هەواڵەکانهەواڵەکان

کۆمپانیای ئەپڵ لە رێوڕەسمی ساڵانەی خۆیدا پەردەی لەسەر بەرهەمە نوێیەکانی لادا؛ یەکێک لە بەرهەمەکان "ئێر پۆدی پرۆ 3"یە کە بەشێوەی راستەوخۆ لە زمانە جیاوازەکانەوە وەرگێڕان دەکات.
 
لە رێوڕەسمەکەدا ئایفۆن 17 و جۆرەکانی ئاشکرا کران، کە بەپێی تایبەتمەندییە پێشکەوتووەکانی، چیپی A19ـی تێدا بەکارهێنراوە، وەک دەوترێت بەراورد بە چیپە کۆنەکە، بە رێژەی 15-20% کارایی خێراترە و کاریگەریشی لەسەر تەمەنی پاترییەکە نییە. هەروەها "Iphone Air" یەکێکی دیکەیە لە بەرهەمە نوێیەکان و بە تەنکترین ئایفۆن دادەنرێت لە مێژووی مۆبایلە زیرەکەکانی کۆمپانیاکەدا، کە پانییەکەی تەنیا 5.5 ملیمە، هاوکات کامێرایەکی پێشکەوتووی لەسەرە و 48 مێگا پیکسڵە.
 
جۆری ئایفۆن 17ـی پرۆ و پرۆ ماکس، 3 کامێرایان هەیە و جۆری پرۆ ماکسەکەی لە توانایدایە ڤیدیۆی 8K بە هەردوو کامێرای پێش و دوا تۆمار بکات، جگە لەوەش، پاتری جۆری پرۆماکسەکەی 5 هەزار میلی ئەمپێرە کە ئەمەش بەهێزترین پاتریی مۆبایلە لە مێژووی بەرهەمەکانی کۆمپانیای ئەپڵدا، لە بەرامبەردا جۆری "ئایفۆن17 ئێر" قەبارەکەی بچووکترە و بەهێزیی پاترییەکەی 2800 میلی ئەمپێرە.
 
جگە لەم تایبەتمەندییانە، بۆ یەکەمین جار، کۆمپانیای ئەپڵ سیرامیکی لە بەشی دواوە و پێشەوەی ئایفۆن بەکارهێناوە، ئەمەش وادەکات بەهێزتر بێت و زیاتر بەرگەی زەبر و کەوتن بگرێت.
 
ئێرپۆدی پڕۆ 3 یەکێکی دیکەیە لە بەرهەمە نوێیەکان، کۆمپانیای ئەپڵ ئاماژەی بەوە کردووە، ئەم جۆرە نوێیە بە شێوەیەک دیزاین کراوە، کە بۆ 10 هەزار جۆری گوێچکە گونجاو بێت، هەروەها تەکنەلۆجیای پێشکەوتووی تێدا بەکارهاتووە و لە توانایدایە بە شێوەی راستەوخۆ لە زمانە جیاوازەکانەوە وەرگێڕان بکات.
لەبارەی بەرهەمی Apple watch 11، کۆمپانیا ئەمریکییەکە رایگەیاندووە، کاتژمێرەکە بە شێوەی "چات" وەرگێڕان دەکات، هەروەها سەرەڕای ئەوەی قەبارەکەی لە 10% لە جۆرەکانی پێش خۆی تەنکتر و سووکترە، بەڵام بەهێزترە و شووشەکەی زیاتر بەرگەی شکان دەگرێت.
بەردەوامبە لە خوێندنەوە

سەرۆک وەزیرانی عیراق و میری قەتەر پەیوەندیەکی تەلەفۆنیان ئەنجامداو، تێیدا ئیدانەی هێرشکردنە سەر دەوحەیان کرد.

نوسینگەی سەرۆک وەزیرانی عیراق رایگەیاند، محەمەد شیاع سودانی سەرۆک وەزیرانی عیراق لە پەیوەندیەکی تەلەفۆنیدا لەگەڵ تەمیم بن حەمد میری قەتەر، ئیدانەی هێرشکردنە سەر وڵاتی قەتەری کرد و ئەو هێرشەی بە دەستدرێژیکردن بۆ سەر سەروەری قەتەر و پێشێلکردنی یاسا نێودەوڵەتیەکان ناوبرد.

سەرۆک وەزیرانی عیراق، هاوسۆزی وڵاتەکەی لەگەڵ وڵاتی قەتەر و پاڵپشتی لە ئاسایش و سەلامەتی گەلی قەتەری  دەربڕی.

رونیشیکردەوە، عیراق وەک سەرۆکی کۆمکاری کۆمکاری وڵاتانی عەرەبی داوای ئەنجامدانی کۆبونەوەی بەپەلەی وەزیرانی دەرەوەی وڵاتانی عەرەبی  کردەوە، هەرەوەها نوێنەران و لێپرسراوانی وڵاتانی عەرەبییش.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

دوای ئەوەی ئیسرائیل بەرپرسیارێتی خۆی لە هێرشکردنە سەر وەفدی دانوستانکاری حەماس لە دۆحەی پایتەختی قەتەر راگەیاند، وردەکاریی نوێ لەسەر چۆنیەتی ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆنەکە و ئەو سەرکردە باڵایانەی کە چاودێرییان کردووە، ئاشکرا دەکرێت. ئۆپەراسیۆنەکە ناوی "لوتکەی ئاگر" بووە و لە کاتێکدا ئەنجامدراوە کە شاندی حەماس خەریکی تاوتوێکردنی پێشنیازێکی نوێی ئاگربەست بوون.

هێرش لە کاتی تاوتوێکردنی پێشنیازی ئاگربەستدا:

بەپێی زانیارییەکانی رۆژنامەی "جێروسالم پۆست" کە لە زاری سەرچاوەیەکی دیپلۆماسییەوە بڵاویکردووەتەوە، "حەماس پێشنیازێکی نوێی لە قەتەرییەکان وەرگرتووە، کە هەفتەی رابردوو لە پاریس لەلایەن ستیڤ ویتکۆفەوە پێیان گەیشتبوو."

رۆژنامەکە ئاماژەی بەوەشکردووە: "سەرۆک وەزیرانی قەتەر رۆژی دووشەممە لەگەڵ سەرکردایەتی حەماس کۆبووەتەوە و بڕیاربووە ئەمڕۆ سێشەممە جارێکی دیکە کۆببنەوە بۆ تاوتوێکردنی پێشنیازەکە، کە لە تورکیاوە گەیشتبوو."

وردەکاریی ئۆپەراسیۆنە ئاسمانییەکە

بەپێی زانیارییەکان، ئۆپەراسیۆنی "لوتکەی ئاگر" بە شێوەیەکی زۆر ورد و ئاڵۆز ئەنجامدراوە:

  • بەشداربووان: نزیکەی 15 فڕۆکەی جەنگی بەشدارییان لە هێرشەکەدا کردووە.

  • چەک: زیاتر لە 10 مووشەکی ئاسمانی ئاراستەی ئامانجەکە کراون، کە بە جیاوازیی چەند چرکەیەک پێیکەوتوون.

  • ئامانج: تەنها یەک ئامانجی دیاریکراو هێرشی کراوەتە سەر.

  • لۆجستی: فڕۆکەکان لە ئاسماندا سووتەمەنییان پێدراوە بۆ ئەوەی بتوانن مەودایەکی دوور ببڕن.

  • گەڕانەوە: فڕۆکەوانەکان دوای تەواوکردنی ئەرکەکەیان، بە سەلامەتی لە ئیسرائیل نیشتوونەتەوە.

ژووری ئۆپەراسیۆنەکان و سەرکردە ئامادەبووەکان:

میدیا ئیسرائیلییەکان بڵاویانکردەوە کە ئۆپەراسیۆنەکە لە ژووری ئۆپەراسیۆنی تایبەتی دەزگای ئاسایشی گشتیی ئیسرائیل (شاباک) لە ناوەڕاستی وڵات بەڕێوەبراوە، لە کاتێکدا هێزی ئاسمانی بەرپرسیار بووە لە جێبەجێکردنی.

لە کاتی هێرشەکەدا، ئەم بەرپرسە باڵایانە لە ژووری فەرماندەیی پێشکەوتوودا ئامادەبوون:

  • بنیامین نەتانیاهۆ، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل

  • یسرائێل کاتس، وەزیری بەرگری

  • شلۆمی بیندەر، سەرۆکی هەواڵگریی سەربازی

  • سەرۆکی بە وەکالەتی شاباک و جێگرەکەی

هاوکات، لە ژووری ئۆپەراسیۆنەکانی هێزی ئاسمانیدا، هەریەک لە:

  • ئەیال زەمیر، سوپاسالار

  • لیوا تۆمەر بار، فەرماندەی هێزی ئاسمانی

ئامادەبوون و چاودێریی راستەوخۆی ئۆپەراسیۆنەکەیان کردووە. ئەم ئامادەبوونە فراوانەی سەرکردە سیاسی و سەربازی و هەواڵگرییەکان، گرنگیی ستراتیژیی ئۆپەراسیۆنەکە بۆ ئیسرائیل دەردەخات.

 

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

دوای هێرشە ئاسمانییە چاوەڕواننەکراوەکەی ئەمڕۆ سێشەممە بۆ سەر بارەگایەکی وەفدی دانوستانکاری حەماس لە دۆحەی پایتەختی قەتەر، بنیامین نەتانیاهۆ، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل، رایگەیاند کە ئۆپەراسیۆنەکە "بە شێوەیەکی تەواو سەربەخۆ" لەلایەن ئیسرائیلەوە ئەنجامدراوە. لە کاتێکدا سەرچاوەکان لە حەماسەوە دووپاتیانکردەوە کە وەفدی دانوستانکار لە هێرشەکە رزگاریان بووە، سوپای ئیسرائیل ئاشکرایکرد کە ئۆپەراسیۆنەکەیان ناوی "لوتکەی ئاگر" بووە.

ئیسرائیل: ئۆپەراسیۆنەکە سەربەخۆ بوو
بنیامین نەتانیاهۆ لە راگەیەندراوێکدا کە لەلایەن نووسینگەکەیەوە بڵاوکرایەوە، جەختی کردەوە: "ئەو ئۆپەراسیۆنەی ئەمڕۆ دژی سەرکردەکانی حەماس ئەنجامدرا، ئۆپەراسیۆنێکی تەواو سەربەخۆی ئیسرائیل بوو." نەتانیاهۆ وتیشی: "ئیسرائیل دەستپێشخەری کرد، ئیسرائیل جێبەجێی کرد، و ئیسرائیل بەرپرسیارێتی تەواوی هەڵدەگرێت."

هاوکات، سوپای ئیسرائیل بە هاوکاری لەگەڵ دەزگای هەواڵگریی "شاباک" راگەیەندراوێکی هاوبەشیان بڵاوکردەوە و رایانگەیاند کە هێرشێکی ئاسمانیی وردیان بۆ سەر "سەرکردایەتی حەماس لە دەرەوە" ئەنجامداوە. لە راگەیەندراوەکەدا ئاماژە بەوە کراوە کە "ئەو سەرکردانەی کراونەتە ئامانج، ساڵانێکە چالاکییەکانی حەماسیان بەڕێوەبردووە و بەرپرسیاری ڕاستەوخۆن لە هێرشەکانی 7ی ئۆکتۆبەر و بەڕێوەبردنی شەڕ دژی ئیسرائیل."

وتەبێژی رەسمی سوپای ئیسرائیل ئاشکرایکرد کە ئۆپەراسیۆنەکە ناوی "لوتکەی ئاگر" (بە عەرەبی: قمة النار) بووە.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

ئێوارەی ئەمڕۆ سێشەممە، لە هێرشێکی ئاسمانیی چاوەڕواننەکراودا، سوپای ئیسرائیل بارەگایەکی وەفدی دانوستانکاری حەماسی لە دۆحەی پایتەختی قەتەر کردە ئامانج. سەرچاوەکان باس لەوە دەکەن کە لە هێرشەکەدا کوڕی یەکێک لە سەرکردە دیارەکانی حەماس و بەڕێوەبەری نوسینگەکەی کوژراون، بەڵام وەفدی سەرەکیی دانوستانکار رزگاریان بووە.

وردەکاریی هێرشەکە
بەپێی گرتە ڤیدیۆییەکان کە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا بڵاوبوونەتەوە، دوکەڵێکی چڕ لە یەکێک لە باڵەخانەکانی دۆحە بەرز دەبێتەوە و هاوڵاتیانیش لە شوێنی روداوەکە بە ترس رادەکەن.

سوپای ئیسرائیل لەراگەیەندراوێکی رەسمیدا بەرپرسیارێتی خۆی لە هێرشەکە راگەیاند و ئاماژەی بەوەدا کە "هێزی ئاسمانیی ئیسرائیل بە وردی بارەگای سەرکردایەتی حەماسی کردووەتە ئامانج." لە راگەیەندراوەکەدا هاتووە: "ئەو سەرکردانەی کراونەتە ئامانج، ساڵانێکە چالاکییەکانی حەماسیان بەڕێوەبردووە و بەرپرسیارن لە کۆمەڵکوژییەکەی 7ی ئۆکتۆبەر و بەڕێوەبردنی شەڕ دژی ئیسرائیل."

سوپای ئیسرائیل جەختی لەوەش کردەوە کە پێش هێرشەکە رێوشوێنی پێویست گیراوەتەبەر بۆ خۆپاراستن لە زیانگەیاندن بە هاوڵاتیانی مەدەنی، لەڕێگەی بەکارهێنانی "چەکی ورد و زانیاریی هەواڵگریی پێشوەختە."

قوربانییەکان و رزگاربوونی وەفدە سەرەکییەکە:

تۆڕی هەواڵی "قودس"ی فەڵەستینی بڵاویکردەوە کە لە ئەنجامی بۆردوومانەکەدا، کوڕی خەلیل حەییە، سەرۆکی وەفدی دانوستانکاری حەماس، لەگەڵ بەڕێوەبەری نوسینگەکەی کوژراون.

لە بەرامبەردا، کەناڵی جەزیرەی قەتەری لە زاری سەرچاوەیەک لەناو حەماسەوە بڵاویکردەوە، وەفدی باڵای دانوستانکاری حەماس بە سەرۆکایەتیی خەلیل حەییە، لە هێرشەکە رزگاریان بووە. بەپێی زانیارییەکان، هێرشەکە لە کاتێکدا کراوە کە وەفدەکە لە کۆبوونەوەدا بوون بۆ تاوتوێکردنی دوایین پێشنیازی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا.

میدیاکانی ئیسرائیل ئاشکرایان کردووە کە خەلیل حەییە و زاهیر جەبارین لە سەرەکیترین ئامانجەکانی هێرشەکە بوون. هەروەها کەناڵی 12ی ئیسرائیلی ئاماژەی بەوە کردووە کە خالید مشعەلیش، سەرۆکی حەماس، لەناو ئەو کۆبوونەوەیەدا بووە کە کراوەتە ئامانج.

کاردانەوە نێودەوڵەتییەکان

  • قەتەر: وەزارەتی دەرەوەی قەتەر ئیدانەی "هێرشە ترسنۆکانەکە"ی کرد و رایگەیاند: "قەتەر هەرگیز چاوپۆشی لەم رەفتارە سەرەڕۆییانەی ئیسرائیل و بەردەوامبوونی لە تێکدانی ئاسایشی ناوچەکە ناکات." وتەبێژی وەزارەتەکە، ماجد ئەنساڕی، وتیشی: "ئەم دەستدرێژییە تاوانکارییە پێشێلکارییەکی زەقی هەموو یاسا و نەریتە نێودەوڵەتییەکانە و هەڕەشەیەکی جددییە بۆ سەر ئاسایشی هاووڵاتیان و نیشتەجێبووانی قەتەر."

  • ئێران: وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران هێرشەکەی بە "کارێکی زۆر مەترسیدار و پێشێلکردنی ئاشکرای یاسا نێودەوڵەتییەکان و سەروەریی خاکی قەتەر" ناوبرد. هەروەها وتی: "ئەم کارە تاوانکارییە پێشێلکارییەکی زەقی بنەما و ئامانجەکانی نەتەوە یەکگرتووەکانە."

  • ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا: کەناڵی12ی ئیسرائیلی رایگەیاندووە کە دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، "گڵۆپی سەوزی" بۆ ئیسرائیل هەڵکردووە تا ئۆپەراسیۆنی کوشتنی سەرکردەکانی حەماس لە دۆحە ئەنجام بدات.

لەلایەکی دیکەوە، بتسەلیئێل سمۆتریچ، وەزیری دارایی ئیسرائیل، لەبارەی هێرشەکەوە رایگەیاند: "تیرۆریستان لە هیچ شوێنێکی جیهاندا لە دەستی درێژی ئیسرائیل پارێزراو نابن."

 

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

 د.لەتیف رەشید ئەمڕۆ سێشەممە 9ی ئەیلولی 2025 لە کۆشکی بەغدا پێشوازی لە وەزیری گواستنەوە رەزاق محێبس کرد.
له میانی دیدارەکه، دا باس له واقیعی کەرتی گواستنەوه له عێراق و پلانەکانی پەرەپێدانی کرا به شێوەیەک که ببێته هۆی بەرەوپێشبردنی خزمەتگوزارییەکان کە پێشکەش به هاووڵاتیان دەکرێت و بەرزکردنەوەی رۆڵی عێراق وەک ناوەندی گواستنەوەی هەرێمی و نێودەوڵەتی.

سەرۆک کۆمار، جەختی لەسەر گرنگی پشتیوانیکردنی پرۆژەکانی وەزارەت و زاڵبوون بەسەر ئەو ئاستەنگانەی رووبەڕوویان دەبێتەوە و ئاماژەی بەوەدا کە پێویستە ئەم هەوڵانە راستەوخۆ لە ژیانی رۆژانەی هاووڵاتیان و گەشەپێدانی ئابووری نیشتمانیدا رەنگ بداتەوە.

لای خۆیەوە وەزیری گواستنەوە سوپاسگوزاری و پێزانینی خۆی بۆ جەنابی سەرۆک کۆمار دەربڕی بۆ پشتیوانی بەردەوامی و جەختی کردەوە لەسەر بەردەوامی جێبەجێکردنی پڕۆژە گرنگەکان کە یارمەتیدەرن بۆ گەشەپێدانی ژێرخانی گواستنەوە و بەهێزکردنی پێگەی عێراق لەم بوارەدا.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە
پاش ئەوەی لەلایەن هێزی ئاسمانی سوپای ئیسرائیلەوە وەفدی سیاسی بزوتنەوەی حەماس لەقەتەر بەئامانگیران، دەنگۆی رزگاربوونی وەفدەکە لەناو میدای قەتەریدا بڵاودەبێتەوە.
کەناڵی جەزیرەی قەتەری لە زاری لێپرسراوێکی بزوتنەوەی حەماسەوە رایگەیاندووە، سەرکردایەتی بزوتنەوەی حەماس بە سەرۆکایەتی خەلیل حەییە، سەرۆکی بزوتنەوەی حەماس ، لە هێرشەکەی ئیسرائیل بۆ سەر دەوحە، رزگاریان بووە.
کەناڵەکە پاڵپشت بە سەرکردەیەکی حەماس رایگەیاندووە، هێرشەکە لە کاتی کۆبوونەوەیەکدا بۆ گفتوگۆکردن لەسەر دوایین پێشنیارەکەی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا بووە و ئاماژەی بەوەشکردووە کە هێرشەکە شوێنی کۆبوونەوەی وەفدەکەی کردووەتە ئامانج.
 
بەردەوامبە لە خوێندنەوە

ژمارەیەک لێپرسراوی بزوتنەوەی حەماس لەکاتی کۆبونەوەیکدا لە دەوحەی پایتەختی قەتەر لە بۆردومانێکی ئاسمانی سوپای ئیسرائیلدا بە ئامانجگیران.

لە کۆبونەوەکەی بزوتنەوەی حەماس لە دەوحەی پایتەختی قەتەر، بەسەرپەرشتی خەلیل حەیە سەرۆکی مەکتەبی سیاسی بزوتنەوەی حەماس، هەروەها ئەندامانی مەکتەبی سیاسی بزوتنەوەکە کە پێکهاتبوون لە محەمەد دەروێش، موسا ئەبو مەزروق، حسام بەدران، زاهیر جەبارەین، خالید مەشعەل خەلیل حەیە، هەروەها نزار عەوز ئەڵا و تاهیر نونو بەشداربوون.

میدیاکانی کەنداو ئاماژەیان بەوەکردوە، وەفدەکەی حەماس لە بارەی پێشنیازی ئەمریکا بۆ ئاگربەست لە کەرتی غەززە.

کەناڵ 14ی ئیسرائیلی ئاشکریکردوە، هێزی ئاسمانی وڵاتەکەی لە هێرشەکەی بۆ سەر کۆبونەوەکەی حەماس 10 فڕۆکەی جەنگی بەشداریان تێداکردوە و 12 موشەکیان ئاراستەی ئەو جێگەیە کردوە.

پێشتریش یسرائیل کاتز وەزیری بەرگری ئیسرائیل رایگەیاندبوو، سەرکردەکانی حەماس لەدەرەوەی غەززە چیتر سەلامەت نابن و بە ئامانج دەگیرێن.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

سوپای ئیسرائیل بە شێوەیەکی رەسمی، وردەکاریی هێرشەکەی بۆ سەر وەفدی دانوستانکاری حەماس راگەیاند و تیایدا هاتووە؛ لە دەوحە هێرش کراوەتە سەر ژمارەیەک لە سەرکردەکانی بزووتنەوەی حەماس، لە سەروویانەوە خەلیل حەییە، سەرۆکی بزووتنەوەی حەماس لە غەززە.

رادیۆی سوپای ئیسرائیل رایگەیاند، "سوپای ئیسرائیل و شین بێت (ئاژانسی ئاسایشی ناوخۆیی ئیسرائیل) کەمێک پێش ئێستا بە وردی و ئاراستەکراوانە هێرشیان کردووەتە سەر سەرکردایەتی بزووتنەوەی حەماس."

لە راگەیەندراوە رەسمیەکەدا هاتووە: "سەرکردەکانی حەماس کە کراونەتە ئامانج، ساڵانێکە چالاکییەکانی حەماسیان بەڕێوەبردووە و بەرپرسیارێتی راستەوخۆیان لە ئەستۆدایە بۆ ئەنجامدانی کۆمەڵکوژی حەوتی تشرینی یەکەم و بەڕێوەبردنی جەنگ دژی ئیسرائیل."

راگەیەندراوەکە دەڵێت: "پێش هێرشەکە هەنگاو نراوە بۆ خۆدزینەوە لە زیان گەیاندن بە هاووڵاتیانی مەدەنی، کە بریتی بووە لە بەکارهێنانی جۆرە تەقەمەنییە وردبینەکان و زانیاریی هەواڵگریی زیادە."

هەروەها، سەرچاوەکان بۆ سکای نیوز عەرەبییە دووپاتیان کردووەتەوە کە تەقینەوەکەی دەوحە کۆبوونەوەیەکی سەرکردەکانی حەماسی لە دەرەوەی وڵات کردووەتە ئامانج. کەناڵی 12ـی ئیسرائیلیش لە زاری بەرپرسانی ئیسرائیلییەوە گواستوویەتییەوە کە ئەمە "ئۆپەراسیۆنێکی تۆڵەسەندنەوەیە" دژی سەرکردەکانی حەماس لە دەوحە.

وێنەی سەرکردە کوژراوەکانی حەماس:


بەردەوامبە لە خوێندنەوە

بەپێی پێشبینییەکانی کەشناسی، پلەکانی گەرما 1 بۆ 2 پلە نزمتر دەبنەوە و ئەگەری دروستبوونی خۆڵبارینێکی کەم هەیە .

بەڕێوەبەرایەتی کەشناسی هەرێم پێشبینییەکانی بۆ 48 کاتژمێری داهاتوو بڵاوکردەوە و رایگەیاندووە، ئەمڕۆ ئاسمان ساماڵ دەبێت و ئەگەری دروستبوونی تۆزێکی کەم هەیە لە ناوچەکانی ناوەڕاست و باشوری هەرێم، لە درەنگانی شەودا.

ئاماژەی بەوەشکردووە، سبەینێ چوارشەممە، پلەکانی گەرما (1-2) پلەى سیلیزى نزم دەبێتەوە بەراورد بە تۆمارکراوەکانی ئەمڕۆ.

 

 

بەرزترین پلەکانی گەرمای پێشبینیکراو:

هەولێر : 38 پلەی سیلیزی

سلێمانی : 37 پلەی سیلیزی

دهۆک : 37 پلەی سیلیزی

کەرکوک : 42 پلەی سیلیزی

زاخۆ : 38 پلەی سیلیزی

هەڵەبجە : 36 پلەی سیلیزی

سۆران : 37 پلەی سیلیزی

حاجی ئۆمەران : 27 پلەی سیلیزی

گەرمیان 42 پلەی سیلیزی

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

بەپێی ئامارێكی ئاژانسی فرانس پرێس، لە 27ی تشرینی یەكەمی ساڵی 2023ەوە، 904 سەرباز و ئەفسەری ئیسرائیلی كوژراون.

فرانس پرێس بەپێی داتاكانی سوپای ئیسرائیل بڵاویكردووەتەوە، دوای ئەوەی سوپای ئیسرائیل كوژرانی چوار سەربازی تری بەهۆی هەڵدانی بۆمبی چێندراو بۆسەر تانكەكانیان راگەیاند، ژمارەی سەرباز و ئەفسەرە كوژراوەكانی ئیسرائیل بۆ 904 كەس بەرزبووەتەوە، كە لە 27ی تشرینی یەكەمی ساڵی 2023ەوە تائێستا كوژراون.

سەبارەت بەو چوار سەربازەش كە رۆژی دووشەممە كوژراون، سوپای ئیسرائیل رایگەیاندووە، پلەی رەقیبیان هەیە و لە باكوری كەرتی غەززە كوژراون و تەمەنیان لەنێوان 19 بۆ 20 ساڵاندایە و ناوی سیانیان ئاشكراكراوە.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

بافڵ جەلال تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە دەباشان پێشوازی لە حاکم قادر حەمەجان کرد و رایگەیاند، یەکێتی سوود لە ئەزموونی ئەو هەڤاڵانەی وەردەگرێت کە بەشێک بوون لە خەباتی شۆڕشی نوێ و قوربانییان بۆ گەلەکەمان داوە.

لە دیدارێکدا بافڵ جەلال تاڵەبانی، ستایشی حاکم قادر حەمەجانی کرد کە بەشێکی گرنگە لە مێژووی پڕ شانازی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و خزمەتەکانی بۆ کوردستان جێگەی رێز و پێزانینە، هەروەها وتی، ئەمڕۆش یەکێتی سوود لە ئەزموون و خزمەتەکانی هەموو ئەو هەڤاڵانەی وەردەگرێت کە بەشێک بوون لە خەباتی شۆڕشی نوێ و قوربانییان بۆ گەلەکەمان داوە.

لای خۆیەوە، حاکم قادر حەمەجان جەختی کردەوە کە لەسەر هەمان رێبازی سەرۆک مام جەلال درێژە بە خەبات دەدات و هەر کار و هەنگاوێک لە خزمەتی بەرژەوەندی گشتی و یەکێتیدا بێت وەک هەمیشە بە دڵسۆزییەوە رایدەپەڕێنێت.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

بافڵ جەلال تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە سلێمانی سەردانی حامید حاجی غالی کرد و رایگەیاند، "ئێمە بە شوێن هەنگاوەکانی سەرکردە و تێکۆشەرە دێرینەکانماندا دەڕۆین".

لە دیدارێکدا کە پۆلو شاڵاو عەلی عەسکەری، لێپرسراوی هەواڵگریی هێزەکانی 70ـی پێشمەرگە ئامادەیبوو، بافڵ جەلال تاڵەبانی بە پێزانینەوە باسی لە رۆڵ و مێژووی پڕ شانازی حامید حاجی غالی کرد، وەک یەکێک لە پێشمەرگە سەرەتاییەکانی شۆڕشی نوێ و سەرکردەیەکی دیاری یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و وتی، "ئێمە بە شوێن هەنگاوەکانی سەرکردە و تێکۆشەرە دێرینەکانماندا دەڕۆین و وەفاداریشین بەرانبەر ئەو قوربانییە گەورانەی لەپێناو گەلەکەمان داویانە".

لای خۆیەوە، حامید حاجی غالی سوپاسی بافڵ جەلال تاڵەبانی کرد و جەختی لە درێژەپێدانی سیاسەتی سەرۆک مام جەلال بە سەرۆکایەتیی سەرۆک بافڵ کردەوە.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

جێگری سەرۆک وەزیرانی هەرێم دەڵێت، "لەگەڵ وەفدی ژووری بازرگانیی ئەمریکا بە سەرۆکایەتیی ستیڤ لۆتس، جێگری سەرۆکی ژووری بازرگانیی ئەمریکا و بە ئامادەبوونی ئەنجومەنی ئابووریی ئەمریکا _ عیراق، گفتوگۆمان کرد لەبارەی چۆنییەتی سوودوەرگرتن لە تەکنەلۆژیای نوێ و زیرەکیی دەستکرد لە پرۆسەی گەشەپێدانی ئابووریی کوردستان".

قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆک وەزیرانی هەرێم سەبارەت بە دیدارەکە رایگەیاند، "باسمان لە هەوڵەکانمان کرد لە پەرەپێدانی تواناکانی گەنجانی کوردستان لە بوارەکانی تەکنەلۆژیا و کارسازیدا، چونکە ئەم گەنجە بەهرەمەند و داهێنەرانەن کە دەتوانن ڕۆڵ ببینن لە بەکارهێنانی تەکنەلۆژیای نوێ و زیرەکیی دەستکرد لە پرۆسەی گەشەپێدانی کوردستان و هەروەها لە رێگەی تواناکانیان لە بواری تەکنەلۆژیادا بەشداردەبن لە بەهێزکردنی پەیوەندیی بازرگانی نێوان ئەمریکا و کوردستان".

ئاماژەی بەوەشدا، بەهێزترکردنی پەیوەندیی بازرگانی نێوان کوردستان و ئەمریکا یارمەتیدەر دەبێت لە گەیشتن بە ئامانجەکەیان کە دەیانەوێت لە داهاتوودا هەرێمی کوردستان وەک ناوەندێکی گرنگی ئابووری و هەروەها وەک ناوەندێکی گرنگی تەکنەلۆژیا لە ناوچەکەدا دەربکەوێت.

جێگری سەرۆک وەزیرانی هەرێم وتیشی، "زۆر دڵخۆش بووین بە سەردانی ئەم وەفدە بازرگانییەی ئەمریکا و بە دڵنیاییەوە لە کوردستان دەرفەتی زۆر گەورە هەیە کە ببێتە هاوبەشێکی گرنگی بازرگانیی ئەمریکا لە ناوچەکەدا".

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

بافڵ جەلال تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان سەردانی مەحمود سەنگاوی کرد.

لەو سەردانەدا عەدنان حەمەی مینا و پۆلو شاڵاو عەلی عەسکەری، لێپرسراوی هەواڵگریی هێزەکانی 70ـی پێشمەرگە ئامادەیبوون.

بافڵ جەلال تاڵەبانی پرسە و سەرەخۆشی لە مەحمود سەنگاوی کرد، بەبۆنەی کۆچی دوایی (کەریم حاجی حەمەئەمین سەنگاوی) برای و ستایشی خانەوادە و بنەماڵە سەربەرزەکەیانی کرد کە نموونەیەکی باڵان لە خەبات و تێکۆشانی کوردایەتیدا و هیوای خواست ئەمە دوایین ماتەمیان بێت و خوای گەورە سەبووری و ئارامییان پێببەخشێت.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

بانکی پەرەپێدانی نێودەوڵەتی IDB لە پڕۆژەی هەژماری من دوورخرایەوە، هاوکات وەزارەتی دارایی دەڵێت: ئەو موچەخۆرانەی لە بانکی پەرەپێدانی نێودەوڵەتی تۆمارکراون، هەژمارەکانیان دەگوازرێتەوە بۆ بانکێکی دیکە.

وەزارەتی دارایی و ئابووی حکومەتی هەرێم لە راگەیەنراوێکدا ئاماژەی بەوەکردووە، بانکی پەرەپێدانی نێودەوڵەتی IDB لە هەژماری من دوورخرایەوە و لەمەودوا بەشێک نابێت لە پڕۆژەی هەژماری من.

راشیگەیاندووە، هۆکارەکەی دەگەڕێتەوە بۆ سنوردارکردنی خزمەتگوزارییە بانکییەکانی بانکی ناوبراو لەلایەن بانکی ناوەندی عیراق لەڕووی مامەڵەکردن بە دۆلار.

وەزارەتی دارایی ئاشکراشیکردووە، ئەو موچەخۆرانەی حکومەتی هەرێمی کوردستان کە ئێستادا لە بانکی پەرەپێدانی نێودەوڵەتی (IDB) تۆمارکراون، لە رێگەی سەنتەری خزمەتگوزاری پڕۆژەی هەژماری من پەیوەندییان پێوە دەکرێت و ئاگاداردەکرێنەوە لەبارەی گواستنەوەی هەژمارەکانییان بۆ یەکێک لە بانکەکانی دیکەی ناو پڕۆژەکە.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە
1...270271272273274...1077