هەواڵەکانهەواڵەکان

وەزیری دەرەوەی ئێران دەڵێت، بەدواداچوون دەكەن بۆ جێبەجێكردنی بڕگەكانی لێكتێگەیشتنەكەیان لەگەڵ ئەمریكا

عەباس عراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران لە پەیوەندییەكی تەلەفۆنیدا لەگەڵ ژان نوێل بارۆ، وەزیری كاروباری دەرەوەی فەرەنسا، گفتوگۆیان كرد لەسەر لێكتێگەیشتنی نێوان ئەمریكا و ئێران، هەروەها دوایین گۆڕانكارییەكانی ناوچەكە و جیهانیان لە دوای ناوەڕۆكی یاداشتی لێكتێگەیشتنەكەی ئیسلامئاباد تاوتوێكرد.

عراقچی، جەختی لەوەشكردەوە، بەدواداچوون دەكەن بۆ جێبەجێكردنی بڕگەكانی لێكتێگەیشتنەكە، بە مەبەستی كۆتاییهێنان بەو شەڕەی لەلایەن ئەمریكا و ئیسرائیلەوە بەسەر ئێراندا سەپێنراوە.

 

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا داوای لە وێستگەکانی فرۆشتنی سووتەمەنی لە وڵاتەکەیدا کرد کە دەستبەجێ نرخی بەنزین دابەزێنن، بەوپێیەی نرخەکانی ئێستا رەنگدانەوەی ئەو دابەزینە نین کە لە نرخی نەوتدا هەیە، هاوکات هۆشداریشی دایە بازرگانان لە دەرئەنجامەکانی بەرزکردنەوەی نرخەکان.

ترەمپ ئەمڕۆ سێشەممە رایگەیاند: پێویستە وێستگەکانی فرۆشتنی سووتەمەنی دەستبەجێ نرخەکانیان دابەزێنن! نرخەکان زۆر بەرزن لە کاتێکدا کە نرخی نەوت ئێستا 68 دۆلارە بۆ هەر بەرمیلێک و بەرەو دابەزینی زیاتریش دەچێت.

وتیشی: پێویستە کۆمپانیاکانی فرۆشتنی تاکەکەسی بە خێرایی وەڵامی ئەم لێدوانە بدەنەوە و ئەوە بکەن کە دەزانن راستە  نرخەکان بۆ گەلە مەزنەکەمان لە ئەمریکا دابەزێنن! هیچ قۆستنەوەیەک لە نرخاندندا قبووڵ ناکرێت، چونکە ئەمە بە تەواوی نایاساییە ئەگەر فرۆشیارانیش ئەمە نەکەن، ئەوا کێشەی گەورە چاوەڕوانیان دەکات!.

ترەمپ وتیشی: دەستپێبکەن بە ئامانجکردنی نرخێک کە نزیک بێت لە 2.50 دۆلار بۆ هەر گالۆنێک، هەروەها پێویستە ویلایەتی کالیفۆرنیاش دەستبەرداری سەپاندنی ئەم باجە قورسانە بێت لەسەر بەنزین.

بەم زووانە باجەکە لە نرخی خودی بەرهەمەکە بەرزتر دەبێتەوە، ویلایەتە یەکگرتووەکانیش ئەمە قبووڵ ناکات، بەهەمان شێوە خەڵکی کالیفۆرنیاش کە بەهۆی ئەم باجە بێمانایانەوە لەلایەن حکومەتەکەی خۆیانەوە دەچەوسێنرێنەوە".

ترەمپ رەخنەی لەو باجانە گرت و داوای کەمکردنەوەی کردن، بەوپێیەی باری گرانی سەر شانی بەکاربەران زیاتر دەکەن.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

سەرۆکی ئەمریکا دەڵێت: کۆبوونەوەکەی سبەینێ لەگەڵ ئێران گرنگە و لە داهاتوویەکی نزیکدا ئەنجامەکەی دەردەکەوێت.

دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاند، کۆبوونەوەی چاوەڕوانکراوی نێوان واشنتۆن و تاران لە دەوحەی پایتەختی قەتەر، لەوانەیە کۆبوونەوەیەکی "زۆر گرنگ" بێت و دەرەنجامەکانی لە داهاتوویەکی نزیکدا دەردەکەون.

سەرۆکی ئەمریکا ئاماژەی بەوەشکرد، وڵاتەکەی پێشکەوتنی زۆر باشی بەدەستهێناوە لەو شەڕەی کە بۆ داماڵینی چەکی ئەتۆمیی ئێران دەستیپێکردووە و وتی: "سبەی سێشەممە خولێکی نوێی گفتوگۆکان لە دەوحە بەڕێوەدەچێت و تیمە تایبەتەکامان لە ئێستادا ئامادەکاری دەکەن بۆ گەشتکردن بەرەو قەتەر."

ئەم لێدوانە ئەرێنییەی ترەمپ لە کاتێکدایە کە پێشتر وەزارەتی دەرەوەی ئێران رایگەیاندبوو، سەردانی وەفدە تەکنیکییەکەیان بۆ قەتەر تەنها بۆ بەدواداچوونی بەندەکانی یاداشتی لێکتێگەیشتنەکەیە و پەیوەندی بە هاتوچۆی لێپرسراوانی ئەمریکاوە نییە، بەڵام کۆشکی سپی بە رەسمی بەشداریکردنی نوێنەرانی باڵای خۆی وەک جارید کوشنەر و ستیڤ ویتکۆفی لەو کۆبوونەوانەدا پشتڕاستکردووەتەوە.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

چوارچێوەی هەماهەنگی پشتیوانی خۆی بۆ پرۆسەی دژایەتیكردنی گەندەڵكاران دووپات دەكاتەوە.

بە ئامادەبوونی عەلی زەیدی سەرۆك وەزیرانی عیراق، سەركردەكانی چوارچێوەی هەماهەنگی لە نووسینگەی سەرۆكی هاوپەیمانیی نەهجی نیشتمانی كۆبوونەوە.

لە راگەیەندراوێكدا، چوارچێوەی هەماهەنگی پاڵپشتی خۆی بۆ هەوڵەكانی دژایەتیكردنی گەندەڵی و پڕۆسەی ئۆپراسیۆنی بەرەبەیان دوپاتكردەوە.

هاوكات پاڵپشتی و پشتگیریی خۆیان بۆ هەنگاوەكانی حكومەت و دەسەڵاتی دادوەری دەربڕی كە دەبێتە هۆی گێڕانەوەی متمانە بە پڕۆسەی سیاسی، هاوكات جەختیان لەسەر پێویستیی بەردەوامبوونی ئەو هەوڵانە و پاككردنەوەی دامەزراوەكانی دەوڵەت لە گەندەڵكاران و كەمتەرخەمەكان، و ڕاگرتنی بەفیڕۆدانی ماڵی گشتی كردەوە.

 

 

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

ئێران، ئەمڕۆ، لێدوانەکانی ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆکی فەرەنسای سەبارەت بە بەشداریکردنی وڵاتەکەی لە پڕۆسەی پاککردنەوەی گەروی هورمز لە مین رەتکردەوە و رایگەیاند، ئەم ئەرکە بەپێی رێککەوتنی نێوان تاران و واشنتۆن، تەنها لەلایەن ئێران خۆیەوە جێبەجێ دەکرێت.

جێگری وەزیری دەرەوەی ئێران لە پۆستێکدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتی "ئێکس" نووسیویەتی: "پاكکردنەوەی گەروی هورمز لە مین تەنها و تەنها لەلایەن ئێرانەوە ئەنجام دەدرێت"، ئاماژەی بەوەش کردووە کە ئەم هەنگاوە بەپێی ئەو یاداشتی لێکتێگەیشتنەیە کە لە نێوان تاران و واشنتۆندا ئیمزا کراوە.

جێگری وەزیری دەرەوەی ئێران بارودۆخی ناوچەکەی بە "هەستیار و ئاڵۆز" وەسف کرد و هۆشداری دایە فەرەنسا لە گرتنەبەری هەر هەنگاوێک کە ببێتە هۆی زیاتربوونی گرژییەکان و رایگەیاند: "ئامۆژگاری فەرەنسا دەکەین کە بە کردەوە دەستێوەردانەکانی، رەوشەکە ئاڵۆزتر نەکات."

ئەم پەرچەکردارە توندەی تاران تەنها چەند سەعاتێک دوای لێدوانەکەی ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆکی فەرەنسا هات کە تێیدا رایگەیاندبوو؛ فەرەنسا و عوممان لەگەڵ هاوبەشەکانیاندا کار دەکەن بۆ پاککردنەوەی گەروی هورمز لە مین، بە ئامانجی کەمکردنەوەی ئاڵۆزییەکانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و دابینکردنی ئاسایشی دەریاوانی و ئازادی هاتوچۆی کەشتییەکان لەو گەرووە ستراتیژییەدا.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

رۆژی 2ـی تەمموز رێككەوتنی نێوان یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان و جوڵانەوەی نەوەی نوێ ئیمزا دەكرێت.

سالار لالە سەرحەد ئەندامی لیژنەی باڵای هاوبەشی یەکێتی و نەوەی نوێ بە کوردسات نیوزی رایگەیاند،  رۆژی پێنجشەممە 02/07 لە شاری سلێمانی بە ئامادەبوونی بافڵ جەلال تاڵەبانی سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و شاسوار عەبدولواحید سەرۆکی جوڵانەوەی نەوەی نوێ بە رەسمی رێککەوتنی هاوپەیمانی هاوسەنگی و بووژانەوە لە نێوان یەکێتیی و نەوەی نوێ ئیمزا دەکرێت.

وتیشی، هاوسەنگی و بووژانەوە ناوی هاوپەیمانێتییەكەی نێوان یەكێتیی و نەوەی نوێ دەبێت.

هاوکات رێككەوتنەكەی یەكێتی و نەوەی نوێ بۆ هەرێمی كوردستان و عیراقیشە.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

باڵیۆزخانەی ئێران لە قەتەر، ئەمڕۆ دووشەممە، رایگەیاند کە هیچ زانیارییەکی رەسمییان لەبارەی ئەو گفتوگۆ چاوەڕوانکراوانە پێ نەگەیشتووە کە بڕیارە لەگەڵ ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا ئەنجام بدرێن.

باڵیۆزخانەی ئێران لە بەیاننامەیەکدا کە میدیاکان بڵاویانکردووەتەوە، رایگەیاندووە: هیچ زانیارییەکی رەسمیمان لەبارەی ئەو گفتوگۆ چاوەڕوانکراوانەی نێوان ئێران و ئەمریکا کە بڕیارە لە دەوحە بەڕێوەبچن، پێ نەگەیشتووە.

لە بەیاننامەکەدا ئەوەش هاتووە کە: ئامادەکارییەکان بۆ دەستپێکردنی گفتوگۆکان هێشتا دەستیان پێ نەکردووە.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

دوای تێپەڕبوونی هەزار رۆژ بەسەر جەنگی غەززەدا سوپای ئسرائیل دەڵێت، بەردەوام دەبن لە جەنگ. 

ئیال زامیر سەرۆك ئەركانی سوپای ئیسرائیل لە میانی كۆبوونەوەیەكی بۆ هەڵەسەنگاندنی رەوشی هەواڵگیری و مەیدانی رایگەیاند، لەو جەنگانەی لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست سەریانهەڵداوە، گەیشتوونەتە رێگەیەكی گرنگ و ستراتیژی، لەو ماوەیەشدا سوپای ئیسرائیل ئەزمونی بێهاوتای كۆكردووەتەوە. 

راشیگەیاند، هەزار رۆژ و شەو تێپەڕی بەسەر یەكێك لە ئاڵۆزترین و قورسترین جەنگەكان و ئەوەی بەدەستیانهێناوە لەسەروو پێشبینییەكانەوەیە.

جەختی لەوەشكردەوە، لە دوای ئەو جەنگەی لە ئۆكتۆبەری ساڵی 2023 دەستیپێكرد، هەر بەردەوام دەبن لە روبەڕوبوونەوە و ئەو جەنگانەی سەریانهەڵداوە.

ئەو لێدوانەش هاوكاتە لەگەڵ زیادبوونی فشارە نێودەوڵەتییەكان بۆ كۆتایی هێنان بە ئاڵۆزییەكانی رۆژهەڵاتی ناوەراست.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

ئاسایشی سۆران رایگەیاند، هێزەکانیان لە بەشی ئاسایشی رواندز تۆمەتبارێکیان دەستگیرکردووە کە لە رێگەی چەند ئەکاونتێکی ساختەوە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان، وێنە و ڤیدیۆی نەشیاوی بڵاوکردووەتەوە.

ئاسایشی هەولێر بڵاویکردەوە، بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی سۆران/بەشی ئاسایشی رواندز دوای کۆکردنەوەی زانیاریی ورد و تۆمارکردنی سکاڵای یاسایی لەلایەن چەند هاووڵاتییەکەوە، بە بڕیاری دادوەری لێکۆڵینەوەی رواندز، بەدواداچوونی بۆ چەند ئەکاونتێک لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانی (فەیسبووک، ئینستاگرام و تیک تۆک) دەستیپێکرد کە ببوونە هۆی هەراسانکردنی خەڵکی دەڤەرەکە.

ئاماژەی بەوەشکرد، هێزەکانی ئاسایش توانیویانە تۆمەتبارێک دەستگیربکەن و دوای لێکۆڵینەوەی ورد، تۆمەتبارەکە دانی بە تاوانەکەیدا ناوە، کە بەبێ مۆڵەت دەستی بەسەر ئەکاونتی هاووڵاتیاندا گرتووە و بۆ مەبەستی تایبەتی خۆی بەکاریهێناون.

هاوکات بەڕێوەبەرایەتیی ئاسایشی سۆران داوا لە هاووڵاتییان دەکات زیاتر هۆشیاربن لە پاراستنی ئەکاونتەکانیان، هۆشداریش دەدات کە بە هیچ شێوەیەک کلیک لەسەر لینک و بەستەری نەناسراو نەکەن بۆ ئەوەی پارێزراوبن.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

سەرۆک وەزیرانی عیراق رایدەگەیەنێت، کۆنتڕۆڵکردنی چەک لە دەستی دەوڵەتدا بە کرداری دەستیپێکردووە و لە شەڕی دژ بە گەندەڵیشدا هیچ هێڵێکی سورمان لەسەر دەستگیرکردنی گەندەڵکاران نییە.

عەلی زەیدی، سەرۆک وەزیرانی عیراق، لە کۆبوونەوەیەکدا لەگەڵ ژمارەیەک لە باڵیۆزانی وڵاتانی یەکێتی ئەوروپا، ستراتیژی داهاتووی حکومەتەکەی لەسەر ئاستی ئەمنی، ئابوری و دژایەتیکردنی گەندەڵی خستەڕوو و رایگەیاند، کۆنتڕۆڵکردنی چەک لەلایەن دەوڵەتەوە هەنگاوێکی کردارییە و تەنها دروشم نییە.

بەپێی راگەیەندراوێکی نوسینگەی راگەیاندنی عەلی زەیدی، سەرۆک وەزیران ئاماژەی بەوەکردووە، پرۆسەی سنوردارکردنی چەک لە دەستی دەوڵەتدا بە کرداری دەستیپێکردووە و بەردەوام دەبێت، بە تایبەتی کە لە 30ی ئەیلوولی داهاتوودا هێزەکانی هاوپەیمانان بە تەواوی لە عیراق دەکشێنەوە.

عەلی زەیدی جەختی کردەوە، حکومەت رێگە بە هیچ کەسێک نادات یاری بە پارە و داهاتی گەلی عیراقەوە بکات، راشیگەیاند، "هیچ هێڵێکی سور لەبەردەم یاساشکێنان و گەندەڵکارانی قوتی گشتیدا نییە، و کار بۆ گێڕانەوەی تەواوی ئەو پارانە دەکەین کە لە قۆناغەکانی پێشوودا بە تاڵان براون."

لە پەیامێکدا بۆ وڵاتانی دەرەوە، سەرۆک وەزیران رەتیکردەوە چاوپۆشی لە تێکدانی سەروەریی عیراق بکرێت و وتی: "عیراق دەکەینە مەڵبەندی پێکگەیشتن نەک ناکۆکی؛ رەتیشیدەکەینەوە هیچ وڵاتێک بە شێوازی جیاواز مامەڵە لەگەڵ لایەنە ناوخۆییەکاندا بکات کە زیان بە سەروەریی وڵات بگەیەنێت."

هەروەها داوای لە کۆمپانیا ئەوروپییەکان کرد پشکداری لە پڕۆژە ئابوری و گەشەپێدانەکانی عیراقدا بکەن، بەتایبەت لە بوارەکانی وزە، پیشەسازی و کشتوکاڵدا، بەو پێیەی حکومەت خەریکی هەموارکردنەوەی یاساکانە بۆ ئاسانکاری گەشەی ئابوری.

لای خۆشیانەوە، باڵیۆزانی یەکێتی ئەوروپا ستایشی پلان و چاکسازییەکانی حکومەتی عیراقیان کرد لە بوارەکانی ئابوری، دژایەتی گەندەڵی و کۆنتڕۆڵکردنی چەک، و ئامادەیی وڵاتەکانیان بۆ بەستنی هاوبەشیی ستراتیژی لەگەڵ بەغدا دەربڕی.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

سەرۆکی ئەمریکا رایدەگەیەنێت، سبەینێ کۆبوونەوەیەک لەگەڵ ئێران لە دەوحەی پایتەختی قەتەر بەڕێوەدەچێت.

دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا لە تۆڕی کۆمەڵایەتی سۆشیاڵ تروس نووسیویەتی، "ئێران داوای کۆبوونەوەیەکی کردووە، کۆبوونەوەکەش سبەینێ سێشەممە لە دەوحە بەڕێوەدەچێت." جەختی لەوەشکردووەتەوە کە ئێران "هەرگیز نابێتە خاوەنی چەکی ئەتۆمی".

هاوکات ئاژانسی "رۆیتەرز" لە زاری سەرچاوەیەکی باڵای ئێرانییەوە بڵاویکردەوە، کۆبوونەوەکەی سبەینێ دەوحە جیاواز دەبێت لە کۆبوونەوە تەکنیکییەکانی پێشوو کە لە سویسرا بەڕێوەچوون، چونکە ئەمجارە سەرنجی سەرەکی لەسەر پرسی بەڕێوەبردنی گەروی هورمز و هێورکردنەوەی گرژییەکان دەبێت.

رۆیتەر ئاشکرایشیکردووە، وەفدە تەکنیکییەکانی ئەمریکا و ئێران، کە بەرپرسن لە جێبەجێکردنی یاداشتی لێکتێگەیشتنی نێوانیان، لە چەند رۆژی داهاتوودا لە دەوحە کۆدەبنەوە.

ئەوەشی خستووەتەڕوو، ئەم کۆبوونەوەیە دوای ئەوە دێت کە هێرشە پێچەوانەکانی ئەم دواییەی نێوان هەردوولا، هەڕەشەی هەڵوەشاندنەوەی رێککەوتنە لەرزۆکەکەی نێوانیانی دەکرد.

بەپێی زانیارییەکان، ستیڤ ویتکۆف نێردەی تایبەتی ترەمپ و جارید کوشنەر راوێژکاری ترەمپ، بەشداری کۆبوونەوەکە دەکەن.

ئاژانسەکە روونیکردوەتەوە، وڵاتە نێوەندگیرەکان لە ئێستادا خەریکی دروستکردنی کەناڵی پەیوەندین بۆ رێگریکردن لە هەر گرژییەک و بڕیاریشە گفتوگۆ تەکنیکییەکان بەردەوام بن.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

دەستەی دەسپاکی فیدرالی، ئەمڕۆ دووشەممە، بڕیاری سزادان و بەندکردنی بۆ بەڕێوەبەری گشتیی پێشوتری دەستەی گشتیی باج و هاوسەرەکەی راگەیاند، ئەمەش لەسەر پاشخانی تێوەگلانیان لە تاوانی سپیکردنەوەی پارەدا.

دەستەکە لە بەیاننامەیەکدا رایگەیاند: دادگای تاوانەکانی بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی ناوەندی، بڕیارێکی ئامادەیی  دەرکردووە کە تێیدا سزای 10 ساڵ بەندکردن بۆ (ئوسامە حوسام جەودەت) بەڕێوەبەری گشتیی پێشوتری دەستەی گشتیی باج، و سزای 5 ساڵ و یەک مانگ بەندکردن بۆ هاوسەرەکەی بڕاوەتەوە؛ ئەمەش بەپشتبەستن بە ئەحکامەکانی ماددەی (36) لە یاسای بەرەنگاربوونەوەی سپیکردنەوەی پارە و دابینکردنی دارایی بۆ تێرۆر ژمارە 39ی ساڵی 2015.

لە بەردەوامی بەیاننامەکەدا هاتووە: بڕیارەکە غەرامەکردنی هەردوو سزادراوەکە بە شێوازی هاوبەش بە بڕی (32,496,107,000) دینار لەخۆدەگرێت، جگە لە دەستبەسەرداگرتنی (10) خانووبەرە لە بەغدا و (12) خانووبەرە لە تورکیا کە بە ناوی تۆمەتبارەکەوە (هاوسەری بەڕێوەبەرەکە) تۆمارکراون.

هەروەها بڕیارەکە دەستبەسەرداگرتنی ئەو بڕە پارە کاشانەی دەستیان بەسەردا گیراوە، کرێی خانووبەرەکان، زێڕ و زێڕینەکان، لەگەڵ ئەو پارانەی کە لە بانکی کوێتی و بانکەکانی تورکیادا دانراون، دەگرێتەوە.

دەستەی دەسپاکی جەختی کردەوە کە: دادگا، دوای پێداچوونەوە بەو بەڵگانەی لە دۆسیەکەدا بەدەست هاتوون، بەڵگەکانی بە تەواو و قایلکەر زانیون بۆ تۆمەتبارکردنیان، بۆیە بڕیاری سەرپێچیکاربوونی سزادراوانی دەرکردووە و سزای بەندکردن و غەرامەکەی بەسەردا سەپاندوون، لەگەڵ بلۆککردنی سەرجەم مۆڵک و ماڵی گواستراوە و نەگواستراوەیان.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

ئەمڕۆ دووشەممە، بوومەلەرزەیەک بە گوڕی 4.2 پلە بەپێی پێوەری رێختەر، ویلایەتی لا گوایرای ڤەنزوێلای هەژاند، کە بە یەکێک لەو ناوچانە دادەنرێت کە زۆرترین زیانی بەرکەوتووە بەهۆی ئەو زنجیرە بوومەلەرزانەی لەم دواییانەدا وڵاتەکەی گرتووەتەوە.

زانایانی بواری بوومەلەرزەزانی ناوخۆیی ئاماژەیان بەوە کردووە کە بوومەلەرزەکە لە کاتژمێر 7:01ـی بەیانی بە کاتی ناوخۆیی روویداوە، بە دووریی نزیکەی 10 کیلۆمەتر لە شاری لا گوایرا، و قووڵییەکەشی نزیکەی 2.9 کیلۆمەتر بووە.

ئەم بوومەلەرزەیە لە چوارچێوەی ئەو زنجیرە بوومەلەرزانەدا دێت کە لە ماوەی رابردوودا ڤەنزوێلایان هەژاندووە، ئەمەش لە کاتێکدایە کە هێشتا پاشلەرزەکان لە ژمارەیەک ناوچە تۆمار دەکرێن، هاوکات دەسەڵاتداران بەردەوامن لە هەڵسەنگاندنی رەوشەکە و چاودێریکردنی پێشهاتەکان.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

مەسعود پزیشکیان، سەرۆک کۆماری ئێران رایگەیاند کە بەم زوانە نزیکەی 6 ملیار دۆلار لە داراییە بلۆککراوەکانی ئێران لە دەوڵەتی قەتەر ئازاد دەکرێن، ئەمەش لە کۆی 12 ملیار دۆلار لە سەرمایە و داراییە بلۆککراوەکانی ئێران لە دەرەوەی وڵات.

پزیشکیان لە لێدوانێکی رۆژنامەوانیدا وتی: 6 ملیار دۆلار لە داراییە بلۆککراوەکانی ئێران لە قەتەر بەم زووانە ئازاد دەکرێن، کە ئەم بڕە پارەیە بەشێکە لە کۆی 12 ملیار دۆلار لە سەرمایە بلۆککراوەکانی ئێران لە دەرەوەی وڵات.

سەرۆک کۆماری ئێران ئاماژەی بەوەش کرد: ئەم هەنگاوە لە چوارچێوەی رێکخستنە دارایی و دیپلۆماسییە بەردەوامەکاندا دێت، و جەختیشی کردەوە کە: تاران بەردەوامە لە کارکردن بۆ گەڕاندنەوەی تەواوی داراییە بلۆککراوەکانی لە چەند وڵاتێکی جیاواز، ئەمەش لە چوارچێوەی هەوڵەکاندا بۆ بەهێزکردنی دۆخی ئابوری و پشتگیریکردنی سەقامگیریی دارایی ناوخۆیی وڵات.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

حەیدەر عەبودی، وتەبێژی حکومەتی عیراق لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا زنجیرەیەک بڕیار و پێشهاتی نوێی لەسەر ئاستی ناوخۆیی، هەرێمی و نێودەوڵەتی خستەڕوو، جەختی لەسەر بەردەوامی پرۆسەی چاکسازی و دژایەتیکردنی گەندەڵی کردەوە.

وتەبێژی حکومەت رایگەیاند: عەلی زەیدی، سەرۆک وەزیرانی عیراق رێنمایی وەزارەتی دارایی کردووە بە کردنەوەی هەژمارێکی بانکی تایبەت بۆ تێکردن و کۆکردنەوەی ئەو پارانەی کە لە تێوەگلاوانی دۆسیەکانی دەوڵەمەندبوونی نایاسایی وەرگیراونەتەوە.

عەبودی جەختی کردەوە، کە حکومەت لەسەر بنەمای پابەندبوونی دەستووری خۆی بۆ پاراستنی مۆڵکی گشتیی بەردەوام دەبێت و روانگەیەکی گشتگیری هەیە بۆ چاکسازیی دامەزراوەیی. 

سەبارەت بە کارنامەی دژە گەندەڵیش وتی: گێڕانەوەی مۆڵکی گشتیی بەرپرسیارێتییەکە کە لەژێر کاریگەریی کەسەکان و بارودۆخەکاندا نییە و ستراتیژی ئێستامان بۆ دژایەتیکردنی گەندەڵی هاوشێوەی قۆناغەکانی رابردوو نییە.

لە تەوەرێکی تردا، وتەبێژی حکومەت ئاماژەی بە بەردەوامی ئۆپەراسیۆنی (هێرشی بەرەبەیان) کرد بۆ سەر تۆمەتبارانی گەندەڵی و رایگەیاند: لە چوارچێوەی ئەم ئۆپەراسیۆنەدا تا ئێستا 21 تۆمەتبار دەستگیرکراون و گەڕان بەدوای تێوەگلاوانی دیکەشدا بەردەوامە، ئاماژەی بەوەشکرد کە ئۆپەراسیۆنەکە بە هیچ شێوەیەک ناوەستێت و دانپێدانانی دەستگیرکراوەکان حکومەت دەگەیەنێتە چەندین تۆڕی دیکەی گەندەڵی.

حەیدەر عەبوودی وادەی کۆتایی دوو دۆسیەی گرنگی ئەمنی دیاریکرد و رایگەیاند: رۆژی 21ـی 9ـی ئەمساڵ، دوا مۆڵەت دەبێت بۆ رادەستکردنی چەک و لە هەمان کاتیشدا وادەی کشانەوەی هێزەکانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتییە لە عیراق.

وتەبێژی حکومەت ئاماژەی بەوەشدا: حکومەتی عیراق رەزامەندی نیشانداوە لەسەر داواکارییەکەی کۆماری ئیسلامی ئێران بۆ بەڕێوەبردنی رێوڕەسمی بەخاکسپاردنی تەرمی عەلی خامنەیی، رێبەری پێشووی باڵای شۆڕشی ئیسلامی ئێران، لە رۆژی 8ی تەمووزی داهاتوودا لە عیراق.

سەبارەت بە پەیوەندییەکانی نێوان بەغداد و هەولێر، عەبودی دڵنیایی دایە فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان: رێککەوتن و لێکتێگەیشتنی باش لە نێوان بەغداد و هەولێر هەیە سەبارەت بە موچەی موچەخۆرانی هەرێمی کوردستان، پابەندبوونێکی نەگۆڕ و جێگیر هەیە بۆ دابینکردن و مسۆگەرکردنی شایستە داراییەکانیان.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆک وەزیران لە دووەم رۆژی سەردانەکەیدا بۆ بەغداد لەگەڵ 15 باڵیۆزی وڵاتانی ئەوروپا لە عیراق کۆبووەوە.

لە تەوەرێکی کۆبوونەوەکەدا کە پێشنیوەڕۆی رۆژی دووشەممە (29/6/2026) بەڕێوەچوو، باس لە رەوشی ناوچەکە و بە تایبەتیش شەڕ و ناکۆکییەکانی نێوان ئێران و ئەمریکا کرا. لەمبارەیەوە قوباد تاڵەبانی هەڵوێستی هەرێمی کوردستانی روون کردەوە و رایگەیاند: سیاسەت و هەڵوێستی هەرێم لە دەستپێکی شەڕەکەوە تا ئێستا روون و ئاشکرایە و نەک تەنها نابینە بەشێک لە شەڕ و ململانێ ناوچەیی و نێودەوڵەتییەکان، بەڵکو بەپێی سەنگ و قورسایی خۆمان لەگەڵ هاوبەشەکانمان کار دەکەین بۆ هێورکردنەوەی ئاڵۆزییەکان و پاراستنی ئاسایش و سەقامگیری ناوچەکەمان.

لە بەشێکی دیکەی کۆبوونەوەکەدا باس لە رەوشی ئێستای عیراق کرا. لەمبارەیەشەوە جێگری سەرۆک وەزیران روونیکردەوە، لەماوەی رابردوودا هەنگاوی باش نراوە بە ئاراستەی پاراستنی سەروەری و سەربەخۆیی سیاسی عیراق. راشیگەیاند: پشتگیری لە حکومەتی نوێی عیراق دەکەن بە تایبەتیش لە پرۆسەی بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵیدا. هیواشی خواست هەموو لایەنەکان پشتگیری تەواوی حکومەت بکەن بۆ کەمکردنەوەی گەندەڵی و ئەم هەوڵانەشی بە هەنگاوێکی پێویست و گرنگ زانی بۆ چەسپاندنی سەروەریی یاسا و بووژانەوە و گەشەپێدانی ئابووری.

سەبارەت بە رەوشی هەرێمی کوردستانیش قوباد تاڵەبانی ئاماژەی بەوەدا: دۆخێکی نوێ لە ناوچەکە و لە عیراق هاتووەتە ئاراوە و هۆشداریدا لەم دۆخە نوێیەدا نابێت لایەنەکان بە هەمان شێوە و بیرکردنەوەی رابردوو مامەڵە لەگەڵ یەکتردا بکەن، چونکە دواخستنی لەوە زیاتری پێکهێنانی حکومەت زیانی قەرەبوونەکراو بە پێگەی هەرێمی کوردستان دەگەیەنێت.

قوباد تاڵەبانی راشیگەیاند: لە ئێستا حکومەتی کاربەڕێکەر بووەتە خاڵێکی لاواز بۆ هەرێمی کوردستان و ئەم حکومەتە ناتوانێت لە ئاستی هەڕەشە و دەرفەتەکانی ئەم قۆناغە نوێیەدا بێت. داواشیکرد لایەنەکانی هەرێم بە لەبەرچاوگرتنی هەڕەشە و ئاڵنگارییەکان بەرپرسیارانە مامەڵە بکەن و بە تێگەیشتنی نوێوە پەلە بکەن لە پێکهێنانی حکومەتی داهاتووی هەرێم.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە
1...141142143144145...1223