ناوەندی راگەیاندنی هێزەکانی سوریای دیموکرات (هەسەدە) رایگەیاند، ئەمڕۆ دوای نیوەڕۆ، فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوانی سەر بە "چەکدارانی حکومەتی دیمەشق" هێرشی کردووەتە سەر یەکێک لە خاڵە سەربازییەکانیان لە ناوچەی دێر حافر لە رۆژهەڵاتی حەلەب.

فەرهاد شامی، بەڕێوەبەری ناوەندی راگەیاندنی هەسەدە، رایگەیاند: "هێرشەکە هیچ زیانێکی گیانی و ماددیی لێنەکەوتەوە."

فەرهاد شامی جەختی لەوە کردەوە کە هێزەکانیان "دەستبەجێ و بە لێدانی ورد وەڵامی سەرچاوەی هێرشەکەیان داوەتەوە و زیانی پشتڕاستکراوەیان پێگەیاندوون، کە وای لە هێرشبەران کردووە پاشەکشە بکەن."

لە کۆتایی راگەیەندراوەکەدا، هەسەدە ئامادەیی تەواوی خۆی بۆ "روبەروبوونەوەی هەر دەستدرێژییەک" دووپاتکردووەتەوە و هۆشداریی داوە کە "وەڵامیان هەمیشە یەکلاکەرەوە دەبێت" دژی هەر لایەنێک کە هەوڵی کردنەئامانجی پێگە و شەڕڤانەکانیان بدات.