سزای 10 ساڵ زیندانیكردن بۆ بەڕێوەبەری پێشـوی باجەكانی عیراق دەرچوو
سەوسەن سەید
٢٩ی حوزەیرانی ٢٠٢٦
دەستەی دەسپاکی فیدرالی، ئەمڕۆ دووشەممە، بڕیاری سزادان و بەندکردنی بۆ بەڕێوەبەری گشتیی پێشوتری دەستەی گشتیی باج و هاوسەرەکەی راگەیاند، ئەمەش لەسەر پاشخانی تێوەگلانیان لە تاوانی سپیکردنەوەی پارەدا.
دەستەکە لە بەیاننامەیەکدا رایگەیاند: دادگای تاوانەکانی بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی ناوەندی، بڕیارێکی ئامادەیی دەرکردووە کە تێیدا سزای 10 ساڵ بەندکردن بۆ (ئوسامە حوسام جەودەت) بەڕێوەبەری گشتیی پێشوتری دەستەی گشتیی باج، و سزای 5 ساڵ و یەک مانگ بەندکردن بۆ هاوسەرەکەی بڕاوەتەوە؛ ئەمەش بەپشتبەستن بە ئەحکامەکانی ماددەی (36) لە یاسای بەرەنگاربوونەوەی سپیکردنەوەی پارە و دابینکردنی دارایی بۆ تێرۆر ژمارە 39ی ساڵی 2015.
لە بەردەوامی بەیاننامەکەدا هاتووە: بڕیارەکە غەرامەکردنی هەردوو سزادراوەکە بە شێوازی هاوبەش بە بڕی (32,496,107,000) دینار لەخۆدەگرێت، جگە لە دەستبەسەرداگرتنی (10) خانووبەرە لە بەغدا و (12) خانووبەرە لە تورکیا کە بە ناوی تۆمەتبارەکەوە (هاوسەری بەڕێوەبەرەکە) تۆمارکراون.
هەروەها بڕیارەکە دەستبەسەرداگرتنی ئەو بڕە پارە کاشانەی دەستیان بەسەردا گیراوە، کرێی خانووبەرەکان، زێڕ و زێڕینەکان، لەگەڵ ئەو پارانەی کە لە بانکی کوێتی و بانکەکانی تورکیادا دانراون، دەگرێتەوە.
دەستەی دەسپاکی جەختی کردەوە کە: دادگا، دوای پێداچوونەوە بەو بەڵگانەی لە دۆسیەکەدا بەدەست هاتوون، بەڵگەکانی بە تەواو و قایلکەر زانیون بۆ تۆمەتبارکردنیان، بۆیە بڕیاری سەرپێچیکاربوونی سزادراوانی دەرکردووە و سزای بەندکردن و غەرامەکەی بەسەردا سەپاندوون، لەگەڵ بلۆککردنی سەرجەم مۆڵک و ماڵی گواستراوە و نەگواستراوەیان.




