لەگەڵ نزیکبوونەوەی هەڵبژاردنی کۆنگرێسی ئەمریکا، کاریگەریەکانی جەنگی ئێران زیاتر لەسەر ئەنجامی هەڵبژاردنەکان دەردەکەوێت و بۆیەکمجاریش دۆناڵد ترەمپ دانەبەوەدا دەنێت بەرزبونەوەی نرخی نەوت هۆکارەکەی ئێرانە.

رۆژی 3ـی11ـی2026 هەڵبژاردنی کۆنگرێسی ئەمریکا بەڕێوەدەچێت؛ بە گوێرەی راپرسییەکی ناوخۆی ئەمریکا تێچوی ژیان و جەنگی ئێران لە نیگەرانییە سەرەکییەکانی هاووڵاتیانی ئەمریکین  و لە 70%ـی هاووڵاتیان  دەیانەوێت کۆتاییهێنانی جەنگ ئێران لە پێشینەی کارەکانی کۆنگرێس بێت.

لە ئیستادا نرخی نەوت 114 دۆلاری تێپەڕاندوە و تا دێت گرژیییەکانیش زیاتر دەبن، لە ناوخۆی ئەمریکا سوتەمەنی بەرێژەیەکی بەرچاو بەزبوەتەوە و تێچوی ژیانکردن بە تەواوەتی لەسەر هاووڵاتیان قورسبووە، ئەمەش وایکردوە لە ناوخۆ و دەرەوەی ئەمریکاش ئەم هەڵبژاردنە زیاتر گرنگی پێبدرێت.

دوای بەردەوامی بەرزبونەوەی نرخی نەوت و چەندینجار لە ئینکاریکردن، دواجار دۆناڵد ترەمپ بۆ یەکەمجار رایگەیاند، جەنگی ئێران هۆکاری بەرزکردنەوەی نرخی نەوتە و ئاماژەی بەوەکرد تاران پێش هەڵبژاردنەکانی ئەمریکا هەموو هەوڵێک دەدات لە پێناو بەرزکردنەوەی نرخی نەوت.

ئەم پەیامی دۆناڵد ترەمپ لە دوای ئەوەهات، دوێنێ تەلەڤیزیۆنی رەسمی ئێران  بڵاویکردەوە، سوپای پاسداران حەوت کەشتی نەوتهەڵگریان کردوەتەوە ئامانج و راستەوخۆش نرخی  نەوت لە بازارەکاندا بەرزبوە و 113 دۆلاری تێپەڕاند، کە لە مانگی ئایارەوە ئەم نرخە بەرزترینە.

لە ناوخۆی ئەمریکاش، ئاژانسی ئەسۆشێتد پریس لە راپرسییەکدا ئاشکرای کردوە، سەرەڕای گرنگیی هەڵبژاردنەکان تێچوی ژیانکردن و کۆتاییهێنان بە جەنگی ئێران لە داواکارییە سەرەکییەکانیی دەنگدەرانی هەردوو حزبی دیموکرات و کۆمارییەکانن.

بە گوێرەی راپرسییەکەی ئەسۆشێتد پریس، لە 10 دەنگدەری ئەمریکا هەشتیان پێیان وایە دەبێت یەکەم کاری کۆنگرێس کەمکردنەوەی تێچوی ژیانکردن بێت، نزیکەی لە 70%ـی هاووڵاتیان دەیانەوێت کۆتاییهێنان بە جەنگ لەگەڵ ئێران لە پێشینەی کارەکانی کۆنگرێسدا بێت.

لە بەرانبەردا تەنها رێژەیەکی کەم داوای لێکۆڵینەوە لە دەسەڵاتی ترەمپ یان پشتگیری لە بەرنامەکانی دەکەن،ئەمەش ئاماژەیەکی رونە بۆ ئەوەی کە قەیرانی ئابوری و دەرهاویشتەکانی جەنگ بونەتە پێشەنگی مەلەفەکان و چارەنوسی هەڵبژاردنەکە یەکلاییدەکاتەوە.