وتاروتار

پاش تەواوبونی جەنگی جیھانی یەکەم (١٩١٤-١٩١٨)بەرەی براوەی جەنگ کە لە بەریتانیاو فەرەنساو ئیتالیاو و یابان و سربیا یۆنان و رۆمانیاو چەند دەوڵەتێکی تر پێکھاتبوو ،دەستیان کرد بە دابەشکردنی خێرو بێری جەنگ بەگوێرەی بەرژەوەندییەکانی خۆیان و مەرجیان بە سەر وڵاتانی دۆراوی جەنگدا سەپاند. کە بریتی بوون لە وڵاتانی روسیای قەیسەریی و ئیمپراتۆریای عوسمانیی و چەند دەوڵەتێکی تر.

لە بەرواری ١٩٢٣/٧/٢٤ لە شاری لۆزانی سویسرا ،ئەم بەڵێننامە گرنگو فراوانەیان ئیمزا کرد. کە پێکھاتوە لە ١٤٣ بەند، جەوھەری پەیماننامەکە ئاگربەستی ئاشتیە لە نێوان ھاوپەیمانان لەلایەک و حکومەتی نیشتمانی باڵای تورکیا، لایەکی تر. لەو سەردەمەدا جەنگی سەربەخۆیی تورکیا دژی ھاوپەیمانان لە ناو تورکیادا ھەڵگیرسابوو. خاڵێکی تری جەوھەری لەناو  بەڵێننامەی لۆزاندا   ھەڵوەشاندنەوەی ڕیکەوتننامەی سیڤەری ١٩٢٠ بوو ،کە لەکاتی خۆیا بە فشاری دەوڵەتانی ھاوپەیمان دەوڵەتی عوسمانی کە دۆراوی جەنگ بوو  ئیمزای کردبوو. کەبەپێی ئەو ریکەوتنە دەوڵەتێک بۆ کوردەکان لە تورکیادا دروستدەکراو  ولایەتی موسڵیش کە دەکاتە کوردستانی باشوری ئێستا ،دەتوانێ خۆی بەو دەوڵە کوردییەوە بلکێنێ .

لە سیفەردا بەندێکی تیادا ھەیە، کە سەربەخۆیی بە ھەموو گەلانە دەبەخشێ کە تورکی زمان نین.  

لێرەدا باشتر وایە بە گوێرەی ریزبەندی مێژوویی زنجیرەی رووداوەکان بگێرینەوە. لە ٣٠ ی ئۆکتۆبەری ١٩١٨ لە مۆدرس دەوڵەتی عوسمانی بە رەسمی دەستی ھەڵبڕیی و خۆییابەدەستەوە. شەریفی کوری حسێن کە بە شەریفی مەککە ناسراوە. لە ناوچەی حیجازی عەرەبی لە ساڵی ١٩١٦ وە شۆرشی گەورەی عەرەبی ھەڵگیرساندبوو کە داوای سەربەخۆی ناوچە عەرەبیەکانی ژێر دەستی عوسمانی دەکرد، ئینگلیز کە سەرکردایەتی ھێزی ھاوپەیمانانی دەکرد، لە کاتی جەنگدا بەڵێنی دابوو ھەموو ئەو گەلانەی کە ژێر دەستەی عوسمانین ئازادییان بکات.ئینگلیزەکان ئەفسەر (نوئێل )یان بۆ کوردستان نارد ،ھەتاوەکو گفتوگۆ لەگەڵ  سەرکردەی خێڵ و دەوسترۆیشتوە کوردەکان بکات بۆ جیابوونەوە لە دەوڵەتی عوسمانی دۆراوی جەنگ. 
لە پاریس ئینگلیزەکان لە١٨ ی دیسەمبەری ١٩١٨ کۆنگرەی سوڵحیان بەست کە کارەکانی ھەتاوەکو ١٩٢٠ دریژەی کێشا. لەو کۆنگرە زۆربەی دەوڵەتان بەشدابوون ،ئەم کۆنگرەیە بۆ ئەوە بوو کە  پاشماوەی دەوڵەتی عوسمانی لە نێوان وڵاتان ھاوپەیمان دابەشبکەن. 

کۆنگرەی سوڵح و ژەنەراڵ شەریف پاشا 

کورد بەشێوەیەکی نارەسمی بەشداری کۆنگرەکەی کرد .شەریف پاشا بە نوێنەرایەتی کۆمەڵەی تەعالیی و تەرەقی و حزبی سەربەخۆیی کوردو چەند بزاڤتێکی تری کورد بەشداریکرد، پاشان ئەندامانی نوێنەری کورد زیاتر بوون و ھەریەکە لە فەخری عادل بەگ و عادل بەگ ماردینی و ساڵح بەگ حوسنە بەشدارییانکرد.

لە بەشی باشوری کوردستانیشەوە خاوەنی شکۆ مەلیک مەحمودی حەفیدی نەمر. نوێنەری خۆی بۆ کۆنگرەی سوڵح نارد، بەڵام ئینگلیزەکان ریگەیان پێنەدا بەشداری بکات . بۆ یەکەم جاربوو کە ئینگکیزەکان لە کۆرێکی گەورەی نێودەوڵەتی بە رەسمی باسی کێشەی کورد بکەن، نوێنەری ئینگلیز لە کۆنگرەکەدا وتبوی؛ دەبێت ھەر یەکە لە دورگەی عەرەبیی و فەلەستین و ئەرمینیا سوریاو کوردستان بە تەواوی لە دەوڵەتی عوسمانی جیاببنەوە. بەریتانیا داوای دابەشکردنی کوردستانی بەم شێوەیە کرد، بەشی باشور بدرێت بە ئینتیدابی بەریتانی، باشوری خۆرئاوا بدرێ بە فەرەنسا،کوردستانی رۆژھەڵاتیش لەتەک ئێراندا بمێنێتەوە.

شەریف پاشا لە کۆنگرەکە داوای کوردی پێشکەشکرد .کە خۆی لەسەربەخۆیی تەواوەتیدا دەبینیەوەو داوای دەکرد ھاوشانی ئەرمینیا کوردستانیش سەربەخۆ بێت.شەریف پاشا داوایکرد سنوری دەوڵەتەکە لە دەریای قەزوینەوە دەست پێ بکات بە درێژایی دەریای ناوەراستدا بێتە خوارەوە، ئەمەش بۆ ئەوەی کورد بتوانێ سەروەت و سامانی خۆی ھەناردەی دەرەوەبکات .لە ھەمان کاتدا ھەموو ئەوانەیکە لەو ناوچانەدا  کوردی زمانن بلکێنرێن بە دەوڵەتی کوردییەوە.

کۆنگرەی لۆزان ماوەی ھەشت مانگ درێژەی بە کارەکانیدا .ھەتاوەکو لە ١٩٢٢ لە کۆتایدا ھاوپەیمانەکان تەسلیمی فشارەکانی تورکیای تازە بوون و دەستبەرداری بەڵێنەکانیان بۆ سەربەخۆی کورد بوون، ھۆی سەرەکی بۆ پاشگەزبونەوەیان ،ترسی ھاوپەیمانان بوو لە تورکیا کە بچێتە پاڵ یەکێتی تازەی سۆڤێت. 

شۆرشی ئۆکتۆبەر و کورد.

لە راستیدا لە پاڵ فشارەکانی تورکیا. روودای شۆرشی ئۆکتۆبەر و دامەزراندنی دەوڵەتی سۆڤێت ھۆیەکی گرنگو سەرەکی بوون بۆ گۆرانکاری سیاسەتی ھاوپەیمانان لەسەر مەسەلەی سەربەخۆی کوردستان . 

گەورەترین وانەی ھەڵھێنجنراو لەو مێژوودا خاڵێکی گرنگو پرماناو سەرەکیە، ئەویش گەلانی ناوچەکە بە عەرەب و تورک و ئەرمەنیەوە لە نێوان ھەستی دینی و مەزھەبی و نەتەوایەتی ، بەرژەوەندی نەتەوایەتیان ھەڵبژارد و گوێیان بە ئاینی داگیرکەریان نەدا ، شەریفی مەکە لە حیجاز کە ھەڵگری کلیلی کەعبە بوو ، یەکسەر لەگەڵ ئینگلیزی کافر رێکەتنی کردو دەستبەرداری دەوڵەتی موسڵمانی عوسمانی بوو، شەریفی مەکە لە نێوان ھەستی موسڵمانبون و عەرەب بوندا ، بێ دوو دڵی ،عەرەبونی پەسەندکرد. تورکەکانیش بە ھەمان شێوە بەرژەوەندی تورکیا لەلایان لە ھەستی ئاینی زۆر  گرنگتر بوو.

لە کۆتایدا:
بەراستی کوردایەتی ،وەکو تێزێکی فکری و سیاسی درۆیەکی گەورەبوو؟ یان پرۆژەیەکی دێرینەو رووحێکی زیندووی پێویستە؟ کێن نوسەری ئەم کتێبی درۆیە؟ درۆی سیاسیەکان ھاوتایە بە درۆی گەلێکی بێ دەوڵەت؟

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

ئەوەی لە مەراسیمەکەی ١٥ی تەموزی ٢٠٢٢ لە بەغداد بینرا نمایشیکی بەھێزی موقتەدا سەدر رێبەری رەوتی سەدر بوو و لە ھەمان کاتیشدا پەیامێکی توند بوو بۆ سەرجەم ھێزە سیاسییەکان کە حکومڕانی عێراق بەبێ ئەو کێشەی زۆری بۆ دروست دەبێت و لە رێگەی شەقامەوە ئەوەی بیەوێت دەتوانێت بیکات.

"ئەوانەی حکومەت پێکدەھێنن، با دژایەتی گەندەڵی بکەن و ئەوانەشی تاقیکراونەتەوە جارێکیتر تاقی ناکرێنەوە" ئەمە یەکێک بوو لە خاڵەکانی وتارەکەی سەدر کە مەحمود ئەلجەیاشی نوێنەری سەدر خوێندییەوە و بە ناڕاستەوخۆ پەیامێک بوو بۆ نوری مالیکی بەتایبەتی و حەیدەر عەبادی و چەند سیاسییەکی دیکەی عێراق بە گشتی کە لە ساڵانی رابردوودا لە دەسەڵاتدا بوون و بە تیڕوانینی سەدر جگە لە ماڵوێرانی ھیچی دیکەیان بۆ عێراق پێ نەبووە.

ئەوەی مایەی سەرسوڕمانە موجامەلەکردنی موقتەدا سەدرە لەلایەن سیاسییەکانەوە، لە پرۆسەی سیاسی و ئەنجومەنی نوێنەران دەکشێتەوە دەستخۆشی لێدەکەن و دەڵێن پیاوێکی نیشتیمانییە و لەگەڵ ئەوەشدا پێیان وایە بەبێ ئەو عێراق بەڕێوەنابرێت، کاتێکیش دەیویست حکومەتی زۆرینەی نیشتیمانی پێکبھێنێت زۆربەیان دژایەتییان دەکرد و پێیان وابوو پێکھێنانی حکومەتی تەوافوقی باشرین بژاردەیە بەو پێیەی لە دوای ساڵی ٢٠٠٣ەوە لە عێراق پەیڕەو دەکرێت.

وتاری مەراسیمەکەی ١٥ی تەموزی ٢٠٢٢ لە بەغداد لەگەڵ ئەوەی پەیامێکی دژ بە ژمارەیەک لە سەرکردە سیاسییەکان بوو، لەلایەن ھەندێک سیاسی دیکەوە پشتیوانی کرا، بۆ نمونە مستەفا کازمی و حەلبوسی و خەمیس خەنجەر و چەندین سیاسی دیکە وتارەکارەی سەدریان بە رێگەیەکی نیشتیمانی بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانی عێراق وەسفکردووە، لە ھەمان کاتیشدا لە پەیوەندی بەردەوامدان لەگەڵ سەرکردەکانی چوارچێوەی ھەماھەنگی شیعەکان کە وتارەکەی سەدر بە دژ بەمان دادەنرێت و لەسەر پێکھێنانی حکومەتیش زۆرترین کێشەیان ھەبووە.

ھەڵوێستی ھەندێک لە سیاسییەکانی عێراق و موجامەلەکردنی سەدر ئەو پەندە کوردییەی بەسەردا دەسەپێت کە دەڵێت وەک گای ناو جۆگە لە ھەردوو بەر دەخۆن، چونکە لەلایەن پشیتوان و ھاوپەیمانی سەدرن و لەلایەکی تریش لەگفوگۆدان لەگەڵ نەیارەکانی سەدر.

لەگەڵ ئەوەی کەسایەتی سەدر بۆ زۆربەی شەقامی عێراقی و سیاسی و کەسایەتییە دیارەکان روونبووەتەوە کە کەسێکی راڕایە و ھیچ کاتێک بڕیارەکانی نەگەیاندووەتە کۆتایی ڕێگە و دوای ماوەیەک لە دەرکردنیان لێیان پاشگەزبووەتەوە، بەڵام زۆر سەیرە بۆچی بەو شێوەیە موجامەلەی دەکەن و ھەرچی بڵێت بە باش و خراپ پشتیوانی دەکەن، باشی نیشتیمانپەروەری و روبەڕوبەڕوبوونەوەی گەندەڵییە و خراپیشی ھەر نیشتیمانپەروەری و روبەڕوبەڕوبوونەوەی گەندەڵییە بەلای زۆربەی ھەرەزۆری سیاسییەکانی عێراقەوە، کە ئەمەش چارەسنوری رەوشی سیاسی و حوکمڕانی لە عێراق بەرەو ھەڵدێر و قۆناغێکی مەترسیدار دەبات کە باجەکەشی تەنھا ھاوڵاتی دەیدات.

دواجار کورد چیی بکات لە دەرەنجامی ئەو نەخشە ڕێگا نوێیە؟ 

ململانێکان لەو عێراقە لە نێوان کورد و شیعە نییە ئێستا، بەڵکو بلۆکی گەورەی شیعەی عێراقییە لەگەڵ بلۆکی گەورەی شیعەی ئێرانیی، کورد کە ھێشتا بەتەواوی نەبووەتە لایەنێک لەو گەمە و ململانێی مەزھەبییە، دەبێت ھۆشیارانەتر ھەنگاو بنێت، چونکە ماف و خواستەکانی لە ژێر ھەژموون و بارمتەی قورسدایە.
بەردەوامبە لە خوێندنەوە

پێت سەیر نەبێ خوێنەری ھێژا کاتێک ناو نیشانی ئەم وتارەم بەم شێوە نوسیوە ، ئەگەر بەڕێزت خوێنەری مێ بیت زۆر بە چاکی لێم تێ دەگەیت وە دەزانیت دەڵێم چی ، ئەگەریش لە ڕەگەزی بەرامبەر بیت ڕەنگە بۆی بچیت یان خوێندنەوەی بۆ بکەیت بەڵام لە ڕووی واقعیەوە نازانیت کە چی دەگوزەرێت لە ناخ و دونیای قوڵی ژندا وە چی دەگوزەرێت لە ھەسارەی ناوخۆی ژندا وە چۆن دانی بە خۆیدا گرتووە تاکو ژیان بەردەوام بێت .

لەم کۆمەڵگە پڕ لە ئازار و مەینەتیەدا لەم ڕۆژگارە سەختەدا لەم نیشتمانە پڕ لا کێشەیەدا ھاوڵاتی بوون خەمێکە و دایک بوون و ژن بوون شۆڕشێکە کە ڕەنگە کەم کەس بتوانێت بەرگەی بگرێت ، ئەوەندەی من دایک و تۆی باوک و تۆی برا و تۆی کوڕ خەمی کچ و خوشک و ھاوسەرەکانمان ھەبێت پێ دەچێت کەمتر خەمی کوڕەکانمان بێت چونکە ژیان ھیچ گەرەنتیەک نیە بۆیان و بۆ خۆشمان ، ھەر بۆیە لە ڕووی کۆمەڵایەتی و لە ڕووی ویژدانی و لە ڕووی ئەخلاقی و مێژوویەوە ئێمە ھەمیشە خەمخۆری ژنانین .

ژن ئەو کائینەیە کە بە ھۆیەوە ژیانمان پێ دەبەخشرێت و دەپارێزرێت لە لەناو چوون لەگەڵ بەرامبەر بەڵام بە چ شێوازێک و بە چ جۆرێک و بەکام ڕێگا ؟ بێگومان خەباتی مرۆڤایەتی و خەباتی کۆمەڵایەتی و خەباتی حیزبی و خەباتی سیاسی و خەباتی پەروەردەیی و خەباتی ئەخلاقی کە ڕەنگە لەم چوار چێوەیەدا زۆر جار توشی مەینەتی و نەھامەتی و زەبر و زەنگ و گێچەڵ و کوشتن و لەناو چوونیش بێتەوە .

تۆ یەک جار لەدایک دەبیت و یەک جار دەژیت و یەک جاریش دەمریت ، بەڵام منی ژن و منی دایک و منی پەروەردەکار و منی خزمەت کار ھەموو ساتێک دەمرم و دەژیمەوە لە پێناو لەدایک بوونی ئێوە و بەخێو کردنتان بە گوێرەی ئەندامانی خێزان و درێژایی تەمەنم ، کاتێک ئێوە لەدایک دەبن ئێمە ڕوو بە ڕووی مردن دەبینەوە وە پاشان دەژینەوە بە دیار شەو نخونی ئێوەوە ماندوو تر و شەکەت تر دەبینەوە و ساتی خورپەکان کە ڕامان دەچڵەکێنن و خەمی ئێوەمانە .

ژن بوون شۆڕشگێڕیە و قارەمانێتیە و جوامێریە و جەنگاوەریە لە پێناو مانەوە و سەلماندن و درێژە پێدان بەم ژیانە جەنجاڵستانە ، کە دڕنداکان ھەمیشە لە ھەوڵ دان بۆ لەناو بردنی بەرامبەر و تێک شکانی شورای ئەخلاقی و کۆمەڵایەتی و مرۆڤایەتی و پارچە پارچە کردنی ئەو کەسایەتیە میھرەبانەی کە پێی دەوترێت ژن .

لێرەوە من شانازی و سەربەرزی و شکۆمەندی خۆم ڕادەگەیەنم کە بتوانم شان بە شانی دایکمان و خوشکمان و کچەکانم و باوک و براکانمان و کەس و کار و دەوروبەرم لەم نیشتمانە بریندارە دێڕێک بنوسم لەسەر ئێمە و ئێوە کە ڕەنگە ئەم گرێدانەوەی خۆمان وەکو پرچی سروشتی ھۆنراو و پێچاو پێچ لەیەک بترازێت کەوا کاریگەری نێگەتیڤی لێ دەکەوێتەوە و ڕەنگە بمانگێڕێتەوە بۆ ژیانێکی نا دروست و ناڕەحەت کە نەگونجێت لەگەڵ پێوەرە دروستە سەردەمیەکان بۆ ژیان و لە ئاستی خواست و داخوازیەکانماندا نەبێت وەکو مرۆڤێکی ھاو چەرخ .

من دەستی یەکە بە یەکەی ئەو کچ و خوشک و دایکانەمان دەگوشم و لەبەردەم جەستەی پیرۆزیانا دەنوم کە بەدەم فرمێسک و ناخی پڕ پەژارەوە ڕۆژانە خزمەت دەکەن و فێرمان دەکەن و خێزانمان پێ دەبەخشن لە مەیدانی ژن بوون دا .

سەرەڕای کۆسپ و تەگەر و لەمپەر و گێچەڵی جۆراو جۆر و ھەوڵ دان بۆ پەنا بردن بۆ خۆ کوشتن و ناچار کردنمان بۆ ژیانێکی ناڕەحەت و زۆرداری مل کەچ ناکەین و نەمان کردووە بۆ ئەوەی بە ژنێتی خۆمان و بە سەربەرزی بمێنینەوە .

زۆر ئاسانە کاتێک بمانەوێت خۆش بژین و دەست بەرداری زۆر شت ببین بەڵام بەرامبەر بە چی ؟

ئەوە پرسیاری جەوھەری من و تۆی خوێنەرە ، چونکە ژن مانای ئەوە ناگەیەنێت کە لە پێناو خۆشگوزەرانی دا دەست بەرداری بەھای ئاینی و ڕۆحی و مرۆڤایەتی و ئەخلاقی و کۆمەڵایەتی و فکری و سیاسی ببینەوە و خۆمان ڕادەستی حەز و ئارەزوەکان و گرێ دەرونیەکان و ویستەکانی نا مرۆڤەکان بکەین ، بۆیە دەبینین لە سەرجەم سەکتەرەکانی ژیانی ئەم نیشتمانە ژن بوون و ڕاسپاردنی ئەرک بە ژن ھێندەی باری سەر شانمان و ئاستی بەرپرسیارێتی لە ھەموو ڕوویەکەوە قورس کردووە ھێندە ژیانێکی خۆش گوزەران و شایستەی پێ نەبەخشیوین بەڵام لە سۆنگی ھەست کردنمان کە دەبێت پێکەوە بژین و پێکەوە بمرین لە پێناو بنیاد نانەوەی جیھانێکی عادل و جیھانێکی ھاوتا و شایستە بە ڕۆح و بە ڕەگەز و ھاوشێوەکانمان قۆڵمان لێ ھەڵ کردووە و شانمان داوەتە بەری بۆ ئەوەی ژن بوونمان و شۆڕشە بەردەوامەکانمان بەردەوام بێت تاکو ئەنجام و گەشتن بە ئامانجە پیرۆزەکانمان بۆ خاک و گەل و نیشتمان .








بەردەوامبە لە خوێندنەوە

یەکێتی حزبێکی سۆشیال دیموکراتـ، رێکخراوی کەلتووری دیموکراسی، ئەرکە کۆمەڵایەتییەکان و دادپەروەرییە، ئەم ئاڕاستە لەسیاسەتی کوردایەتی خەباتێکی فیکری دوور مەودا و قوڵی لەپێناوکراوە و بۆتە بەشێکی رەسەن و زیندوو لەبزووتنەوەی سیاسی کوردستاندا.

سەرۆک مام جەلال عەراب و باوکی دامەزرێنەری ئەم ئاڕاستەیە کە کوردایەتی پێشکەوتنخوازی خاوەن بەرنامەی رزگاری نیشتمانی تێکەڵی ئەرکە کۆمەڵایەتی و دیموکراسییەکان کردووە. بەجۆرێک ناتوانرێت دیمەنی کوردایەتی پێشکەوتنخواز لەکوردەوارییەکی گەشەکردوو جیابکرێتەوە.

ئەم رەوتە زیندوو، زەنگین و درەوشاوەیە رەنگە ھەندێکجار بەناونیشانی جیاوازەوە دەرکەوتبێت، بەڵام لەدوای یەکەمین کۆنگرەی گشتی یەکێتییەوە کە ھاوکاتی بەدیھاتنی کوردستانی دوای راپەڕین رزگارییە، لە ( ١٩٩١-١٩٩٢) ناونیشانی ئەم ئاوێتەبوونەی کوردایەتی و کوردەواریی خۆی لەبژاردەی سۆشیال دیموکرات چڕکردەوە و تائێستاش ھەر ئەوە ناونیشانی رێباز و فیکر و سیاسەتی یەکێتییە.

سەرۆک مام جەلال بۆ خۆشەویستکردنی چەمکی سۆشیال دیموکرات و کورداندنی ئەو بژاردە فیکرییە ناوی (گەڕانەوە بۆ خانووە قوڕەکانی) لێنا. گەڕانەوە بۆ خانووە قوڕەکان ناونیشانێکی مەجەزاییە بۆ مانایەکی قووڵ، کە ھەم تەئکیدکردنەوەیە لەسەر ناسنامەی کۆمەڵایەتی و ریزبەندی یەکێتی لەناو کۆمەڵی کوردستاندا، ھەمیش توانجێکی رەخنەگرانەی مام جەلال-ە لە رەوتی کاری یەکێتی لەدوای راپەڕینەوە.

داوای گەڕانەوە خۆی لەخۆیدا رەخنەگرتنە لەوەی لادانی کاتی و خراپمان ھەبووە و گەرەکە بگەڕێینەوە.

ئەدەبیاتی مام پڕە لەو دەستەواژە جوانانەی بێ بریندارکردن و زامدارکردنی ھەڤاڵانە، دەرزی فشکردنەوە بۆ چارەسەکردنی باغزی و لەخۆگۆڕان، بەکاردێنێت. داوای گەڕانەوە بۆ کەلتووری خانووە قوڕەکان داخوازی ( سۆشیالیزمی ھەژارانە) نییە  کە زاراوەیەکی باوی ئەدەبیاتی سۆشیالیستییە بەڵکو دەستنیشانکردنی کەموکوڕییە لەرەوتی کار و خەبات کە ھەندێکجار لەبەر ھاوپەیمانێتی و دۆستایەتی سیاسی ناسنامەی یەکێتی لەناو کۆمەڵی کوردەواری و لەناو سیاسەتی کوردستاندا بزر دەکات.

ئەدەبیاتی یەکێتی و ناسنامەکەی قەت لەبەر بژاردەی نەتەوەیی و پەرۆشی بۆ یەکێتی ریزەکانی گەل و ئامانجە ھاوبەشەکان، جیاوازییە بنەڕەتی و جوانەکانی یەکێتی لەگەڵ ھێزەکانی تر فەرامۆش ناکات، بەڵکو ئەو ناسنامەیە ئاوی حەیاتە بۆ یەکێتی ، پەرۆشی و قوربانیدانی پلەیەکی گیانبازان بۆ کوردایەتی و پرسی نەتەوایەتی مانای ریزکردنی ئەولەویەتەکانە، نەک میوتکردنی ناڕەزایی و داخوازی و پێویستییە کۆمەڵایەتییەکان.

کۆنگرەی چوارەمی یەکێتی، سەرەڕای ھەر تێبینییەک، ھیچی نەکردبێت ئەوەندەی بەسە لەناو گێژاوی سیاسەت و مەسڵەحەتدا توانی ناونیشانی سۆشیال دیموکراتیانەی یەکێتی بپارێزێت.

نزیکەی ساڵێکە ھاوشانی یەکێتی بڕیار و یەکێتی ئاڕاستەدا دەرفەت لەبارە بۆ پێداھاتنەوە و مشتوماڵکردنی ناسنامە کۆمەڵایەتییەکەی ئەم حزبە سۆشیال دیموکراتە کە کۆمەڵانی خەڵک و توێژەکانی وەک خوێندکاران و لاوان ھەقیانە داوا لەیەکێتی بکەن تۆخی بکاتەوە، مادام ھێزی تر ھاتن و چوون و ھیچیان پێ نەکرا.

ھەروەک سەرۆک بافڵ جەلال تاڵەبانی لەدیالۆگی (٢٣ سەعاتی) خوێندکاراندا گووتی(( لەپێشدا پرسیم بۆچی خۆپیشاندان دەکەن؟، کە گوێم لەکەموکوڕی و داخوازییەکانیان بوو، پرسیم ئەرێ چۆنە تائێستا ناڕەزایەتیی گەورەتان دەرنەبڕیووە؟))
دیداری یەکێتی کە وەک گردبوونەوەیەکی دیموکراسی، حزبی و میللی بابەتی سەرەکی ژیانی سیاسی کوردستان بوو لەگەرمەی یادی ٤٧ ساڵەی یەکێتیدا، ئەم ئەرکەی بەچڕوپڕی راپەڕاند کە بۆ گەشانەوەی ناسنامەی یەکێتی پێویست بوو.

لەکۆڕی کرداری سیاسیشیدا، بانگەواز بۆ سەوزکردنی یەک ملیۆن داری کوردستان، داخوازی بۆ سەروەرکردنی ژینگەی پاک و خاوێنی وڵات، کردنی داوای ژینگەپارێزی لەم ھەڕەشانەی لەسەر ژینگەی وڵات و خەمی ھاوبەشی دونیا ھەیە، بەمەرجێک لە مەرجەکانی دەنگدان بەحکومەتی داھاتووی عیراق، وەک ھەڤاڵ قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆکی حکومەت تەئکیدی لێ کردەوە، داخوازی بۆ فراوانکردنی بەشداری لاوان لەکایەی سیاسیدا ( رەخنەگرتنیش لە ژیان و گوزەرانی توێژی خوێندکاران) تا فراوانکردنی بەشداریی ژنان لەکایەیی گشتی ( لەگەڵ ئیدانەکردنی توندوتیژی دژی ژنان و تەھوینکردن بە حزورییان لەکۆمەڵدا) ئەمانە گشتی بەشێکی دیمەنی ناساندنەوەی یەکێتییە لەکوردستان و عیراق کە دەبێت یەکێتیەکەمان. ھەڤاڵانە، کوردانە و دیموکراسیانە پێداگری لەسەر بکات. بە جۆرێک قەرەبووی پێکوتەی رابردووش بکاتەوە.

حزبی سیاسی سەرکەوتوو،کە یەکێتی چارەنووسی وایە وا بێت، ھەر دەبێ حزبی ناسنامەی تایبەتی خۆی و حزبی خەمە ھاوبەشەکانی وەک (یەکڕزی کوردستانیی لەکوردستان) و حزبی (یەک ئامانجی تەوافوق و شەراکەت لەتەواوی عیراقدا) بێت .
یەکێتی وایە ...ھی خەباتی سۆشیال دیموکراتییە، وەک چۆن ھی خەباتی ئەرکە نەتەوەییەکانە. لەیەکەمیان دەبێ خەباتی پەرلەمانی، سەندیکایی ، دیموکراتی و ھەمەلایەنە پێشبخات لە کۆمەڵ ، با رێگاکە دژوار و دوور ، تولەرێ و تاریک بێت ، لەدووەمیشیان  ھاوپەیمانی زۆرە، بەس گرنگە ھەمیشە خۆی پێشڕەوی بکات.

 
بەردەوامبە لە خوێندنەوە

بە داخەوە ھەرکاتێک گوێم لە ھەندێک کوردی عێراق دەبێت لەناو ھەرێمی کوردستان یا نیشتەجێی دەرەوەن  (ھەروەک ھاوڕێ و ھاوکارم ھەوراز شوانی دەڵێت)بە ژەھری ئیخوان موفلیسین، بە ئیسلامێکی  نامۆ و دور لە ئیسلامە کوردەوارییەکەی خۆمان  مێشکیان قان دراوە وئامۆژگاریی خەڵکی ساویلکەو نەزان دەکەن و  بە نەھجی  ئین تەیمیە و تیرۆری ئیسلام  وەعزیان دادەدەن  یا شانازیی دەکەن بە گۆڕینی  بینای کڵێسایەکی  فەرامۆشکراوی بێ ئەرزشی مێژویی  ،بۆ  شوێنێکی پەروەردە کردنی تێرۆر ،خۆزیام ئەوەیە کە کورد نەبومایە ، لەکاتێکدا ئەو مێشک پوتانە نازانن کە کڵاویان کراوەتە سەر ئەبێت باج   و مەسرەفەکانی تر بکەوێتە سەرشان و فرۆشیارەکان کۆمەڵێک پابەندبونیان بە رێکارەکانی باج و تەندروستیی. و چی و چی لەکۆڵ بوەتەوە .

کەچی کە کوردی  کوردستانی ئێران دەبینم  و گوێم لێیان دەبێت ،شەکرە قسەی دیموکراسیی و شارستانیی و بیری ئازادیی لە لێوانیان دەبارێت،شانازیی دەکەم کە منیش کوردم .کاتێک   گوێم لە شیرین کەلام  خاتو ئامینەی باوە دەبێت ،شانازیی دەکەم کە کوردم  و کورد دەتوانێت ئازادیخوازیی  شارستانیی بونی خۆی بسەلمێنێت ،لە ھەر جێگە و ناو ھەر کۆمەڵێکی شارستانییدا بێت  دەتوانێت  رۆڵی کارا ببینێت .کە گوێشم لەو جەوان و تازە  پێگەیوە کوردانە دەبێت بە کچ و کوڕیانەوە خۆیان بە جێگرەوەی ئەنەسی کوڕی سەلما و سەعد و قەعقاع  و  خوێنڕێژەکانی تری  مێژوی خوێناوی غەزەواتەکانی بیابان  نشینەکان   و دوژمنانی بەھا جوانەکان ئەزانن ،دەمەوێت دەست لە ناسنامەی نەتەوەییم ھەڵگرم  ،بەڵام  کاتێک  دیمەنی روخساری پڕ لە ھیوا و ئاواتی ئازادیخوازیی ئەو ژن گەل و کوڕ گەلەی ئامادەبوی کۆنسێرتەکەی شاری سنەی قارەمانم بینی کە چۆن بە حەسرەتەوە خەریکە باڵ دەگرن  بۆ  گەیشتنیان  بە ھەوای ئازادیی .

بەڵێ رۆژی دوشەممە رۆژێک بەر لەکۆتایی وەرزی بەھار  ڤیدیۆیەکی بەرنامەی (کوردسات ماگەزین )م بینی  سەرەتا خەمبار بوم بە بیستنی ھەواڵی ماڵئاوایی ھونەرمەندی ناودار(محمد ئەربیللی)،رۆحی شاد بێت،ھەر لەو ڤیدیۆیەدا ھەواڵ و دیمەنە شادی ھێنەرەکەی  شاری سنەم بینی کە کۆنسێرتێکی ھونەرمەند کاکە حسێن سەفا مەنش بو .ئەو ھونەرمەندەم نەناسیبو ،یەکەمجاریش بو نامی  بشنەڤم  روخساری ببینم .  بوێریی ئەوەم نیە ھەڵسەنگاندن بۆ ھونەرەکەی بکەم جونکە ھیچ لە ھونەر نازانم ،بەڵام دەتوانم ھەستی کاکە حسێن و ئامادەبوانی  کۆنسێرتەکەی بخوێنمەوە.ئەو ھونەرمەندە قسەکانی پڕبو لە ھەستی نەتەوەیی ،پەرۆشیی بۆ پێشکەشکردنی ھونەرێکی رەسەنی پڕ لەتازەگەریی،لێوان لێو بو لەوەی لەرێی گۆرانی موزیکەوە یەکێتیی نەتەوەیی بەھێز بکات ،کورد وەک نەتەوەیەکی شەیدا بە ئازادیی و شارستانیی و خولیا بە پێکەوە ژیان  بناسێنێت کە منی دڵشاد و خوش کەیف کرد .لەوە شادمانتر ھەستی کاکە حسێن بو  کە گەرەکێتی بە ھەموان بوێشێت ئەگەر پشت و پەنامان ھەبێت  دەوروبەرەکەمان لێمان بگەڕێن ،توانین و تواین شتی خاس پێشکەش بکەین  ،توانین خۆمان بگونجێنین لەگەڵ پێشکەوتن و شارستانییدا .کاکە حسێن  بە زوانە رەسەنە کوردییە شێوە کلھوڕییەکەی  دەدوا زۆری مەبەست بو کورد وەک نەتەوەیەکی یەکڕیز  و پێشکەوتنخواز  و ئازادیخواز بناسێنێت  و پیشان بدات ،ئەوەش سیحری ژەھری دەمارگیریی ئاینیی شێوە ئیبن تەیمیە حەنبەلییەکە  بەتاڵ دەکاتەوە کە ھەندێک کوردی نیشتەجێی دەرەوە و ناوەوەی وڵاتیش بەتاڵ و پوچ دەکاتەوە .بەوەش ئەوەم لا ساغ و بەرجەستە بو وێنەکەی کاکە حسێنی سەفامەنش راستەقینەی نەتەوەکەمە ، نەک ئەوانەی مێشێکیان بە ژەھری حەسەن بەننا و بن لادن کێ و کێ کانی تر ئاخنراوە کە ھەم کوردبونیان ،ھەم دیندارییە راستەقینەکەیان شێواندوە  دینێکی تەزویر پڕ لە دوڕوویی ھاوردە کراویان  سەپاندوە .

دیمەنێکی تری سەرنج راکێش کە من و ھەر بینەرێکی  تر دڵخۆش دەکات ،بەراستیی دڵخۆشی کردم  ھانی دام زیاتر شانازیی بە کورد بونم بکەم ،جوڵە و  ھەستی پڕ خرۆشی  ئامادەبوانی کۆنسێرتەکەی شاری سنەی قارەمان بو  کە ئاماژەو نیشانەی پێشکەوتویی  تاسە و حەزی کۆمەڵانی خەڵکی ئەو بەشەی نەتەوەکەمە  بۆ ئازادیی و پێشکەوتنخوازیی و شارستانیی ،چەنە جوان و قەشەنگ بی کە کیژ گەل و کوڕگەل و ژنان و پیاوان بە جیاوازی تەمەنیان  وشەکانی گۆرانییەکانیان دەوتەوە،بە تایبەتی ئەو گۆرانییەی کە ھاوار دەکات بۆ ئازادیی و کۆتایی دیلیی و ئەسارەت.ئەویش گۆرانی لەیلم لێ  بو کە پێشتر ھونەرمەندی گەورە کاک ناسری رەزازی چڕیوێتی و گوزارشت دەکات لە خولیا و شاد بون بەئازادیی و گیان بەخشین لە پێناوی ئازادیی و سەرفرازیی رزگار بون لەقەفەسی دیلێتی ،وەک چۆن بولبل ئارەزو دەکات بگەڕێتەوە بۆ ناو گوڵزار و ھێلانەکەی خۆی و کۆتایی بێت بە ماڵ وێرانیی و خاپور کردن .ئای چەندە دڵخۆش بوم کە من لە نەتەوە گەلێکم  خولیا و شەیدای  ئاشتیی و خۆشگوزەرانییە،حەسرەت دەکێشێت بۆ شکاندنی تەڵسمی ترس و دودڵیی بۆیە ھەمویان  بەوتنەوەی گۆرانییەکە ئارامییان  پێ دەبەخشرا  لەوساتەدا روخساری پڕ لە خۆشیی و خەندەیان  باڵی پێ گرتبون ھیچ سانسۆر و ترسێک نەی دەتوانی رایان بگرێت لە فڕین بەرەو ئازادیی و شارستانیی ئاشتیی،بۆیە منیش لەگەڵیان فڕیم  زیاتر شانازییم بە کورد بونمەوە کرد،ئەوەم زیاتر لا بەرجەستە بو  ئەو وێنەو دیمەنانەی موحەجەبە مێشک پڕ لە ژەھر و تاریکییەکان  پیشانی ئەدەن راستەقینەی کورد نییە بەڵکو ئەوەی لە کۆنسێرتەکەی شاری سنەی قارەمان  رەسەنایەتیی کورد پیشان دەدات  و بەرجەستەی دەکات ،بۆیە ‎بەوکوردانەوە شانازیی  دەکەم  کە شەیدای ئازادیین.

 

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

کێ کورسیەکانیان پڕ دەکاتەوە؟ 

 ئاشکرایە کە پەرلەمانتارەکانی سەدر بەسەر دەیان پارێزگای عێراقدا دابەشبوون . بەم شێوەیەش رکابەرەکانی باقی کورسیەکانی دەبەن! لە راستیدا بە گوێرەی مادەی ٤٩ برگەی پێنچەمی دەستور ،پێویستە پەرلەمان قانونێک دەربکات بۆ ڕیكخستنی جێگرتنەوەی پەرلەمانتار لە کاتەکانی دەستلەکارکێشانەوەو مردن و ئیقالەکردن ،بەڵام ئەم کارە نەکراوە.

بە گوێرەی برگەی پێنچەم لە مادەی ٩ ی قانونی هەڵبژاردنی ژمارە ٩ ی ساڵی ٢٠٢٠ ،هەر پەرلەمانتارێکی دەرچوو پاش سوێندخواردن کە دەبێتە ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەران بەهەر هۆیەک دەستی لە کاربکێشێتەوە، ئەوا لە هەمان ئەو بازنەی کە پێشووتر لێی کاندیدبوە ، لە ناو باقی کاندیدە دەرنەچوەکاندا لە سنوری هەمان ئەو بازنەیەدا، کێ زۆرترین پاشماوەی دەنگی هەبێت ئەوا سەردەکەوێیت.

ئاشکرایە کە پەلەمانتارەکانی سەدر بەسەر دەیان پارێزگای عێراقدا دابەشبوون . بەم شێوەیەش رکابەرەکانی باقی کورسیەکانی دەبەن! لە راستیدا بە گوێرەی مادەی ٤٩ برگەی پێنچەمی دەستور ،پێویستە پەرلەمان قانونێک دەربکات بۆ ڕیكخستنی جێگرتنەوەی پەرلەمانتار لە کاتەکانی دەستلەکارکێشانەوەو مردن و ئیقالەکردن ،بەڵام ئەم کارە نەکراوە.

ئەم رووداوە پێشهاتێکی تازەیەو پێشووتر پێشینەی نەبوە. لەرووی سیاسی و جەماوەرییەوە بۆشایی دەنگی سەدر هەرگیز پڕناکرێتەوە ، راستە لەروانگەی ریککاری قانونیەوە، دەتوانرێ  کورسیە بەتاڵەکانی سەدر بە ئەندامی تازە پربکرێتەوە.
دەستلەکارکێشانەوەی بە کۆمەڵ  دەرگای چەند سینارۆیەک دەکاتەوە؛

یەکەم؛ بە پراکتیکی هاوپەیمانی سێ قۆڵی هەڵوەشایەوە، سوننەو پارتی دیموکرات بۆ خۆیان  بە دوو قۆڵی مانەوە، هێشتا زانراو نیە چارەنوسی ئەم دوو هاوپەیمانیەش ،چی بەسەر دێت؟ 

دووەم: بتوانرێ سەرۆک کۆمار و سەرۆک وەزیران هەڵببژردرێت .لەگەڵ بوونی ئۆپۆزیسۆنێکی میللی ، چونکە چیتر سەدر ئۆپۆزیسۆنی پەرلەمانی نیە، بەڵکو ئۆپۆزسیۆنی میللی شەقامە.

سێیەم؛ دووپاتکردنەوەی هەڵبژاردنی پێشوەختە، ئەمە لەگەڵ ئەو راستیە تاڵەی کە ئەم دەرمانە دەردی بەربەستی دوو لەسەر سێی پەکخەر تیمار ناکات . چونکە گریمانەی هاتنەپێشەوەی هەمان ئەم ئەنجامەی ئێستا  هەر هەیە.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

دەست لەکارکێشانەوەی پەرلەمانتارانی ڕەوتی سەدر چی لە کێشەکانی عیراق چارەسەر دەکات و ئەم ھەنگاوە بۆچی باشە؟ 
ئایە پەستانی خوێنی پرۆسەی سیاسی خاو دەکاتەوە و درزێک دەخاتە ناو دیواربەندی ئاسنین کە بۆتە بابەتی میدیاکان و بۆتە ھۆی توڕەیی سەدرو ھاوپەیمانەکانی و بۆتە مایەی داخرانی جموجۆڵی سیاسەت لەم وڵاتەدا.

‎دەست لەکارکێشانەوەی وا  کە قەوما نیشانەی کۆتایی خولی یەکەمی ململانێ سیاسییەکەیە، بەڵام مەرج نییە مژدەی چارەسەرێکی سەنگینی پێ بێت.

‎مەزەندەی یەکەمین دوای کشانەوە ئەوەیە سەدر بچێتەوە بۆ سەر سیناریۆی وروژاندنی شەقام کە کەیفی بە سیاسەتی تا ئێستای رەسمی نایەت و ئەمەش وەبەرھێانێکی کۆن و نوێیە کە رەوتەکە چەند جار کاری تیا کردووە. مەعلومە کە شەقام رای سلبی لەسەر سیاسەتی رەسمی خراپە و جارێ نەگۆڕە ، بەڵام مەرج نییە رای لەسەر ھاندەرانی شەقام و ئەندازیارانی جموجۆڵە جەماوەرییەکان تا سەر نەگۆڕ بێت کە رەوتی سەدر تێیدا مەعلانە چ بە کۆششی زاتی خۆی و چ بە تێکەڵکردنی سەرمایەی رەمزی تشرینییەکان لەگەڵ جموجۆڵی «تاعەتی کوێرانەی رەوتەکە»ی کە ئەم تاریفە خۆی بە باڵای رەوتەکەیدا بریویەتی .لەھەموو حاڵێکدا کە رەوتی سەدر ئەم بژاردەی شەقامەی ھەمیشە لەبەردەمدا بووە و ئێستا بیکاتە بژاردەی یەکەمین خۆی لە خۆیدا نیشانەی نیگەرانی و لەقبوونە.

دەست لەکارکێشانەوەی پەرلەمانتارانی سەدر و راکێشانی کارتی تر لەدەرەوەی پەرلەمان و رێرەوەی رەسمی حوکمڕانی دەرخەری بێ ئومێدییە تا ئەوەی دەرخەری سەرکەوتن و فرەیی چانسەکانی بەردەمی بێت. 

لەوانەیە سەدر وای نیشان بدات دەتوانێت بگەرێتەوە بۆ شەقام، ھەڕەشە بکا بە پەلاماردانی دامەزراوەکان و خستنەگەڕی نارەزایەتی  و تەنانەت وای دەربخات دەتوانێ پاڵ بە پرۆسەی سیاسیەوە بنێت بۆ دووبارەکردنەوەی ھەڵبژاردن. ئەمانە ھەمووی دەشێ و دەکرێن،  بەڵام قەناعەت ساز نین و ھەرگیز بەڵگەی بردنەوەو سەرکەوتن نییە.
‎رەوایی دوا ھەڵبژاردنی پێشوەختی عیراق کە لە ١٠-١٠-٢٠٢١ سازکرا ھەر ئەوە بوو کە گوایە و شەرتیش نییە وابێت ، ئاکام مەخرەجەکانی ھەڵبژاردنەکانی پێشوو نەیتوانی حکومەتی باش و گوزەرانی باش بەرھەم بێنێت. نەیتوانی گەندەڵی و پشکپشکێنەی تەسک و تەنگی حزبەکان و خۆپەرستی دەستەبژێری حوکمڕان چارەسەربکات. بەم پێوەرە دەیسا کوا بەرھەمی ھەڵبژاردنی ئەمجارە کە رەوتی سەدر یەکەمێتی و بە ھەموو پێوەرێک خۆی تێیدا بڕیاردەری سەرەکی بەرەی براوەیە، بەو شێوەیە کە خۆیان پێیان خۆشبوو رووبدات؟

‎ئەگەر رەوتی سەدر ، دوای دەست لە کارکێشانەوەی جەماعی کە کەمتر دەتوانرێت ناونیشانی جولەیەکی دیموکراتی لێ بنێرێت و زیاتر رەنگی فەتوای جەماعی گرتووە ، بەرەو جەماوەر و نارەزایی شەقام بڕوات ئەوا زیاتر ھاوپەیمانەکانی ئیحراج دەکات و ئەگەر بەرەو گەڕەێکیتری ھەڵبژاردن پاڵی پێوە بنێ خۆ دەبێ خەرجی ئەم ھەڵبژاردنە بکەوێتە ئەستۆی خۆی.

تەبعەن خەرجی دارایی ناڵێین کە دیموکراتییە نەوتییەکان قەت لەسەر تێچووی دارایی ھەڵبژاردن پەکیان ناکەوێت، بەڵکو خەرجی سیاسی و خەرجی تریش وەک دەرکەوتنی بێ جەدوایی و بێ کەڵکی تەنانەت بژاردەی ھەڵبژاردن و ئامرازی دیموکراتی کە رێگای چارەسەر ناکاتەوە بەڵکو دیاردەی تا ئێستا کاتی بنبەستی دەکاتە دیمەنێکی رەسەنی سیاسیی و دوور مەودا. 

قەرار نەبوو وا بێ. قەراربوو دوای دوو دەیە لە دیموکراسیی بە ھەموو سەرکەوتن و پاشەکشێکانییەوە  عێراق بچێتە قۆناغی وڵاتێکی شایان کە ویستی گۆڕانکاری لەگەڵ جێگیرییە دەستورییەکانی وەک تەوافوق و فیدرالی ئاوێتە بکات .

کێ ئەم نرخە دەدات و کێ ئەم خەرجییە لە ئەستۆ دەگرێت؟

 

بەردەوامبە لە خوێندنەوە
دیداری یەکێتی بازنەی بڕیاردانی لە بازنەیەکی بچوکەوە بۆ بازنەیەکی گەورە فراوان کرد.

فراوانکردنی بازنەی بڕیاردان و بەژداری پێکردنی زانستییانەی ھەموو ئەندامانی یەکێتی و بەشێک لە ئەکادیمیستانی کوردستان و عێراق ھەنگاوێکی گەورەی دیموکراسیە. چوونکە یەکێک لە جیاکەرەوە سەرەکیەکانی دیموکراسی لە سیستەمەکانیتر گەورەی بازنەی بڕیاردانە. سیستەمی دیکاتۆری بازنەی بڕیاردان لە دەستی چەند کەسێکی کەمدا قەتیس دەکات و دانیشتوانی ئەو وڵاتە ھیچ زانیاریەکیان لەسەر پێش و پاشی سیاسەتەکان نابێت، بەم شێوەیە بۆشاییەک و کێشەی جدی دەکەوێتە نێوان خەڵک و دەسەڵات.

ھەچەندە لەم سەردەمەدا بەھۆی زۆر بوونی دانیشتوان و گەورەبوونی شارەکانەوە، دیموکراسی ڕاستەوخۆ یاخود دیموکراسی بێخەوش زەحمەتە، بەڵام دیداری یەکێتی دیموکراسی ڕاستەوخۆیە بەوەی کە توانی بەژداری بە ھەموو ئەندامانی یەکێتی و خەڵکانی دەرەوەی یەکێتیش بکات بۆ داڕشتنی سیاساتی کوردستان و یەکێتی. نەک ئەوەی تەنها لە ڕێگەی نوێنەرەکانییانەوە بڕیار بدرێت. 

بەژداربوونی ھەموو شارەکانی عێراق و کوردستان لە ماوەی شەش مانگدا بۆ داڕشتنی سیاساتە درێژخایەنەکانی یەکێتی ئەوە نیشان دەدەن، بڕیاردان ناکرێت تەنھا لە سەرەوە بێت بەڵکو دەبێت لە خوارەوە پشگیری بکرێت و بەژداریشی تێدابکرێت.

دیداری یەکێتی بەژداریکردنی لەسەر توانا و توێژینەوە دیاری کردوە کە ئەمەش ھاندەرێکە بۆ شەنوکەوکردنی بابەتەکان و دۆزینەوەی چارەسەرەکان کە تا ڕادەیەکی باش و نوێ و خاڵیان دەکاتەوە لە بەرژەوەندیە تایبەتیەکان. بە جۆرێک ھەموو کەسێک چمکێکی پێشنیاز و سیاساتەکان بگرێت خواستی گروپێکی بچوک و تایبەت زاڵ نەبێت.

دیدارەکە ساڵانە و بەم شێوەیە لێپێچینەوە و پێداچونەوە دروست دەبێت. ساڵ بە ساڵ خەوشی بڕیار و سیاساتەکان کەمتر دەبن و زیاتر خزمەتی گشتی دەکەن.

لەم سەردەمەدا پەیوەندیەکان ھێندە فرە و ھەمەجۆر بوون، زەحمەتە ھیچ کەس گروپێک بە تەنھا بتوانێت ھەموو زانیاریەکان کە لە ئەنجمانی ئەم پەیوەندیانەوە دروست دەبن لەیەکبداتەوە و ڕاستی و دروستیان ھەڵسەنگێنێت و پاشان لەو زانیاریانە بڕیارێکی گونجاو دروست بکات.

ھەمیشە خەڵکانی ناوچەیەک یان شارێک باشتر لە کێشە و چارەسەری گونجاو بۆ ئەو ناوچەیە دەزانن وەک لەوەی کەسانێک لە ناوچەیەکی دوورەدەستەوە بڕیار بۆ چارەسەر کردنی کێشەی ئەو ناوچەیە بدەن، دیدارەکە دەسەڵاتی گەڕاندەوە بۆ گوند و شارۆچکە و شارەکان و ئەمەش خەسڵەتێکیتری دیموکراسیە کە دەسەڵات دەبێت لەلایەن گەلەوە بێت. هەروەها، هەر بڕیارێکیش لەو دیدارەدا بدرێت شەرعێتی هەموو ئەندامانی یەکێتی و کۆمەڵانی خەڵکی کوردستانی دەبێت. 

لەم سەردەمەدا سیاسەتوانان لەبەر سیاسەتی ڕۆژانە کەمترین کاتیان بۆ حکومڕانی ھەیە و پێویستە زانستیانە و بابەتییانە پێشنیاز ئامادە بکرێت و ئاراستەی سیاسیەکان بکرێت بۆ ئەوەی جێبەجێ بکرێن و لەگەڵ ژینگە سیاسیەکەدا بگونجێنرێن. بە ھەمان شێوە ئەکادیمیست و شارەزایانی مێژوو و ئابوری و دارای و بوارەکانیتر ھێندە شارەزای ژنگە سیاسیەکە نین و بە تەنھا ناتوانن چارەسەری گونجاو بۆ کێشەکان بدۆزنەوە و یاخود دەستنیشانیان بکەن.

دیداری ساڵانەی یەکێتی ئەو بڕوایە دەداتە ئەندامانی و خەڵکی کوردستان کەوا ئەندامبوون لە حزبدا تەنھا دەستکەوتی ماددی نیە بەڵکو بیروبۆچونیان گرنگە و ھەموو کەسێک دەتوانێت کاریگەری لەسەر کۆمەڵگەکەی ھەبێت و بەم شێوەیە یەکسانی و دادپەروەری و زانست بۆ دروستکردنی بڕیار دەگەڕێنێتەوە.
بەردەوامبە لە خوێندنەوە

پاش ئەوەی ژمارەیەک پەرلەمانتار داوایەکیان بۆ سەرۆک کۆمار بەرزکردوە کە تیایدا داوا لەسەرۆک کۆمار دەکەن بەپێی ئەو دەسەڵاتەی کە دەستور پێی بەخشیوە داواکەی ئەمان کە خۆی ئەبینێتەوە لە پرسیارێک لەسەر چەمکی کاری رۆژانە لە  حکومەتی کاربەرێکەر بۆیان بنێرێت بۆ دادگای فیدراڵی، ئەویش لەلای خۆیەوە داواکەی بۆ دادگای فیدراڵی ناردوە.

ئاشکرایە پرسیارکردن لەسەر تەفسیری ماددە دەستورییەکان لە پسپۆری سەرۆک کۆمار و سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەران و سەرۆک وەزیرانە .

پرسیارەکە تایبەتە بە تەفسیرکردنی دەستەواژەی کاری رۆژانە بەپێی ماددەی٦٤ برگەی دووەمی دەستور، ماددەی ٦٤ باسی ھەڵوەشاندنەوەی پەرلەمان دەکات بە سێ یەکی دەنگی ئەندامان یان بە پێشنیاری سەرۆک وەزیران و رەزامەندی سەرۆک کۆمار، ئەو کاتە بە دەنگدانی زۆرینەی رەھای ئەندامان پەرلەمان ھەڵدەوەشێتەوە .

لە برگەی دووەمی ماددەی ٦٤ باسی ئەوە دەکات لەو کاتەدا پێویستە لە ماوەی ٦٠ رۆژدا ھەڵبژاردن بکرێتەوە ، کاری حکومەتیش بۆ رایکردنی کاری رۆژانە دەبێت، پرسیارەکەی ئەم پەرلەمانتاراتە لەسەر ئەو برگەیەی کاری رۆژانەیە، ئەیانەوێت بزانن ئەم حکومەتەی ئێستا، کاربەرێکەرە، یان نا؟ مانای کاری رۆژانە چیە؟ 

ئاشکرایە باسی حکومەتی کاربەرێکەر بە روونیی و بەئاشکرایی لە دەستوردا باس نەکراوە، دەرئەنجام دادگای فیدراڵی بریاری خۆی بۆ شیکردنەوەی ئەو مادە دەستورییە روون کردۆتەوە. بەڵام ئەمجارەش وەکو باقی جارەکانی تر ھەندێک برگەی بریارەکەی دادگا تێکەڵاو و لاستیکی و فرە رەھەند و فرە مانایە!

بە کورتی ئەم خاڵانە برگەی سەرەکی بریارەکەن؛

یەکەم:
مانای حکومەتی کابەرێکەر،  ئەو مانایە کە حکومەت کەوتبێتەوە ناوەندی ئەم دوو حاڵەتەوە، حاڵەتی یەکەم، حکومەت دەستی لەکارکێشابێتەوە یان لە حکومی دەستلەکارکێشانەوەدابێت، حاڵەتی دووەم، دروستکردنی حکومەتی تازە، ئاشکرایە بەپێی مادەی ٤٨ دەستور ھەردوو دەسەڵاتی جێبەجێکردن و یاسادانان دوانەییە، پەرلەمان کە دەسەڵاتی یاسادانە لە دوو بەش پێکھاتوە، ئەنجومەنی نوێنەران و ئەنجومەنی فیدراڵ ، دەسەڵاتی جێبەجێکردنیش دوانەییە و لە سەرۆک وەزیران و سەرۆک کۆمار پێکھاتوە، بەپێی دەستور پرەنسیپی جیاکردنەوەی دەسەڵاتەکان لە یەکتری چەسپاوە بە گوێرەی مادەی ٤٧. حکومەت لەلایەن پەرلەمانەوە شەرعیەتی پێ دەدرێت وھەر لەلایەن پەرلەمانیشەوە بەگوێرەی مادەی ٦١ برگەی ھەشتەم متمانەی لێ دەسێنرێتەوە.

دووەم؛
سیستەمی پەرلەمانی بەشێوە زاڵەکەی لە کۆمەڵێک حزبی دژبەیەک و خاوەن رای جیاواز پێکدێت .رێکەوتنی حزبەکان کارێکی قورسە. ھەر بۆیە بەدەستھێنانی زۆرینەی رەھاش بۆ دەنگدان بۆ سەرۆک وەزیران کارێکی زۆر سەخت و دژوارە. حکومەتیش بەھەواو ھەوەسی حزبەکان دەبێت و رووبەرووی دەستلەکارکێشانەوەش دەبێتەوە، بۆ پرکردنەوەی ئەو بۆشاییە ھەتاوەکو حکومەتی تازە پێکدەھێنرێت ،پێویستە ئیشوکار رۆژانەی خەڵک  لەلایەن حکومەتی دەستلەکارێکشاوە رایی بکرێت و خزمەتی گشتی دەوڵەت بەردەوام بێت.

سێیەم؛
بەگوێرەی دەستور ،حکومەتی کاربەرێکەر لە دوو حاڵەتدا دێتە دی؛ ئەوانیش کەبەپێی ماددەی ٦٤ پەرلەمان خۆی ھەڵدەوەشێنێتەوە ،یان حکومەت دەست لەکاربکێشێتەوە. لە زۆربەی دەستورەکانی دونیا بەھەمان شێوە ھی عێراقیش، کاتێک کە پەرلەمان خۆی ھەڵدەوەشێنێتەوە پێویستە بە زووی ھەڵبژاردن بکرێتەوە ،ھەتاوەکو ژیانی پەرلەمانی بەردەوام بێت .ھەر بۆیە بە گوێرەی دەستور پێویستە لە ماوەی ٦٠ رۆژدا سەرۆک کۆمار داوای ھەڵبژاردن بکات و بەپێی مادەی ٦٤ برگەی دووەم لەم حاڵەتەدا و لەو ماوەیەدا حکومەت بە دەستلەکارکێشاوە حسابەو ئیشوکاری رۆژانە رایی دەکات.

چوارەم:
بەھەڵوەشاندنەوەی پەرلەمان، ئیتر کاری رەقابی پەرلەمان بەسەر حکومەتەوە تەواو دەبێت. بەمەش حکومەت لە حکومەتێک کە خاوەنی دەسەڵاتی تەواوە، دەبێتە حکومەتی کاربەرێکەر.  بەمەش حکومەت لە حوکمی دەست لەکارکێشاوەدا دەبێت. چونکە ئەسڵەکەی کە متمانەی پێ بەخشیوە کە پەرلەمانە ئەو دەستی لەکارکێشاوەتەوە.  بۆیە ئەمیش ھاوتای پەرلەمان حوکمی دەستلەکارکێشاوەی بەسەردا دەسەپێت. ئەمە وەکو قۆناخی یەکەم، بەم پێیەش لەو ماوەیەدا نابێت حکومەت بریاری گەورەو گرنگ دەربکات ،کە کاربکاتە سەر داھاتوی نەتەوە.

قۆناخی دووەم، ئەو کاتەیە کە دەکەوێتە نێوان پەسەندکردنی ئەنجامی ھەڵبژاردن لەلایەن دادگای دەستوریی و سوێندخواردنی ئەندامانی پەرلەمانەوە.لەم حاڵەتەشدا تەسلیمی ئەو رایە نابین کە پەسەندکردنی ئەنجامی ھەڵبژاردن بەمانای سەرەتای ژیانی تازەی سیاسی بێت و حکومەت ھەموو دەسەڵاتێکی ھەبێت. 

پێنچەم:
کاتێک ئەنجامی ھەڵبژاردن پەسەندکرا حکومەتی پێشوو کە بەردەوامەو ھێشتا حکومەتی تازە پێک نەھاتوە لەنێوان دژ بەیەکیدا ،چونکە ئەم پەرلەمانە تازەیە متمانەی بەو ئەو حکومەتەی پێشوو نەداوە، ھەر بۆیە مافیشی نیە متمانەی لێ بسەنێتەوە  ،چونکە ئەم حکومەتەی پێشوو، پەرلەمانی پێشوو متمانەی پیداوە  .تەنانەت لە ئەسڵدا متمانەی لەمان وەرنەگرتوە، ھەتاوەکو ئەمان متمانەی لێ بسەننەوە .بۆیە ئەم حکومەتە چونکە پەرلەمانی پێشوو نەماوە ،کەواتە لە حکومی حکومەتێکی دەستلەکارکێشاوەدایە. 

شەشەم:
پاش ئەو گۆرانکارییانەی کە لە پاش ٢٠٠٣ روویانداوە لە قانونی ئیدارەی دەوڵەت بۆ قۆناخی گواستنەوە لە مادەی ٤٠ بە روونی بیرۆکەی حکومەتی کاربەرێکەرھاتوە. کاتێک دەڵێت ئەگەر کابینەی وەزاری لە ماوەی ٣٠ رۆژدا متمانەی وەرنەگرت، ئەوا دەمێننەوە بۆ راییکردنی ئیشوکارەکان ھەتاوەکو ٣٠ رۆژ لە پێکھێنانی وەزارەتی تازە.  بەمەش بەروونی بیرۆکەی حکومەتی کاربەرێکەر ھاتوەو باسکراوە.

حەوتەم؛
دەقی مادەی ٤٢ برگەی یەکەم لە پەیرەوی ئەنجومەنی وەزیران ژمارە ٢ ی ٢٠١٩ دەڵێت ؛ئەنجومەنی وەزیران بەردەوام دەبێت لەسەر کارەکانی رایکردنی کاری رۆژانەی دەوڵەت ھەتاوەکو وەختی پێکھێنانی حکومەتی تازە لەم حاڵەتانەدا؛
ڕ : تەواوبوونی تەمەنی خولی پەرلەمان
ب: لێ سەندنەوەی متمانە لەسەرۆک وەزیران، یان ئەنجومەنی وەزیران. 
ج. ھەڵوەشاندنەوەی پەرلەمان . 
ھەر بەپێی برگەی دووەم کە ھەمان مادە دەڵێت ؛مەبەست لە کاری رۆژانە رایکردنی مامەڵەکانە کە بەپەلەن و ناتوانرێ دوابخرێت وکاریگەری خراپی لەسەر خزمەتی دەوڵەت و گشتی دەبێت. بەڵام نابێت دامەزراندن لە پۆستی باڵا بکات، یان قەرزبکات ،یان پێداچونەوە بە پەیکەربەندی دەوڵەتدابکات. 
لە کۆتایدا دادگا ئەمە تەفسیرەکەیەتی بۆ مانای دەستەواژەی کاری رۆژانەی حکومەتی کاربەرێکەر:...
مانای حکومەتی رایکردنی رۆژانە ،ئەو حکومەتە گوێزراوەیە (متەحەول) ە لە حکومەتێکی سروشتی خاوەن دەسەڵاتی تەواو ،بۆ حکومەتێکی دەسەڵاتداری سنوردار.  ئەم بە دوو حاڵەت دێتە دی؛ 

یەکەم؛
لێ سەندنەوەی متمانە لەسەرۆک وەزیران ،ھەتاوەکو پێکھێنانی ئەنجومەنی وەزیرانی تازە، بەگوێرەی ئەحکامی مادەی ٦١ ھەشتەم .

دووەم ؛
لە کاتی ھەڵوەشاندنەوەی پەرلەمان بە گوێرەی مادەی٦٤  برگەی یەکەم ی دەستور .
لەھەردوو ئەو دوو حاڵەتەی سەرەوەدا حکومەت بە دەستلەکارکێشاوە دادەنرێت و کاری رۆژانە رای دەکات کە خۆی دەبیبێتەوە لە دەرکردنی بریار و گرتبەری رێوشوێنی گونجاو بۆ رایکردنی کاری دەوڵەت کە بەردەوامی بدات بە خزمەتی دەوڵەت و خزمەتی گەل .

نابێت  قەرار دەربکات کە پاڵنەری سیاسی ھەبێت  کە کاریگەری گەورەی لەسەر داھاتوی سیاسی  و ئابوریی و کۆمەڵایەتی عێراق ھەبێت، نابێت پرۆژەی قانون پێشکەشبکات نابێت قەرزبکات و دامەزراندن لە پۆستی باڵادا بکات، یان پێداچونەوە بە پەیکەربەندی دامەزراوەکانی وەزارەت و فەرمەنگەکان بکات. 

رای نوسەر؛
١:لە راستیدا دادگا بەھیچ شێوەیەک توخنی ئەم دۆخەی حکومەتی ئێستا نەکوتوە کە کاربەرێکەرە، یان نا؟ چونکە بەپێی قەراری دادگا لە دوو حاڵەتدا دەبێت بەکار بەرێکەر، کە ھیچ کامیان نیە. ئەوانیش نە سەرۆک وەزیران متمانەی لێ سەندراوەتەوە، نە پەرلەمانیش ھەڵوەشاوەتەوە. کەواتە ئەی ئەم حکومەتی ئێستا چیە؟ وەڵامی ئەم پرسیارە بوونی نیە .چونکە لە بنەرەتدا پرسیاری ئەمەی لێ نەکراوە بەڵکو پرسیار دەربارەی دەستەواژەی کاری رۆژانەی لێکراوە.

٢: دادگا کەوتۆتە ھەڵەیەکی گەورەوە کاتێک دەڵێت بیرۆکەی حکومەتی کاربەرێکەر لە قانونی ئیدارەی دەوڵەت بۆ قۆناخی گواستنەوە ھاتوە. ئەمە لە کاتێکدا لە دەستوری عێراق کۆتایی بەو قانونە ھێناوەو  ھەر نەماوە ئیتر چۆن دەیکەیتە بنەما بۆ تەفسیر!

٣: پرسێکی لەبارەی ئەم حکومەتەی ئێستاوە یەکلایردۆتەوە ئەویش  ئەم پەرلەمانەی ئیستا ،مافی نیە متمانەی لێ بسەنێتەوە ،چونکە ئەمان متمانەیان پێ نەبەخشیوە.

٤: دەقی ناوەرۆکی بریاری دادگا پێکھاتوە لە حەوت قەراری تەفسیریی بۆ وەڵامی پرسیاری ئاراستەکراو.

لە خاڵەکانی پێشوودا دادگا روونکردنەوەی پیویستی نوسیوەو ئەم حکومەتەی ئێستای بە (حکومەتی دەستلەکارکێشاوە )داناوەو حومکی (حکومەتی کاربەرێکەری) بەسەردا سەپاندوە. 

دژ بەیەکی لە دەقی قەرارەکەدا ھەیە قەراری برگەی سێیەم دژی حەوتەمە تەواو ناکۆکە  چونکە بەپێی برگەی سێیەم ئەم حکومەتە کاربەرێکەرەو دەستلەکارکێشاوەیە،  بەڵام بەپێی برگەی حەوتەمی قەرارەکە حکومەت کاتێک دەبێت بە حکومەتی کاربەرێکەر لەم دوو حاڵەتەدا ئەوانیش ھەڵوەشاندنەوەی پەرلەمان یان لێسەندنەوەی متمانە لەسەرۆک وەزیران بێگومان بۆ ئەم حکومەتەی ئێستا ئەمە رووی نەداوە کەواتە ئێستا کامیان راستە برگەی سێیەم یان حەوتەم واتە ئێستا ئەم حکومەتە ھەڵویستی دەستوریی چۆنە؟ کاربەرێکەرە یان نا؟

وەڵام ؛تەنھا خوای گەورەو دادوەرەکان دەیزانن ،چونکە بریارکە روون و ئاشکرا نیە!

 
بەردەوامبە لە خوێندنەوە

بە ‌داخەوە کۆمەڵگە بە جۆرێک ئاسایشی کۆمەڵایەتی بە ‌دەست چەک بەدەستەکانەوە تێکچووە، کە کورد وتەنی کات و ناکات نازانێت، بە ھەموو پێوەرەکان جەژن ڕۆژی لێبوردەیی و خۆشی مرۆڤەکانە، کەچی لای ئێمە چەک دەبێتە زمانی ھەموو کات و ساتێکی ئێمە، ھەر بۆیە بەردەوام دەنگی فیشەک و نەعرەتەی چەک بە دەستەکان، بۆ کوشتن و ڕشتنی خوێنی نزیک و دوورەکان، گوێمانی ئاخنیوە و لە دڵەخورپە و شۆکیشمان تێپەڕاندووە، ئەوەتا لە یەکەم ڕۆژی جەژندا مرۆڤ لە ‌بری نیشاندانی مرۆڤبوونی خۆی، دڕەندەیی خۆی نمایش دەکات و بە جارێک وەک ئەوەی لە قۆناغێکدا ژیان دەکەین خوێنی مرۆڤەکان ھێندە ھەرزان بووە، بێ ئەوەی لە ھیچ بسڵەمێینەوە، کۆمەڵ کوژی دەکەین، ئەوەی لە چەمچەماڵی ئەنفالستان ڕوودەدات، پەیوەندی بە چەمچەماڵەوە نییە وەک ناوچەو شوێن، بەڵکو پەیوەندی بە خەسڵەتی مرۆڤەکانەوە ھەیە، کاتێک ژینگەیەکی بۆ فەراھەم دەبێت، دڕەندەیی خۆی تێدا نمایش دەکات، ھەر وەک ئەوەی بۆمان بسەلمێنێتەوە کە لە سایەی ئەو ژینگەیەدا کە ھیچ بەھایەک بۆ ژیانکردن تێیدا نەماوە، بڕیاری کوشتن و مردنی مرۆڤەکان دەدات.
ئەوەی لە چەمچەماڵ ڕوویدا و جەژنی ھەمووانی شێواند و ھەمووانی نیگەران کرد، ڕووداوێکی ھەر وا سانا و ئاسایی نییە، وەک ھەموو ئەو کارەسات و ڕووداوانەی تر کە ھاتن و بە کەفوکوڵێک تێپەڕین و ھەمووان دادەنیشین بەدیار ھەواڵێکی دڵتەزێن و کارەساتبارترەوە، ئەوەی لەچەمچەماڵ بەسەر ئەو خێزانەدا ھاتووە، گەر بە زوویی فریای نەکەوین لە ‌دەرگای تاک بە ‌تاکمان دەدرێت و چەک بە دەستەکان و ئەوانەی پێیانوایە دەتوانن بە ئاسانی بڕیاری کوشتنی ئێمە دەرکەن، دەبنە ھەڕەشەی لەناوبردنی یەکجارەکی ئەو کەمە بەھایەی کە لەم کۆمەڵگەیەدا بوونی ماوە...
بەندە بەشبەحاڵی خۆم بەدواداچوونە ورد و ڕاستەخۆکانی ھەڤاڵ قوباد، بۆ دەستگیرکردنی تاوانباران و ژنکوژان و مرۆڤ کوژان، ھەوڵێکی گرنگە ‌و جێی دەستخۆشییە و ئەو ھەڵمەتەشی کە ڕایگەیاندووە، بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ژنکوژان، پێویستی بەوەیە ھەمووان پشتگیریی لێ بکەین و لەگەڵیدا ھەڵمەتێکی گەورە و گرنگ دروست بکرێت و بەڕێزیشیان وەک کەسێکی خاوەن بڕیار و لایەنی جێبەجێکردن، دەست بکات بە نیشاندانی چارەنووسی ئەوانەی کە ئەم تاوانانە دەکەن و تەنانەت ئەوانەشی کە داڵدەی تاوان و تاوانکاریی دەدەن، تا ھەمووان بزانن، بەکارھێنانی چەک و کوشتنی مرۆڤەکان چ چارەنووسێکی ڕەش چاوەڕێی دەکات، ئەمە جگە لەوەی پێویستمان بەوەیە لەگەڵ پشتگیریی ھەڤاڵ قوباد، بۆ ئەوەی ژنکوشتن و مرۆڤ کوستن بوەستێنین پێویستە:
- پەروەردە بە ‌تەواوی بخەینە خزمەتی ئەم بوارەوە و لە پەروەردەوە ژنکوشتن و زمانی چەک ناشرین و قێزەون بکەین، لە ‌پەروەردە و مرۆڤ فێری ژیاندۆستی و لێبوردەیی بکەین، جیلێک پەروەردە بکەین، کە لەسەر سەرچۆپی و فول لایت و مۆڕە کردن و ھیچ پاساوێک دەستیان نەچێتە خوێنی یەکتری..
- لە پەروەردەوە کار بکەین بۆ ئەوەی لە نەوەی داھاتوومانی بگەیەنین ژنان و کچان، دایک و خوشک و ھاوسەرەکانمان کۆیلەی نێرەکان نین و ئەوانیش وەک پیاو و کوڕەکان مافی ژیانیان ھەیە و ئەوانیش وەک ئێمە و بگرە زیاتریش مرۆڤتر و میھرەبانترن.
- ھەرچی زووە بە بڕیاری یەکلاکەرەوە چەکی مۆڵەت و بێ مۆڵەت سزای بۆ دابێن و چیتر بیری تەسکی (چەکێک حەوت کوڕ دەھێنێت) لە ھزر و مێشکی پیاوی کورددا بسڕێتەوە.
- سەروەربوونی یاسا، بە ‌تەواوی جێبەجێ بکرێت و ھیچ کەسێک بە ‌بێ ھیچ جیاوازی و جیاکارییەک، لە یاسا نەبوردرێت، کاتێک تاوانێک دەکات، یان دەبێتە ھۆی پاراستنی تاوانکارەکان و یان دەبنە پشت و پەنای تاوانکارەکان، لەگەڵیشیدا چارەنووسیان بۆ خەڵکی بخرێتەڕوو، تا کەسی تر جورئەتی ئەوە نەکات دەستی بچێتە خوێنی کەسی ترەوە، یان ھیچ کەسێک داڵدە نەدات و قەڵەویان نەکەن بۆ تاوانکاریی گەورەتر، ڕاگەیاندن و ئەنجامدانی سزای خێرا، یەکێک دەبێت لە ھۆکارەکانی ژنکوشتن و مرۆڤ کوشتن..
- پێویستە چیتر حکومەت ڕێگە نەدات، ھۆکار و پاڵنەرەکانی مرۆڤ کوشتن بەردەوام بێت، چیتر نابێت ڕێگەبدرێت ئەم ژینگە کۆمەڵایەتییە سیاسییە ئابوورییەی، کە بوونەتە ھۆی ئەوەی مرۆڤەکان لە ‌بری مرۆڤدۆستی، دەبنە مەرگدۆست و کوشتنی مرۆڤ و ئاوخواردنەوە ھاوشان بوونەتەوە بۆ ھەندێک کەس، چیتر نابێت ژیان و گوزەرانی خەڵکی لەم بارودۆخەدا بمێنێتەوە، کە ھۆکارێکی سەرەکی تاوان و تاوانکارییەکانە...
- میدیاکان واز لە ڕاستەوخۆی تاوانەکان و کارەساتەکان بھێنن، واز لە مایک بردن بۆ پرسەکان بێنن، لە ‌بری ئەوە کار لەسەر ھۆکارەکانی ئەو ژینگەیە بکەن کە مرۆڤی کردووەتە دڕەندە، بە دوای تاوانکار و چارەنووسی تاوانکار و داڵەدەدەرانییەوە بن..
کار بکەن بۆ ھۆشیارکردنەوەی خەڵک و ڕیسوا و قێزەونکردنی تاوان و تاوانکارییەکان و نەیانکەن بە پاڵەوان، چونکە پاڵەوانەکان چەک ھەڵناگرن، ئازاکان زمانی فیشەکیان نییە یان زۆر کەمە، ئەوە ترسنۆک و فس فس پاڵەوانەکانن دەستیان دەچێتە خوێنی مرۆڤەکان..
- وەرن با ھەموومان پێکەوە زمانی چەک و توندوتیژی ڕیسوا بکەین، وەرن پێکەوە با بە خەڵکی بڵێین، ھیچ کێشەیەک نییە زمانی دیالۆگ و یاسا چارەسەری نەکات، بۆیە با پەنا بۆ چەک نەبرێت، با ئەوانە چەک وەبەر پشتێن دەنێن و خۆیانی پێدەڕازێننەوە، چەکیان لە بەرچاو ڕەش و ناشرین بکەین، وەرن با پێکەوە بە ھەمووان بڵێین، کێشەی کۆمەڵایەتی بە چەک و کوشتن یەکلا نابێتەوە، وەرن با پێکەوە بە ھەمووان بڵێین، بە ژیانی مرۆڤایەتی چەک و خوێن ڕشتن ھیچ کێشەیەکی چارە نەکردووە، وەرن با پێکەوە بەھەمووان بڵێین ژنکوشتن شەرەف و شەرەفمەندانە نییە، بەڵکو ئەوانیش وەک ئێمە ‌و زیاتریش مافی ژیانیان ھەیە ‌و چەندین ڕێگەی تر بۆ چارەسەری کێشەکانت ھەیە...
وریابن ئەو کۆمەڵکوژییە بە ھەمووانی وت، لەمەودوا کەس ئەمین و ئەمان نییە، لە کوشتنی تاکەوە بووەتە کۆمەڵکوژی و زەنگێکی ھێندە مەترسیدارە، دەنگەکەی وەک زرنگاندنەوەکانی تر نییە..
وەرن با پێکەوە ھاوکارو یارمەتیدەری ئەمن و ئەمانی یەکتری بین، با ھەمووان پشتیوانی لە ‌ھەر کەسێک بکەین، ژنکوشتن و مرۆڤ کوشتن دەوەستێنێت...
تکایە مەڵێن پێمان ناکرێت، چونکە دڵنیابن، ئێمەی مرۆڤین چۆن ژیانمان لە ‌یەکتری تێکداوە، ئاوھاش دەتوانین ڕاستی بکەینەوە، ھەر کەس لای خۆیەوە و ھەر کەس بە ‌پێی توانا و قودرەتی خۆی.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

دیداری دێلفی دیدارێکی ساڵانەی ئابووری سیاسیە کە لەلایەن دامەزراوە-رێکخراوێکی نا حکومییەوە خۆبەخشانە رێکدەخرێت، لە ساڵی ٢٠١٦ ەوە ساڵانە لە ‌یۆنان بەڕێوەدەچێت.

بنکەی سەرەکی رێکخراوەکە لە ئەسینایە ‌و لەچەند ھەرێمێکی تری یۆنان بنکەیان ھەیە، ئەم رێکخراوە (کۆمپانیا)یە پشت بەھاوکاریی و ھەماھەنگی لەنێوان دامەزراوەکانی کەرتی گشتیی و کەرتی کۆمەڵایەتی و کۆمپانیاکان و کەسایەتییەکان دەبەستێت،  ناوچەی دێلفی سەر بە پارێزگاری فۆکیژا شوێنی دیداری ساڵانەی ئابوری دێلفۆنە کە ئەم دامەزراوەیە رێکی دەخات و دیدارەکەی لێ بەڕێوەدەچێت . 

بەشداربووان لەم دیدارەدا، خەڵکانی ئەکادیمی زانستیی و سیاسیی و سەرمایەدارو بازرگان و کەسایەتی بە ‌ئەزموونن، ئامانج لێی ھەوڵدانە بۆ رووبەڕووبونەوەی ئاڵنگاریە ھاوچەرخەکان کە کاریگەرییان لەسەر یۆنان و ناوچەکە بە گشتی ھەیە.
گەشەپێدانی ستراتیژی نوێ لەناو گۆڕانکاریی و چاکسازی بنەڕەتی بە ئامانجی بەرەپێشبردن و گەشەپێدانی بەرپرسانەی سیستمی حکومڕانی گونجاو و زیندووی ھاوچەرخە، بەئاراستەی یۆنان و ئەوروپا و ناوچەکە و رۆژھەڵاتی مێدیتێرانیان، بۆیە ئامانجی دامەزرێنەرەکانی ئەوەیە کە ساڵانە ئەم دیدارە رێک و ساز بەئەنجام بگەیێنن. 

سیمێیۆن تسۆمۆکۆس دامەزرێنەری سەرەکی ئەم دیدارە لەلێدوانێکیدا دەڵێت: یەکێک لەئامانج و ھیواکانی بۆ دیداری دێلفی ئەوەیە کە سیاسییەکان و دەسەڵاتداران لەھەردوولای رکابەر، لە رووی سیاسی و ئایدۆلۆژیەوە بتوانن گفتوگۆبکەن و لەسەر ھەندێ خاڵی سەرەکی رێکبکەون.

یەکێک لەگرنگیەکانی ئەم دیدارە کە جێی بایەخەو بریتییە لەوەی راستەوخۆ لەڕێی ھێڵی ئینتەرنێت و دیجیتاڵیەو ھەموو گفتوگۆو بابەتەکان کە ھاوچەرخ و سەردەمین و ھەروەھا پرسیارگەلێک بە ئاراستەی کێشە کۆمەڵایەتییە ئابورییەکان پەخش دەکات بۆ ئەوەی زۆرترین بەشداربووی ھەبێت و سوود لەدیدو تێڕوانین و بۆچوونەکانی یەکتر ببینن.

لەو چوارچێوەیەدا نوێنەرایەتی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لەیۆنان لەدەستپێک و سەرەتای رێکخستنی دیدارەکەوە لە٢٠١٦ ەوە ساڵانە بەوردیی چاودێری کاروبارەکانی دیدارەکەی کردووەو بۆ ئەوەی کوردیش وەک گەلێکی زیندووی ناوچەکە کەخاوەن کلتورو شارستانێتی دێرین و ھاوچەرخە بەشداریی تێدابکات، چەندینجار لەگەڵ دامەزرێنەران و رێکخەران و لێپرسراوانی باڵای دیدارەکەدا گفتوگۆو کۆبوونەوەی دۆستانەی کردووە، تاخۆشبەختانەو سەرەنجام لەمساڵدا لەحەوتەمین دیدارەکەدا جێگری سەرۆک وەزیری ھەرێم و وەفدی ھاوڕێی  لەحکومەتی ھەرێم بەشدارییان لەدیدارەکەدا کردو لەنزیکەوە لەگەڵ لێپرسراوانی باڵای یۆنان داڕشتنی بنەمایەکی تۆکمەیان بۆ سیستمی بەڕێوەبردن و  گەشەپێدانی بنەماکانی کەرتی گەشتیاریی و ئابووریی تاوتوێکردووە..

 بۆ ئەمساڵیش ٢٠٢٢ بە بەشداری قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆک وەزیری ھەرێم و تیمی ھاوڕێی حەوتەمین دیداری ئابوری دێلفی لە کاتێکدا بەڕێوەدەچێت، کەناوچەکە بەگشتی و وڵاتانی ئەوروپا بەتایبەی بەھۆی پەلاماری سوپای روسیا بۆ سەر ئۆکرانیا بارودۆخەکە ئێجگار ھەستیارو تایبەتە. 

پێش قەیرانی کۆرۆنا لەساڵی ٢٠١٩ زۆرترین کەسایەتی لەبوارە جیاجیاکادا  بەشدارییان تێداکرد کە سێ ھەزار و ٢٠٠ کەس ئامادەی دیدارەکە بوون و تێیدا ئامادەبوون، دیدو بۆچوونەکانیان بەئا‌ڕاستەی بەرەوپێشچوون و تۆکمەکردنی بنەماکانی ئەو دیدارە خستەڕوو.

رەوا بابان  نوێنەری یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە ‌یۆنان

 
بەردەوامبە لە خوێندنەوە

باسکردن لە سەروەرییەکانی یەکێتی بۆ ھەمووان جێگای شانازییە و پێویستە دەست بە مێژووی پڕ لە دەستکەوتی بگیرێت، بەڵام شەڕی داھاتوو و مانەوەیەکی بەھێزی وەک ئێستا ئەرکە و دەبێت بکرێت.

ئەو جووڵە سیاسییانەی ئەم دواییەی وەفدی باڵای یەکێتی نیشتمانی کوردستان بە سەرۆکایەتی بافڵ جەلال تاڵەبانی لە پرسی یەکلایی کردنەوەی پۆستی سەرۆک کۆمار لە ھەموو ڕوویەکەوە وەک کار و کردەوە ھۆکارێکی بەجێن و جێگەی شانازین، بۆ ئەوەی جارێکی دی حەق بدرێتەوە بە خەرمانەی دەسکەوتەکان و بپارێزرێن و، شانازیش بە پێگە و سەنگی یەکێتی لە ھاوکێشە و ڕووداوەکان بکرێت، یەکێتییەک بۆ پاراستنی ئایندەی گەلەکەی لەسەر دەستی بافڵ جەلال تاڵەبانی ھەنگاوی کردەیی نا بۆ داڕشتنی پلانێکی دوور مەودا، ئەو دەزانێت چی دەکات خوێنی باوکی لە لەشیدایە و سەنگ و پێگەی یەکێتی لەگەڵدایە، مێژوو، کوردایەتی، دەسکەوت، خەبات، خەرمانەن و دەبێت شانازیان پێوەبکرێت.

لە پرسی ھەڵبژاردنی سەرۆک کۆمار یەکێتی بە خوێندنەوەی دۆخی ناوچەکە و سیاسەتی دوور مەودا و ھەڵبژاردنی ڕێگەی ڕاست بە ئەنجامدانی دەیان دیدار و کۆبوونەوەی پڕ لە دەسکەوت جێبەجێکاری دیسپلینی حزبی خۆی بوو، توانی ژمارەیەکی قوڕس و خوێندراوە بێت، بگرە لەو یارییە یاریزانێکی سەرەکی و وەک ھەمیشەش سەرۆک و وەفدە یاوەرەکەی یاریکەری لێزانن و زانیوویانە چی دەکەن و لە پێناو گەلەکەیان چی بەدەستدێنن، بۆیە پێویستە ئێستا لە ھەموو کات زیاتر پشتیوانی ئەو سەرکردایەتییە بکرێت و ھەوڵەکانیان بەرز بنرخێندرێت و لەو شەڕە ئیرادەیەی کە تا ئێستا کردوویانە و دەیکەن جێنەھێڵدرێن.

لامان ڕوونە کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان چاوەڕوانی زیاتر لە یەکێتیی و سەرۆک و سەرکردایەتییەکەی دەکەن، بینرا لە ڕابروودا و بە ئێستاشەوە زۆریان ھاتن و خۆیان تاقیکردەوە تەمەنی سیاسیان درێژ نەبوو و درێژ نابێت، بەڵکو وەک ھەمیشە دەرکەوتەوە کە ئاسۆی ڕوونی دواڕۆژی گەلەکەمان لە دەست حزبەکەی مام دایە و لە ئێستاشدا بە باشترین شێوە بافڵ جەلال تاڵەبانی سەرکردایەتی دەکات و تواناکانی نیشانی ھەموو لایەک داوە، بۆ ئەمەش وتە بە نرخەکەی جەنابی مام جەلال ھەمیشە لەسەر زاربێت کە دەیفەرموو: (مانەوەمان، سەروەریمان، گەشەسەندنمان، بەندە بە یەکێتی نیشتمانی کوردستان)ەوە.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە
٣٤ ساڵ پێش ئێستا یەکێک لە دڕندانەترین تاوانەکانی مێژوو دژ بە گەلەکەمان ئەنجام درا کاتێک فڕۆکە مەرگ بەخشەکانی رژێمی دڕندانەی بەعس لە سایەی بێدەنگەیەکی شەرمەزاری نێودەوڵەتیدا، بە چەکی کیمیایی شاری ھەڵەبجەیان بۆمبباران کردو لە چەند خولەکێکی کەمدا زیاتر لە پێنج ھەزار مرۆڤی بێ تاوان  شەھید و بە ھەزارانی دیکەش بریندار بوون و ژەھرو رقی زەردی بەعسیان رژاند بەسەر بەھاری سەوزی ساڵی ١٩٨٨ی ھەڵەبجەدا و ئەم کارەساتە مەزنەش بوو بە پەلەیەکی رەش لە مێژووی مرۆڤایەتیدا . 

بۆیە لە ئێستادا  پێویستە یادی ھەڵەبجەو بیروەرییەکانی تری گەلەکەمان،  ببنە ھەوێنی یەکێتی ریزەکانی گەلەکەمان‌و تەبایی نێوان سەرجەم لایەنە سیاسیەکانی عیراق و کوردستان ، چارەسەرکردنی کێشەکان‌و چاکسازیی ڕاستەقینە بن، ھێشتا تەواوی ئاوات‌و ئامانجی شەھیدانی ھەڵەبجەو رێگایی ئازادی و دیموکراسی عیراق و  تێکرای شەھیدانی کوردستان‌و ئەنفالکراوەکان بەدینەھاتووە، چەسپاندنی مافە نیشتمانیی‌و دەستوری‌و دیموکراسیەکان ، بە تاکرەوی و بیری  تەسکی حیزبی دەستەبەر ناکرێت و پارێزراو نابێت ، بەڵکو ھەماھەنگی‌و یەکھەڵوێستی ھەموولایەکی پێویستە لە پێناو پاراستنی بەرژەوەندیە باڵاکانی گەلەکەمان . 

سڵاو لەڕۆحی پاک وبەرزە فڕی شەھیدانی ھەڵەبجەو 
سەرجەم شەھیدانی ڕێگای دیموکراسی و ئازدی عیراق و  کوردستان   . 

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

سەرەتای شەستەکانی سەدەی رابردوو، لە یادی نەورۆزی ئەو ساڵاندا،  مێردمنداڵ بووم، لە گەرەکی جەلەوەی شاری خانەقین دەژیام . بە خەیاڵێکی کوردانەوە لە گەڵ خەڵکی گەرەکدا، بە ژن و پیاوەوە بە گەورە و بچوگەوە دوای خاڵو فرە بەھرەکەم مامۆستا موحسن ئەکەوتین  و بەدەنگی بەرز، لەقەراخ ھاژەی رووباری ئەڵوەن  ھاوارمان دەکرد 
 (ئیمرۆ رۆژی خۆشییە،کاوە زووحاک کوشتییە )

ساڵی(١٩٧٠) ھەرزەکار بووم ، یادی نەورۆز لە تەیارەخانەی شاری خانەقین سازکرا . یەکێک لە سونبولەکانی کوردایەتی لە شاری خانەقین مامۆستا عەزیز پشتیوان بوو. ئەو بە دەنگە پر سۆز و زوڵاڵەکەی بە دەستە راستە پڕ ئاماژەکەی ھاواری دەکرد (یان کوردستان یان نەمان) وەکوو بروسکەیەک لە ناخماندا دەنگیدایەوە و ئەو دروشمە بووە وزیەکی ھەتاھەتایی کوردایەتی بۆ خەڵکی شارەکەم.

 ساڵی (١٩٨٤) لەھەڕەتی گەنجایەتی بووم ،یادی نەورۆز لە سورداش ساز کرا،  بە ئامادەبوونێکی جەماوەری بێوێنەی خەڵکی کوردستان و بە وتە پر جۆش و خرۆشەکەی ھەڤاڵ مامجەلال کە دەیفەرموو (جەماوەری لە بن نەھاتووی یەکێتی) دڵنیایی  بەسەر خەڵکی کوردستان دەباراند و نەورۆز و پێشمەرگەو خەڵک ئاوێتەی یەکبوون.

ساڵی(٢٠١٢)  قۆناخی کامڵبوونی دید و تێڕوانین و تێگەیشتنم بوو ،بۆ یادی نەورۆز ، کاک دلێری سەید مەجید، مامە خەمەی ھەمووان ، کۆمەڵێک ھاوڕێ و کەس وکاری ھەردوولامان ، لە کانی ماسی قەراغی شاری سولەیمانیدا، میوانداری کردین و بە دیار ئاگرێکی گەورەوە و بە دەنگی زووڵاڵ و بەرزی حەسەن زیرەک سروودی (ئەم رۆژی ساڵی تازەیە نەورۆزە ھاتەوە......) ئێوارەی نەورۆز مان بەسەربرد.دڵۆپ دڵۆپ خۆشەویستی و خۆشی دەڕژایە ناخی دەرونماندا

ساڵی (٢٠٢٢) لە سێبەری رەشماڵی پایزی تەمەندا ، یادی نەورۆز یادێکی یەکجار جیاواز لە جاران دەبینم 

پەرتەوازەیی زۆر و یەکریزی زۆر کەم
ھیوا کەم و نائومێدی زۆر!
بورجی عاجی زۆر و دادپەروەری زۆر کەم !
کاوە کەم و زووحاکیش زۆر!

 
بەردەوامبە لە خوێندنەوە

لە بنچینەدا دیداری یەکێتی دیداری گفتوگۆیی ھەڤاڵان و ناوەندی ڕوناکبیری ئێمە و مامۆستایانی زانکۆ و تەنانەت ئەوانەشە کە لە ڕابردوودا بەشێک نەبوون لە ئەندێشە و بیرکردنەوەی یەکێتی، لە ئەمڕۆیەکی جیاوازدا کە بێ دوودڵی سیاسەت و ھاوپەیمانیەتی و بەرژەوەندییەکان و دونیایی پەیوەندیە کۆمەڵایەتەکانیشمان گۆڕاون، جارێکی تر پێویستمان بە خۆداڕشتنەوە و ڕەخنەسازیەکی تەواو جیاوازە کە بنەما سەرەکیەکانی لەسەر لێکدانەوە و ھەڵسەنگاندنی زانستی و بە ڕەچاوکردنی ئەو دوونیا گۆڕاوە بینا بکەینەوە، فەلسەفەیەک تەرح بکەین کە مانایەک بۆ ژیان کردن و کۆیی سیستەمی سیاسی و ژیانی فەرمان ڕەواییمان بگەڕێنێتەوە، دیداری یەکێتی کنە و پشکنینە بە ناو مانا قوڵ و فەرامۆشکراوەکانی دونیایەک کە بۆ ئازادیی خوازان و تێکۆشەرانی زیاد لە ئامانجێکی ھەڵگرتووە بۆ داھاتوویەکی باشتر و بۆ ھەندێکیش بە دیار گرفتەکانی ئەمڕۆوە گرەوی داھاتوویەکی نادیاریان لەسەر کردووین.
یەکێتی لە ڕێگەی دیدارەوە دەیەوێت ڕووبەرێکی گەورەی خەڵک و ئەندێشە جیاوازەکانی شەقامەوە ڕوئیایەکی نوێ بەرجەستە بکات، تا بتوانێت کۆی ئامانجە بەدینەھاتووەکانی بزوتنەوەی کوردایەتی بەدیبھێنێت و دیدێکیش بخاتەڕوو کە بە ھۆیەوە ھێزە سەرەکییەکانی کوردایەتی بۆ یەک ھێڵی گشتی خەباتکردن ڕابکێشێت و جیاوازییەکانی نێوانمان بۆ خاڵی بەھێز بگۆڕێت و سیستەمێکی فرەیی ھاوچەرخ بینا بکات.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

لە کۆنگرەی چوارەمدا (سەرباری ھەموو تێبینییەکان) توانیمان ھەیکەلی یەکێتی بگۆڕین، بەڵام نەمانتوانی وەک پێویست دید و روئیا و سیاسەتی یەکێتی بگۆڕین، یەکێتی دەمێک ساڵە پێویستی بە بەخۆداچوونەوەیەکی ریشەیی ھەیە، بە درێژایی ساڵانی رابردوو بینیومانە خەڵکێکی زۆر لە سیاسەتی یەکێتی ناڕازین، جەماوەرێکی زۆرمان لەدەستداوە، تەنانەت لەناو خودی یەکێتیشدا ژمارەیەکی بەرچاو لەئەندام و کادر و ئەندامی سەرکردایەتی بە خۆشمەوە لە سیاسەت و رەفتار و ئەدای یەکێتی ناڕازین، بۆیە بەو ئەنجامە گەیشتین. پێویستە چیتر کات بە فیڕۆ نەدەین و دیداری یەکێتی ڕێک بخەین تا بەبەشداری ھەموو ئەو یەکێتییانەی خاوەن فکر و روئیا و بیرۆکەی نوێن، بتوانین یەکێتی بکەینەوە بەحزبی پێشەنگ.

یەکێک لەو پرسانەی کە یەکێتی بەراورد بە لایەنەکانیتر ھەمیشە تیایدا دەستپێشخەر و پێشەنگ بووە پرسی ژنانە.

‌یەکێتی لەبەرەی پێشەوە بووە لە پاراستنی مافی ژنان و لە شەڕکردن لەپێناوی یەکسانی جێندەریی، بەڵام ھەستدەکەین ساڵانێکە ئەو پرەنسیپە وەک زۆر پرەنسیپیتر لەناو یەکێتیدا کاڵبووەتەوە، بۆیە بێ گومان پرسی ژنان و یەکسانی جێندەریی یەکێک دەبێت لەو پرسە سەرەکییانەی لە دیداری یەکێتیدا ھەڵوەستەی جدی لەسەر دەکرێت.

ئەندام و کادر و سەرکردایەتی و جەماوەری یەکێتی دەبێت بزانن، حزبێک کە نەتوانێت روئیایەکی روون و پێشکەوتنخوازانەی بۆ پرسی ژنان ھەبێت، ناتوانێت ببێتە حزبێکی پێشەنگ و پێشکەوتووخواز، بۆیە ناکرێت یەکێتی کێشە و پرسی ژنان وەک پرسێکی لاوەکی و پەراوێز سەیر بکات.

ئەزموونی وڵاتان سەلماندوویانە ئەو کۆمەڵگایانەی کە لە یەکسانی جێندەری نزیک بوونەتەوە و ژنان رۆڵی کاریگەر دەبینن لە سیاسەت و لە بازاڕی کار، لە بوارەکانیتریشدا سەرکەوتووترن و لە گەشەی بەردەوامدان. ھەتا رۆڵی ژنان لە کۆمەڵگا و سیاسەت و ھەموو کایەکانیتردا زیاتربێت، کۆمەڵگاش لەسەر ھێڵی گەشەسەندندایە. پێچەوانەکەشی ھەر راستە، ھەتا ژنان پەراوێزخراوتر و ماف پێشێڵکراوتربن، کۆمەڵگا چەقبەستووترە وەک زۆربەی وڵاتانی رۆژھەڵاتی ناوەڕاست.

ئەو وڵاتانەی رێژەیەکی بەرزی ژنان لە سیاسەت و حکومڕانیدا بەشدارن، رێژەی گەندەڵییان کەمترە، ئەمە بۆ کۆمپانیاکان و کەرتی تایبەتیش ھەر راستە. بۆیە دەبێت ئێمەی یەکێتیش تێگەیشتنێکی نوێمان بۆ پرسی ژن ھەبێت و ئەدا و ھەڵوێستی نوێشمان ھەبێت لەمبارەیەوە، بە دڵنیاییەوە ھەتا رێژەی بەشداری و رۆڵی ژنان لە سیاسەت و بڕیاری یەکێتیدا بەرزتر بێت، یەکێتی زیاتر ھەڵدەکشێت و پێگەی بەھێزتر دەبێت.

ھەربۆیە یەکێتی بۆ پرسی مافی ژنان و یەکسانی جێندەریی، پێویستە پێداچوونەوەیەکی سەرتاسەری بکات لە شێوازی پەروەردەکردنی کادرەکانیدا. دەبێت باوەڕبوون بە یەکسانی جێندەری پێوەرێکی سەرەکی و گرنگ بێت بۆ بوون بە کادری یەکێتی و بۆ وەرگرتنی پۆستی حزبی و پۆستە حکومییەکانی یەکێتی.

یەکێتی ھەمیشە ژنە کادری ئازا و کارای ھەبووە، سەرکردەی ژنی ھەبووە، لەپاڵ ئەوەی دەبێت شانازی بەو ژنە کادر و سەرکردانەوە بکەین، بەڵام دەشبێت لە دیداری یەکێتی و لەدوای دیداری یەکێتییەوە بە کردار زەمینە خۆش بکەین ژنان رۆڵی زۆر زیاتریان ھەبێت لە سیاسەت و بڕیار و بەڕێوەبردنی یەکێتی لەھەموو ئاستەکاندا.

پێموایە لە رابردوودا پەیڕەو کردنی سیستمی کۆتا یارمەتیدەر بووە، لە پێشخستنی ڕۆڵی ژن  لەناو حزب و حکومەت و پەرلەماندا، بەڵام ئەوە چارەسەری بنەڕەتی نییە، چارەسەری بنەڕەتی ریشەکێشکردنی روانینی پیاوسالارییە لەناو حزبدا. ژنانی ناو حزب ناتوانن بە تەنھا رووبەڕووی ئەو ئەقڵیەتە پیاو سالارییە ببنەوە ئەگەر حزبەکە خۆی سیاسەت و روئیا و ستراتیژی روونی نەبێت بۆ پرسی ژن و یەکسانی جێندەری.

پێویستە لە دیداری یەکێتیدا ئەو روانینە جێگیر بکەین، کە ژن نەھاتووەتە ناو حزب بۆ ئەوەی نوێنەرایەتی ژنان بکات، بەڵکو ئەوە یەکێتییە کە دەبێت وەک حزب نوێنەرایەتی پرسی ژنان بکات. ژنانی ناو یەکێتیش دەیانەوێت وەک ھەر ئەندامێکیتری یەکێتی سیاسەت بکەن بۆ کۆی کۆمەڵگا. خۆ ئەگەر ژنانی ناو یەکێتی ھەر خەریکی شەڕی یەکسانی جێندەری بن کاتیان نامێنێت سیاسەت بکەن و توانای خۆیان بخەنەگەڕ بۆ پێشخستنی یەکێتی. بۆیە ئێمە دەبێت وەک حزب ھەر لە بنەڕەتەوە ئەو شەڕەیان لەکۆڵ بکەینەوە، بیکەینە شەڕی ھەموو یەکێتی.

خاڵێکی گرنگی تر کە پێویستە یەکێتی لەمەودوا کاری بۆ بکات، بەتایبەت لەڕێی پەرلەمانتارەکانییەوە، ئەوەیە کە ھەر یاسایەک دەربچێت دەبێت پرسی یەکسانی جێندەری تێدا رەنگ بداتەوە، بۆ نموونە بڕیارە یاسای کار دەربچێت، ئێستا دەبێت لە خۆمان بپرسین دەرفەتی یەکسان ھەیە بۆ ژن و پیاو لەناو بازاڕی کاردا؟ بێ گومان نەخێر، کەواتە ئێستا کە یاسای کار پێداچوونەوەی تێدا دەکرێت دەبێت یەکێتی ھەوڵ بدات یاساکە بەجۆرێک ھەموار بکرێتەوە، کە قەرەبووی ئەو ناھاوسەنگییە گەورەیە بکاتەوە کە لە بازاڕی کاردا ھەیە، بە تایبەتیش لە کەرتی تایبەتدا.

ھەر لەبارەی یاساکانەوە، دەبێت یەکێتی کار بۆ گۆڕینی یاسای بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی خێزانیش بکات، سەرەتا دەبێت ھەرناوی یاساکە بگۆڕدرێت، بۆ تەنھا لەدژی خێزان؟ ژنێک ئەگەر لە دەرەوەی چوارچێوەی خێزان بێت و توندوتیژی بەرامبەر بکرێت، پۆلیس بۆی نییە بچێت رێکاری یاسایی بگرێتەبەر لە دژی ئەو کەسەی توندوتیژی بەرامبەر ژنەکە کردووە! دەبێت پۆلیسی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژیمان ھەبێت و تەواو جا توندوتیژییەکە لەناو خێزان بێت، یا لەدەرەوەی خێزان. ئەو کاتە پەیامی یاساکە بۆ ھەموو لایەک روون دەبێت.

بەگشتی ھەموو ئەو گۆڕانکارییانەی لەبارەی مافەکانی ژنانەوە باسی دەکەین، پێویستە سەرەتا لەناو حزبەوە دەستی پێ بکەین. ئەمەش تەنھا بە ژنانی ناو حزب ناکرێت، لەبیرمە بۆ پرسی رووبەڕووبوونەوەی خەتەنەکردنی مێینە، کە دایکم سەرپەرشتی دەکرد، تەنانەت لەگەڵ مەلا و پیاوماقوڵ و کەسانی سەربازی و ریش سپی گوندەکانیش کۆدەبووەوە. کارێکی کرد ئەوانیش بەشداری کارابکەن لە ڕووبەڕووبوونەوەی ئەو دیاردەیەدا.

لە کۆتاییدا دەڵێم؛ ھەڤاڵان پرسی یەکسانی جێندەری پرسی ھەموومانە، پرسێکی چارەنووسسازی ھەموو کۆمەڵگایە، چونکە تەنھا پەیوەست نییە بە ژنانەوە و پەیوەستە بە ھەموو کۆمەڵگاکەمانەوە، ھەربۆیە جەخت دەکەمەوە لە دیداری یەکێتیدا دەبێت بە ھەموومانەوە یارمەتیدەربین لە داڕشتنی روئیا و سیاسەتی نوێی یەکێتی لەپێناو چەسپاندنی یەکسانی جێندەریی چ لەناو حزب و چ لەناو کۆمەڵگادا.


بەردەوامبە لە خوێندنەوە
1...202122232425