تاران بۆ پاریس: پاککردنەوەی گەروی هورمز لە مین تەنها لە ئەستۆی ئێراندایە
محەمەد رزگار
٢٩ی حوزەیرانی ٢٠٢٦
ئێران، ئەمڕۆ، لێدوانەکانی ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆکی فەرەنسای سەبارەت بە بەشداریکردنی وڵاتەکەی لە پڕۆسەی پاککردنەوەی گەروی هورمز لە مین رەتکردەوە و رایگەیاند، ئەم ئەرکە بەپێی رێککەوتنی نێوان تاران و واشنتۆن، تەنها لەلایەن ئێران خۆیەوە جێبەجێ دەکرێت.
جێگری وەزیری دەرەوەی ئێران لە پۆستێکدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتی "ئێکس" نووسیویەتی: "پاكکردنەوەی گەروی هورمز لە مین تەنها و تەنها لەلایەن ئێرانەوە ئەنجام دەدرێت"، ئاماژەی بەوەش کردووە کە ئەم هەنگاوە بەپێی ئەو یاداشتی لێکتێگەیشتنەیە کە لە نێوان تاران و واشنتۆندا ئیمزا کراوە.
جێگری وەزیری دەرەوەی ئێران بارودۆخی ناوچەکەی بە "هەستیار و ئاڵۆز" وەسف کرد و هۆشداری دایە فەرەنسا لە گرتنەبەری هەر هەنگاوێک کە ببێتە هۆی زیاتربوونی گرژییەکان و رایگەیاند: "ئامۆژگاری فەرەنسا دەکەین کە بە کردەوە دەستێوەردانەکانی، رەوشەکە ئاڵۆزتر نەکات."
ئەم پەرچەکردارە توندەی تاران تەنها چەند سەعاتێک دوای لێدوانەکەی ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆکی فەرەنسا هات کە تێیدا رایگەیاندبوو؛ فەرەنسا و عوممان لەگەڵ هاوبەشەکانیاندا کار دەکەن بۆ پاککردنەوەی گەروی هورمز لە مین، بە ئامانجی کەمکردنەوەی ئاڵۆزییەکانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و دابینکردنی ئاسایشی دەریاوانی و ئازادی هاتوچۆی کەشتییەکان لەو گەرووە ستراتیژییەدا.


