هەواڵەکانهەواڵەکان

لەگەڵ نزیکبوونەوەی کاتی گفتوگۆکانی نێوان واشنتۆن و تاران، رەوشەکە بەرەو ئاڵۆزی زیاتر دەچێت و هەردوولا پەیامی جیاواز ئاراستەی یەکتر دەکەن.

دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، پێش دەسپێکردنی گەڕێکی نوێی دانوستانە ئەتۆمییەکانی واشنتۆن و تاران لە ژنێف، هۆشدارییەکی توند ئاراستەی ئێران دەکات و رایدەگەیەنێت: "ئەو وڵاتە بەرگەی لێکەوتەکانی شکستی رێککەوتن ناگرێت."

ترەمپ لە ناو فڕۆکەی سەرۆکایەتی (ئێر فۆرس وەن) بە رۆژنامەنووسانی راگەیاند، بە شێوەیەکی ناڕاستەوخۆ چاودێری دانوستانەکان دەکات و بەشدار دەبێت، جەختی کردەوە کە ئێران "دەیەوێت رێککەوتن بکات"، چونکە دەزانن دەرئەنجامی شکستی دانوستانەکان بۆ ئەوان قورس دەبێت.

هاوکات لەگەڵ لێدوانەکانی ترەمپ، سوپای ئەمریکا هێزە ئاسمانی و دەریاییەکانی لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بە شێوەیەکی بەرچاو زیاد کردووە، سەرچاوە هەواڵگرییەکان بۆ (CNN) ئاشکرایان کردووە، ئەم جوڵانە بۆ ترساندنی تارانە و بۆ ئەوەیە کە واشنتۆن بژاردەی "هێرشی سەربازی" لەناو خاکی ئێراندا لەبەردەست بێت ئەگەر دیپلۆماسی سەرکەوتوو نەبێت.

ئەمریکا فڕۆکە جەنگییەکان و تانکەرەکانی سووتەمەنی لە بنکەکانی بەریتانیاوە بۆ ناوچەکە گواستووەتەوە و سیستمی بەرگری ئاسمانی نوێی جێگیر کردووە.

: لە بەرانبەردا، عەباس عراقچی وەزیری دەرەوەی ئێران لە ژنێف رایگەیاند، ئەوان بۆ ڕێککەوتنێکی "دادپەروەرانە" هاتوون، بەڵام جەختی کردەوە کە "تەسلیمی هیچ جۆرە هەڕەشەیەک نابن."

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

بە تۆمەتی هێرشکردنە سەر هاووڵاتییەک دوو تۆمەتبار دەستگیرکران، پۆلیسی سلێمانیش دەڵێت؛ دوای هێرشکردنەکە ئۆتۆمبێلی هاووڵاتییەکەیان دزی بوو.

بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی پارێزگای سلێمانی بڵاویکردەوە، مەفرەزەکانی نوسینگەی نەهێشتنی تاوانی دزینی ئۆتۆمبێلی سەر بە بەشی پۆلیسی نەهێشتنی تاوان بە هاوکاری نوسینگەی نەهێشتنی تاوانی ئیبراهیم ئەحمەد و بنکەی پۆلیسی سورداش، دوو تۆمەتباریان دەستگیرکرد کە هێرشیانکردبووە سەر هاووڵاتییەک و ئوتۆمبێلەکەیان دزی بوو.

ئاماژەی بەوەشکرد، دوای ئەوەی لە رۆژی 10ـی2ـی2026 هاووڵاتییەک لە شاری هەولێر دێت بۆ شاری سلێمانی بە مەبەستی گەشتکردن، بەهۆی نەشارەزا بوونیەوە پرسیاری دۆزینەوەی شوێنێک لە دوو کەس دەکات، دواتر کەسەکان دەچنە ئۆتۆمبێلەکەی و وانیشان دەدەن کە هاوکاری دەکەن، بەڵام شۆفێرەکە دەبەنە شوێنێکی چۆڵ و هێرش دەکەنە سەری و پاشان ئوتۆمبێلەکەی دەدزن.

پۆلیسی سلێمانی راشیگەیاند، دوای وەرگرتنی بڕیاری دادوەری لێکۆڵینەوە، دەستبەجێ نوسینگەی نەهێشتنی تاوانی دزینی ئۆتۆمبێلی سەر بە بەشی نەهێشتنی تاوانی بەڕێوەبەرایەتییەکەیان دەست بە لێکۆڵینەوە دەکەن و لە ئەنجامدا بە هاوکاری نوسینگەی نەهێشتنی تاوانی ئیبراهیم ئەحمەد و بنکەی پۆلیسی سورداش، توانرا لەماوەی کەمتر لە نۆ سەعاتدا تۆمەتباران بدۆزرێنەوە و دەستگیربکرێن بە ناوەکانی (ش.ب.ل) لەدایکبووی (2004) و (م.د.ا) لەدایکبووی (2004). هەروەها دەستگیرا بەسەر ئۆتۆمبێلە دزراوەکەشدا.

ئەوەشی خستەڕوو، لە ئێستادا تۆمەتباران بەبڕیاری دادوەری لێکۆڵینەوە بەپێی مادەی (446 لە یاسای سزادان) راگیراون و لێکۆڵینەوە لەگەڵیاندا بەردەوامە، دوای تەواوبوونی رێکارەکانی لێکۆڵینەوە ئۆتۆمبێلەکە رادەستی خاوەنەکەی دەکرێتەوە.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

وەزیری دەرەوەی ئەمریكا دەڵێت، ئیمزاكردنی رێككەوتن لەگەڵ ئێراندا كارێكی گران دەبێت، بەڵام هەوڵدەدەن و بەهیواشن كۆبوونەوەكانیان ئەنجامێكی هەبێت

ماركۆ رۆبیۆ وەزیری دەرەوەی ئەمریكا لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، وەفدە دانوستانكارەكەشیان بەڕێكەوتوون بۆ شوێنی كۆبوونەوەكان و بەهیواشن بەنە رێككەوتن،

وتیشی، پێشتریش ئاماژەیان بەوەدابوو كە رێككەوتن لەگەڵ ئێراندا كارێكی ئەستەم و گرانە، بەڵام واشنتۆن هەموو هەوڵێكی خۆی دەدات بۆئەوەی بگەنە رێككەوتن و چیتر نیگەرانییان لەبارەی وزەی ئەتۆم و موشەكە بالستیكییەكانیان نەبێت.

لێدوانەكەی وەزیری دەرەوەی ئەمریكاش لە كاتێكدایە، واشنتۆن و تاران لە كۆبوونەوەی رابردوویاندا نەگەشتنە رێككەوتنێكی جێگیر و هیچ لایەكیان سازشیان لە داواكارییەكانیان نەكرد.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

لە سلێمانی ئەندامی باندێکی ساغکردنەوەی دراوی ساختە دەستگیرکرا و دەزگای ئاسایشی هەرێمیش دەڵێت؛ دوای رووبەڕووبوونەوەی هێزەکانیان بە برینداری دەستگیرکراوە.

دەزگای ئاسایشی هەرێم رایگەیاند، بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی پارێزگای سلێمانی، دوای کۆکردنەوەی زانیاری لەسەر باندێکی ساغکردنەوەی دراوی ساختە، بەدواداچوون و چاودێری ورد ئەنجام دا.

ئاماژەی بەوەشکرد، دوای ئەوەی لە 16ـی2ـی2026 ئەندامێکی باندەکە دێتە شاری سلێمانی بەمەبەستی ساغکردنەوەی بڕی ( 40 )هەزار دۆلاری ئەمریکی، بەگەیشتنی بۆ شاری سلێمانی هەوڵی دەستگیرکردنی دەدرێت لەلایەن هێزەکانی ئاسایش، بەڵام تۆمەتبار ئامادە نەبوو خۆی رادەست بکات و دوای رووبەڕوبونەوە بەبرینداری دەستگیرکرا و رەوانەی نەخۆشخانە کراوە.

دەزگای ئاسایشی هەرێم راشیگەیاند، لەئێستادا تۆمەتبار بەمادەی ( 281 )لەیاسای سزادانی عیراقی راگیراوە و لێکۆڵینەوە لە دۆسییەکەی بەردەوامە

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

قائیمقامی سلێمانی به‌وه‌كاله‌ت و لایه‌نه‌ په‌یوه‌ندیداره‌كان كۆبونه‌وه‌ و گفتوگۆیان له‌باره‌ی ئاماده‌كارییه‌كانی پێشوازیكردن له‌ مانگی ره‌مه‌زانی پیرۆز كرد.

ئه‌مڕۆ به‌سه‌رپه‌رشتی قائیمقامی سلێمانی به‌وه‌كاله‌ت و ئاماده‌بونی به‌ڕێوبه‌ر و نوێنه‌ری فه‌رمانگه‌ په‌یوه‌ندیداره‌كان له‌ دیوانی قائیمقامییه‌ت كۆبونه‌وه‌، له‌ كۆبونه‌وه‌كه‌دا باس له ئه‌‌و هه‌نگاوانه‌ كرا كه‌ له‌ مانگی ره‌مه‌زانی پیرۆزدا ده‌گیرێته‌به‌ر بۆ ئه‌وه‌ی‌ باشتر چاودێری بازاڕ و شوێنه‌ گشتییه‌كان بكه‌ن.

دواتر؛ لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا، فازڵ عومەر، قائیمقامی سلێمانی بە وەکالەت، رایگه‌یاند: له‌ مانگی ره‌مه‌زانی پیرۆزدا چێشتخانە و رێستۆرانتەکان کراوەدەبن، بەڵام ده‌بێت سەرجەمیان رێز لەو مانگە بگرن.

وتیشی، له‌پێناو پاراستنی ته‌ندروستی هاووڵاتیان و ساغنه‌كردنه‌وه‌ی كاڵاوشمه‌ك و خوارنی خراپ لیژنه‌ هاوبه‌شه‌كانی قائیمقامیه‌تی سلێمانی، به‌پێی خشته‌ی كاركردنیان له‌مانگی ره‌مه‌زانی پیرۆزدا، سه‌ردان و به‌دواداچونه‌كانیان زیاتر ده‌بێت و سه‌رجه‌م دوكان و بازاڕ و شوێنانه‌كان به‌سه‌رده‌كرێنه‌وه‌.

ئەوەشی خستەڕوو، كه‌ هه‌ر بازرگان و ماركێت و خواردنگه‌یه‌ك سه‌رپێچی بكات و پابه‌ندی مه‌رج و رێنماییه‌كانی كاركردن نه‌بێت رووبه‌ڕووی رێكاری یاسایی ده‌كرێته‌وه‌.

ئاماژه‌ی بۆ ئه‌وه‌شكرد، هێزه ‌ئه‌منییه‌كان‌ كه‌شێكی ئارام بۆ شوێنه‌ گشتییه‌كان و هاووڵاتیان و هه‌مو ئه‌و شوێنانه‌ی خواپه‌رستی تێدا ئه‌نجام ده‌درێت، ده‌ڕه‌خسێنن بۆ ئه‌وه‌ی مسوڵمانان ئه‌ركه‌ ئاینییه‌كانی خۆیان جێبه‌جێ بكه‌ن.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

وەزارەتی پەروەردەی حکومەتی هەرێمی کوردستان بڕیاریدا بۆ یەکەمین جار پێشانگەیەکی تایبەت بە پڕۆژەکانی قوتابیان لە سەرجەم ناوەندەکانی خوێندنی حکومی و ناحکومی بکاتەوە.

بۆ ئەم مەبەستە، وەزارەتی پەروەردە گشتاندنێکی ئاراستەی سەرجەم ناوەندەکانی خوێندن کردووە و داوا دەکات رەچاوی ناوەرۆکەکەی بکەن. ئاماژە بەوەش دراوە، کە پێویستە قوتابخانەکان لە ڕێگەی بەڕێوەبەرایەتییەکانی پەروەردەوە فۆرمی تایبەت بە پڕۆژەکان پڕ بکەنەوە و بۆ وەزارەتی بنێرنەوە.

ئەم هەنگاوە لە چوارچێوەی گرنگیدانی وەزارەتە بە داهێنان و پەرەپێدانی توانا زانستییەکانی قوتابیان، تاوەکو لە ڕێگەی ئەم پێشانگەیەوە پڕۆژەکانیان نمایش بکرێت.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

مەزڵوم عەبدی بانگهێشتی ئەمریکا کراوە و دەڵێت: گەر دەرفەت هەبێت سەردانی ئەمریکا دەکات.

مەزڵوم عەبدی فەرماندەی هێزەكانی سوریای دیموكرات رایگەیاند، لە میانی چاوپێككەوتنەكانی لەگەڵ چەند سیناتۆرێكی كۆمارییەكانی ئەمریكا لە كۆنفڕانسی ئاسایشی میونشن بانگهێشتی واشنتۆن كراوە.

مەزڵوم عەبدی لە چاوپێككەوتنێكدا رایگەیاند، ئەگەر دەرفەت هەبێت و گونجاو بێت سەردانی ئەمریكا دەكات.

 

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

لە کاتێکدا هەڕەشەکانی روسیا و فشارەکانی ئەمریکا بۆ سەر وڵاتانی ئەوروپا روو لە زیادبوونە، کیشوەرە پیرەکە لەبەردەم تاقیکردنەوەیەکی سەختدایە بۆ بونیاتنانی سەربەخۆیی بەرگری، بەڵام جیاوازیی نێوان بۆچونە سیاسییەکان و کردارەکان، ئاستەنگی گەورەی لەبەردەم ئەم ویستە دروست کردووە.

ئێستا وڵاتانی ئەوروپا خەرجییە سەربازییەکانیان بە رێژەی 80% زیاد کردووە بە بەراورد بە پێش جەنگی ئۆکراین. ئەندامانی ناتۆش ساڵی رابردوو رێککەوتن کە کەمترین ئاستی خەرجی بەرگری لە 2%ـەوە بۆ 3.5%ـی کۆی بەرهەمی ناوخۆیی بەرز بکەنەوە، لەگەڵ تەرخانکردنی 1.5%ـی تر بۆ وەبەرهێنانە ئەمنییەکانی دیکە.

بەشێک لە وڵاتان وەک فەرەنسا، ئەڵمانیا، ئیتاڵیا، پۆڵەندا و سوید، هەوڵەکانیان چڕ کردوەتەوە بۆ دروستکردنی هاوپەیمانیی سەربازی و پەرەپێدانی سیستمی موشەکیی دورهاوێژ. ئامانجی ئەم هەنگاوە ئەوەیە کە ئەوروپا بتوانێت لە قوڵایی خاکەکەیدا توانای لێدانی هەبێت و کەمتر پشت بە چەک و تەقەمەنی دەرەکی ببەستێت.

سەرەڕای ئەم هەوڵانە، پڕۆژە گەورە و ستراتیژییەکان روبەڕوی بەربەستی جدی بونەتەوە. بۆ نمونە پڕۆژەی فڕۆکەی جەنگیی هاوبەشی (FCAS) لە نێوان فەرەنسا، ئەڵمانیا و ئیسپانیا، ماوەی چەندین مانگە بەهۆی ناکۆکی لەسەر دابەشکردنی رۆڵی کۆمپانیاکان و پشکی هەریەکەیان لە پڕۆژەکەدا پەکیکەوتووە.

خاڵێکی دیکەی ململانێکان پەیوەستە بە شێوازی تەمویلکردنی پیشەسازیی بەرگری. فەرەنسا سەرکردایەتی بەرەیەک دەکات کە دروشمی "ئەوروپی بکڕە"یان بەرز کردوەتەوە و دەیانەوێت گرێبەستەکان تەنیا لە ناو وڵاتانی یەکێتییەکەدا بن، بەڵام وڵاتانی وەک ئەڵمانیا و هۆڵەندا لایەنگری شێوازێکی کراوەتر دەکەن کە رێگە بە بەشداریی کۆمپانیاکانی دەرەوەی ئەوروپاش بدات.

ئەم ناکۆکی و کێشمەکێشانە ئەوروپای خستوەتە بەردەم سێڕێیانێکی مێژویی؛ یان دەبێت ئەم نیگەرانییانەی لە سیاسەتە گۆڕاوەکانی ئەمریکا هەیەتی بکاتە دەرفەتێک بۆ بونیاتنانی ژێرخانێکی سەربەخۆی بەرگری، یان تەنیا بە بۆچونی سیاسی بمێنێتەوە کە رەنگە لە یەکەم تاقیکردنەوەی راستەقینەی جەنگدا، نەتوانێت بەرگەی تەنگژەکان بگرێت.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

ئەمڕۆ دووشەممە، 11 خێزانی چەکدارانی داعش کە خاوەن رەگەزنامەی ئوستراڵین و لە 34 کەس پێکهاتون، لە کەمپی "رۆژ" لە رۆژئاوای کوردستان رادەستی وڵاتەکەیان کرانەوە.

کەمپی رۆژ کە دەکەوێتە ناوچەی دێرک لە باکوری رۆژهەڵاتی سوریا، لە ئێستادا 742 خێزانی چەکدارانی داعشی تێدا نیشتەجێیە، کە کۆی گشتییان دەگاتە 2231 کەس. ئەو خێزانانەی لەو کەمپەدا ماونەتەوە، هەڵگری رەگەزنامەی زیاتر لە 40 وڵاتی جیاوازی جیهانن.

پرۆسەی رادەستکردنەوەی ئەم خێزانانە لە چوارچێوەی هەوڵە بەردەوامەکاندایە بۆ گەڕاندنەوەی هاووڵاتییانی بیانی ناو کەمپەکانی رۆژئاوای کوردستان بۆ وڵاتەکانی خۆیان، بە مەبەستی کەمکردنەوەی باری گرانی سەر ئیدارەی خۆبەڕێوەبەری لەو ناوچانەدا.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی پارێزگای سلێمانی رایگەیاند، کچێکی خاوەن پێداویستی تایبەتیان ڕزگار کردووە کە بۆ ماوەی زیاتر لە ساڵێک لە شوێنێکی نەشیاو و دوور لە بەها مرۆییەکان لەلایەن باوکییەوە زیندانی کرابوو، هاوکات باوکی کچەکەش دەستگیر کرا.

پۆلیسی سلێمانی ئاماژەی بەوە کرد، دوای گەیشتنی زانیاری، مەفرەزەکانی بنکەی پۆلیسی سەیدسادق چوونەتە شوێنەکە و کچێکی تەمەن 26 ساڵیان لە هەورەبانی ماڵی باوکیدا دۆزیوەتەوە، کە بە وتەی کچەکە ماوەی ساڵێکە لە شوێنێکی پیس و پۆخڵدا بێ بونی هیچ ئامێرێکی خۆگەرمکردنەوە ژیانی بەسەر بردووە. دوای وەرگرتنی بڕیاری دادوەر، باوکی کچەکە کە ناوی (س، غ، ئە) و لەدایکبووی ساڵی 1977ـە، دەستگیر کرا.

لە ئێستادا تۆمەتبار بەپێی مادەی 7 لە یاسای بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی خێزانی راگیراوە و لێکۆڵینەوە لەگەڵیدا بەردەوامە. کچەکەش بە بڕیاری دادوەر و بە بەڵێننامەی یاسایی، دراوەتە دەست یەکێک لە خزمەکانی تا کاتی یەکلاییبونەوەی دۆسیەکە. پۆلیس داوا لە هاووڵاتییان دەکات لە کاتی بینینی هەر حاڵەتێکی لەم شێوەیەدا، پەیوەندی بە هێزە ئەمنییەکانەوە بکەن.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

بەرەبەیانی ئەمڕۆ دووشەممە 16ی شوبات، عومرەکارێکی کورد بەناوی (محەمەد قادر حەمەد) لە شاری مەدینەی وڵاتی سعودیە کۆچی دوایی کرد و بڕیارە هەر لەو شارە بەخاک بسپێردرێت.

کاروان ستونی، وتەبێژی حەج و عومرەی کوردستان رایگەیاند، ئەو عومرەکارە تەمەنی لە سەرووی 79 ساڵییەوە بووە و خەڵکی قەزای بازیانی سەر بە پارێزگای سلێمانییە. ئاماژەی بەوەش کرد کە ناوبراو لەگەڵ هاوسەرەکەی و کوڕێک و دوو کچی سەفەری عومرەی کردبوو، هەر لەوێش کۆچی دوایی کردووە.

وتەبێژی حەج و عومرە وتیشی، وەک بەڕێوەبەرایەتی گشتی حەج و عومرەی هەرێم و وەزارەتی ئەوقاف سەرەخۆشی لە کەسوکاری دەکەن و رێکارەکان بۆ بەخاکسپاردنی لە شاری مەدینە تەواو دەکرێن.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

محەمەد شیاع سودانی، سەرۆک وەزیرانی عیراق، جەختی لەسەر هەموو دامەزراوە حکومییەکان کردەوە کە بڕیارەکانی پەیوەست بە کەمکردنەوەی خەرجییەکان جێبەجێ بکەن و کار بۆ کاراکردنی ئەدای دامەزراوەکانیان بکەن.

نوسینگەی راگەیاندنی سەرۆک وەزیران لە راگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوە کرد، وەک هەنگاوێکی کردەیی بۆ کەمکردنەوەی خەرجییەکان، نوسینگەی سودانی دەستی کردووە بە تێکەڵکردن و رێکخستنەوەی چەند بەشێکی ناو نوسینگەکە. ئەم هەنگاوە کۆتاییهێنان بە گرێبەستی ژمارەیەک راوێژکار و پسپۆڕیشی گرتوەتەوە کە پێشتر ئەرکی بەدواداچونیان بۆ چەندین دۆسیەی گرنگ لە چوارچێوەی کارنامەی حکومەتدا پێ سپێردرابوو.

لە راگەیەندراوەکەدا هاتوە، رێژەی جێبەجێکردنی کارنامەی حکومەت گەیشتوەتە 88%، هەربۆیە نوسینگەی سەرۆک وەزیران چەندین هەنگاوی تری بۆ کەمکردنەوەی خەرجییەکانی ناو بودجەی بەکارخستن گرتوەتەبەر. سودانی داوای لە هەموو دامەزراوەکان کردووە سوود لە تواناکانیان وەربگرن بۆ ئەوەی زۆرترین دەستکەوت بە کەمترین خەرجی بەدی بهێنن.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

ئەمڕۆ دووشەممە 16ی شوبات، وەفدێکی پارتی یەکسانی و دیموکراسی گەلان (دەم پارتی) بۆ کۆبونەوە لەگەڵ عەبدوڵا ئۆجەلان، بەرەو دوورگەی ئیمراڵی بەڕێکەوتن.

نوسینگەی راگەیاندنی دەم پارتی بڵاوی کردەوە، وەفدەکەیان کە پێکهاتون لە پەروین بوڵدان، میتحەت سانجار و ئۆزگور فایق ئەڕۆڵ، بڕیارە هەر ئەمڕۆ لەگەڵ عەبدوڵا ئۆجەلان کۆببنەوە. ئەم دیدارە لە کاتێکدایە کە دوایین کۆبونەوەی وەفدەکە لەگەڵ ئۆجەلان لە 17ی کانوونی دووەمی 2025دا ئەنجام درابوو.

لە دوایین دیداریاندا، ئۆجەلان جەختی لە پابەندبونی خۆی بە پرۆسەی ئاشتی و کۆمەڵگەی دیموکراتی کردبوەوە و ئاماژەی بەوە دابوو کە دیدگای 27ی شوبات وەک خۆی ماوەتەوە. هەروەها نیگەرانی خۆی لە پەرەسەندنی گرژییەکانی سوریا دەربڕیبوو و رایگەیاندبوو کە تەنیا رێگە بۆ چارەسەری کێشەکان دیالۆگ و مێزەری گفتوگۆیە، ئامادەیی خۆشی نیشان دابوو بۆ گرتنەئەستۆی هەر بەرپرسیارێتییەک کە یارمەتیدەر بێت بۆ دوورخستنەوەی ناوچەکە لە ململانێی سەربازی.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

عەباس عراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران رایگەیاند، ئێستا بە کۆمەڵێک بیرۆکەی کردەییەوە لە جنێڤە بۆ گەیشتن بە رێککەوتنێکی دادپەروەرانە، بەڵام جەختی کردەوە کە تەسلیمبون لەبەردەم هەڕەشەکاندا لە کارنامەی وڵاتەکەیدا نییە.

وەزیری دەرەوەی ئێران ئاماژەی بەوە کرد، ئەمڕۆ دووشەممە لەگەڵ تیمی پسپۆڕانی ئەتۆمی، چاوی بە رافایل گرۆسی، بەڕێوەبەری گشتی ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆم دەکەوێت بۆ ئەنجامدانی گفتوگۆیەکی تەکنیکی ورد. عراقچی وتیشی: "بۆ گەیشتن بە رێککەوتنێکی دادپەروەرانە ئامادەین، بەڵام ژێربارکەوتن بۆ هەڕەشەکان لەسەر مێزی گفتوگۆ نییە."

هاوکات، عراقچی بڕیارە پێش دەستپێکردنی دانوستانە دیپلۆماسییەکانی لەگەڵ ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا کە بڕیارە سبەی سێشەممە بەڕێوەبچێت، لەگەڵ بەدر ئەلبوسەیدی، وەزیری دەرەوەی عومان کۆببێتەوە بۆ تاوتوێکردنی دوایین پێشهاتەکان.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

وەزارەتی دەرەوەی ئەڵمانیا هۆشدارییەکی نوێی بۆ ئەو هاووڵاتییانەی بڵاوکردەوە کە دەیانەوێت سەردانی تورکیا بکەن و داوای لێکردن بەهۆکاری ئەمنی، سەردانی هەر چوار پارێزگای (شەرناخ، ماردین، هەکاری و ئورفا) نەکەن.

وەزارەتی دەرەوەی ئەڵمانیا لە راگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوە کرد، بەهۆی نزیکییان لە سنورەکانی عیراق، سوریا و ئێران، ئەو چوار پارێزگایە مەترسییان لەسەرە و باشترە گەشتیارانی ئەڵمانی سەردانیان نەکەن. هاوکات هۆشداریشی داوە لەوەی کە بەهۆی یاساکانی تورکیا بۆ "بەرەنگاربونەوەی زانیاری چەواشەکار"، ئەگەری دەستگیرکردن و رێگریکردن لە گەشتکردن هەیە بەهۆی دەربڕینی بیروڕا یان بڵاوکراوەکانی ناو تۆرە کۆمەڵایەتییەکان.

لە راگەیەندراوەکەدا جەخت لەوە کراوەتەوە، کە رەنگە هەندێک دەربڕین لە ئەڵمانیا لە چوارچێوەی ئازادیی رادەربڕیندا بن، بەڵام لە تورکیا وەک تاوان هەژمار بکرێن، بۆیە داوا لە هاووڵاتییانی کراوە لە بڵاوکراوەکانی فەیسبووک و پلاتفۆرمەکانی دیکەدا وریابن.

بەشێکی تری هۆشدارییەکەی وەزارەتی دەرەوەی ئەڵمانیا پەیوەستە بە فێڵکردن لە ئاڵوگۆڕی دراودا، بەتایبەت بڵاوبونەوەی دراوی ساختەی 50 و 100 دۆلاری، داواش لە گەشتیاران کراوە بە وردی چاودێری دۆخی ئەمنی بکەن و رێنماییە رەسمییەکان جێبەجێ بکەن.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

گەنمەشامی یەکێکە لە باوترین ئەو سوکەژەمەی لە جیهاندا دەخورێت، زۆر جار وەک جۆرێک لە چەرەسات بۆ بەرێکردنی کات و زۆرجاری دیش وەک ژەمێکی، بەڵام بۆ تووشبوانی نەخۆشی شەکرە یان ئەوانەی چاودێری ئاستی شەکرەی خوێنیان دەکەن، پرسیاری ئەوە دروست دەبێت کە ئایا ئەم خواردنە کاریگەریی نەرێنی لەسەر تەندروستییان هەیە؟

گەنمەشامی لە گروپی کاربۆهیدراتە ئاڵۆزەکانە، کە لە کاتی هەرسکردندا دەگۆڕێت بۆ گلوکۆز و دەچێتە ناو خوێن، بەڵام بەهۆی بونی رێژەیەکی باش لە ریشاڵە خۆراکییەکان، پرۆسەی هەرسکردن و مژینی شەکر خاو دەکاتەوە، ئەمەش رێگری دەکات لە بەرزبونەوەی خێرا و لەناکاوی ئاستی گلوکۆز بە بەراورد بەو خۆراکانەی شەکری دەستکردیان تێدایە.

کاریگەری گەنمەشامی لەسەر شەکرە تەنیا پەیوەست نییە بە جۆرەکەیەوە، بەڵکو پەیوەندی بە بڕی خواردنەکەیەوە هەیە. کوپێک پەتەپەتە کە بە هەوای گەرم ئامادە کرابێت، بڕێکی دیاریکراو کاربۆهیدراتی تێدایە، بەڵام خواردنی بڕێکی زۆر وەک ئەوەی لە سینەماکاندا پێشکەش دەکرێت، بڕێکی زۆر کاربۆهیدرات دەدات بە جەستە و دەبێتە هۆی بەرزبونەوەی شەکرەی خوێن، بۆیە شارەزایانی خۆراک رێنمایی دەدەن کە بە بڕی مامناوەند بخورێت.

هەموو جۆرەکانی گەنمەشامی وەک یەک نین؛ ئەو جۆرەی بە هەوای گەرم و بێ کەرە و شەکر ئامادە دەکرێت، کەمترین کاریگەری لەسەر شەکرەی خوێن هەیە. لە بەرانبەردا، زیادکردنی کەرە، زەیتە دەستکردەکان، شەکر و کارامێل، نەک هەر کالۆری زیاد دەکەن، بەڵکو کاریگەری راستەوخۆیان لەسەر بەرزکردنەوەی ئاستی گلوکۆز دەبێت و جۆرە شیرینکراوەکان بە مەترسیدارترین جۆر دادەنرێن.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە
1...110111112113114...1068