بە پێی دواین ئامار، تا ئێستا لە سەرجەم ئەو وڵاتانەی لە ئەوروپا لافاو زیانی پێگەیاندوون، ژمارەی قوربانییەکان گەیشتووەتە ١٥٣ کەس و چاوەڕوانیش دەکرێت ئامارەکە زیاتر بەرزببێتەوە، چونکە نزیکەی ١٠٠٠ کەس چارەنووسیان نادیارە.
میدیاکانی ئەڵمانیاش بڵاویانکردەوە، ژمارەی ئەو کەسانەی لە لافاوەکەی ئەو وڵاتەدا گیانیان لە دەستداوە بۆ ١٣٣ کەس بەرزبووەتەوە.
ڕەزا فەلاح بەڕێوەبەری کۆمەڵەی مانگی سوری پارێزگای کرمان ڕایگەیاند، بەھۆی ئەو شەپۆلی بارانبارینەی ماوەی چەند ڕۆژێکە ڕووی لە ئێران کردووە، ئاوی ڕووبارەکان بەرزبووەتەوە و لافاو لە ٢١ گوندی پارێزگای کرمان دروستبووە.
ئاماژەی بەوەشکردوە، بەھۆی لافاوەوە، پێنج کەس لە ناوچەکانی کیسکان و دەزارچی و بیدێشک بێسەروشوێن بوون کە ئەمڕۆ تیمەکانیان توانیوویانە تەرمی سێ کەسیان بدۆزنەوە و گەڕان بەدوای دوو کەسەکەی تریش بەردەوامە.
ھەر بەھۆی ئەو شەپۆلی بارانبارینەی ماوەی چەند ڕۆژێکە ئێران و ناوچەکەی گرتووەتەوە، لافاو لە زیاتر ٢٣ گوندی پارێزگاکانی ڕۆژھەڵاتی کوردستان دروستبووە و زیانی بە زەوییە کشتوکاڵییەکان و بەرھەمی جوتیاران گەیاندووە.
(ڤلادیمیر پوتن) سەرۆکی ڕووسیا ڕایگەیاند، لەگەڵ ئەوەی پەرەپێدانی ڤاکسینی کۆرۆنا زۆر پێشکەوتووە، بەڵام ھێشتا وەک پێویست نەیتوانیوە جیھان لە مەترسی ڤایرۆسەکە دووربخاتەوە. ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد، تا ئێستا ھەڕەشەکانی ئەو پەتایە جدین و ڕەوشەکەش سەختە.
(ڤلادیمیر پوتن) ئاماژەی بەوەشکردووە، تا ئێستا ھیچ وڵاتێک سەرکەوتنی تەواوەتی بەسەر ڤایرۆسەکە ڕانەگەیاندووە، بە تایبەتی کە شەپۆلێکی تری ڤایرۆسەکە لە جۆری گۆڕاو لە تەشەنەکردندایە، تاکە ڕێگەش بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ڤایرۆسەکە دابەشکردنی ڤاکسینەکەیە بە شێوەیەکی یەکسان بەسەر ھەموو جیھاندا.
مەھدی ڕەشید حەمدانی وەزیری سەرچاوەکانی ئاوی عێراق و تەمام ڕەعد وەزیری سەرچاوەکانی ئاوی سوریا ڕێککەوتنێکیان بۆ ڕێکخستنەوەی دۆسیەی ئاو لە نێوان ھەردوو وڵات ئیمزاکرد.
بە پێی ڕێککەوتنەکە بەغداد و دیمەشق لە بارەی ئاستی ئاوی دیجلە و فورات زانیاری بە یەکتر دەدەن و لیژنە ھاوبەشەکانی نێوانیاشیان لە بارەی بڕی ئاو لە سنوری سوریا و تورکیا چالاک دەکەنەوە.
باسیش لەوە کراوە ھەردوو وڵات لە سود و زیانەکانی کەمبوونەوەی ئاو ھاوبەش دەبن.
بە پێی ڕاگەیەندراوێکی کۆشکی سپی، بڕیارە مستەفا کازمی سەرۆک وەزیرانی عێراق سەردانی واشنتۆن بکات و لە ٢٦ی ئەم مانگە لەگەڵ جۆو بایدن سەرۆکی ئەمریکا کۆببێتەوە.
ئامانجی سەردانەکەش بۆ پێشخستنی ھاوکارییە دوو لایەنەکانی ھەردوولایە لە بوارەکانی ئابووری و سیاسی و ئاسایش بە تایبەتیش بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی چەکدارانی داعش.
ئامانجێکی دیکەی کۆبوونەوەکە بۆ بەرەوپێشبردنی گفتوگۆ ستراتیژییەکانی نێوان واشنتۆن و بەغدادە بە تایبەتی دوای زۆربوونی ھێرشی گروپە چەکدارەکان بۆ سەر بنکە سەربازییەکانی ئەمریکا و ھاوپەیمانان لە عێراق و ھەرێمی کوردستان.
"کاروان گەزنەیی" جێگری سەرۆکی لیژنەی ڕەوەندی کوردی و پەیوەندییەکانی پەرلەمانی کوردستان ڕاگەیەنراوێکی سەبارەت بە مەترسییەکانی کۆچی گەنجان بۆ دەرەوەی وڵات بڵاوکردەوە و ئاماژەی بۆ ئەوەکردووە، دیاردەی کۆچی گەنجان یەکێکە لە مەترسییە زۆر گەورەکان کە ڕۆژ لە دوای ڕۆژ زیاتر دەردەکەون، لە ساڵی ٢٠٢٠ و شەش مانگی یەکەمی ساڵی ٢٠٢١ زیاتر لە ٦٠ ھەزار کەس کۆچیان بۆ دەرەوەی وڵات کردووە، ھاوکات دەیان کەسیش بوون بە قوربانی و نزیکەی ٧٠٠ کەس لە وڵاتانی بولگاریا و بیلاڕوس و سربیا دەستبەسەرکراون.
لە بەشێکی تری ڕاگەیەنراوەکەدا ھاتووە، بە ڕەسمی داوایان لە سەرۆکایەتی پەرلەمانی کوردستان کردووە، دانیشتنێکی پەرلەمان تایبەت بکات بە پرسی کۆچی گەنجان بۆ دەرەوەی وڵات.
ئومێد سەبری پور سەرپەرشتیاری قایمقامیەتی شاری شادگان بە ئاژانسی ھەواڵی ئێرنای ڕاگەیاندووە، لە ئەنجامی خۆپیشاندانی شەوی ڕابردووی ژمارەیەک خۆپیشاندەر لە شارەکە، گەنجێک بە گولـلە کوژراوە.
ئاماژەی بەوەشکردووە، ئەو گەنجە لەلایەن کەسانی ھەلپەرست و گێرەشێوێن کوژراوە و لێکۆڵینەوەی ھێزە ئەمنییەکانیش بۆ ناسینەوە و دەستگیرکردنی ئەو کەسانە دەستیپێکردووە.
ماوەی چەند ڕۆژێکە، خۆپیشاندان دژی کەمی و ئاو و کارەبا و نەبوونی خزمەتگوزارییە سەرەتاییەکان لە زۆربەی شارەکانی پارێزگای خوزستان دەستیپێکردووە و دەسەڵاتی دادوەری ئێرانیش لیژنەیەکی بۆ بەدواداچوون و چارەسەرکردنی کێشەکە پێکھێناوە.
لیژنەی مافەکانی مرۆڤ لە پەرلەمانی ئەفغانستان ڕایگەیاند، لە ماوەی ١٤ ڕۆژی ڕابردووی شەڕ و پێکدادانەکان لە ئەفغانستان، لانی کەم ھەزار و (٢٥٠) کەس کوژراون کە لەناویاندا ژن و منداڵ ھەیە و ھەزار و (٥٠) کەسیش برینداربوون.
ئاماژەی بۆ ئەوەشکردووە، لە ناوەڕاستی مانگی ڕابردووەوە تا ئێستا، ھەزاران خێزان بەھۆی ھەڕەشەکانی بزوتنەوەی تاڵیبان و مەترسی بۆ سەر ژیانیان، ئەو وڵاتەیان جێھێشتووە، چەکدارانی تاڵیبانیش (٢٦٠) بینای حکومەت و شوێنی نیشتەجێبوونی لەو ناوچانە تەقاندووەتەوە کە کۆنترۆڵیکردوون.
بە پێی ھەواڵێکی میدیاکانی ڕۆژئاڤا، سوپای تورکیا لە گوندی عەرەب حەسەنی بچووکەوە ھێرشیان کردووەتە سەر گوندەکانی "عەون دادات و ئەل ماسی" لە باکووری مەنبەج، لەو ھێرشەشدا ١٠ گولـلە ھاوەن بەر گوندی "عەون دادات" کەوتووە و ھێرشیش بۆ سەر گوندی ئەل ماسی بەردەوامە.
لەلایەکی تریشەوە، سوپای تورکیا گوندەکانی مەرانەق و ئالقەمیەی ناوچەی شەرایان تۆپباران کردووە، ھاوکات ژمارەیەک فڕۆکەی نەناسراویش بەسەر ئاسمانی ناوچەکەدا دەسوڕێنەوە.
حەسەن ڕۆحانی لە کۆبوونەوەی لەگەڵ لیژنەی باڵای بەرەنگاربوونەوەی کۆرۆنا، ڕایگەیاند، لە ١٧ مانگی ڕابردوودا، ڤایرۆسی کۆرۆنا فشاری زۆری لەسەر خەڵک و کۆمەڵگە دروستکردووە و جگە لە بابەتی تەندروستی، کاریگەری دەرونی لەسەر خەڵک داناوە و زیانی ئابوری و کلتوری زۆریشی بە ئێران گەیاندووە.
ئاماژەی بەوەشکرد، تا ئێستا حەوت ملیۆن دۆز ڤاکسینیان لە خەڵکی ئێران داوە و دوو ملیۆنی دیکەش دابەشکراوە کە ئامادەیە بۆ کوتان، جگە لەوەش لەم ھەفتەیەدا شەش بۆ حەوت ملیۆن ڤاکسینی دیکە ھاوردەی وڵات دەکرێت، بەوەش دەتوانن زۆربەی کەسانی تەمەن سەروو ٦٥ ساڵ بە ڤاکسینی کۆرۆنا بکوتن.
ئەوەش لە کاتێکدایە، بە پێی ئاماری ڕەسمی وەزارەتی تەندروستی ئێران، تا ئێستا، نزیکەی چوار ملیۆن و ٥٠٠ ھەزار کەس لەو وڵاتە، لانیکەم یەکەم دۆزی ڤاکسینیان وەرگرتووە.
بەڕێوەبەرایەتی گشتیی کەشناسی و بومەلەرزەزانی ھەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، ڕۆژێک پێش جەژنی قوربان کاریگەری نزمە پاڵەپەستۆی گەرمی ساڵانە لەسەر ھەرێمی کوردستان زیاتر دەبێت، ئەمەش دەبێتە ھۆی بەرزبوونەوەی زیاتری پلەکانی گەرما لە ڕۆژانی یەکەم و دووەمی جەژن و دەگاتە بەرزترین پلە.
کەشناسی ڕاشیگەیاندووە، ئێوارەی دووەم ڕۆژی جەژن خێرایی با چالاک دەبێت و ئەگەری بەرزبوونەوەی تۆز و خۆلێکی سوک ھەیە، پلەکانی گەرما لە سەنتەری شاری ھەولێر لە نێوان ٤٦ - ٤٨ پلە دەبێت و لە سەنتەری شارەکانی سلێمانی و دھۆک و ھەڵەبجەش لە نێوان ٤٤ - ٤٦ پلە دەبێت.
لە شاری کەرکوک و ناوچەکانی گەرمیانیش پلەکانی گەرما لەنێوان ٤٧ - ٥١ پلەدا دەبێت.
ئاماژە بە خاڵی یەکەمی کۆنووسی کۆبوونەوەی مەکتەبی سیاسی لە ڕۆژی (١٥/٧/٢٠٢١) دەربارەی کێشەی ھاوسەرۆکان (بافڵ تاڵەبانی و لاھور شێخ جەنگی)، کە لەلایەن سەرجەم ھەڤاڵانەوە پەسەند کرا بڕیاردرا ھاوسەرۆک لاھور شێخ جەنگی تێکڕای دەسەڵاتەکانی دەدات بە ھاوسەرۆک بافڵ تاڵەبانی، تا کاتی تەواوبوونی ھەموارکردنەوەی پەیڕەو، بڕیارەکەش لە ڕۆژی دەرچوونییەوە جێبەجێ دەکرێت.
"نەھرۆ ئەڵڵایی" ئەندامی فیدراسیۆنی ڕێکخراوەکان لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، ھەموو ساڵێک لە ڕۆژی جیھانی دادپەروەری داوا دەکەن عێراق ببێتە ئەندام لە دادگای تاوانی نێودەوڵەتی، چونکە کورد ھەمیشە مەترسی جینۆسایدی لەسەرە و بە بێ ئەندام بوونی عێراقیش لەو دادگایە، کارکردن لەسەر دۆسێکانی ئەنفال و کیمیایباران و ڕاگواستن بێ ئەنجام دەبێت.
وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا بڵاویکردەوە، بە تۆمەتی تێوەگلان لە سەرکوتکردنی دیموکراسی، حەوت کەس لە بەرپرسانی باڵای حکومەتی چین کە بەڕێوەبردنی کاروباریی ناوچەیی ھۆنگ کۆنگیان لە ئەستۆیە، خراونەتە لیستی گەمارۆکانی ئەمریکا.
ھاوکات ئەنتۆنی بلینکن وەزیری دەرەوەی ئەمریکا ڕایگەیاند، ئەو بڕیارە وەک کاردانەوەیەک بۆ سەرکوتکردنی داخوازییە دیموکراسییەکانی گەلی ھۆنگ کۆنگ لەلایەن حکومەتی چینەوە، دراوە و بەو شێوەیە دەیانەوێت نیشانی بدەن کە واشنتۆن بەردەوام لە پاڵ گەلی ھۆنگ کۆنگ دەبێت.
لە یەک ساڵی ڕابردوودا و بەھۆی سەرکوتکردنی ئازادییە سیاسییەکان، ئەمریکا سزای بەسەر چەند بەرپرسێکی دیکەی ھۆنگ کۆنگدا سەپاندووە، لەوانەش سەرۆکی حکومەتی ناوچەیی و بەرپرسانی سەربازیی.
سەرچاوەیەکی باڵای دیپلۆماتکار ئاشکرایکرد، تاران پێشنیازی وڵاتانی ئەوروپای ڕەتکردووەتەوە، کە باس لە دۆزینەوەی ڕێگە چارەی سێیەم دەکات بۆ گەیشتن بە ڕێککەوتن لەسەر بەرنامە ئەتۆمییەکەی ئێران، بە جۆرێک ڕێگری لە ئێران بکرێت لە ماوەیەکی زۆر کورتدا دەستی بە چەکی ئەتۆمی بگات.
سەرچاوەکە بڵاویکردووەتەوە، لە کۆبوونەوەکەی ڤییەننا، وەفدی دانوستکاری ئەوروپا، داوایانکردووە، تاران پڕۆسەی پێشخستنی ژێرخانی تەکنەلۆژیای پەرەپێدانی یۆرانۆم ڕابگرێت، بەڵام ئەو وڵاتە سوور بووە لەسەر توانای زیادکردنی ڕێژەی پیتاندنی یۆرانۆم تا ئاستی ٩٠٪.
ئەفسەر و کارمەندانی ھاووچۆ دوای چەند سەعاتێک بۆیاخی چاوی کامێراکە و ئینارەکەیان پاککردەوە و ھاوشێوەی ڕۆژانی ئاسایی دەتوانێت سەرپێچی شۆفێران تۆمار بکات.
نەقیب فەرھاد گورون لێپرسراوی ھۆبەی کامێراکانی ھاتوچۆ لە سلێمانی لە لێدوانێکدا بە کوردسات نیوزی ڕاگەیاند، ئەوەی کراوە کارێکی نایاساییە و لە کاتی ئاشکرابوون ئەنجامدەرانیشیدا ڕووبەڕووی یاسا دەکرێنەوە.
ئاماژەی بەوەشکرد، لەو کاتەوەی ئەو کامێرایە جێگیر کراوە ھیچ ڕووداوێکی ھاتووچۆ لەو شوێنەدا ڕووی نەداوە.