كاك نەوشیروان لە یەكێك لە كتێبەكانیدا دەگێڕێتەوە: زۆر نەخۆش بووم، لە مزگەوتێكدا لە ناوچەی پێنجوێن، پشتم نابوو بەسۆپای مزگەوتەكەوە هەڵكورمابووم، لەپڕ كابرایەكی پێنجوێنی هاتە بەردەمم وتی: ئەوە چیە خیشت كردووە؟؟... یەكەم جارم بوو وشەی (خیش) ببیستم، وامدەزانی جنێوە.... ئیتر تا كۆتایی بەسەرهاتەكە..
زۆر گەڕام تا پێناسەیەك بۆ ئەم وشەیە بدۆزمەوە، كە زیاتر حاڵەتەو بۆ تێكدانی باری دەروونی بەرانبەر بەكاردێت، بەڵام دەستم نەكەوت!! ماناكەی دەزانم، كارلێك و كاریگەریەكانی دەزانم، بەڵام نازانم پێتان بڵێم (خیش) چیە؟ ئەوە نەبێت کە چەکێکی کاریگەرە بە کڕبوون و دابڕینی قسەو کۆمێنت، بەجۆرێک لە جۆرەکان کوشتنی بەرانبەرە بە بێدەنگی (القتل بالاھمال).. لادێییەكان دەڵێن (یەكانە) خیش دەكات، کەچی ئەم رەفتارە لەنێوان هاوڕێ و هاوڕێ، عاشق و مەعشوق، بەرێوەبەر و كارمەند، بەرپرسی حزبی و كادر، لێپرسراوی تیڤی و ئەندامانی بۆرد، بەرپرسی كامێرا و كامێرامانەكەی، پارێزەر و بریگرتەكەی، پارێزگار و ئەندامانی ئەنجومەن، میراوی گەڕەك و دانیشتوان، خاوەن موەلیدە و لیژنەكانی قایمقامیەت، خاوەن دوكان و دراوسێ دوكانەكەی، باوك و كوڕ، دایك و كچ، بوك و خەسوو، بەڵام مەترسیدارترینیان رەنگە ئێوە بڵێن خیشی نێوان حكومەت و هاووڵاتیانە!! نەخێر من دەڵێم خیشی نێوان ژن و مێردە، بەتایبەت ئەگەر ژنەكە خیش بكات، پیاوەكە نانبڕاو دەبێت و ئەوسا هەموو جۆرە چەكێكی سوك و مامناوەند و قورسی تێدا بەكاردێت و رەنگە بە جیابوونەوەی هەرێمێك و بیری جوداخوازی كۆتایی بە خیشەكە بهێنن، زۆرجار خیشاندن لە بەرپرسانەوە بەرانبەر بە رەشە هاووڵاتیان بە مەرگەساتی پێوەریی و بێمۆراڵی سیاسی كۆتایی دێت، بەڵام خیشكردنی دوو سەری زل و ئاستی باڵا و بڵند و بەرپرسیار، دوور نیە وەك مەسەلەی ژن و مێردەكەی لێنەیەت، كە ژنەكە هەموو ناوچە هەستیارەكان كۆنترۆڵ بكات و لە خێر و بێر و فەڕی ژیان ھاوسەر بێبەش بكات، پیاوەكەش بەپێی (ئانای باڵا Superego) بیر لە جودایی و جوداخوازیی نەكاتەوە!
سەدان نموونەی سیاسی و مێژوویی هەن كە لەسەر خیشی كەسێك یان دەوڵەتێك یان حكومەتێك، جەنگێكی چەند ساڵە بەرپابووبێت و پاشان تەڕ و وشك پێكەوە سوتابن. لەوانە ئیمپراتۆری رۆمانی دۆکلتیانۆس لەساڵی 306 ز، یوسف ستالین، سوڵتان مورادی چوارەمی عوسمانی، پاشاکانی چین لە کۆشکی حەرامکراودا، شا لویسی 14 خاوەنی تیۆری «من دەوڵەتم، دەوڵەت منم»، پاشاکانی میسری کۆن کە خۆیان بە خواوەند دەشوبھاند.. خودا لاماندات..
لە كوردەواریدا چەند زاراوەیەك هەن كە لێكچوی وشە و مەبەستی خیشەکەی ئێمەن، ئەوانیش (بوغزكردن، لوتكردن، جەڕاندن، شەیتاندن، قینكردن، رقكردن، لوتوپوت....و...)، جا ئێستا زۆربەی بەرپرسانی حزبی و حکومی لە کوردستاندا لە قۆناغی خیشاندن و ئەم زاراوانەدان!!
جارێكی تر دەڵێم هەرچەند ئێمە و ئێوە بمانەوێت بە چەند وشەیەك كرۆكی خیشكردن باس بكەین، ناتوانین، بەڵام رۆژانە لە دەیان كەس و لایەن و بەرپرس و دراوسێ و باخەوان و فرۆشیار و فیتەر و رۆنگۆڕەوە خیشاندنمان بەرانبەر دەكرێت، رەنگە زۆربەیان هەروەك گیزەی مێشوولە بە بنگوێماندا بێن و بڕۆن، بەڵام دووان لەمانە عاقیبەتەكەیان زۆر خراپ دەبێت، یەكەمتان پێدەڵێم كە خیشی ژنە لە مێردەكەی، دڵنیام دووەمیش خۆتان دەیزانن.
ئەمەش لە سێگۆشەی خڕ دەچێت.