ئەوەی پێویستە لەسەر باڵۆندۆر بیزانیت؛ 13 خەڵات دابەشدەکرێت
ئوسامە ئەبوبەکر
٢٤ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
رێوڕەسمی دابەشکردنی خەڵاتەکانی باڵۆندۆر کە 13 خەڵاتە بۆ یەکەم جار لە لەندەن بەڕێوەدەچێت.
بڕیارە رۆژی دووشەممە، 26ـی 10ـی 2026، رێوڕەسمی دابەشکردنی خەڵاتەکانی باڵۆندۆر لە لەندەنی پایتەختی بەریتانیا بەڕێوەبچێت، هەڵبژاردنی شوێنەکەش وەک گەڕانەوەیەکە بۆ 70 ساڵ پێش ئێستا کە لە ساڵی 1956 براوەی یەکەم خەڵات خەڵکی بەریتانیا بوو.
بەپێی زانیارییەکان، سێ پێوەر هەن بۆ هەڵبژاردنی یاریزانەکان، ئەوانیش ئاستی تاکەکەسی، نازناو لەگەڵ یانە و هەڵبژاردەکەی، هەروەها رەوشتی یاریزانەکە لە ناوەوە و دەرەوەی یاریگا.
30 یاریزانی پیاو کێبڕکێی بەدەستهێنانی باڵۆندۆر دەکەن، کیلیان ئێمباپێ، هاری کەین، لامین یامال، لێۆنێل مێسی، رۆدری، ئیرلینگ هالاند؛ ئەمانە دیارترینیانن.
لە هەمان کاتدا 30 یاریزانی ژنیش کێبڕکێ دەکەن بۆ بەدەستهێنانی باڵۆندۆری ژنان.
لە مێژووی دابەشکردنی خەڵاتەکەدا، لیۆنێل مێسی زۆرترین جار بەدەستیهێناوە کە 8 جارە، هەروەها ریکۆردی زۆرترین بەدەستهێنانی بەسەریەکەوەی هەیە کە 4 جارە، دوای ئەویش کریستیانۆ رۆناڵدۆ دێت کە 5 جار بووەتە براوەی باڵۆندۆر.
لە رێوڕەسمەکەدا ئەم خەڵاتانە دابەشدەکرێن
- باشترین یاریزانی ژن و پیاو
- باشترین یاریزانی لاو، خوار تەمەن 21 ساڵ بۆ ژن و پیاو
- باشترین گۆڵپارێزی ژن و پیاو
- باشترین گۆڵکاری ژن و پیاو
- باشترین راهێنەری ساڵ بۆ ژن و پیاو
- باشترین یانەی ساڵ بۆ ژنان و پیاوان
- خەڵاتی ئەو یاریزانانەی کار و چالاکی مرۆییان هەبووە
کۆتا جار، ساڵی 2025، عوسمان دێمبڵی لە یانەی پاریس سانجێرمان بووە براوەی باڵۆندۆر و بۆ ئەمساڵیش لە لیستی کاندیدەکاندایە.



