نرخی شۆربای گۆشتی سەگ لە کۆریای باشوور بۆ دوو هێندەی گۆشتی مانگا بەرز دەبێتەوە
سەوسەن سەید
١٤ی حوزەیرانی ٢٠٢٦
نرخی شۆربای گۆشتی سەگ لە کۆریای باشوور بە شێوەیەکی بەرچاو روی لە هەڵکشان کردووە و بووەتە دوو هێندەی نرخی گۆشتی مانگا، هۆکاری ئەمەش نزیکبوونەوەی وادەی قەدەغەکردنی گشتگیری بەخێوکردن و فرۆشتنی سەگە بۆ مەبەستی خواردن، کە بڕیارە لە ساڵی 2027 بچێتە بواری جێبەجێکردنەوە.
هاووڵاتییەکی ناوخۆیی بە ئاژانسی "نۆڤۆستی" راگەیاندووە، شۆربای گۆشتی سەگ کە لە وەرزی هاویندا لە کۆریای باشوور ناوبانگێکی زۆری هەیە و بە "بۆسینتانگ" دەناسرێت، لە ئێستادا لە چێشتخانەکاندا بە دوو هێندەی نرخی شۆربای گۆشتی مانگا دەفرۆشرێت، ئەمەش بەهۆی ئەو قەدەغەکردنە نزیکەی وادەی جێبەجێکردنی هاتووە.
ئەو سەرچاوەیە رونکردنەوەی داوە کە تێچووی یەک ژەم شۆربای "بۆسینتانگ" لە گۆشتی سەگ لە ئێستادا دەگاتە نزیکەی 30 هەزار وۆن، لە کاتێکدا نرخی ژەمێک گۆشتی کوڵاوی سەگ بە کێشی 200 گرام، دەگاتە نزیکەی 50 هەزار وۆن (هاوتای 2.3 هەزار روبڵ). ئاماژەی بەوەش کردووە کە ئەم نرخە نزیکەی دوو هێندەی تێچووی ئەو خواردنە باوانەیە کە کۆرییەکان لە گۆشتی مانگا دروستی دەکەن، وەک شۆربای "گالبیتانگ" و پارچە گۆشتی برژاو.
مۆڵەتەکە بەرەو کۆتایی دەچێت
ئەو هاووڵاتییە ئاماژەی بەوە کردووە کە خەڵکی هێشتا دەتوانن تا کۆتایی ساڵی 2026 گۆشتی سەگ لە چێشتخانەکاندا بکڕن، بەڵام لە شوباتی 2027ـەوە بە تەواوی قەدەغە دەکرێت.
شۆربای "بۆسینتانگ" سەر بە پۆلێنکردنی ئەو خواردنە نەریتییە کۆرییانەیە کە بە "بۆیانگسیک" ناسراون؛ ئەمانە ئەو جۆرە خۆراکانەن کە پێشینیان پێیان وابووە یارمەتی گەڕاندنەوەی هێز و وزە دەدات لە کەشی گەرمدا.
ئەم پۆلێنکردنە شۆربای مریشک لەگەڵ ڕەگی جینسیگ "سامگیتانگ" و چەندین خواردنی هاوینی دیکەش لەخۆدەگرێت.
بەپێی تێگەیشتنی باوی کۆمەڵایەتی، ئەم جۆرە خۆراکانە ئارەقکردنەوە زیاد دەکەن و یارمەتی مرۆڤ دەدەن بە ئاسانی بەرگەی گەرمای هاوین بگرێت، هەر بۆیە لەم وەرزەدا خواستی زۆریان لەسەرە.
سزای سەرپێچیکاران لە یاسا نوێیەکەدا
بەپێی ئەو یاسایەی کە پێشتر لەلایەن پەرلەمانی کۆریای باشوورەوە پەسەند کراوە، لە 7ی شوباتی 2027ـەوە بەخێوکردن، سەربڕین و فرۆشتنی سەگ بە مەبەستی خواردن بە تەواوی لە وڵاتەکەدا قەدەغە دەکرێت.
شایەنی باسە بۆ سەربڕینی سەگ بە مەبەستی خواردن سزای تا سێ ساڵ زیندانیی، یان پێبژاردنی سزای دارایی تا 30 ملیۆن وۆن، هەروەها بۆ بەخێوکردن و فرۆشتن سزای تا دوو ساڵ زیندانیی، یان سزای دارایی تا 20 ملیۆن وۆن، بەڵام یاساکە هیچ سزایەکی جیاوازی بۆ خودی کڕیار یان بەکاربەر دیاری نەکردووە.



