ئیمانوێل ماكرۆنی سەرۆكی فەرەنسا رایدەگەیەنێت، دانوستانی راستەوخۆی لوبنان و ئیسرائیل پێویستی بە گڵۆپی سەوزی تەلئەبیبە.
ماكرۆن دوای کۆتایی هاتنی لوتكەی ئەوروپا لە برۆكسل رایگەیاند، فەرەنسا هیچ پێشنیازێكی نییە لەبارەی دانپێدانانی لوبنان بە ئیسرائیل و ئەو هەواڵانەشی باس لەوە دەكەن دوورن لە راستییەوە.
راشیگەیاند، ئەنجامدانی دانوستانی راستەوخۆ لەنێوان لوبنان و ئیسرائیل پێویستی بە رەزامەندی تەلئەبیبە، سەرباری ئەوەی جۆزێف عەون سەرۆكی لوبنان ئامادەیی بۆ دانوستان پیشانداوە.
ئاماژەی بەوەشکرد، ئەركی چەكداماڵینی حزبوڵا دەكەوێتە ئەستۆی سوپای لوبنان و پێشیوایە، ئۆپراسیۆنە سەربازییەكانی ئیسرائیل کە ئەنجامی دەدات لە رێگەی وشكانی و ئاسمانییەوە بەپێی یاسای نێودەوڵەتی، قبوڵكراو نییە.

راوێژكاری ئاسایشی نیشتمانی عیراق دەڵێت، ئەوانەی هەوڵی نانەوەی فیتنە و ئاژاوە دەدەن پێویستە دەستبەجێ بووەستێنرێن.
قاسم ئەعرەجی راوێژكاری ئاسایشی نیشتمانی عیراق رایگەیاند، ئەوانەی بوونەتە سەرچاوە بۆ هاندانی فیتنە و چاندنی دووبەرەكی لە نێوان عیراقییەكاندا، پێویستە دەستبەجێ بووەستێنرێن و رێگەیان پێنەدرێت پەرە بە تایفەگەری بدەن.
وتیشی، ئەو كارانە پێشێلكارییەكی ئاشكرای یەكڕیزی وڵات و ئاسایشی نیشتمانی عیراقە و بەپێی یاساش لێپێچینەوە لە هەموو ئەو كەسانە دەكرێت كە بسەلمێنرێت دەستیان لەو كارانەدا هەیە.
ناوبراو ئاماژەی بەوەشكرد، عیراق گۆڕەپانێكی یاریكردن نییە بۆئەوەی ئەو كەسانە بە ئارەزووی خۆیان دەستوردانی تێدا بكەن.
پێشتریش محەمەد شیاع سودانی سەرۆك وەزیرانی عیراق جەختیكردەوە لە پێویستی پاراستنی ئاشتی كۆمەڵایەتی و دووركەوتنەوە لە هەموو و توندوتیژییەك بۆئەوەی لەو رێگەیەوە عیراق پەلكێش نەكرێت بۆ ئەو جەنگەی ناوچەكەی گرتووەتەوە.
د.لەتیف رەشید، سەرۆک کۆماری عیراق، بە بۆنەی هاتنی جەژنی رەمەزانەوە پەیامێکی بڵاوکردەوە و تێیدا هاتووە؛ گەرمترین پیرۆزبایی ئاراستەی گەلی عیراق و تەواوی موسڵمانانی جیهان دەکات.
لە پەیامەکەیدا سەرۆک کۆمار هیوای خواستوە ئەم جەژنە ببێتە مایەی خێر و بەرەکەت بۆ عیراق و وڵاتانی ئیسلامی و داواشی لە خوای گەورە کردوە، کە ئاشتی و تەبایی بەسەر ناوچەکەدا بکێشێت.
لە بەشێکی تری پەیامەکەیدا، سەرۆک کۆمار ئاماژەی بەوە کرد، کە جەژنی ئەمساڵ لە کاتێکدایە ناوچەکە بە رەوشێکی نائاسایی و گرژییەکی زۆردا تێدەپەڕێت، کە کاریگەری نەرێنییان لەسەر ئاسایش و سەقامگیری گەلان دروست کردووە.
د. لەتیف رەشید، راشیگەیاندوە، کە ئەم رەوشە وا دەخوازێت هەمووان کار بۆ پاراستنی یەکڕیزی نیشتمانی و بەهێزکردنی گیانی هاوکاری و کارکردنی بەکۆمەڵ بکەن، تاوەکو بتوانرێت بەسەر ئاڵنگارییەکاندا زاڵ بن و سەلامەتی هاووڵاتیان بپارێزرێت.
لە کۆتایی پەیامەکەیدا، د. لەتیف رەشید هیواشی خواستوە، کە ململانێ و گرژییەکان کۆتایییان بێت و ئاشتی باڵ بەسەر ناوچەکەدا بکێشێت، تاوەکو هەموو گەلان بتوانن لە کەشێکی پڕ لە ئاسایش و گەشەسەندندا بژین.
بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل رایگەیاند، کە هێرشەکانیان بۆ سەر ئێران تا بەدیهێنانی تەواوی ئامانجەکانیان بەردەوام دەبێت و بە هیچ شێوەیەک رێگە نادەن تاران ببێتە خاوەنی بۆمبی ئەتۆم.
ناتانیاهۆ ئاماژەی بەوە کرد، کە ئیسرائیل نەخشەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستی گۆڕیوە و دەستکەوتی گەورەی سەربازیی بەدەستهێناوە، لەوانە لەناوبردنی کارگەکانی موشەکی بالیستی، تێکشکاندنی هێزی دەریایی ئێران لە دەریای قەزوین و پەکخستنی توانای پیتاندنی یۆرانیۆم.
جەختی کردەوە، کە فەرمانی بە مۆساد و سوپا کردووە بەرپرسانی ئێران لە هەر شوێنێک بن بکەنە ئامانج، هاوکات داوای لە گەلانی ئێران کرد ئەم دەرفەتە بۆ گۆڕانکاریی ریشەیی لە وڵاتەکەیان بقۆزنەوە.
لە کۆتاییدا ناتانیاهۆ باسی لەوە کرد کە ئێران بۆ ماوەی 40 ساڵە هەڕەشەیە بۆ سەر شارستانیەتی خۆرئاوا و تەنانەت پیلانی تیرۆرکردنی دۆناڵد ترەمپیشی هەبووە، بەڵام ئێستا ئیسرائیل وەک دەوڵەتێکی هەرێمایەتی بەهێز روبەڕووی ئەو هەڕەشانە دەبێتەوە.
دۆناڵد ترەمپ لەگەڵ سەرۆک وەزیرانی ژاپۆن کۆبوەوە و رایگەیاند، وڵاتەکەی توانیوەیەتی لە ماوەی تەنها دوو رۆژدا زیاتر لە 50%ی ئامانجەکانی بپێکێت و هێزی دەریایی و بەرگری ئاسمانی ئێرانی تێکشکاندووە.
سەرۆکی ئەمریکا ئاماژەی بەوەشکرد، وڵاتەکەی پێویستی بە هیچ کەس نییە و تاران لە لێواری لەناوچووندایە، سەرەڕای ئەوەی ئێستا سەرقاڵی چاندنی مینە لە گەروی هورمز.
دۆناڵد ترەمپ ئاشکراشیکرد، نیازیان نییە هێیز زەمینی بۆ ئێڕان بنێرن و هەنگاوی پێوسیتیش بۆ کۆنتڕۆڵکردنی نرخی سوتەمەنی دەگرنەبەر.
دۆناڵد ترەمپ رەخنەی لە هەڵوێستی وڵاتانی ناتۆ گرت و وتی؛ ئەوان سەرەتا هاوکار نەبوون لە پاراستنی هورمز و رەتیان کردەوە، بەڵام ئێستا دیارە هەڵوێستیان گۆڕاوە.
سەرۆکی ئەمریکا دڵنیایشیدا، کە ئەمریکا بۆ بەرژەوەندی هەمووان بەرگری لەو گەروی هورمز دەکات، سەرەڕای ئەوەی خۆی کەمترین سوودی لێ دەبینێت و هەرکاتێک لە جەنگەکە تەواو بوون، جیهان سەلامەتتر دەبێت.
بەبۆنەی جەژنی رەمەزانی پیرۆزەوە، قوباد تاڵەبانی پەیامێکی بڵاوکردوەتەوە و تێیدا پیرۆزبایی لە هەموو موسڵمانانی کوردستان و جیهان دەکات، هیواش دەخوازێت ئەم جەژنە ببێتە مایەی خێر و خۆشی بۆ گەلی کورد.
قوبادا تاڵەبانی ئاماژەی بەوەشکردوە، سەرباری ئەو گرژی و نیگەرانییانەی سێبەریان بەسەر ناوچەکەماندا کێشاوە، جەژنی ئەمساڵ تایبەتمەندییەکی تری هەیە، کە ئاوێتەبوونییەتی لەگەڵ نەورۆزی کوردەواریدا، ئەمەش دەرفەتێکە بۆ ئاشتەوایی و یەکڕیزیی زیاتری نێوانمان بۆ تێپەڕاندنی ئەم قۆناغە دژوارە.
لە بەشێکی دیکەی پەیامەکەیدا قوباد تاڵيبانی نوسیویەی؛ ئێمە ئەزموونی زۆر لەمە سەختترمان تێپەڕاندووە، بڕیاری گەلی کورد هەمیشە خۆڕاگری و مامەڵەی ژیرانە بووە.
لە کۆتایشدا دەڵێت؛ داواکارین لە خوای میهرەبان هێزمان پێ ببەخشێت تا وەک پێشینانمان، لەناو تەنگەژەکاندا روو لە ئایندە و پڕ لە هیوا بین؛ بۆ شادکردنی گیانی پاکی شەهیدان و بەدیهێنانی ئامانجە رەواکانمان.
مەکتەبی سیاسی یەکێتی بەبۆنەی جەژنی رەمەزانەوە، پەیامێکی بڵاوکردەوە و تێیدا هاتووە؛ پیرۆزباییەكی گەرم لە گشت موسڵمانانی كوردستان و عیراق و جیهان دەكەین ، یەزدانی مەزن عیبادەت و نزا و رۆژوەكانی ئەم مانگە پیرۆزە لە گشت لایەك قبوڵ بكات .
دەقی پەیامەکە
بە بۆنەی هاتنەوەی جەژنی رەمەزانەوە ، پیرۆزباییەكی گەرم لە گشت موسڵمانانی كوردستان و عێراق و جیهان دەكەین ، یەزدانی مەزن عیبادەت و نزا و رۆژوەكانی ئەم مانگە پیرۆزە لە گشت لایەك قبوڵ بكات .
نزا دەكەین ئەم جەژنە ببێتە مایەی خێر بۆ گەڕانەوەی ئاشتی و ئۆقرەیی لە ناوچەكەدا و كۆتایی هێنان بەو جەنگە نەخوازراوەی ناوچەكەی گرتۆتەوە.
دووبارە لە گشت لایەك پیرۆز بێت و شاد و بەختەوەر بن
مەكتەبی سیاسی
یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان
بەبۆنەی جەژنی رەمەزانەوە، بافڵ جەلال تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتی نیشتمانی کوردستان پەیامێکی بڵاوکردەوە و تێیدا هاتووە؛ لە دڵەوە پیرۆزبایی گەرم لە موسڵمانانی هەرێمی کوردستان، عیراق و جیهان دەکەم و هیوای سەلامەتی و کامەرانییان بۆ دەخوازم.
سەرۆکی یەکێتی ئاماژەی بەوەشکردوە، لەکاتێکدا پێشوازی لەم جەژنە پیرۆزە دەکەین، ناوچەکە لەبەردەم ئاڵنگاری و پێشهاتی سەختدایە، بۆیە ئەرکی هەموو لایەکمانە هەوڵەکانمان یەکبخەین و بە گیانی پێکەوەیی و نیشتمانییەوە کاربکەین بۆ پاراستنی سەقامگیری و ئارامی وڵاتەکەمان
دەقی پەیامەکە
بەبۆنەی جەژنی رەمەزانی پیرۆزەوە، لە دڵەوە پیرۆزبایی گەرم لە موسڵمانانی هەرێمی کوردستان، عیراق و جیهان دەکەم و هیوای سەلامەتی و کامەرانییان بۆ دەخوازم.
لەکاتێکدا پێشوازی لەم جەژنە پیرۆزە دەکەین، ناوچەکە لەبەردەم ئاڵنگاری و پێشهاتی سەختدایە، بۆیە ئەرکی هەموو لایەکمانە هەوڵەکانمان یەکبخەین و بە گیانی پێکەوەیی و نیشتمانییەوە کاربکەین بۆ پاراستنی سەقامگیری و ئارامی وڵاتەکەمان تاوەکو نەهێڵین گەلەکەمان ببێتە قوربانی ململانێکان.
خوای گەورە رۆژوو و پەرستشی مانگی رەمەزانی هەمووانی قبووڵ کردبێت و وڵات و گەلەکەمان بپارێزێت.
بافڵ جەلال تاڵەبانی
سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان
فریدریش مێرتزی راوێژکاری ئەڵمانیا رایگەیاند، ئەوان بڕیاریانداوە دەستوەردان لە لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا ناکەن، تا ئەو کاتەی جەنگی ئەمریکا وئیسرائیل بەرانبەر بە ئێران بەردەوام بێت، ئەو دەڵێت؛ کاتێك رۆڵیان دەبێت، کە چەکەکان بێ دەنگ بن.
ئەمڕۆ پێنجشەممە، فریدریش مێرتز لە پەراوێزی لوتکەی برۆکسل راگەیاندوە، رۆڵی ئەڵمانیا بە مەرجی وەستانی شەڕ و پێکدادانەکانە و جەختی لەوە کردەوەتەوە؛" تەنها کاتێک مامەڵە دەکەن، کە دەنگی چەکەکان بێدەنگ بووبێت".
ناوبراو ئاماژەی بەوەشکردوە، دەتوانن زۆر شت بکەن، لەوانە کردنەوەی رێڕەوی دەریایی و دابینکردنی ئاسایش بۆ کەشتییەکان، بەڵام تا شەڕەکە بەردەوامە، ئەمە ناکەن.
ئەم قسانەی راوێکاری ئەڵمانیا لە کاتێکدایە، دۆناڵد ترەمپ رەخنەی لە وڵاتانی ئەوروپا گرتووە و رایگەیاندووە، ئەوان هاوکاری ئەمریکایان نەکردووە لە بەڕێوەبردنی دەرئەنجامەکانی ئەو شەڕە، کە زۆرێک لە وڵاتانی یەکێتی ئەوروپا بە نایاسایی دەزانن.
هەر ئەمڕۆش هەریەکە لە وڵاتەکانی بەریتانیا، فەرەنسا، ئەڵمانیا، ئیتاڵیا، هۆڵەندا و ژاپۆن، لە راگەیەندراوێکی هاوبەشدا، بە توندی سەرکۆنەی هێرشەکانی ئەم دواییەی ئێرانیان بۆ سەر کەشتییە بازرگانییەکان لە کەنداودا کرد و داواش دەکەن دەستبەجێی هێرشەکان بۆ سەر دامەزراوە نەوتی و غازییەکان رابگیرێت.
لە راگەیەندراوێکی هاوبەشدا، هەریەک لە وڵاتانی بەریتانیا، فەرەنسا، ئەڵمانیا، ئیتاڵیا، هۆڵەندا و ژاپۆن بە توندی سەرکۆنەی هێرشەکانی ئەم دواییەی ئێرانیان بۆ سەر کەشتییە بازرگانییەکان لە کەنداودا کرد و داواش دەکەن دەستبەجێی هێرشەکان بۆ سەر دامەزراوە نەوتی و غازییەکان رابگیرێت.
لە راگەیەندراوەکەیاندا، ئەم وڵاتانە ئامادەیی خۆیان نیشاندا بۆ بەشداریکردن لە پاراستنی ئاسایشی دەریاوانی و دەستەبەرکردنی هاتوچۆی ئازاد لە گەرووی هورمزدا.
هاوکات، جەختیان لەوە کردەوە، کە هەنگاوی پێویست دەگرنەبەر بۆ سەقامگیرکردنی بازاڕەکانی وزە لە جیهاندا و لە رێگەی نەتەوە یەکگرتووەکانیشەوە کار دەکەن بۆ پشتیوانیکردنی ئەو وڵاتانەی کە بەهۆی ئەم ئاڵۆزییانەوە زۆرترین زیانیان بەرکەوتووە
ئەو شەش وڵاتە داواش دەکەن دەستبەجێی هێرشەکان بۆ سەر دامەزراوە نەوتی و غازییەکان رابگیرێت و کۆتایی بەو هێرشانە بهێندرێت، کە ئاسایشی وزە دەخەنە مەترسییەوە.
وەزارەتی رۆشنبیری داوا لە سەرجەم دامەزراوەکانی راگەیاندن و راگەیاندکاران دەکات، بەهۆی هەستیاری رەوشەکە و پاراستنی بەرژەوەندییەکانی هەرێم پابەندی رێنماییەکان بن، ئاماژەی بەوەشکردوە نابێت میدیا ببێتە هۆی کۆبوونەوەی خەڵک و دروستکردنی مەترسی لەسەر ژیانی هاووڵاتیان.
وەزارەتی رۆشنبیری هەرێم داواش دەکات؛ لە کاتی هەر روداوێکی نەخوازراودا (وەک کەوتنەخوارەوەی درۆن یان موشەک)، نابێت کێبڕکێ لەسەر پەخشی راستەوخۆ و شکاندنی شکۆی خێزانە زیانبەرکەوتووەکان بکرێت و پێویستە وتاری میدیایی ئاوێتەی ستراتیژی ئاشتیخوازیی هەرێم بێت و رێگە نەدرێت کەناڵەکان ببنە سەکۆیەک بۆ هەڕەشە لەسەر ئاسایشی نیشتمانی.
دەقی راگەیەندراوەکە
بۆ دەزگاکانی ڕاگەیاندن و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان
بابەت: ڕێنمایی فەرمی بۆ ڕووماڵی میدیایی لە بارودۆخی نائاساییدا
سەرەتا بەبۆنەی هاتنی جەژنی نەتەوەیی نەورۆز و جەژنی ڕەمەزانی پیرۆز، پیرۆزبایی لەتەواوی دەزگاکانی ڕاگەیاندن و ڕاگەیاندنکارانی هەرێمی کوردستان دەکەین و خوازیارین لەم بارودۆخە نەخوازراوەدا هەموو لایەک پارێزراوبن.
جێگەی خۆیەتی لەم بۆنەیەداو بەهۆی هەستیاریی دۆخی ناوچەکە و پاراستنی بەرژەوەندییە باڵاکانی هەرێمی کوردستان، جارێکی تر داوا لە سەرجەم دامەزراوەکانی ڕاگەیاندن، ڕۆژنامەنووسان و چالاکانی سۆشیال میدیا دەکەین پابەندی ئەم خاڵانەی خوارەوە بن:
بەرپرسیارێتی نیشتمانی:
پێویستە گوتاری میدیایی ئاوێتەی ستراتیژی ئاشتیخوازیی هەرێم بێت و ڕێگە نەدرێت کەناڵەکان ببنە سەکۆیەک بۆ هەڕەشە لەسەر ئاسایشی نیشتمانی.
سەرچاوەی زانیاری:
تەنیا پشت بە زانیاری و لێدوانی فەرمی گوتەبێژانی دامەزراوە ئەمنییەکان ببەسترێت؛ خۆتان لە بڵاوکردنەوەی هەواڵی چەواشەکار و بێبنەما بپارێزن.
ڕووماڵی شوێنی ڕووداو:
بڵاوکردنەوەی دەستبەجێی وێنە و ڤیدیۆی شوێنە ئەمنییەکان قەدەغەیە. نابێت میدیا ببێتە هۆی کۆبوونەوەی خەڵک و دروستکردنی مەترسی لەسەر ژیانی هاووڵاتیان.
بەرپرسیارێتی یاسایی لە وەرگێڕان: وەرگێڕانی پەیامی ژەهراوی و شێوێندراوی میدیا بیانییەکان، بڵاوکار لە بەرپرسیارێتی یاسایی نابەخشێت.
پاراستنی نهێنییەکان:
بڵاوکردنەوەی هەر زانیارییەکی وردی سەربازی و ئەمنی کە سەقامگیری کۆمەڵگە بخاتە مەترسییەوە، بە توندی قەدەغەیە.
ڕێزگرتن لە حەرەمی ماڵ و تاک:
لە کاتی هەر ڕووداوێکی نەخوازراودا (وەک کەوتنەخوارەوەی درۆن یان موشەک)، نابێت کێبڕکێ لەسەر پەخشی ڕاستەوخۆ و شکاندنی شکۆی خێزانە زیانبەرکەوتووەکان بکرێت.
داواکارین هەموو لایەک بە هەستی بەرپرسیارێتییەوە مامەڵە بکەن بۆ پاراستنی ئاسایشی کۆمەڵایەتی و سیاسی هەرێمی کوردستان.
وەزارەتی ڕۆشنبیری و لاوان
19ی ئازاری 2026
پیت هێگسێس وەزیری جەنگی ئەمریکا لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، بەردەوامن لەسەر تێکشکاندنی سەکۆی موشەکی و هێزی دەریایی ئێران و بەمزوانەش هێرشەکان زیاتردەکەن
پیت هێگسێس وەزیری جەنگی ئەمریکا لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، تائێستا ئێران %90ی هێزەکەی لە دەستداوە و 120 كەشتیی جەنگی ئەو وڵاتەشیان لەناوبردووە.
وتیشی، سوپای ئەمریکا بەردەوام دەبێت لە تێکشکاندنی سەکۆی موشەکی و هێزی دەریایی ئێران و بەمزوانەش هێرشەکان زیاتر دەکەن و پێویستیشە هەموو جیهان سوپاسی سەرۆك ترەمپ بكات.
هاوکات سوپا سالاری ئەمریکاش رایگەیاند، ئەمریکا بەردەوام دەبێت لە بەئامانجگرتنی گروپە چەكدارەكانی لایەنگرانی ئێران لە عیراق.
ئەمساڵ ژمارەیەكی كەم گەشتیار بۆ جەژنی رەمەزان سەردانی هەرێمی كوردستانیان كردووە و لە سلێمانی رۆژانی جەژن زیاتر لە 100 میوانخانە و رێستۆرانت پێشوازی لە گەشتیاران دەكەن.
جەنگی ئەمریكا و ئیسرائیل دژی ئێران، كاریگەری لەسەر ژمارەی گەشتیاران لە هەرێمی كوردستان دروستكردووە و بەراورد بە ساڵانی رابردوو، ئەمساڵ ژمارەیەكی زۆر كەمی گەشتیار بۆ جەژنی رەمەزان روویان لە هەرێمی كوردستان كردووە، لایەنە پەیوەندیدارەكانی پارێزگای سلێمانیش ئامادەكاریی تەواویان بۆ پێشوازیكردن لە گەشتیارانكردووە و لە رۆژانی جەژندا زیاتر لە 100 میوانخانە و رێستۆرانت و شوێنی مانەوە كراوە دەبن.
هاوکاتی گرژی و ئاڵۆزیی ناوچەکە، لە سلێمانی رۆژانی جەژن زیاتر لە 100 میوانخانە و رێستۆرانت پێشوازی لە گەشتیاران دەكەن.

تولسی گابارد پێنج وڵات وەك هەڕەشەی ئەتۆمیی بۆسەر ئەمریكا دەستنیشان دەكات و دەڵێت: روسیا، چین، كۆریای باكور، ئێران و پاكستان مەترسین بۆسەر ئاسایشی ئەمریكا.
بەڕێوەبەری هەواڵگریی نیشتمانیی ئەمریكا هۆشداری دەدات لەوەی پێنج وڵات لەنێویاندا پاكستان و چین، مەترسیدارترین هەڕەشەی ئەتۆمین بۆ سەر ئەمریكا.
تولسی گابارد بەڕێوەبەری هەواڵگریی نیشتمانیی ئەمریكا لە راپۆرتێكدا هەڵسەنگاندنی ساڵانەی هەڕەشەكان بۆ ساڵی 2026 لە ئەنجومەنی پیران پێشكەش كرد و رایگەیاند، پاكستان و چین و روسیا و كۆریای باكور و ئێران خەریكی پەرەپێدانی سیستەمی نوێ و پێشكەوتووی موشەكین كە توانای هەڵگرتنی كڵاوەی ئەتۆمییان هەیە و دەتوانن بگەنە ناو خاكی ئەمریكا.
دەشڵێت، ئێران سەرەڕای لاوازبوونی بەهۆی شەڕی ئەم دواییەوە، بەڵام هێشتا وەك هەڕەشەیەكی بەردەوام لە ناوچەكەدا دەبینرێت و تەنیا لاواز بووە و نەڕوخاوە.
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا رۆژی پێنجشەممە دووپاتی کردەوە کە ئەمریکا هیچ زانیارییەکی پێشوەختەی لەبارەی هێرشی ئیسرائیل بۆ سەر کێڵگەی گازی پارسی باشوور لە ئێران نەبووە و قەتەریش هیچ پەیوەندییەکی بە هێرشەکەوە نییە.
لە وتارەکانی ئەمڕۆیدا ترەمپ رایگەیاند، "ئیسرائیل هێرشێکی خراپی بۆ سەر دامەزراوەیەکی گەورەی ئێران کرد کە بە کێڵگەی گازی پارسی باشوور ناسراوە لە ئێران. ئەمریکا هیچ زانیارییەکی پێشوەختەی لەسەر ئەم هێرشە نەبوو، قەتەریش بە هیچ شێوەیەک بەشدار نەبووە و پێشتر هیچ زانیارییەکی لەو بارەیەوە نەبووە".
سەبارەت بە کاردانەوەکانی تاران، سەرۆکی ئەمریکا دەڵێت: بەداخەوە ئێران ئاگاداری ئەم راستیانە نەبووە و زانیاریی وردی لەسەر هێرشەکەی سەر (پارسی باشوور) نەبووە، هەر بۆیە بە شێوەیەکی نادادپەروەرانە و بێ پاساو، هێرشی کردووەتە سەر بەشێک لە دامەزراوەکانی غازی سروشتیی شل (LNG) لە وڵاتی قەتەر".

سەنتەری میترۆ راگەیەنراوێکی بڵاوکردەوە و تێیدا ئاماژەی بەوە کردووە، زۆربەی كەناڵە بینراوەكان لە هەرێم رووماڵی هێرشە تیرۆریستییەكانیان كرد و پابەند بوون بە رێنماییەكانی حكومەت بۆ ئەو جۆرە روماڵە هەستیارانە
سەنتەری میترۆ لە راگەیەنراوەکەدا نیگەرانەیی دەربڕیوە لەو میدیایانەی بێ باكن بەرانبەر ئاسایشی شارێك و رووماڵەكانیان ناپیشەییانەیە و بەناوی خستنەڕووی زانیارییەوە بوونەتە سەرچاوەی بەرهەمهێنانی ترس و تۆقاندن.
راشیگەیاندووە، ئەم جۆرە روماڵە بۆچی بۆ كەناڵێكی مۆر هەبێت و بۆ كەناڵێكی سور و پرتەقاڵی و سەوز و شین و قاوەیی نەبێت؟ بۆچی پەیامنێرەكەیان لەهەولێر ناتوانێت هەمان جۆری روماڵی پەیامنێرەكەی سلێمانی بكات؟ بۆ لەوێ رێز لە رێنماییەكان دەگرن لە سلێمانی پێشێلی دەكەن؟
سەنتەری میترۆ داواشیكردوە، لەم رەوشە پڕ مەترسییەدا دەزگا پەیوەندیدارەكان سەرجەم كەناڵ و میدیا و رۆژنامەنوسان پابەند بكەن بەو رێوشوێنانەی کە پێویستن و بە بێ جیاوازیش دەبێت بگیرێنەبەر.
سەنتەری میترۆ جەختیشیكردووەتەوە، پێویستە لایەنە پەیوەندیدارەكان جیاوازی نەكەن لە نێوان هیچ میدیایەكدا و ریێنمایی وەزارەت و لایەنە پەیوەندیدارەكان بۆ هەمووان وەك یەك بێت و سڵ نەكەنەوە لە جێبەجێكردنی رێنماییەكان بەسەر هیچ كەناڵێكدا.