‎لە ناوەڕاستی گۆی زەویدا بووین، لە وڵاتی ئۆگەندا، لەسەر هێڵی یەكسانی، قاچی چەپم لە باكوری زەوی بوو، قاچی راستم لە باشور، دوو میدیاكاری وڵاتی ئۆگەنداش هاوڕێی گەشتەكەمان بوون: (حمزە-هەمزە، جۆزیف-یوسف" یەكیان كریستیانبوو ئەوی تریان موسڵمان") من باسی ئەو هێڵەم بۆ دەكردن كە لەسەری وەستابووین، هێڵی یەكسانی واتە كەمەربەندو ناوقەدی گۆی زەوی، وتم باكوری زەوی لە باشورەكەی دەوڵەمەندترە، كەشوهەوای لەبارترە، خەڵكەكەی جوانترن، لەم بەشەیدا (كە پێی چەپم لە باكور دانابوو) نان ئاسانتر پەیدا دەكرێت، بەڵام لەم بەشەی تردا كە قاچی راستم دانابوو، نان زۆر گران دەستدەكەوێت.. بۆ نموونە ئێمەی كورد لە باكورین، بەڵام جیاواز لە باكوریەكان وشەی (نان) لە بری (خۆراك و داهات و ژەم) بەكاردەهێنین، بۆیە وشەی نان و بابەتە لێچوەكانی زۆرترین بەكارهێنانیان لە زمانەكەماندا هەیە، من هەوڵدەدەم لە 500 وشەدا لە بیرۆكەی نان و ناندان و نانخواردن بگەین و ئەوەی لەنێوان من و ئەو دوو مرۆڤەی باشوردا روویدا بیكەینە دەستپێكی باسەكەمان:
هەمزە وتی نان لای ئێوە لەباكور چۆن پەیدا دەكرێت و چۆن دەخورێت؟ من وتم ئێمە لە كلتورماندا سێ ژەم نانخواردن لە رۆژێكدا هەیە، و ئیتر شێوازی خواردنەكان و كاتەكانم بۆ باسكردن، بەڵام تەماشام كرد ئەم دوو رۆژنامەنووسە بە حەپەساوی لێم دەڕوانن، وەك نوكتەیەك باوەڕ بە قسەكانم ناكەن، جۆزیف وتی یانی هەموو رۆژێك سێ جار نان دەخۆن؟ بەڵێ؟ ئەی چۆن فریای بەشەكانی تری ژیان دەكەون؟ وتم هەر ئەوەندە نا، رۆژانە پێنج جاریش نوێژ و دەستنوێژیش هەڵدەگرین، ئەوكاتەی تریش كە دەمێنێتەوە بەشی زۆری بە فەیسبوك و تیكتۆك دەیبەینەسەر، ئەمە گوزەرانی خەڵكی باكوری گۆی زەوییە كە هێشتا ئێمە نیو بەقەد ئەوروپیەكان و ئەمریكیەكان خۆشخۆر و خۆشژیان نین.
هەمزە دەمی كردەوە باسی ئەفریقامان بۆ بكات: لای ئێمە خواردن بە ژەم نیە، هەر كات هەبوو دەیخۆین، جاری وا هەیە لە رۆژێكدا هیچ ناخۆین، هەندێك جاریش دوو رۆژ جارێك هیچ ناخۆین، لە رۆژێكدا پێنج جاریش نوێژ ناكەین، بەڵام موسڵمان و خواشمان خۆشدەوێت، جا لێرەدا سیحری نان و نان پەیداكردن دێتە ئاراوە كە بۆ هەندێك مرۆڤی سەرزەمین چەند قورسە و ئەستەمە، بۆ هەندێكی تر چەند ئاسان و سانایە، بۆ هەندێكی ئەوەندە زۆرە نازانن كوێی پێ چەور بكەن، بۆ حمزە و جۆزیف لە قوڕگی شێردایە، بەڵام نانی حەڵاڵ لە هیچ كات و شوێنێكدا بە ئاسانی پەیدا نەكراوەو ناشكرێت، بۆیە لای ئێمەش وەك خەڵكانی باشوری سەرزەمین، سەدان جۆر ناو و ناتۆرەمان بۆ نان داناوە، ئەگەر بێتو پێشگری (نانی......) لەبەردەم ئەم وشانە دابنێین، ئەوسا دەردەكەوێت كە نان چۆن بەدەست دێت واتە (نانی گەنم، جۆ، كەپەك، زەڕات، پرپۆڵە، سپی، بۆر، قوڕگی شێر، حەڵاڵ، حەرام، بازوو، عەقڵ، زمان، ناوگەڵ، قەزاوەت، سێبەر، شەڕ، پرسە، شایی، درۆزن، فێڵ، عارەق، ترس، شەرم، خەجاڵەتی، جاشایەتی، خیانەت، راپۆرت، فیتنەیی، دووفاقیی.......نانێكیش هەیە پێی دەڵێن (نانە درۆزنە) تەنها كرێكارەكان دەیزانن، نانە چەورەش تەنها منداڵەكان....
جیاوازیی ئەم نووسینە لەوەدایە، كە پێش ئەم گۆشەیە ملیاران خەڵك لەسەر نان قسەیان کردوە، ملیاران مرۆڤی تریش باسیان لێكردوە و وتار و شیعر و گۆشە و سیناریۆ و سەمفۆنیاو فیلمیان لەسەر نان كردوە، نان سەرکردایەتی شۆڕشی برسیەكانی كردوە، رژێمە دیكتاتۆریەكانی روخاندوە .. بەڵام باوەڕ ناكەم لە هیچ زمان و لای هیچ میللەتێك ئەوەندە ناوەڕۆكی قوڵ و پڕماناو گشتگیر بۆ نان دانرابێت، یان ناوو نازناوو ناتۆرەیان بۆ نان هەبێت، من دەڵێم سەدان تۆ بڵێ هەزاران مانامان بۆ نان ھەیە!!...
بۆچی؟ چونکە ئێمە تەنھا بە جوگرافیا باکوریین!!
ئەمەش لە سێگۆشەی خڕ دەچێت.