وەزارەتی رۆشنبیری داوا لە سەرجەم دامەزراوەکانی راگەیاندن و راگەیاندکاران دەکات، بەهۆی هەستیاری رەوشەکە و پاراستنی بەرژەوەندییەکانی هەرێم پابەندی رێنماییەکان بن، ئاماژەی بەوەشکردوە نابێت میدیا ببێتە هۆی کۆبوونەوەی خەڵک و دروستکردنی مەترسی لەسەر ژیانی هاووڵاتیان.

وەزارەتی رۆشنبیری هەرێم داواش دەکات؛ لە کاتی هەر روداوێکی نەخوازراودا (وەک کەوتنەخوارەوەی درۆن یان موشەک)، نابێت کێبڕکێ لەسەر پەخشی راستەوخۆ و شکاندنی شکۆی خێزانە زیانبەرکەوتووەکان بکرێت و پێویستە وتاری میدیایی ئاوێتەی ستراتیژی ئاشتیخوازیی هەرێم بێت و رێگە نەدرێت کەناڵەکان ببنە سەکۆیەک بۆ هەڕەشە لەسەر ئاسایشی نیشتمانی.

 

دەقی راگەیەندراوەکە

بۆ دەزگاکانی ڕاگەیاندن و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان

​بابەت: ڕێنمایی فەرمی بۆ ڕووماڵی میدیایی لە بارودۆخی نائاساییدا

سەرەتا بەبۆنەی هاتنی جەژنی نەتەوەیی نەورۆز و جەژنی ڕەمەزانی پیرۆز، پیرۆزبایی لەتەواوی دەزگاکانی ڕاگەیاندن و ڕاگەیاندنکارانی هەرێمی کوردستان دەکەین و خوازیارین لەم بارودۆخە نەخوازراوەدا هەموو لایەک پارێزراوبن.

جێگەی خۆیەتی لەم بۆنەیەداو ​بەهۆی هەستیاریی دۆخی ناوچەکە و پاراستنی بەرژەوەندییە باڵاکانی هەرێمی کوردستان، جارێکی تر داوا لە سەرجەم دامەزراوەکانی ڕاگەیاندن، ڕۆژنامەنووسان و چالاکانی سۆشیال میدیا دەکەین پابەندی ئەم خاڵانەی خوارەوە بن:

​بەرپرسیارێتی نیشتمانی:

پێویستە گوتاری میدیایی ئاوێتەی ستراتیژی ئاشتیخوازیی هەرێم بێت و ڕێگە نەدرێت کەناڵەکان ببنە سەکۆیەک بۆ هەڕەشە لەسەر ئاسایشی نیشتمانی.

​سەرچاوەی زانیاری:

تەنیا پشت بە زانیاری و لێدوانی فەرمی گوتەبێژانی دامەزراوە ئەمنییەکان ببەسترێت؛ خۆتان لە بڵاوکردنەوەی هەواڵی چەواشەکار و بێبنەما بپارێزن.

​ڕووماڵی شوێنی ڕووداو:

بڵاوکردنەوەی دەستبەجێی وێنە و ڤیدیۆی شوێنە ئەمنییەکان قەدەغەیە. نابێت میدیا ببێتە هۆی کۆبوونەوەی خەڵک و دروستکردنی مەترسی لەسەر ژیانی هاووڵاتیان.

​بەرپرسیارێتی یاسایی لە وەرگێڕان: وەرگێڕانی پەیامی ژەهراوی و شێوێندراوی میدیا بیانییەکان، بڵاوکار لە بەرپرسیارێتی یاسایی نابەخشێت.

​پاراستنی نهێنییەکان:

بڵاوکردنەوەی هەر زانیارییەکی وردی سەربازی و ئەمنی کە سەقامگیری کۆمەڵگە بخاتە مەترسییەوە، بە توندی قەدەغەیە.

​ڕێزگرتن لە حەرەمی ماڵ و تاک:

لە کاتی هەر ڕووداوێکی نەخوازراودا (وەک کەوتنەخوارەوەی درۆن یان موشەک)، نابێت کێبڕکێ لەسەر پەخشی ڕاستەوخۆ و شکاندنی شکۆی خێزانە زیانبەرکەوتووەکان بکرێت.

​داواکارین هەموو لایەک بە هەستی بەرپرسیارێتییەوە مامەڵە بکەن بۆ پاراستنی ئاسایشی کۆمەڵایەتی و سیاسی هەرێمی کوردستان.

وەزارەتی ڕۆشنبیری و لاوان

19ی ئازاری 2026