بڕیارە بۆ یەكەمجار جگە لە دەم پارتی نوێنەری چوار پارتی تری توركیا سەردانی ئیمرالی بكەن و لەگەڵ ئۆجەلان كۆببنەوە.
پارتی یەكسانی و دیموكراسی گەلان دەم پارتی رایگەیاند: جگە لە وەفدی ئیمراڵی نوێنەری ژمارەیەك پارتی توركیا لە هەفتەی داهاتودا لەگەڵ عەبدوڵا ئۆجەلان لە زیندانی ئیمرالی كۆدەبنەوە.
بڕیارە لەگەڵ وەفدی دەم پارتی، هەر یەكە لە نوێنەری پارتی هەرێمە دیموكراتەكان دەبەپە و پارتی سۆسیالیست و پارتی شۆشگێڕ و پارتی بونیاتنانەوەی سۆسیالیست و پارتی چەپی سەوز لەگەڵ ئۆجەلان كۆببنەوە.
وەزیر جۆشكون، پەرلەمانتاری جۆلەمێرگی دەم پارتی، رایگەیاندوە لە كۆبونەوە لەگەڵ ئۆجەلان تاوتوێی پلان بۆ بەرفراوانكردنی پرۆسەی ئاشتیی لە توركیا دەكرێت و هاوكات یەكێك لەو پرسە گرنگانە كە بە ئەگەری زۆر قسەی لەسەر بكرێت پرسی خۆسەریی لباكور و رۆژهەڵاتی سوریایە.
ئۆرسۆلا ڤۆن دێر لاین، سەرۆکی کۆمیسیۆنی ئەوروپا، ڕۆژی چوارشەممە ڕایگەیاند کە کۆمیسیۆنەکە پێشنیازی سەپاندنی سزا بەسەر وەزیرە "توندڕەوەکانی" ئیسرائیل و هەڵپەساردنی بەشێکی رێککەوتنی هاوبەشیی نێوان یەکێتی ئەوروپا و ئیسرائیل دەکات، بەجۆرێک کە کاریگەریی لەسەر لایەنە بازرگانییەکان هەبێت.
ڤۆن دێر لاین لە وتارێکدا لەبەردەم پەرلەمانی ئەوروپا لە شاری ستراسبۆرگی فەرەنسا وتیشی، "کۆمیسیۆن مانگی داهاتوو گرووپێکی بەخشەران بۆ فەڵەستینییەکان پێکدەهێنێت، کە ئامرازێک بۆ ئاوەدانکردنەوەی کەرتی غەززەش لەخۆدەگرێت."
ناوبراو رایگەیاند، "قەتیسکردنی خەڵک لە برسێتییەکدا کە مرۆڤ دروستیکردووە، ناکرێت وەک چەکی جەنگ بەکاربهێنرێت."
سەرۆکی کۆمیسیۆنی ئەوروپا وتیشی: "ئەوەی لە غەززە رودەدات، ویژدانی جیهانی هەژاندووە. خەڵک دەکوژرێن لەکاتێکدا سواڵی پارووە نانێک دەکەن. دایکان منداڵی مردوو بە باوەشەوە دەگرن. ئەم دیمەنانە کارەساتبارن. لەپێناو منداڵان، لەپێناو مرۆڤایەتیدا، پێویستە ئەمە بوەستێت."
"بەرگری لە هەموو بستێکی خاکی ئەوروپا دەکەین"
لەلایەکی دیکەوە، سەرۆکی کۆمیسیۆنی ئەوروپا بەڵێنیدا بەرگری لە "هەموو بستێکی" خاکی کیشوەرەکە بکات و داوای کرد وەبەرهێنان لە توانای ستراتیژیدا زیاتر بکرێت بۆ بەهێزکردنی "لایەنی رۆژهەڵات" لە بەرامبەر هەڕەشەکانی روسیادا.
ڤۆن دێر لاین ئیدانەی پێشێلکردنی ئاسمانی پۆڵەندای لەلایەن فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکانی روسیاوە کرد لەکاتی هێرشکردنە سەر ئۆکرانیا و بە پێشێلکارییەکی "بێباکانە و بێوێنە" وەسفی کرد. ئەو وتی: "ئەمڕۆ پێشێلکارییەکی بێباکانە و بێوێنەی ئاسمانی پۆڵەندا و ئەوروپامان بینی لەڕێگەی زیاتر لە10 فڕۆکەی بێفڕۆکەوانەوە،" و جەختی کردەوە کە "ئەوروپا بە تەواوی هاوپشتی پۆڵەندایە."
هەروەها رایگەیاند کە پێویستە ئەوروپا سەربەخۆیی و پێگەی خۆی لە سیستەمێکی نوێی جیهانیدا بپارێزێت، لەڕێگەی هەڵگرتنی بەرپرسیارێتیی ئاسایشی خۆی و کۆنترۆڵکردنی تەکنەلۆژیا و سەرچاوەکانی وزە.
باجی 100٪ بخەنە سەر چین و هیندستان بەهۆی ئەوەی مامەڵە لەگەڵ روسیا دەكەن.
ئاژانسی رۆیتەرز لەسەر زاری سەرچاوەیەكی دیپلۆماسی ئەمریكییەوە رایگەیاندووە، دۆناڵد ترەمپی سەرۆكی ئەمریكا فشار لە یەكێتی ئەوروپا دەكات كە باجی 100٪ بسەپێنن بەسەر چین و هیندستاندا، ئەوەش بەهۆی ئەوەی كڕیاری سەرەكی نەوتی روسیان و پشتیوانی بەهێزی ئابوری ئەو وڵاتەن.
ئەوەشی خستووەتە روو، ترەمپ دەیەوێت زیادكردنی رێژەی باجەكە وەك فشارێك بۆسەر ڤلادیمێر پوتنی سەرۆكی روسیا بەكاربهێنیت.
سەرچاوەكە ئاماژەی بەوەشكردووە، لە ئێستادا وەفدێكی یەكێتی ئەوروپا بۆ تاوتوێكردنی ئەو پرسە لە واشنتۆنە و ئەگەر یەكێتی ئەوروپا وەڵامێكی ئەرێنی دۆناڵد ترەمپ بداتەوە، ئەوا ئەمریكاش ئامادەیە باجی هاوشێوە بەسەر ئەو دوو وڵاتەدا بسەپێنێت.
وەزارەتی دەرەوەی روسیا لە راگەیەندراوێکداکدا بە توندی ئیدانەی هێرشە ئاسمانییەکەی ئیسرائیلی بۆ سەر دەوحە کرد و بە "پێشێلکارییەکی زەقی یاسای نێودەوڵەتی و میساقی نەتەوە یەکگرتووەکان"ی وەسف کرد.
لە راگەیەندراوەکەدا هاتووە: "روسیا پێی وایە ئەوەی رویداوە پێشێلکارییەکی ئاشکرای یاسای نێودەوڵەتی و میساقی نەتەوە یەکگرتووەکانە، هەروەها دەستدرێژییە بۆ سەر سەروەریی وڵاتێکی سەربەخۆ و یەکپارچەیی خاکەکەی، و هەنگاوێکە کە دەبێتە هۆی پەرەسەندنی زیاتر و تێکدانی سەقامگیریی دۆخی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست."
وەزارەتەکە جەختی لەوەش کردەوە کە هێرشەکەی ئیسرائیل بۆ سەر دەوحە، کارێک بووە بە ئامانجی تێکدانی هەوڵە نێودەوڵەتییەکان بۆ گەیشتن بە چارەسەرێکی ئاشتیانە لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا.
لە کۆتاییدا، روسیا داوای لە هەموو لایەنەکان کرد کە دان بەخۆیاندا بگرن و خۆیان لە هەر کارێک بەدوور بگرن کە ببێتە هۆی خراپتربوونی دۆخی ناوچەی ململانێی فەڵەستین و ئیسرائیل.
کریس رایت، وەزیری وزەی ئەمریکا، رۆژی سێشەممە بەرگریی لە هێرشەکەی ئیسرائیل بۆ سەر سەرکردەکانی حەماس لە دەوحە کرد و رایگەیاند، "ویلایەتە یەکگرتووەکان خوازیاری ئاشتی و ئاسایشە لە ناوچەکەدا."
رایت لە چاوپێکەوتنێکیدا لەگەڵ بەرنامەی "راستییەکە لەگەڵ هادلی گامبڵ" لە کەناڵی "سکای نیوز عەرەبییە" وتی: "کاریگەریی حەماس لەسەر جیهان چی بووە؟ بێگومان تیرۆرکردنی ئیسرائیل بووە، بەڵام لە هەمان کاتدا تیرۆرکردنی گەلی فەڵەستینیش بووە."
ناوبراو کە لە پەراوێزی پێشانگای "گازتێک" لە میلانۆ قسەی دەکرد، وتیشی: "جیهان شوێنێکی باشتر دەبێت ئەگەر حەماس لەناوببرێت."
لە هەمان چوارچێوەدا، رایت ئاماژەی بەوەکرد کە پێشبینیی هیچ هێرشێکی دیکە ناکات و وتی: "بەپێی زانیارییەکانی من هیچ شتێک لە ئارادا نییە."
لەلایەکی دیکەوە، وەزیرە ئەمریکییەکە خواستی خۆی بۆ "بەدیهێنانی ئاشتی و ئاسایش لەنێوان وڵاتانی بەرهەمهێنی نەوتی کەنداو و هاوپەیمانەکانمان لە سەرتاسەری ناوچەکەدا" دەربڕی.
هەروەها وتیشی: "حەماس هەڕەشەیەکی گەورە بووە بۆ سەر ئەم ئاسایشە، ئێرانیش بە هەمان شێوە. پێموایە بەرەو ئاشتی هەنگاو دەنێین، بەڵام پێش گەیشتن پێی، دەبێت ئەوەی هەڕەشەیە بۆی، لەناوببرێت."
ئەم لێدوانانە لە کاتێکدایە کە سەرکردەکانی کەنداو بەکۆدەنگی هێرشەکەی ئیسرائیلیان سەرکۆنە کرد کە دەوحەی هەژاند، بەڵام کۆشکی سپی لە دەرکردنی وەڵامێکی رەسمیدا سستیی نواند. دواتر دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، رایگەیاند کە "ناڕازییە" لە دۆخەکە.
بڕیارە ئەمڕۆ ئەنجومەنی ئاسایشیی نێودەوڵەتی لەبارەی هێرشەكەی دوێنێی ئیسرائیل بۆسەر قەتەر كۆببێتەوە.
ئاژانسەكانی هەواڵ لەزاری سەرچاوەیەكی دیپلۆماسییەوە بڵاویانكردەوە، بڕیارە ئەمڕۆ ئەنجومەنی ئاسایشیی نێودەوڵەتی كۆبوونەوەیەكی نائاسایی و بەپەلە لەبارەی هێرشەكەی دوێنێی ئیسرائیل بۆسەر دەوحەی پایتەختی قەتەر ئەنجام بدات.
كۆبونەوەكەش لەسەر داوای جەزائیر و پاكستان بەرێوەدەچێت دوێنێ سێشەممە، سوپای ئیسرائیل هێرشی كردە سەر شوێنی مانەوە و كۆبوونەوەی ژمارەیەك لێپرسراوی باڵای بزوتنەوەی حەماس لە دەوحەی پایتەختی قەتەر و دواتریش بە رەسمی رایگەیاند، بە ئامانجگیراوەكان ژمارەیان لانی كەم پێنج كەسن و لێپرسراوی سەرەكین لە هێرشەكەی 7ی ئۆكتۆبەر و لەپشت زۆربەی ئۆپراسیۆنەكانن دژی ئیسرائیل.
توێژینەوەیەکی نوێی پزیشکی دەریخستووە کە پەیڕەوکردنی سیستەمێکی خۆراکیی دوور لە گۆشت، کاریگەریی پاراستنی جەستەی دەبێت دژی چەندین جۆری نەخۆشیی شێرپەنجە.
گۆڤاری "American Journal of Clinical Nutrition" بڵاویکردەوە، توێژینەوەکە لەسەر نزیکەی 80 هەزار کەس لە کەنەدا و ئەمریکا ئەنجامدراوە، کە لە سەرەتای توێژینەوەکەدا هیچ کامێکیان تووشبووی شێرپەنجە نەبوون. زانایان بۆ ماوەی 15 ساڵ چاودێریی سیستمی خۆراکی و دۆخی تەندروستییان کردوون.
دوای بەراوردکردنی داتاکان دەرکەوت، ئەو کەسانەی پشتیان بە سیستمی خۆراکیی روەکی بەستووە، مەترسیی تووشبوونیان بە هەموو جۆرەکانی شێرپەنجە بە ڕێژەی %12کەمیکردووە، هەروەها بۆ ئەو گرێیانەی کە "کەمتر دووبارە دەبنەوە" رێژەکە %18بووە.
جیاوازییەکە بەتایبەتی لە هەندێک جۆری شێرپەنجەدا بەرچاو بووە؛ مەترسیی تووشبوون بە شێرپەنجەی قۆڵۆن و ریخۆڵە ئەستوورە لەناو روەکخۆرەکاندا بە ڕێژەی %21، شێرپەنجەی گەدە بە رێژەی %45، و نەخۆشییە لیمفاوییەکان (lymphoproliferative diseases) بە ڕێژەی%25 دابەزیوە. هەروەها، کەمبوونەوە لە ئەگەری تووشبوون بە شێرپەنجەی مەمک و پڕۆستاتیشدا بەدیکراوە.
سەرپەرشتیارانی توێژینەوەکە ئاماژەیان بەوەدا کە سیستمی خۆراکیی روەکی دەوڵەمەندە بە ریشاڵ، دژەئۆکسان و ماددە کیمیاییە روەکییەکان کە دەتوانن هەوکردن کەمبکەنەوە و کرداری مێتابۆلیزم لە لەشدا باشتر بکەن. لەگەڵ ئەوەشدا، هۆشدارییان دا کە ئەم ئامارە دڵخۆشکەرانە مانای پارێزگاریی تەواوەتی نییە لە شێرپەنجە، و پێویستی بە توێژینەوەی زیاتر هەیە بۆ زانینی میکانیزمی کاریگەریی سیستمی خۆراکی لەسەر کەمکردنەوەی ئەگەری تووشبوون بە گرێ شێرپەنجەییەکان.
بڕیارە ئەمڕۆ چوارشەممە، ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان کۆبوونەوەی ئاسایی خۆی ئەنجام بدات و تێیدا گفتوگۆ لەسەر چەند پرسێکی گرنگی ئابووری و یاسایی بكات
بەپێی کارنامەی کۆبوونەوەکە، یەکێک لە تەوەرە سەرەکییەکان تاوتوێکردنی دواپێشهاتەکانی دۆسیەی داهاتە نانەوتییەکان و هەوڵەکان بۆ دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوتی هەرێمی کوردستان دەبێت. لەم چوارچێوەیەدا، بڕیارەکانی کۆبوونەوەی رۆژی 9ی ئەیلوولی ئەنجومەنی وەزیرانی عیراقی فیدڕاڵ دەخرێنەڕوو.
هەروەها، لە بەشێکی دیکەی کۆبوونەوەکەدا، کۆنووسی هاوبەشی وەزارەت و لایەنە پەیوەندیدارەکان سەبارەت بە پێشنیازەکانیان بۆ جێبەجێکردنی یاسای راژە و خانەنشینیی پێشمەرگە، ژمارە (38)ی ساڵی 2007، تاوتوێ دەکرێت.
تەوەرێکی دیکەی گرنگی کۆبوونەوەکە بریتی دەبێت لە خستنەڕووی ڕاسپاردەکانی وەزارەتی دارایی و ئابووری سەبارەت بە پێشکەشکردنی ئاسانکاری بۆ ئەو پێشینە و قەرزانەی کە تایبەتن بە بوژاندنەوەی کەرتەکانی خانووبەرە، کشتوکاڵ، پیشەسازی، نیشتەجێبوون و گەشتیاری.
لەکۆتاییدا، وەک هەنگاوێک لە چوارچێوەی پرۆسەی یەکخستنەوەی ڕێکارە داراییەکان لەگەڵ حکومەتی فیدڕاڵی، وەزارەتی دارایی چەند پێشنیاز و ڕاسپاردەیەک بۆ یەکخستنی ڕێکار و ڕێنماییەکانی باج و ڕێژەکانیان لەنێوان دامەزراوەکانی هەردوو حکومەتدا دەخاتەڕوو.
بەهۆی زیادبوونی پیسبوونی هەوا لە پارێزگای خۆزستان، لە ماوەی 48 سەعاتی رابردوودا 1400 کەس بەهۆی کێشەی دڵ و هەناسەدانەوە سەردانی ناوەندە تەندروستییەکانیان کردووە.
دکتۆر مهیسهم موعزی، یاریدەدەری کاروباری چارەسەریی زانکۆی زانستە پزیشکییەکانی جندی شاپوری ئەهواز رایگەیاند، پیسبوونی هەوا لەم پارێزگایە کاریگەریی نەرێنی لەسەر تەندروستیی هاووڵاتییان داناوە و بەهۆیەوە لە ماوەی دوو رۆژی رابردوودا نزیکەی 1400کەس سەردانی نەخۆشخانەکانیان کردووە.
ناوبراو ئاماژەی بەوەشکرد کە دۆخی ئێستای کەشوهەوا بۆ توشبووانی نەخۆشییەکانی دڵ و بۆرییەکانی خوێن، ژنانی دووگیان، منداڵان، بەساڵاچووان و ئەو کەسانەی کە دەرمانی تایبەت بەکاردەهێنن، زۆر مەترسیدارە و داوای لێکردن لە ماڵەکانیان نەیەنە دەرەوە.
یاریدەدەری کاروباری چارەسەریی زانکۆی زانستە پزیشکییەکانی ئەهواز جەختی لەوە کردەوە کە پێویستە هاوڵاتییان رێنماییە تەندروستییەکان جێبەجێ بکەن و لەکاتی دەرکەوتنی هەر نیشانەیەکی کێشەی دڵ و هەناسەدان، بەخێرایی سەردانی نزیکترین ناوەندی تەندروستی بکەن.
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، ئەمڕۆ رایگەیاند کە ئێلیزابێت تسورکۆڤ، خوێندکاری زانکۆی پرینستۆن، هاووڵاتیەکی ئەمریکییە، لە دەست کەتائیبی حزبوڵڵا ئازاد کراوە و ئێستا بە سەلامەتی لە باڵیۆزخانەی ئەمریکایە لە عیراق.
ترەمپ لە پەیامەکەیدا جەختی لەسەر پابەندبوونی خۆی کردەوە و وتی: "من هەمیشە بۆ دادپەروەری تێدەکۆشم و هەرگیز واز ناهێنم." هاوکات، ترەمپ بە توندی داوای لە بزووتنەوەی حەماس کرد و وتی: "حەماس، بارمتەکان، ئێستا ئازاد بکەن!"
ئەمەش لە کاتێکدایە کە پێشتر، ئێلیزابێت تسورکۆڤ لە گرتە ڤیدیۆیەکدا کە شەوی 13-11-2023 بڵاوکرایەوە، رایگەیاندبوو: "ناوم ئێلیزابێت تسورکۆڤە، هاووڵاتییەکی ئیسرائیلیم، تەمەنم 37 ساڵە. ئیسرائیلم بەجێهێشت و چوومە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و بۆ بەرژەوەندیی مۆساد و CIA کارمکردووە. لە سوریا کارمکردووە بۆ دروستکردنی پەیوەندی لەنێوان ئیسرائیل و هێزەکانی سوریای دیموکرات لە باکووری رۆژهەڵاتی سوریا، و لە ساڵی 2022 بە سیفەتی ئەوەی سەر بە مۆساد و CIA بووم سەردانمکردووە."
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، لە پۆستێکدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتی 'تروت سۆشیاڵ' لەبارەی هێرشەکەی ئیسرائیل بۆ سەر سەرکردەکانی حەماس لە دەوحە، پایتەختی قەتەر، رایگەیاند کە هێرشەکە "ئۆپەراسیۆنێکی تەواو سەربەخۆ" بووە و "بڕیاری من نەبووە." ترەمپ جەختی لەسەر پێگەی قەتەر وەک "هاوپەیمانێکی بەهێز" کردەوە و داوای کرد جەنگەکە دەستبەجێ کۆتایی بێت.
ترەمپ لە پۆستەکەیدا نووسیبووی: "بەیانی ئەمڕۆ، ئیدارەی ترەمپ لەلایەن سوپای ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکاوە ئاگادارکرایەوە کە ئیسرائیل هێرشی کردووەتە سەر حەماس، کە بەداخەوە، لە بەشێک لە دەوحە، پایتەختی قەتەر جێگیر بووبوون. ئەمە بڕیارێک بوو لەلایەن سەرۆکوەزیران ناتانیاهۆوە، بڕیاری من نەبوو."
سەرۆکی ئەمریکا رەخنەی لە هێرشە تاکلایەنەییەکە گرت و رایگەیاند: "بۆردوومانکردنی تاکلایەنە لەناو قەتەردا، کە وڵاتێکی سەروەر و هاوپەیمانێکی نزیکی ویلایەتە یەکگرتووەکانە، و زۆر بە سەختی و بە جورئەتەوە لەگەڵمان کار دەکات بۆ نێوەندگیریی ئاشتی، لە خزمەتی ئامانجەکانی ئیسرائیل یان ئەمریکادا نییە."
لە هەمان کاتدا ترەمپ ئاماژەی بەوەدا: "بەڵام، لەناوبردنی حەماس، کە قازانجی لە نەهامەتییەکانی دانیشتووانی غەززە کردووە، ئامانجێکی شایستەیە."
ترەمپ ئاشکرای کرد کە "دەستبەجێ رێنماییم دا بە نێردەی تایبەت ستیڤ ویتکۆف بۆ ئەوەی قەتەرییەکان لەبارەی هێرشە نزیکبووەکەوە ئاگادار بکاتەوە، کە ئەویش کردی، بەڵام بەداخەوە، زۆر درەنگ بوو بۆ وەستاندنی هێرشەکە."
لە درێژەی قسەکانیدا، ترەمپ جەختی لەسەر پەیوەندییەکانی لەگەڵ قەتەر کردەوە: "قەتەر بە هاوپەیمانێکی بەهێز و دۆستی ویلایەتە یەکگرتووەکان دەبینم، و زۆر دڵگرانم بە شوێنی هێرشەکە. من دەمەوێت هەموو بارمتەکان، و تەرمی مردووەکان، ئازاد بکرێن، و ئەم جەنگە، ئێستا، کۆتایی بێت!"
سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاند کە دوای هێرشەکە لەگەڵ بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل، قسەی کردووە. "سەرۆکوەزیران پێی وتم کە دەیەوێت ئاشتی بەدیبهێنێت. پێموایە ئەم روداوە ناخۆشە دەتوانێت وەک دەرفەتێک بۆ ئاشتی خزمەت بکات."
ترەمپ هەروەها لەگەڵ ئەمیر و سەرۆکوەزیرانی قەتەر قسەی کردووە و سوپاسی پاڵپشتی و دۆستایەتییان کردووە بۆ ئەمریکا. "دڵنیام کردنەوە کە شتێکی لەو جۆرە جارێکی دیکە لەسەر خاکەکەیان رونادات."
لە کۆتاییدا، ترەمپ ئاشکرای کرد کە "رێنماییم بە وەزیری دەرەوە، مارکۆ روبیۆ، داوە بۆ تەواوکردنی رێککەوتنی هاوکاریی بەرگری لەگەڵ قەتەر."
سەرۆکایەتی کۆماری عیراق رایگەیاند، بە توندترین شێوە ئیدانەی ئەو هێرشە دڕندانەیەی "قەوارەی زایۆنی" دەکات کە سەرکردەکانی بزووتنەوەی حەماسی لە دەوڵەتی قەتەری برا کردبووە ئامانج.
سەرۆکایەتی کۆماری عیراق ئاماژەی بەوەدا، "ئەم کارە دەستدرێژیکارە پێشێلکارییەکی روونی یاسا نێودەوڵەتییەکان و پەیماننامەکانی نەتەوە یەکگرتووەکانە، و پێشێلکردنێکی زەقی سەروەریی دەوڵەتی قەتەر و هەڕەشەیەکی جددییە بۆ سەر ئاسایش و سەقامگیری ناوچەکە."
سەرۆکایەتی کۆماری عیراق دووپاتی کردەوە، "عیراق پاڵپشتیی بێ سنوور و پشتیوانیی تەواوی خۆی بۆ دەوڵەتی قەتەر دەردەبڕێت، و جەخت لەسەر هەڵوێستی نەگۆڕی خۆی دەکاتەوە لە پاڵپشتیکردنی گەلی فەلەستین بۆ بەدەستهێنانی سەرجەم مافەکانیان، دامەزراندنی دەوڵەتی سەربەخۆی خۆیان، و راگرتنی دەستدرێژییە بەردەوامەکان و تاوانەکانی دژی خەڵکی کەرتی غەززە."
هەر بەپێی راگەیاندنی سەرۆکایەتی کۆماری عیراق، "ئەم دەستدرێژییە لە چوارچێوەی سیاسەتی کوشتن و تۆقاندن دێت کە قەوارەی داگیرکەر دژی گەلی فەلەستین پەیڕەوی دەکات." سەرۆکایەتی کۆمار جەختی لەسەر ئەوەش کردەوە، "پێویستە کۆمەڵگای نێودەوڵەتی بجوڵێت بۆ وەستاندنی ئەم تاوانانە کە پێشێلکاری مافەکانی مرۆڤن، و دەبێت بەرپرسیارێتی خۆی لە پاراستنی ئاشتی و ئاسایشی نێودەوڵەتی بگرێتە ئەستۆ."
کارۆلاین لیڤیت، وتەبێژی کۆشکی سپی، رایگەیاند کە دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، پەیوەندییەکی تەلەفۆنی لەگەڵ شێخ تەمیم بن حەمەد ئال سانی، ئەمیری قەتەر، ئەنجامداوە دوای ئەو هێرشەی کە سەرکردەکانی بزوتنەوەی حەماسی لە دەوحە کردبووە ئامانج.
بەپێی وتەی وتەبێژەکە، ترەمپ هێرشکردنە سەر حەماسی بە "ئامانجێکی شایستە بە ئەنجامدان" وەسف کردووە، بەڵام جەختی لە دەوحە کردووەتەوە کە "شتێکی لەم شێوەیە لەسەر خاکەکەی دووبارە نابێتەوە."
لیڤیت رونیشی کردەوە کە پێنتاگۆن ئاگاداری ئیدارەی ئەمریکای کردووەتەوە کە ئیسرائیل هێرش دەکاتە سەر حەماس لە قەتەر، و ئاماژەی بەوەدا کە ستیڤ وییتکۆف، نێردەی ئەمریکی، داوای لێکراوە قەتەرییەکان لەبارەی هێرشەکەوە ئاگادار بکاتەوە.
وتەبێژەکە جەختی لەوە کردەوە کە بۆردوومانەکە تاکلایەنە بووە لە وڵاتێکی خاوەن سەروەری و هاوپەیمانی ویلایەتە یەکگرتووەکان، دووپاتیشی کردەوە کە "هەڵسوکەوتێکی لەم جۆرە لە خزمەتی ئامانجەکانی ئیسرائیل و ئەمریکادا نییە."
هەروەها ئاشکرای کرد کە بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل، بە ترەمپی وتووە کە "دەیەوێت بە خێرایی ئاشتی بەدیبهێنێت."
ئایا بەدوای رێگایەکی سروشتی و ئاساندا دەگەڕێیت بۆ ئەوەی خەوێکی باشترت هەبێت و خێراتر خەوت لێبکەوێت؟ وەڵامەکە لەوانەیە لەناو سەبەتەی میوەکەی بەردەمتدا بێت. خواردنی کیوی پێش خەوتن نوێترین رێگەیە کە زۆر کەس سوودیان لێ بینیوە بۆ خەوێکی قووڵ و ئارام.
توێژینەوە زانستییەکان چی دەڵێن؟
کیوی، کانگای ڤیتامین و کانزا گرنگەکانە. بەڵام ئایا بەڕاستی دەتوانێت یارمەتی باشترکردنی خەومان بدات؟
بەپێی قسەی دکتۆر راج داسگوپتا، پسپۆڕی خەو، چەند توێژینەوەیەکی سەرەتایی دەریانخستووە کە خواردنی کیوی پێش خەوتن کاریگەرییەکی ئەرێنی بەرچاوی هەیە:
بۆچی کیوی یارمەتیدەرە بۆ خەو؟ بنەما زانستییەکەی چییە؟
کیوی چەند پێکهاتەیەکی گرنگی تێدایە کە راستەوخۆ یارمەتی باشترکردنی خەو دەدەن:
چۆن و کەی کیوی بخۆین تا باشترین سودی لێببینین؟
بۆ ئەوەی زۆرترین سوود لە کیوی وەربگریت بۆ خەو، کات و بڕی خواردنەکەی گرنگە.
پێشنیازی پسپۆڕان: پسپۆڕان رێنمایی دەکەن کە دوو کیوی، نزیکەی کاتژمێرێک پێش نووستن بخورێت. ئەم ماوەیە یارمەتی جەستە دەدات کە پێکهاتە خۆراکییەکان هەرس بکات و ئاستی سیرۆتۆنین بەرز بکاتەوە پێش ئەوەی بچیتە جێگاوە.
ئاگاداری و تێبینییە گرنگەکان:
هەرچەندە کیوی سوودێکی زۆری هەیە، بەڵام لەوانەیە بۆ هەموو کەسێک گونجاو نەبێت:
پوختە و کۆتایی
باشترین رێگا بۆ ئەوەی بزانیت ئایا کیوی یارمەتیت دەدات، ئەوەیە کە خۆت تاقی بکەیتەوە. دەستپێکردن بە خواردنی دوو کیوی کاتژمێرێک پێش خەوتن رێگایەکی ئاسان و سروشتییە کە لەوانەیە کلیلی خەوێکی ئارام و قووڵ بێت بۆ تۆ.
د. عادل باخەوان: هێرشەکەی ئیسرائیل بۆ سەر دەوحە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەرەو هەڵوەشاندنەوە دەبات؛ یەکخستنی هێزی پێشمەرگە پێویستییەکی بەپەلەیە
د. عادل باخەوان، شرۆڤەکار و توێژەری سیاسی، لە بەرنامەی "پانۆراما لەگەڵ زانا حەسەن؛ تیشکی خستە سەر چەندین پرسی گرنگی ناوچەیی و ناوخۆیی، بە تایبەت لەبارەی کاریگەرییەکانی هێرشەکەی ئیسرائیل بۆ سەر دەوحە و دۆخی سیاسی و ئابووری هەرێمی کوردستان.
د. باخەوان رایگەیاند، "هێرشەکەی ئیسرائیل بۆ سەر دەوحە نزیكمان دەکاتەوە لە هەڵوەشاندنەوەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست." ناوبراو پێی وایە "هەڵوەشاندنەوەی سنوورەکانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە بەرژەوەندی پرسی کوردە."
رەوشی سیاسی و ئابووری هەرێمی کوردستان:
سەبارەت بە رەوشی ناوخۆیی هەرێمی کوردستان، د. باخەوان نیگەرانی خۆی دەربڕی و ئاماژەی بەوەدا کە "نزیکەی ساڵێکە هەڵبژاردن کراوە و حکومەتی هەرێم پێکنەهێنراوە." هاوکات جەختی لەسەر ئەوە کردەوە کە "رەوشی ئابووری هەرێم باش نییە."
ئەم توێژەرە سیاسییە داوای کرد "دەبێت هەرێم لەو قەیران و شەڕانە بپارێزرێت کە روبەڕوی ناوچەکە بووەتەوە." ئەو پێی وایە "کۆمەڵی نێودەوڵەتی گوشار دەکات بۆ پێکهێنانی حکومەتی هەرێم" و "پێکهێنانی حکومەتی هەرێم بۆ هەر چوار پارچەی کوردستان گرنگە."
یەکڕیزی و ئۆپۆزیسیۆن:
لەبارەی یەکڕیزی لایەنەکان، د. باخەوان جەختی لەسەر گرنگیی "یەکێتی و پارتی" کردەوە کە "لە قۆناغی ئێستادا حکومەتێکی بەهێزی یەکگرتوو دروست بکەن." هەروەها داوای کرد "گرنگە ئۆپۆزیسیۆنێکی بەهێز لە پەرلەمانی کوردستان هەبێت."
مەترسییەکانی ناوچەکە و کاریگەرییان لەسەر هەرێم:
د. باخەوان ئاماژەی بەوەدا کە "روداوەکانی ناوچەکە کاریگەرییان لەسەر هەرێم هەیە." ئەو هۆشداریدا کە "ئەگەر شەڕی نێوان ئێران و ئیسرائیل سەرهەڵبداتەوە، لە جەنگی 12 رۆژە مەترسیدارتر دەبێت." هەروەها "کشانەوەی ئەمریکا لە عیراق"ـی بە "مەترسییەکی تر" ناوبرد "کە روبەڕوی هەرێم دەبێتەوە."
لە کۆتاییدا، د. عادل باخەوان پێداگری لەسەر ئەوە کرد کە "یەکخستنەوەی هێزی پێشمەرگە بووەتە پێویستی."
وەزارەتی پەروەردەی حکومەتی هەرێمی کوردستان، ئەنجامی تاقیکردنەوەکانی خولی دووەمی پۆلی 12ی ئامادەیی بۆ ساڵی خوێندنی 2024-2025 راگەیاند. و تیایدا هاتووە؛ قوتابیان و خوێندکاران دەتوانن لە ئێستادا ئەنجامەکانیان لە رێگەی ئەپڵیکەیشنی ئی هەڵسەنگاندن (e-halsangandn)ـەوە وەربگرنەوە، کە لەسەر هەردوو سیستەمی کارپێکردنی ئەندرۆید (Android) و ئای ئۆ ئێس (IOS) بەردەستە.
لیژنەی باڵای تاقیکردنەوەکان لە وەزارەتی پەروەردە، داوا لە قوتابیان دەکات کار لەسەر دواین ڤێرژنی ئەپدەیتکراوی ئەپڵیکەیشنەکە بکەن.
ماوەی ناڕەزایەتی (پەڵپ):
وەزارەتی پەروەردە ئاماژەی بەوەدا کە ماوەی پێشکەشکردنی ناڕەزایەتی (پەڵپ) لە رۆژی چوارشەممە، رێکەوتی 10ی 9ی 2025 دەستپێدەکات و تاوەکو رۆژی دووشەممە، رێکەوتی 15ی 9ی 2025 بەردەوام دەبێت. وەزارەت دڵنیایی داوەتە قوتابیان و خوێندکاران کە بە وردی کار لەسەر سەرجەم ناڕەزایەتییەکان دەکەن.
بینینی فۆرمی وەڵام (سۆما):
دوای راگەیاندنی ئەنجامەکان، قوتابیان دەتوانن لە پاش کاتژمێر 11ی شەو، لە رێگەی ئەم لینکەی خوارەوەوە فۆرمی وەڵام (سۆما)ی سەرجەم ئەو بابەتانەی تاقیکردنەوەی تێدا ئەنجام داوە ببینن:
https://soma.azmwnakan.com
ئەم راگەیاندنە لەلایەن وەزارەتی پەروەردە و لیژنەی باڵای تاقیکردنەوەکانەوە بڵاوکراوەتەوە.