بانکی ناوەندی بڕی فرۆشی دۆلار بە کۆمپانیاکانی ئاڵوگۆڕی دراو زیاد دەکات
رێبوار
٢ی ئازاری ٢٠٢٣
بانکی ناوەندی عێراق لەبارەی زیادکردنی بڕی خستنەڕووی نەختینەی دۆلار نوسراوێک ئاراستەی کۆمپانیاکانی ئاڵوگۆڕی دراو گروپی ( ئەی) کردووەو رایگەیاندوە، لە روانگەی ئامانجەکانی بۆ سەقامگیری لە بەھای فرۆش و جێبەجێکردنی داواکارییەکان لەسەر دراوی بیانی لە بازاڕی ناوخۆدا ، بڕیاریداوە بڕی ھەفتانەی نەختینەی دۆلاری تەرخانکراو کۆمپانیاکانیان زیاد بکات بۆ ٢ ملیۆن دۆلار.
بانکی ناوەندی داواشیان لێدەکات لە رۆژی یەکشەممەوە داواکارییەکانیان پێشکەش بکەن.
بانکی ناوەندی راشیگەیاندوە، بۆ تۆمارکردنی زانیارییەکانیان لەبارەی فرۆشی رۆژانەی نەختینە پشت بە سەکۆی ئەلکترۆنی ببەستن و ھەر کۆمپانیایەک پشت بە سەکۆی ئەلکترۆنی نەبەستێت بۆ تۆمارکردنی زانیارییەکانی بێبەش دەبێت لە پشکی ھەفتانەی لە دۆلار.