بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی پارێزگای سلێمانی رایگەیاند، مەفرەزەکانی نوسینگەی نەهێشتنی تاوانی سەیدسادق تۆمەتبارێکیان دەستگیرکردووە کە 19 سەر ئاژەڵی لە قەزاکە دزیبوو.

پۆلیسی سلێمانی لە راگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوەکرد، دوای ئەوەی هاووڵاتییەک لە قەزای سەیدسادق سکاڵای تۆمارکرد کە 19 سەر ئاژەڵی لێدزراوە، دەستبەجێ لێکۆڵینەوەکانیان دەستپێکرد و توانرا لە ماوەی کەمتر لە چەند سەعاتێکدا تۆمەتبارەکە بدۆزرێتەوە و دەستگیر بکرێت.

ئاماژەی بەوەشکرد، تۆمەتبارەکە لەدایکبووی ساڵی 1997ـە، لە کاتی لێکۆڵینەوەکاندا دانی بە تاوانەکەیدا ناوە و ئاشکرای کردووە کە ئاژەڵەکانی بە ئۆتۆمبێل گواستووەتەوە بۆ قەزای شارەزوور و لەوێ فرۆشتوویەتی.

لە ئێستادا تۆمەتبار بە بڕیاری دادوەر و بەپێی ماددەی 444 لە یاسای سزادانی عیراقی راگیراوە، هاوکات دەستبەسەر ئۆتۆمبێلەکە و بەشێک لە ئاژەڵە دزراوەکاندا گیراوە و دوای تەواوکردنی رێکارە یاساییەکان، ئاژەڵەکان بۆ خاوەنەکەیان گەڕێندراونەتەوە.