دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، لە لێدوانێکی نوێدا دەربارەی جەنگەکەیان لەگەڵ ئێران رایگەیاند، سوپای ئەمریکا دەستکەوتی زۆری بەدەستهێناوە، کە کەس پێشبینی نەدەكرد و پرۆسە سەربازییەکانیان زۆر لە خشتەی کاتیی دیاریکراو پێشترن. 

ترەمپ جەختی لەوە کردەوە، کە ئەم ئۆپەراسیۆنە کورتخایەنە رێگر دەبێت لە هەڵگیرسانی جەنگێکی گەورە و ماڵوێرانکەر، ئاماژەی بەوەش دا، کە جەنگ بۆ ئەمریکا "کارێکی ئاسانە" و تا ئێستا توانیویانە بنکەکانی بەرهەمهێنانی درۆن و نزیکەی 28 بەلەمی سەربازیی ئێران کە خەریکی چاندنی مین بوون، لەناو ببەن.

لە بەشێکی تری قسەکانیدا، سەرۆکی ئەمریکا ئاشکرای کرد، کە هێزەکانیان دوو جار سەرکردایەتی باڵای ئێرانیان کردووەتە ئامانج و بە تەواویش هێزی دەریایی ئەو وڵاتەیان پەکخستووە.

سەبارەت بە لێکەوتە ئابوورییەکانیش، دڵنیایی دایە بازاڕەکانی جیهان، کە رەوشەکە لەژێر کۆنترۆڵدایە و بەم نزیکانە نرخی نەوت دادەبەزێنن، ئەمەش وەک ئاماژەیەک بۆ سەرکەوتنی ستراتیژیی ئەمریکا لەم روبەڕوبوونەوەیەدا.