نزیکەی سەدەیەک بەسەر لە سێدارەدانی 10 لە ترسناکترین بکوژەکانی مێژووی مرۆڤایەتی، کە لەناو حکومەتی ئەڵمانیای نازیدا پلە و پۆستی سەربازیی و سیاسیی باڵایان هەبووە، تێپەڕدەبێت.

هۆڵی دادگا هەلێکی دایە سەرکردەکانی دەسەڵاتی رایشی تێکشکاو بۆ ئەوەی بەرگری لە خۆیان بکەن و بەڵگەنامەی ئەو تاوانانەشی بەخشییە جیهان کە ئیتر نەیاندەتوانی بیشارنەوە، لەبەرئەوە؛ لەلە شەوی 16ـی 10ـی 1946، لە زیندانی نورنبێرگ 10 کەس لە سێدارە دران؛ ئەوان تاوانبارە سەرەکییەکانی نازی بوون کە دەستگیر کرابوون و راپێچی بەردەم دادگا کرابوون.

دادپەروەری لە جیاتی تۆڵەسەندنەوە

بیرۆکەی پێکهێنانی دادگایەکی نێودەوڵەتی بۆ لێپێچینەوە لە تاوانە دڕندانەکانی نازی لەمێژبوو بیری لێدەکرایەوە، بەو مەبەستە، لە ساڵی 1942دا، یەکێتیی سۆڤیەت کۆمیسیۆنێکی نائاسایی تایبەتی دامەزراند بۆ کۆکردنەوەی زانیاری دەربارەی ئەو تاوانانە، بەڵام کارێکی زۆر لەبەردەم کۆمیسیۆنەکەدا بوو، چونکە سۆڤیەت بووبووە گۆڕەپانی سەرەکیی خوێناویترین و دڕندانەترین جەنگ لە ئەوروپادا.

جۆر و قەبارەی ئەو تاوانانەی لەسەر خاکی سۆڤیەت ئەنجامدرابوون سامناک بوون: جینۆساید دژی چەندین گەل، کوشتاری بەکۆمەڵ لەسەر چەندین بنەما، هەموو جۆرەکانی تاوانی جەنگ، هێرشی بەئەنقەست بۆسەر بنکە تەندروستییەکان و ژێرخانی مەدەنی، لەسێدارەدانی هەڕەمەکی، تاڵانکردنی ئابوری و توندوتیژیی سێکسی. 

لە بنەڕەتدا، هەر شارۆچکەیەک لە دەست نازییەکان رزگارکرابا، هێندە بەڵگەی تێدا بوو کە بەشی پێکهێنانی دادگایەکی سەربەخۆی دەکرد.

کاتێک ئۆردوگاکانی زۆرەملێ (کەمپەکانی کۆکردنەوەی هاووڵاتی مەدەنی بۆ کۆمەڵکوژکردنیان) ئازاد کران، دەرکەوت پڕوپاگەندەی هاوپەیمانان نەک زێدەڕۆیی لە رووداوەکاندا نەکردووە، بەڵکو قەبارەی راستەقینەی دڕندەییەکانی نازییەکانی زۆر کەمتر لەوەی هەبوو، پیشاندابوو.

جگە لە حکومەتی سۆڤیەت، حکومەتە دەربەدەرەکانی وڵاتە داگیرکراوەکانی وەک بەلجیکا، چیکۆسلۆڤاکیا، لۆکسمبۆرگ، هۆڵەندا، پۆڵەندا، نەرویج، فەرەنسا و یوگۆسلاڤیا، خوازیاری ئەوە بوون لەڕووی یاساییەوە لێپرسینەوە لە تاوانەکانی نازییەکان بکرێت.

هێڵە گشتییەکانی دادگای داهاتوو لە پاییزی ساڵی 1943 لە میانی کۆنفرانسێکدا لە مۆسکۆ بە بەشداریی وەزیرانی دەرەوەی 'سێ زلهێزەکە' سۆڤیەت، بەریتانیا و ئەمریکا دەستی بە دەرکەوتن کرد، هەر سێ زلهێزەکە رێککەوتن لەسەر ئەوەی ئەو سەرکردانەی نازی کە لە بەرانبەر چەندین نەتەوەدا تاوانیان ئەنجامداوە، دەبێت لەلایەن دادگایەکی نێودەوڵەتییەوە دادگایی بکرێن.

لەو کاتەدا، تەنانەت بیرۆکەی کوشتنی سەرکردەکانی نازی لە دەرەوەی دادگا (تۆڵەسەندنەوەی سەرشەقام) وەک شتێکی رەوا دەبینرا.

بۆ نموونە، 'بینیتۆ مۆسۆلینی' لە 28ی چوار 1945 لەگەڵ خۆشەویستەکەی لەلایەن پارتیزانە ئیتاڵییەکانەوە بەبێ دادگاییکردن گولـلەباران کران و تەرمە شێوێنراوەکانیان لە بەرچاوی خەڵکدا هەڵواسران؛ کەس شیوەنی بۆ مۆسۆلینی نەگێڕا، بە هەمان شێوەش ئەگەر سەربازێکی سوپای سوور هیتلەری بکوشتایە، کەس ناڕەزایەتی دەرنەدەبڕی.

دوابەدوای ئەمانە، لەگەڵ نزیکبوونەوەی کۆتایی جەنگەکەش، کردەوەی تۆڵەسەندنەوەی بێ دادگایی بە شێوەیەکی پچڕپچڕ روویاندا.

نموونەیەکی دیکە: یەکێک لە رووداوە ناسراوەکانی گولـلەبارانکردنی پاسەوان و کارمەندانی ئۆردوگای 'داخاو' بوو لەلایەن سەربازانی ئەمریکییەوە، هەروەها سەربازانی پۆڵەندی، ئۆسکار دیرلیڤانگەر (فەرماندەی لیوایەکی سزادان کە بەرپرسیار بوو لە کوشتنی بێشوماری هاووڵاتی مەدەنی لە بیلاڕووس و پۆڵەندا)یان لە ژێر لێدان و ئەشکەنجەدا کوشت، بەڵام تۆڵەسەندنەوەی کوێرانە و یاسای دارستان، ئەو شتە نەبوو کە سەرکردەکانی هاوپەیمانان بەتەمای بوون.

ئەوانەی لە قەفەزی تۆمەتباراندا بوون و ئەوانەی دەرباز بوون

بەڕوونی دەرکەوت ئەو تاوانانەی ئەنجامدراون، نەک تەنیا زۆروزەوەندن، بەڵکو زۆریش ئاڵۆزن، چونکە بۆ نموونە لە دادگادا نازییەکان تا پێیان کرابوو رێوشوێنیان بۆ شاردنەوەی دڕندەییەکانیان گرتبووەبەر؛ بۆ نموونە دوای لەسێدارەدانی زیاتر لە 100,000 کەس کە زۆربەیان جوولەکە بوون لە دۆڵی "بابی یار" لە نزیک کیێڤ لە ئۆکراین، پاشماوەکانیان شاردبووەوە. سەرباری ئەوەش، هەر کە حکومەتەکەیان هەرەسیهێنا و راوەدونان و دەستگیرکردنیان دەستیپێکرد، هەموویان تاوانەکانیان دەخستەپاڵ یەکتر، بەتایبەت دەیانخستە پاڵ ئەوانەی کە پێشتر مردبوون.

تا مانگەکانی پێنج و شەشی 1945، زۆربەی ئەو کەسانەی لە کۆتاییدا لە نۆرمبێرگ دادگایی کران، دەستگیر کرابوون، بەڵام بێگومان، چەندین کەسایەتیی سەرەکیش هەبوون کە هەرگیز نەهێنرانە بەردەم دادگا.

بە هۆکاری دیار و ئاشکرا، جۆزێف گۆبێڵزی وەزیری پڕوپاگەندە و هیتلەر خۆی لە دادگاییەکەدا ئامادە نەبوون: چونکە هەردووکیان پێش ئەوەی رووبەڕووی یاسا ببنەوە خۆیان کوشتبوو.

هاینریش هیملەر، سەرۆکی هێزەکانی (SS)، لەلایەن دوو زیندانیی ئازادکراوی سۆڤیەتەوە دەستگیرکرا، بەڵام لە کاتی پشکنینی پزیشکیدا حەبێکی ژەهراوی قوتدا و گیانی لەدەستدا. هاینریش مولەر، فەرماندەی گێستاپۆ، لە کۆتایی مانگی چوار یان سەرەتای پێنجی ساڵی 1945 فیشەکێکی بە خۆیەوە نابوو و خۆی کوشتبوو و تەرمەکەشی پاش چەندین مانگ لە گۆڕێکی کاتیدا دۆزرایەوە.

چارەنووسی مارتن بۆرمان، سکرتێری تایبەتی هیتلەر و بەرپرسی دیوانی حزبەکەی، بۆ چەندین ساڵ نادیار بوو؛ بێسەروشوێن بووبوو، ئەمەش لە ساڵی 1945دا گومانی ئەوەی دروستکرد کە بە ناسنامەیەکی ساختەوە هەڵهاتبێت، بەڵام دواتر دەرکەوت کە 'بۆرمان' لە سەعاتەکانی کۆتایی ژیانیدا و لە ساتی بەرگریکردن لە بەرلین(بەرگریکردن لە مانەوەی نازییەکان لە دەسەڵات)، لە کاتێکدا هەوڵی دەدا لەگەڵ کاروانێکی سەربازانی ئەڵمانیا لە گەمارۆی شارەکە دەرباز بێت، کوژراوە.