هەواڵەکانهەواڵەکان

بەپێی ڕاپۆرتێکی رۆژنامەی نیویۆرک تایمز، هێرشەکەی 28ی شوبات بۆ سەر قوتابخانەیەکی سەرەتایی لە شارۆچکەی میناب لە باشووری ئێران، بە خوێناویترین رووداوی کوژرانی مەدەنییەکان دادەنرێت لە سەرەتای دەستپێکی شەڕەکەوە.

هەرچەندە تا ئێستا هیچ لایەنێک تا ئێستا بەرپرسیارێتی خۆی رانەگەیاندوە  لە روداوەکە، کە بەهۆیەوە زیاتر لە 100 کچە خوێندکار گیانیان لەدەستدا، بەڵام رۆژنامەکە ئاماژەی بەوە کردووە، کە کۆمەڵێک بەڵگە، لەوانە وێنەی نوێی مانگە دەستکردەکان و ڤیدیۆ پشتڕاستکراوەکان دەریدەخەن، کە قوتابخانەکە بە هێرشێکی ورد پێکراوە.

رۆژنامەکە ئاماژەی بەوەکردوە، کردنە ئامانجی قوتابخانەکە  لە کاتێكدا بووە، کە بنکەیەکی دەریایی سوپای پاسداران لە تەنیشت قوتابخانەکە لە هەمان کاتدا کراوەتە ئامانج.

رۆژنامەکە جەخت لەوە دەکاتەوە، کە لێدوانە رەسمیییەکانی ئەمریکا سەبارەت بە هێرشکردنە سەر ئامانجە دەریاییەکان لە نزیک تەنگەی هورمز (کە بنکەکەی سوپای پاسدارانی لێیە)، گومانەکان بەهێزتر دەکەن، کە هێزەکانی ئەمریکا ئەنجامدەری هێرشەکە بووبن.

لە بەرانبەردا، کۆشکی سپی ئاماژەی بە لێدوانەکانی کارۆلین لیڤیت، وتەبێژی رۆژنامەوانی کردووە، کە لە وەڵامی پرسیارێکدا سەبارەت بەو هێرشە رایگەیاندوە "ئاگاداری کارێکی وەها نین" و ئاماژەی بەوەش کردبوو، کە وەزارەتی جەنگ سەرقاڵی لێکۆڵینەوەیە لەو بابەتە.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

د. لەتیف رەشید سەرۆک کۆماری عیراق، رۆژی پێنجشەممە 5ـی ئاداری 2026 لە بەغداد، لەگەڵ عەممار حەکیم سەرۆکی رەوتی حیکمەی نیشتمانی کۆبووەوە.

لە کۆبوونەوەکەدا دوایین پەرەسەندنەکانی گۆڕەپانی ناوخۆیی و هەرێمیی لەبەر رۆشنایی پێشکەوتنە خێراکانی ناوچەکە تاوتوێکرد و جەختی لەسەر پێویستی پەنابردنە بەر دیالۆگ وەک باشترین بژاردە بۆ رووبەڕووبوونەوەی ئاڵەنگارییەکانی ئێستا و پاراستنی ئاشتی و ئاسایشی ناوچەکە کرد.

هەروەها جەختییان لەسەر گرنگی یەکخستنی هەڵوێستە نیشتمانییەکان و پشتیوانیکردن لە هەموو ئەو رێوشوێنانە کردەوە، کە ئامانجیان پاراستنی سەروەری عیراق و بەهێزکردنی سەقامگیری و ئاسایشی وڵاتە لەبەرامبەر کاردانەوەکانی ناوچەکە و قەیرانەکانی دەوروبەردا.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

محەمەد باقر قالیباف، سەرۆکی پەرلەمانی ئێران رایگەیاند، کە واشنتۆن بەهۆی کورتهێنان لە کۆگاکانی سیستەمی بەرگریدا، ناچار بووە لە ستراتیژیی بەرگری ناوچەکەدا گۆڕانکاری بکات و "بەرگری لە ئیسرائیل" بخاتە پێش هەموو کارە لە پێشینەکانی تری. 

قالیباف لە هەژماری خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی "ئێکس" بڵاویکردوەتەوە، کە ئەمریکییەکان بەهۆی کەمیی یەدەگی بەرگرییەوە ئەم بڕیارەیان داوە و پێی وایە باجدەرانی ئەمریکی سەرسام دەبن کاتێک بزانن ستراتیژی "سەرەتا ئیسرائیل" لە ئەجێندای بەرگری وڵاتەکەدایە.

سەرۆکی پەرلەمانی ئێران، هۆشدارییەکی توندی داوەتە واشنتۆن و دەڵێت؛  بەجێهێشتنی بەرژەوەندییەکان و سەربازانی ئەمریکا بەبێ بەرگری لە ناوچەکە، دەرئەنجامی خراپی دەبێت.

 ناوبراو ئاماژەی بەوەش کردوە، کە لێکەوتەکانی ئەم سیاسەتە تەنها لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا قەتیس نامێنن، بەڵکو کاریگەرییەکی فراوانتری هەرێمی و نێودەوڵەتییان دەبێت.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

حکومەتی هەرێم، راگەیەندراویكی بڵاوکردوەتەوە و تێیدا هاتووە، دوای هەوڵە بەردەوامەکان بۆ هێنانەوەی ئەو هاووڵاتییانەی، کە گیریان خواردووە، بە سوپاسەوە شانشینی عەرەبیی سعودیە سنورەکانی بەڕووی ئەو کەسانەدا کردەوە، کە دەیانەوێت لە ڕێگەی دەروازەی سنووریی عەرعەرەوە بگەڕێنەوە، بەبێ ئەوەی پێویستیان بە ڤیزای پێشوەختە هەبێت.

حکومەتی هەرێم ئاماژەی بەوەکردوە،  ئەو هاووڵاتیانەی گیریانخواردوە، دەتوانن راستەوخۆ لە ئیمارات بچنە  سعودیەو لە خاڵی سنووریی (البطحاء) ڤیزا وەردەگرن و دواتر دێنەوە عەرعەر و لەوێشەوە بۆ عیراق و هەرێمی کوردستان.

سەبارەت بەو هاووڵاتییانەی لە ئیماڕاتن، حکومەتی هەرێم دەڵێت؛ ئەو هاووڵاتییانەی  ئارەزووی گەڕانەوەیان هەیە، دەتوانن سوود لەم دەرفەت و رێکارە وەربگرن بۆ گەڕانەوەیان بەسەلامەتی.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

ئەمڕۆ پێنجشەممە، دوای فراوانبونی گرژییەکانی ناوچەکە،  وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا رایگەیاند، لە کۆتایی مانگی شوباتەوە تاوەکو ئێستا زیاتر لە 20 هەزار هاووڵاتیی ئەمریکی لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستەوە گەڕاونەتەوە بۆ  ئەمریکا

وەزارەتەکە ئاماژەی بەوە کردووە، کە ئەم ئامارە تەنها ئەو کەسانە دەگرێتەوە،کە گەیشتوونەتەوە ناوخۆی ئەمریکا و ئەو هاووڵاتییانە ناگرێتەوە کە چوونەتە وڵاتانی دیکە یان هێشتا لە رێگەی گەڕانەوەدان.

لە بەشێکی تری راگەیەندراوەکەدا هاتووە، کە لەسەر راسپاردەی مارکۆ ڕۆبیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا، پڕۆسەی گواستنەوەکە لە رێگەی گەشتی ئاسمانی تایبەت و گواستنەوەی وشکانییەوە چڕتر کراوەتەوە.

وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا بۆ کارئاسانیکردن بۆ هاووڵاتییەکانی فۆرمێکی تایبەت بە رەوشی نائاسایی بۆ هاووڵاتییانی لە پێنج وڵاتی ناوچەکە (کوێت، بەحرەین، ئیمارات، قەتەر و عەرەبستانی )کارا کردووە، تاوەکو راستەوخۆ زانیارییان پێبگات سەبارەت بە گەشتەکان و رێکارە ئەمنییەکان.

لە کۆتاییدا وەزارەتەکە جەختی کردوەتەوە،  کە تیمەکانیان بە شێوەی 24 سەعاتی کاردەکەن و  تا ئێستا هاوکارییان پێشکەش بە زیاتر لە 10 هەزار ئەمریکی لە دەرەوەی وڵات کردووە، کە پێدانی ڕرێنمایی ئەمنی و ئاسانکاری سەفەر لەخۆ دەگرێت.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە
سەرۆکایەتی عیراق داوایان لە کۆمەڵی نێودەوڵەتی کرد کە بەپەلە هەنگاو بنێن بۆ ئەوەی ململانێکانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەرەو پەرەسەندن نەچن. 

د.لەتیف ڕەشید، سەرۆک کۆماری عیراق، محەمەد شیاع سودانی سەرۆک وەزیران و هەیبەت حەلبوسی سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەران و فایق زەیدان سەرۆکی دادگای فیدراڵی کۆبوونەوە.

لە کۆبوونەوەکەدا باس لە دوایین پێشهاتی ئەمنی و سیاسیی سەر گۆڕەپانی ناوچەیی و نێودەوڵەتی و کاریگەریی ڕاستەوخۆیان کرد  لەسەر دۆخی ناوخۆی عیراق.
دەقی راگەیەنراوەکە....
سەرۆکایەتییەکان لە کۆشکی بەغداد کۆبوونەوە بۆ تاوتوێکردنی پێشهاتەکانی ناوچەکە و لێکەوتەکانی
سەرۆکایەتییەکان ئەمڕۆ لە کۆشکی بەغداد کۆبوونەوەیەکیان بەڕێوەبرد لە کۆبوونەوەکەدا باس  لە دوایین پێشهاتی ئەمنی و سیاسیی سەر گۆڕەپانی ناوچەیی و نێودەوڵەتی و کاریگەریی ڕاستەوخۆیان کرد  لەسەر دۆخی ناوخۆی عێراق. 
ئامادەبووان باسیان لەو میکانیزمانە کرد کە حکومەت گرتویەتیە بەر بۆ ڕێگریکردن لە پەلکێشکردنی وڵات بۆ ناو گێژاوی  ململانێ دەرەکییەکان، هەروەها پشتیوانی خۆیان بۆ ڕێوشوێنەکانی حکومەت بۆ ئاسایش و سەقامگیری و پاراستنی سەروەری وڵات و دەستەبەرکردنی سەلامەتی نوێنەرایەتییە دیپلۆماسییەکان دووپاتکردەوە. 
سەرۆکایەتییەکان جەختیشیانکردەوە  لەسەر پێویستی پاراستنی ڕۆڵی سەرەکی و هاوسەنگی عێراق لە بەرەوپێشبردنی ئاسایش و سەقامگیری ناوچەکەدا.

ئامادەبوان هەڵوێستی پتەوی عێراقیان دووپاتکردەوە لە دژی بەکارهێنانی خاکەکەی وەک شوێنێک بۆ هێرشکردنەسەر  وڵاتانی دراوسێ یان هەڕەشەکردن بۆ ئاسایشی وڵاتەکانیان. هەروەها ئیدانەی ئەو هێرشانەیان کرد کە شار و پارێزگاکانی عێراقیان کردۆتە ئامانج بە هەرێمی کوردستانیشەوە و بە پێشێلکردنی سەروەری نیشتمانییان دایەقەڵەم.

لە کۆبوونەوەکەدا جەختکرایەوە لەسەر پێویستی وەستاندنی دەستبەجێی ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکان لە ناوچەکە و ڕێزگرتن لە سەروەری و سەربەخۆیی دەوڵەتان. 
داواشیان لە کۆمەڵی نێودەوڵەتی کرد کە بەپەلە هەنگاو بنێن بۆ ئەوەی ململانێکان بەرەو پەرەسەندن نەچن. 
لە کۆبوونەوەکەدا جەخت لەوە کرایەوە کە پەنابردن بۆ دانوستان و چارەسەری دیپلۆماسی باشترین ڕێگایە بۆ ئەوەی ناوچەکە لە کاردانەوەی جددی ململانێکان لەسەر هەردوو ئاستی ناوچەیی و نێودەوڵەتی ڕزگار بکات.
سەبارەت بە ناوخۆ ئامادەبوانی کۆبونەوەکە باسیان لە گرنگی و پەلەکردن کرد بۆ تەواوکردنی مەرجە دەستوورییەکان و پتەوکردنی یەکێتی نیشتمانی بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی هەلومەرجی هەنووکەیی و پاڵپشتیکردنی هەوڵەکانی حکومەت بۆ چەسپاندنی ئاسایش و سەقامگیری و باشترکردنی بارودۆخی ژیان و خزمەتگوزارییە گشتیەکان بۆ هاووڵاتیان و پێشخستنی پرۆسەی چاکسازی و گەشەپێدانی بەردەوام.
لەکۆتایی کۆبوونەوەکەدا ئامادەبووان جەختیانکردەوە لەسەر پێویستی پاڵپشتیکردنی ڕێوشوێنە ئەمنییەکان بە ئامانجی دامەزراندنی یاسا و ڕێسا و لێپرسینەوە لەو کەسانەی دەنگۆ بڵاودەکەنەوە لە پلاتفۆرمەکانی سۆشیال میدیا، بە لەبەرچاوگرتنی ئەو مەترسییە ڕاستەوخۆیەی لەسەر ئاشتی مەدەنی و ئاسایشی ناوخۆ دروستی دەکەن بەگوێرەی ڕێکارە یاسایی و دادوەرییەکان.

 

بەردەوامبە لە خوێندنەوە
بافڵ جەلال تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە دەباشان پێشوازی لە مامۆستا سه‌ڵاحه‌دین محەمەد به‌هائه‌دین، ئەمیندارى گشتیی یه‌كگرتووى ئیسلامى كوردستان کرد.
 
لە دیدارێکدا کە سالار سەرحەد، لێپرسراوی پەیوەندییە کوردستانییەکان ئامادەیبوو، دوایین پێشهات و دۆخی جەنگ لە ناوچەکە تاوتوێکرا.
 
بافڵ جەلال تاڵەبانی جەختی لە بەردەوامی هەوڵی ئاشتیخوازانەی یەکێتی کردەوە و وتی، لە پەیوەندیی بەردەوامداین لەگەڵ حزب و لایەنەکانی عیراق و هەرێمی کوردستان تاوەکو دۆخەکە نەچێتە قۆناغێکی سەختتر و هەرێمی کوردستان و عیراق نەبنە بەشێک لە ململانێکان.
 
لە کۆبوونەوەکەدا جەخت لە هەماهەنگی و بەهێزترکردنی پەیوەندییەکانی یەکێتی و یەکگرتووی ئیسلامی کوردستان لە چوارچێوەی زیاتر خزمەتکردنی خەڵک و پاراستنی بەرژەوەندییە باڵاکان کرایەوە.
بەردەوامبە لە خوێندنەوە

رۆژی پێنجشەممە 5ـی ئازاری 2026، نوسینگەی شاناز ئیبراهیم ئەحمەد خانمی یەکەمی کۆماری عیراق، راگەیەنراوێکی رۆژنامەوانی بڵاوکردەوە.

دەقی راگەیەندراوەکە

واز لەگەلی کورد بهێنن، داردەستی کەس نابین

سلێمانی، عێراق- لەساڵی ١٩٩١دا هانی گەلی کورد درا بۆ ڕاپەڕین دژی رژێمی سەدام حسێن، بەڵام ڕووبەڕووی چارەنووسی خۆیان کرانەوە کە کەینوبەینەکە گۆڕا ! و کەس بەرگری لێ نەکردین کاتێک کۆپتەری جەنگیی و تانک بۆ رووبەڕوبونەوەی ڕاپەڕین بەکارهات. هێشتا ئەو یادەوەرییانە لەبیر و هۆشماندا ماوە. ئەمڕۆ یادی ئەو سەردەمەی ڕاپەڕین دەکەینەوە و لە بیری  ناکەین کە چی لێوە فێربووین.

بەم دوواییانە بینیمان چی بەسەر باکوری خۆرهەڵاتی سوریا یان رۆژئاڤا هات. دوای ئەو هەموو بەڵێنانەی بەکوردانی ئەوێ دران و چۆن لەریزی پێشەوەی بەگژداچونەوە و جەنگ دژی داعش وەستانەوە، بینیمان لە کۆتاییدا چۆن مامەڵە کران.

ئەمڕۆش، دواجار گەلی کورد لە عێراق چێژی سەقامگیری و شکۆمەندی کرد. لەبەر ئەم هۆکارە، سەختە، بگرە مەحاڵە، کورد قبوڵی بکات کە ببێتە دەستکەلای هێزە زەبەلاحەکانی جیهان.

ئەزمونەکانی پێشوو و بەڵێنەکان شاهیدن. زۆربەی کات کە پێویستی بەهێز و قوربانیدان دەبێت پەنا بۆ کورد دەبرێت. بۆیە داوا لەهەموو لایەنە بەشەڕهاتووەکان دەکەم: واز لەگەلی کورد بهێنن. ئێمە داردەستی کەس نابین.

 

شاناز ئیبراهیم ئەحمەد

خانمی یەکەمی عێراق

پێنج شەممە، ٥ ی ئازار ٢٠٢٦

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

سەرۆکایەتی کۆمار لە یادی سی و پێنجەمین ساڵیادی ڕاپەڕینی جەماوەریی گەلی کوردستان پەیامێکیان بڵاوکردەوە و رایدەگەیەنن؛ لە کاتێکدا ناوچەکە بە بارودۆخێکی سەخت و دیمەنی جەنگ، وێرانکاری و زیانی مرۆییدا تێدەپەڕێت، داوا لە لایەنە شەڕکەرەکان دەکەین بگەڕێنەوە سەر مێزی گفتوگۆ و پەنا بۆ حیکمەت و لۆژیک ببەن، و ڕێگری بکەن لە فراوانبوونی بازنەی جەنگ کە تەنها ماڵوێرانی بۆ گەلانی ناوچەکە دەهێنێت .

 دەقی پەیامەکەی سەرۆکایەتی کۆمار...

لەیادی سی و پێنجەمین ساڵیادی ڕاپەڕینی جەماوەریی گەلی کوردستان لە ٥ ی ئاداری ١٩٩١دا، بە شکۆوە یادی قوربانییە مەزنەکانی گەلە سەربەرزەکەمان دەکەینەوە، کە خەباتیان کرد دژی زوڵم، ستەم و سەرکوتکارییەکانی ڕژێمی دیکتاتۆری بەرانبەر بە تەواوی پێکهاتەکانی گەلی عێراق؛ ئەو قوربانییانەی بوونە هۆی ڕزگارکردنی شارەکانی هەرێم لە چنگی دەزگا سەرکوتکەرەکانی ڕژێم.

یەکەمین چەخماخەی ڕاپەڕین لە شاری ڕانیەی دەروازەی ڕاپەڕین لە پارێزگای سلێمانییەوە دەستیپێکرد، کە بووە خاڵی وەرچەرخان بۆ ڕزگارکردنی شارەکانی دیکە لە چەوسانەوە و ستەم، و هەنگاونان بەرەو دامەزراندنی سیستمێکی دیموکراسیی فرەیی پەرلەمانی.

لە کاتێکدا ناوچەکە بە بارودۆخێکی سەخت و دیمەنی جەنگ، وێرانکاری و زیانی مرۆییدا تێدەپەڕێت، داوا لە لایەنە شەڕکەرەکان دەکەین بگەڕێنەوە سەر مێزی گفتوگۆ و پەنا بۆ حیکمەت و لۆژیک ببەن، و ڕێگری بکەن لە فراوانبوونی بازنەی جەنگ کە تەنها ماڵوێرانی بۆ گەلانی ناوچەکە دەهێنێت و دەبێتە هۆی تێکدانی ئاسایش و سەقامگیری.

دووپاتی دەکەینەوە کە عێراق نەبووە و نابێتە بەشێک لە ململانێکان، و ڕێگەش نادات خاکەکەی بۆ دەستدرێژیکردنە سەر وڵاتانی دراوسێ بەکاربهێنرێت، بەڵکو هەوڵ دەدات پەیوەندییە دیپلۆماسییەکانی بخاتە گەڕ بۆ ڕاگرتنی جەنگ و پەنابردن بۆ بژاردەی ئاشتی و کۆتاییهێنان بە ڕشتنی خوێنی زیاتر.

هیوادارین ئەم بۆنەیە ببێتە هەوێنی بەهێزکردنی یەکڕیزیی نیشتمانی لە نێوان پێکهاتەکانی گەلەکەمان و هێزە سیاسییەکان، و چەسپاندنی پایەکانی دیموکراسی و یەکسانی لە نێوان هەموواندا.

سەری ڕێز و نەوازش بۆ گیانی پاکی شەهیدانی ڕاپەڕین و سەرجەم شەهیدانی عێراق دادەنەوێنین.

سەرۆکایەتی کۆمار

٢٠٢٦/٣/٥

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

کۆسرەت رەسول عەلی 35 هەمین ساڵیادی راپەڕینی گەلی کوردستان پەیامێکی بڵاوکردەوە و رایگەیاند؛ ئەمڕۆ کەیادی راپەڕین دەکەینەوە، ناوچەکە بەدۆخێکی یەکجار سەخت و دژوار تێپەڕ دەبێت، گەلەکەمان لە هەموو کات زیاتر پێویستی بە یەکڕیزی و تەبایی هەیە، ئەرکە لەسەر هێزو لایەنە سیاسییەکان یەکگرتوو بن و لەپێناو پاراستنی دەستکەوتەکانی گەلەکەمان .

دەقی پەیامەکەی کۆسرەت رەسول:

پەیامی کۆسرەت رەسول عەلی لە (35)ەمین ساڵیادی راپەڕین

(35)هەمین ساڵیادی راپەڕینی گەلی کوردستان دژی رژێمی فاشیستی بەعس لە سەرجەم کوردستانیان پیرۆز دەکەم، ئاواتەخوازم ئەم یادە پیرۆزە بکەینە هەوێنی تەبایی و یەکڕیزی گەلەکەمان.

35 ساڵ لەمەوبەر، بە یەکڕیزی نێوان هێزە کوردستانییەکانی ناو بەرەی کوردستانی، بە پاڵپشتی و پشتیوانی جەماوەری راپەڕیوی کوردستان و رێکخستنە نهێنییەکان و شانە چەکدارەکان، پلانی راپەڕینمان داناو گەلەکەمان لە رانیەی دەروازەی راپەڕینەوە لەدژی زوڵم و زۆری و ستەمی رژێمی بەعس راپەڕی و لەماوەیەکی یەکجار کورتدا بەعس و بەعسییەکانی کوردستان بەدەر کردو  گەلەکەمان بووە خاوەن حوکمڕانی خۆماڵی و هەڵبژاردنی ئازاد ئەنجام دراو حکومەتی هەرێمی کوردستان پێکهات.

ئەمڕۆ کەیادی راپەڕین و ئازادکردنی کوردستان لە چنگی رژێمی بەعس دەکەینەوە، ناوچەکە بەدۆخێکی یەکجار سەخت و دژوار تێپەڕ دەبێت، گەلەکەمان لە هەموو کات زیاتر پێویستی بە یەکڕیزی و تەبایی هەیە، ئەرکە لەسەر هێزو لایەنە سیاسییەکان یەکگرتوو بن و لەپێناو پاراستنی دەستکەوتەکانی گەلەکەمان و گەیشتن بە ئاواتی لەمێژینەمان و پاراستنی کوردستان لە هەر گرژی و ململانێیەک پێکەوە خەبات بکەن و بەرەنگاری ئاڵنگارییەکان ببنەوە.

دووبارە ساڵیادی راپەڕین و ئازادکردنی سەرجەم شارو شارۆچکەکانی کوردستان لە کوردستانیان پیرۆز دەکەم و سەری رێزو نەوازش بۆ شەهیدان دادەنوێنم.

کۆسرەت رەسول عەلی

5ی ئازاری 2026

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

ئەمڕۆ پێنجشەممە، ئەنجومەنی بریکارەکانی ئاسایشی نیشتمانیی عیراق کۆبوونەوەیەکی بەپەلەی بە سەرۆکایەتیی قاسم ئەعرەجی، راوێژکاری ئاسایشی نیشتمانی و بە ئامادەبوونی ئەندامانی ئەنجومەنەکە ئەنجامدا.

بەپێی راگەیەندراوی نووسینگەی راگەیاندنی راوێژکاری ئاسایشی نیشتمانی، لە کۆبوونەوەکەدا بەوردی گفتوگۆ لەسەر بارودۆخی هەستیاری ئێستای ناوچەکە، دەرهاویشتەکانی ئەم جەنگە، و ئاستی ئامادەیی هێزە ئەمنییەکانی عیراق کراوە.

هەروەها ئەنجومەنەکە تاوتوێی پرسی بەڕێوەبردنی مەترسییە نیشتمانییەکانی کردووە، بەتایبەتی گرژییەکان و جەنگی ئێستا و لێکەوتەکانی لەسەر ئاسایشی نیشتمانیی عیراق، و لەم رووەوە بڕیاری پێویستی لەبارەیانەوە داوە.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

سکرتێری ئەنجومەنی پشتیوانیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، لە پەیامێکدا بەبۆنەی 35یەمین ساڵڕۆژی راپەڕینە مەزنەکەی بەهاری ساڵی 1991، پیرۆزبایی گەرم ئاراستەی کۆمەڵانی خەڵک و هێزەکانی پێشمەرگەی کوردستان دەکات.

لە پەیامەکەدا هاتووە کە راپەڕین دەستکەوتێکی گرنگی شۆڕشی نوێی گەلەکەمان بوو، کە بە رێبەرایەتیی یەکێتی و بە هەماهەنگی لەگەڵ هێز و لایەنە سیاسییەکانی ناو بەرەی کوردستانی لە 5ی ئادار لە شاری رانیەی دەروازەی راپەڕینەوە دەستی پێکرد و لە چەند رۆژێکدا تەواوی دامودەزگا داپڵۆسێنەرەکانی رژێمی بەعسی تێدا تێکشکێندرا.

لە کۆتایی پەیامەکەشدا، سکرتێری ئەنجومەنی پشتیوانیی یەکێتی سڵاو و دروود بۆ گیانی پاکی شەهیدان و قارەمانانی زیندانیی سیاسی و پێشمەرگە دێرینەکان و کەمئەندامانی سەنگەر دەنێرێت، کە بە خوێن و خەبات و پشتیوانیی ئەوان ئەم راپەڕینە سەرکەوتنی بەدەستهێنا.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان، لە پەیامێکدا بەبۆنەی یادی 35 ساڵەی راپەڕینەوە پیرۆزبایی لە خەڵکی کوردستان دەکات و هۆشداری دەدات لەو دۆخە سەختەی بەهۆی جەنگەکانی ناوچەکەوە رووبەڕووی هەرێم بووەتەوە.

دەقی پەیامەکە:

یادی ٣٥ ساڵەی راپەڕینە مەزن و شکۆدارەکەی گەلەکەمان لە هەموو خەڵکی کوردستان پیرۆزبێت.

ئەمساڵ لە کاتێکدا ئەم یادە مەزنە دەکەینەوە کە هەرێمی کوردستان وەک دەستکەوتی راپەڕین و گەورەترین دەستکەوتی کورد بەهۆی جەنگ و ئاڵۆزییەکانی ناوچەکەوە لە دۆخی سەخت و ناخۆشدایە.

هەربۆیە ئەرکی هەموو هێزە سیاسییەکانی کوردستان و یەک بە یەکمانە بە یەکگرتوویی و یەکڕیزیمان ئەم دەستکەوتە بپارێزین.

جارێکی دیکە جەخت دەکەینەوە لەسەر هەڵوێستی نەگۆڕمان کە ئاشتی و گفتوگۆ تەنها رێگەیە بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان و هیوادارین لایەنەکانی ئەم جەنگە هەرچی زووتر بگەڕێنەوە بۆسەر مێزی گفتوگۆ و دانووستان.

 

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

بافڵ جەلال تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، لە پەیامێکدا بەبۆنەی 35 ساڵەی راپەڕینەوە، پەیامێکی یەکڕیزی بڵاودەکاتەوە و جەخت لە دوورخستنەوەی ململانێکان لە هەرێمی کوردستان دەکات.

دەقی پەیامەکە:

لە یادی 35 ساڵەی راپەڕینە مەزنەکەی گەلەکەمان، پیرۆزبایی گەرم لە یەک بە یەکی خەڵکە خۆشەویستەکەمان دەکەم. بە وەفادارییەوە لەبەردەم کێلی تێکۆشەرەکانمان سەری رێز دادەنەوێنم و بەڵێن دەدەم هەمیشە لەسەر رێبازەکەیان بەردەوامبم بۆ خزمەتکردن و پاراستنی خەڵک و خاکەکەمان.

راپەڕین کە لە رانیەی خۆشەویستەوە بڵێسەیدا، سەرەتای وەرچەرخان و سەردەمێکی نوێ بوو بۆ گەلەکەمان کە یەکێتی شانازی خاوەندارێتی ئەم دەستکەوتە مێژووییەی پێبڕاوە.

ئێمە لە یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان کە ئەندازیاری راپەڕینین، بە شانازییەوە یادی هەموو ئەو قارەمانانەمان دەکەینەوە کە شۆڕشی نوێیان هەڵگیرساند و بۆ ساتێکیش شۆڕشیان جێنەهێشت.

لەم رۆژەدا بەرپرسیارێتی هەموومانە بە پێکەوەیی و رۆحیەتی نیشتمانیی دوور لە دروشم هەنگاو بنێین بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانمان و یەک دەنگی و یەک گوتاری گەلەکەمان بنیادبنێینەوە و حکومەتێک دروستبکەین کە خزمەتی خەڵک بکات و لە ئاست داخوازیی و پێویستییەکاندا بێت کە دڵنیام ئەمە باشترین وەفایە بۆ خەڵکەکەمان و ئەو قارەمانانەی راپەڕینیان کرد.

لەم دۆخە هەستیار و ناسەقامگیرەی ناوچەکەمانی پێداتێپەڕدەبێت هەموو هەوڵمان بۆ پاراستنی سەقامگیریی وڵات و دوورخستنەوەی ململانێکانە لە خاکەکەمان.

سڵاو لە گیانی پاکی شەهیدانی راپەڕین و سەرجەم شەهیدانی سەربەرزی کوردستانەکەمان، سەربەرزی بۆ کەسوکارە تێکۆشەرەکانیان.

بافڵ جەلال تاڵەبانی 
سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

ئەلێکساندەر دوگین، بیرمەندی ناسراو و دامەزرێنەری قوتابخانەی جیۆپۆلەتیکی رووسی، لە پلاتفۆرمی ئێکس ستایشی هەڵوێستێکی قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان دەکات سەبارەت بە بێلایەنیی هەرێم لەم جەنگەدا.

دوگین، کە هەڵگری بڕوانامەی دکتۆرایە لە کۆمەڵناسی، زانستە سیاسییەکان و فەلسەفە و وەک دامەزرێنەری بزووتنەوەی ئۆراسیا و یەکێک لە ستراتیژیستە نزیکەکان لە پوتین دەناسرێت، لێدوانە نوێیەکەی قوباد تاڵەبانیی، لە هەژماری تایبەتی خۆی بڵاوکردووەتەوە، وەک دەربڕینی پشتگیری و سەرسامییەک بۆ بڕیارەکەی جێگری سەرۆک وەزیران، دوگین لەسەری نووسیوە: "زۆر دووربینانەیە".

لەو لێدوانەی کە دوگین ئاماژەی پێداوە، قوباد تاڵەبانی بە راشکاوی رایدەگەیەنێت کە هەرێمی کوردستان نابێتە بەشێک لەو ململانێ و جەنگە بەردەوامەی کە ئێستا لە نێوان ئێران و ئەمریکا و ئیسرائیلدا بەڕێوەدەچێت. جێگری سەرۆک وەزیران جەخت لەوەش دەکاتەوە کە هەرێمی کوردستان "بە تەواوی بێلایەنیی خۆی دەپارێزێت".

ئەم کاردانەوەیەی بیرمەندێکی وەک دوگین نیشانەی ئەوەیە کە بڕیارەکەی سەرکردایەتیی هەرێم بۆ تێوەنەگلان لەم شەڕەدا، لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی و لای زلهێزەکانی وەک روسیاش بە هەنگاوێکی زۆر ژیرانە و ستراتیژی سەیر دەکرێت.

 

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

محەمەد شیاع سوودانی، فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی عیراق، بڕیاریدا بە لەکارلادانی سەرجەم بەرپرسانی دەزگا هەواڵگرییەکان لە کەرتی ئۆپەراسیۆنەکانی دەشتی نەینەوا.

بەپێی راگەیەندراوێکی نووسینگەی راگەیاندنی سەرۆکوەزیرانی عیراق کە ئەمڕۆ چوارشەممە (4ی ئازاری 2026) بڵاوکراوەتەوە، محەمەد شیاع سوودانی وەک فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکان، فەرمانی داوە بە بەخشین و دوورخستنەوەی گشت بەرپرسانی سەر بە دەزگا هەواڵگرییەکان لە سنووری کەرتی ئۆپەراسیۆنەکانی دەشتی نەینەوا.

کەناڵی حەدەس رایگەیاندووە؛ هۆکارەکەی بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە ئەو هێزانە هێرشیانکردووەتە سەر هەرێمی کوردستان.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە
1...252253254255256...1226