بەئامادەبوونی شاناز ئیبراهیم ئەحمەد خانمی یەکەمی عیراق لە هۆڵی شەهید ئەلحەکیم لە زانکۆی بەغداد، چالاکیەکانی کۆنگرەی نێودەوڵەتی دووەم بەڕێوەچوو لەژێر ناوی "ژن و بڕیاردان: پشتگیری و سەرکردایەتی و کاریگەریی، بەدروشمی بەهوشیاری و دەنگی خۆی بڕیاردەدا و نیشتمان بنیات دەنێت".
لەمیانی وتەیەکیدا خانمی یەکەمی عیراق خۆشحاڵی خۆی نیشاندا کە دوای تێپەڕبوونی 50 ساڵ هاتووەتەوە زانکۆی بەغداد، کە بەهۆی بارودۆخە جیاوازەکانەوە نەیتوانیوە خوێندن تەواو بکات لەو زانکۆیەدا کە باوکی و سەرۆکی کۆچکردوو مام جەلال تاڵەبانی تێیدا خوێندویانە.
شاناز ئیبراهیم ئەحمەد گرنگی کۆنگرەکەشی دووپاتکردەوە و بەرەنگدانەوەی باوەڕی قوڵی وەسفکرد بەوەی ژنان رۆڵی گرنگیان هەیە لە بنیاتی نیشتمان، بەوپێیەی پشتگیری ژنان تەنیا بژاردە نییە بەڵکو بنەمای پێشکەوتن و دادپەروەرییە لەهەر کۆمەڵگەیەکدا. هەروەها ئاماژەی بەوەدا کە ژنانی عیراق بەرگەی شەڕ و قەیرانەکانیان گرت و بەهێزمانەوە و متمانەیان بەرۆلی میحوەری خۆیان هەبوو وەک بڕبڕەی پشتی کۆمەڵگە، کە نمونەیەکی پێشەنگیان پێشکەش کرد لە لێهاتوویی و باوەڕبوون بەتوانای گۆڕانکاری.
سەبارەت بەهەڵبژاردنەکانی ئەنجومەنی نوێنەرانیش، خانمی یەکەمی عیراق رایگەیاند دەبێت دووبارە داوا بکەین کە ژنان بەشدارییەکی کارای تێدا بکەن نەک تەنیا لەکاندید بوون بەڵکو لەبەجێگەیاندنی مافی دەنگدان بۆ زامنکردنی ئامادەبوونێکی راستەقینە و کاریگەر لە پرۆسەی سیاسیدا. چونکە دەنگی ژن دەنگی دادپەروەرییە، بناغەی پەرەپێدان و یەکسانییە لە بڕیاردان.
لەو کۆنگرەیەدا ژمارەیەکی بەرچاو لەکەسایەتی رەسمیی و ئەکادیمی ئامادەبوون لەنێویاندا هەناء عەمانوێل بەڕێوەبەری فەرمانگەی ژنان لە سەرۆکایەتی کۆمار و د. ئەسمار شطری راگری کۆلێژی پەروەردە بۆ کچان و بەڕێوەبەری ناوەندی لێکۆڵینەوەکانی ژنان.
لەمیانی گفتوگۆکاندا، ئەوە دووپاتکرایەوە کە کۆنگرەی نێودەوڵەتی دووەم هەنگاوێکی ئاسایی نییە بەڵکو پرۆژەیەکی دوور مەودایە لەکاروانی پەرەپێدان و بنیاتنانی دەوڵەتدا، هەروەک داواش کرا کەبەرنامەی نوێی حکومەت، گرنگی بداتە ژنانی سەرکردە و پشتیوانیکردنیان بۆ بڕیاردان کەمتمانەبەخۆبونی ژنان زیاتر دەکات.
لەکۆتاییشدا، راگری کۆلێژی پەروەردە بۆ کچان رێزلێنانی بەخشییە شاناز ئیبراهیم ئەحمەد، لەپای رۆڵ و هەوڵەکانی بۆ پشتیوانی ژنانی عیراق، دواتریش خانمی یەکەمی عیراق ژمارەیەک کەسایەتی دیاری ژنانی خەڵات کرد.
بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی ئاسایشی هەولێر رایگەیاند، ئەمڕۆ چوارشەممە، لیژنەی لەناوبردنی ماددە هۆشبەرەکان هەستاون بە لەناوبردن و سوتاندنی زیاتر لە 130 کیلۆگرام ماددەی هۆشبەری جۆراوجۆر.
بەپێی راگەیەندراوێکی ئاسایشی هەولێر، کۆی گشتیی ماددە لەناوبراوەکان بریتی بووە لە (130 کیلۆ و 555گرام) کە لە جۆرەکانی (کریستاڵ، هێرۆین، تلیاک، حەشیش، ماریجوانا، کۆکاین، گراس، جگەرەی ئامادەکراوی هۆشبەر، و حەبی جۆراوجۆر) پێکهاتبوون.
ئاسایشی هەولێر ئاماژەی بەوەشکردووە، ئەو ماددانە لە ماوەی رابردوودا لەلایەن بەڕێوەبەرایەتیی نەهێشتنی ماددە هۆشبەرەکانەوە دەستیان بەسەردا گیرابوو و پەیوەست بوون بە 740 دۆسیەوە.
رونیشیکردووەتەوە کە دۆسیەکان لە ساڵانی 2022 و 2023 لەلایەن دادوەری لێکۆڵینەوەی ئاسایشەوە رەوانەی دادگا تایبەتمەندەکان کرابوون و دوای یەکلاییکردنەوەیان، بڕیاری کۆتاییان وەرگرتبوو.
کەمێکیتر بەئامادەبونی بافڵ جەلال تاڵەبانی سەرۆكی یەكێتی نیشتمانی كوردستان و هەزاران دەنگدەر و لایەنگری یەكێتی كەرنەڤاڵی جەماوەری لیستی 222 لە قەڵای شێروانە لە كەلار بەڕێودەچێت.

عەباس عراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران، لە لێدوانێکدا رایگەیاند، گفتوگۆکانی پێشوویان لەگەڵ ئەمریکا بەهۆی "زیادەڕۆییەکانی" لایەنی ئەمریکییەوە راگیراون و جەختیشیکردەوە تا واشنتن واز لەو سیاسەتەی نەهێنێت، ناگەڕێنەوە سەر مێزی دانوستان.
عراقچی کە گەیشتە فڕۆکەخانەی شەهید هاشمی نەژاد لە شاری مەشهەد، بە رۆژنامەنووسانی وت: "گفتوگۆکانی پێشوو لەگەڵ ئەمریکییەکان، هەروەها گفتوگۆکانی نیویۆرک، بەهۆی زیادەڕۆییەکانی لایەنی بەرامبەرەوە وەستان و پێشنەکەوتن."
ناوبراو وتیشی: "تا ئەو کاتەی ئەمریکییەکان واز لە سیاسەتی زیادەڕۆییانەی خۆیان نەهێنن و داواکاریی ناڕەوا و نامەنتیقیمان لێبکەن، ناگەڕێینەوە بۆ مێزی گفتوگۆ."
ئاژانسی رەسمی سوریا "سانا" بڵاویکردەوە، چەند چەکدارێکی ماتۆڕسکیل سواری نەناسراو هێرشیان کردووەتە سەر ئۆتۆمبێلێکی مەدەنی لە ناوچەی کەفر مارس لە چیای سەمماق لە دەوروبەری ئیدلب، کە بووەتە هۆی کوژرانی دوو هاووڵاتی و برینداربوونی پێنجی دیکە.
بەپێی هەواڵەکە، برینی بریندارەکان جیاوازە و گەیەندراونەتە نەخۆشخانە بۆ وەرگرتنی چارەسەر.
لەلایەکی دیکەوە، بەڕێوەبەری ئاسایشی ناوخۆ لە ناوچەی حارەم لە لێدوانێکدا بۆ سانا جەختی کردەوە کە لێکۆڵینەوەکان بەردەوامن بۆ ئاشکراکردنی وردەکارییەکانی ڕووداوەکە.
پۆلیسی ئۆگەندا رایگەیاند، لە ئەنجامی پێکدادانی دوو پاس لەسەر رێگای نێوان کامپالای پایتەخت و شاری گولو لە باکووری وڵات، 46 کەس گیانیان لەدەستداوە.بۆ تێپەڕاندنی ئۆتۆمبێلی تر و لەوکاتەدا بەیەکیاندا داوە.
سەرەتا پۆلیسی ئۆگەندا رایگەیاندبوو کە 63 کەس گیانیان لەدەستداوە، بەڵام دواتر ژمارەکەیان بۆ 46 کەس کەمکردەوە.
دکتۆر لەتیف رەشید، سەرۆک کۆماری عیراق، نامەیەکی سوپاسگوزاریی لە دکتۆر حەنان حوسێن بەلخی، بەڕێوەبەری هەرێمیی رێکخراوی تەندروستیی جیهانی بۆ رۆژهەڵاتی ناوەڕاست پێگەیشت.
لە نامەکەیدا، دکتۆر بەلخی ستایشی دیدگای سەرۆک کۆماری کردووە سەبارەت بە پێشخستنی ئاسایشی تەندروستیی نیشتمانی و بنیاتنانی سیستمێکی تەندروستیی خۆڕاگر بەرامبەر بە گۆڕانکارییەکانی کەشوهەوا.
ناوبراو جەختی لەوەش کردووەتەوە کە سەردانەکەی بۆ عیراق دەرفەتێکی گرنگی رەخساندووە بۆ ئاڵوگۆڕی بیروڕا و پتەوکردنی هاوکاریی نێوان عیراق و رێکخراوی تەندروستیی جیهانی.
لەکۆتاییدا، دکتۆر بەلخی پابەندبوونی تەواوی رێکخراوەکەی بۆ پشتگیریکردنی هەوڵەکانی عیراق لەپێناو پەرەپێدانی کەرتی تەندروستی لە وڵاتدا دووپاتکردەوە.
لە وەڵامی پرسیارێکدا سەبارەت بە راپۆرتەکان لەسەر قەدەغەکردنی خوێندن بە زمانی کوردی لە عەفرین، نەتەوە یەکگرتووەکان جەختی لەسەر مافی هەموو گەلان بۆ خوێندن و قسەکردن بە زمانی دایکی خۆیان کردەوە و بە مافێکی بنەڕەتیی مرۆڤی وەسف کرد.
فەرحان حەق، جێگری وتەبێژی سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان، لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند کە ئاگاداری ئەو راپۆرتە میدیاییانەن کە باس لە لابردنی پرۆگرامی خوێندنی زمانی کوردی و سەپاندنی زمانی عەرەبی وەک تاکە زمانی خوێندن لە عەفرین دەکەن.
هەرچەندە فەرحان حەق رایگەیاند کە ناتوانن راستی و دروستیی راپۆرتەکان پشتڕاست بکەنەوە، بەڵام جەختی کردەوە کە سکرتێری گشتی "باوەڕێکی پتەوی بە مافی هەموو خەڵک هەیە بۆ قسەکردن و فێربوون بە زمانی خۆیان." ناوبراو ئاماژەی بەوەشکرد، مافە زمانی و رۆشنبیرییەکان دەبێت لە هەموو بارودۆخێکدا پارێزراو بن، چونکە خوێندن بە زمانی دایک کۆڵەکەی ناسنامەی کولتووری و فرەڕەنگیی کۆمەڵایەتییە.
ئەم لێدوانەی نەتەوە یەکگرتووەکان لە کاتێکدایە کە بەپێی ڕاپۆرتەکان، لەگەڵ دەستپێکی ساڵی خوێندنی 2025-2025، خوێندن بە زمانی کوردی لە قوتابخانەکانی عەفرین راگیراوە. ئەم بڕیارە نیگەرانیی دانیشتووان و مامۆستایانی ناوچەکەی لێکەوتووەتەوە و داوایان کردووە خوێندن بە زمانی کوردی دەستپێبکاتەوە.
بەمنزیكانە دابەشكردنی نەوت لە سەنتەری شاری سلێمانی دەستپێدەكات، كە نرخەكەی 104 هەزارە.
تەها جەمال، لێپرسراوی لیژنەی دابەشكردنی نەوت لە پارێزگای سلێمانی لەبەریوەبەرایەتی نەوت و كانزاكانی سلێمانی بە كوردسات نیوزی راگەیاند، بەمنزیكانە دابەشكردنی نەوت دەگاتە سەنتەری شاری سلێمانی بۆ هەر ماڵێك وەك ساڵانی رابردوو 200 لیتر دەبێت، نرخەكەشی بۆ هەر بەرملێك 104 هەزار دینار دەبێت.
وتیشی، ئەو نەوتەی تا ئێستا دابەش دەكرێت نەوتی وەزارەتی سامانە سروشتیەكانی هەرێمە،
سەبارەت بە نەوتەش كەبریارە لەلایەن بەغداوە بنێردرێت، لێپرسراوای دابەشكردنی نەوت لە پارێزگای سلێمانی رایگەیاند، تا ئێستا بە نوسراوی رەسمییان بەدەستەگەیشتوە نازانرێت كەی دەستبەدابەشكردنی ئەو نەوتە لە هەرێم دەكرێت.
بەئامادەبونی بافڵ جەلال تاڵەبانی سەرۆكی یەكێتی نیشتمانی كوردستان و هەزاران دەنگدەر و لایەنگری یەكێتی پاش نیوەرۆی ئەمرۆ كەرنەڤاڵی جەماوەری لیستی 222 لە قەڵای شێروانە لە كەلار بەڕێودەچێت.
وتەبێژی مەڵبەندی گەرمیان دەربارەی کەرنەڤاڵەکەی ئەمڕۆ وتی: ئەندامان و دۆست و لایەنگرانی یەكێتی بە جۆش و خرۆشەوە بەشداریی كەرنەڤاڵەکە دەكەن بۆ پشتیوانیی لە كاندیدەكان.
بریارە لە كەرنەڤاڵەكەدا سەرۆكی یەكێتی وتارێك پێشكەش بكات و پەیامی نوێ ئاراستەی هاووڵاتیانی هەرێمی كوردستان و تایبەت هاووڵاتیانی کەلار بکات.
دەسەڵاتدارانی ئێران و عیراق بەردەوامن لە هەوڵە هاوبەشەکانیان بۆ دۆزینەوەی روفاتی زیاتر لە 52 هەزار سەربازی هەردوو وڵات، کە هێشتا چارەنووسیان نادیارە لەدوای جەنگی هەشت ساڵەی نێوانیان لە ساڵانی هەشتاکاندا.
لیژنەی نێودەوڵەتیی خاچی سوور لە عیراق ئەمڕۆ چوارشەممە رایگەیاند، تا ئێستا تەنها روفاتی نزیکەی پێنج هەزار کەس لە کۆی گشتیی ونبووان ناسراوەتەوە و پرۆسەی گەڕان و هەماهەنگی لەنێوان هەردوولادا بەردەوامە.
هەیبە عەدنان، وتەبێژی لیژنەکە رایگەیاند: "پرۆسەی ئاڵوگۆڕکردنی روفاتەکان لەنێوان عیراق و ئێراندا بەپێی میکانیزمێکی سێقۆڵی بەڕێوەدەچێت کە لە ساڵی2008 بەپێی یاداشتێکی لێکتێگەیشتن لە جنێڤ دامەزراوە. لیژنەی نێودەوڵەتی کارئاسانی بۆ ئەم پرۆسانە دەکات بە ئامانجی دیاریکردنی ناسنامەی ونبووان و گەڕاندنەوەی روفاتەکانیان بۆ خێزانەکانیان."
وتیشی، لایەنە پەیوەندیدارەکانی هەردوو وڵات بە شێوەیەکی بەردەوام ئۆپەراسیۆنی گەڕانی مەیدانی ئەنجام دەدەن و ناوبەناو روفاتی مرۆیی دەدۆزرێنەوە کە دەگەڕێنەوە بۆ قوربانیانی جەنگ.
وتەبێژەکەی خاچی سور ئاشکرایکرد، دوایین پرۆسەی ئاڵوگۆڕکردن لە5ی ئەم مانگەدا (تشرینی یەکەم) ئەنجامدرا، کە تێیدا روفاتی70سەربازی عیراقی و 48سەربازی ئێرانی رادەستکرانەوە، دوای پشتڕاستکردنەوەی ناسنامەکانیان و تەواوکردنی هەموو رێکارە پێویستەکان. بەپێی ئامارەکان، لە ساڵی 2010ەوە، لیژنەی نێودەوڵەتی کارئاسانی بۆ ئاڵوگۆڕی زیاتر لە 5300 روفات لەنێوان هەردوو وڵاتدا کردووە.
هەیبە عەدنان ئاماژەی بەوەشکرد کە تیمەکانی گەڕان روبەروی ئاستەنگی گەورە دەبنەوە، لەوانە:
زۆرێک لە گۆڕە بەکۆمەڵەکان دەکەونە ناوچە دوورەدەستەکان یان ناوچەی پیسبوو بە پاشماوەی جەنگی، کە گەیشتن پێیان مەترسیدار دەکات.
هۆکارە ژینگەییەکان و گۆڕانی شێوەی زەوی بە تێپەڕبوونی کات، پرۆسەی ناسینەوەی ناسنامەکان قورس دەکات.
نەبوونی بنکەیەکی داتای ناوەندیی یەکگرتوو و سەختیی بەراوردکردنی زانیارییەکان لەنێوان لایەنە پەیوەندیدارەکانی هەردوو وڵاتدا.
دزییە گەورەکەی لۆڤەر؛ راپۆرتێکی نهێنی شکستە ئەمنییە مێژووییەکانی ئەو مۆزەخانەیە ئاشکرا دەکات:
دزییە مەترسی دارەکەی رۆژی یەکشەممە لە مۆزەخانەی لۆڤەر، کە تێیدا هەشت پارچە لە گەوهەرە شاهانەکان دزران، نەک هەر ناوبانگی مۆزەخانەکەی خستە مەترسییەوە، بەڵکو بووە هۆی ئاشکرابوونی زنجیرەیەک کەموکورتیی ئەمنیی قووڵ و مێژوویی. ئێستا راپۆرتێکی نهێنیی دامەزراوەی باڵای وردبینیی فەرەنسا، وردەکاریی شۆکهێنەر لەبارەی سیستەمی ئەمنی و کەمکردنەوەی بودجە ئاشکرا دەکات و ئەنجومەنی پیرانیش بەڕێوەبەری مۆزەخانەکەی بۆ لێپرسینەوە بانگهێشت کردووە.
راپۆرتە نهێنییەکە چی ئاشکرا دەکات؟
رەشنووسێکی نهێنیی راپۆرتی "دادگای ژمێریاری" کە باڵاترین دامەزراوەی وردبینییە لە فەرەنسا، بە توندی لۆمەی ئیدارەی لۆڤەر دەکات بەهۆی چەندین خاڵەوە:
سیستەمێکی ناتەواوی کامێرای چاودێری: لە هەر سێ ڕووە سەرەکییەکەی مۆزەخانەکەدا سیستەمی چاودێری لاوازە. بۆ نموونە، لە رووی "ریشیلیۆ" لە کۆی 182 ژوور، تەنها 25%یان کامێرای چاودێرییان هەیە.
کەمکردنەوەی بودجەی ئەمنی: بودجەی تەرخانکراو بۆ کاروباری ئەمنی لە ساڵی 2024 زۆر کەمترە لەوەی 20 ساڵ لەمەوبەر بووە، ئەمەش بووەتە هۆی دواکەوتنێکی بەرچاو لە نوێکردنەوەی تەکنەلۆژیای ئەمنی.
گرنگیدان بە پڕۆژەی لاوەکی: راپۆرتەکە دەڵێت ئیدارەی مۆزەخانەکە سەرقاڵی پڕۆژەی نوێ بووە لەجیاتی ئەنجامدانی "کارە بنەڕەتی و پێویستەکان" بۆ پاراستنی مۆزەخانەکە.
مێژوویەک لە دزیکردن و شکستی ئەمنی:
ئەمە یەکەمجار نییە لۆڤەر روبەڕووی دزیی گەورە دەبێتەوە. بەناوبانگترینیان دزینی تابلۆی مۆنالیزا بوو لە ساڵی 1911. هەروەها:
دزیی شۆڕشی فەرەنسا (1792): لەناو گێژاوی شۆڕشدا، زیاتر لە 10 هەزار بەردی بەنرخ و مرواری دزران، لەنێویاندا ئەڵماسی بەناوبانگی "شینی فەرەنسی" کە دواتر بە ناوی "ئەڵماسی هیواداری" (Hope Diamond) لە مۆزەخانەی سمیسۆنیان لە واشنتن دەرکەوتەوە.
شمشێرە ئەڵماس رێژکراوەکە: (1976) سێ دزی دەمامکدار شمشێرێکی ئەڵماس رێژکراوی شا چارلزی دەیەمیان دزی کە هەرگیز نەدۆزرایەوە.
تابلۆی "رێگای سێڤر:" (1998) لە رۆژی رووناکدا، دزێک تابلۆیەکی بەنرخی لە چوارچێوەکەی دەرهێنا و دیارنەما.
کێشەی سەرەکی: لۆڤەر کۆشکێکە کە بۆ مۆزەخانە نابێت
شارەزایان پێیانوایە کێشەی سەرەکیی لۆڤەر، لە خودی پێکهاتە تەلارسازییە ئاڵۆزەکەیدایە. ئەم باڵەخانەیە کە وەک قەڵایەکی سەربازی دروستکراوە و دواتر کراوە بە کۆشک، لە 25 ئاستی جیاواز پێکدێت و پاراستنی کارێکی ئێجگار سەختە. وەک جیرارد ئارۆ، سەرۆکی کۆمەڵەی دۆستانی لۆڤەر دەڵێت: "لۆڤەر کۆشکێکە کە لۆژیکی مۆزەخانەی نییە. ئەو بۆخۆی گەردوونێکە."
سیستەمی ئەمنی لۆڤەر و کەلێنەکانی:
لۆڤەر بە دوو چینی ئەمنی دەپارێزرێت: نزیکەی 1200 پاسەوانی تایبەتی مۆزەخانەکە، و هێزێکی 52 کەسیی ئاگرکوژێنەوە کە بەشێکن لە سوپای فەرەنسا. بەڵام:
پاسەوانەکان: بەردەوام سکاڵایان لەبارەی خراپیی بارودۆخی کارکردنیان هەبووە. بەرپرسێکی پێشووی ئەمنی دان بەوەدا دەنێت کە موچەیان کەمە و قوتابخانەیەکی تایبەت بە راهێنانی پاسەوانی مۆزەخانە بوونی نییە.
ئاگرکوژێنەوەکان: هێزێکی زۆر راهێنراون بەڵام ئەرکی سەرەکییان بەرەنگاربوونەوەی ئاگر و لافاوە، نەک رێگریکردن لە دزی.
نهێنیی شووشە شکاوەکە:
پرسیاری سەرەکی ئەوەیە چۆن دزەکان توانیویانە شووشەی قەفەزەی گەوهەرەکان بشکێنن؟ لە کاتێکدا مۆنالیزا لەناو شووشەیەکی دژە فیشەک و پۆڵاییندایە، بەڵام شووشەی گەوهەرەکان جیاواز بووە. بەرپرسێکی پێشووی سەربازی ئاشکرای دەکات کە شووشەکە بە جۆرێک دروستکراوە کە بەهێز بێت دژی تاوانباران، بەڵام لە هەمانکاتدا ئاگرکوژێنەوەکان بتوانن بیشکێنن لە کاتی ئاگرکەوتنەوەدا بۆ رزگارکردنی گەوهەرەکان. وا دیارە دزەکان ئەم خاڵە لاوازەیان قۆستۆتەوە.
دوای ئەوەی روسیا هێرشێکی ئاسمانیی بەرفراوانی دەستپێکرد. بەهۆی هێرشەکەوە لە کیێڤ دوو کەس کوژران و لە زاپۆریژیاش 15 کەسی دیکە برینداربوون.
ڤیتالی کلیچکۆ، سەرۆکی شارەوانیی کیێڤ رایگەیاند، لە ئەنجامی هێرشەکەی شەوی سێشەممە، دوو کەس کوژراون و پێنج کەسی دیکەش برینداربوون کە یەکێکیان منداڵێکی تەمەن دوو ساڵانە. هەروەها بڕانی کارەبا لە بەشێک لە پایتەخت راگەیەندراوە.
بەپێی زانیارییەکان، بەهۆی کەوتنەخوارەوەی پاشماوەی درۆنەکانەوە، ئاگر لە نهۆمی هەشت و نۆیەمی باڵەخانەیەکی نیشتەجێبوون لە ناوچەی دنیپرۆڤسکی کەوتەوە و تیمەکانی فریاگوزاری 10 کەسیان لە باڵەخانەکە رزگارکردووە. هاوکات لە ناوچەی دارنیتسکی، باڵەخانەیەکی نانیشتەجێبوون ئاگری گرتووە.
هێرشەکان تەنها کیێڤی پایتەختی نەگرتەوە، بەڵکو تەقینەوە لە شارەکانی دنیپرۆ، زاپۆریژیا، و بەندەری ئیزمایلیش رویانداوە. ئیڤان فیۆدۆرۆڤ، پارێزگاری زاپۆریژیا رایگەیاند، لە ئەنجامی هێرشەکەدا باڵەخانەیەکی نیشتەجێبوون زیانی بەرکەوتووە و لانیکەم 15 هاووڵاتیی مەدەنی برینداربوون و لەژێر چاودێریی پزیشکیدان. لە شاری ئیزمایلی سەر بە هەرێمی ئۆدێساش، هێرشەکان بوونەتە هۆی پچڕانی کارەبا.
ئەم هێرشە بەرفراوانەی روسیا دوای ماوەیەکی کەم دێت لەوەی کە ئۆکراین بە موشەکی "ستۆرم شادۆ" هێرشێکی کردە سەر کارگەیەکی کیمیایی بڕیانسکی روسیا کە کەرەستەی سەرەکی بۆ موشەکەکانی روسیا بەرهەمدەهێنێت.
هێرشەکانی روسیا لە چوارچێوەی هەڵمەتێکی چڕدان بۆ سەر ژێرخانی وزەی ئۆکراین لەپێش وەرزی زستاندا. پێشتر ڤلۆدیمیر زێلێنسکی، سەرۆکی ئۆکراین هۆشداریدابوو کە روسیا هێرشەکانی بۆ سەر تۆڕی کارەبای ئۆکرانیا زیاتر دەکات، بەتایبەت لە کاتێکدا کە فشارە نێودەوڵەتییەکان کەمبوونەتەوە.
زانکۆی جۆنس هۆپکینزی لە ئەمریکا ئاشکرای دەکات، کەمخەویی ئەگەری تووشبوون بە نەخۆشییە درێژخایەنەکان و لاوازبوونی یادگە و توانای بڕیاردان زیاتر دەکات.
پسپۆڕانی تەندروستیی زانکۆکە رایدەگەیەنن، تێکچوونی ماوەدرێژی کاتەکانی خەوتن ئەگەری تووشبوون بە شێرپەنجەی کۆڵۆن 36% زیاد دەکات، ئەمەش بەهۆی تێکدانی سەعاتی بایۆلۆجیی جەستەی مرۆڤەوە کە بەرپرسیارە لە جڵەوکردنی خەو و هەزاران فرمانی دیکە لە لەشدا.
لێکەوتە نەرێنییە تەندوستییەکانی دیکەی کەمخەوی خۆیان دەبیننەوە لە زیادبوونی مەترسیی تووشبوون بە نەخۆشییەکانی دڵ بە رێژەی لە 48%، لاوازبوونی کۆئەندامی بەرگریی و مەترسیی زیاتری تووشبوون بە پەتای وەرزی. لە هەمانکاتیشدا ئەگەری تووشبوون بە نەخۆشیی شەکرە سێ هێندە زیاددەکات.
پسپۆڕانی زانکۆکە باس لەوەش دەکەن، هەستەوەریی وەرزی و رەبۆ کاریگەرییەکی نەرێنییان لەسەر کوالێتیی خەو دەبێت. تەنانەت نەخۆشیی شەکرەش بەهۆی زیادکردنی رێژەی میزکردنەوە، وادەکات خەوی کەسەکە پچڕپچر و خراپ بێت.
دەشڵێن دڵەکزەش کاریگەریی لەسەر کوالێتیی خەو هەیە، بەجۆرێک بەشێک لە توێژینەوەکان ئاماژە بەوە دەدەن لە هەر چوار کەسێکدا کە دڵەکزەیان هەیە، سێ کەسیان شێوازی خەوتنیان ناڕێک و پچڕپچڕە.
بەگوێرەی دوایین بڵاوکراوەکانی ناوەندی کۆنترۆڵکردن و رێگریکردن لە نەخۆشییەکان لە ئەمریکا CDC، پێویستە کەسێکی پێگەیشتووی تەندروست لە هەر رۆژێکدا بەلایەنی کەمەوە 7 سەعات بخەوێت، لە کاتێکدا گەنجان و هەرزەکاران پێویستیان بە نزیکەی 8 بۆ 10 سەعات خەو هەیە. واتا لەگەڵ هەڵکشانی تەمەندا پێویستیی خەو کەمتر دەبێتەوە.
دەرباز کۆسرەت رەسول، لە میانی سەردانەکانیدا رایگەیاندوە دۆستان وئازیزانمان دوپاتیانکردەوە هەولێرو یەکێتی دوانەیەکی دانەبڕاون، جەختیشیکردوەتەوە یەکێتی حزبی تێکۆشەران و رەنجدەرانە، دڵسۆزان و خەمخۆرانی خۆی هەرگیز لەیاد ناکات.
دەرباز کۆسرەت رەسول، لەگەڵ بڵاوکردنەوەی ئەم وێنانە نوسیویەتی؛ دۆستان و ئازیزانمان له شاوێس و پیرزین ئهوهیان بۆ دوپاتكردینهوه كه ههولێر و یهكێتی دوانهیهكی لێكدانهبراون.
راشیگەیاندوە؛ ئهوڕۆ بەمەبەستی بهسهركردنهوهی دڵسۆزان و ئازیزانمان له نزیكهوه بهدیداری کۆمەڵێک لە ههولێرییه رەسەنەکان شادبووین و هەمیشە پێمانوابووە کە نه یهكێتی بێ ههولێر دهتوانێ یهكێتی بێت، نه ههولێریش بێ یهكێتی دهتوانێت قهڵای كوردایهتی و ئازایهتی بێت.
لە بەشێکی دیکەی سەردانەکانیدا ئاماژەی بەوەشکردوە؛ یەکێتی، هێزی کۆمەڵانی خەڵکی کوردستانە، حزبی تێکۆشەران و رەنجدەرانە، دڵسۆزان و خەمخۆرانی خۆی هەرگیز لەیادناکات.