بەپێی ئەو داتایانەی فەرمانگەی زانیاریەکانی وزەی ئەمریکا بڵاویکردۆتەوە، مانگی ئەیلول ھەناردەی نەوتی عێراق بۆ ئەمریکا گەیشتووەتە ٧ ملیۆن و ٥٠ ھەزار بەرمیل نەوت و بە تێکرایی رۆژانە ٢٣٥ ھەزار بەرمیل نەوت لە عێراقەوە ھەناردەی ئەمریکا کراوە، بەو شێوەیەش عێراق لە ریزبەندی چوارەمی ئەو وڵاتانەدایە کە زۆرترین نەوتیان بۆ ئەمریکا ھەناردەکردووە .
ھەر بەپێی ئەو داتایانە ، بەراورد بە مانگی ئاب ، مانگی رابردوو ھەناردەی نەوتی عێراق بۆ ئەمریکا کەمیکردووە، چونکە لە مانگی ئابدا کۆی گشتی ھەناردەی نەوتی عێراق بۆ ئەمریکا ٧ ملیۆن و ٥٣٣ ھەزار بەرمیل نەوت بووە .
ئابووریناسان پێشبینی دەکەن ھەڵاوسان بەرز ببێتەوە و لە ساڵی داھاتوودا بەھای لیرە ئەوەندەی دیکە دابەزێت بەھۆی سیاسەتی کەمکردنەوەی سود بە سەرۆکایەتی ئەردۆغان.
جەی پی مۆرگان کە بانکێکی جیھانییە ھۆشداری دەداتە بەرپرسانی تورکیا کە ھەڵاوسان لە ئاستێکی زۆر بەرزدا دەمێنێتەوە، تا سیاسەتی دراوەکەی ئاسایی دەبێتەوە داوای لێدەکات رێژەی سود بەرزبکاتەوە.
بانکەکە راشیگەیاندووە، ھێزەکانی پاشەکشەی جیھانی، و کاریگەری لەسەر کاڵاکان، و خێرایی دابەزینی بەھای لیرە لە ھۆکارە سەرەکییەکان دەبێت بۆ بەرزبوونەوەی ھەڵاوسان.
ھەروەھا جەی پی مۆرگان ئەوە دووپاتدەکاتەوە، ھەڵاوسان لە تورکیا بەردەوام دەبێت لە بەرز دەبێتەوە و بەھای لیرەش بەردەوام دەبێت لە دابەزین.
رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆک کۆماری تورکیا لە میانی گردبوونەوەیەکدا لە پارێزگای بالیکسیر لە رۆژئاوای تورکیا رایگەیاند، کەمکردنەوەی رێژەی سود بەردەوام دەبێت.
ئەردۆغان سوێندی خوارد بانکی ناوەندی بەردەوام دەبێت لە کەمکردنەوەی رێژەی سود لە سیاسەتەکەیدا تا ئەو کاتەی لە دەسەڵاتدا بمێنێتەوە، ئەمەش دوای ئەوەی لە دوو مانگی رابردوودا بە دوو رێژەوە بازاڕەکانی تووشی سەرسوڕمان کرد.
ھەڵاوسان لە مانگی تشرینی دووەمی ساڵی رابردووەوە بەرزبووەتەوە، بەھۆی ئەوەی نرخی لیرە لەدوای کەمکردنەوەی رێژەی بانکی ناوەندی لاواز بووە.
بانکی ناوەندی تورکیا لە ماوەی دوو مانگی رابردوودا بە شێوەیەکی چاوەڕواننەکراو رێژەی سودی بە رێژەی ١٠٠ خاڵ کەمکردەوە، و سەرەڕای ئەوەی ھەڵاوسان لەسەدا ٨٣ ی تێپەڕاندووە.
بەپێی لێدوانەکانی ئەردۆغان، پێویستە رێژەی سوود بەلایەنی کەمەوە ٣% کەمبکاتەوە بۆ ئەوەی بگاتە ٩% بە بەراورد بە رێژەی ١٢%ی ئێستا.
ھاوکات، داتای باڵانسی بازرگانی تورکیا بڵاوکرایەوە، ئەنقەرە زۆرترین کورتھێنانی لە مێژووی خۆیدا تۆمار کردووە، و لەسەدا ١٦٠ زیادیکردووە.
واشنتۆن لەسەر ئاستی باڵا رایگەیاندووە کە لە بەرژەوەندی ئابووری جیھانیدا نییە، و لایەنی ڕووسی لەبەرچاو گرتووە و جۆ بایدن سەرۆکی ئەمریکاش توڕەیی خۆی بەرامبەر بەو بڕیارە دەربڕی، ھاوکات کۆشکی سپیش دووپاتی کردەوە لێکۆڵینەوە لە بەدیلەکانی بەردەست دەکات بۆ وەڵامدانەوەی .
عادل جوبەیر، وەزیری دەرەوەی سعوودیە رایگەیاند کە بەرزبوونەوەی نرخی سوتەمەنی لە ئەمریکا پەیوەندی بە کەمکردنەوەی بەرھەمی ئۆپێک پڵەسەوە نییە، بەڵکو توانای کەمی پاڵاوتنی ئەمریکا لە پشت بەرزبوونەوەی تێچوونەکانە.
ئەلجوبەیر لە چاوپێکەوتنێکیدا لەگەڵ کەناڵی فۆکس نیوز رایگەیاند: "نەوت چەک نییە... ئێمە وەک کاڵایەک سەیری نەوت دەکەین، و سەیری ھەموو ئەمانە دەکەین گرنگن بۆ ئابووری جیھانی کە پشکێکی زۆرمان تیایدا ھەیە وەک سعودیە".
ھەروەھا وتیشی بیست ساڵە ئەمریکا پاڵاوگەی نوێی دروست نەکردووە، و کەمی پاڵاوگە وای کردووە نرخەکان بەرزبێتەوە نەک کەمکردنەوەی بەرھەمی ئۆپێک پڵەس.
لە سەرەتای ئەمساڵدا نرخی بەنزینی ئەمەریکا بەڕێژەیەکی بەرچاو بەرزبووەوە، و ئەوەش بەھۆی زۆری خواست و توندی پێداویستییەکانی پاڵاوتنی جیھانی، بەڵام دوای ئەوەی لە مانگی حوزەیران گەیشتە لوتکە، دەستی بە دابەزین کردووە.
نرخی لترێک بەنزین بە ٣.٦٧ دۆلارە، و بیست سەنتی دیکە بەرزبووەتەوە، ئەمریکییەکان پێیانوایە بڕیارەکەی ئۆپیک رۆڵی گەورەی ھەبووە لە بەرزکردنەوەی نرخی بەنزین و غاز.
خەمڵاندنەکانی پیشەسازی ئاماژە بەوە دەکەن کە پاڵاوگەکانی نەوتی ئەمریکا تا سەرەتای ئەم مانگە لەسەدا ٩١ی تواناکانیان بەکارھێناوە، بەڵام بەگشتی توانای پاڵاوتن کەمیکردووە.
لەگەڵ کردنەوەی بازاڕەکانی وزە لە جیھان، نرخی یەک بەرمیل نەوتی برێنت ١١ سەنت دابەزی و لە ٩٤ دۆلار و ٣١ سەنت جێگربووە، نرخی نەوتی تەکساسیش پێنج سەنت دابەزی و بە ٨٨ دۆلار و ٤٠ سەنتەوە مامەڵەی پێوەدەکرێت.
ھاوکات شارەزایانی ئابوری ئەمریکا رایانگەیاندووە، پێدەچێت نرخی بەنزین لە جیھاندا روو لە بەرزبوونەوە بکاتەوە، ئەوەش دوای بڕیاری رێکخراوی ئۆپیک پڵەس بۆ کەمکردنەوەی ئاستی بەرھەمھێنانی نەوت بۆ دوو ملیۆن لە رۆژێکدا.
بڕیاری ئۆپیک پڵەس بۆ کەمکردنەوەی ئاستی بەرھەمھێنانی نەوت گەورەترین بڕیارە لە دوای ساڵی ٢٠٢٠ەوە و پێش بڕیاری یەکێتی ئەوروپا لەسەر قەدەغەی نەوتی روسیا کەوت.
چاوەڕوانیشدەکرێت ئەو بڕیارانە کاریگەری لەسەر بازاڕی نەوت و وزەی جیھان دروست بکەن، کە ماوەیەکی زۆرە بە ناجێگیریدا تێدەپەڕێت.
ئاژانسی ھەواڵی رۆیتەرز بڵاویکردەوە، گروپی ئۆپێک پڵەس لەگەڵ روسیا، بڕیاریداوە بەرھەمھێنانی نەوت بە رێژەی دوو ملیۆن بەرمیل لە رۆژێکدا کەم بکاتەوە کە لە مانگی داھاتووەوە دەستپێدەکات، ئەو بڕیارەش دوای فشارەکانی ئەمریکا و وڵاتانی دیکەی بەکاربەر دێت، بۆ پەمپکردنی نەوتی زیاتر بۆ بازاڕی جیھانیی.
راپۆرتەکان ئاماژە بەوە دەکەن، کەمکردنەوەی “ئۆپێک" دەبێتەھۆی بوژانەوەی نرخی نەوت، کە بۆ نزیکەی ٩٠ دۆلار دابەزی، دوای ئەوەی سێ مانگ لەمەوبەر ١٢٠ دۆلار بوو، ئەوەش بەھۆی ترسی پاشەکشەی ئابوری جیھانی و بەرزبوونەوەی رێژەی سوودی ئەمریکا و بەرزبوونەوەی نرخی دۆلار.
لایخۆشیەوە کۆمپانیای "ڤیتۆڵ"ی بازرگانی وزە ، پێشبینی کردووە تا کۆتایی ئەمساڵ نرخی بەرمیلێک نەوتی برێنت لە ١٠٠ دۆلار نزیک ببێتەوە.
بڕی ٣٠٩ ملیار و ١٠٦ ملیۆن و ٨٧٩ ھەزار دیناری پارەی گەنمی جووتیاران بۆ ساڵەکانی ٢٠١٤ و ٢٠١٥ و ٢٠١٦ لای بەغدایە.
نەوزاد شێخ کامیل، بەڕێوەبەری بازرگانی ھەرێم لە وەزارەتی بازرگانی لەلێدوانێکدا بۆ کوردسات نیوز رایگەیاند" ئێمەش لە وتەکانی سەرۆک وەزیرانی عێراق بیستمان کە واژۆی لەسەر خەرجکردنی ئەو ٣٠٩ ملیار دینارەی پارەی گەنمی جووتیارانی ھەرێم داوە".
ناوبراو ئاماژەی بەوەشکرد، دوای واژۆکردنی سەرۆک وەزیرانی عێراق، پێویستە ئەو بڕە پارەیە بخرێتە سەر ھەژماری وەزارەتی بازرگانی عێراق، دواتر بە سایلۆکانی ھەرێمی کوردستان دەچنە بەغداو چەکی ئەو پارەیە وەردەگرن، ئنجا وەزارەتی بازرگانی ڕەوانەی بانکی ناوەندی لقی ھەولێری دەکات.
ھاوکات ئەوەشی دووپاتکردەوە بە گەیشتنی دەستبەجێ پاش رێکارەکان دابەشی دەکەن بەسەر ئەو جووتیارانەی کە پارەیان لای حکومەتی عێراقی بووە.
بە کاریگەری پلانە نوێیە داراییەکەی کابینەی (لیز ترەس)، بەھای پاوەن بەرامبەر بە دۆلار داڕمانی تۆمارکرد و بەھای ١٠٠ دۆلار ھاوتایە بە ٩٦ پاوەن، ھاوکات چاوەڕوانیشدەکرێت لە کۆتایی ئەم ھەفتەیە و لە ئەگەری گەڕانەوەی ڕاستڕەوەکان بۆ کورسی دەسەڵات لە ئیتاڵیا، بەھای یۆرۆ لەبەرامبەر دۆلار دابەزینی نوێ تۆماربکات.
ھاوکات ئەمڕۆ لەگەڵ کردنەوەی بازاڕی ئاسیا، نرخی زێر و نەوت دابەزی، نرخی یەک ئۆنسە زێڕ لە بۆرسەی جیھاندا بۆ ١٦٣٧ دۆلار دابەزی، بەھەمان کاریگەی ئەو دۆخە شڵەژاوەش لەناو بازاڕەکانی جیھان، نرخی نەوتیش لە بازاڕەکانی جیھان دابەزینی نوێی تۆمارکرد و یەک بەرمیل نەوتی برێنت بۆ ٨٤ دۆلار و نەوتی خاوی تەکساسیش بۆ ٧٧ دۆلار دابەزی.
جانیت یلین وەزیری گەنجینەی ئەمریکا رایگەیاند، سەپاندنی سزاکان بەسەر روسیادا بەتایبەتیش کەرتی وزەی ئەو وڵاتە، کاریگەری لەسەر بەرزبوونەوەی بەھای نەوت ھەیە و پێویست ھەموو وڵاتانی بەرھەمھێنەر و ھەناردەکاری نەوت رێککبکەون لەسەر دیاتریکردنی بەھای نەوت، بە پێچەوانەشەوە مەترسی گەورە بەڕێوەیە و ژمارەیەکی زۆر لە وڵاتانیش زیانیان بەردەکەوێت.
وەزیری گەنجینەی ئەمریکا ھۆشداریشی دا لە بەرزبوونەوەی بەھای نەوت لە وەرزی زستانی داھاتوودا، بەتایبەتی لەکاتێکدا کە ھەر لەو وەرزەدا وڵاتانی ئەوروپا کڕینی نەوتی روسیا رادەگرێت و ئەوەش ھۆکارێک دەبێت بۆ زیاتر بەرزبوونەوەی بەھای نەوت.
ئەمڕۆ نرخی یەک بەرمیل نەوتی برێنت ٨٢ سەنت واتە نزیکەی ٠.٩٣% بەرزبۆوە و بە ٨٨ دۆلار و ٨٢ سەنت مامەڵەی پێوەکرا، ھاوکات نرخی نەوتی تەکساس ٨٥ سەنت رووی لە بەرزبوونەوە کرد و گەیشتە ٨٢ دۆلار و ٨٤ سەنت.
بەرزبوونەوەی نرخی نەوت دوای ھەڕەشەکانی "ڤلادمیر پوتن" سەرۆکی روسیا بوو کە رایگەیاند، ھەناردەی نەوت و غازی وڵاتەکەی رادەگرێت ئەگەر بێتو کڕیارانی ئەوروپی کۆت و بەند لەسەر نرخەکان دابنێن.
دوێنێ نرخی یەک بەرمیل نەوتی برێنت لە بازاڕەکانی جیھان بۆ ٨٨ دۆلار و ٤٣ سەنت دابەزی و نرخی یەک بەرمیل نەوتی تەکساسیش ٤% بەھاکەی لەدەستداو بۆ ٨٢ دۆلار و ٣٣ سەنت دابەزی و گەڕایەوە بۆ ھەمان نرخی پێش دەستپێکردنی جەنگی ئۆکراین و روسیا.
بە کاریگەریی زیادبوونی نیگەرانی وەبەرھێنەران لە پاشەکەشەی گەشەی ئابووریی جیھان، لە کەمبوونەوەی خواست لەسەر نەوتی خاو لە ئەوروپا و ئەمریکا، نرخی نەوتی خاوی برێنت بۆ کەمترین ئاست لە مانگی کانوونی دووەمی ئەمساڵەوە دابەزی و گەیتە ٩١ دۆلار.
ئەو کەمبوونەوەیە لە نرخی نەوت لەکاتێکدایە، کە رۆژی دووشەممە ئەندامانی رێکخراوی ئۆپیک پڵەس بە سەرکردایەتی روسیا، رێککەوتن لەسەر کەمکردنەوەی بەرھەمھێنانی نەوتی رۆژانە لە سەرەتای مانگی داھاتووەوە.
وەزیری نەوت و غازی سروشتی ھندستان رایگەیاندووە، لە مانگی نیسان و ئایاردا ھاوردەی نەوتی ھندستان لە روسیاوە ٤.٧ ھێندە زیادیکردووە، بەڵام لە مانگی تەمموزدا ئەو بڕەیان کەمکردووەتەوە و بەنیازیشن لە داھاتوویەکی نزیکدا زۆرینەی ھاوردەی نەوتیان لە وڵاتانی کەنداوەوە بێت بەتایبەت عێراق و سعودیە.
لە مانگی حوزەیراندا ھندستان ھاوردەکردنی نەوتی عێراقی بەرێژەی لە سەدا ٩ کەمکردەوە، بەڵام لەگەڵئەوەشدا عێراق وەک گەورەترین ھەناردەکاری نەوت بۆ ھندستان مایەوە.
دوای داخستنی سەرەکیترین ھێڵی بۆری غاز بۆ ئەرووپا لەلایەن روسیاوە، بەیانی ئەمڕۆ بەھای یۆرۆ دابەزینی پێوانەیی تۆمار کرد و ٠.٥%ی بەھاکەی لەدەستدا، کە ئەوە نزمترین ئاستە لە ماوەی ٢٠ساڵی رابردوودا تۆمار بکرێت، بەوەش لەگەڵ کردنەوەی بازارَەکانی ئاسیا بەھای یەک یۆرۆ بۆ ٠.٩٩ سەنت دابەزی.
ھاوکاتی بەھای دۆلار بەرامبەر دراوەکانی دیکە بەرزبۆوە و بەھای پاوەندیش دابەزینی بەرامبەر دۆلاری ئەمریکی تۆمارکرد.
بەگوێرەی ئەو خشتەیەی کە ڕێکخراوی ئۆپیک لەسەری ڕێککەوتووە، پشکی عێراق بۆ مانگی تشرینی یەکەم چوار ملیۆن و ٦٥١ ھەزار بەرمیل دیاریکراوە، بڕی کەمکردنەوەکەش ١٢ ھەزار بەرمیل دەبێت لە مانگی ئەیلودا.
لەناو ڕێکخراوی ئۆپیک عێراق بە دووەم وڵاتی بەرھەمھێنی نەوت دێت لە دوای سعودیە و لەناو ڕێکخراوی ئۆپیک پڵەسیش بەسێھەم وڵاتی بەرھەمھێنی نەوت دێت لە دوای سعودیە و ڕوسیا.
بە گوێرەی بڕیارەکەی ئۆپیک، پشکی ھەریەکە لە سعودیە و ڕوسیا بە ١١ ملیۆن بەرمیل دیاریکراوە، بەرھەمی ڕۆژانەی ھەریەکەشیان بەبڕی ٢٦ ھەزار بەرمیل کەمدەکرێتەوە.
ئەمڕۆ نرخی یەک بەرمیل نەوتی برێنت ٥٩ سەنت بەرزبووەوە و گەیشتە ١٠٢ دۆلار، نرخی نەوتی تەکساسیش ٤٢ سەنت بەرزبووەوە و بە ٩٥ دۆلار و ٣١ سەنت مامەڵەی پێوەکرا.
ئاژانسی رۆیتەرزیش بڵاویکردەوە، لەماوەی سێ ھەفتەی رابردوودا نرخی نەوت بۆ زۆرترین ئاست بەرزبووەتەوە.
بەرزبوونەوەی نرخی نەوت بەھۆی گومانەکانەوەیە لەسەر کەمبوونەوەی بەرھەمھێنانی نەوت و ناجێگری ئاستی ھەناردەی نەوتی روسیا، ھاوکات پێشبینیدەکرێت گەورە بەرھەمھێنەرانی نەوت ئاستی بەرھەمھێنان کەمبکەنەوە و بەشێک لە پاڵاوتگەی ئەمریکا دابخرێت.
ئەمڕۆ لەگەڵ کردنەوەی بازاڕەکانی نەوت لە جیھاندا، نرخی یەک بەرمیل نەوتی برێنت ٨٢ سەنت دابەزی و بە ٩٤ دۆلار و ٢٧ سەنتەوە مامەڵەی پێوەکرا، نرخی نەوتی تەکساسیش ٥٢ سەنت دابەزی و گەیشتە ٨٨ دۆلار و ٨٩ سەنت بۆ ھەر بەرمیلێک.
دابەزینی نرخی نەوت بەھۆی مەترسییەکانی چینەوەیە لە دابەزینی گەشەی ئابوری جیھان، لەکاتێکدا چین گەورەترین کڕیاری نەوتی خاوە لە جیھاندا.
بەشێک لە وەبەرھێنەرانیش پێشبینیدەکەن بەھۆی دانوستانە ئەتۆمییەکانی ئێران بڕێکی زیاتر لە نەوت بخرێتە بازاڕەکانەوە، ئەگەر ئێران و ئەمریکا پێشنیازی یەکێتی ئەوروپا بۆ ھەڵگرتنی سزاکان لەسەر ھەناردەی نەوتی ئێران قبوڵ بکەن.
ئەمڕۆ لەگەڵ کردنەوەی بازاڕی وزەی جیھان، نرخی یەک بەرمیل نەوتی برێنت ٢٧ سەنت دابەزی و بە ٩٧ دۆلار و ٨٨ سەنتەوە مامەڵەی پێوەکرا، نرخی یەک بەرمیل نەوتی تەکساسیش بە ٩١ دۆلار و ٨٧ سەنت بووە و ٢٢ سەنت دابەزینی تۆمار کردووە.
(ئەمین ناسر) سەرۆکی جێبەجێکاری کۆمپانیای (ئارامکۆ)ی سعودیە رایگەیاند، کۆمپانیاکەیان ئامادەیە ئاستی بەرھەمھێنانی نەوتی خاو زیاد بکات، بەشێوەیەک ئەگەر حکومەتی سعودیە داوا بکات، رۆژانە ١٢ ملیۆن بەرمیل نەوت بەرھەم دەھێنن.
ھەفتەی رابردوو نرخی نەوت بەرێژەی زیاتر لە ٣% بەرزبۆوە، دوای ئەوەی زیان بە بۆرییەکی نەوت کەوت لە کەنداوی مەکسیک.