شاناز ئیبراھیم ئەحمەد لە ھۆڵی شەھید ئارام لە مەڵبەندی ١ی رێکخستنی سلێمانی، و بەمەبەستی لەنزیکەوە بەئاگابوون لەڕاوبۆچوون و شێوازی کارکردن و خۆئامادەکردن بۆ قۆناغی داھاتوو، لەگەڵ ژمارەیەک لە جێگران و کارگێڕانی مەڵبەند کۆبۆوە.
شاناز ئیبراھیم ئەحمەد ئەندامی دەستەی کارگێڕی مەکتەبی سیاسی و سەرپەرشتیاری مەڵبەندی ١ی رێکخستنی سلێمانی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، ئاماژەی بەوەشکرد : یەکێتی، یەکێتی کۆمەڵانی خەڵکە، ھەر بەرپرسێکیش لەئاست داواکاری خەڵک نەبوبێت و پۆستەکەی نەخستبێتە خزمەتی خەڵکەوە، ئەوە گوزارشت لە سیاسەت و بڕیاری یەکێتی ناکات، بۆیە پێتان دەڵێین بمانبوورن، دەزانین ناعەدالەتی زۆرکراوە، بۆیە بەبێ چاوپۆشی دەبێت لێپرسینەوە بکرێت و ئەم چاکسازییە بەردەوام دەبێت.
لەبەشێکی دیکەی کۆبونەوەکەدا، شاناز ئیبراھیم ئەحمەد، دەستخۆشی لە گشت ھەڤاڵانی سنوری مەڵبەند کرد بۆ کۆشش و ھەڵسوڕانیان لەبەجێھێنانی ئەرکەکانی سەرشانیان و، ھاوکات باسی لە ھەلومەرجی خەباتی سیاسی (ی.ن.ک) لەم قۆناغەدا کراو ئەرکی داھاتووی رێکخستنەکان خرایەڕوو.
شاناز ئیبراھیم ئەحمەد، لەپێناو باشتر راپەڕاندنی کارو چالاکییەکانی ھەڤاڵان لەسنووری مەڵبەندی رێکخستنی سلێمانی، چەندین ڕێنمایی و بەرچاوڕوونی بۆ داھاتووی کارکردنیان خستەڕوو، لەبارەی دۆخی سیاسیی ھەرێمی کوردستان و ناوخۆی یەکێتی، سیاسەتو تێڕوانینی یەکێتی لەبارەی ڕووداو پێشھاتەکان باس کرد.
لەدوا تەوەری کۆبوونەوەکەشدا ئامادەبوان سەرنج و تێبینی و پێشنیازی خۆیان لەپێناو بەرەوپێشچوونی زیاتری کاروبارەکان و یەکێتی خستەڕوو، بەڵێنی خزمەتکردنی زیاتری رێبازی مام-یان دووپات کردەوە.
بە پێی ڕاگەیەندراوێکی وەزارەتی تەندروستی، لە ماوەی ٢٤ سەعاتی ڕابردوو لە ھەرێمی کوردستان ١٦٣٢ کەسی تر توشی ڤایرۆسی کۆرۆنا بوون و ١٤ تووشبووی تری کۆرۆنا گیانیان لە دەستدا و ١٢٠٤ تووشبووی تری ڤایرۆسەکەش چاکبوونەتەوە.
حکومەتی سوریا ڕێگا نادات خواردن و سوتومەنی و دەرمان بگاتە ئەو ناوچەیە، ھاوسەرۆکی کاروباری کشتوکاڵی ھەرێمی عەفرینیش ھۆشداری ڕوودانی کارەساتی مرۆیی دەدات.
پرۆژەی دروستکردنی نەخۆشخانەی پسپۆڕی ڕاوێژکاری لەناحیەی شۆڕش لەلایەن وەزارەتی ئاوەدانکردنەوەی عێراق بە بڕی ملیارێک و ١٤٢ ملیۆن دینار لە ماوەی ٤٨٠ ڕۆژدا جێبەجێ دەکرێت.
د. فەرھاد محەمەد بەڕێوەبەری تەندروستی چەمچەماڵیش بە کوردسات نیوزی ڕاگەیاند، دروستکردنی ئەو نەخۆشخانە پسپۆڕییە خزمەتێکی گەورەی قەزای چەمچەماڵ و ناوچەکانی دەوروبەری دەکات.
"نەوزاد کامیل" بەڕێوەبەری گشتی بازرگانی لە وەزارەتی بازرگانی ھەرێم ڕایگەیاند، لە ١ی ئابی ٢٠٢١ وەرگرتنی گەنمی جوتیاران کۆتایی ھاتووە، بڕیاربوو ٣٧٥ ھەزار تۆن گەنم وەربگیرێت، بەڵام بەھۆی وشکەساڵی و زۆربەی ئەو گەنمەی ڕادەستی سایلۆکان دەکرا، سن لێیدابوون و نەتوانرا بڕی دیاریکراو وەربگیرێت.
وتیشی، لە ٢٢ی حوزەیرانی ٢٠٢١ وەرگرتنی گەنم لە ھەرێم دەستیپێکرد، بەڵام لە شارەکانی ناوەڕاست و خوارووی عێراق لە ١٢ی نیسانی ٢٠٢١ دەستیپێکرد، کۆمپانیاکانی کەرتی تایبەتیش بڕێک گەنمیان بە پارەی نەقد وەرگرت، ھەموو ئەو ھۆکارانەش وایکرد لە ھەرێم تەنھا ١٢٥ ھەزار و ٤٨٢ تۆن و ٦٣٠ کیلۆ وەربگیرێت.
نۆژەنکردنەوەی ڕێگەی بانی مەقان - قەرەھەنجیر یەکێکە لە پڕۆژە خزمەتگوزارییە گرنگەکان بۆ ناوچەکە.
لە ماوەی ڕابردوو بەھۆی تێکچوونی ئەو ڕێگەیەوە چەندین ڕووداوی ھاتوچۆ لەو شوێنە دروست دەبوون کە زیانی گیانی و ماددیشی لێ دەکەوتەوە.
لە بارەی پڕۆژەکەوە ڕەمەک ڕەمەزان قائیمقامی چەمچەماڵ ڕایگەیاند، نۆژەنکردنەوەی ڕێگەی بانی مەقان - قەرەھەنجیر بە ھاوکاری ئاوەدانکردنەوەی کەرکوک جێبەجێ دەکرێت.
مەکتەبی سیاسی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بە سەرپەرشتی ھاوسەرۆک "بافڵ تاڵەبانی" کۆبووەوە، و بە پێی ڕاگەیەنراوێکی کۆبوونەوەکە، گفتوگۆ لەسەر تەوەرەکانی چاکسازی حزبی و حکومی و پرسی ھەڵبژاردنی داھاتووی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق کراوە.
ئاماژە بەوەشەکراوە، مەکتەبی سیاسی پشتیوانی بۆ ھەنگاوەکانی بواری چاکسازی دەربڕیوە و جەختی لەسەر پێویستی بەردەوامبوونی کردووەتەوە، چونکە ئەو چاکسازییانە دەبێتە سەرمایەیەکی مەعنەوی و بەرجەستە بۆ سیاسەتی ڕاست و ڕەوای یەکێتی لە خزمەتی کۆمەڵانی خەڵکدا.
تەوەرێکی تری کۆبوونەوەکە تایبەت بوو بە پرسی ھەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەران و ھەڵسەنگاندنی ئیجابیانە بۆ بەرنامە و کۆششی میحوەرەکانی ھەڵبژاردن لە ھەموو شار و پارێزگاکاندا، لە کۆبوونەوەکەدا جەخت لەسەر جێبەجێکردنی سیاسەت و بەرنامەی ھاوپەیمانی کوردستان کە لیستی ھاوبەشی یەکێتی و بزوتنەوەی گۆڕانە کرایەوە.
ھەر لە کۆبوونەوەکەدا بە بایەخەوە، ھەڵسەنگاندن بۆ ئەو لێکتێگەیشتنانە کرا کە لەگەڵ ھێز و لایەنە سیاسییەکانی تر کراون، بۆ ئەوەی ھەڵبژاردن لە کەشێکی ئارام و دیموکراسیدا بەڕێوەبچێت.
میدیاکانی باکوری کوردستان بڵاویانکردەوە، لە ھەڵمەتێکی گەڕان و پشکنیندا پۆلیسی تورکیا، (بەلما نێرگز) ھاوسەرۆکی پارتی دیموکراتی گەلان "ھەدەپە" لە موش دەستگیرکردووە و لە لقی بەرەنگابوونەوەی تیرۆر لە بەڕێوەبەرایەتیی ئاسایشی شاری موش دەستبەسەرکراوە،.
ھەرچەندە ھۆکاری دەستگیرکردنەکەی ئاشکرا نەکراوە، بەڵام بە بڕیاری داواکاری گشتی ٤ ڕۆژ بە دەستبەسەری دەمێنێتەوە.
ھاوکات لە ھەڵمەتێکی تردا لە شاری مێرسین لە باکوری کوردستان پۆلیسی تورکیا لە ناوچەی ئاکدەنیز، چەند کەسێکیان دەستگیرکردووە، دەستگیرکراوەکان ڕەوانەی بەڕێوەبەرایەتیی ئاسایشی مێرسین کراون.
(عەلی خامنەیی) ڕابەری باڵای شۆڕشی ئیسلامی ئێران ڕایگەیاند، بەھۆی سەرقاڵییان بە پرسی سوێندخواردنی سەرۆک کۆماری ئێران، لە ھەفتەی ڕابردوودا لێپرسراوانی باڵا کەمتەرخەم بوون لە کۆنترۆڵکردنی ڤایرۆسی کۆرۆنا و ھەنگاوەکان وەک پێویست نەبوون.
(خامنەیی) داواشیکرد لە ڕێگەی ھاوردە و بەرھەمھێنانی ناوخۆییەوە، ڤاکسین بگاتە دەستی خەڵک و بە زووترین کات بکوترێن.
بافڵ تاڵەبانی ھاوسەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە بارەگای مەکتەبی سیاسی یەکێتی لە سلێمانی پێشوازیکرد لە سەرۆک و سکرتێری حزبەکانی پارتی سەوزی کوردستان، بزوتنەوەی ئاشتیخوازانی کوردستان، بزوتنەوەی چاکسازی نیشتیمانی، پارتی نەتەوەیی کوردستان، حزبی پێشکەوتنخوازانی دیموکراتی کوردستان و بزوتنەوەی ڕزگاریی دیموکراتی کوردستان.
لە کۆبوونەوەکەدا بافڵ تاڵەبانی ھەڵوێست و ستراتیژی یەکێتی ڕوونکردەوە و ڕایگەیاند، ئامانجی یەکێتی یەکڕیزی کورد و کۆدەنگییە لەسەر پرسە نیشتمانییەکان لە پێناو بەدەستھێنانی مافە دەستوورییەکان لە بەغداد و دەستەبەرکردنی ژیانێکی شایستەیە بۆ خەڵکی کوردستان و بەرقەرابوونی ئارامی و ئاسایشە لە ناوچەکە.
عەمید کاوە غەریب فەرماندەی پۆلیسی کەرکوک پێی ڕاگەیاندین، دوای تێپەڕبوونی ٧٢ سەعات بەسەر ڕووداوەکەدا کە یەکێک تۆمەتبارانی ئەو تاوانەیان دەستگیرکرد و دەستگیرکراوەکە دانی بە تاوانەکەدا نا، دوو تۆمەتباری تریشیان دەستگیرکرد. وتیشی، دوو تۆمەتبارەکەی تری ئەو کەیسەش بە ھەمان شێوە دانیان ناوە بە تاوانەکەیاندا.
فەرماندەی پۆلیسی کەرکۆک ڕاشیگەیاند، لە ئێستادا تەواوی تۆمەتبارانی ئەو کەیسە دەستگیرکراون و دەدرێنە دادگا، ئاشکراشیکرد، کێشەکە کۆمەڵایەتی بووە و بە پێی لێکۆڵینەوەکانیش دەرکەوتووە ئەو کەسانەی تاوانەکەیان ئەنجامداوە نزیکی ئەو خێزانەن.