"ئاری جەلال" سەرۆکی دەزگای لوتکە بۆ کاروباری پەنابەران بە کوردسات نیوزی ڕاگەیاند، شەپۆلێکی تری کۆچ بەرەو وڵاتانی ئەوروپا دەستپێکردووەتەوە، ژمارەیەکی زۆری کۆچبەری کوردیش لە کەناراوەکانی تورکیا ماونەتەوە و ڕێگەی دەربازبوونیان بۆ وڵاتانی ئەوروپا نییە.
وتیشی، ژمارەیەکی زۆری کۆچبەری کورد لە وڵاتانی سوید و نەرویژ و دانیمارک و فللەندە مافی پەنارییان ڕەتکراوەتەوە، ھەڕەشەی مەترسی بە زۆر ناردنەوەیان بۆ ھەرێمی کوردستان لەسەرە.
ڕاشیگەیاند، بە پێی ئامارەکان ساڵی ڕابردوو بەھۆی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا و داخستنی سنورەکان، ٣٤ ھەزار کەس ڕوویان لە وڵاتانی ئەوروپا کردووە، لە ساڵی ٢٠٠٥ تا ساڵی ٢٠١١ش، نزیکەی ٦ ھەزار و ٥٠٠ پەنابەر بە زۆرەملێ دیپۆرتی عێراق و ھەرێمی کوردستان کراونەتەوە.
ھاوکات بە پێی ھەواڵێکی بەشی کوردی ڕادیۆی سوید، لەسەر داوای پۆلیسی ھەواڵگری سوید و دەزگای کۆچ ٣٨ پەنابەری کورد ھەڕەشەی دیپۆرتکردنەوەیان بۆ تورکیا لەسەرە و بڕیاری ناردنەوەیان دراوە.
پارێزەرانی ئەو کەسانە و چەند پەرلەمانتارێکی ئەو وڵاتە دەڵێن، بڕیاری دیپۆرتکردنەوەی ئەو کەسانە نایاساییە.
(دکتۆر بەرھەم ساڵح) لە توێتێکدا ئاماژەی بەوەکردووە "سەرباری لەشکرێشی و پێشێلکردنی سەروەری و شەڕ و ئاوارە بوونی خەڵک، بڕینەوەی دارستانە سروشتیەکان لە ھرور و باتیفا و ناوچە سنووریەکانی کوردستان تاوانە دژ بە مرۆڤ و ژینگە، مایەی چاوپۆشی نیە.
ڕاشگەیاندووە، ئەرکیانە لە حکومەتی فیدراڵ و ھەرێم ھاوکاربین بۆ ڕاگرتنی ئەم دەستدرێژی و تاڵانیە و سزادانی تاوانکاران.
مەرال دانیش بەشتاش جێگری سەرۆکی فراکسیۆنی ھەدەپە لە پەرلەمانی تورکیا ڕایگەیاند، ژمارەیەکی زۆری بەندکراوی سیاسی کورد لە بەندیخانەکانی تورکیا و باکوری کوردستان بەدەست نەخۆشییەوە دەناڵێنن و حکومەتیش ئامادە نیە ئازادیان بکات.
جێگری سەرۆکی فراکسیۆنی ھەدەپە ڕاشیگەیاند، کێشەکانی بەندکراوانی نەخۆش دەباتە پەرلەمانی تورکیا و داوای ئازادکردنیان دەکات.
دانیش بەشتاش وتیشی، دۆخی نەخۆشەکان لە ناو زیندان زۆر خراپە و دادوەران دەسەڵاتەکانیان بە شێوەی کەیفی بەکاردەھێنن و بەو ھۆیەوە زیندانیانی نەخۆش ژیانیان لە دەست دەدەن.
دادگای فیدراڵی عێراق لە ڕاگەیەنراوێکدا سەبارەت بە کۆتاییھێنان بە کاری ئەنجومەنی پارێزگاکانی عێراق ڕایگەیاند، بڕیاری ڕاگرتنی کاری ئەنجومەنی پارێزگاکان لەلایەن ئەنجومەنی نوێنەرانەوە، لەبەرئەوەیە ماوەی یاساییان کۆتایھاتووە، مافی دەنگدەریشە ئەنجومەنێکی نوێ ھەڵبژێرێت.
ئاماژەی بۆ ئەوەشکردووە، ھەمواری دووەمی یاسای ھەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکان لە ساڵی ٢٠١٩ تایبەت بە کۆتاییھێنان بە کاری ئەنجومەنی پارێزگاکانی عێراق دەستورییە، چونکە ئەو ئەنجومەنانە ماوەی یاساییان تەواو بووە، بەڵام ئەوە بە واتای ھەڵوەشاندنەوەی ئەنجومەنەکان نییە و ئەنجومەنی نوێنەران ناتوانێت یاسا بۆ ھەڵوەشاندنەوەی ئەو ئەنجومەنانە دەربکات.
لە ھاوکات ھەر لەوبارەیەوە لەشکر حەمید- سەرۆکی لیژنە ھاوبەشەکانی قائیمقامیەتی سلێمانی رایگەیاند: لە درێژەی ھەڵمەتی گەڕان و بەدواداچونەکانی لیژنە ھاوبەشەکانی قائیمقامیەت بۆ دوکان و بازاڕ و شوێنەگشتییەکان و پشکنینی ئەو کاڵاو شمەک و خواردەمەنییانەی رۆژانە لەلایەن بازرگانەکانەوە بە ھاوڵاتیان دەفرۆشرێت، لیژنەی کۆگاکان لە گەڕەکی راپەڕینی شاری سلێمانی لە کۆگایەکدا دەستی بەسەر بڕی (٣) تۆن و (٤٥٠)کگم (توتن ) ی بەسەرچووی نێرگەلەدا گرت.
ئاماژەی بەوەشکرد ، خاوەنەکەی بەنیازبووە بە کافتریاکانی شاری سلێمانی بفرۆشێت و ساغی بکاتەوە.
سەرۆکی لیژنە ھاوبەشەکانی قائیمقامیەت وتیشی ، کە کێشانی نێرگەلە لە رووی تەندروستییەوە زیانی چەند ھێندەی جگەرەیە، ئەگەر بێت و پێداویستییەکانی بەسەرچوبن یاخود خراپبوبن ئەوا زیانەکەی چەند بەرامبەرە.
ھەروەھا دوابەدوای دەستبەسەرداگرتنی ئەو توتنە بەسەرچووە بە فەرمانی قائیمقامی سلێمانی لەلایەن لیژنەی لەناوبردنەوە لەناو براو خاوەنەکەیش روبەروی رێکاری یاسایی توند دەکرێتەوە.
بە پێی ڕاگەیەندراوێکی وەزارەتی تەندروستی ھەرێم، لە ماوەی ٢٤ سەعاتی ڕابردوو لە ھەرێمی کوردستان ٦٥٣ کەسی تر تووشی ڤایرۆسی کۆرۆنا بوون و ١٠ تووشبووی تری کۆرۆنا گیانیان لە دەستدا و ٧٨١ تووشبووی تری ڤایرۆسەکە چاکبوونەتەوە.
لە کۆبوونەوەکەدا کە دکتۆر عەبدولحەکیم خەسرەو و سەمیر ھەورامی ئامادەی بوون، پرسی پاکتاوکردنی ڕەسیدی بانکی بازرگانی عێراقی لە بانکەکانی ھەرێم گفتوگۆی لە بارەوە کرا کە لە ماددەی ١١ی یاسای بودجەی عێراقی فیدڕاڵی ٢٠٢١دا تایبەت بە ھەرێمی کوردستان ئاماژەی پێکراوە.
ھەردوولا دۆکیۆمێنت و زانیاری پێویستیان لەم بارەیەوە گۆڕیەوە و ڕێککەوتن کە لە ئایندەیەکی نزیکدا کۆبوونەوەیەکی تر ئەنجام بدەن بۆ دانانی میکانیزمی مامەڵەکردن لەگەڵ ئەو پرسە.