لە عەممانی پایتەختی ئوردن، وەفدێکی باڵای ئەمریکی بە سەرۆکایەتی سیناتۆر جین شەهین، لەگەڵ مەزڵوم کۆبانێ، فەرماندەی گشتیی هێزەکانی سوریای دیموکرات (هەسەدە) کۆبووەوە. لە کۆبوونەوەکەدا، وەفدی ئەمریکی پشتیوانیی واشنتنۆنیان بۆ هەسەدە دووپاتکردەوە و جەختیان لەسەر پابەندبوون بە هاوبەشی لە شەڕی دژی تیرۆر کردەوە.
سیناتۆری دیاری ئەمریکا، جین شەهین، لە عەممانی پایتەختی ئوردن، چاوی بە مەزڵوم کۆبانێ، فەرماندەی گشتیی هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) کەوت.
لە کۆبوونەوەکەدا، جۆ ویڵسن، ئەندامی کۆنگرێسی ئەمریکا، نوێنەری باڵای ئەمریکا لە تورکیا، و ئیلهام ئەحمەد، هاوسەرۆکی پەیوەندییەکانی دەرەوەی بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەری باکوور و رۆژهەڵاتی سوریا ئامادەبوون.
بەپێی زانیارییەکان، لە کۆبوونەوەکەدا گفتوگۆ لەبارەی پێشخستنی جێبەجێکردنی "رێککەوتنی 10ی ئازار" کراوە. لای خۆیەوە، سیناتۆر شەهین پشتیوانیی خۆی بۆ هێزەکانی سوریای دیموکرات دووپاتکردەوە و جەختی لە پابەندبوونی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا کردەوە بۆ بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر بە هاوبەشی لەگەڵ هەسەدە.
سەرۆکی ئۆپۆزسیۆنی ئەڵمانیا رایگەیاند، وڵاتەکەی ناچێتە پاڵ ئەو دەستپێشخەرییەی کە لەلایەن چەند وڵاتێکی رۆژئاواییەوە بۆ دانپێدانان بە دەوڵەتی فەڵەستین خراوەتەڕوو، جەختیش دەکاتەوە کە "مەرجەکان" بۆ هەنگاوێکی لەو شێوەیە "نەهاتوونەتە دی".
فریدریش مێرتس، سەرۆکی پارتی یەکێتیی دیموکراتی مەسیحی (CDU) و سەرۆکی ئۆپۆزسیۆنی ئەڵمانیا، ئەمڕۆ سێشەممە رایگەیاند کە وڵاتەکەی بەشداری لەو دەستپێشخەرییەی هاوپەیمانە رۆژئاواییەکاندا ناکات کە بڕیارە مانگی داهاتوو لە کۆمەڵەی گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکاندا دان بە دەوڵەتی فەڵەستیندا بنێن.
مێرتس ئەم لێدوانەی لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیی هاوبەشدا لەگەڵ مارک کارنی، سەرۆک وەزیرانی کەنەدا دا، کە وڵاتەکەی مانگی رابردوو نیازی خۆی بۆ دانپێدانان بە دەوڵەتی فەڵەستین راگەیاندبوو، هاوشێوەی هەنگاوی فەرەنسا و بەریتانیا.
مێرتس وتی: "هەڵوێستی حکومەتی فیدراڵی سەبارەت بە ئەگەری دانپێدانان بە دەوڵەتی فەڵەستین روونە." هەروەها وتیشی: "کەنەدا ئەوە دەزانێت. ئێمە بەشداری لەم دەستپێشخەرییەدا ناکەین، چونکە لەو باوەڕەدانین مەرجەکان هاتبێتنە دی."
ئەم هەڵوێستە لە کاتێکدایە کە رۆژی دووشەممە، ئەڵمانیا "نیگەرانی و شۆکبوونی" خۆی دەربڕیبوو "بەرامبەر کوژرانی چەندین رۆژنامەنووس و کارمەندی فریاگوزاری و هاوڵاتیی سیڤیل" لە بۆردومانێکی ئاسمانیی ئیسرائیل بۆ سەر نەخۆشخانەی ناصر لە کەرتی غەززە.
وەزارەتی دەرەوەی ئەڵمانیا لە رێگەی پلاتفۆرمی "ئێکس"ەوە رایگەیاند: "پێویستە لێکۆڵینەوە لەم هێرشە بکرێت،" و داوای لە ئیسرائیل کرد "رێگە بە گەیشتنی دەزگاکانی راگەیاندنی سەربەخۆی بیانی بدات و پارێزگاری لەو رۆژنامەنووسانە بکات کە لە غەززە کار دەکەن."
لەلایەکی دیکەوە، ریم ئەلعەبلی رادۆڤان، وەزیری گەشەپێدانی ئەڵمانیا، دوێنێ دووشەممە گەشتێکی سێ ڕۆژەی بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەستپێکرد کە سەردانی ئیسرائیل، خاکی فەڵەستین، ئوردن و سعودیە دەکات.
وتەبێژێکی وەزارەتەکە لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا لە بەرلین رایگەیاند: "خانمە وەزیر بەردەوامە لە پابەندبوونی خۆی بۆ داهاتووی غەززە و سەقامگیریی تەواوی ناوچەکە. ئەمەش پێویستی بە هەنگاوێکی هاوبەشی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و هێزە گرنگەکانی ناوچەکە هەیە وەک ئوردن و سعودیە."
رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆک کۆماری تورکیا، لە میانی بەشداریکردنی لە رێوڕەسمی954ـەمین ساڵیادی سەرکەوتنی مەلازگرت لە پارێزگای موش، وتارێکی پێشکەش کرد و تێیدا تیشکی خستە سەر پرسە ناوخۆیی و دەرەکییەکان.
ئەردۆغان لە وتارەکەیدا رایگەیاند: "سەرەڕای هەموو جۆرە ئاستەنگ و لەمپەر و تێکدانێک، ئێمە بە واتای وشە خەبات دەکەین بۆ دووبارە بنیاتنانەوەی تورکیایەکی گەورە و بەهێز."
سەرۆک کۆماری تورکیا جەختی لە پشتیوانیی وڵاتەکەی بۆ دۆزی فەڵەستین کردەوە و وتی: "وڵات و حکومەتێکی خاوەندارێتیکەر لە دەوڵەتی فەڵەستینمان هەیە. ئێمە بەرگری لە ماف و یاسای غەززە دەکەین."
سەبارەت بە پڕۆسەی چارەسەری، ئەردۆغان ئاماژەی بەوە کرد کە لە ماوەیەکی کورتدا هەنگاوی گرنگیان لە پڕۆسەی ئاشتی دا ناوە بۆ لەناوبردنی ئەو ئاژاوەیەی لە نێوان تاکەکانی گەلدا دروست کراوە. وتیشی: "گەلەکەمان تێبینی دەکات کێ بە دڵسۆزییەوە پشتیوانی لە پڕۆسەکە دەکات و کێ هەوڵی ژەهراویکردنی دەدات. هەرچییەک بکەن، ئەمجارە سەرکەوتوو نابن. ئەمجارە کەس ناتوانێت رێگری لەو کەشی هیوایە بکات کە بە پشتیوانیی گەلەکەمان دروست بووە."
لەسەر دۆخی سوریا، ئەردۆغان پەیامێکی ئاڕاستەی کوردان کرد و رایگەیاند: "تورکیا گەرەنتی ئاسایش، ئارامی کوردەکانیشە، هەروەک چۆن گەرەنتی هەموو گەلانی دیکەی خوشک و برامانە لە سوریا. ئەوانەی روو لە ئەنقەرە و دیمەشق دەکەن، سەردەکەون."
ئەردۆغان هەروەها وتیشی: "ئەگەر شمشێر لە کالان دەربهێنرێت، پێویست بە قەڵەم ناکات. ئێمە لایەنگری دامەزراندنی ئاشتییەکی هەمیشەیین لە تەواوی ناوچەکەماندا و لەگەڵ ئەوەداین کە کێشەکان لە رێگەی دیالۆگ و دیپلۆماسییەوە چارەسەر بکرێن."
لە روداوێکی چەکداریدا لە ناوچەیەکی دوورەدەستی ئوسترالیا، دوو ئەفسەری پۆلیس کوژران و یەکێکی دیکەش بە سەختی برینداربوو. پۆلیسی ڤیکتۆریا ئۆپەراسیۆنێکی بەرفراوانی بۆ دەستگیرکردنی تەقەکەرە هەڵاتووەکە راگەیاندووە و داوا لە هاوڵاتیان دەکات لە ناوچەکە دووربکەونەوە.
پۆلیسی ئوسترالیا رایگەیاند، ئۆپەراسیۆنێکی بەرفراوان بۆ دۆزینەوەی چەکدارێک دەستیپێکردووە کە لە ناوچەیەکی لادێی ویلایەتی ڤیکتۆریا تەقەی لە هێزەکانی پۆلیس کردووە . بەپێی زانیارییەکانی میدیا ناوخۆییەکان، لەم روداوەدا دوو ئەفسەری پۆلیس کوژراون و ئەفسەرێکی دیکەش بە سەختی برینداربووە.
لە راگەیەندراوێکدا کە لە ماڵپەڕی رەسمی خۆی بڵاویکردووەتەوە، پۆلیسی ڤیکتۆریا پشتڕاستیکردەوە کە روداوەکە بەیانی رۆژی سێشەممە بە کاتی ناوخۆیی، نزیک کاتژمێر 10:30خولەک لە نزیک شارۆچکەی پۆرپونکا (Porepunkah) رویداوە، کە دەکەوێتە دووری نزیکەی 300 کیلۆمەتر (190 میل) لە باکووری رۆژهەڵاتی مێلبۆرن.
پۆلیس ئاشکرای کرد کە ئەفسەرە بریندارەکە "لەلای خوارەوەی جەستەیەوە بە سەختی بەرکەوتووە" و دەستبەجێ گوازراوەتەوە بۆ نەخۆشخانە.
بەپێی راگەیەندراوەکە، "پێدەچێت دە ئەفسەری پۆلیس چووبنە شوێنی روداوەکە لە رێڕەوی راینەر (Rayner Track)"، بەڵام هیچ ئەفسەرێکی دیکە لە روداوەکەدا زیانی پێنەگەیشتووە و لە ئێستادا لە شوێنی ڕووداوەکە ماونەتەوە.
هێزەکانی پۆلیس ئۆپەراسیۆنێکی گەڕان و پشکنینی فراوانیان بۆ دۆزینەوەی تەقەکەرەکە دەستپێکردووە و هۆشداری دەدەن کە دۆخەکە هێشتا کۆنتڕۆڵ نەکراوە و مەترسیدارە. هاوکات داوا لە هاوڵاتیان کراوە خۆیان لە چوونە ناوچەکە بەدوور بگرن.
نووسینگەی راگەیاندنی پارتی یەکسانی و دیموکراسیی گەلان (دەم پارتی) لە راگەیەندراوێکدا ئاشکرای کرد کە وەفدێکی پارتەکەیان رۆژی پێنجشەممە سەردانی دورگەی ئیمڕاڵی دەکات بەمەبەستی ئەنجامدانی کۆبوونەوە لەگەڵ عەبدوڵڵا ئۆجەلان.
بەپێی راگەیەندراوەکە، وەفدەکە رۆژی پێنجشەممە، 28ی ئاب، سەردانەکە ئەنجام دەدات و پێکهاتووە لە هەریەک لە پەروین بوڵدان، مەدحەت سانجار و فایق ئۆزگور ئەرۆل.
ئەم سەردانە دوای نزیکەی مانگێک لە دواهەمین دیداری وەفدی دەم پارتی لەگەڵ ئۆجەلان دێت و چاوەڕوان دەکرێت تیایدا دوایین پێشهاتە سیاسییەکانی تورکیا و ناوچەکە تاوتوێ بکرێن.
سەرۆكی روسیا و سەرۆكی ئێران لە پەیوەندییەكی تەلەفۆنیدا پرسی بەرنامە ئەتۆمییەكەی تاران و دوایین لوتكەی نێوان سەرۆكانی روسیا و ئەمریكایان تاووتوێ كرد.
كۆشكی سەرۆكایەتی روسیا-كرملن رایگەیاند، ڤلادیمێر پوتن سەرۆكی روسیا و مەسعود پزیشكیان سەرۆك كۆماری ئێران لە پەیوەندیەكی تەلەفۆنیدا گفتۆگۆیان لەبارەی بەرنامە ئەتۆمیەكەی تاران و كۆبوونەوەی پوتن و دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمریكا كردووە كە لە ویلایەتی ئالاسكا بەڕێوەچوو.
ئاماژەی بەوەش كرد، هەردوولا هاوڕابوون لەسەر ئەوەی لە لوتكەی داهاتووی وڵاتانی ئەندامی رێكخراوی هەماهەنگی شەنگەهای لە چین كۆبوونەوەیەكی دوو قۆڵی ئەنجام بدەن.
ئەمڕۆ، لە شاری مۆسکۆی پایتەختی روسیا، رێکخراوی یەکێتیی کوردناسان بەمەبەستی بەهێزکردنی پەیوەندییە زانستی و فەرهەنگییەکانی نێوان روسیا و کوردستان، بە شێوەیەکی رەسمی دامەزرا.
کۆنفرانسی دامەزراندنی رێکخراوەکە بە بەشداریی ژمارەیەکی بەرچاو لە نوێنەرانی رێکخراوە کوردییەکان و نوێنەری شەش دامەزراوەی زانستی و ئەکادیمی بەرێوەچوو، کە کار لەسەر پرسی کورد دەکەن. هەروەها، پەیام و پشتیوانیی سەرجەم پارت و لایەنە سیاسییەکانی هەر چوار پارچەی کوردستان بە کۆنفرانسەکە گەیشتبوو.
ئامانجی سەرەکیی یەکێتیی کوردناسان بریتییە لە بەهێزکردنی پەیوەندییە زانستی و فەرهەنگییەکانی نێوان روسیا و کوردستان. هەروەها، ئەم رێکخراوە هەوڵدەدات وەک پلاتفۆرمێک بۆ کۆکردنەوەی سەرجەم لایەنە سیاسییە جیاوازەکانی کوردستان کار بکات. یەکێکی دیکە لە ئامانجەکان ئەوەیە کە توێژینەوەکانی تایبەت بە مێژوو، فەرهەنگ، ئایین و بارودۆخی سیاسیی کورد، لە روانگەیەکی کوردیانەوە و لەلایەن توێژەرانی کوردەوە ئامادە بکرێن و بڵاو بکرێنەوە، هاوکات هاوکاریی توێژەران و کوردناسانیش بکرێت.
لە یەکەم کۆنفرانسی خۆیدا، دەستەی بەڕێوەبەرایەتیی یەکێتییەکە هەڵبژێردرا، کە پێکهاتبوو لە:
سوارە شاکەلی، وەک سکرتێری رێکخراو
ئیلیا ڤیدێنێڤ، ئەندامی دەستەی بەڕێوەبەرایەتی
شۆڕش ئابی، ئەندامی دەستەی بەڕێوەبەرایەتی
تاتیانە ئۆدینسۆڤا، ئەندامی دەستەی بەڕێوەبەرایەتی
وەزیری کاشاخی، ئەندامی دەستەی بەڕێوەبەرایەتی
وێنەکان: 
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا رۆژی دووشەممە رایگەیاند کە دۆخی غەززە زۆر خراپە و پێویستە 20 بارمتەکە ئازاد بکرێن.
ترەمپ لە لێدوانێکدا بۆ رۆژنامەنووسان وتی: "پێویستە کۆتایی بەو کابوسە بهێنین لە کەرتی غەززە روودەدات."
سەبارەت بە بۆردوومانکردنی نەخۆشخانەی ناسر لە کەرتی غەززە لەلایەن ئیسرائیلەوە، سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاند: "من بەوە دڵخۆش نیم". ترەمپ جەختیشی کردەوە کە ئاگاداری بۆردومانکردنی نەخۆشخانەی ناسر نەبووە.
ئاژانسی هەواڵی فەڵەستینی "وەفا" بڵاویکردەوە کە ژمارەی کوژراوان لە بۆردوومانەکەی ئیسرائیل بۆ سەر کۆمەڵگەی پزیشکیی ناسر لە خان یونس لە باشووری کەرتی غەززە، گەیشتووەتە 16 فەڵەستینی، کە لەنێویاندا پێنج رۆژنامەنووس و ژمارەیەک فریاگوزار هەن.
پەیامنێرمان ئاماژەی بەوەدا کە کەسانی دیکەش لەو بۆردوومانەی ئیسرائیلدا برینداربوون کە کۆمەڵگەی پزیشکیی ناسری لە خان یونس کردە ئامانج.
پێشتریش روونکرابووەوە کە هێرشە ئاسمانییەکەی ئیسرائیل رۆژنامەنووسان و تیمێکی بەرگریی شارستانیی فەڵەستینی کردبووە ئامانج.
ئاژانسی "وەفا" لە زاری سەرچاوەیەکی پزیشکییەوە بڵاویکردەوە کە ڕۆژنامەنووسە کوژراوەکان بریتین لە:
حوسام ئەلمیسری: وێنەگری رۆژنامەوانی لە ئاژانسی هەواڵی رۆیتەرز.
محەمەد سەلامە: وێنەگری رۆژنامەوانی لە کەناڵی ئەلجەزیرە.
مەریەم ئەبوو دەقە: رۆژنامەنووس، کاری بۆ چەندین دەزگای میدیایی کردووە لەوانە ئیندپێندێنت عەرەبییە و ئاژانسی ئەسۆشیەیتد پرێس (AP).
موعاز ئەبوو تەها: رۆژنامەنووس، کاری بۆ تۆڕی NBCی ئەمریکی کردووە.
ئەحمەد ئەبوو عەزیز: رۆژنامەنووس، کاری بۆ تۆڕی قودسی ناوخۆیی کردووە.
هەروەها ژمارەیەک لە تیمەکانی فریاکەوتن و بەرگریی شارستانی لەکاتی گواستنەوەی بریندارەکاندا شەهید بوون.
وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا، ئەمڕۆ دووشەممە، بڕیاری کۆتایی بۆ لابردنی سزاکانی سەر سوریای بڵاوکردەوە. ئەم هەنگاوە دوای فەرمانێکی پێشووتری دۆناڵد ترامپ، سەرۆکی ئەمریکا دێت، کە داوای هەڵوەشاندنەوەی ئەو سزایانەی کردبوو کە واشنتۆن بەسەر دیمەشقدا سەپاندبووی.
نووسینگەی کۆنترۆڵکردنی سەروەت و سامانی بیانی (OFAC) سەر بە وەزارەتی گەنجینە، لە ئاگادارییەکدا بڵاویکردەوە کە "سزاکانی سەر سوریا" لە "تۆماری یاسا فیدراڵییەکان" لادەبات. بڕیارەکە دەرەنجامی کۆتاییهێنانە بەو بارە نائاساییە نیشتمانییەی کە سزاکان پشتیان پێ بەستبوو، هەروەها گۆڕانکاریی دیکە لە سیاسەتی ئەمریکادا بەرامبەر بە سوریا.
لە 30ی حوزەیرانی رابردوودا، دۆناڵد ترەمپ فەرمانێکی جێبەجێکاری دەرکردبوو کە چوارچێوەی یاسایی سزاکانی ئەمریکای لەسەر سوریا هەڵوەشاندەوە و فەرمانەکە لە 1ی تەمموزەوە کاری پێکرا. ئامانجی سەرەکیی ئەو سزایانە سزادانی رژێمی پێشووی بەشار ئەسەد بوو، بەڵام دواتر بوونە رێگر لەبەردەم بوژانەوەی ئابووریی وڵاتەکە.
لەگەڵ ئەوەشدا، ئەو سزایانەی کە لەسەر بەشار ئەسەدی سەرۆکی پێشوو و کەسە نزیکەکانی، هەروەها ئەو کەسانەی تێوەگلاون لە پێشێلکارییەکانی مافی مرۆڤ، تیرۆر، بڵاوکردنەوەی چەک، یان بازرگانیکردن بە کەپتاگۆن، وەک خۆیان دەمێننەوە.
هاوکات، بڕیارەکە پۆلێنکردنی سوریا وەک "وڵاتێکی سپۆنسەری تیرۆر" هەڵناوەشێنێتەوە کە لە ساڵی 1979ـەوە سەپێنراوە بەسەر ئەو وڵاتەدا و سنووردارکردنی هاوکارییەکانی ئەمریکا و قەدەغەکردنی هەناردەکردنی چەک لەخۆدەگرێت. بەرپرسێکی ئیدارەی ئەمریکا رایگەیاندووە کە ئەم پۆلێنکردنە هێشتا لەژێر پێداچوونەوەدایە.
یاسای قەیسەر (سیزەر)
یاسای "قەیسەر بۆ پاراستنی مەدەنییەکانی سوریا"، کە سزای دارایی بەرفراوانی بۆ گۆشەگیرکردنی رژێمی ئەسەد سەپاندبوو، هێشتا بە کارایی دەمێنێتەوە. لەگەڵ ئەوەشدا، ئیدارەی ترەمپ لە مانگی حوزەیراندا بۆ ماوەی شەش مانگ لێخۆشبوونی لە یاسای قەیسەر راگەیاند، لەگەڵ مۆڵەتێکی گشتی کە رێگە بە ئەنجامدانی مامەڵە قەدەغەکراوەکانی پێشوو دەدات، لەوانەش مامەڵەکردن لەگەڵ بانکی ناوەندی سوریا و دامەزراوە حکومییەکانی تر.
بە وتەی یاریدەدەرێکی کۆنگرێس، ئەندامانی هەردوو پارتی دیموکرات و کۆماری لە کۆنگرێس پرۆژەیاسایەکیان بۆ هەڵوەشاندنەوەی یاسای قەیسەر پێشکەش کردووە و ئەگەری زۆرە هەڵوەشاندنەوەکەی لە کۆتایی ساڵدا بخرێتە چوارچێوەی هەموارکردنەوەی یاسای دەسەڵاتی بەرگریی نیشتمانیی ئەمریکاوە.
ئەم گۆڕانکارییە گەورەیە لە سیاسەتی ئەمریکادا دوای ئەوە دێت کە ترامپ لە 13ی ئایاردا نیازی خۆی بۆ هەڵگرتنی سەرجەم سزاکان راگەیاند و دواتر چاوی بە ئەحمەد شەرع، سەرۆکی سوریا کەوت.

دوای روداوەکەی شەوی 21 لەسەر 22ی ئەم مانگە، سەرۆکایەتی داواکاری گشتیی هەرێمی کوردستان راگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە و تێیدا داواکاری گشتیی سلێمانی راسپاردووە بۆ بەدواداچوونی روداوەکە.
لە راگەیەندراوەکەدا، کە ئەمڕۆ دەرچووە، سەرۆکایەتی داواکاری گشتی ئاماژەی بەوە کردووە کە ئامانجی سەرەکیی یاساکان پاراستنی ماف و ئازادی و ئاسایشی هاوڵاتیانە و پێویستە لە کاتی جێبەجێکردنی هەر فەرمانێکی دادگادا، دەسەڵاتی جێبەجێکار "بەوپەڕی پەرۆشییەوە رەچاوی بنەما یاسایی و دەستوورییەکان بکات لە پاراستنی گیان و کەرامەتی هاوڵاتیان و پاراستنی سامانی گشتی و تایبەت."
هەروەها جەخت لەوە کراوەتەوە کە یاسا رێوشوێنی گونجاوی دیاریکردووە بۆ جێبەجێکردنی بڕیارەکان بە شێوەیەک کە نەبێتە هۆی "پشێوی و نائارامی و زیان گەیاندن بە سامانی گشتی و تایبەتی هاوڵاتیان".
داواکاری گشتی داوا لە سەرجەم دەزگاکانی راگەیاندن و خاوەنی پەیج و هەژمارەکانی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانیش دەکات کە "بە شێوەیەکی بەرپرسانە و دوور لە ئاڵۆزکردنی زیاتر، مامەڵە لەگەڵ ئەم روداوە و لێکەوتەکانی بکەن."
لە کۆتایی ڕاگەیەندراوەکەدا، سەرۆکایەتی داواکاری گشتی، فەرمانگەی داواکاری گشتیی سلێمانی ڕاسپاردووە بۆ بەدواداچوونی وردی ڕووداوەکە و "پاراستنی مافی هەمووان لە چوارچێوەی یاسا و دەستوردا.
داواکاری گشتی بۆ دەزگاکانی راگەیاندن وخاوەنی پەیج وهەژمارەکانی تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان: بە شێوەیەکی بەرپرسانە و دوور لە ئاڵۆزکردنی زیاتر، مامەڵە لەگەڵ ئەم روداوە و لێکەوتەکانی بکەن
بابەتی نەوت و موچەی هەرێم لە کارنامەی دانیشتنەکەی سبەینێی ئەنجومەنی وەزیرانی عیراقدا جێگیر دەکرێت.
محەمەد عەبدولرەحمان پەیامنێری کوردسات نیوز لە سەرچاوەیەکی باڵای نێو حکومەتی عیراقەوە زانیاریی وردی دەستکەوتووە، کە پرسی نەوت و خەرجکردنی موچەی هەرێمی کوردستان، وەک بابەتێکی سەرەکی لە کارنامەی دانیشتنەکەی سبەینێی ئەنجومەنی وەزیرانی عیراقدا جێگیر کراوە.
بەپێی زانیارییەکانی پەیامنێرمان، بڕیارە لە دانیشتنەکەی سبەینێدا گفتوگۆ لەبارەی ئەم دوو پرسە بکرێت و هەوڵبدرێت بڕیاری پێویست لەسەریان بدرێت.
شێخ حیکمەت هیجری، رێبەری رۆحی دروزەکانی سوریا، لە پارێزگای سوەیدا، داوای پشتیوانیی نێودەوڵەتی کرد بۆ پێکهێنانی هەرێمێکی جیاواز لەو ناوچەیە.
حیکمەت هیجری لە لێدوانێکیدا ئەمڕۆ دووشەممە رایگەیاند، "داوا لە جیهان و وڵاتە ئازادەکان دەکات کە پشتیوانیی لە تائیفەی دروزی بکەن بۆ راگەیاندنی هەرێمێکی جیاواز بۆ هەتاهەتایە".
ناوبراو ئاماژەی بەوەشکرد کە "پاسەوانی نیشتمانی"، کە لەم دواییانەدا لە گرووپە چەکدارە دروزییەکان پێکهێنراوە، "بە پشتگیری وڵاتانی پەیوەندیدار بەرگری لە خاکەکە دەکات". هەروەها بانگەشەی ئەوەی کرد کە "مەبەست لەو دۆخەی دوایی، لەناوبردنی تائیفەی دروزی بوو".
ئەم لێدوانانە دوای چەند رۆژێک دێت لە کۆبوونەوەی رەسمی نێوان تۆم باراک، نوێنەری تایبەتی ئەمریکا بۆ کاروباری سوریا، و شێخ موەفەق تەریف، شێخی عەقڵی دروزییەکانی ئیسرائیل، کە لە پاریسی پایتەختی فەڕەنسا ئەنجامدرا و تێیدا دۆخی سوەیدا تاوتوێ کرا.
جێی باسە، پارێزگای سوەیدا لە 13ی تەمموزی رابردوودا بۆ ماوەی هەفتەیەک پێکدادانی قورسی لەنێوان چەکدارانی دروز و عەشایەری ناوچەکەدا بەخۆیەوە بینی و دواتر هێزە ئەمنییەکانی حکومەت دەستوەردانیان کرد. بەپێی خەمڵاندنەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان، بەهۆی ئەو ناکۆکییەوە نزیکەی 200هەزار کەس ئاوارە بوون. لە 19ی تەمموزەوە ئاگربەست لە پارێزگاکەدا راگەیەندراوە.
لەلایەکی دیکەوە، هەفتەی رابردوو ئەحمەد شەرع، سەرۆکی سوریا، جەختی لەسەر یەکپارچەیی خاکی سوریا کردەوە و ئاماژەی بەوەدا کە "هەندێک لایەن پشتیان بە ئیسرائیل بەستووە، بەڵام ناتوانن ئامانجەکانیان بەدیبهێنن"، کە ئاماژەیەک بوو بۆ هەندێک لەو بانگەوازانەی لەلایەن سەرکردە دروزییەکانی سوەیداوە دەکران بۆ سەربەخۆی.
بەرپرسێکی وەزارەتی دەرەوەی سوریا رایگەیاند، ئەحمەد شەرع، سەرۆکی سوریا، مانگی داهاتوو بەشداری لە 80ـەمین خولی کۆمەڵەی گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان دەکات، کە لە نیویۆرک بەڕێوەدەچێت.
ئاژانسی فرانس پرێس لە زاری بەرپرسە سورییەکەوە بڵاویکردەوە: "ئەحمەد شەرع بەشداری لە کۆمەڵەی گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان دەکات و وتارێک پێشکەش دەکات."
ئەمە یەکەمجارە لەدوای ساڵی 1967ـەوە سەرۆکێکی سوریا بەشداری لە کۆبوونەوەکانی کۆمەڵەی گشتیدا بکات، چونکە نە بەشار ئەسەدی سەرۆکی پێشوو و نە حافز ئەسەدی باوکی، هیچ کاتێک بەشدارییان لەو کۆبوونەوانەدا نەکردووە.
ئەم هەنگاوەی دیمەشق بەشێکە لە هەوڵەکانی بۆ بەدەستهێنانی دانپێدانانی نێودەوڵەتی و کۆکردنەوەی پشتیوانی ئابووری بۆ ئاوەدانکردنەوەی وڵات، گەرچی ئەو توندوتیژیانەی لەماوەکانی رابردوودا بەرانبەر خەڵکی سوەیدا و ناوچەکانی هێزە کوردییەکانیان ئەنجامدا، ناڕەزایی نێودەوڵەتیی لێکەوتەوە و بووە هۆی ناڕەزایی گشتی و حکومەتی سوریا و هێزەکانی ئەحمەد شەرعیان بە توندوتیژی ئەنجامدان تاوانبارکر.
لە درێژەی فشارەکان بۆ سەر جوتیارانی کورد لە ناوچە کێشە لەسەرەکان، دادگای قەزای دووبز سزای زیندانیکردنی بۆ دوو جوتیاری کورد دەرکرد.
بەگوێرەی زانیارییەکان، دادگای دووبز لەسەر سکاڵای عەرەبی هاوردە، بڕیاری سزادانی بۆ هەردوو جوتیار، بکر مستەفا و محسن ئیسماعیل، دەرکردووە کە خەڵکی گوندی شەناغەی سەر بە ناحیەی سەرگەڕانن.
سزاکە بریتییە لە زیندانیکردن بە شێوەی راگیراو (وقف التنفيذ)، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا دادگاکە جوتیارە کوردەکانی بە پێدانی قەرەبوو بەو جوتیارە عەرەبانە پابەند کردووە کە سکاڵاکەیان تۆمار کردووە.
کێشەی زەویوزار لەنێوان جوتیارانی کورد و عەرەبی هاوردە لە سنووری کەرکوک و دەوروبەری، یەکێکە لە کێشە چارەسەرنەکراوەکان کە لە دوای ساڵی 2017وە جارێکی دیکە سەریهەڵداوەتەوە و بەهۆیەوە چەندین جار جوتیارانی کورد روبەڕوی دادگا و فشاری یاسایی بوونەتەوە.
وێنەی دەقی بڕیارەکە:
نووسینگەی سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل، لە راگەیەندراوێکدا، پێشوازی لە بڕیاری حکومەتی لوبنان کرد بۆ کارکردن لەپێناو چەککردنی حزبوڵڵا تا کۆتایی ساڵی2025 و بە "بڕیارێکی مێژوویی" ناویبرد. ئیسرائیل ئامادەیی خۆی بۆ پشتیوانیکردنی لوبنان لەم هەوڵەیدا نیشانداوە و جەختیکردووەتەوە کە ئەگەر سوپای لوبنان ئەو بڕیارە جێبەجێ بکات، ئەوانیش وەک هەنگاوی بەرامبەر، بوونی سەربازیی خۆیان کەم دەکەنەوە.
لە راگەیەندراوەکەدا، ئیسرائیل دان بەو هەنگاوە گرنگەی حکومەتی لوبناندا دەنێت کە بە سەرۆکایەتی میشێل عەون و سەرۆک وەزیران سەلام گیراوەتەبەر. هەروەها ئاماژەی بەوە کردووە کە ئەم بڕیارە دەرفەتێکی چارەنووسسازە بۆ لوبنان تا سەروەریی خۆی بەدەستبهێنێتەوە و دەسەڵاتی دامەزراوە دەوڵەتی، سەربازی و حوکمڕانییەکانی بگەڕێنێتەوە، دوور لە کاریگەریی هێزە نادەوڵەتییەکان.
نووسینگەی سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل مەرجی خۆی بۆ کەمکردنەوەی هێزەکانی راگەیاندووە و دەڵێت: "ئەگەر هێزە چەکدارەکانی لوبنان هەنگاوی پێویست بنێن بۆ جێبەجێکردنی چەککردنەوەی حزبوڵڵا، ئیسرائیل هەنگاوی هاوشێوە دەنێت، لەوانەش کەمکردنەوەی قۆناغ بە قۆناغی بوونی سوپای ئیسرائیل بە هەماهەنگی لەگەڵ میکانیزمی ئەمنی بە سەرپەرشتی ئەمریکا."
لە کۆتایی راگەیەندراوەکەدا هاتووە کە ئێستا کاتی ئەوەیە هەردوو وڵات بە رۆحی هاوکارییەوە هەنگاو بنێن، بە تەرکیزکردنە سەر ئامانجی هاوبەشی چەککردنەوەی حزبوڵڵا و پتەوکردنی سەقامگیری و خۆشگوزەرانی بۆ هەردوو گەل.
لیژنەی باڵای تاقیکردنەوە گشتییەکان لە وەزارەتی پەروەردەی حکومەتی هەرێمی کوردستان، سەرجەم قوتابیان و خوێندکارانی پۆلی 12ی ئامادەیی ئاگاداردەکاتەوە کە پرسیار و وەڵامی تاقیکردنەوەکانی خولی دووەمی ساڵی خوێندنی (2024_2025) رۆژانە بڵاودەکرێتەوە.
بەپێی راگەیەندراوێکی لیژنەی باڵای تاقیکردنەوە گشتییەکان، قوتابیان و خوێندکاران دەتوانن لەدوای تەواوبوونی هەر تاقیکردنەوەیەک، لە رێگەی لینکێکی دیاریکراوەوە دەستیان بە پرسیار و وەڵامە رەسمییەکان بگات. ئەم هەنگاوە بەمەبەستی ئاسانکاری بۆ قوتابیان و دڵنیابوونەوەیان لە وەڵامەکانیان نراوە.
لە راگەیەندراوەکەدا ئاماژە بەوەشکراوە کە پرۆسەکە بە تاقیکردنەوەی بابەتی (زمان و ئەدەبی کوردی) دەستیپێکردووە و پرسیار و وەڵامەکانی لەسەر هەمان لینک بەردەستە، هەروەها رۆژانە و بەپێی خشتەی تاقیکردنەوەکان، پرسیار و وەڵامی وانەکانی دیکەش دادەنرێت.
وەزارەتی پەروەردە جەختی لەوە کردووەتەوە کە ئەم لینکە تاکە سەرچاوەیرەسمییە بۆ وەرگرتنی پرسیار و وەڵامەکان و داوا لە قوتابیان دەکات پشت بە هیچ سەرچاوەیەکی نافەرمی نەبەستن.