۆلۆدیمێر زیلینسكی سەرۆكی ئۆكراین رایگەیاند، پوتن ئەوە بە سەركەوتن دەزانێت كە سەرجەم خاكی ئۆكراین داگیربكات، ئەگەر ئەوەی بەدیهێنا ئەوا سەركەوتن بۆ ئەوە، بەڵام تاوەكو ئەوە بەدی نەهێنێت، سەركەوتن بۆ ئۆكراینە.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

وەزارەتی پەروەردەی حکومەتی هەرێمی کوردستان، ساڵنامەی خوێندنی ساڵی 2025 بۆ 2026ـی پەسەندکرد و تێیدا رۆژی 21ـی 9 وەک دەستپێکی ساڵی نوێی خوێندن دیاریکرا.

وەزارەتی پەروەردە رایگەیاند: ئەنجومەنی وەزارەتی پەروەردە ساڵنامەی خوێندنی ساڵی (2025- 2026) ـی پەسەندکرد، کە تیایدا رۆژی یەکشەممە 21ی 9ی 2025 وەک دەستپێکی ساڵی خوێندنی (2025 - 2026)ـی دیاریکرد بۆ قوتابخانە حکومییەکان و ئەو قوتابخانە ناحکومییانەی بە سستمی وەزارەتی پەروەردە دەخوێنن

لە راگەیەندراوەکەشدا هاتووە، وردەکاری ساڵنامەکە بە گشتاندنێک لەلایەن بەڕێوەبەرایەتی گشتی تاقیکردنەوەکان و ساڵنامەی خوێندنەوە ئاڕاستەی بەڕێوەبەرایەتی گشتی پەروەردەی پارێزگاکان و ئیدارە سەربەخۆکان دەکرێت، هەروەها ئەنجومەنی وەزارەت لە کۆبوونەوەکەدا خشتەی بەشەوانەکانی بۆ ساڵی خوێندنی (2025 - 2026) پەسەندکرد، پاشتر لەلایەن بەرێوەبەرایەتی گشتی پرۆگرام و چاپەمەنییەکان گشتاندنی پێدەکرێت و ئاڕاستەی ناوەندەکانی خوێندن دەکرێت.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

بەڕێوەبەری کۆمپانیای سۆمۆ دەڵێت: لێکتێگەیشتن هەیە بۆ هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێم، بۆ ئەو مەبەستەش تورکیا رەزامەندی دەربڕیوە.

عەلی نزار بەڕێوەبەری کۆمپانیای سۆمۆ لەمیانی بەشداریکردنی لە بەرنامەی پرسی رۆژی کوردسات نیوز رایگەیاند، حکومەتی هەرێم دەیەوێت هەناردەی نەوت دەستپێبکاتەوە و تورکیاش بۆ ئەو مەبەستە رەزامەندی دەربڕیوە.

وتیشی، لێکتێکگەیشتن هەیە لە نێوان وەزارەتی سامانەسروشتییەکانی حکومەتی هەرێم و وەزارەتی نەوتی عیراق و کۆمپانیای سۆمۆ بۆ هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێم، هاوکات گفتوگۆکان کە لەماوەی رابردوودا ئەنجامدراوە ئەرێنی بوون.

بەڕێوەبەری کۆمپانیای سۆمۆ ئاماژەی بەوەشکرد، ئەو کۆمپانیانەی کە لەکێڵگە نەوتییەکانی هەرێم کاردەکەن، داوای گەرەنتی و دڵنیایی دەکەن بۆ ئەوەی ئەوانیش بتوانن کارەکانیان بکەن، هەروەها بەپێی یاسا ئەو کۆمپانیانە رێژەی چەند نەوت بۆ عیراق بنێرن بەپێی بەرهەمەکانیان داهاتیان پێدەدرێت، هاوکات دەبێت وەزارەتی سامانە سروشتییەکانی هەرێم قەرزی  کۆمپانیانە نەوتییەکانی هەرێم بدات، کە بەپێی زانیارییەکان یەک ملیار دۆلارە.

عەلی نزار ئەوەشی خستەڕوو، بەپێی یاسای بودجە حکومەتی هەرێم دەبێت مانگانە 400 هەزار بەرمیل رادەست بکات، بەڵام لە ئێستادا بەرهەمی نەوتی هەرێم ناگاتە ئەو رێژەیە، بۆیە لە ئێستادا ئەنجومەنی وەزیران بەپێی رێژەی بەرهەمێنان 230 هەزار بەرمیل دیاریکراوە، بەڵام ئەگەر بەرهەمی نەوت لەو ژمارەیەش کەمتر بێت پێویستە مامەڵەی پێوەبکرێت و تا ئەو کاتەی ئاستی بەرهەمهێنانی نەوت بەرزدەبێتەوە بۆ ئەو ئاستەی کە لەبودجەدا دیاریکراوە.

ئاشکراشیکرد، راگرتنی هەناردەی نەوتی هەرێم لە زیانی کۆمپانیا نەوتییەکانی هەرێمە.

سەبارەت چارەسەرکردنی پرسی موچە کە پەیوەستە بە هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێم، عەلی نزار، راشیگەیاند، تا زووتر هەناردەی نەوت دەستپێبکاتەوە کێشەی موچەش چارەسەر دەبێت.

 

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

حكومەتی ئەڵمانیا بە نیازە دیپۆرتكردنەوەی پەنابەران زیاد بكات.

میدیاكان بڵاویانكردەوە، حكومەتی ئەڵمانیا بەردەوامە لە گرتنەبەری رێكاری نوێ بەتایبەت لە شاری دوسڵدۆرف، بەجۆرێك كە لە فڕۆكەخانەی ئەو شارە لە ساڵی 2024 دا زیاتر لە دوو هەزار و 800  كەسی دیپۆرتكردوەتەوە.

ئاماژەیان بەوەشكردووە، ئەمساڵیش ژمارەكە لە بەرزبوونەوەدایە بەجۆرێك كە تەنیا لە نیوەی یەكەمی ئەمساڵدا، تائێستا 12 هەزار كەس دیپۆرتكراونەتەوە.

راشیانگەیاند، ئەڵمانیا لەگەڵ وڵاتانی تر رێكارەكانیان زیاتر كردووە و لە مانگی تەمموزدا كۆبوونەوەیەك لەگەڵ نەمسا و دانیمارك و فەڕەنسا و چیك و پۆڵەندا كراوە و لە یەكەم هەنگاودا پەنابەرە ئەفغانییەكان دیپۆرت دەكاتەوە.

ئەوەش لەكاتێكدایە، وەزارەتی ناوخۆیی ئەڵمانیا رایگەیاند، لە دوای روخانی ئەسەدەوە هەزار و 867 سوری گەڕاونەتەوە وڵاتەكەیان و لە بەرامبەردا بڕێك هاوكارییان پێشكەش كراوە. 

 

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكانی عیراق ژمارەی كاندیدە دورخراوەكانی ئاشكرا كرد و رایگەیاند ، تا ئێستا زیاتر لە 750 كاندید دورخراونەتەوە .

كۆمسیۆن لە راگەیەندراوێكدا ئاماژەی بۆ ئەوە كردوە ، بەهۆكاری پەیوەست بە لێپرسینەوە و دادپەروەری و دۆسیەكانی تاوان و گەندەڵی ، تا ئێستا 751 كاندید لە پرۆسەی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەران  دوورخراونەتەوە .

هەروەها رایگەیاندووە ، پەسەندكردنی كۆتایی لیستی كاندیدەكان لە مانگی تشرینی یەكەمدا دەبێت و لە 9 ی تشرینی یەكەمیشەوە هەڵمەتی بانگەشەی هەڵبژاردن دەستپێدەكات و یەك رۆژ پێش دەستپێكردنی دەنگدانی تایبەت كۆتایی دێت .


بەردەوامبە لە خوێندنەوە

سەرۆكی سندوقی وەبەرهێنانی روسیا رایگەیاند، بەهۆی دانوستانەكانی ئەمریكا و روسیا ئاشتی لە ئۆكراین نزیكە.

كیریل دیمیتریڤ سەرۆكی سندوقی وەبەرهێنانی روسیا لە ئێكسێكدا نوسیویەتی، بەهۆی گفتوگۆی نێوان دۆناڵد ترەمپ، سەرۆكی ئەمریكا و ڤلادیمێر پوتن، سەرۆكی روسیا یەكلاییكردنەوەی ململانێكانی ئۆكراین بەرەوە كۆتایی دەروات و لە ئاشتی نزیكبووەتەوە.

دیمیتریڤ ئاماژەی بەوەشدا كە هەوڵەكان بۆ فشار خستنە سەر مۆسكۆ لەرێگەی سەپاندنی سزاوە شكستی هێناوە، بەڵكو دەتوانرێت لە رێگەی گفتوگۆ و ڕێزگرتن لە یەكترەوە چارەسەری ئەو ململانێیە بكرێت.

پێشتریش، دیمیتریڤ جەختی لەوە كردبووەوە كە سەرۆكی روسیا و هاوتا ئەمریكییەكەی ڕێگری لە سەرهەڵدانی جەنگی جیهانی سێیەم دەكەن.
ئەمە لە كاتێكدایە، كە پوتن و ترەمپ  لە كۆبوونەوەكەیاندا كە لە 15ی ئاب لە ئەلاسكا بەرێوەچوو، باسیان لە ڕێگاكانی چارەسەركردنی كێشەی ئۆكراین كرد و هەروەها هەردوو سەركردە كۆبوونەوەكەیان بە ئەرێنی وەسف كرد.

 

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

هەزاران كەس لە واشنتۆن دژی سیاسەتەكانی سەرۆكی ئەمریكا خۆپیشاندانیان كرد و دروشمیان دژی دۆناڵد ترەمپ وتەوە.

بە بەشداریی هەزاران كەس لە واشنتۆن رێپێوان و خۆپیشاندانێكی فراون بەڕێوەچو و رێكخراوی ئاشتی ئەمریكاش رایگەیاند، كار دەكەن بۆ خۆپیشاندانی سەرتاسەریی دژی سیاسەتەكانی دۆناڵد ترەمپ ، سەرۆكی ئەمریكا .

لە خۆپیشاندانەكەی واشنتۆندا دژی گۆڕینی ناوی وەزارەتی بەرگریی بۆ وەزارەتی جەنگ دروشم وترایە و خۆپیشاندەران رایانگەیاند، ترەمپ ناتوانێت لە رێگەی سەربازییەوە ویلایەتەكەیان داگیر بكات.

تەلەفیزیۆنی سی ئێن ئێن ئاماژەی بەوەكردوە سەرەڕای ئەوەی خۆپیشاندەران ئامانجی سەرەكییان دژایەتی سیاسەتەكانی ترەمپ بووە، بەڵام دروشم بۆ پشتیوانی لە غەززە و كۆچبەران بە تایبەت كۆچبەرانی ئەمریكا وتراوەتەوە.

 

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

وەزیری دەرەوەی ئێران رایگەیاند، دەبێت رێز لە ماف و بەرژەوەندییەكانی ئێران بگیرێت و هەر كاتێك ئەمریكا رێزی لە بەرامبەرەكەی گرت ئامادەن بۆ دانوستان. 

عەباس عراقچی وەزیری دەرەوەی ئێران لە میانی كۆنفرانسی نیشتمانیی تواناكانی وەبەرهێنان لە ناوچە ئازاد و بازرگانییەكانی ئێران رایگەیاند، ئەو ڕۆژەی واشنتن ئامادە بێت بۆ دانوستان لەسەر بنەمای رێزگرتنی بەرامبەر، ئەوانیش ئامادەن بۆ دانوستان. 

دەشڵێت، وڵاتانی ترۆیكا هەڵەیەكی گەورەیان كرد لەبارەی چالاككردنی سزاكان، ئەمەش كارەكانی قورستر كردووە و دانوستانەكان بەردەوامن بەو هیوایەی بگەینە لێكگەیشتنێكی هاوبەش. 

وتیشی، پەیوەندییەكانیان لەگەڵ ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆمی دوای هێرشەكەی سەر بنكە ئەتۆمییەكان تێكچووە و وەك جاران نەماوە. 

 

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

لەسەر رێگای كەربەلا-بەغداد پردێكی تەواونەكراو داڕما و لە ئەنجامدا پێنج كەس برینداربوون و ژمارەیەك ئۆتۆمبێل كەوتنە ژێر دار و پەردووی پردەكە.

فەرمانگەی تەندروستی كەربەلا رایگەیاند، ئێوارەی ئەمڕۆ پردێك كەدەكەوێتە سەر رێگای كەربەلا-بەغداد و لە قۆناغی بنیاتناندا بوو داروخا و بە هۆیەوە پێنج هاووڵاتی برینداربوون و  ژمارەیەك ئۆتۆمبێل بە ژێر دار و تەختە و پارچە داڕماوەكانی پردەكە.

ئاماژەی بەوەشكرد، بریندارەكان بەمەبستی وەرگرتنی چارەسەری پێویست دەستبەجێ گواستراونەتەوە بۆ نەخۆشخانە و لەژێر چاودێری وردیی تەندروستیدان.

ئەوەشی خستەڕوو، لێكۆڵینەوە لە هۆكاری روخانی پردەكە دەستیپێكردووە و  تیمەكانی بەرگری شارستانی و تەندروستیش بەردەوامن لە هەوڵەكانیان بۆ گەڕان بەدوای هەركەسێك كە گیری خواردبێت، هەروەها دەرهێنانی تەرمی هەركەسێك گیانی لەدەستدابێت.

بۆ بینینی دیمەنی روخانی پردەکە کلیک لێرە بکە....

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

فێستیڤاڵی دەروازەی سلێمانی بە سپۆنسەری میدیایی دەزگای میدیایی کوردسات، بۆ رۆژی سێیەم لە پارکی هەواری شار بەردەوامە و رێژەیەکی زۆرباش لە هاووڵاتیان و سەردانیکەران لە ناوچە جیاوازاەکانی هەرێم سەردانی فێستیڤاڵەکە دەکەن.

رێژوان مەریوان سەرپەرشتیاری فێستیڤاڵی دەروازەی سلێمانی بە کوردسات نیوزی راگەیاند، کارەکانی فێستیڤاڵەکە زۆر بەباشی بەڕێوەدەچێت و هاووڵاتیان بە پەرۆشەوە سەردانی فێستێڤاڵەکە دەکەن.

وتیشی، بەپێی ئامارەکان لە یەکەم رۆژدا نزیکەی 18 هەزار کەس سەردانی فێستیڤاڵەکیان کردووە، هاوکات لە رۆژی دووهەمدا زیاتر لە 16 هەزار کەس سەردانی فێستیڤاڵەکەیان کردووە.

ئەوەشی خستەڕوو، ئەو ئامارە لە دەروازەی سەرەکی بە هاتنەژوورەوەی ئۆتۆمبێل وەرگریراوە، ئەگەر بە تاکە کەسیش هەژمار بکرێت رێژەکە زۆر زیاترە.

سەرپەرشتیاری فێستیڤاڵەکە ئاماژەی بەوەشکرد، چاوەڕوان دەکەن لەمڕۆژانەدا لە رۆژانی یەکەم و دووهەم، هاووڵاتیان زیاتر سەردانی فێستیڤاڵەکە بکەن و چێژ ببینن لە چالاکی و بەرهەمەکانی نمایشدەکرێت و پێشکەشدەکرێت.

جێگەی ئاماژەیە، دووهەمین فێستیڤاڵی دەروازەی سلێمانی بە سپۆنسەری میدیایی دەزگای میدیایی کوردسات، لە رۆژی 4ـی ئەیلولەوە دەستیپێکردووە و بۆ ماوەی 8 رۆژ بەردەوام بێت.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

لەمیانی پێشوازیکردنی لە ژمارەیەک لە ژنانی کورد، شاناز ئیبراهیم ئەحمەد خانمی یەکەمی عیراق ئاماژەی بەڕۆڵی چالاکانەی ژنان لەپشتیوانی کۆمەڵگە و پاراستنی ناسنامەی نیشتمانی و نەتەوەیی کرد.

لەو دیدارەدا کەسکرتێری یەکێتی ژنانی کوردستان و نوێنەرانی کۆمسیۆنی کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان و کۆنگرە ستار و ژمارەیەک لە چالاکوانانی بواری داکۆکیکردن لەمافەکانی ژنان ئامادەیبون، شاناز ئیبراهیم ئەحمەد رایگەیاند: بەپەرتەوازەیی ناگەین بەهیچ کام لە مافەکانمان و پێویستە لەمەسەلە نەتەوایەتیەکانیشدا یەک بین و پشتی یەک بەرنەدەین.

خانمی یەکەمی عیراق وتیشی، "سەرەڕای ئەو بارگرانییەی کە بەسەریاندا سەپێنراوە، ژنان نەک هەر کۆڵیان نەدا، بەڵکو بوونە هێزێکی پێشەنگ لە بەرخۆدان و گۆڕانکاریدا و نموونەی ئازایەتی و ئیرادە لە سەرانسەری جیهاندا".

باس لەوەش کرا کە پێشبینیکردنی ئایندەی خەباتی ژنانی کورد پەیوەستە بە هەلومەرجی سیاسی و گۆڕانکارییە کۆمەڵایەتی و پێشهاتە ناوچەییەکان، جەختی لەسەر ئەوەش کردەوە کە ژنانی کورد دەتوانن بە پەیوەندی لەگەڵ رێکخراوەکانی مافی ژنان لە وڵاتانی تر، خەباتی خۆیان بەهێزتر بکەن.

هەر لەدیدارەکەدا تاوتوێی چالاکیەکانی کۆنگرەی ژنان و راسپاردەکانی کۆنگرەی هاوپەیمانی سۆشیال دیموکرات کرا کەلەرۆژانی 27 تا 30 ی ئاب لەسلێمانی بەسترا.

سەبارەت بەگۆڕانکارییە سیاسییەکانی ناوچەکە و پەرەسەندنەکانی رەوشەکە، خاتوو شاناز ئیبراهیم ئەحمەد رایگەیاند: دەبێ لەئاست جموجوڵ و بزاوتی سیاسی خۆرهەڵاتی ناوەڕاستدا ژنی کورد رۆڵی خۆی ببینێت و لەئاستیدا پەرە بە خەباتی سیاسی خۆی بدات.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

ئاژانسی فریاگوزاری و کارەکانی نەتەوەیەکگرتووەکان بۆ پەنابەرانی فەلەستین "ئۆنروا" ، هۆشداری دەدات لە خراپبوونی کارەساتی مرۆیی لەغەززە کە لە ئێستادا لە ئاستێکی بێ وێنەدایە.

ئۆنروا ئاماژەی بەوەکردووە، پێدواویستییەکان لە کەرتی غەززە زۆرن و پێویستی بە یارمەتیدانێکی مرۆی گشتگیرە، بۆ کەمکردنەوەی ئازارەکانی زیاتر لە دوو ملیۆن کەس کە لەژێر گەمارۆدان و لە ژێر برسێتیدا دەژین.

راشیگەیاندووە، ئیسرائیل بەردەوامە لە دروستکردنی ئاستەنگ بۆ هاتنە ناوەوەری هاوکارییەکان، بەمەش کەمی خۆراک و دەرمان لە کەرتەکە زیاتر دەکات، دەشڵێت، 900 هەزار منداڵ لە کەرتی غەززە بەدەست برێستییەوە دەناڵێنن و لە نێویاندا 700 هەزار منداڵ چونەتە قۆناغی بەدخۆراکی توندەوە.

ئیسرائیلی بەردەوامە لە ئاستەنگ بۆ هاتنە ناوەوەی هاوکاری و کەمیی خۆراک و دەرمان زیاتر دەکات. ئاماژەی بەوەشکرد، 900 هەزار منداڵ لە کەرتی غەززە بەدەست برسێتی دەناڵێنن، لەنێویاندا 70 هەزار منداڵ چوونەتە قۆناغی بەدخۆراکی توندەوە.

راپۆرتەکانی ئۆنروا ئەوەیان خستوەتەڕوو، رێژەی بەدخۆراکی لە نێوان منداڵانی خوار پێنج ساڵاندا، لەنێوان مانگەکانی ئازار و حوزەیران بەشێوەیەکی بەرچاو بەرزبووەتەوە و بووەتە دوو هێندە، ئەمەش بەهۆی سنوردارکردنی چوونە ژورەوەی پێداویستییە سەرکییەکان لە دیارترینیان خۆراک و ئاوی پاک.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

حەیان عەبدولغەنی، وەزیری نەوتی عێراق، ئەمڕۆ شەممە  لە میانی وتارێکیدا لە کاتی دەستپێکردنی کارەکانی "کۆڕبەندی نێودەوڵەتیی بەغدا بۆ وزە".رایگەیاند کە وڵاتەکەی لێکۆڵینەوە لە بژاردەی نوێ دەکات بۆ هەناردەکردنی نەوتی خاو لە رێگەی هەردوو وڵاتی سوریا و لوبنانەوە.

عەبدولغەنی جەختی لەوە کردەوە کە "عیراق بۆ ماوەی سەدەیەک پایەیەکی سەرەکیی بازاڕەکانی وزەی جیهانی بووە و ئەمڕۆش بە بەرپرسیارێتییەوە لە رێکخراوی ئۆپیکدا بەردەوامە لە کارکردن بۆ سەقامگیریی بازاڕەکان و دڵنیابوون لە هاوسەنگیی نێوان خواست و خستنەرو."

ناوبراو ئاماژەی بەوەشکرد کە عیراق بەهۆی یەدەگی گەورەی نەوت و غاز و پێگە ستراتیژییەکەیەوە، شایستەی ئەوەیە ببێتە ناوەندێکی گرنگی وزەی جیهانی و رۆڵێکی کاریگەری هەبێت لە داڕشتنی سیاسەتەکانی بازاڕی نەوت و غازدا.

وەبەرهێنان لە غاز و پابەندبوون بە ژینگە

وەزیری نەوت باسی لە پلانی وڵاتەکەی بۆ وەبەرهێنان لە کەرتی غازدا کرد و وتی: "وەبەرهێنان لە غازمان کردووەتە کارێکی لەپێشینەی نیشتمانی، دوای ئەوەی پێشتر عیراق بڕێکی زۆری دەسوتاند. دەستمان کردووە بە فراوانکردنی کۆمپانیای غازی بەسرە و کێڵگەکانی تری میسان، زیقار و کەرکوک، بە ئامانجی وەبەرهێنانی تەواوەتی لە غاز تا ساڵی 2030 و راگرتنی سووتاندنی بە تەواوی لە ساڵی 2029دا."

وتیشی، "وەبەرهێنان لە غازدا تێچووی بەرزی هاوردەکردن لەسەر دەوڵەت کەمدەکاتەوە و دەرهاویشتە کاربۆنی و گەرمییەکانیش کەم دەکاتەوە."

لە کۆتاییدا دووپاتیکردەوە کە عیراق کار لەسەر هەمەجۆرکردنی هێڵەکانی هەناردەکردنی نەوت دەکات بۆ دڵنیابوون لە گەیشتنی نەوت بە شێوەیەکی ئارام و سەقامگیر بە بازاڕەکانی جیهان، و لەو چوارچێوەیەشدا لێکۆڵینەوە لە بژاردەی نوێ دەکات لە رێگەی سوریا و لوبنانەوە.

 

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

ئەمڕۆ، 95 ساڵ بەسەر راپەڕینی مێژوویی بەردەرکی سەرای سلێمانیدا تێپەڕدەبێت، کە تێیدا خەڵکی شارەکە لە رۆژی 6ی ئەیلولی 1930دا لە دژی ستەم و نکۆڵیکردن لە مافەکانیان رژانە سەر شەقامەکان و رووبەرووی سەرکوتێکی خوێناوی بوونەوە.

خۆپیشاندانە فراوانەکە کە لەلایەن چین و توێژە جیاوازەکانی شارەکەوە رێکخرابوو، لەلایەن شاعیری ناودار "فایەق بێکەس"ەوە رابەرایەتی دەکرا. لە بەرامبەردا، هێزە ئەمنییەکانی حکومەت بە فیشەک وەڵامی داواکاریی خۆپیشاندەرانیان دایەوە، کە بەهۆیەوە ژمارەیەکی زۆر هاوڵاتی شەهید و بریندار بوون. بەپێی بەڵگەنامەکانی ئەو سەردەمە، نزیکەی60 کەس لەو رۆژەدا بوونە قوربانی.

ئەم روداوە، کە لەلایەن شاعیران و نووسەرانی وەک (بێکەس، حەمدی، ئەخۆل، پیرەمێرد و گۆران)ەوە بە "رۆژە رەشەکە" ناوبراوە، بووە بەشێکی گرنگ لە مێژووی خەباتی رزگاریخوازی گەلی کورد.

یەکێک لە سیمبولە هەرە دیارەکانی ئەو رۆژە، "عەولەسیس" (عەبدولمەجید مەلا ئیبراهیم) بوو، کە بە ئازایەتییەکەی ناسرابوو و لە تەمەنی 29 ساڵیدا بە گوللەی سەربازانی ئینگلیز شەهید کرا و بووە هێمای قوربانیدان لەپێناو ئازادیدا.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە
1...271272273274275...1077