بەبۆنەی کۆچی دوایی ساڵح موسلیم سیاسەتمەداری کورد لە رۆژئاوا، شاناز ئیبراهیم ئەحمەد، خانمی یەکەمی عیراق پەیامێکی بڵاوکردەوە و تێیدا هاتووە؛ پرسە و سەرەخۆشی خۆم ئاراستەی گەلی کورد لە رۆژئاڤای کوردستان و سەرجەم کوردستانیان دەکەم بەبۆنەی کۆچی دوایی کەسایەتیەکی مەزنی وەک هەڤاڵ ساڵح موسلیم
شاناز ئیبراهیم ئەحمەد ئاماژەی بەوەشکردوە، برای ئازیزم ساڵح موسلیم شۆڕشگێڕێک بوو کە هیچ کات ماندوو نەدەبوو لە پێناو دۆزی ڕەوای گەلەکەمان و هەموو کات دووبارەی دەکردەوە و دەیوت کورد پێویستە یەک دەنگ و یەکگرتووبن.
دەقی پەیامەکەی شاناز ئیبراهیم ئەحمەد، خانمی یەکەمی عیراق
ساڵح موسلیم شۆڕشگێڕێک لەپێناوی گەلەکەیدا
پرسە و سەرەخۆشی خۆم ئاراستەی گەلی کورد لە ڕۆژئاڤای کوردستان و سەرجەم کوردستانیان دەکەم بەبۆنەی کۆچی دوایی کەسایەتیەکی مەزنی وەک هەڤاڵ ساڵح موسلیم.
برای ئازیزم ساڵح موسلیم شۆڕشگێڕێک بوو کە هیچ کات ماندوو نەدەبوو لە پێناو دۆزی ڕەوای گەلەکەمان و هەموو کات دووبارەی دەکردەوە و دەیوت کورد پێویستە یەک دەنگ و یەکگرتووبن، ئەو هەمیشە جەختی لە ئازادیخوازی و خەباتی مەدەنی دەکردەوە، لەدەستدانی هەڤاڵ موسلیم کۆستێکی گەورەیە بۆ گەلەکەمان لە ڕۆژئاوا بە تایبەتی و هەموو گەلی کورد بەگشتی بەڵام دڵنیاین ڕێبازەکەی و بیروفکری شۆڕشگێرانەی بۆ هەمیشە دەمێنێتەوە داواکارم خوای گەورە ڕۆحی پاکی بە بەهەشتی بەرینی شاد بکات.
شاناز ئیبراهیم ئەحمەد

بە بۆنەی کۆچی دوایی ساڵح موسلیم، سیاسەتمەدەری کورد لە رۆژئاوا، قوباد تاڵەبانی پەیامێکی هاوخەمی بڵاوکردوەتەوە و تێیدا هاتووە؛ گەلی کورد هەرگیز خەبات و ماندووبوونی ئەم سەرکردە مەزنەمان لەبیر ناکات.
ئاماژەی بەوەشکردوە، هەواڵی مردنی سەرکردەی مەزن و خەباتکاری ناسراوی کورد ناخۆشترین و دڵتەزێنترین هەواڵە بۆ هەر کوردێک و بۆ هەر دۆست و دڵسۆزێکی کورد.
دەقی پەیامەکەی قوبادد تاڵەبانی
کۆچی دوایی بەڕێز ساڵح موسلیم، سەرکردەی مەزن و خەباتکاری ناسراوی کورد ناخۆشترین و دڵتەزێنترین هەواڵە بۆ هەر کوردێک و بۆ هەر دۆست و دڵسۆزێکی کورد.
گەلەکەمان لە رۆژئاوای کوردستان لەم قۆناغە سەختەدا زۆر پێویستییان بە حیکمەت و شارەزایی و ئەزموونە دەوڵەمەندەکەی لە سەرکردایەتیدا هەبوو، بەڵام دڵنیاین هەڤاڵەکان و قوتابییەکانی بە ژیری و بە دڵسۆزییەوە کاروانی خەبات و تێکۆشانەکەی سەرکەوتووانە بە سەرمەنزڵ دەگەیەنن.
بەم بۆنە خەمناکەوە لە قووڵایی دڵەوە سەرەخۆشی لە خۆمان و گەلەکەمان لە رۆژئاوای کوردستان و خانەوادە کوردپەروەرەکەی و هەموو هەڤاڵە تێکۆشەرەکانی دەکەین. گەلی کورد هەرگیز خەبات و ماندووبوونی ئەم سەرکردە مەزنەمان لەبیر ناکات.
یادی بۆ هەمیشە لە دڵماندا زیندوو دەمێنێتەوە و رێبازەکەشی هەر بەرەو سەرکەوتن هەنگاو دەنێت.
بەبۆنەی کۆچی دوایی سیاسەتمەداری کورد، ساڵح موسلیم، بافڵ جەلال تاڵەبانی پەیامێکی بڵاوکردەوە و رایگەیاند، لە دڵەوە نیگەران بووم بە کۆچی دوایی بەڕێز ساڵح موسلیم، ئەندامی دەستەی سەرۆکایەتیی پارتی یەکێتیی دیموکراتی (پەیەدە).
ئاماژەی بەوەشکردوە، ساڵح موسلیم وەک یەکێک لە سەرکردە دیارەکانی رۆژئاوای کوردستان رۆڵی لە پرسە نەتەوەیی و نیشتمانییەکاندا بەرچاو بوو و پەیوەندی بەهێزی لەگەڵ یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان فاکتەرێکی بەهێزی یەکدەنگیمان بوو بۆ داکۆکیکردن لە مافەکانی گەلەکەمان.
دەقی پەیامەکەی بافل جەلال تاڵەبانی
لە دڵەوە نیگەران بووم بە کۆچی دوایی بەڕێز ساڵح موسلیم، ئەندامی دەستەی سەرۆکایەتیی پارتی یەکێتیی دیموکراتی (پەیەدە).
بۆ ئەم خەمە پرسە و سەرەخۆشی لە خەڵکی رۆژئاوای کوردستان، هەڤاڵانی پەیەدە و کەسوکاری سەربەرزی کۆچکردوو دەکەم و هاوبەشی خەمیانم.
بەڕێز ساڵح موسلیم وەک یەکێک لە سەرکردە دیارەکانی رۆژئاوای کوردستان رۆڵی لە پرسە نەتەوەیی و نیشتمانییەکاندا بەرچاو بوو و پەیوەندی بەهێزی لەگەڵ یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان فاکتەرێکی بەهێزی یەکدەنگیمان بوو بۆ داکۆکیکردن لە مافەکانی گەلەکەمان.
رۆحی هەڤاڵی کۆچکردوو بۆ هەمیشە شادبێت، خوای گەورە ئارامی و دڵنەوایی بە هەموو لایەک ببەخشێت.
بافڵ جەلال تاڵەبانی
سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان
بەبۆنەی کۆچی دوایی، سالح موسلیم ئەندامی دەستەی سەرۆکایەتی پارتی یەکێتیی دیموکرات (پەیەدە) مکتەبی سیاسی یەکێتیی نیشتیمانیی کوردستان پەیامێکی بڵاوکردەوە و تێیدا هاتووە؛ لەناخی دڵەوە پرسە و ماتەمی خۆمان ئاراستەی خانەوادە تێکۆشەر و نیشتمانپەروەرەکەیان و گشت هەڤاڵانی پەیەدە و دۆست و لایەنگرانیان دەکەین.
ئاماژەیان بەوەشکردوە، بەڕێز ساڵح موسلیم ، لەسەرەتای شۆڕشی گەلی سوریا و ڕۆژئاوای کوردستانەوە ، لەڕێگەی پارتی یەکێتیی دیموکراتەوە لەگەڵ تێکۆشەرانی تر نمونەیەکی گرنگ و بەرچاویان پێشکەش کرد لە تێکۆشان بۆ بە بەدەستهێنانی مافەکانی گەلی کورد لەڕۆژئاوا
دەقی پەیامەکەی مەکتەبی سیاسی یەکێتی
بۆ کۆچی دوایی تێکۆشەر و سیاسەتمەداری ڕۆژئاوای کوردستان بەڕێز ساڵح موسلیم، ئەندامی دەستەی سەرۆکایەتی پارتی یەکێتیی دیموکرات (پەیەدە) ، لەناخی دڵەوە پرسە و ماتەمی خۆمان ئاراستەی خانەوادە تێکۆشەر و نیشتمانپەروەرەکەیان و گشت هەڤاڵانی پەیەدە و دۆست و لایەنگرانیان دەکەین .
بەڕێز ساڵح موسلیم ، لەسەرەتای شۆڕشی گەلی سوریا و ڕۆژئاوای کوردستانەوە ، لەڕێگەی پارتی یەکێتیی دیموکراتەوە لەگەڵ تێکۆشەرانی تر نمونەیەکی گرنگ و بەرچاویان پێشکەش کرد لە تێکۆشان بۆ بە بەدەستهێنانی مافەکانی گەلی کورد لەڕۆژئاوا و بەرپاکردنی ئەزموونی خۆسەری گەلەکەمان لەو بەشەدا.
موسلم هەروەها باوکی شەهید شەڕڤانە کە گیانی بە ئازادی وڵات بەخشی، کۆچی دوایی ئەم تێکۆشەرەی گەلەکەمان خەسارەتێکە لە کاروانی تێکۆشانی ڕۆژئاوا و دیموکراتیزەکردنی سوریای نوێ .
مەکتەبی سیاسی
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، لە لێدوانێکی نوێدا دەربارەی جەنگەکەیان لەگەڵ ئێران رایگەیاند، سوپای ئەمریکا دەستکەوتی زۆری بەدەستهێناوە، کە کەس پێشبینی نەدەكرد و پرۆسە سەربازییەکانیان زۆر لە خشتەی کاتیی دیاریکراو پێشترن.
ترەمپ جەختی لەوە کردەوە، کە ئەم ئۆپەراسیۆنە کورتخایەنە رێگر دەبێت لە هەڵگیرسانی جەنگێکی گەورە و ماڵوێرانکەر، ئاماژەی بەوەش دا، کە جەنگ بۆ ئەمریکا "کارێکی ئاسانە" و تا ئێستا توانیویانە بنکەکانی بەرهەمهێنانی درۆن و نزیکەی 28 بەلەمی سەربازیی ئێران کە خەریکی چاندنی مین بوون، لەناو ببەن.
لە بەشێکی تری قسەکانیدا، سەرۆکی ئەمریکا ئاشکرای کرد، کە هێزەکانیان دوو جار سەرکردایەتی باڵای ئێرانیان کردووەتە ئامانج و بە تەواویش هێزی دەریایی ئەو وڵاتەیان پەکخستووە.
سەبارەت بە لێکەوتە ئابوورییەکانیش، دڵنیایی دایە بازاڕەکانی جیهان، کە رەوشەکە لەژێر کۆنترۆڵدایە و بەم نزیکانە نرخی نەوت دادەبەزێنن، ئەمەش وەک ئاماژەیەک بۆ سەرکەوتنی ستراتیژیی ئەمریکا لەم روبەڕوبوونەوەیەدا.
رۆژنامەی وۆڵ ستریت جۆرناڵ لە نوێترین راپۆرتیدا رایگەیاندوە، سەرەڕای هەڵگیرسانی جەنگ و ئاڵۆزییەکان لە ناوچەکە، ئامارەکان دەریدەخەن، کە ئێران توانیویەتی کۆنترۆڵی گەرووی هورمز بکات و ئاستی هەناردەکردنی نەوتەکەی تەنانەت بۆ زیاتر لە قۆناغی پێش جەنگ بەرز بکاتەوە.
رۆژنامکە ئاماژەی بەوەکردوە، لە کاتێکدا وڵاتانی تری کەنداو وەک سعودیە و عیراق بەدەست دۆزینەوەی رێگەی جێگرەوە بۆ دەربازبوون لەو گەرووە دەناڵێنن، ئێران بە هاوکاری "کەشتیگەلە سێبەرەکان" و کڕیارە چینییەکان، رۆژانە بە تێکڕا 2.1 ملیۆن بەرمیل نەوت هەناردە دەکات.
ئەمەش وەک هێڵێکی ڕزگارکەری دارایی بۆ تاران دادەنرێت لە کاتێکدا لەلایەن ئەمریکا و ئیسرائیلەوە ڕووبەڕووی هێرشی توند بووەتەوە.
سوپای پاسدارانی ئێران هەڕەشەی توندی ئاراستەی هەر کەشتییەک کردووە، کە بیەوێت بەبێ رەزامەنی ئەوان بە گەرووەکەدا تێپەڕێت، ئەمەش بووەتە هۆی ترس لای کۆمپانیاکانی گواستنەوەی دەریایی و بەرزبوونەوەی نرخی نەوت بۆ زیاتر لە 92 دۆلار، هەرچەندە دواتر نرخەکان کەمێک دابەزین.
رۆژنامەکە ئەوەشی خستوەتەڕوو، زۆربەی ئەو کەشتییانەی ئێستا بە سەلامەتی بە گەرووەکەدا تێپەڕ دەبن، ئەو کەشتییە چینییانەن کە لە رێگەی بێتەلەوە خۆیان بە "دۆستی ئێران" دەناسێنن یان ئەو تانکەرانەن، کە ئاڵای وڵاتانی تر بەکاردەهێنن بۆ خۆدزینەوە لە سزاکانی ئەمریکا.
لە ڕووی سەربازییەوە، فەرماندەکانی هێزی دەریایی سوپای پاسداران هۆشدارییان داوە کە هەر هەوڵێکی ئەمریکا بۆ پاسەوانیکردنی کەشتییە بازرگانییەکان، بە توندترین شێوە و لە رێگەی موشەک و درۆنی خۆکوژەوە وەڵام دەدەنەوە و هەر ئەمڕۆش دوو کەشتی کرانە ئامانج و میدیاکانی ئێران وێنەکەیان بڵاوکردەوە.
شارەزایانی کەرتی وزە پێیان وایە تەنها رێککەوتنی ئاگربەست یان دەستێوەردانی سەربازیی راستەوخۆ دەتوانێت دۆخی گەرووەکە بۆ وڵاتانی تری بەرهەمهێنەری نەوت ئاسایی بکاتەوە، چونکە لە ئێستادا تەنها تاران و هاوپەیمانە بازرگانییەکانی سوودمەندی سەرەکین لەم چەقبەستووییە ستراتیژییە.
ئیسرائیل سووربوونی خۆی لەسەر درێژەدان بە ئۆپەراسیۆنە سەربازییە هاوبەشەکانی لەگەڵ ئەمریکا دژی ئێران راگەیاند، وەزیری بەرگریی ئیسرائیلیش دەڵێت؛ تا ئەو کاتەی پێویست بێت جەنگەکە بەردەوام دەبێت.
یسرائيل کاتس، وەزیری بەرگریی ئیسرائیل، ئەمڕۆ رایگەیاند گورزە ئاسمانییەکان زیانی زۆر کوشندەیان لە هێزە ئەمنییەکانی ئێران داوە و "ئەم ئۆپەراسیۆنە هیچ سنورێکی کاتیی نییە، رۆژ لە دوای ڕۆژیش، بەردەوام دەبین تا هەموو ئامانجەکانمان دەپێکین."
وەزیری بەرگریی ئیسرائیل ئاماژەی بەوەشکرد، "بەردەوامیی ئەم گورزانە هەلێک بۆ گەلی ئێران دەڕەخسێنێت تا ڕاپەڕن بکەن و ئەم ڕژێمە لابدەن، کە لە کۆتاییدا ئەوە پەیوەستە بە بڕیاری خۆیانەوە."
لە لایەکی دیکەوە، ئاژانسی "رۆیتەرز" لە زاری لێپرسراوانی باڵای ئیسرائیلەوە بڵاویکردەوە، هێشتا هیچ گەرەنتییەک نییە کە جەنگەکە ببێتە هۆی روخانی حکومەتی تاران، بەتایبەت کە تا ئێستا نیشانەی راپەڕینی جەماوەری دەرنەکەوتووە.
هەرچەندە دۆناڵد ترەمپ ئاماژەی بەوە کردووە ،جەنگەکە بەمزووانە کۆتایی دێت، بەڵام هەڵسەنگاندنەکانی ئیسرائیل نیشانی دەدەن واشنتۆن هێشتا نزیک نییە لە دەرکردنی فەرمانی راگرتنی شەڕ.
بەپێی راپۆرتێکی ماڵپەڕی "زە مۆنیتەر"، هەواڵگریی ئیسرائیل هەستی بە بوونی ناکۆکی لە ناو ئیدارەی ترەمپ کردووە سەبارەت بە ئاسۆی بەردەوامبوونی ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکان.
قوباد تاڵەبانی، لێپرسراویی مەكتەبی سكرتارییەتی سەرۆك مام جەلال، بە جیا سەردانی سێ سەركردە و تێكۆشەری دێرینی یەكێتی، بەڕێزان مولازم عومەر و عومەر فەتاح و عوسمانی حاجی مەحمودی كرد.
لە دوای سەردانەكە، قوباد تاڵەبانی لە پەیامێكدا بڵاوی كردەوە كە ئەوان هەمێشە شانازی بە سەركردەو تێكۆشەرە دێرینەكانەوە دەكەن، ئەو سەركردە و تێكۆشەرانەی كە پاڵەوانی رۆژانی سەخت و پڕمەترسی بوون و مێژووی نیوسەدەی رابردوو گەلەكەمان بەبێ باسكردنی رۆڵ و كاریگەری هەر یەكێكیان مێژوویەكی ناتەواوە.
قوباد تاڵەبانی لە بەشێكی دیكەی پەیامەكەیدا ئاماژەی بەوەکرد، كە ئەو سێ سەركردەیەی یەكێتی هاوسەنگەر و هاوڕێی بە وەفای سەرۆك مام جەلال بوون و بۆچوون و ئامۆژگارییەكانیان هەمیشە پڕبایەخن و رێنیشاندەرن بۆ گرتنەبەری رێگەی دروست بۆ پاراستنی دەستكەوتەكانی گەلەكەمان، ئەو دەستكەوتانەی كە بەرهەمی خوێنی شەهیدان و رەنج و ماندووبوونی تێكۆشەرە دێرینەكانن.
ئێران هەڕەشەی بەئامانجگرتنی ناوەندە ئابوری و بانکەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل لە ناوچەکەدا دەکات، ئەوەش وەک وەڵامدانەوەیەک بۆ ئەو هێرشانەی شەوی رابردوو کە بانکێکی تاران کراوەتە ئامانج.
بارەگای 'خـ.ـاتـ.ـم الأنبـ.ـياء' لە راگەیەنراوێکدا بڵاویکردەوە، ناوەدنە ئابورییەکان و بانکەکانی سەر بە ئەمریکا و ئیسرائیل لە ناوچەکە بە ئامانج دەگرن.
لە راگەیەنراوەکەدا، هۆشدارییەکی بەپەلە ئاڕاستەی دانیشتووانی ناوچەکە کراوە کە لەو دامەزراوە ئابوری و بانکییانە دووربکەونەوە، بە هیچ شێوەیەک لە مەودای کەمتر لە یەک کیلۆمەتر لەو شوێنانەدا ئامادە نەبن، چونکە وەک ئامانجی سەربازی مامەڵەیان لەگەڵدا دەکرێت.
ئەم هەڕەشەیەی تاران دوای ئەوە دێت کە میدیاکانی ئێران بڵاویانکردەوە، لە هێرشە ئاسمانییەکانی شەوی رابردووی ئەمریکا و ئیسرائیلدا، بانکێک لە تاران کراوەتە ئامانج و بەهۆیەوە ژمارەیەک لە کارمەندانی بانکەکە گیانیان لەدەستداوە.
بەهۆی هێرشێکەی ئەم بەیانییە بۆ سەر گوندی زڕگوێزەڵە کەسێک شەهید بوو، دەزگای ئاسایشی هەرێمیش دەڵێت؛ موشەک و درۆن لە هێرشەکەدا بە کارهاتووە.
دەزگای ئاسایشی هەرێم رایدەگەیەنێت، بەیانی ئەمڕۆ سەعات 8:15 خولەک، بە شەش درۆن و یەک موشەک هێرش کرایەسەرگوندی زڕگوێزەڵە.
ئاماژەی بەوەشکرد، لەهێرشەکەدا یەک شەهید و یەک برینداری هەیە و لێکۆڵێنەوە لەڕووداوەکە بەردەوامە.
بە مەبەستی رێگریگرتن لە بەرزبوونەوەی نرخی سوتەمەنی و کەمکردنەوەی بارگرانی سەر شانی هاووڵاتییان، وەزارەتی سامانە سروشتییەکان بڕیارێکی نوێی لەبارەی دابەشکردنی غازی ماڵان دەرکرد.
بەپێی راگەیەندراوێکی رەسمی وەزارەتی سامانە سروشتییەکان، ئەمڕۆ وەک هەنگاوی یەکەم لە پارێزگای هەولێر، پرۆسەی دابەشکردنی غازی ماڵان لە رێگەی کارتی ئەلکترۆنییەوە دەستیپێکرد، لەم سیستمە نوێیەدا، هەر هاووڵاتییەک مافی ئەوەی هەیە لە ماوەی مانگێکدا، دوو بوتڵ غاز بە نرخی رەسمی هەشت هەزار و500 دینار لە رێگەی بریکارە گەڕۆکەکانەوە وەربگرێت.
ئاماژەی بەوەشکرد، کە ئەمڕۆ لە چەند گەڕەکێکی هەولێر کار بەو سیستمە کراوە و لە رۆژانی داهاتووشدا، بەڕێوەبەرایەتییەکانی نەوت و کانزا لە پارێزگاکانی دیکەی هەرێمی کوردستان، رێکاری گونجاو دەگرنەبەر بۆ پەیڕەوکردنی هەمان سیستم، بە ئامانجی کۆنتڕۆڵکردنی نرخ و دابینکردنی غاز بۆ هەموو ماڵان بە یەکسانی.
کۆسرەت رەسوڵ عەلی لە ساڵیادی راپەڕین و رزگارکردنی هەولێر پەیامێکی بڵاوکردەوە و رایگەیاند، یەکێک لە گەورەترین شانازییەکانی ژیانم ئەوەیە 35 ساڵ لەمەوبەر لەلایەن بەرەی کوردستانییەوە سەرپەرشتی راستەوخۆی ئازادکردنی هەولێرمان پێ سپێردرا و توانیمانلە کەمترین کاتدا هەولێر پاک بکەینەوە و سەرجەم دام و دەزگاکانی بەعس کۆنتڕۆڵ بکەین.
دەقی پەیامەکەی کۆسرەت رەسوڵ عەلی...
پەیامی کۆسرەت رەسول عەلی لە ساڵیادی راپەڕین و رزگارکردنی هەولێر
(٣٥)ەمین ساڵیادی راپەڕین و ئازادکردنی هەولێر لە تەواوی کوردستانیان بەگشتی و خەڵکی تێکۆشەرو قارەمانی هەولێر پیرۆز دەکەم و هیواخوازم ئەم یادە پیرۆزە ببێتە مایەی خۆشی و شادی بۆ گەلەکەمان و بیکەینە دەرفەتێک بۆ یەکڕیزی نێوان هێزو لایەنە سیاسییەکان.
یەکێک لە گەورەترین شانازییەکانی ژیانمە، (٣٥) ساڵ لەمەوبەر لەلایەن بەرەی کوردستانییەوە سەرپەرشتی راستەوخۆی ئازادکردنی هەولێرمان پێ سپێردرا، هەر ئەوسا لە قاسمەڕەشەوە بەپلانێکی ورد، بە بەشداری رێکخستنە نهێنییەکان و شانەچەکدارەکان و هێزو لایەنە سیاسییەکان و خەڵکی راپەڕیوی هەولێر بە بەشداری راستەوخۆی هێزی پێشمەرگەی کوردستان و گەیشتینە هەولێرو شانبەشانی خەڵکەکەی خۆمان لە هەولێر توانیمان لە کەمترین کاتدا هەولێر پاک بکەینەوەو سەرجەم دام و دەزگاکانی بەعس کۆنتڕۆڵ بکەین، سەرکەوتووانە و سەربەرزانە پلانەکەمان جێبەجێ کردو لەبەردەم قەڵای دێرین و سەرکەشی هەولێر ئاهەنگی سەرکەوتنمان گێڕا.
ئەمڕۆ کە یادی ئەو رۆژە مێژووییە دەکەینەوە، ناوچەکە بەدۆخێکی دژوار تێپەڕدەبێت، ئەرکە لەسەر هێزو لایەنە سیاسییەکان بەرامبەر خوێنی شەهیدان و قوربانیدانی تێکۆشەران و پاراستنی ئەزموونەکەمان یەکدەنگ بن و بەرۆحی ئەوێ رۆژێی بەرەی کوردستانی کاربکەن بۆ پاراستنی ئەزموونەکەمان و درێژەدان بەخەبات تا گەیشتن بە ئاواتە لەمێژینەکانمان.
دووبارە یادی راپەڕین و ئازادکردنی هەولێر لە هەمووان پیرۆز دەکەم و سەری رێز و نەوازش بۆ شەهیدانی رێگای رزگاری کوردستان دادەنوێنین.
کۆسرەت رەسول عەلی
١١ی ئازاری ٢٠٢٦
بەپێی پێشبینییەکانی کەشناسی، رەوشی ئاسمانی هەرێم گۆڕانکاری بەسەردا دێت و ئەگەری بارینی پروشکە باران لەگەڵ بەرزبوونەوەی پلەکانی گەرما لە ئارادایە.
بەڕێوەبەرایەتی گشتی کەشناسی و بوومەلەرزەزانی هەرێم رایگەیاند، ئەمڕۆ چوارشەممە ئاسمانی ناوچە جیاجیاکان لە نێوان پەڵەهەور بۆ نیمچە هەور دەبێت و هەندێک کات دەگۆڕێت بۆ هەوری تەواو لەگەڵ ئەگەری نمە باران.
کەشناسی ئاماژەی بەوەکرد، سبەینێ پێنجشەممە پلەکانی گەرما یەک بۆ دوو پلەی تر بەرز دەبنەوە و لە ناوچەکانی کەرکوک و باشوری هەرێمیش ئەگەری تۆزێکی سووک هەیە.
پێشبینی دەکرێت خێرایی با لەسەرخۆ بێت و مەودای بینین لە نێوان هەشت بۆ 10 کیلۆمەتردا جێگیر بێت و رەوشی ئاسمان بە هەوری بمێنێتەوە.
بەرزترین پلەکانی گەرمای پێشبینیکراو بۆ ئەمرۆ:
هەولێر 17 پلەی سیلیزی
پیرمام 14 پلەی سیلیزی
سۆران 14 پلەی سیلیزی
حاجی ئۆمەران سفر پلەی سیلیزی
سلێمانی 14 پلەی سیلیزی
چەمچەماڵ 16 پلەی سیلیزی
دهۆک 17 پلەی سیلیزی
زاخۆ 16 پلەی سیلیزی
هەڵەبجە : 17 پلەی سیلیزی
گەرمیان : 20 پلەی سیلیزی
وەزارەتی دەرەوەی عیراق رایگەیاند، هەزار و 100 هاووڵاتی عیراقی لە لوبنان گیریان خواردووە و دوو پەناگەش بۆ عیراقییەكانی نیشتەجێی لوبنان كراوەتەوە.
محەمەد حسێن یاریدەدەری وەزیری دەرەوەی عیراق رایگەیاندووە، بەهۆی گرژییەكانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و راگرتنی گەشتە ئاسمانییەكان، هەزار و 100 هاووڵاتی عیراقی لە لوبنان گیریان خواردووە.
ئاماژەی بەوەشكردووە، لە ئێستادا سەرقاڵی دانانی رێوشوێنێكی گونجاون بۆ دڵنیابوونەوە لە رەوشی ئەو هاووڵاتیانە و گەڕاندنەوەیان، لەگەڵ گرتنەبەری رێوشوێنی پێویست بۆئەو هاوڵاتییە عیراقییانەی بەشێوەیەكی هەمیشەیی لە لوبنان نیشتەجێن.
ئەوەشی خستووەتە روو، باڵیۆزخانەی عیراق لە بەیروت دوو پەناگەی كاتیی كردووەتەوە بۆ ئەو خێزانە عیراقییانەی بەهۆی هۆشدارییەكانی ئیسرائیلەوە ناوچەكانی باشوری لوبنانیان جێهێشتووە و لە ئێستادا 400 هاووڵاتی عیراقی لەو دوو پەناگەیەدا نیشتەجێن.
دەشڵێت: هەر خێزانێكی عیراقی نیشتەجێی لوبنان خواستی جێهێشتنی ئەو وڵاتەی هەبێت كارئاسانی بۆ دەكەن بۆ گەڕانەوەی بۆ عیراق.
سەرۆک کۆماری ئێران دەڵێت: هێرشی وڵاتەکەی لە چوارچێوەی بەرگریدایە و تەنها ئەو شوێنانە دەکرێتە ئامانج کە لێیەوە هێرشدەکرێتە سەر خاکەکەیان.
مەسعود پزیشکیان، سەرۆک کۆماری ئێران لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا لەگەڵ شێهباز شەریف، سەرۆک وەزیرانی پاکستان، پەیامێکی ئاڕاستەی وڵاتانی ناوچەکە کرد و رایگەیاند، ئێران هیچ مەبەستێکی نییە بۆ ململانێ و پێکدادان لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ و ناوچەکە.
پزیشکیان جەختی لەوەکردەوە، هێرشەکانی وڵاتەکەی تەنها لە چوارچێوەی مافی بەرگری رەوا دایە و دەڵێت: "تەنها ئەو بنکە و شوێنانە دەکرێنە ئامانج کە لەوێوە هێرش دەکرێتە سەر خاکی ئێران".
ئاماژەی بەوەشکرد، ئەگەر کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی رێگری لە دەستدرێژییە سەربازییەکان نەکات، ئاسایشی جیهانی تووشی شڵەژان و ناسەقامگیری دەبێت.
سەر لە بەیانی ئەمڕۆ بە فڕۆكەی بێفڕۆكەوان هێرشكرایە سەر گوندی زڕگوێزەڵە لە سنوری سلێمانی و شەوی رابردووش زیاتر لە 13 هێرشی درۆنی بۆسەر پارێزگای هەولێر تێكشكێنران.
سەرچاوەیەك بە كوردسات نیوزی راگەیاند، سەرلەبەیانی ئەمڕۆ بە فڕۆكەی بێفڕۆكەوان هێرشكراوەتە سەر بارەگاكانی پێشووی كۆمەڵەی زەحمەتكێشانی شۆڕگێر لە گوندی زڕگوێزەڵەی سنوری شاری سلێمانی و بەپێی زانیارییە سەرەتاییەكان هێرشەكە برینداری لێكەوتووەتەوە.
هاوكات، پەیامنێری كوردسات نیوز لە هەولێر باسی لەوەكرد، لە سەعات 10ی شەوی رابردووەوە تا بەرەبەیانی ئەمڕۆ، زیاتر لە 13 هێرشی درۆنی بۆسەر پارێزگای هەولێر ئەنجامدراوە، كە زۆرینەیان لە ئاسماندا تەقێنراونەتەوە و هێرشەكان هیچ زیانێكی گیانیان لێ نەكەوتووەتەوە.
لەلایەكی ترەوە بەپێی زانیارییەكانی پەیامنێری كوردسات نیوز لە بەغداد، لە شەوی رابردووەوە تا بەرەبەیانی ئەمڕۆ چوارشەممە، نۆ جار هێرشی درۆنی كراوەتە سەر بنكەی سەربازی ڤیكتۆریای هێزەكانی ئەمریكا لە بەغداد.
میدیاكانی عیراقیش باس لەوەدەكەن، لە سنوری پارێزگاكانی نەینەوا و ئەنبار بارەگاكانی حەشدی شەعبی بۆردومان كراون، سەرچاوەیەكیش بە میدیاكانی راگەیاندووە، تەنها لە هێرشەكەی ئەنباردا كەسێك گیانی لەدەستداوە و پێنجی تر بریندار بوون.