هەمەڕەنگ

دوای رۆشتنی كلیان مباپێ لە یانەی پاریس سان جێرمان گومان ئەوە دەكرا گرفت بۆ هێڵی هێرشبەری یانەكەی پایتەخت دروست بێت، بەڵام لەو كاتەدا لویس ئینریكی بەڵێنی ئەوەیدا ئەو كێشە چارەسەر بكات و رێگە نەدات ببێتە گرفت بۆ تیپەكەی.

لەوكاتەدا ئینریكی ئەوەی راگەیاند، هەمیشەی ئەوەی پێباشترە بە چوار یاریزان 12 گۆڵ تۆمار بكەن وەك لەوەی یەك یاریزان بەتەنها چل گۆڵ بكات كە مەبەستی لە مباپێ بوو لەو كاتەدا كاتێك پەیوەندی بە ریاڵ مەدریدەوە كرد.

 بە تێپەربوونی وەرزەكە لویس ئینریكی بەڵێنەكەی بردە سەرو هەمیشە لەیارییەكانی یانەكەیدا پشتی بەتەنها یاریزانێك نەدەبەست بۆ تۆمار كردنی گۆڵ و بەڵكو كۆمەڵێك یاریزان بەو كارە هەڵساون ، وەك بینیمان بە كۆتایی هاتنی وەرزەكەو چنینەوەی نازناوەكانی خولی فەڕەنساو چامپیۆنس لیگ هەمیشە ژمارەیەك یاریزان رۆڵیان هەبوە لە گۆڵەكانی یانەكەدا ، كە دیمبلیی رۆڵی لە تۆمار كردنی 35 گۆڵدا هەبوە و باركۆلا 21 گۆڵ و گۆنچالۆ رامۆس 19 گۆڵ و دوی 16 گۆڵ و كڤاراتسخیلیاش 13 گۆڵ بەوەش لویس ئینریكی بەئاسانی شوێنی مباپێی بە زیادەوە پڕ كردەوە.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

لۆكا مۆدریچی كرواتی دوای نزیكەی 13 ساڵ ریزی یانەی ریاڵ مەدریدی جێهێشت و ستایشی فلۆرینتینۆ پێرێز دەكات.

 ئەستێرە كرواتیەكە رایگەیاند، لەو ماوەی ئەو چەند ساڵەدا هەمیشە پێرێز بەشێوەیەكی جیاواز مامەڵەی لەگەڵ كردووم بەڵگەش بۆ ئەوە ساتی ماڵئاواییم بوو كە بینیمان چۆن خەمبار و دڵتەنگ بوو، ئەستێرە كرواتیەكە لە لێدوانێكیدا بۆ كەناڵی یانەی ریاڵ مەدرید ئاماژەی بەوەدا، پێرێز كەسێكی تایبەتە بۆ من و كاریگەری زۆری هەبووە لەسەرم.

 مۆدریچ سەبارەت بە كاروانە دورو درێژەكەی لەگەڵ یانەی شاهانە ووتی هەستێكی تایبەتم هەبووەو ناتوانم ساتەكانی لە بیر بكەم و دڵخۆشیەكی زۆری پێداوم، سەبارەت بەوەی خۆشترین ساتی یاریكردنی كەی بووە لەگەڵ یانەكەدا مۆدریچ ووتی ناتوانم بڵێم كام كات بووە چونكە دەستكەوتی زۆرمان بەدەستهێنا لەو ماوەیەدا بەلام بەدەستهێنانی نازناوی چامپیۆنس لیگی دەیەم كاتێكی تایبەت بوو دواتر نازناوی تری گەورەی بەدوادا هات.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

 دورگەیەک لە ژاپۆن چۆڵکرا، ئەمەش دوای ئەوەی لەماوەی دوو هەفتەدا زیاتر لە هەزار بومەلەرزە لە دورگەکە رویداوە.

بەپێی ئاژانسی کەشناسی ژاپۆن، دوێنێ بومەلەرزەیەک بە گوڕی 5.5 پلەی رێختەر دورگەی ئاکوسێکی لە پارێزگای کاگۆشیما هەژاند، ئەمەش دوای ئەوەی زیاتر لە هەزار بومەلەرزە لەو ناوچەیە رویداوە.

ئاماژەیان بەوەشکردووە، دەسەڵاتداران فەرمانی چۆڵکردنی دورگەکەیان داوە، چونکە مەترسی لەسەر ژیانی دانیشتوانی ناوچەکە دروستکردووە.

لێپرسراوانی ناوچەکە دەڵێن، بومەلەرزەکان هیچ زیانێکی گیانی لێنەکەوتوەتەوە، بەڵام زیانی ژێرخانی ئابوری نەزانراوە.

جێگەی ئاماژەیە دەسەڵاتدارانی دورگەکە ژمارەیەک لە دانیشتوانی دورگەکە کە 89 کەسن، گواستوەتە بۆ باشوری ژاپۆن و ناوچەکەیان چۆڵکردووە.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

ئەمڕۆ 1ی تەممووز؛ یادی لەدایکبوونی بەشێکی زۆری عیراقییەکانە، کە چیرۆکەکەی بۆ 68 ساڵ بەر لە ئێستا دەگەڕێتەوە.

لە ساڵی 1957دا، بە دیاریکراوی 68 ساڵ بەر لە ئێستا، بەڕێوەبەرایەتی رەگەزنامەی عیراق بڕیاریدا بە سەرژمێرییکردنی دانیشتووان بەتایبەت بۆ ئەو کەسانەی کە ناویان لە بەڕێوەبەرایەتییەکەدا تۆمارنەکراوە.

بەهۆی بارودۆخی عیراق لەو ساڵانەدا، بەشێکی زۆری خێزانەکان لە ماڵەوە منداڵیان ببوو و ناوی منداڵەکانیان چەند ساڵێک بوو تۆمار نەکردبوو، تەنانەت بەشێکی زۆریان بەڵگەنامەی لەدایکبوونیان نەبوو.

بەشێکی خێزانەکان بەهۆی تۆمارنەکردنی ناوی منداڵەکانیان گرفتیان لە مامەڵەکانیاندا بۆ دروست دەبوو کاتێک دەگەیشتنە تەمەنی قوتابخانە، بەشێکی دیکەیان لە مامەڵەکانی دیکەی رۆژانەدا رووبەڕووی کێشە دەبوونەوە.

ئەوەی گرفت بوو لێرەدا ئەوە بوو، بەشێ زۆری ئەو خێزانانە بەهۆی تێپەڕینی کات بەسەر لەدایکبوونی منداڵەکانیاندا بە دیاریکراوی رۆژەکەیان بیرنەبوو، تەنانەت هەندێکیان ساڵەکەشیان بە تەواوی بیر نەمابوو.

زۆر جار لە گەورەکانی خێزان ئەوە بیستراوە کە وتوویەتی، "کچەکەم لە بەهاردا لەدایک بوو؛ کوڕەکەم رۆژێک لە دایکبوو کە بەفرێکی زۆر دەباری؛ کچەکەم ناوناوە رێزان چونکە لە پاییزدا لەدایکبوو" و دەیان چێرۆکی دیکەی هاوشێوە.

یەکێکی دیکە لە هۆکارەکانی تۆمارنەکردنی ناوی منداڵەکان لەو سەردەمەدا دەگەڕێتەوە بۆ ئەو هۆکارەی کە، هەندێک لە خێزانەکان بە مەبەست ناوی کوڕەکانیان تۆمار نەدەکرد بۆئەوەی لە تەمەنگی 18 ساڵیدا نەینێرن بۆ سەربازی.

باشترین بڕیار بۆ بەڕێوەبەرایەتی رەگەزنامە لەو ساڵەدا ئەوە بوو، کە 1ی تەممووز بە رۆژی لەدایکبوونی ئەو کەسانە دیاریکرد کە بەرواری لەدایکبوونیان روون نەبوو.

 

بۆچی 1ی تەمموز؟

بەهۆی ئەوەی 1ی تەمموز بە تەواوەی نیوەی ساڵە و لەو رۆژەدا نیوەی یەکەمی ساڵەکە رۆیشتووە و دەست بە نیوەی دووەمی دەکرێت، ئەمەش بۆ ئەوەی منداڵەکان رێگەیان بدرێت بچنە خوێندنگە و مافی خوێندنی ئەو ساڵەیان لەدەست نەچێت.

 

روداوێکی سەرنجڕاکێش

1ی تەمموز بەدەر لەوەی یادی لەدایکبوونی بەشێکی زۆری عێراقییەکانە چیرۆکی سەرنجڕاکێشیشی بەدوای خۆیدا هێناوە، کە بەشێکیان راستن و بەشێکیشیان وەک گێڕانەوەیەکی گاڵتەوگەپ بۆ ئەو بەروارە رێکخراون، تەنانەت بووە بە وێردێکی سەر زمان و هەندێک جار دەوترێت: 1ی تەممووز یادی لەدایکبوونی ملیۆنان عیراقییە.

لە گێڕانەوە عیراقییەکاندا باس لەوەدەکەن، لە ساڵانی 90کاندا وەفدێکی عیراقی سەردانی شوێنێکیان کردووە، بەڵام بەهۆی ئەوەی سەرجەم ئەندامانی وەفدەکە لەسەر پاسپۆرتەکانیان نووسراوە لەدایکبووی 1ی تەمووزن، پاسپۆرتەکانیان بە ساختە دانراوە و رێگەیان نەدراوە لە فڕۆکەخانەوە بچنە ئەو شارەی سەردانیان کردووە، تاوەکو باڵیۆزخانەی عیراق لەو وڵاتەدا گرفتەکەی چارەسەر کردووە.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

دۆناڵد ترەمپ رایگەیاندووە، وادەی کارابوونی تیکتۆکی لە ئەمریکا بۆماوەی 90 رۆژی دیکە درێژ کردووەتەوە.

دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا لە هەژماری تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس رایگەیاند، 90 رۆژی دیکە وادەی کارابوونی تیکتۆکی لە ئەمریکا درێژ کردووەتەوە.

بەوپێیەش تاوەکو 17ی ئەیلوولی ئەمساڵ لەبەردەم ئەو تۆڕە کۆمەڵایەتییەدایە کە بەڕێوەبەرەکەی بگۆڕێت بە کەسێک کە چینی نەبێت، بەپێچەوانەوە تیکتۆک لە ئەمریکا 'بان' دەکرێت و چیتر کارا نابێت.

ترەمپ لە سەرەتای ئەمساڵەوە کە بۆ جاری دووەم بووەوە بە سەرۆکی ئەمریکا، هەڕەشەی زیادکردنی باجی لە چین کرد ئەگەر گرێبەستێک لەبارەی تیکتۆکەوە ئیمزا نەکات لەگەڵیدا.

لەو ناوەندەدا، ترەمپ خواستی خۆی بۆ کڕینەوەی تیکتۆک راگەیاند و پێشنیازی ئەوەی بۆ چین کرد، کە ئەگەر تیک تۆکی پێ بفرۆشێتەوە ئەوا باجی سەر ئەو وڵاتە کەم دەکاتەوە، بەڵام چین پێشنیازەکەی رەتکردەوە.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

لە شاری ئەحمەدئابادی ویلایەتی گوجەراتی هیندستان فڕۆکەیەک بە 242 سەرنشینەوە کەوتە خوارەوە.

بەپێی هەواڵی میدیاکانی هیندستان، فڕۆکەکە بەرەو بەریتانیا گەشتی دەکرد، لە نزیک فڕۆکەخانەی ئەحمەدئاباد کەوتووەتە خوارەوە و هێشتا هیچ ئامارێکی رەسمی لەبارەی ژمارەی گیانلەدەستدان و بریندارەکانەوە بڵاو نەکراوەتەوە.

بەپێی هێڵی ئاسمانی ئەیر ئیندیا، فڕۆکەکە 169 سەرنشینی بە رەگەز هیندی، 53 سەرنشینی بە رەگەز بەریتانی و حەوت پورتوگالی و کەنەدی هەڵگرتووە.

فڕۆکەکە لە جۆری بۆینگ-٧٨٧-٨ بووە و هێشتا هۆکاری کەوتنەخوارەوە فڕۆکەکە نادیارە.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

وەزارەتی گەشتوگوزار سوریا چەند رێنماییەکی تایبەت بە مەلەکردن لە شوێنە گشتییەکاندا بڵاوکردەوە و داوا لە هاووڵاتیان دەکات، لە جلوبەرگەکانیاندا سەلیقەی گشتی و هەستی پێکهاتە جیاوازەکانی کۆمەڵگە لەبەرچاو بگرن.

غەیاس فەراح جێگری وەزیری گەشتوگوزاری سوریا قردەکاری رێنماییەکانی بڵاوکردووەتەوە و داوا لە هاووڵاتیان دەکات پێوەی پابەند ببن.

لە رێنماییەکاندا هاتووە، کە پێویستە هاووڵاتیان رەچاوی کاتی دیاریکراو بۆ مەلەکردن لە شوێنە گشتییەکاندا بکەن، هەروەها لە هەموو شوێنێکدا مەلە نەکەن.

ئاماژە بەوەشکراوە، پێویستە چاودێری ئەو بۆردی رێنمایی و ئاڵایانە بکەن کە لە رێگەیەوە گۆمی قوڵ و قوڵایی شوێنەکان و جۆری ئاوەکان بە هاووڵاتیان دەوترێت.

ئەوەش خراوەتە روو، پێویستە هاووڵاتیان بۆ مەلەکردن رەچاوی دابونەریتی کۆمەڵگە بکەن و پێکهاتە جیاوازەکانی سوریا لەبەرچاو بگرن، جۆری جلوبەرگەکان بەپێی جۆری شوێنی مەلەکردنەکە بگۆڕن.

لە وردەکاریی رێنماییکاندا داوا لە پیاوان دەکات بەبێ پۆشاک نەسوڕێنەوە و لانیکەم تی شێرت یان فانیلەیەکیان لەبەردا بێت. داواش لە ژنان دەکرێت، بەسەر جلوبەرگە مەلەوانییەکانیاندا فانیلەیەکی مەلەوانی لەبەربکەن کە بە جەستەیانەوە نەنوسێت.

ئەوەش لە کاتێکدایە، تەنها شەش مانگ بەسەر رووخانی رژێمە دیکتاتۆرەکەی بەشار ئەسەددا تێپەڕیوە و شەش مانگ بەر لە ئێستا کۆتایی بە دەسەڵاتی 53 ساڵەی بنەماڵەی ئەسەد هات لە سوریادا، ئێستاش سوریا لەگەڵ کرانەوەی بە رووی وڵاتان و نوێگەرییەکانی جیهاندا، هەوڵ دەدات وڵاتەکەی رێکبخاتەوە.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

رینا ئۆرۆكی تەمەن 19 ساڵ، دوای ئەوەی ماوەی چوار رۆژ لەژێر چاودێری چڕ لە نەخۆشخانە مایەوە، گیانیلەدەستدا.

دایك و باوكی رینا دەڵێن، كچەكەیان بەهۆی چاڵنجی بۆنكردن و هەڵمژینی مادەی كیمیایی و پاككەرەوەكانی ماڵەوە كە ئێستا لەناو تیكتۆكچییەكانی ئەمریكا بووەتە باو، دووچاری ئیفلیجی مێشك بووەو دوای چوار رۆژ گیانیلەدەستداوە.

لە ئێستادا دایك و باوكی رینا بڕیاریانداوە سامانەكەیان تەرخان بكەن بۆ بەرەنگاربوونەوەی ئەو چاڵنجە مەترسیدارە و هۆشیاركردنەوەی گەنجان و دایك و باوكان.

 

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

خان مەرجان؛ میراتە 667 ساڵەکەی بەغداد و ئەو خانەی پێی دەوترا دڵی بەغداد، دەگەڕێنرێتەوە بۆ ژیان و جارێکی دیکە گەرموگوڕی بۆ دەگەڕێنرێتەوە.

خان مەرجان لە ساڵی 1358دا و لە سەردەمی والی ئەمینەدین مەرجاندا دروستکراوە و لەدوای سەردەمی عەباسییەکانەوە وەک ناوەندێکی گەورەی بازرگانی و میوانخانە و دیوەخانێک بۆ رێبواران و ناوەندێکی فێربوونی نوسین و خوێندنەوە رۆڵی گێڕاوە.

خانەکە دەکەوێتە ناوجەرگەی شەقامی رەشیدی ئێستا، هونەری تەلارسازی ئاستبەرزی تێدا بەکارهاتووە کە بە بینینی چاو تێر نابێت، بەرزی خانەکە 31 مەتر و نیو و پانی رووکاری پێشەوەشی 45 مەترە.

خانەکە لە دوو نهۆمی 45 ژووری پێکهاتووە، کە سەرجەم ژوورەکان بە هونەرێکی بەرزی تەلارسازیی نەخشێنراون، ناوەڕاستی خانەکەش لە هەردوو نهۆمەکەوە دەڕوانێتە سەر گۆڕەپانێک کە بنمیچەکەی بە شێوەیەکی هونەریی رازێنراوەتەوە.

إيوان المدائن" و"خان مرجان": متى يبدأ الترميم؟

ئێستاش دوای نزیکەی 700 ساڵ، دووبارە خان مەرجانی دڵی بەغداد جمەی دێت و لەچوارچێوەی هەوڵەکان بۆ پاراستنی شوێنەوارە مێژووییەکان، نۆژەن کراوەتەوە و وەک مۆزەخانەیەک و شوێنێکی گەشتیاریی و ناوەندێکی هونەری و رووناکبیری بە رووی هاووڵاتیاندا کراوەتەوە.

نۆژەنکردنەوەی خانەکە بە جۆرێک کراوە، کە سەرجەم دەرگا و پەنجەرەکانی هاوشێوەی هونەری تەلارسازی ئەو سەردەمە دروستکراونەتەوە و بناغەی خانەکەش تۆکمەکراوەتەوە، هەروەها سەرجەم دیوار و بناغە و بنمیچەکانیشی کاریان تێدا کراوە بۆئەوەی لە شێ و هەر شتێکی دیکە کە ببێتە هۆی تێکدانی بیپارێزن، لە رووکاری دەرەوەشیدا سەرجەم زیادەڕەوییەکانی لێ لابراون و ئێستا خانەکەی سەردەم والی ئەمینەدین دووبارە هاوشێوەی ئەوکاتە خۆی دەنوێنێت.

بڕیارە خانەکە پاڵپشت بە کرانەوەی، ئەو خواردن و خواردنەوانەشی تێدا پێشکەشبکرێت کە بنەچەیان بەغداد خۆیەتی، هەروەها شوێنی بۆ پێشانگەی کاری دەستیی و وەرشەی فێرکردن و خولی دیکە تێدا تەرخان بکرێت و بەردەوام نمایشی هونەری تێدا بێت.

خان مرجان صورة قديمة

خان مرجان - بغداد

قراءة ثانية لعمارة: خان مرجان : بهو بغداد المترف - د.فيصل الفديع الشريف

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

بۆ کەمکردنەوەی ژمارەی فیلەکان، دەستەی ژیانی وشکانی زیمبابۆی بڕیاریداوە بە سەربڕینی دەیان فیل و دابەشکردنی گۆشتەکەی بەسەر هاووڵاتیاندا، عاجەکەشی بۆ دەوڵەت دەبێت.

دەستەی ژیانی وشکانی لە زیمبابۆی بڕیاریداوە بۆ کەمکردنەوەی ژمارەی فیلەکانی ئەو وڵاتە و ئەو هەڵاوسانەی لەسەر ئاژەڵان دروست بووە، بە دەیان فیل سەرببڕێت و عاجەکەی بۆ دەوڵەت بێت و گۆشتەکەشی بەسەر خەڵکدا دابەش بکات.

زیمبابۆی لەرووی ژمارەی فیلەوە، لە دوای بۆتسوانا بە دووەم وڵاتی جیهان دادەنرێت.

دەستەکە ئاماژەی بەوەکردووە، ئەگەرچی هێشتا ژمارەی ئەو ئاژەڵانەی سەردەبڕدرێن دیاری نەکراوە، بەڵام لە قۆناغی یەکەمدا 50 فیل دەکرێنە قوربانی.

ئەگەرچی زیمبابۆی عاجەکانی بۆ دەوڵەت هەڵدەگرێت، بەڵام لەئێستادا جگە لە کۆگاکردنیان، بەهۆی قەدەغەی بازرگانیکردن بە عاجی فیلەوە لە جیهاندا، ناتوانێت هیچ مامەڵەیەک بەو عاجانەوە بکات.

ساڵانە زیمبابۆی بۆ کەمکردنەوەی ژمارەی فیلەکان و رێگری لە قەیرانی خۆراک و وشکەساڵی، یان ئەو ئاژەڵانە دەگوازێتەوە بۆ وڵانی دیکە، یانیش دەیانکاتە قوربانی.

ساڵی رابردووش زیمبابۆی 200 فیلی کردە قوربانی، کە لە ساڵی 1988ـەوە بە گەورەترین ژمارەی سەربڕێنی فیلەکان دادەنرێت لەو وڵاتەدا.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

بیل گەیتس دامەزرێنەری کۆمپانیای مایکرۆسۆفت دەڵێت، زۆربەی سامانەکەی بۆ باشترکردنی خزمەتگوزارییەکانی تەندروستی و پەروەردەیی لە ئەفریقا لە ماوەی 20 ساڵی داهاتوودا خەرج دەکات.

بیل گەیتسی تەمەن 69 ساڵ ئاماژەی بەوەشکردووە، بە ئازادکردنی توانا مرۆییەکان لەڕێگەی تەندروستی و پەروەردەوە، پێویستە هەموو وڵاتێکی ئەفریقا بێتە لەسەر رێگەی خۆشگوزەرانی.

هەروەها لە قسەکانیدا لە ئەدیس ئەبابای پایتەختی ئەسیوپیا، داوای لە گەنجانی داهێنەرانی ئەفریقا کرد بیر لە چۆنیەتی بنیاتنانی زیرەکی دەستکرد (AI) بکەنەوە بۆ باشترکردنی چاودێری تەندروستی لە کیشوەرەکەدا.

گەیتس مانگی رابردوو ئاشکرایکرد، 99%ی سامانە بەرفراوانەکەی دەبەخشێت، کە پێشبینی دەکات بگاتە 200 ملیار دۆلار، هەروەها لە ماوەی 20 ساڵی داهاتوودا و تا ساڵی 2045 تەواوی سامانەکەی بۆ کاری خێرخوازی دابیندەکات.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

منداڵی؛ ئەو قۆناغەی تەمەن کە داهاتووی کۆمەڵگەی پێوە پەیوەستە، ئەو تیانووسە سپیەی چی تێدا بنووسی ئەوەت نیشان دەداتەوە.

منداڵان ئەو نەوەیەن کە لە داهاتوودا دەبنە دەستی کار بۆ کۆمەڵگە، گەورە دەبن و خێزان پێکدەهێنن پێکهاتەی کۆمەڵایەتی داهاتووی کۆمەڵگە دیاری دەکەن، بۆیە پەروەردەکردن و زانینی مافەکان و پێدانی مافەکانیان بەر لە هەر شتێکی دیکەیە.

 

وەک کوردەواری دەڵێت: منداڵ وەک هەویر وایە، چۆنی بشێلی ئاوا دێتە بار.

 

بۆیە گرنگە دایکان و باوکان؛ مامۆستایان کە پەروەردەکاری ئەو نەوەیەن، هەروەها سەرجەم تاکەکانی کۆمەڵگە لە دنیای رەنگاورەنگ و پاکی منداڵان تێبگەن و بە ئاراستەی پەروەردەکردنیان بە شێوەیەکی دروست هەموو هەوڵێک بدەن.

رۆژی 1ی حوزەیران؛ رۆژی جیهانیی پاراستنی منداڵانە، کە لە ساڵی 1925دا لە شاری جنێڤی سویسرا و لە کۆنفرانسی جیهانیی چاودێری منداڵاندا ئەو رۆژە راگەیەنرا و بەڕێوەچوونی ئەو یادەشیان دانا بە ئامانجی خۆشگوزەرانی منداڵان و کۆتاییهێنان بە دەستدرێژیکردنە سەر منداڵان و زەوتکردنی مافەکانیان.

 

جاڕنامەی گەردوونی مافەکانی منداڵ

 

منداڵان خاوەنی جاڕنامەی گەردوونی تایبەت بە خۆیانن و سەرجەم مافەکانیانی تێدا جێگیر کراوە.

جاڕنامەکە لە 54 ماددە پێکدێت، کە تایبەتە بە مافەکانی منداڵان و جێبەجێکردنی لەلایەن وڵاتانەوە.

جاڕنامەی گەردوونی مافەکانی منداڵ لە 20ی تشرینی دووەمی ساڵی 1989 لەلایەن رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکانەوە دەرچووە و لە ساڵی 1990ـەوە جێبەجێ دەکرێت، کە ١٩٦ وڵاتی جیهان ئەندامن لە رێککەوتنەکەدا و ئەو وڵاتانەشی رێککەوتننامەکەیان پەسەند کردووە، پێویستە لەسەریان سەرجەم ماددەکانی جاڕنامەکە جێبەجێ بکەن.

 

مافی ژیان، خوێندن، دەربڕینی بیروڕا، بەشداری چالاکی هونەریی و کلتوری و وەرزشی و پێکهێنانی هاوڕێ

 

مافە بنەڕەتییەکانی منداڵان ئەوەیە کە، منداڵان مافی ژیان و خوێندن و دەربڕینی بیر و ڕای خۆیان هەیە، هەروەها مافی خۆیانە بەشداری چالاکییە هونەری و کلتوریی و وەرزشییەکان بکەن، دەبێت دایک و باوک لە پرسە گرنگەکانی پەیوەندییان بە خودی منداڵەوە هەیە ڕا و خواستی منداڵ خۆی وەربگرن.

بەپێی جاڕنامەکە، منداڵان مافی پێکهێنانی هاوڕێیان هەیە و هەموو منداڵێک مافی خۆیەتی کە لە ژینگەیەکی پەروەردەیی باشدا بێت و لە هەر رەگەز و نەتەوەیەک بێت مافی خۆیەتی کلتوری تایبەت بە خۆی هەبێت و بە زمانی دایک قسە بکات.

جاڕنامەکە بە تەواوی جەخت دەکاتەوە لەسەر ئەوەی، پێویستە دایک و باوک و دەوڵەت پێکەوە هاوکار بن بۆ جێبەجێکردنی تەواوی بەندەکانی ئەو جاڕنامەیە.

 

بەندەکانی مافەکانی منداڵ:

1.منداڵ ئەو مرۆڤەیە کە تەمەنی لە خوار 18 ساڵەوەیە.

2.مافەکانی منداڵ بۆ هەموو منداڵێکە بەبێ جیاوازی و ئەرکی دەوڵەتە لە هەموو جۆرە جیاوازییەک بیپارێزێت.

3.لە هەموو بڕیار و هەڵسوکەوتێکدا کە پەیوەندی بە منداڵەوە هەیە پێویستە باشترین بەرژەوەندی رەچاوبکرێت.

4.پێویستە دەوڵەت هەموو رێوشوێنێک بگرێتەبەر بۆ دەستەبەرکردنی مافەکانی منداڵان.

5.پێویستە لەسەر دەوڵەت رێز لە ئەرک و مافی دایک و باوکی منداڵ بگرێت لە رێنمایی کردنیدا.

6.ئەرکی دەوڵەتە تا ئەوپەڕی توانا دەستەبەری گەشە و مانەوەی منداڵ بکات.

7.هەموو منداڵێک مافی ئەوەی هەیە ناو و ناسنامە و رەگەزنامەی تایبەت بە خۆی هەبێت.

8.ئەرکی دەوڵەتە رێز لە مافی پاراستنی ناو و ناسناە و رەگەزنامە و پەیوەندیی خێزانیی منداڵ بگرێت.

9.هەموو مندالێک مافی ئەوەی هەیە لەناو خێزانی خۆیدا بژی و بە زۆرەملێ لە خێزانەکەی جیانەکرێتەوە.

10.منداڵ و دایک و باوک مافی ئەوەیان هەیە بە مەبەستی بەیەک شادبوونەوە وڵاتێک جێبهێڵن و بڕۆنە وڵاتێکی دیکە.

11.پێویستە دەوڵەت رێگە بە رفاندن و دەستبەسەرکردنی منداڵ نەدات ئەگەر لەلایەن هەر کەس و لایەنێکەوە بێت.

12.هەموو منداڵێک مافی خۆیەتی ڕای خۆی سەربەستانە دەرببڕێت لەسەر ئەو بابەتانەی پەیوەندی بە خۆیەوە هەیە.

13.هەموو منداڵێک مافی خۆیەتی ئازادانە بیر و ڕای خۆی دەرببڕێت.

14.پێویستە دەوڵەت رێز لە مافی ئازادی بیر و ویژدان و ئایینی منداڵ بگرێت.

15.منداڵان مافی پێکهێنانی کۆمەڵە و ئازادی کۆبوونەوەی ئاشتیانەیان هەیە. لە چوارچێوەی یاسایەکدا کە ئارامی و ئاسایش و سیستمی گشتی سەربەستی کەسانی تر تیایدا پارێزراو بێت.

16.هەموو منداڵێک مافی پاراستنی هەیە لە هەر جۆرە خۆهەڵقورتاندنێک لە ژیانیتایبەتی خۆی و خێزانەکەیدا.

17.ئەرکی دەوڵەتە دەستەبەری بەدەستهێنانی زانیاری بەسود و گونجاو بکات لە سەرچاوە و کەناڵی جیاجیای راگەیاندنەوە بۆ هەموو منداڵێک.

18.پەروەردەکردنی منداڵ بەرپرسیارێتی هاوبەشی دایک و باوکە بۆ ئەو مەبەستەش ئەرکی دەوڵەتە هاوکاریی گونجاویان بکات.

19.ئەرکی دەوڵەتە منداڵ بپارێزێت لە هەر توندوتیژییەک کە لەلایەن دایبابان و چاودێرانەوە بەرانبەر بە منداڵان دەکرێت.

20.ئەرکی دەوڵەتە بەشێوەیەکی گونجاو دەستەبەری پاراستنی ئەو منداڵانە بکات کە بێبەش دەبن لە ژینگەی خێزانیی.

21.ئەو دەوڵەتانەی گرتنەخۆیان قبوڵە، دەبێت ئەو کارە بە رەچاوکردنی باشترین بەرژەوەندییەکانی منداڵ و پەیڕەوی یاسا ئەنجام بدەن.

22.پێویستە دەوڵەت بە هاوکاریی رێکخراوەکان رێکاری گونجاو بگرێتە بەر بۆ ئەو منداڵانەی هەوڵی پەیداکردنی جێگەیەکی پەنابەری دەدەن، یان ئەوانەی بە پەنابەر دادەنرێن.

23.هەموو منداڵێکی خاوەنپێداویستی تایبەت مافی چاودێری و فێرکردن و راهێنانی تایبەتی هەیە بۆئەویە ژیانێکی شەرەفمەندانە بژی.

24.ئەرکی دەوڵەتە چاودێری تەندروستی سەرەتایی و پاراستن بۆ هەموو منداڵێک دەستەبەر بکات و هەوڵ بدات بۆ کەمکردنەوەی رێژەی مردنی منداڵ.

25.دەوڵەت دەبێت بە رێکوپێکی چاو بە رەوشی ئەو منداڵانەدا بخشێنێتەوە کە لەبەر هەر هۆیەک بە مەبەستی چاودێری و چارەسەر و پاراستن سپێردراون بە دامەزراوەکان.

26.منداڵ مافی هەیە سودمەندبێت لە دابینکردنی بیمەی کۆمەڵایەتی.

27.هەموو منداڵێک مافی ئەوەی هەیە کە لە ئاستی گوزەرانێکی وادا بژی لەگەڵ گەشەی جەستەیی و عەقڵیدا بگونجێت کە ئەمەش ئەرکی باوانە بۆی جێبەجێ بکەن، دەوڵەتیش دەبێت یارمەتی بەجێگەیاندنی ئەو ئەرکە بدات.

28.ئەرکی دەوڵەتە خوێندنی سەرەتایی خۆڕایی و ناچاری بۆ هەموو منداڵێک دەستەبەر بکات، بەشێوازێک کە سیستمی قوتابخانە بگونجێت لەگەڵ مافەکان و کەرامەتی منداڵدا.

29.پێویستە خوێندن پەرە بە کەسایاتی منداڵ بدات و ببێتە هۆی گەشەکردنی توانا و بەهرەکانی منداڵ.

30.منداڵانی کەمینەکان مافی ئەوەیان هەیە زمان و ئایین و کلتوری خۆیان بەکار بهێنن.

31.منداڵ مافی حەوانەوە و یاری و بەشداریکردنی چالاکی رۆشنبیری و هونەریی هەیە.

32.هەموو منداڵێک مافی ئەوەی هەیە لە ئیشی قورس و مەترسیدار بەدوور بێت کە رێگر بێت لە گەشەی ژیری و جەستەیی و کۆمەڵایەتی و خوێندنیدا.

33.هەموو منداڵێک مافی ئەوەی هەیە پارێزراو بێت لە بەکارهێنان و بەرهەمهێنان و دابەشکردنی مادە هۆشبەرەکاندا.

34.پێویستە لەسەر دەوڵەت منداڵ بپارێزێ لە هەموو شێوازێکی دەستدرێژی و هەراسانکردنی سێکسی.

35.ئەرکی دەوڵەتە هەموو رێکارێک بگرێتە بەر بۆ پاراستنی منداڵ لە کڕین و فرۆشتن و رفاندن.

36.منداڵ دەبێت پارێزراوبێت لە هەموو شێوەکانی قۆستنەوە کە لە بەندەکانی 32، 33، 34 و 35دا نەهاتووە.

37.منداڵ نابێت رووبەڕووی ئەشکەنجە یان هەر شێوازێکی دیکە لە مامەڵەی خراپبکرێتەوە و نابێت سزای لەسێدارەدان یان هەتاهەتایی بەسەردا بدرێت.

38.پێویستە دەوڵەت دەستەبەری بەشداریینەکردنی منداڵ بکات لە کێشە و ململانێی چەکداریدا.

39.پێویستە دەوڵەت راهێنانەوەی جەستەیی و دەروونی بۆ ئەو منداڵانە دابین بکات کە بوونەتە قوربانی هەراسانکردن و ململانێی چەکداریی و هەر مامەڵەیەکی خراپ.

40.ئەومندالانەی کە تۆمەتبار دەکرێن بە ئەنجامدانی کەتنێک، پێویستە تەمەنیان لەبەرچاوبگیرێت و کەرامەتیان پارێزراو بێت، هەروەها راوێژکاری یاسایی و هەر یارمەتییەکی دیکەیان بۆ دەستەبەر بکرێت بۆ بەرگریکردن. باشتر وایە منداڵ نەخرێتە زیندانەوە.

41.ئەگەر یاسا دەوڵەتییەکان یان هەر یاسایەکی پەیڕەکراو لە بواری مافی منداڵدا باشتر بوون لە بەندەکانی ئەم رێککەوتنە، ئەوا دەبێت باشترەکان پەیڕەو بکرێن.

42.پێویستە دەوڵەت پابەند بێت بە هەموو ئەو مافانەی لەم رێککەوتنندامەیەدا ئاماژەیان پێکراوە و لیژنەی چاودێریکردنی مافەکان پێکبهێنرێت بۆ بەدواداچوونی ئەو راپۆرتانەی پێشکەش دەکرێت لەپێناو جێبەجێکردنی رێککەوتننامەکەدا.

 

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

توێژینەوەیەکی نوێ ئاشکرای دەکات، پتەوکردنی پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکان پرۆسەی پیربوونی بایۆلۆجی لە مرۆڤدا خاودەکاتەوە.

توێژینەوەکە لەلایەن تیمێکی زانکۆی کالیفۆرنیاوە لە ئەمریکا ئەنجامدراوە، کە نزیکەی 230 کەس بەشدارییان تێداکردووە  و دەرکەوتووە ئەو کەسانەی تەمەنیان لە سەرووی 60 ساڵییەوەیە و پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکانیان بە پتەوی هێشتووەتەوە، لەوانەش بەشداریکردن لە چالاکییە کۆمەڵایەتییە خێرخوازییەکان، وەرزشکردنی بەکۆمەڵ و کۆبوونەوەی خێزانی، ئەگەری مردنیان بە رێژەی 42% کەمترە و پرۆسەی پیربوونی بایۆلۆجیی جەستەیان بە خاوترە.

پیربوونی بایۆلۆجی بریتییە لە ئاستی لاوازبوونی توانای خانە، شانە و ئەندامەکانی جەستە کە پشتنابەستێت بە تەمەنی راستەقینەی کەسەکە، بەڵکو پەیوەنیدارە بە بەرنامەی خۆراکیی رۆژانە، وەرزشکردن، جگەرەکێشان، خواردنەوەی کحول، دەروونی مرۆڤ، شێوازی خەوتن و کۆمەڵێک هۆکاری دیکە.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

هاتوچۆی هەرێم چەند رێنماییەکی بۆ رێگریکردن لە گڕگرتنی ئۆتۆمبێل لە وەرزی هاویندا بڵاوکردووەتەوە و داوا دەکات، لەکاتی راگرتنیدا جامی سەیارەکانیان بە تەواوی دانەخەن.

بەهۆی ئەوەی لە وەرزی هاویندا پلەکانی گەرما بەرزدەبنەوە و لە هەرێمی کوردستانیش زۆر جار نزیک دەبنەوە لە 50 پلەی سیلیزی، روداوەکانی ئاگرکەوتنەوە زیاتر دەبن، کە ئۆتۆمبێلەکانیش بەدەر نین لەو رووداوانە.

هاتوچۆی هەرێم لە راگەیەنراوێکدا چەند رێنماییەکی تایبەت بە رێگریکردن لە گڕگرتنی ئۆتۆمبێل بڵاوکردووەتەوە و دەڵێت، داوا لەهاووڵاتیان دەکەن کە لە وەرزی هاویندا چەند کەرستەیەک هەیە لەناو ئۆتۆمبێلدا جێی نەهێڵن، کە ئەمانەن:

-خواردنەوە گازییەکان بە هەموو جۆرەکانییەوە.

-بتڵی ئاو.

-چاوێلکە.

-چەرخ.

-بۆن و سپڕا.

-پاوەربانک و ئامێرە ئەلیکترۆنییەکان بە گشتی.

 

رێنماییەکانی دیکە:

-پێویستە لەکاتی وەستانی ئۆتۆمبێلدا کەمێک جامی ئۆتۆمبێل بە کراوەیی جێبهێڵرێت.

-نابێت تانکی سوتەمەنی بە تەواوی پڕ بکرێت.

-نابێت تایەی ئۆتۆمبێل زیاد لەپێویست هەوای تێبکرێت.

-پێویستە دڵنیابنەوە لەوەی هەمیشە ئاگرکوژێنەوەی دەستی لەناو ئۆتۆمبێلەکانتاندا هەبێت و ماوەی بەسەرچوونی تەواو نەبووبێت.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

پەڕەشوتەوانێکی چینی بە ئاستەم لەکاتی فڕیندا لە مردن رزگاری دەبێت، لەکاتێکدا کە تەوژمی هەوایەکی بەهێز بەرەو زیاتر لە هەشت هەزار مەتر بەرزی دەکاتەوە.

پەڕەشوتەوانەکە ڤیدیۆی ئەو کامێرانەی بڵاوکردووەتەوە کە لەکاتی فڕیندا لەسەر جەستەی جێگیری کردون، دوای ئەوەی تەوژمە بەهێزەکە بەرزی دەکاتەوە رێژەی ئۆکسجین بە تەواوی کەمدەبێتەوە و نزیکە لەوەی گیان لەدەست بدات.

 

گەیشتووەتە بەرزی نزیکەی نۆ کیلۆمەتر

 

پێنگ یوجیانگ ئەو پەڕەشوتەوانەیە کە روداوەکەی بەسەردا هاتووە، لەکاتێکدا بە مەبەستی فڕین چووەتە شاخی کیولیان، تەنها لەماوەی یەک خولەکدا تەوژمێکی هەوای بەهێز بەرەو بەرزی هەشت هەزار و 500 مەتر هەڵی دەفڕێنێت و رێژەی ئۆکسجین نزیک دەبێتەوە لە سفر.

وەک لە گرتەڤیدیۆییەکەدا دەردەکەوێت، پێنگ تاوەکو لە تەوژمە هەواکە رزگاری دەبێت، نزیکە لەوەی بهێۆش ببێت و بەهۆی نزمی پلەکانی گەرماوە دەموچاو و جەستەی نزیک دەبنەوە لە بەستن و سەهۆڵ دایپۆشیوە.

 

زۆر ترسناک بوو، نامدەزانی بۆ کوێ بڕۆم!

 

لەدوای رزگاربوونی پێنگ یوجیانگ بۆ کەناڵی تەلەفزیۆنی ناوەندیی چینی باسی لەوەکردووە: پشتێنێکی نوێی تایبەت بە فڕینم کڕیبوو و دەمویست ئەوە تاقی بکەمەوە، بەڵام لەناکاو بەهۆی بەرکەوتن بە تەوژمێکی هەواوە هەستم بە لەرزین کرد، هەوڵم دا بەخێرایی بنیشمەوە، بەڵام تەوژمەکە بەسەرمدا زاڵ بوو و لەگەڵ خۆیدا بردمی.

دەشڵێت، "بە هەورەکان دەورە درابووم، بەراستی ترسناک بوو، هەموو شتەکانی چواردەورم تەنها سپی بوون، ئەگەر رووگەنوێن 'قیبلەنوماکە'م پێنەبووایە نەمدەزانی بەرەو کوێ بڕۆم".

ئاماژەی بەوەشکردووە، کاتێک ئامێرەکەی بینیوە کە گەیشتووەتە بەرزی نزیکەی 9 کیلۆمەتر، سەری سوڕماوە، وتووشیەتی: پێموایە بۆ ماوەیەکی کەم لەوکاتەدا بێهۆش بووبم.

پێنگ یوجیانگ یەکێکە لە پەڕەشوتەوانە بەتواناکانی وڵاتی چین و بەردەوام گەشت بە پەڕەشوتەکەی دەکات. لەگەڵ ئەوانەشدا بەڵام ئەگەرچی یاریزانان چەند پرۆفیشناڵ بن لە بوارەکەیاندا، هێشتا ناتوانن لە هەندێک کاتدا خۆیان لە سروشت و رووداوە سروشتییەکان لابدەن.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

نەخۆشی بەشێکی دانەبڕاوە لە ژیان، بەپێی جۆری نەخۆشییەکە و ئاستەکەشی نیشانەکانی دەگۆڕێت، بەڵام شۆفێریکردن بەهۆی ئەوەی کارێکی هەستیارە و راستەوخۆ پەیوەستە بە ژیانی شۆفێر و سەرنشین و شۆفێرەکانی دیکەوە، بۆیە پێویستە لەکاتی شۆفێریدا کەسەکان لە ئاگایی تەواو و تەندروستییەکی جێگیردا بن.

یەکێک لەو گرفتانەی رووبەڕووی شۆفێران دەبێتەوە هەندێک جار توشبوونە بە نەخۆشییەکانی گوێ یان ئەو جۆرە نەخۆشیانەی دیکەی کاریگەریی لەسەر هۆشی شۆفێر دروست دەکات.

لەوبارەیەوە پێشڕه‌و بورهان پسپۆڕی نه‌خۆشییه‌كانی بیستن‌ و گێژبوون‌ و ئاخاوتن بە رادیۆی رەسمی هاتوچۆی سلێمانی راگەیاندووە، ئەو شۆفێرانەی کێشەی سستی دەمارەکانی گوێیان هەیە پێویستە بیستۆک بەکاربهێنن، ئەگەر لە هەردوو گوێیاندا ئەو گرفتەیان هەیە دەبێت بیستۆک بۆ هەردوو گوێیان بەکار بهێنن.

لەبارەی ئەو کەسانەشی گرفتی ناهاوسەنگی و گێژبوونیان هەیە، رێنماییان دەکات، ئەگەر لەکاتی شۆفێریدا هەستیان بەوە کرد خەریکە گێژ دەبن، ئەوا پێویستە دەستبەجێ لابدەنە لایەکی شەقامەکە بەر لەوەی تەندروستییان بە تەواوی تێک بچێت، تاوەکو هەست بە باشبوون دەکەنەوە و تەندروستیان جێگیر دەبێت.

لەگەڵ ئەوەشدا، ئەگەر شۆفێران دۆخی تەندروستیان ناجێگیر بوو و هەستیان بەوە کرد زوو زوو تەندروستییان تێک دەچێت، ئەوا باشترین رێنمایی ئەوەیە، بۆ پاراستنی گیانی خۆیان و سەرنشینان و شۆفێرانی دیکەی سەر شەقام، تاوەکو بەرەو باشبوون دەچن شۆفێری نەکەن.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە
12345