دوای هێرشە موشەکییەکانی ئێران بۆ سەر ئیسرائیل، لێپرسراوانی ئێران باس لە تێکشکانی سیستمی بەرگریی ئیسرائیل و دروستبوونی دڵەڕاوکێ لە تەلئەبیب دەکەن.
عەباس عراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران رایگەیاند، بنیامین ناتانیاهۆ نایەوێت جیهان ئەو راستییە ببینێت کە چۆن هێزە چەکدارەکانی ئێران سزای ئیسرائیلیان داوە.
عراقچی ئاماژەی بەوەکردووە، بەپێی ئەو راپۆرتانەی لە مەیدانی جەنگەوە پێیان گەیشتووە، موشەکەکانی ئێران وێرانکارییەکی گشتگیریان ناوەتەوە و هێزەکانی ئیسرائیلیان تووشی شڵەژان و دڵەڕاوکێ کردووە،
جەختیشی لەوەکردەوە کە "ئەمە تەنها سەرەتایە".
لەلایەکی دیکەوە، سوپای پاسدارانی ئێران وردەکاری نوێی هێرشەکانی بڵاوکردەوە و رایگەیاند، شەپۆلی 37ـی ئۆپەراسیۆنی "بەڵێنی راستەقینەی چوار" بۆ ماوەی سێ سەعات بەردەوام بووە. لەو هێرشانەدا بۆ یەکەمجار زۆرترین ژمارەی موشەکی جۆری "خوڕەمشەهەر" کە بە موشەکی زەبەلاح و "قورسی بێوێنە" دادەنرێن، بە شێوەیەکی فرەچین و چڕ ئاڕاستەی بنکەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل کراون.
ئەمش لەکاتێکدایە، میدیا جیهانییەکان وەک "فرانس24" ئاماژە بەوە دەکەن کە سوپای ئیسرائیل پەخشی راستەوخۆی ئاسمانی و وێنەگرتنی شوێنی کەوتنی موشەکەکانی لە نزیک بنکە ئەمنییەکان قەدەغە کردووە، ئەوەش وەک هەوڵێک بۆ شاردنەوەی قەبارەی ئەو زیانانەی بەر ناوچە هەستیارەکان کەوتوون.
نێردەی تایبەتی ئەمریكا بۆ رۆژهەڵاتی ناوەڕاست رایگەیاند كە ئەمریكا توانیویەتی تا ئێستا سێ دامەزراوەی پیتاندنی یۆرانیۆم لە ئێران لەناو بەرێت.
ستیڤ ویتكۆف نێردەی تایبەتی ئەمریكا رایگەیاند كە وڵاتەكەی ناوەندە سەرەكییەكانی پیتاندنی یۆرانیۆمی لە نەتەنز و ئەسفەهان و فۆردۆ تێكشكاندووە، ئەم هەنگاوەش بۆ رێگری بوو لە هەوڵەكانی تاران بۆ پەرەپێدانی بەرنامە ناوەكییەكەی و پاراستنی رەوشەكە لە مەترسی.
ئاماژەی بەوەشكرد، ئێران 460 كیلۆگرام یۆرانیۆمی پیتێنراوی هەبووە و دەیتوانی لە دە رۆژدا چەكی ئەتۆمی لێ دروست بكات.
دوای ئەوەی سەرۆکی ئەمریکا هۆشداری دایە ئێران لەبارەی چاندنی مینەوە، دواتر رایگەیاند 10 کەشتی ئەو وڵاتەیان لەکاتی چاندنی میندا تێکشکاندووە
سەرۆکی ئەمریکا، لەبارەی دەنگۆی چاندنی مین لە گەروی هورمزدا لەلایەن ئێرانەوە راگەیەنراوێکی بڵاوکردەوە و هۆشداریشی دایە ئێران لە ئەگەری ئەنجامدانی ئەو کارە.
لە سەرەتادا، دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا لە رێگەی پەڕەی تایبەتیی خۆی لە تروس سۆشیاڵ ئاماژەی بەوەدا، دەنگۆی ئەوە بڵاوبووەتەوە کە ئێران لە گەروی هورمز سەرقاڵی چاندنی مینە.
ئەوشی روونکردەوە، ئەگەر بەڕاستی ئێران مینی لە گەروەکەدا چاندبێت، ئەوا ئەمریکا دەخوازێت بە زووترین کات ئەو مینانە لاببرێن، ئەگەرنا لێکەوتەی سەربازیی قورستر لەسەر ئەو وڵاتە دروستدەبێت.
لەلایەکی تریشەوە، فەرماندەیی ناوەندیی ئەمریکا سێنتکۆم رایگەیاند، لەماوەی چەند سەعاتی رابردوودا توانیویانە 16 کەشتیی ئێران کە سەرقاڵی چاندنین مین بوون، لەلایەن هێزەکانیانەوە بەتەواویی تێکشکێنراون.
سەرۆک کۆمار پەیامێک ئاراستەی ڕێبەری باڵای کۆماری ئیسلامی ئێران دەکات
دەقی پەیامەکەی سەرۆک کۆمار:
ڕێبەری باڵای کۆماری ئیسلامی ئێران، جەنابی سەید موجتەبا عەلی خامنەیی
سڵاوی خودای گەورەتان لێبێت..
بەبۆنەی هەڵبژاردنتان وەک ڕێبەری باڵای کۆماری ئیسلامی ئێران، گەرمترین پیرۆزبایی خۆمان ئاراستەی ئێوە و گەلی کۆماری ئیسلامی ئێران دەکەین، هیوای سەرکەوتنتان بۆ دەخوازین لە بەجێگەیاندنی ئەو بەرپرسیارێتییە.
لە کاتێکدا هاوخەمی قووڵی خۆمان بەبۆنەی شەهیدبوونی ڕێبەری باڵای کۆماری ئیسلامی ئێران، سەید عەلی خامنەیی، و ژمارەیەک لەسەرکردە و بەرپرسان و هاووڵاتیانی ئێرانی (خودای گەورە بەر ڕەحمەتی خۆییان بخات) هاوسۆزی عێراق لەگەڵ گەلی دۆستی ئێران لەم کۆستە پڕ ئازارە دووپات دەکەینەوە، هیوادارین قۆناغی داهاتوو ببێتە هۆی وەستاندنی جەنگ و سەرکەوتنی زمانی گفتوگۆ و دانایی کە ئاسایش و سەقامگیری و خۆشگوزەرانی بۆ گەلی دۆستی ئێران مسۆگەر بکات.
ئەم دەرفەتە دەقۆزینەوە بۆ دووپاتکردنەوەی پشتیوانی عێراق بۆ هەموو هەوڵە ناوچەیی و نێودەوڵەتییەکان کە ئامانجیان کۆتاییهێنانە بە ململانێکان و کەمکردنەوەی گرژییەکانە، هەروەها بۆ کاری هاوبەش لەپێناوی چەسپاندن و بەهێزکردنی ئاسایش و ئاشتی و سەقامگیری لە سەرتاسەری ناوچەکەدا بەگشتی.
سڵاوی خودای گەورەتان لێ بێت.
د.لەتیف جەمال ڕەشید
سەرۆک کۆماری عێراق
١٠ی ئادار ٢٠٢٦
بافڵ جەلال تاڵەبانی سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، بەبۆنەی دەستنیشانکردنی رابەری نوێی کۆماری ئیسلامی ئێران، پەیامێکی پیرۆزبایی بڵاوکردووەتەوە.
دەقی پەیامەکە
پیرۆزبایی خۆمان ئاڕاستەی کۆماری ئیسلامیی ئێران دەکەین بەبۆنەی دەستنیشانکردنی ئایەتوڵڵا موجتەبا خامنەیی وەک ڕابەری باڵای نوێ.
هیوادارین ئەم هەنگاوە ببێتە هۆی کەمکردنەوەی گرژییەکان و بەرقەرارکردنی سەقامگیری و ئاشتییەکی بەردەوام بۆ ناوچەکە.
بافڵ جەلال تاڵەبانی
سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان
سەرۆک کۆمار و سوڵتانی عومان تاووتوێی بارودۆخی ناوچەکە و رەنگدانەوەکانی لەسەر ئاشتی و ئاسایشی نێودەوڵەتی کرد.
ئەمڕۆ، د. لەتیف رەشید سەرۆک کۆماری عیراق، ئەمڕۆ لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا لەگەڵ سوڵتان هەیسەم بن تاریق ئال سەعید، سوڵتانی عومان، بارودۆخی ناوچەکە و لێکەوتەکانی جەنگی لەسەر ئاسایش و سەقامگیریی هەرێمی تاووتوێ کرد.
هەردوولا جەختیانکردەوە، لەسەر گرنگیی ڕاگرتنی دەستبەجێی جەنگ، و چڕکردنەوەی هەوڵە دیپلۆماسییەکان بۆ کۆنترۆڵکردنی گرژییەکان و رێگریکردن لە فراوانبوونی بازنەی ململانێکان.
هەروەها پێویستیی رێزگرتن لە سەروەریی وڵاتان دووپاتکرایەوە، و زاڵکردنی زمانی عەقڵ و پەیڕەوکردنی چارەسەرە سیاسییەکان؛ بەو ئامانجەی ناوچەکە لە پەرەسەندنی زیاتری ئاڵۆزییەکان بەدوور بگرێت و ئاسایش و سەقامگیرییەکەی بپارێزرێت.
بە سەرپەرشتی سەرۆكی هەرێم، كۆبوونەوەیەكی باڵای سەربازی و ئەمنی لە سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستان بەڕێوەچوو و تێیدا، تاوتوێی دوایین پەرەسەندنە ئەمنییەكانی ناوچەكە و لێكەوتەكانی لەسەر هەرێمی كوردستان كرا.
ئەمڕۆ نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان و فەرماندەی گشتیی هێزەکانی پێشمەرگە، له سهرۆكایهتیی ههرێمی كوردستان، بە ئامادەبوونی جەعفەر شێخ مستەفا، جێگری سەرۆك، سەرپەرشتیی کۆبوونەوەیەکی باڵای سەربازی و ئەمنیی کرد کە تێیدا وەزیری پێشمەرگە، وەزیری ناوخۆ، سوپاسالاری پێشمەرگە و فەرماندە باڵاکانی هێزی پێشمەرگە ئامادەی بوون.
لە کۆبوونەوەکەدا، بە وردی تیشکخرایە سەر دوایین پەرەسەندنە ئەمنییەکانی ناوچەکە و لێکەوتەکانی شەڕ و کاریگەرییە مەترسیدارەکانی بۆ سەر هەرێمی کوردستان، ههروهها چهندین بڕیار و رێنمایی بۆ پتهوكردنی پاراستنی ئاسایش و ئارامیی ههرێمی كوردستان و چۆنیهتیی مامهڵهكردنی دهزگاكانی راگهیاندن لهگهڵ روداو و پێشهاتهكاندا دهرچوون.
نێچیرڤان بارزانی ئاماژەی بەوەکرد، هەرێمی کوردستان بە هیچ شێوەیەک نابێتە بەشێک لە شەڕ و ململانێکان و پاراستنی ئارامیی وڵات لە پێشینەی کارەکان دەبێت، هەر لەو چوارچێوەیەدا جەختکرایەوە به هیچ شێوهیهك رێگە نادرێت خاکی هەرێمی کوردستان ببێتە سەرچاوەی هەڕەشە و مەترسی بۆ سەر کۆماری ئیسلامیی ئێران یان هەر وڵاتێکی دیكهی دراوسێ.
لە تەوەرێکی دیکەدا، بە توندی سەرکۆنەی ئەو هێرشە تێکدەرانە کرا کە لەلایەن گرووپە لەیاسادەرچووەکانی عیراقەوە بە درۆن و موشەک دەکرێنە سەر هەرێمی کوردستان و زیانی گیانی و ماڵییان لێ كهوتووهتهوه، لهمبارهیەوه ئەوەخرایەڕوو كه حکومەتی فیدراڵیی عیراق بەرپرسیاره لهوهی ئهركی خۆی جێبەجێ بکات بۆ رێگریکردن لەو هێرشانە و دۆزینەوە و سزادانی ئەنجامدەرانی، چونکە ئەم پەلامارانە پێشێلکارییەکی روونی سەروەریی وڵاتن و هەڕەشەن بۆ سەر سەقامگیریی گشتی.
لە کۆبوونەوەکەدا، هاوسۆزی و هاوخهمی لەگەڵ خێزان و بنهماڵهی شەهید و بریندارانی هێرشهكانی سهر ههرێمی كوردستان دووپات كرایهوه، هەروەها دەستخۆشی لە هێزەکانی پێشمەرگە و دامەزراوە ئەمنییەکان کرا بۆ ماندووبوون و شەونخونییان لەپێناو پاراستنی خاک و خەڵکی کوردستان.
وەزیری جەنگی ئەمریکا دەڵێت؛ توانای موشەکیی ئێرانیان لەناوبردووە و بڕیاری راگرتنی جەنگ لە دەستی ترەمپە.
پیت هیگسێس وەزیری جەنگی ئەمریکا لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، تواناکانی تاران لە بەرهەمهێنانی موشەک بە تەواوی لەناوبراون و هێزە ئەمریکییەکان توانیویانە مەترسییەکانی سەر دەریا کەم بکەنەوە.
وتیشی، تاران تۆمەتبارە بەوەی کە مەدەنییەکان دەکاتە ئامانج و لەناو نەخۆشخانە و قوتابخانەکانەوە موشەک ئاراستە دەکات.
وەزیری جەنگی ئەمریکا ئەوەشی خستەڕوو، توانای ئێران بۆ هەڵدانی موشەک بە شێوەیەکی بەرچاو کەمی کردووە و ژێرخانی سەربازیی ئەو وڵاتە ئامانجی سەرەکیی هێرشەکانیانە.
راشیگەیاند، ئێران ئێستا تەنهایە و لەم جەنگەدا دەدۆڕێت، ئاماژەی بەوەشکرد کە ئەرکی لەپێشینەیان پاراستنی هێزە دەریاییەکانی ئەمریکا و رێگریکردنە لەوەی ئێران ببێتە خاوەنی چەکی ئەتۆمی.
سەبارەت بە راگرتنی جەنگ و کۆتاییهێنان بە هێرشەکان پیت هیگسێس ئاشکرایکرد، کاتێک جەنگ رادەگیرێت، کە ترەمپ بریار دەدات و بڕیاری کۆتایی تەنها لای سەرۆکی ئەمریکایە.
نوسینگەی راگەیاندنی پارێزگاری کەرکوک بڵاویکردەوە، سبەینێ بەبۆنەی یادی شەهیدکردنی ئیمام عەلی ، لەسەرجەم دامودەزگاکانی حکومەت و ناوەندەکانی خوێندن پشووی رەسمییە.
نوسینگەی راگەیاندنی رێبوار تەها پارێزگاری کەرکوک ئاشکرایکرد، رێبوار تەها، پارێزگاری کەرکوک، بڕیاریدا سبەینێ چوارشەممە رۆژی 11ـی ئاداری2026 لە سەرجەم دامودەزگاکانی حکومەت و ناوەندەکانی خوێندن بکرێتە پشووی رەسمیی.
بەپێی راگەیەنراوەکە ، پشووەکە سەرجەم فەرمانگە حکومییەکان، کۆلێژەکان، قوتابخانەکان و باخچەکانی منداڵان دەگرێتەوە، بڕیارەکەش بەبۆنەی یادی شەهیدکردنی ئیمام عەلی (سڵاوی خوای لێبێت) دراوە، وەک رێزگرتنێک لەو یادە ئایینییە لە سنوری پارێزگای کەرکوک.

وەک کاردانەوەیەک بەرانبەر هێرشە بەردەوامەکان بۆ سەر نێردە دیپلۆماسییەکان، حکومەتی هەرێم داوا دەکات رێگری لە گروپە لەیاسادەرچووەکان دەکرێت.
فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی هەرێمی کوردستان لە تاگەیەندراوێکدا سەرکۆنەی توندی هێرشەکانی ئەم دواییەی کرد بۆ سەر هاووڵاتیان، دامەزراوە مەدەنییەکان و نێردە دیپلۆماسییەکان، جەختیشی کردەوە، بە ئامانجگرتنی نێردە دیپلۆماسییەکان پێشێلکردنی راشکاوی یاسا نێودەوڵەتییەکانە.
لە راگەیەنراوەکەدا ئاماژە بەوەشکراوە، هەرێمی کوردستان بە هیچ شێوەیەک بەشێک نییە لەو شەڕ و ململانێیانە و هەمیشە لایەنگری ئاشتی و سەقامگیری بووە.
فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوە داوای لە حکومەتی عیراق کرد، بەرپرسیارێتی پاراستنی سەروەریی وڵات بگرێتە ئەستۆ و رێگری لەو گروپە لەیاسادەرچووانەی ناوخۆی عیراق بکات کە هەرێمی کوردستان بە ئامانج دەگرن.
ناتانیاهۆ دەڵێت، ئەوپەڕی توانایان بۆ لاوازكردنی ئێران بەكاردەهێنن، بەڵام گۆڕینی دەسەڵاتی ئێران پەیوەستە بە خواستی خەڵكی ئەو وڵاتەوە.
بنییامین ناتانیاهۆ سەرۆك وەزیرانی ئیسرائیل لە سەردانێكدا بۆ ناوەندی نیشتمانیی ئۆپراسیۆنە بەپەلەكان رایگەیاند، ئامانج لە ئۆپراسیۆنە هاوبەشەكانی ئەمریكا و ئیسرائیل لاوازكردنی دەسەڵاتی ئێرانە و هەموو توانایەكیان بۆئەو مەبەستە دەخەنەگەڕ، بەڵام لە كۆتاییدا بڕیاری گۆڕینی دەسەڵات بەدەستی خەڵكی ئێرانە.
وتیشی، ئەگەر ئەمریكا و ئیسرائیل بتوانن لەگەڵ گەلی ئێران ئامانجەكانیان بەدیبهێنن، ئەو كاتە كۆتاییەكی هەمیشەیی بۆ دەسەڵاتی ئێران دادەنێن و گۆرانكاڕی دروست دەكەن.
ناتانیاهۆ ئاماژەی بەوەشكرد، لەئێستادا گۆڕانكارییكی گەورە لە پێگەی ئیسرائیل هەیە لە گۆڕەپانی نێودەوڵەتیدا.
راوێژكارانی سەرۆكی ئەمریكا بە نهێنی كار بۆئەوە دەكەن ترەمپ رازی بكەن لە شەڕی ئێران بكشێتەوە.
رۆژنامەی وۆڵ ستریت جۆرناڵی ئەمریكی ئاشكرایكردووە، راوێژكارانی دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمریكا بە نهێنی لە هەوڵی ئەوەدان ترەمپ رازی بكەن لە شەڕی ئێران بكشێتەوە و داوا دەكەن، سەرۆكی ئەمریكا روونی بكاتەوە كە سوپای وڵاتەكەی بەشێكی زۆر لە ئامانجەكانی لە ئێران بەدەستهێناوە.
ئەو راوێژكارانە دەیانەوێت ترەمپ هان بدەن رایبگەیەنێت كە بەرنامە موشەكییەكەی ئێرانیان شكستپێهێناوە و كەشتییەكانی ئەو وڵاتەشیان لەناوبردووە، توانای ئێرانیشیان بۆ پشتیوانیكردنی گروپەكانی ناوچەكە پەكخستووە و رێگریشیان كردووە لەوەی ئێران ببێتە خاوەنی چەكی ئەتۆمی.
سوپای پاسدارانی ئێران وەڵامی ترەمپ دەداتەوە و دەڵێت، تا هێرشەكان رانەگیرێن رێگە بە گواستنەوەی نەوت نادەن لە گەروی هورمز.
عەلی محەمەد ناینی وتەبێژی سوپای پاسدارانی ئێران رایگەیاند، ئامادەن بۆ روبەڕوبونەوەی كەشتیگەلی ئەمریكی لە گەروی هورمز، جەختیشیكردەوە، تاران رێگە بە هەناردەكردنی یەك لیتر نەوت نادات لە رێی گەروی هورمزەوە ئەگەر هێرشەكانی ئەمریكا و ئیسرائیل دژی ئێران بەردەوام بن.
لەبارەی لێدوانەكانی ترەمپیشەوە كە وتبوی جەنگی ئێران لە كۆتایی نزیك دەبێتەوە بەڵام لەم هەفتەیەدا نا، وتەبێژی سوپای پاسداران رایگەیاند، ئێران وادەی كۆتاییهاتنی جەنگ دیاری دەكات.
سەرۆکی ئەمریکا لە نوێترین لێدوانیدا دەربارەی گرژییەکانی نێوان واشنتۆن و تاران، سەرکەوتنی گەورەی وڵاتەکەی لە ئۆپەراسیۆنی "تووڕەیی قارەمانانە" راگەیاند و ئاماژەی بەوەکرد، کە هێزەکانیان گورزێکی کوشندەیان لە ئێران داوە.
دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاند، لە ماوەی تەنها سێ رۆژ و نیودا، هێزەکانی ئەمریکا توانیویانە 46 کەشتیی جەنگیی ئێران نوقم بکەن و هێزی دەریایی ئەو وڵاتە بە تەواوەتی تێکبشکێنن.
سەرۆکی ئەمریکا جەختی کردەوە، ئەگەر ئەو ئۆپەراسیۆنە سەربازییانە ئەنجام نەدرانایە، ئێران دەبووە خاوەنی چەکی ئەتۆمی، وتیشی: "نزیکەی %80ی پێگە و سەکۆکانی هەڵدانی موشەکی ئێرانمان وێران کردووە."
دۆناڵد ترەمپ ئاماژەی بەوەکرد، جەنگی دژی ئێران بەردەوامە و تا بنبڕکردنی تەواوەتی مەترسییەکانی تاران و تێکشکاندنی توانای درۆنی و موشەکی ئەو وڵاتە، لە هێرشەکانیان ناوەستن.
راشیگەیاند، ئەوان لەسەر رژێمێک سەرکەوتوون کە 47 ساڵە هەڕەشە لە ئەمریکا دەکات، بەڵام هێشتا سەرکەوتنەکە نەگەیشتووەتە ئەو ئاستە کۆتاییەی کە مەبەستیانە.
هەر لە لێدوانەکەیدا، ترەمپ رەخنەی توندی لە ئیدارەی پێشوو گرت و وتی، لە سەردەمی بایدندا ئەمریکا مەزن نەبوو و رێگە درا "خەڵکی خراپ و تیرۆریست" روو لەو وڵاتە بکەن، بەڵام ئێستا بارودۆخەکە گۆڕاوە.
شەوی رابردوو، بە چەند درۆنێکی بۆمڕێژکراو هێرشکرایە سەر هەولێر و دژەتیرۆری هەولێریش دەلێت سەرجەم درۆنەکان لەلایەن هێزەکانی هاوپەیمانانەوە تێکشکێندراون.
بەپێی راگەیەنراوێکی دژەتیرۆری هەولێر، سەعات 10:24ـی شەوی دووشەممە، هێزەکانی هاوپەیمانان توانیویانە سێ درۆنی بۆمبڕێژکراو لە ئاسمانی هەولێر دەستنیشان بکەن و دەستبەجێ بیانتەقێننەوە.
راشیگەیاند، پاشماوە و پارچەی یەکێک لە درۆنە تێکشکاوەکان لە نزیک کونسوڵخانەی ئیمارات لە هەولێر کەوتووەتە خوارەوە.
دژەتیرۆری هەولێر ئاماژەی بەوەشکرد، خۆشبەختانە روداوەکە هیچ زیانێکی گیانیی لێ نەکەوتووەتەوە و بارودۆخی ناوچەکە لەژێر کۆنترۆڵدایە.
کۆشکی سەرۆکایەتی روسیا 'کرملن' بڵاویکردەوە، پوتن لەگەڵ ترەمپ دەربارەی ئێران قسەی كرد و پوتن، چەند پێشنیازێكی خستووەتە بەردەم ترەمپ بۆ كۆتاییهێنان بە جەنگی ئێران بە خێرایی.
یوری ئۆشاکۆڤ، یاریدەدەری سەرۆکی روسیا رایگەیاند، ئەمڕۆ دووشەممە، ڤلادیمێر پوتن سەرۆکی روسیا و دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا، لە رێگەی پەیوەندییەکی تەلەفۆنییەوە دواین پەرەسەندنە نێودەوڵەتییەکانیان تاوتوێ کردووە.
ئۆشاکۆڤ ئاماژەی بەوەکرد، پەیوەندییەکە لەسەر داوای ترەمپ بووە و نزیکەی سەعاتێکی خایاندووە، گفتوگۆکە بە شێوەیەکی راستەوخۆ و بونیاتنەرانە بەڕێوەچووە، کە تێیدا جەخت کراوەتەوە سەر ململانێی ئێستا و دانوستانە دووقۆڵییەکان.
لە بەشێکی تری کۆبوونەوەکەدا، هەردوو سەرۆک هەڵسەنگاندنیان بۆ رەوشی ئێران و ئۆپراسیۆنە سەربازییەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل کردووە، ئۆشاکۆڤ وتیشی، ئاڵوگۆڕی بیروڕای قووڵ و بەسوود لەسەر رەوشی ناوخۆیی ئێران و کاریگەرییەکانی لەسەر ناوچەکە ئەنجامدراوە.
هەروەها رەوشی ڤەنزوێلا و کاریگەرییەکانی لەسەر بازاڕی نەوتی جیهانی تەوەرێکی تری گفتوگۆکانی نێوان پوتن و ترەمپ بووە،هەردووکیان رێککەوتوون لەسەر ئەوەی کە ئەم جۆرە پەیوەندییانە بە شێوەیەکی بەردەوام و رێکخراو لە نێوانیاندا بەردەوام بێت.