بافڵ جەلال تاڵەبانی: ئێمە بە شوێنپێی سەرۆک مام جەلال دەڕۆین
کوردسات نیوز
٩ی شوباتی ٢٠٢٣
دەقی پەیامەکە...
ئەمڕۆ ١٩ ساڵ بەسەر مورافەعە مێژووییەکەی سەرۆک مام جەلال بۆ سەلماندنی کوردستانیبوونی کەرکووک و ناوچە دابڕێندراوەکان لە ڕێگەی بەڵگەی مێژوویی و یاساییەوە تێدەپەڕێت.
خەبات و ھەوڵدانی بێوچان و لەمێژینەی سەرۆک مام جەلال لەپێناو کەرکووک و پاراستنی شوناسی شارەکە، نیشاندەری ئەو راستییە حاشاھەڵنەگرەیە کە یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان ھەرگیز سازشی لەسەر خاکی کوردستان نەکردووە و نایکات. باوەڕی نەگۆڕ و پتەوی ئێمە سەبارەت بە کوردستانیبوونی کەرکووک روونە، بەڵام تەبایی و پێکەوەژیانی نێوان نەتەوە و کەلتوورە جیاوازەکانی شارەکەمان لەیادنەکردووە و پارێزگاریمان لێکردووە.
ئێمە بە شوێنپێی سەرۆک مام جەلال و سوودوەرگرتن لە میراتە دەوڵەمەندەکەیدا دەڕۆین، ھەربۆیە لەماوەی رابردوودا لە ماڵەکەی خۆی لە بەغدا کە کۆکەرەوەی ھەموو دەنگە جیاوازەکان بوو، کاراکردنەوەی مادەی ١٤٠ـمان لە کارنامەی حکومەتی نوێدا جێگیرکرد و ھەموو ھەوڵێکیشمان لەپێناو جێبەجێکردنیدا دەبێت.
سڵاوی قارەمانێتی و خۆڕاگری بۆ کەرکووکییە سەربەرزەکان دەنێرین و پێیاندەڵێین شارەکەتان قودسی کوردستان بووە و ھەرواش دەمێنێتەوە.
بافڵ جەلال تاڵەبانی
سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان