تاران پەککەوتنی هاتوچۆی دەریایی لە گەرووی هورمز وەک کاردانەوەیەک بەرانبەر ئەو شەڕە دەبینێت کە رووبەڕووی وڵاتەکەی بووەتەوە و ئاسایشی ناوچەکەی خستووەتە مەترسییەوە.
عەباس عراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران رایگەیاند، پەککەوتنی هاتوچۆی دەریایی و گەشتیاری لە گەرووی ستراتیژیی هورمز، ئەنجامێکی راستەوخۆی ئەو شەڕەیە کە بەسەر کۆماری ئیسلامیی ئێراندا سەپێندراوە.
وەزیری دەرەوەی ئێران لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا لەگەڵ ئەنتۆنیۆ گۆتێرێس، ئەمینداری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان جەختی لەوەکردەوە، پێویستە رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان و بە تایبەت ئەمینداری گشتی، بە توندی و بە روونی ئیدانەی "دەستدرێژییەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل" بۆ سەر خاکی ئێران بکەن.
عراقچی لە درێژەی قسەکانیدا ئاماژەی بەوەشکرد، دەبێت نەتەوە یەکگرتووەکان، لێپرسینەوە لەو لایەنانە بکات کە دەستدرێژییان کردووەتە سەر ئێران.
قوباد تاڵەبانی، لێپرسراویی سکرتارییەتی سەرۆک مام جەلال هەردوو بۆردی تێکۆشەرە دێرینەکان و بۆردی رێکخستنی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانی بەسەر کردەوە و بە ئامادەبوونی رەفعەت عەبدوڵا، جێگری سەرۆکی یەکێتی و رەهبەر سەید برایم سەرۆکی بۆردی تێکۆشەرە دێرینەکان و زیاد جەبار، سەرۆکی بۆردی رێکخستن بە جیا لەگەڵ ئەندامانی هەردوو بۆردەکە کۆبووەوە.
لە هەردوو کۆبوونەوەکەدا کە رۆژی سێشەممە 17ـی 3ـی 2026 بەڕێوەچوون، قوباد تاڵەبانی ئاماژەی بە پێویستیی گۆڕانکاری و چاکسازییەکانی ناو یەکێتی کرد و خۆشحاڵی خۆی دەربڕی کە گۆڕانکارییەکان لە هەیکەل و بەرپرسیارێتییەکان لەناو یەكێتییدا دەستی پێ کردووە.
لەمبارەیەوە لێپرسراویی سکرتارییەتی سەرۆک مام جەلال رایگەیاند: هەر حزبێکی سیاسی بۆ ئەوەی گەشە بکات بەردەوام پێویستی بە گۆڕانکاری و خۆڕێکخستنەوە و خۆگونجاندنە لەگەڵ سەردەم و خواست و داواکارییەکانی خەڵک.
قوباد تاڵەبانی ئاماژەی بەوەشدا: دەستخۆشیتان لێدەکەم کە لە ماوەی رابردوودا هەنگاوی زۆر باش نراوە بۆ چاکسازی، بەڵام دەبێت لە پرۆسەکەدا گرنگییەکی زۆر زیاتر بدەین بە چۆنییەتی نوێکردنەوە و داڕشتنەوەی هەیکەلییەتی حیزب و پەروەردەکردنی کادری شارەزا و لێهاتوو بۆ قۆناغەکە. جەختیشی کردەوە کە هەموو هەوڵێک دەدەن لەم پرۆسەیەدا ئەرک و بەرپرسیارێتی بە کەسی شیاو بسپێردرێت و رێز لە تێکۆشەرە دێرینەکان بگیرێت و سوود لە ئەزمونی دەوڵەمەندییان وەربگیرێت، هەروەها هەماهەنگی لەنێوان بۆردەکانی حکومەت و رێکخراوەکان و تەواوی بۆردەکانی دیکەی بە گرنگ و پێویست زانی لە پرۆسەی رێکخستنەوە و گۆڕانکارییەکاندا.
لە بەشێکی دیکەدا قوباد تاڵەبانی ئاماژەی بە یەکڕیزی ناوماڵی یەکێتی کرد و رایگەیاند: ئێستا جەماوەری یەکێتی دڵخۆشن کە هیچ کاتێک یەکێتییەکەیان وەک ئێستا یەکڕیز نەبووە. هەربۆیە دەبێت رۆژ لە دوای رۆژ ئەم یەکڕیزییە بەهێزتر بکەین، بۆ ئەمەش دەبێت بە دڵسۆزی و بە روحی هەڤاڵانەوە کار بکەین و ئەرک و ناونیشان لێک جیا بکەینەوە، چونکە هەموومان ئەرکمان هەیە بەرامبەر بە پێشخستنی یەکێتی، بەڵام هەموومان پۆست و ناونیشانمان نییە، کادر و ئەندامی دڵسۆز بەبێ گرنگیدان بە پۆست و ناونیشان ئەرکی خۆی جێبەجێ دەکات.
لە چوارچێوەی هێرشە ئاسمانییە بەردەوامەکانی ئیسرائیل بۆ سەر ئێران، سەرچاوە ئیسرائیلییەکان ئاشکرایانکرد، شەوی رابردوو سوپای ئەو وڵاتە "عەلی لاریجانی" ئەمینداری ئەنجومەنی باڵای ئاسایشی نەتەوەیی ئێرانی کردووەتە ئامانج.
میدیاکانی ئیسرائیل بڵاویانکردەوە، سوپا لە ئێستادا خەریکی لێکۆڵینەوە و پشتڕاستکردنەوەی چارەنووسی لاریجانییە کە ئایا لەو هێرشەدا کوژراوە یان نا. لێپرسراوێکی ئیسرائیلیش دوپاتیکردەوە، لاریجانی یەکێک بووە لە ئامانجە سەرەکییەکانی هێرشەکەی شەوی رابردوو.
هاوکات، کەناڵی 15ـی ئیسرائیلی ئاشکرایکرد، هەر لە هێرشەکانی دوێنێدا "غوڵامڕەزا سلێمانی" فەرماندەی هێزەکانی باسیجی ئێران کراوەتە ئامانج .
هاوکات سوپای ئیسرائیل کوژرانی فەرماندەی بەسیجی پشت راستکردەوە و رایگەیاند، لەهێرشەکانی شەوی رابردوودا لەناو جەرگەی تاران کوژراوە.
تا ئێستا لایەنی ئێرانی هیچ زانیارییەکی رەسمی یان پشتڕاستکردنەوەیەکی سەبارەت بە چارەنووسی ئەو دوو لێپرسراوە باڵایە بڵاو نەکردووەتەوە، ئەم پەرەسەندنە نوێیانە دوای ئەوە دێن کە ئیسرائیل چەندین جار هەڕەشەی تیرۆرکردنی سەرکردە باڵا و بەرپرسە سەربازییەکانی کۆماری ئیسلامی ئێرانی کردبوو.
لەکاتێکدا گرژی و ئاڵۆزییەکانی نێوان ئێران و هەریەکە لە ئەمریکا و ئیسرائیل بەردەوامییان هەیە، سەرۆکی پەرلەمانی ئێران، پەیامێکی ئاڕاستەی واشنتۆن و وڵاتانی ناوچەکە کرد و دەڵێت، دەبێت ئاسایشی ناوچەکە بە شێوەیەکی ناوخۆیی و سەقامگیر بێت، نەک لە دەرەوە بسەپێندرێت.
محەمەد باقر قاڵیباف سەرۆکی پەرلەمانی ئێران لە لێدوانێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، تاران بە رەسمی وڵاتانی ناوچەکەی ئاگادار کردووەتەوە کە بوونی هێزەکانی ئەمریکا هیچ کاتێک ئاسایش و سەقامگیری ناهێنێتە کایەوە، بۆیە پێویستە ئەمریکییەکان بە زووترین کات ناوچەکە بەجێبهێڵن.
سەبارەت بە توانای سەربازیی وڵاتەکەشی، سەرۆکی پەرلەمان ئاماژەی بەوەشکرد، سەکۆکانی هەڵدانی موشەکی ئێران بە تەواوی نوێ کراونەتەوە و بە شێوەیەک پارێزراون کە نەیارەکانیان ناتوانن بیانکەنە ئامانج.
وتیشی: "دوای شەڕی 12 رۆژەکەی مانگی حوزەیرانی ساڵی رابردوو، گۆڕانکاریی ریشەییمان لە سیستمی سەکۆکانی هەڵدانی موشەکدا کردووە، ئەوەش وای کردووە دوژمن لە بەرانبەر بڕیارە سەربازییەکانی ئێمەدا دەستەوستان بێت."
لە کۆتاییی لێدوانەکانیدا، قالیباف جەختی لەوەکردەوە، سیستمی بەرگریی ئاسمانیی وڵاتەکەی توانای هەیە رووبەڕووی پێشکەوتووترین جۆری فڕۆکە و درۆنەکان ببێتەوە و رێگرییان لێ بکات.
ئیدارەی سەرۆكی ئەمریكا داوا لە هاوپەیمانەكانی دەكات سوپای پاسدارانی ئێران و حزبوڵای لوبنان بخەنە لیستی تیرۆرەوە.
پەیامێكی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكا ئاشكرایكردووە، ئیدارەكەی دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمریكا داوای لە دیپلۆماتكارانی ئەمریكی لە دەرەوەی وڵاتەكەی كردووە، هانی هاوپەیمانەكانیان بدەن سوپای پاسدارانی ئێران و حزبوڵای لوبنانی وەك دوو رێكخراوی تیرۆریستی بناسێنن.
ئەو پەیامە لە 16ی ئەم مانگە نێردراوە و ئیمزای ماركۆ رۆبیۆ وەزیری دەرەوەی ئەمریكای لەسەرە و ئاراستەی سەرجەم بارەگاكانی نێردە دیپلۆماسییەكان و كونسوڵخانەكانی ئەمریكا لە تەواوی جیهان كراوە، وتوشێتی ئەو هەوڵە دەبێت بە هەماهەنگی ئیسرائیل بكرێت.
لە پەیامەكەدا هاتووە، بە تیرۆر ناساندنی سوپای پاسدارانی ئێران و حزبوڵای لوبنان، فشارەكان لەسەر ئێران زیاتر دەكات و سنورێكیش بۆ تواناكانی لە سەر ئاستی جیهان دادەنێت.
پێشتریش ئەمریكا و بەشێك لە وڵاتان سوپای پاسداران و حزبوڵای لوبنانیان خستووەتە لیستی تیرۆرەوە.
ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق لەبارەی كێشەی هەناردەكردنی نەوت لە نێوان هەولێر و بەغداد كۆدەبێتەوەو لێپرسراوانی هەردوولا بانگهێشت دەكات.
بڕیارە ئێوارەی ئەمڕۆ ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق كۆببێتەوە بۆ گفتوگۆ لەسەر كێشەی هەناردەی نەوتی عیراق بۆ بەندەری جەیهان لە رێگەی بۆری نەوتی هەرێمەوە، بە پێی كارنامەی كۆبوونەوەكەش بریكاری وەزارەتی نەوتی عیراق و وەزیری سامانە سروشتییەكانی هەرێم و بەڕێوەبەری گشتی كۆمپانیای بە بازاڕكردنی نەوت "سۆمۆ" بانگهێشتی كۆبوونەوەكە بكرێن.
ئاماژە بەوەشكراوە، ئامانجی كۆبوونەوەكە بۆ گفتوگۆكردنە لەسەر چۆنییەتی هەناردەكردنی نەوت لە رێگەی بۆری كەركوك-جەیهان و نەهێشتنی ئاستەنگەكان و چارەسەركردنی ئەو قەیرانە داراییەی بەهۆی هێرشەكانی سەر عیراق دروستبووە.
لە 28ی شوباتەوە تائێستا 307 هێرشكراوەتە سەر هەرێمی كوردستان و بەهۆیانەوە هەشت كەس شەهیدبوون و 51 كەسی تریش برینداربوون.
تیمی كوردستانی رێكخراوی سی پی تی ئەمریكی ئامارێكی لەبارەی هێرشەكانی سەر هەرێمی كوردستان بڵاوكردەوە و ئاماژەی بەوەكردووە، هەرچەندە لە هەفتەی رابردوودا ژمارەی هێرشەكانی سەر هەرێمی كوردستان كەمیكردووە، بەڵام ژمارەی شەهید و بریندار زیادیكردووە و بە پێی ئامارەكەش لە 28ی شوباتەوە تائێستا 307 هێرشكراوەتە سەر هەرێم و بەهۆیانەوە هەشت كەس شەهیدبوون و 51 كەسی تریش برینداربوون.
راشیگەیاندووە، لە هەفتەی رابردوودا 39 جار كونسوڵخانە و بنكە سەربازییەكان لە هەرێمی كوردستان كراونەتە ئامانج، 43 جاریش بنكە و بارەگای حزبەكانی رۆژهەڵاتی كوردستان بۆردومانكراون و 21 خانوو و شوێنی هاووڵاتیانیش زیانیان بەركەوتووەز
وەزارەتی نەوتی عیراق دەڵێت راگەیەنراوەكەی وەزارەتی سامانە سروشتییەكانی هەرێم سیاسی و حزبییە و گوزارشت لە تێڕوانینی یاسایی و پیشەیی ناكات.
وەزارەتی نەوتی عیراق بە راگەیەنراوێك وەڵامی راگەیەنراوەكەی پێشووی وەزارەتی سامانە سروشتییەكانی هەرێمی دایەوە و ئاماژەی بەوەكردووە، سەرەڕای ئەو ئاستەنگگییانەی بۆیان دروستبووە، هەوڵ دەدەن كارەكانی دەستپێكردنەوەی بۆری نەوتی كەركوك-جەیهان، لە چەند رۆژی داهاتوودا تەواو ببێت، بۆئەوەی بتوانرێت.
راستەوخۆ نەوتی كەركوك هەناردە بكرێت، داواشیكردووە بەشێوەیەكی كاتی بۆری بەستنەوەی وێستگەی سارلوا لە كەركوك بە وێستگەی فیشخابور بەرەو بەندەری جەیهان بەكاربهێنرێت بۆئەوەی رۆژانە نەوت لە 250 هەزار بەرمیل زیاتر هەناردە نەكرێت بۆئەوەی كاریگەری قەیرانەكان كەمبكرێنەوە.
لە بەشێكی تری راگەیەنراوەكەدا هاتووە، بەپێی رێككەوتنی عیراق و توركیا، بۆری گواستنەوەی نەوت لە نێوانیاندا دامەزراوەیەكی حكومەتی عیراقە و توانای لە یەك ملیۆن بەرمیل زیاترە لە رۆژێكدا، وەك بەشێك لە پلانی ستراتیژی وەزارەتیش، بۆرییەكی جێگرەوەی نوێ هاوتەریب لەگەڵ ئەو بۆرییە دروست دەكرێت، داوا لە حكومەتی هەرێمیش دەكات بە هەڵوێستەكەیدا بچێتەوە بۆ رێگریكردن لە هەناردەكردن، جەختیشیكردووەتەوە، ئەگەر هەرێم رێگری بكات لە هەناردەكردنی نەوت، حكومەتی عیراق هەموو رێوشوێنێكی یاسایی پێویست دەگرێتەبەر.
وەزارەتی نەوتی ئاماژەی بەوەشكردووە، حكومەتی هەرێم دۆسێی نەوتی بەستووەتەوە بە مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمەوە، لەكاتێكدا ئەو بابەتە پەیوەندی بە وەزارەتی داراییەوە هەیە لەگەڵ سیستمی ئەسیكۆدا كە بۆ نەهێشتنی گەندەڵییە.
سەرۆکی ئەمریکا دەڵێت: ئەو رێکارە سەربازییانەی دژی ئێران گرتوویانەتە بەر، جیهانی لە جەنگێکی وێرانکەری ئەتۆمی پاراستووە.
دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاند، مەبەستی ئەو هەڵگیرساندنی شەڕ نییە لە جیهاندا، بەڵکو پەیڕەوی لە پرەنسیپی "ئاشتی لەسەر بنەمای هێز" دەکات. وتیشی: نایەوێت شەڕ لە هیچ شوێنێکی جیهان هەڵگیرسێت، بەڵام بۆ پاراستنی ئاشتی دەبێت هێزێکی راستەقینەیان هەبێت.
ئاماژەی بەوەشکرد، ئەگەر ئێران خاوەنی بۆمبی ئەتۆمی بوایە، بێگومان بەکاری دەهێنا، هەر بۆیە رێکاری سەربازییان لە دژی گرتنە بەر تا بەو ئامانجە نەگەن. ترەمپ جەختیکردەوە، ئەو هێرشانەی کرانە سەر دامەزراوە و ژێرخانە سەربازییەکانی ئێران، رێگرییان کردووە لەوەی ناوچەکە و جیهان بەرەو کارەساتێکی ئەتۆمی بڕوات.
تەلەفیزیۆنێكی ئیسرائیلی ئاشكرای دەكات، ئاڵوگۆڕی نامە لە نێوان ویتكۆف و عراقچی هەیە و لێپرسراوانی باڵای ئێرانیش دەڵێن مەرجیان بۆ ئاگربەست دەستپێنەكردنەوەی جەنگە.
كەناڵی 12ی ئیسرائیل لە زاری چەند سەرچاوەیەكی ئاگاداراوە بڵاویكردوەتەوە، سەرەڕای ئەو بانگەشانەی كە هیچ پەیوەندییەك لە نێوان لێپرسراوانی ئەمریكا و ئێراندا نەماوە ، عەباس عراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران و ستیڤ ویتكۆڤ نوێنەری سەرۆكی ئەمریكا بۆ كاروباری رۆژهەڵاتی ناوەڕاست ئاڵوگۆڕی نامە و پەیام لە نێوانیاندا هەیە.
ئەكسیۆس ئاشکرایکرد، كەناڵی پەیوەندی راستەوخۆ لەنێوان عەباس عراقچی و ستیڤ ویتكۆڤ كارا كراوە وعەباس عراقچی دەستپێشخەری كردووە بۆ گفتوگۆ لەگەڵ لایەنی ئەمریكی.
هەواڵەكەی ئەو تەلەفیزیۆنەی لە كاتێكدایە مەسعود پزیشكیان، سەرۆك كۆماری ئێران لە گفتوگۆیەكی تەلەفۆنی لەگەڵ ئیمانۆیەل ماكرۆن، سەرۆكی فەرەنسا وتویەتی گفتوگۆكردن لەسەر كۆتایی جەنگ تا كاتێك كە دڵنیانەبین لەوەی هێرش ناكرێتەوە سەرمان بێ مانایە.
محەمەدباقر قاڵیباف، سەرۆكی پەرلەمانی ئێران لە نوێترین پەیامیدا وتویەتی تا دوژمن پەشیمان نەكەنەوە ئاگربەست قبوڵ ناكەن و تا دڵنیاش نەبن لە هەڵگیرسانەوەی جەنگ، ئاگربەست قبوڵ ناكەن.
عەباس عراقچی لە لێدوانێكی رۆژنامەوانیدا وتویەتی، واشنتۆن لە ئێستادا هەوڵدەدات لە رێگەی وڵاتانی ترەوەە فشار بخاتە سەر تاران بەمەبەستی كردنەوەی گەرووی هورمز بەڵام تا كۆتایی جەنگ ئەو هەنگاوانە سەر ناگرێت.
بەهۆی زیادبوونی فشارە سەربازییەکان، رەوشەکە لە بەرژەوەندی ئەمریکا گۆڕاوە و ترەمپیش دەڵێت؛ تواناکانی سوپای ئێران لە رووی دەریایی و وشکانییەوە لاواز بوون.
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لە لێدوانێکی رایگەیاند، واشنتۆن توانیویەتی بە تەواوی تواناکانی ئێران لە رووی سەربازی و دەریاییەوە لەناو ببات.
ترەمپ ئاماژەی بەوەکرد رەوشەکە بە تەواوی گۆڕاوە و ئێران چیتر ئەو هێزەی نییە کە پێشتر هەبووی، ئەمەش دوای ئەوە دێت کە زنجیرەیەک هێرشی بەرفراوان بۆ سەر بنکە و بارەگاکانی ئەو وڵاتە ئەنجام دراون.
بەپێی وتەکانی ترەمپ، فشارە سەربازییەکان بەردەوام دەبن تا ئەو کاتەی دڵنیا دەبنەوە لەوەی هیچ مەترسییەک بۆ سەر بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا و هاوپەیمانەکانی لە ناوچەکەدا نەماوە.
لە درێژەی قسەکانیدا، ترەمپ ئاشکرایکرد، هێزەکانیان زیاتر لە حەوت هەزار ئامانجی سەربازییان لە ناوخۆی ئێران پێکاوە، سەبارەت بە توانا دەریاییەکانیش، رایگەیاند کە زیاتر لە 100 کەشتی ئێرانی لە سەرەتای جەنگەکەوە نوقم کراون، کە لە نێویاندا 300 کەشتی هەبوون کە خەریکی چاندنی مین بوون لە گەرووی هورمز.
ترەمپ جەختیکردەوە، ئێستا ئێران توانایەکی موشەکی ئەوتۆی نەماوە و ئاستی هاویشتنی موشەکە بالیستییەکانیش بە رێژەی 90٪ کەمی کردووە، ئەمەش نیشانەی لاوازبوونی سوپای ئەو وڵاتەیە.
سەرۆکی ئەمریکا ئاماژەی بەوەشکرد، سێ پێگەی سەرەکی دروستکردنی موشەک و فڕۆکەی بێفڕۆکەوانیان لە ناوخۆی ئێران وێران کردووە، هەروەها هەڕەشەی ئەوەی کرد کە رەنگە بڕیاری لێدانی ژێرخانی نەوتی ئێران لە دوورگەی خارک بدەن، چونکە زۆربەی ئامانجەکانیان بازرگانی و سەربازین. ترەمپ وتیشی؛ تاران هەوڵ دەدات گەرووی هورمز وەک چەکێک بەکاربهێنێت، بەڵام ئێستا تەنها چەند موشەکێکی سنوورییان ماوە بۆ بە ئامانجگرتنی کەشتییەکان و رەوشەکە لەژێر کۆنترۆڵی واشنتۆندایە.
لە کۆتاییدا، ترەمپ باسی لە رەوشی تەندروستی رابەری باڵای ئێران کرد و وتی، کە بە دڵنیاییەوە عەلی خامنەیی لە رەوشێکی تەندروستی باشدا نییە. ئەم لێدوانانەی ترەمپ لە کاتێکدایە کە واشنتۆن فشاری زیاتر دەخاتە سەر تاران بۆ ئەوەی رەفتارەکانی لە ناوچەکەدا بگۆڕێت، و دووپاتی کردەوە کە ئەوان ئامادەن بۆ هەر هەنگاوێکی تر ئەگەر بێت و ئێران بیەوێت ئاسایشی جیهانی و رێڕەوە بازرگانییەکان بخاتە مەترسییەوە.
لە چوارچێوەی ئاڵۆزییەکانی ناوچەکەدا، تاران جەخت لە بەردەوامی روبەڕوبوونەوەی ئەو فشار و هەوڵانە دەکاتەوە کە ئامانجیان تێکدانی سەقامگیری و دابەشکردنی خاکی وڵاتەکەیە.
عەلی لاریجانی سەرۆکی ئەنجومەنی باڵای ئاسایشی نیشتمانی ئێران رایگەیاند، وڵاتەکەی بە تەنها رووبەڕووی دەستدرێژییەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل بووەتەوە و تا ئێستا هیچ وڵاتێکی ئیسلامی هاوکاری ئێرانی نەکردووە بۆ تێپەڕاندنی ئەو رەوشە سەختەی تێیکەوتووە.
لاریجانی ئاماژەی بەوەکرد، واشنتۆن هیچ وەفایەکی بۆ وڵاتانی ئیسلامی نییە و تەنها ئامانجیەتی بەسەریاندا زاڵ بێت، هەروەها جەختی کردەوە کە تاران لە روبەڕوبوونەوەی پیلانەکان بۆ پارچەکردنی وڵاتەکەی بەردەوام دەبێت و رێگە بە هیچ فشارێکی تر نادات.
ئەم لێدوانانەی لاریجانی لە کاتێکدایە کە تاران هەوڵ دەدات پێگەی خۆی لە ناوچەکەدا بەهێزتر بکات و رێگری لە هەر دەستوەردانێکی دەرەکی بکات.
قاسم ئەعرەجی، راوێژكاری ئاسایشی نەتەوەیی عیراق، لە ساڵیادی کیمیابارانی هەڵەبجەدا پەیامێکی ئاڕاستەی بافڵ جەلال تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانی کرد و دەڵێت: کیمیابارانی هەڵەبجە یەکێکە لە "دڕندەترین تاوانەکانی مێژوو.
لە پەیامەکەیدا، ئاماژەی بەوەکردووە کە کیمیابارانی هەڵەبجە یەکێکە لە "دڕندەترین تاوانەکانی مێژووی هاوچەرخ" و رایگەیاندووە: "ئەم مەرگەساتە برینێکی قووڵە لە یادەوەرەی عیراق و هەموو مرۆڤایەتیدا، هەروەها وەک شایەتێکی زیندوو لەسەر مەترسیی بەکارهێنانی چەکی قەدەغەکراو دژی خەڵکی سڤیل دەمێنێتەوە."
راوێژکاری ئاسایشی نەتەوەیی لە بەشێکی تری پەیامەکەیدا، وێڕای دەربڕینی هاوسۆزی بۆ خەڵکی هەرێمی کوردستان، جەختی لەسەر پابەندیی نەگۆڕ کردەوە بۆ پاراستنی کەرامەتی مرۆڤ و چەسپاندنی دادپەروەری و کاروخەباتی هاوبەش بە مەبەستی رێگریکردن لە دووبارەبوونەوەی تاوانی هاوشێوە لە داهاتوودا.
لە کۆتاییدا، قاسم ئەعرەجی دروودی بۆ گیانی پاکی شەهیدانی هەڵەبجە و سەرجەم شەهیدانی عیراق نارد و جەختی کردەوە کە یادیان هەمیشە لە ویژدانی نەتەوەدا بە زیندوویی دەمێنێتەوە.
قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆک وەزیرانی حکومەتی هەرێمی کوردستان، لە 38ـەمین ساڵیادی کیمیابارانکردنی هەڵەبجەدا پەیامێکی بڵاوکردەوە و دەڵێت، هەڵەبجە سمبولی خۆڕاگریی کوردە
دەقی پەیامەکە:
لاوێکی شەرمێون بووم مێشکم دەدرا بە ماران
ئێستاش کە پیر و ماندووم دەرم دەکەن لە شاران
هەموو ساڵێک کە لە رۆژی 16/3، یادی کارەساتی هەڵەبجە دەکەینەوە، بۆ چرکەساتێک کورتکراوەیەک لە هەموو مێژووی کورد دێتەوە بیر و خەیاڵمان. چونکە هەڵەبجە سیمبولی ستەملێکراویی گەلی کوردە، کە بە درێژایی مێژوو ستەمی لێکراوە و هەوڵی لەناوبردن و سڕینەوەی دراوە.
سیمبولی خۆڕاگریی کوردە بەو مانایەی نە کیمیاباران و نە قڕکردن و نە بۆردومان و نە هیچ هەوڵێکی دڕندانە و دوژمنکارانەی دیکە ئیرادەی گەلی کورد تێکناشکێنێت و کورد تەسلیمی ئیرادەی کەس نابێت و بۆ ساتێکیش لە هەوڵ و تێکۆشان بۆ بەدیهێنانی مافەکانی ناوەستێت.
سیمبولی بێ کەسییە، وەکچۆن کاتی خۆی لە ئاست ئەو کارەساتە مەزنەدا جیهان مت و بێدەنگ بوو. هەڵەبجە بیرمان دەخاتەوە کە دۆستایەتیی هەموو جیهان بکەین، بەڵام دواجار بەس خۆمان کەسی یەکتر و پشتوپەنای یەکترین.
هەڵەبجە سیمبولی ئاشتی و بیری ئاشتیخوازانەی کوردە، لە خۆڕانییە کە ئێستا پایتەختی ئاشتیی کوردستانە، سەرباری ئەو کارەساتە گەورەیە و ئەو هەموو ستەمە کورد بیر لە تۆڵە ناکاتەوە و رێگەی ئاشتی گرتووەتەبەر بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانی.
ئێستاش کە یادی 38مین ساڵیادی کیمیابارانی هەڵەبجە دەکەینەوە و شەڕ و ئاڵۆزی سەرتاپای ناوچەکەی گرتووەتەوە، ئەرکی هەموو لایەکمانە یەکگرتووانە هەوڵ بۆ پاراستنی نیشتمانەکەمان لە هەڕەشە و مەترسییەکان بدەین و لە هەمان کاتیشدا پەیامی ئاشتیی هەڵەبجە و ئاشتیخوازیی کورد بە هەموو لایەک بگەیەنین.
شاناز ئیبراهیم ئەحمەد خانمی یەکەمی عیراق، لە ساڵیادی بۆردومانی هەڵەبجە بەچەکی کیمیایی پەیامێکی بڵاو کردەوە و تێیداهاتووە: ئەگەر ژیانی مرۆڤ بەهای راستەقینەی هەبوایە لای ئەو کەسانەی خۆیانلەپشت چڵە زەیتونە نایلۆنەکانەوە حەشار داوە و بانگەواز بۆ ئاشتی دەکەن، خۆرهەڵاتی ناوەڕاست نەدەبوە گۆڕەپانی جەنگ. ئەگەر ژیانی مرۆڤ لەبەرمیلێک نەوت بە نرختر بوایە، نە مەرگەساتی هەڵەبجە و نەئەو جەنگانەئەقەومان کە ئەمڕۆ دەیبینین.
دەقی پەیامەکەی خانمی یەکەمی عیراق
یادی هەڵەبجە وەبیرمان دێنێتەوە کە ئاشتی پێویستی بە کردارە، نەک هەردروشم لەساڵیادی بۆردومانی هەڵەبجە بەچەکی کیمیایی لەرۆژی ١٦ی ئازاری ١٩٨٨دا، رێز لەو قوربانیانە دەنێین کە باجی بێدەنگیی و فەرامۆشیی جیهانیان دا. چونکە ئاشتی بە دروشمبازی نایەتەدی لەکاتێکدا لەسەر زەمینی واقیع توندوتیژی بەردەوامە.
ئەگەر جیهان گوێی بۆ نوزەی بەساڵاچوان، هاوار و ناڵەی ژنان و دڵەکوتێ ونیگەرانیی منداڵ بگرتایە، ڕووبەڕووی ئەم مەرگەساتانەی ئەمڕۆ نەدەبوینەوە.
ئەگەر ژیانی مرۆڤ بەهای راستەقینەی هەبوایە لای ئەو کەسانەی خۆیانلەپشت چڵە زەیتونە نایلۆنەکانەوە حەشار داوە و بانگەواز بۆ ئاشتی دەکەن، خۆرهەڵاتی ناوەڕاست نەدەبوە گۆڕەپانی جەنگ. ئەگەر ژیانی مرۆڤ لەبەرمیلێک نەوت بە نرختر بوایە، نە مەرگەساتی هەڵەبجە و نەئەو جەنگانەئەقەومان کە ئەمڕۆ دەیبینین.
شاناز ئیبراهیم ئەحمەد